ئه‌گه‌ر ئێمه هه‌ر ماوه‌ی جارێک له خۆمان بپرسین میدیا چییه و ئه‌رکی میدیا و میدیاکاران چین، بێگومان هه‌وڵێکی دروست و پێویستمان داوه بۆ تێڕامانی زیاتر له‌و کاریگه‌ییانه‌ی که ده‌شێت میدیا هه‌یبێت و نییه‌تی، یان به زمانێکی دیکه هه‌ڵوێسته‌یه‌که له‌و کاریگه‌رییانه‌ی که میدیا نابێ بیبێت به‌ڵام هه‌یه‌تی. سه‌رده‌می ئێسته‌ی ئێمه سه‌رده‌می میدیایه، واته سه‌رده‌می وێنه و وێنه بزۆک و پڕ ئاڵاوواڵاکانه، سه‌رده‌مێکه وه‌کوو بیرمه‌ند و کۆمه‌ڵناسی فه‌ره‌نسیی “ژان بۆدریار” ده‌ڵێت سه‌رده‌می ئه‌و وێنانه‌ن که واقیع ده‌نوێننه‌وه نه‌ک وه‌ک خۆی به‌ڵکوو وه‌کوو وێنه و شتێکی وێناکراو. خودی ئه‌م پرۆسه‌یه ده‌توانێت جۆره په‌یوه‌نییه‌ک له نێوان به‌رده‌نگانی میدیا یان به‌شی هه‌ره زۆری کۆمه‌ڵگا( که ئێسته هه‌ر تاکێک به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان له جۆرێک میدیا یان تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌کوو فه‌یسبووک، تویته‌ر، ئینستاگرام، تیک‌تۆک، تیلیگرام و یان ئه‌په جۆراوجۆره‌کانی دیکه به‌کار دێنن) دروست بکات که ئاسایی و ته‌ندروست نییه و ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی گواستنه‌وه‌ی ڕووداوه‌کان یان ئه‌و شته‌ی ئێمه وه‌کوو واقیع و بابه‌تی ڕیال ناسیومانه به دروستی و له ده‌روازه حه‌قیقییه‌که‌ی خۆی نه‌یه‌ته ژووره‌وه و ئێمه نه‌زانین هۆکاری سه‌ره‌کی یان بنی ڕووداوێک چییه و ته‌نها به وێنه و ئه‌و نمایشانه‌ی جه‌سته و ئه‌کته‌رچێتی وابزانین ئه‌م ڕووکه‌ش و ڕووکاره جه‌وهه‌ر و ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی ڕووداوه‌که‌یه.
بۆیه ئێمه ده‌توانین به وردی و هه‌ستیارییه‌وه ئاگادار بین و بزانین که به‌هۆی میدیاوه په‌یوه‌ندیی ئێمه له‌گه‌ڵ واقیع و ڕاستییه‌کان ده‌توانرێت به ئاسانترین شێوه نه‌ک داببڕێت، به‌ڵکو ببێت به په‌یوه‌ندییه‌کی چه‌وت و خواروخێچ. له هاتنه ئارای ئه‌م حاڵه‌ته سامناکه‌دا دوو ئاڕاسته و ڕێڕه‌وی میدیایی ڕۆڵ ده‌گێڕن. یه‌که‌م کاتێک که میدیا وه‌کوو بژارده‌که‌رێک به‌پێی خواست و ئامانجه سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئایدۆلۆژی و حیزبییه‌کانی خۆی ده‌جووڵێته‌وه و له بنه‌مادا ئه‌و به‌شه له ڕاستیی ڕووداوێک ده‌گوازێته‌وه که ئامانج و مه‌به‌سته‌که‌ی خۆی بپێکێت بۆ نموونه شه‌ڕێک له جوگرافیایه‌کی بچووکدا ڕوو ده‌دات، میدیایه‌ک دێت و له‌باتی هۆکاری شه‌ڕه‌که باسی شێوازی شه‌ڕه‌که ئه‌کات و به‌م شێوه‌یه به ئێمه ده‌ڵێت ئه‌و له باتی گه‌یاندنی هه‌واڵ به شێوه‌ی ڕاسته‌قینه و دروست، ڕۆڵی زڕه کۆمه‌ڵناسێکی گێڕاوه که به وێنه و ده‌ق یان به وێنه و پێشکه‌شکارێکه‌وه له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگا په‌یوه‌ندی گرتووه، له حاڵێكدا ئه‌مه ئیشی میدیا به مانا گشتییه‌که‌ی یان میدیا گشتییه‌کان نییه، میدیا بۆی نییه له گواستنه‌وه‌ی هه‌واڵی ڕووداوێک ده‌ست بکات به شیکاریی ساده و سووک و ڕۆڵی پسپۆڕ یان کۆمه‌ڵناس و…بگێڕێت، به‌ڵکوو میدیا له‌م پرۆسه‌یه‌دا زیاتر ڕۆڵی پرد و چاودێرێکی وردبین ئه‌گێڕێت که له هه‌مانکاتدا هه‌ڵگری ویژدان و ڕاستبێژی و ته‌واوبێژییه پاش ئه‌وه ده‌توانێت له به‌رنامه یان مێزگردێکی پسپۆڕانه‌دا و به ئاماده‌یی چه‌ند پسپۆڕ و شاره‌زا لایه‌نه جۆراوجۆره‌کانی ئه‌م ڕووداوه هه‌ڵسه‌نگێنیت، له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه بێت ته‌نها فه‌وزا و بشێویی زه‌ینی و ده‌روونی له ناو کۆمه‌ڵگادا بڵاو ده‌کاته‌وه.
واته له‌م ئاڕاسته‌یه‌دا ئێمه مه‌عریفه یان زانیاریمان نادرێتێ به‌ڵکوو له پرۆسه‌یه‌کی هه‌واڵسازیی چه‌وت و مه‌عریفه‌سازیی درۆینه‌دا نغرۆ ده‌بین و ئه‌گه‌ر تێڕوانینی ڕه‌خنه‌گرانه و ڕوانگه‌ی پرسیارئامێزمان نه‌بێت ئه‌وا ئیتر ئێمه به‌رده‌نگ و بینه‌ر و گوێگر نین به‌ڵکوو به‌شێک له میدیاکه یان ئه‌ندام و هۆگرێکی گوێ له‌مشت و گوێقوڵاخی میدیاکه‌ین. ئاڕاسته‌ی دووه‌م کاتێکه که میدیا مه‌به‌ستی نییه هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی ئه‌رێنی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگا هه‌بێت بۆیه ئه‌وه‌ی ده‌یکات ته‌نها بۆ به‌ده‌ستهێنانی هه‌ندێ ئامانجی تاکه‌که‌سیی (ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و…)ه و له ڕاستیدا ئه‌مه‌یان هه‌رگیز به‌و شێوه نیوه‌چڵه‌ی ئاڕاسته‌ی یه‌که‌میش له ڕووداوه‌کان نزیک نابێته‌وه، به‌ڵکوو ئه‌مانه ڕووداوی ناڕاست دروست ده‌که‌ن، به‌پێی ئه‌وه‌ش هه‌واڵ دروست ده‌که‌ن. دیاره لێره‌دا من ئه‌م دوو ئاڕاسته نه‌رێنی و نێگه‌تیڤه‌م له ڕۆڵی میدیا هێناوه‌ته‌وه و به‌و مانایه نییه که میدیا ناتوانێت ڕۆڵ و ده‌وری باشی له وشیارکردنه‌وه و ڕۆشنبیری و کولتوورسازیدا هه‌بێت، به‌ڵکوو من لێره خه‌سارناسانه سەیری کاریگه‌ریی و کایه نه‌رێنییه‌کانی میدیا ده‌کەم.
میدیای کوردی به‌ده‌ر نییه له‌و دوو ئاڕاسته گشتییه، ئه‌گه‌ر فاکتۆری کایه‌ی سیاسیی و دوالیزمی حیزبی و کۆمه‌ڵایه‌تیشی بخرێته سه‌ر ،تێده‌گه‌ین له‌گه‌ڵ دۆخێکی مه‌ترسیداردا ڕووبه‌ڕووین و ڕۆژ به ڕۆژ و هه‌نگاو به هه‌نگاو ئێمه له‌و شته‌ی که مه‌به‌ستی میدیا بووه واته وشیارسازیی و ئاگادارکردنه‌وه و زانیاریی به‌خشی به هه‌موو مرۆڤایه‌تی بۆ به‌دیهێنانی ژیانێکی ته‌ندروست و دادپه‌روه‌رانه و ئازاد، مه‌ودا ده‌گرین و ده‌که‌وینه ناو ڕایه‌ڵه و لایبێرنێتییه‌کی فانتازیایی و شێتکه‌ره‌وه، ڕه‌نگه به‌شێوه‌یه‌ک ئه‌م پرۆسه‌یه پراکتیزه بکرێت ئێمه ته‌نانه‌ت نه‌زانین و سڕکراوتر له‌وه بین که تێبگه‌ین له ناو داڵانێکی ڕه‌نگاڵه‌یی و شووشه‌به‌ندا به ده‌ست کۆمه‌ڵێک وڕێنه و وێنه گیرمان خواردووه و وه‌کوو ئه‌مری واقیع قبووڵمان کردووه. ئه‌م فه‌زا ناته‌ندروست و ناستاندارده په‌یوه‌ندیی میدیا و کۆمه‌لگا به‌ره‌و ئاقارێک ده‌بات که وشیاریی و ئاستی ته‌حه‌مول و پشوودرێژیی تاکه‌کان ده‌خاته ژێر کاریگه‌ریی خۆیه‌وه، ئێمه په‌یوه‌ست به‌م باسه‌وه ده‌شیت کۆمه‌ڵێک پرسیار گه‌ڵاڵه بکه‌ین. میدیاکانی ئێمه چه‌نده له بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌رنامه و بابه‌ته کو‌لتووری و ڕۆشنبیرییه جدییه‌کاندا هه‌وڵیان داوه؟ واته ژماره‌ی ئه‌و به‌رنامه و بابه‌ته چه‌ند و چۆنه؟ بۆچی بابه‌ت و ته‌وه‌ری شوناسسازی و نه‌ته‌وه‌سازیی له به‌رنامه‌ی زۆرێک له‌م میدیایانه، ته‌نانه‌ت میدیا به‌ئه‌زموون و له‌پێشینه‌کانیشدا خراوه‌ته په‌راوێزه‌وه؟ چه‌ند میدیای ئازاد و ته‌نانه‌ت حیزبی له باشووری کوردستان دۆزی کورد وه‌کوو دۆزێکی گشتیی و له ئاستی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیدا ده‌بینن و ده‌یخوێننه‌وه و له جوگرافیای باشووری کوردستاندا کورتی ناکه‌نه‌وه؟ چه‌ند به‌رنامه و میزگردی جدی له‌باره‌ی دۆخی ژنان و جێنده‌ر و هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ستن به جیهانی ژن و به ئه‌مڕۆییکردنی په‌یوه‌ندی ژن و کۆمه‌ڵ، زانست و مه‌عریفه به‌رهه‌م ده‌هێنن؟ ئێمه ته‌نها به‌سه چاوێک بخشێنین به میدیاکاندا و له‌سه‌ر یه‌ک پرسیاری وه‌کوو ئه‌مه‌ی خواره‌وه هه‌ڵوێسته بکه‌ین: ساڵانه ئه‌م هه‌موو که‌سه له زانکۆکان‌دا له پله‌ی زانستی جۆراوجۆردا خوێندن ته‌واو ده‌که‌ن و ته‌خه‌ڕوج ده‌که‌ن جگه له ڕووماڵی ڕێوڕه‌سمێکی رازاوه و مه‌کیجاکراو نامه‌ی خوێندنی کام یه‌ک له‌وانه(وه‌کوو بژارده) هێنراوه‌ته سه‌ر شاشه و باسێکی له‌سه‌ر کراوه؟
نابێ ئه‌م پرسیار و قسانه به حوکمێکی ڕه‌ها وه‌ربگیرێت چونکە هیج شتێک ڕه‌ها نییه و دیاره مه‌به‌ستی من دۆخی زاڵ و حاڵه‌تی زۆرینه‌یه.
وه‌کوو له سه‌ره‌وه تیشکم خسته سه‌ری ئێمه له ڕؤژگاری واقیعی میدیاییدا ده‌ژین، سه‌رباری ئه‌وه‌ی خودی ئه‌م قۆناغه له مێژووی مرۆڤایه‌تی و شارستانییه‌تدا قۆناغێکی ئه‌فسوناوی و گۆڕانساز بووه له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه، به‌ڵام دۆخێکی ناچاره‌کیش بووه که به چاک و خراپییه‌وه له دڵی ته‌کنه‌لۆجیا و مۆدێڕنیزمه‌وه هاتووه‌ته ده‌رێ، به‌ڵام ئێمه وه‌کوو وڵاتانی پێشنه‌که‌وتوو و قه‌یراناوی به تایبه‌تی جوگرافیایه‌کی وه‌کوو کوردستان و نه‌ته‌وه‌یه‌کی وه‌کوو کورد، میدیا له فۆرمێکی زۆر قه‌یراناویدا بۆمان به‌رجه‌سته بووه‌ته‌وه، له سه‌رده‌می شاخه‌وه له ڕێگه‌ی وێستگه‌یه‌کی ڕادیۆییه‌وه جه‌ماوه‌ر و خه‌ڵک وشیاریی کوردانه و نه‌ته‌وه‌ییان وه‌رده‌گرت و بگره کارکردن و چالاکیی له‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌ڵگری ڕه‌سه‌نایه‌تی و ئاڕاسته‌یه‌کی ته‌ندروستتر و پڕ پیت و پاراوتر بووبێت، که‌چی ئێسته به‌م هه‌موو که‌ناڵ و میدیایانه‌وه زۆربه‌ی هه‌واڵه‌کان له‌باره‌ی بابه‌ته ڕۆژانه‌ییه بێ کاریگه‌ر و ناوه‌رۆکه‌کانن وه‌کوو ئه‌وه‌ی فڵان هونه‌رمه‌ندی شووی کرد! یان له هاوسه‌ره‌که‌ی جیا بوویه‌وه و له‌باره‌ی جیابوونه‌وه‌که‌یه‌وه وتوویه‌تی نۆ کۆمێنت! یان به‌رجه‌سته‌کردنی هه‌ندێک بابه‌ت و کێشه که زیاتر له ناو ململانێیه‌کی به‌رته‌سکی حیزبی‌دا مانا وه‌رده‌گرێت وه‌کوو قیرتاونه‌کردنی ڕێگای فڵان شوێن بۆ فیسار شوێن که ئه‌م حیزبه نه‌یتوانیوه ئه‌نجامی بدات و ئه‌وه‌ی دیکه‌یان توانیویه‌تی! یان فڵان به‌رپرس ڤیلای هه‌یه له ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وی دیکه له تورکیا هه‌یه‌تی! و زۆر شتی دیکه.
ڕه‌نگه هه‌ر کام له‌م سه‌ردێڕ و ته‌وه‌رانه بشێت هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر بکرێت و به‌دواداچوونی بۆ بکرێت به‌ڵام نه‌ک له ناو کایه‌یه‌کی میدیایی که ئامانجی ململانێی حیزبی (لاواز پیشاندانی لایه‌نی به‌رامبه‌ر، تیرۆری که‌سایه‌تییه‌کانی ئه‌م لا یان ئه‌و لا، به‌رهه‌مهێنانی زانیاریی درۆ به زمانێکی میکیاجکراوی بێ ناوه‌رۆک و…)یان کۆ کردنه‌وه‌ی لایک و کۆمێنت و مه‌به‌ستی بازرگانیی له پشته‌وه بێت، میدیایه‌ک که ئه‌م بنه‌ما و خه‌سار و تێبینیانه له‌به‌ر جا‌و نه‌گرێت بێگومان له درێژماوه‌دا خۆیشی شکست دێنیت چون نازانێت له ناو چ گوتارێکی سیسته‌ماتیک و دیاریکراودا ئیش ده‌کات و دره‌نگ یان زوو دژوازی و لێکدژیی بابه‌ت و ته‌وه‌ر و قسه‌کانی بۆ بەردەنگ و خوێنه‌ر و بینه‌ر که‌شف ده‌بێت هه‌ر بۆیه به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان ڕووبه‌ڕووی په‌رچه‌کرداری تووندی ئه‌وان ده‌بێته‌وه، ڕه‌نگه یه‌کێک له هۆکاره‌کانی ئه‌و هه‌موو جوێندانه (که بێگومان کارێکی په‌سەندنه‌کراوه) له کۆمێنتی به‌شێکی زۆر له په‌یجه‌کانی فه‌یسبووک ئه‌وه بێت که باسم کرد، ئه‌وان به ڕاده‌یه‌ک به‌رده‌نگیان تووڕه و عه‌سه‌بی کردووه که بایی ئه‌و کاته‌ی دایده‌نێن بۆ بابه‌ته بێ ناوه‌رۆکه‌کانیان به‌رده‌نگ له زهنی خۆیدا ئه‌و به فیڕۆچوونه‌ی کاته‌که‌ی له ڕێگه‌ی جنێودانه‌وه قه‌ره‌بوو ده‌کاته‌وه و ئه‌گه‌ریش له ڕووی ده‌روونناسییه‌وه چاوی لێ بکه‌ین ئه‌مه ڕه‌نگه تێبینی و ڕه‌خنه هه‌ڵبگرێت، به‌ڵام په‌رچه‌کردارێکی ئاساییه بۆ ئه‌و دۆخ و جۆره کایه‌یه.
بۆیه میدیا پۆپۆلیستییه‌کانیش واته ئه‌و میدیایانه‌ی بابه‌تی ناگرنگ و ڕۆژانه‌ی زه‌رد و نابه‌رهه‌مهێن وه‌کوو ئه‌و نموونانه‌ی سه‌ره‌وه که باسم کرد بڵاو ده‌که‌نه‌وه تا قۆناغێک ده‌توانن خه‌ڵک و به‌رده‌نگ فریو بده‌ن و به‌ره‌و لای خۆیان ڕایانبکێشن و له درێژماوه‌دا به‌ره‌به‌ره تووشی په‌رچه‌کرداری تووندئاژۆ و جنێو ده‌بنه‌وه، له ئاوه‌ها هاوکێشه‌یه‌کدا ڕه‌نگه هێنده‌ی میدیا خۆی کاریگه‌ر و پاڵنه‌ری به‌رهه‌مهێنانی جنێو و تووندئاژۆییه ئه‌و که‌سه‌ی که جنێوه‌که ده‌دات به‌رپرس و تاوانبار نه‌بێت.