ئەگەرچی پیلانەکان دژ بە هەرێمی کوردستان و قەوارە دەستوورییەکەی لە ناوخۆی كوردستان و ئێراق و هەتا وڵاتانی ئیقلیمیش بەردەوام هەبووە، بە هەر شێوەیەک بێت، هەوڵ دراوە سنوور بۆ سەرکەوتن و پێشڤەچوونەکانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتیش کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابنرێن، بەڵام ئەوەی بۆ هەموان لەم قۆناغەدا یەکلایی بووەتەوە؛
ئەم حکوومەتە، بە ئیرادەیەكی بەهێزەوە بناغەیەکی پتەو و جێگیری هەگبە پڕ لە پرۆژە و خزمەتگوازی و کارئاسانیی ژیانی هاووڵاتییانی هەیە و ئاڵنگارییەکان دەشکێنێت.
کابینەی نۆیەمی حكوومەت، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، لە سەرەتای کارکردنیەوە ڕووبەڕووی ئاریشەی زۆر بووەوە، بەو پێیەی، دروشمی چاکسازیی کردە کردار، ئەمەش وای کرد، کە هەندێک هێزی سیاسی بکەونە پەلەقاژە و لەپێناو ئاشکرانەبوونی تاڵانی و ئەو سەرپێچییە دارایی و سیاسی و ئەمنییانەی هەیانبووە، هەموو ڕێگەیەکی ناشەریفانە بگرنە بەر، بەڵام سەرەڕای تاقیکردنەوەکانی هەموو کەتنەکانیان، لە لاوازکردنی کابینەی نۆیەم شکستیان هێنا.
وێڕای هەموو ئەو ئالنگارییانە، (کابینەی نۆیەم) لە پرۆژە گرنگە ژێرخانییەكانی بەردەوامە و سڵی لە بۆمب و بەربەستەکان نەکردووەتەوە، چونكە سەرۆك وەزیرانێكی بەهێزی هەیە، تەنیا لە دە پازدە رۆژدا (كارگەی شیرەمەنی لە بارزان، هەفتەی تەندروستیی كوردستانی
– ئوردنی، پێشانگای تەكنۆلۆژی لە هەولێر، بەدیجیتاڵكردنی كارەكانی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی، كردنەوەی بانكی جیهان، گۆڕانكاری و ئاسانكاری لە تۆماركردنی كۆمپانیاكان….تد) راگەیاندنی ئەو هەموو پرۆژە گرنگە لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان، لە هەموو ئەمانەدا مەسرور بارزانی ئامادە بووە یان سەرپەرشتیی كردووە و هەریەكەیان لە بوارێكی جیاوازدان و پرۆژەی گرنگی ستراتیژی و ژێرخانییان تێدایە. ئەگەر بە كورتی سەرکەوتنە سەرەكی و هەرە گرنگەکانی ئەم کابینەیە بە نموونە وەربگرین:
– لەکاتێکدا تەواوی جیھان بەدەست کۆرۆنا و لێکەوتە تەندروستی و ئابوورییەکانییەوە دەیناڵاند، کابینەی نۆیەم، زۆر بە بەرپرسیارانە توانیی خۆی لەگەڵ کەشە جیھانییەکە بگونجێنێت، ھەر لە خزمەتگوازیی تەندروستی و چاودێریی وردی نەخۆشخانەکان و دابینکردنی دەرمانی پێویست لە خزمەتی تووشبووانی نەخۆشییەکەدا بوو.
– لە کابینەی نۆیەمدا، هەوڵی جدی دراوە بۆ گەڕاندنەوەی منداڵانی سەرشەقام بۆ هۆڵەکانی خوێندن. – سەرەڕای سزادانی بەردەوامی ناڕەوای دەسەڵاتدارانی ئێراق، کەچی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان یەک پرۆژەی نەوەستاند، خەرجییەکانی کەم کردەوە و داھاتیشی زیاد کرد، تەنانەت بەشێک لە قەرزە کەڵەبووەکانی ڕابردوویشی دایەوە، کە بە (ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار) مەزەندە دەکرێت، جگە لەوەش، سەدان ھەلی کار بۆ بێکاران دۆزرایەوە، کە چەندین ساڵ بوو بەدەست کەمی، یان نەبوونی دەرفەتی کار گیرۆدە بووبوون، لەپاڵ ئەوەش، گەورەترین خواستی خەڵک بەدی ھات، کە ڕووبەڕوونەوەی گەندەڵی بوو، كە هەنگاوی زۆر باشی بڕی ڕێکارەکانی بە ئێستاشەوە بەردەوامە.
– لە بواری بازرگانییدا هەنگاوێکی کابینەی نۆیەم، کە ئابووریی هەرێمی کوردستان دەبووژێنێتەوە، بووە مایەی خۆشحاڵیی هاووڵاتییان، بە شێوەیەک، بۆ تۆمارکردنی کۆمپانیا بە ئۆنلاین، دەتوانرێت سەردانی پۆرتاڵی تۆمارکردنی دامەزراوە بازرگانییەکان بکرێت.
– داخستنی کۆگاکان و بازاڕەكانی چەک و دانانی سنووری تەواو بۆ بارزگانیکەرانی چەک، بۆ ڕێگەگرتن لە کوشتن و تاوانکاریی زیاتر، لە بڕیارە بوێرییەکانی مەسرور بارزانی بوو، ئەمەی دوایی بەئێستاشەوە بەردەوامە، کە داخوازیی سەرەکیی خەڵکی کوردستانە. لەگەڵ ئەوەش، ڕێنمایی نوێی یاسایی بۆ داماڵینی چەک، لەژێر چاودێریی (مەسرور بارزانی)دایە، کە ئەوەشیان لەپێناو پاراستنی خەڵکی کوردستاندایە.
– گوێگرتن لە میدیاکاران لەلایەن مەسرور بارزانی، میتۆدێکی گرنگە لە خوێندنەوە بۆ بۆچوون و دیدگای ڕۆژنامەنووس و میدیاکاران، مۆدێلێکی نوێی تێگەیشتنی دیموکراسییانەی دروستە، بەتایبەت بۆ پرسێکی گەورەی وەک میدیا، کە وەک دەسەڵاتی چوارەم لە ئاراستەکردنی کۆمەڵگە و وڵات ھەژمار دەكرێت.
– پیشاندانی پێگەی ھەرێمی کوردستان بە دونیای دەرەوە، بەتایبەت لە ڕووی ئارامی و ئاوەدانی و خوێندنەوەی لۆژیکییانە بۆ پێکەوەژیان و ئاشتی، لە سیاسەت و ستراتیژییەت و دونیابینیی مەسرور بارزانی ڕەنگی داوەتەوە.
– سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری بە پێشانگا نێودەوڵەتیەكان داوە، نەخاسمە تەکنەلۆژییەکان، ئەو کارئاسانییە بووە هۆکاری کردنەوەی چەند پێشانگایەكی تەکنەلۆژیا و زانیاریی ئابووری و بوارەکانی دیکە. گرنگیدان بە پرۆژەکان.
1- لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا، زیاتر لە 392 ملیار دینار بۆ پرۆژە خزمەتگوازارییەکانی ڕێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە تەرخان کراوە.
2- بۆ کەرتی پەروەردە و دروستکردنی قوتابخانە و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان، 36 ملیار دینار خەرج کراوە.
3- لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا، بڕی 25 ملیار دینار بۆ سێکتەری کارەبا تەرخان کراوە.
4- بۆ دروستکردنی سایلۆ و کۆگاکان، 37 ملیار دینار خەرج کراوە.
5- بڕی 282 ملیار دینار بۆ پرۆژە خزمەتگوازرییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی ھەرێم خەرج کراوە.
6- بۆ پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، بڕی 25 ملیار دینار خەرج کراوە.
7- بۆ دروستکردنی بەنداو، لەپێناو ڕێگەگرتن لە وشکەساڵی، 22 ملیار دینار خەرج کراوە.
8- بۆ سێکتەرە جیاوازەکانی دیکەی خزمەتی گشتی، 31 ملیار دینار خەرج کراوە.
ئەم ئامارانەی باس کران، ڕۆژانە و هەفتانە گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و دێت، چونکە حکوومەتی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژە خزمەتگوازییەکانی نەوەستاوە و لە تەرخانکردن و خەرجکردن بۆ پرۆژە ستراتیژیییەکانیش بەردەوامە. گرنگترین خاڵیش، کە تاوەکو ئێستا هۆکاری سەرکەوتنەکانی کابینەی نۆیەمە، بەرگەگرتنی بەرپرسیارێتییە.
ھەروەک مەسرور بارزانی خۆی دەڵێت: (ئەگەر بە تەنیاش بم، تەحەمولی بەرپرسیارێتیی دەکەم). مێژووش سەلماندوویەتی، ئەوەی لە بەرپرسیارێتیی نەترسابێت، لە ھەڕەمی سەرکەوتن و لەئاست متمانەی خەڵکیشدا بووە