دوو ڕۆژە لە لۆزانم بۆ کۆنفرانسێک کە لەلایەن ئینستیتۆی کورد لە پاریس و دامەزراوەی عیسمەت شەریف وانلی ڕێکخرابوو. بەشداران لە کوردستان و تورکیا و ئەوڕوپا و ئەمریکاوە ھاتبوون. لۆزان ئەو شارەیە کە بەڕەچەڵەک کوردێک، عیسمەت ئینینۆ، خەونی بەدەوڵەتبوونی کوردی سەد ساڵ پێش ئێستا لە گۆڕنا. قسە زۆرە لەسەر بابەتەکەی خۆم و بابەتەکانی دیکە لە کۆنفرانسەکە پێشکەش کران بەڵام ھەوڵدەدەم چەند پەیامێک بگەیەنم و چەند وانەیەک فێربین.
یەکەم، نە ئەوەی بە ڕەچەڵەک کوردە، نە ئەوەی کوردیزانە، نە ئەوەی خۆی بە کورد دادەنێ، مەرجە کورد بێت. کورد ئەو کەسەیە کە لە خەمە گشتییەکانی نەتەوەی کورد گەیشتبێت و لە دیدێکی کوردانەوە تەماشای بوونی کورد و ئەوانی دیکە بکات. دیدێک کە کوردی نەپێی نزمتر بێت نە بەرزتر لەوانی دیکە. دیدێک کە سەروەری و سەربەخۆیی ئامانج بێت و ھەوڵی پاراستنی بوون و زمان و کەلتور و مێژووی کوردستانیان بدات و پارێزگاری لە ناسنامە و خاکی کوردستان بکات.
دووەم، تورکەکان، لەپێش ھەموویانەوە کەمالیستەکان ئەو کات و ئەردۆگانیستەکانی ئەمڕۆ، کە دەیانگوت و دەڵێن کورد قارداشمانە و نایەنەوێت لە ئێمە جیاببنەوە، نەک درۆیەکی گەورەیە بەڵکو قسەیەکە بە مەبەستی دانانی بەردی بناغەی ئاشی ھاڕینی کورد دانراوە و دادەنرێت. لە لۆزان وایانگوت و سەد ساڵە کورد دەھاڕن، لە دوا ھەڵبژاردنیش وایانگوت، ھەمان مەبەستیان ھەیە.
بەریتانییەکان لە لۆزان بە تورکەکانیان گوت، کورد نەتەوەیەکی جیایە و سەد ساڵە ھەوڵی سەربەخۆیی دەدەن و نایانەوێت لەگەڵ ئێوە بژین. ئەوان ڕاستیان دەکرد بەڵام بە نیەتێکی گڵاو. ئیمام عەلی دەڵێت، کلام حق یراد بھا الباطل. بەریتانییەکان درۆکانیان لەوە بەدیارکەوت کە قسە ھاتە سەر چارەنووسی باشوری کوردستان. ئەوان لە لۆزان، سەد ساڵ پێش ئێستا لەنێوان بەتورکیایی مانەوە و بەئێراقیبوون بژاردەی دیکەیان نەخستە پێش کورد. بەریتانییەکان لەخۆیان نەپرسی ئەگەر کورد نەتەوەیەکی ئەلتایک، وەک دەیانگوت، نیە ئێ خۆ نەتەوەیەکی سامیش نیە.
سێیەم، نەبوونی ستراتیج و گوتارێکی یەکگرتوو لە پێش لۆزان و لە دوای لۆزان و لە ئەمڕۆشدا گەورەترین کێشەی کوردە. کێشەکە دابەشبوونی کورد نیە، ھەموو نەتەوەکانی دنیا دابەش دابەشن، فرەڕەنگ و فرەباوەڕن بەڵام غیابی سەرکردەی لەخۆبردوو و کە توانای کۆکردنەوەی کوردی ھەبێت لەژێر سایەی ستراتیج و گوتارێکی نیشتیمانی و کوردستانی ئەسڵی کێشەکەیە.
عوسمان بایدەمیر کە لە کۆنفرانسەکە قسەی کورد، گوتی کوردان ھاوسۆزی و ھەستی نەتەوەیی و نیشتیمانیان زۆر بەرزە. ئەمانە لە ھاوسۆزی کوردان بۆ ھاونەتەوە و ھاونیشتیمانییەکانی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان دەرکەوت و دەردەکەوێت. بونمونە، ھاوسۆزی بۆ بەرخۆدانی کۆبانێ، جینۆسایدی ئێزیدییەکان، لافاوەکانی ھەولێر، بومەلەرزەکانی ڕۆژھەڵات، ھەڵبژاردنەکانی باکور. بەڵام ئەوەی غیابی ھەیە ستراتیج و گوتاری ھاوبەش و سەرکردەی خەمخۆر و خۆتەرخانکەرە.
لە لۆزان، لە غیابی ستراتیج و سەرکردە کورد پشتگوێخرا. دوای سەد ساڵ سەرکردە کوردەکان پێناچێت لەوە گەیشتبن کە بەپشتشکاندنی یەکدی لە بەغدا و ھەولێر سەرناکەون، بەڵکو بە یەکدەنگی و ھاوستراتیجی و ھاوگوتاری نزیکدەبنەوە لە ئامانجەکان.