“پێشەکى”
لە ڕابردودا دەرامەتەکانى ئابوورى بە زەوى، سەرمایە، کار و کارگێڕى لە قەڵەم دەدرا، گشت ئەم تایبەتمەندییانە بە شێوەیەکى بەرچاو و یەکسان لە شوێنێکدا گرد نابێتەوە، لە ئێستادا کرانەوەى وڵاتان بە ڕووى یەکتردا و پێشکەوتنى تەکنەلۆجیا ئەو کارەى ئاسانتر کردووە، بەشێوەیەک کار، دەستى کار و سەرمایە هەموو ساتێک لە تەواوى دنیادا ئاڵووگۆڕى پێ دەکرێت، بەشێکى گەورەى ئەم دەستا و دەست کردنە پارەیە، قەرز پشکى شێرى لە بوارەکەدا بەردەکەوێت، زۆربەى وڵاتان بە نموونە چین و هندستان کاتێک پیشکەوتن کە بە ڕووى دنیادا کرانەوە و کار ئاسانیان بۆ خاوەن پارە و کۆمپانیاکان کرد لە وڵاتەکانیاندا سەرمایە گوزارى بکەن، لە کوردستان و ئێراقدا تا ئێستا قەرز بە مەترسییەوە مامەڵەى لەگەڵدا دەکرێت، هۆکارەکەش نەبوونى متمانە و بەد حاڵیبوونە لە قەرز، لە کاتێکدا قەرز دەکرێت وەک بەشێکى گەورەى وەبەرهێنان تەماشا بکرێت و هۆکارێکیش بێت بۆ پێشکەوتنى وڵات و خۆشگوزەرانى هاووڵاتیان. ئەم چەند دێڕە شیکارى ئەو بۆچونە دەکات.
“قەرز چییە؟”
بڕە پارەیەکە یان کەل و پەل و شمەکێکە بۆ ماوەیەکى دیاریکراو یەکێک ڕادەستى لایەنێکى دیکەى دەکات، لە کاتى دیاریکراودا پێویستە سوود و قەرزەکە بگەڕینێتەوە بۆ خاوەن قەرزەکە، قەرز دەدرێت بە کەسەکان، کۆمپانیاکان، دامەزراوە داراییەکان و حکوومەت، هەموو ئەو لایەنانە قەرزدەدەن و قەرزیش دەکەن، ئامانجى قەرز زیاد کردن و کەڵەکە کردنى پارەیە، قەرز دەرگاى ڕکابەرى و فراوانکردنى کارە بازرگانییەکان فراوانتر دەکات، سوود و ڕسومى دارایی بە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانى دامەزراوە داراییەکان ئەژمار دەکرێت بە نموونە بانکەکان، هەروەها قەرز بۆ بازرگانى تاکفرۆشیش سەرچاوەیەکى گرنگى داهاتە. چونکە ئەم بازرگانانە بەشێکى گەورەى بازاڕ پێکدەهێنن و مەترسى و ڕکابەرى کارەکەیان لە ئاستێکى بەرزدایە.
“تایبەتمەندییەکانى قەرز”
١. پێدانى قەرز پەیوەستە بە کاتەوە: قەرز بۆ ماوەیەکى دیاریکراو دەکرێت، بە نموونە قەرزى ماوە کورت، مام ناوەند و ماوە درێژ، قەرزى دڵنیایی (بڕە پارەیەکە قەرزکەر وەریدەگرێت و دواتر دەیگەڕێنێتەوە، ئەگەر پێویستى بێت جارێکیتر پارەکە وەردەگرێت، دانەوەى سوودى پارەکە لە کاتى بە کارهێنانى پارەکەدا دەبێت) و بۆ هیچ جۆرێکیان ڕێکەوتێکى جێگیر نییە، بۆ نموونە دواى جەنگى جیهانى دووەم؛ ئەمریکا لە ڕێگاى پلانى مارشاڵەوە و بە قەرزى دوور مەودا و بۆ ماوەى بیست و پێنج ساڵ هاریکارى وڵاتانى ئەوروپاى ڕۆژئاوای کرد و ئەو وڵاتانەى بونیاد نایەوە.
٢. تێچوون: واتە سوودى قەرزەکە دەکەوێتە سەر قەرزکەر، دەشێت سوودەکە جێگیربێت بۆ نموونە ٢% یان ٥% بێت یاخود گۆڕاوبیت، تێچوونى سوودى قەرزەکە پشت بە بەها و مەترسى قەرزەکە دەبەستێت.
٣. دڵنیایی: بنەما و پەیمانێکە بۆ قەرزدەر لە بەرانبەر نرخى قەرزەکەیدا، زۆرجار بنەماکان ئامێر و ئامرازى کارکردنن و کراون بە هۆکارى دڵنیایی، هەروەها زەوى، باڵەخانە، خانوو، پارەى نەختینە هۆکارى دڵنیایی بێت.
“بۆچى ئادەمیزاد قەرز دەکات؟”
داب و نەریتە کۆمەڵایەتێکان لە شارستانییەتەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوین تا سەدەکانى ناوەڕاست قەرزیان بە جۆریک تاوان ئەژمار کردووە، ئەم بۆچوونە تا ڕادەیەک دروستە، چونکە قەرز دەدرێت بە کەسانێک پێویستیانە، لە بەرانبەردا کەسانێکیش پارە لە ڕێگاى سوودەوە کۆدەکەنەوە و داهاتێکى دیکەیان نییە. لەگەڵ چاخى ڕابوون (نهظە) دا ئەو تێڕوانینە ئاکارییە گۆڕانکارى بەسەردا هات، قەرز وەک هۆکارێکى گەشەى بازرگانى تەماشا دەکرا، بەو هۆکارە بازاڕ بوژایەوە و سوودیش زیاتر ددانى پیادا نرا، لەو کاتەوە پارە بوو بە شمەک. فەیلەسووفەکانى بوارى ڕامیارى لە سەدەکانى هەژدەهەم و نۆزدەهەمدا لە ڕێگاى تیۆرە ئابوورییەکانە وە سوودیان بەسەر قەرزدا سەپاند، بە نموونە ئادەم سمیس، فردریک باستیات و کارل مینجر.
لە ئێستادا بانکە ئیسلامییەکان وەک ناوەندێکى بازرگانى دەرکەوتوون، پارە لە خەڵکى قەرز دەکەن و لە برى سوودى قەرز کار بە دابەشکردنى زەرەر و قازانج دەکەن لەو سەرمایە گوزاریانەى کە قەرزى خاوەن پشکەکانە لاى بانکەکان، ئەم بۆچوونە لە کۆتایى سەدەى ڕابردووەوە تا ئێستا زۆر بەربڵاوە و لە پەرەسەندندایە. ئەمرۆ سوودى قەرز لە بوارگەلێکدا پەیرەو دەکرێت وەک کڕین و فرۆشتنى زەوى، خانووبەرە، ئووتومبێل و قەرزى هاووڵاتیان، ساڵى ٢٠١٩ لە مامەڵە دارییەکاندا سوود زۆر کەم بووە و ساڵى ٢٠٢٠ نزیک بوو لە ژمارە سفرەوە.
“جۆرەکانى قەرز”
١. بەکارهێنانى قەرز لە پرۆژەى بچووک و مام ناوەند.
پرۆژەى بچووک بریتییە لەو پرۆژانەى کەسێک تا پەنجا كهس کارى تیادا دەکات، دەکرێت دوکانێک، کارگەیەکى شیرینى و پرۆژەى بە خێوکردنى پەلەوەر بە نموونە وەربگرین، ئەمجۆرە پرۆژانە سەرمایەییان کەمە و ڕکابەرییان زۆرە، هاوکات بەشێکى زۆرى پێداویستى کۆمەڵگا دابیندەکەن و توانا جۆرو جۆرەکانى لاوانیش لە خۆ دەگرن، لە ئیستادا بەردەوام لاوان بەشە جیاوازەکانى زانکۆ و پەیمانگاکان تەواو دەکەن، لە مجۆرە پرۆژانەدا دەتوانرێت جێگایان بکرێتەوە وسوود لە تواناکانیان وەربگیرێت.
سندوقى نەختینەى نێودەوڵەتى دەنووسێت: لە وڵاتانى عەرەبییدا پرۆژە بچووک و مام ناوەندەکان ٩٦% کۆمپانیا تۆمارکراوەکان پێکدەهێنن و نیوەى هێزى کاریان لە خۆ گرتووە، هاوکات کۆى قەرزى ئەو پرۆژانە لە ٧% قەرزى بانکى لە ناوچەکەدا پێکدەهینن. توێژینەوەکەى دەزگاى ناوبراو ئاماژە دەکات ئەگەر گەشەى ئابوورى ناوچەکە ١% بێت، ئەوا بۆ ساڵى ٢٠٢٥ چاوەڕوانى دەکرێت یەک ملیۆن و نیو هەلى کارلە ڕیگاى پرۆژەى بچووکەوە لە ناوچەکەدا دروست ببێت. هەروەها وڵاتیکى وەک ئەمریکا ٩٠% داهاتى لە سەر پرۆژەى بچووکە. لە کۆریاى باشووریش لە سێ کەس دوو کەسیان خاوەن پرۆژەى خۆیانن.
لە ڕابردوودا حکوومەتى هەرێمى کوردستان بڕى دە هەزار دولارى بە قەرز دەدا بە خاوەن پرۆژە بچووکەکان، دەستگرتنەکە ڕۆڵى لە دابینکردنى هەلى کار و گەشەى ئابووریدا دەبینی، بۆ نموونە شایەد حکوومەتى هەرێم نەتوانێت ئوتوومبێل دروستبکات، دەتوانێت کارگەى دروستکردنى پێچکەى سەیارە بونیاد بنێت (لە هەرێمى کوردستان زیاد لە یەک ملیۆن ئوتوومبێل بە دەست دانیشتوانەوەن) یاخود کارگەى دروستکردنى بەشە جوانکارییهكانی ئوتوومبێل دەکرێت بونیاد بنرێت و هەلى کاریش بڕەخسێنێت، دواترکەڵک لە توێژینەوەکانى زانکۆکانى كوردستان، کەسانى سەرمایەدار و خاوەن بەهرە وەربگیرێت. ياخود بە گوێرەى تایبەتمەندى ناوچەکانى کوردستان پرۆژەى وەبەرهێنانیان تیادا بخرێتە کار و حکوومەتیش بە قەرزى کورت ماوە، مام ناوەند و دوور مەودا پشتگیریان بکات، بۆ نموونە لە ناوچە شاخاوییهكان گرنگى بە بەرهەمهێنانى میوە و بە خێوکردنى هەنگ بدرێت، لە ناوچە دەشتاییەکاندا پەرە بە بە خێوکردنى ئاژەڵ و کشتوکاڵ بدرێت، بەمجۆرە سوود لە زەوى، سەرچاوەى مرۆیى و کاتى بەر دەست وەردەگیرێت و ئاسایشى خۆراک و نەتەوەیى هەرێمیش پاێزراو دەبێت. شایانى بیر خستنەوەیە پرۆژەى بچووک و مام ناوەند لە کاتى دەستپێکردنیدا گەورەترین کێشەیان بریتییە لە دابینکردنى سەرمایە، زۆر جار خاوەنکار چاوى ڕاستییەکان دەبینێت بەڵام دەستى کورتە و نایگاتێ.
٢. قەرزبە مەبەستى دروستکردنى یەکەى نیشتەجێبوون: (ئەنتوان جەمیل) شارەزا لە بوارى ئابوورید لە چاوپێکەوتنێکدا؛ پێویستى ئێراقى بۆ یەکەى نیشتەجیبوون بە سێ ملیۆن و نیو یەکەى نیشتەجێبوون دیاریکردووە، ئەگەر وڵات بتوانێت ساڵانە سێ سەد تا چوارسەد یەکەى نیشتەجیێوون بونیاد بنێتت، بە گوێرەى بۆچوونى ناوبراو بۆ چارەسەرى ئەو گرفتە ئێراق پێویستى بە بیست و پێنج ساڵە، گەشەى دانیشتوانى وڵات بە ٢.٥% دیاریکراوە، ئەوکات وڵات بە گوێرەى پلانێکى ستراتیژى پێویستە ساڵانە دوو سەد و پەنجا هەزار یەکەى نیشتە جێبوون بونیاد بنیت، تەواوکردنى ئەمکارە هەشت سەد حەفتاو پێنج هەزار هەلى کار دەرەخسێنیت، بێگومان کارى ئاوەرۆ، کارەبا، بۆیاخ، پێداویستییهكانی ناوماڵ و ڕێگاوبانى تێکەڵ دەبێت، بە واتایەکی تر، وڵات بۆ تەواوکردنى پلانەکەى پێویستى بە دوو سەد هەزار هەلى کاری لاوەکەیە، بە گشتى کارکە پێویستى بە شەست پسپۆرى جۆاروجۆرە، بە تایبەت لە ئێستادا چڕى ژمارەى دانیشتوان بەراورد بە ڕووبەرى وڵات زۆر نییە، هاوکات هەموو پێداویستییەکانى ئەمکارە دەکرێت لە ناوخۆدا دابین بکرێت، لە کاتێکدا حکوومەتى شانشینى یەکگرتووى عەرەبى (ئیمارات) خۆڵى لە ئێران دەکرى بۆ ئەوەى کشتووکاڵى لە سەر وڵاتەکەى پێ بکات، هاوکات هەرکات ئەم ستراتیژە خرایە بوارى جێێەجێکردنەوە کۆمپانیا، پسپۆڕو کرێکارى کوردیش دەتوانن سوود لەم هەلە وەربگرن.
لە هەرێمى کوردستاندا جارێکی تر پێویستە حکوومەت قەرزى خانووبەرە بۆ هاووڵاتیان دابین بکات و لە بەشە بودجەى هەرێمدا پشکى بۆ دیاری بکات، چونکە لە ڕابردوودا ئەو کارە کاریگەرى زۆرى لە گرتنە خۆیی توانا و دەستى کار لە هەرێمى کوردستاندا هەبووە و تارادەیەک رووى شارستانى هەرێمی کوردستانیشى پیشانى دنیاداوە. قەرزى خانووبەرە کارێکە حکوومەت بە دەستى ڕاست دەیدات بە هاووڵاتیان و بە دەستەکەی تر وەریدەگرێتەوە، واتا پارەکە دەستا و دەست دەکات، هەروەها پسپۆرێتى لە بوارى خانوو بەرەدا بە شێوازى جۆراوجۆر لە زانکۆ و پەیمانگاکانى هەرێمى کوردستاندا دەخوێنرێت. وەک ئەندازیارى و ئەندازیارى شارستانى و …هتد. دەکرێت ئەم بوارە کاریگەرى لە سەر کەمکردنەوەى بێکارى لە هەرێمى کوردستاندا هەبێت.
٣. بە گەڕ خستنى كه رتى گەشتیارى لە ڕێگاى قەرزەوە: دابینکردنى گوژمەى نەختینە گشت پرۆژەیەکى پیشە سازى و گەشتیارى پێویستى پێیەتى، کارێکى زۆر گرنگ و لە پێشینەیە، لە وڵاتانى پێشکەوتوو و دواکەوتوودا کەرتى گەشتیارى ساڵانە ملیارەها دۆلار دەچنێتەو تا دەرکەوتن و بڵاوبوونەوەى فایرۆسى کۆرۆنا، داهاتى ساڵانەى گەشتییارى ١٠% داهاتى گۆیی زەوى پێکدەهێنا، هاوکات وەبەرهێنان بۆ ئەو کارو پیشانەى پەیوەندیان بە کەرتى گەشتییاریەوە هەیە، وەک خواردنگەکان، میوانخانەکان، هۆکارەکانى گواستنەوە و فرۆشگاکان و …هتد. بۆ نموونە هاووڵاتییانى ئەمریکایی و بیانییهكانی ناو ئەو وڵاتە ساڵانە ١.٢٧ تریلیۆن دۆلارلە گەرتى گەشتییاریدا خەرجدەکەن.
سالى ٢٠١٩ لە ئێراق ٥.٨ ملیاردولار داهاتى وڵات بووە لە گەرتى گەشیاریدا کە دەکاتە ٢.٥% داهاتى ناوخۆی وڵات. هاوکات دەتوانرێت کەرتى گەشتیارى بکرێت بە گەشەى بەردەوام Sustainable بەشێوەیەک گەشەى ژینگە و ئابوورى و کۆمەڵگا لە خۆبگرێت، بێ ئەوەى کاریگەرى خراپى لە ژینگە و داهاتووى نەوەى داهاتوو هەبێت. بە هەمان شێوە داهاتى وڵاتیش لە یەک سەرچاوەوە بۆ فرە سەرچاوەیی سەر دەکێشیت.
ساڵى ٢٠٢٠ حکوومەتى ئیمارات بە مەبەستى پێشخستنى ستراتیژی ناوخۆى وڵات بانگەشەى ستراتیژێکى گەشتیارى خستە ڕوو کە گشت لایەنه پەیوەندیدارەکانى بوارى گەشتیارى، کولتوورى و خۆشگوزەرانى بە مەبەستى پشتگیرى ئابوورى وڵات تیادا بەشداربوون. ساڵى ٢٠١٩کۆى داهاتى گەشتیارى ناوخۆیی لە وڵاتدا زیاد لە ١٠ ملیار دۆلار بووە، هاوکات گەشتیارى نێو دەوڵەتى لەو وڵاتەدا بە ٧٧% ئەژمار دەکرێت، پلانەکە تا ساڵى ٢٠٣٠ مەبەستێتى هاوسەنگییەک لە نێوان گەشتیارى ناوخۆیی و دەرەکییدا ڕابگرێت، لەم بوارەدا و بە یارمەتى کۆمەڵگاى ئیماراتى و بۆ ماوەى (٤٥) ڕۆژ جاڕیدا بۆ جوانترین زستان لە جیهاندا کە ئامانجى هاندانى گەشتییارى ناوخۆیە لە زستاندا، هاوکات هەلێکە بۆ دەستخستنى زانیارى لە سەر سروشت، کولتوورو جوگرافیاى وڵاتەکە.
لە کوردستانیش دەتوانرێت کەرتى گەشتییارى کارا بکرێت، چونکە سەربارى سرووشت و ئاو و هەواى لە بار چەندین شوێنى دێرین هەیە دەکرێت وەک مەشخەڵی گەشتیارى سوودیان لێوەر بگریت وەک گوندى چەرموو، ئەشکەوتى شانەدەر، قەڵاکانى پاشاى کۆر و ئەو قەڵایانەى ساسانییەکان لە کوردستاندا بونیادیان ناوە، سەربارى چەندین قەبرو قەبرستانى دێرین و گۆڕى پیاو چاکان. هەروەها هەبوونى هەر چوار وەرزى ساڵ لە ناوچە جیاوازەکانى هەرێمدا فاکتەرێکى گرنگى دیکەى گەشتیارییە دەکرێت کۆمپانیاى خۆماڵى و بیانی کارى لە سەربکەن وەبەرهێنى تیادا بکەن.
پێویستە حکومەت کەرتى گەشتیارى لە ناوخۆدا هانبدات و دەستى بگرێت، چونکە پاریزگاکانى کوردستان چەندین شویێەوار و شوێنى گەشتیاریان تیادایە هەتا ئیستا زۆربەى هاووڵاتیان ئاشنانین بەو شوێنەوارانە، لێرەدا وەزارەتى گەشت و گوزار و بەڕێوەبەرێتییەکانى وەزارەت لەم بوارەدا پشکى شێریان بەردەکەوێت. بە تایبەت لە ئاشناکردنى هاووڵاتیانى ناوەڕاست و باشوور بە مەشخەڵە گەشتیارییەکان لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان.
لە بوارى پیشەسازیدا بە پێدانى قەرز دەکرێت پشتگیرى کارگە جۆراوجۆرەکانى ناوخۆ بکرێت، باجێکى زۆریش لە سەر کاڵاو شمەکى هاوردە دابنرێت تا بازارى ناوخۆ دەبوژێتەوە و کارگەکان و بەرهەمەکانیان دەکەوێته سەر تواناى خۆیان، چونکە ئەمکارە چەندین کارى لاوەکى دیکە لە خۆدەگرێت. بە هەمان شیوە قەرزى کەسەکان لە نێوان خۆیاندا دەکرێت وەک بەشیکى وەبەرهێنانى کارى بازاڕ تەماشا بکرێت ئەگەر لە بوارى سەرمایە گوزاریدا بەکارهێنرا.
لە کۆتاییدا زۆر گرنگە حکوومەت متمانەی بانکەکانى هەرێم لاى هاووڵاتیان دروستبکات، خەڵکیش تێبگەن ئەو سەرمایەیی لە بازاڕدا کار نەکات و هەڵنەسووڕێت بە پارە ئەژمار ناکرێت، لە لێداونێکى تەلەفزیۆنیدا بەرپرسێکى حکوومەت گووتى: لە ساڵى ٢٠٠٣ەوە بڕى ئەوپارەیەیی حکوومەت بە شێوازى جۆراو جۆر دابەشی سەر هاووڵاتیانى کردووە، نیوەى پارەکە گەنجینە و ژێر زەمینەکانى خەڵکیدایە!
سەرچاوە:
محاضرات في اقتصاد السوق، محمد رضا عباس 2021
corporatefinanceinstitute.com