“ڕانانێک بۆ فیلمی ژەنینی موزیک بۆ مردنی خەونێک”
لەساڵی دووهەزارەکان؛ سینەماکانی ئەمریکا فیلمێکی ناوەزەی پێشکەشی جیهان کرد. کە لەلایەن “دارین ئارۆنۆفسکی” کاری دەرهێنانی بۆ ئەنجامدرا، فیلمەکە بە جوڵە خێرا و وێنە کورتە پەیوەستەکانی، توانی هەر زوو نیهلیزمێک پیشان بدات کە سەپێنراوە و دەرباز بوون لێی مەحاڵە، جیا لەوەش ڕیتمی فیلمەکە بە پلۆتێک دیمۆکرا، ڕەنگ بێت کاری بینەر ئاڵۆز بێت لە “کاتارسیسی” گیرۆدەبوون هەڵبێت. فیلمەکە بە نیشاندانی نمایشێکی تۆکمە و بەکارهێنانی تەواوی کەرەستە ئامادەکراوەکانی فرەیمێک دەچێتە بەردەم واقیعی ئاوێنەی ژوورە ترسناکەکان، جیهانێک لە وەس وەسە و یۆتۆپیا بۆ کەللەی کەسی ئالوودەبوو بە مادەی هۆشبەر بەرهەمدێنێ. لە هەمان کاتدا ناکرێت ئەوەش لەبیربکەم خۆشەویستی بەدرێژایی فیلمەکە دەکەوێتە بۆ سەوە، ڕووبەڕووی هەندێک پرسیاری وەڕزکەر دەبێتەوە، هەموو ئەمانە بە پاکێجێک دەچنە دەشنگای ئارنۆنەوە تێکڕا نمرەکانیان وەردەگرنەوە.
کەم نین ئەو فیلمانەی بڵاوکردنەوەی هۆشدارییان کردووە بە ئامانج، بینەر ڕادەهێنن بۆ ئەوەی لە دۆخە ناهەوارەکاندا ئومێدی هەبێت، بەڵام کەمن ئەو فیلمانەی باس لە ڕیسوابوونی مرۆڤ دەکەن، گەر تاکە ئومێدێکیش هەبێت بە مەبەست دەیکوژن، لە کارە هوونەرییەکاندا وا باوە هەندێک فێرکاری وەردەگریت سەبارەت بە چۆنێتی ژیانکردن، بەڵام لێرەدا تۆ دەست لەئازار دەدەیت تۆ مامەڵەیەکی مرۆڤانە لەگەڵ ئازار دەکەیت، لەمەوەیە تێدەگەیت تۆ خەریکیت چیدەکەیت، ئەو مرۆڤ نییە و بۆ تۆش باش نییە. ئەو دەتگەیەنێتە هیچ و هەوڵی لەکەدار بوونی تۆ دەدات، ئازار هیچ پۆشاکێکی باوکانە لەبەر ناکات، هیچ کاتێکیش بانگەشەی ئەوە ناکات کە لەسەرەوە دێت، بەڵکوو زیاتر لە جنسی دایکەوە زەق دەبێتەوە بە خاتری ئەوەی دەستپێشخەرییەکی پڕ سۆز بێت و باوەشی پێدا بکەیت، لەسەرەتای فیلمەکەدا “سارا گۆڵدفارب” دەبێتە قوربانی و ناتوانێت ڕێگری بکات لەبەردەم فرۆشتنی تەلەفیزۆنەکەی کە زۆربەی کاتەکانی ژیانی لەدیاری بەسەر بردووە، ئەو تەسلیم دەبێت لەبەردەم داوای ناڕەوای کوڕەکەی “هاری” کە بۆ بەدەستهێنانی مادەی هۆشبەر دایکی هەڵپێچاوە تا تەلەفیزیۆنەکە بفڕۆشێت، دوای فرۆشتنی تەلەفیزۆنەکە چیرۆکەکە هێڵی خۆی دەگرێت و ئیدی هیواش هێواش لە ڕیسوا بوونی مرۆڤ تێدەگەین، بە نزیکەی هەموو جارێک لە نۆڕم لادەدەین. لەیەکەم نیگاوە دایکێک ڕیسوا بوونی بۆ کۆرپەکەی سەرنجمان ڕادەکێشێت، ڕیسوا بوون بەو ماناییەی گەرچی ئەو دەزانێت کوڕەکەی ماددەی هۆشبەر بە پارەی تیڤییەکە دەکڕێت، کەچی ڕێگر نابێت و کۆسپ ناخاتە ڕێی، دەهێڵێت ئازادی بێنێتە مەیدانی پراکتیزەکردن، گەرچی لەهەمان کاتیشدا مۆتیڤی دەکات بەرەو ڕیسوا بوون، بەرە و هەڵدێر و مافخواردن. ڕوونتر هاوشێوەی ئەم دەستپێکە چیرۆکەکەی ئێران بوو، کاتێک کوڕێک لەسەر دزی کردن لە سێدارە دەدرا، مافی هەبوو کەسێک ببینێ ئەویش داوای کردبوو دایکی ببینێ، کاتێک دایکی نزیک ببووە لێی گازێکی لە زمانی گرتبوو و قرتاندبووی، پێی وتبوو؛ گەر یەکەم جار هێلکەکانم دزی تۆ پێت وتبام ئەم کارەم هەڵەیە و دزییە و چاوەڕێی هێلکەی زیاترت لێ نەکردبایەم، ئێستا لێرە نەدەبووم، بۆیە تۆ شایەنی ئەوە نیت زمانت هەبێت.
ئێمە کەمتەرخەمین بەرامبەر ژیان، بێ باک و هەندێک کات هیچ لە بارەشییەوە نازانین، دانیشتنی “هاری” و هاوڕێکەی “ئایرۆن” لە کافێکە بە بەتاڵی جۆرێک لە ئیهانە و سەرکۆنەی ژیان دەهاتە پێش چاو، ئەوان تێوەگلان لە حیساب نەکردن بۆ کات، بەو ماناییەی مرۆڤ لە کڕۆکدا پێویستی بە دۆزنینەوەی مانایەکە. ئەوان بۆ سەر گەرمبوون لە دوورکەوتنەوەی ئەم پرسانە پەنایان بۆ ماددەی هۆشبەر برد، بە چوونە جیهانێکەوە کە تیایدا خواست ئەو پەڕی هەموو شتێکە و لەوێدا هەموو شتێک دێتە دی، ماناکان هەرچی لە بنچینەدا خۆیان بن، تەقەلای کردارەکانمانن، بۆیە لەساتی بێ هۆشیدا و لە جیهانی فانتازیا گیرۆدەبووەکان بە ماددەی هۆشبەرەوە، خودایەک لە نێوەندی بابەت دوور دەکەوێتە و بابەتیش ئیتر هەمیشەیی نییە، واتە خودا ئیتر دەکەوێتە ئەودیوو بابەتی ئەبەدی، کە مرۆڤ لە پێشینەدا لای وابوو مەحکوومە بە چاودێری کردنی ئەبەدی لەلایەن خوداوە، خوادا ئیتر ساتێکە و دێتە ناوەندی کاتەوە، مرۆڤ ئیتر باوەڕ بوون بە متمانەی لا هەموو شتێک نییە، متمانە بە کات و متمانە بە خوا لەبەرچاو ون دەبن، پاشان دەبن بە دووشتی پەیوەندیدار بۆ ڕووداوەکان، ڕووداوەکانیش باشترین کۆتاییەکان لە دەستدەدەن، بەهای کۆتای چاوڕوان نەکراوە، ئەمەیە کە هاری نایزانێت چی بەسەر دێت. بۆیە قۆناغی بەتاڵی سەر سوڕهێنەر نییە، بەجێگای ئەوەی نا ئومێدییە و بێ هوودەییە، کەس وەکو کەسی بەتاڵ کۆتایی خۆی نازانێت، کەس وەک ئەوان دوور ناکەوێتەوە. هاری و هاوڕێکانی و دواتر خۆشەویستەکەشی دەیان وویست لە بیرکردنەوە لە کۆتایی یاخی بن، یاخی بن چوونکە لایان وابوو یاخی بوون دەرکردنی مرۆڤە لە سیستەم، وەک شۆڕشێک دێتەوە مەیدان، داوای گۆڕینی یا جێکردنەوەی خۆی دەکات.
چونکە ئەم بازنەیە ئیتر ئەو شوێنە نییە بۆ ئەو، کەس وەکوو کەسی دەرکراو لە وەهمدا ناژی، چونکە لای وایە ژیان موڵکی ئەویترە، ئەوە جۆرێکه لە تاوانبار کردنی ژیان، وەک ئەوەی بڵێ: بڕۆ هی ئەو بە، لەڕاستیدا شتێک نییە بەناوی ئەویترێتی ژیان، ژیان هی هەموومانە و هەمووشمان هی ژیانین، تەنیا تێنهگەیشتنە وادەکات “هاری” سوور بێت لەسەر ڕاکردن، لە فیلمەکدا زۆر جەخت لەسەر دیمەنی ڕاکردن کراوە، ئەویش بەو ماناییەی ئەم کارەکتەرانە گەرچی شوێنێک پێی نازانن بۆ ڕاکردن کەچی هەر ڕادەکەن. واتە ئەوان وا بیر دەکەنەوە ئەمە ژیان نییە، نایانەوێت، کەچی خۆشییان نازانن کامە ژیانە. بۆیە پێویستە ئێمە بەو پرسیارە کۆتایی بەم بەشە بهێنین، لە کاتێکدا نەزانینن ژیان چییە، چاکتر نییە لە خۆمان بپرسین ژیان چیی نییە؟
ڕۆژەکان و کاتەکانی “سارا گۆڵدفارب” دایکی “هاری” پڕن لە ئومێد. پڕن لە جوانی، ئەو بەو تەمەنەوە بەردەوام وا دەزانێت باشترین پاڵێوراوی خەڵاتی ئەکادیمییە بۆ کچە ئەکتەر “ئیلین بێرستن”. لەگەڵ هاوڕێکانی نیوەڕوان بەسەر دەبات، شەوانیش بەدیار تیڤییەکانەوە و سەلاجە جوڵاوەکانی ماڵەکەی حەبی ڕیجیم بەکار دەهێنیت. ئەو زۆر ئارەزوو دەکات کێشی دابەزێنێت، تا بەشداری پڕۆگرامەکە بکات. چونکە وادەزنێت بەم کارەی گەنج دەبێتەوە و خەونی بەدی دێت. مێردەکەی لەدەست داوە، تەنها هاری هەیە تا لەگەڵی گفتوگۆ بکات، تەنها یەک جەمسەری خۆشەویستی هەیە، ئەو دایکە پڕە لەسۆز و جوانی کاتێک دەیەوێت هۆگری خۆی بۆ کوڕەکەی دەربڕێت (هاری)؛ لە دیالۆگێکدا کە “هاری” لەسەر خواردنی حەبی ڕیجیم لێی توڕەبووە، پێی دەڵێت “هاری ئێستا من کەسێکی ناسراوم، دەچمە سەر تیڤی، ملیۆنان کەس سەیرم دەکات، هەموو منیان خۆشدەوێت” لێردە گەرچی ئێمە بەو دیمەنە ناوێرین، ناتوانین قبوڵی بکەین، کە دایکیش وەک هەر یەک لە ئێمە مافی خۆیەتی ئەوەی دەیەوێت بیکات، ئێمە ڕانەهاتووین دایکمان جگە لە خۆشویستنی ئێمە سەرقاڵی شتێکی تر بێت، بۆیە “هاری” جیاواز لە ڕێگە هەڵەکەی دایکی و هێشتا لەو لایەنەشەوە پێی ناخۆشە کە دەبێت ئەو جگە لە خۆشویستنی ئەم ئیشێکی تری هەیە.
سارا بەمەشەوە ناوەسێت؛ تێدەگەیت گەر چی ئەم کوڕییەتی، بەڵام ئەو هۆکارێکی تری هەیە تا بەیانیان لە خەو هەستێت. زەردەخەنە بکات، تێدەگەیەنێت نە ئەو، نە باوکی کەسی لا نییە و ئەو تەنیایە. تەنیایی وەک پاساو بۆ کارە خراپەکەت دەهێنێتەوە، پرسیارێک درووست دەکات، کە ئایا تەنیایی ئەوە دەهێنیت مرۆڤ ڕابکات لێی؟ یاخود بە مانایەکی تر تەنیایی ئەوە دەهێنیت ئالودە و ڕیسوای شتێکی تر بین؟
تەنیایی دەکرێت بەسەر هەردوو دیاردە ڕەش و سپییەکەدا دابەش بێت، باش بێت بۆ ئەو کەسانەی قبووڵیانە تەنیا بن و هەوڵبدەن لە جۆرێک خۆ دۆزینەوە، خراپ بێت بۆ ئەو کەسانەی قبووڵیان نییە تەنیا بن، کە تەنیا دەبن هەموو کاتەکانیان لە دەرگیربوون بە هەستەکانیان بەسەر دەبەن.
ستایلی تەنیایی ماریۆن جۆرێکە لە خۆدزینەوە لە خۆت، ئەو بۆیە دەبێت بە خۆشەویستی هاری تا خۆی لە خۆی بدزێتەوە، ئەو بە ئاسانی خۆی پێشکەش دەکات، لەتەواوی پەیوەندییە وورژێنەرەکانی هاریدا ئامادەیە، “ئارنۆفسکی” لەڕێگەی کەرتکردنی شاشەکانەوە پێمان دەڵێت: ئەم جۆرە لە خۆشەویستی هەستێکی ڕاستەقینە دای نەمەزراندووە، بەڵکوو خۆ دزینەوە لە تەنیایی دایمەزراندووە، هەر بۆ ئەویتریان چوار چێوەیەکی داخراوە، هیچ جۆرە دڵسۆزییەکی پێوە دیار نییە، خاڵییە لە کارلێک، ماریۆن هەرگیز نازانێت چەند جوانە، چەند ڕاقییە و چەندسەرنج ڕاکێشە، خۆی نابینێت، ئاگاداری جوانی جەستەی خۆی نییە، لەبەردەم ئاوێنەشدا خۆی قبووڵ نییە، جۆرێک خۆی دهسڕێتهوه، وەک ئەوەی بیەوێت لەڕێگای ئەوانی ترەوە هەستێتەوە، مرۆڤ کاتێک خۆی باش نەبێت لەگەڵ خۆی دەبێت ئەوانی تر چییان لە دەست بێت بۆی! بۆیە “ماریۆن” ئاسان خۆی پێشکەش دەکات. دەبێتە سەرچاوەی بەرگە نەگرتنی خۆی، زووتر لەوانی تر تامی ڕیسوایی دەکات، خۆی دەخات. ئەوان ناتوانن بزانن لە چ یارییەکدان، تا کاتێک نازانین لە بەهای ڕەش و سپی تێبگەین، باشترە دیاری نەکەین. ماریۆن زوو بە خۆی شکاندەوە و بە خۆی وت ئەوە نییە، بە چاکەی گەورەتر لەگەڵ هاری بووە نێچیری دڕەندەیی ئەوان.
هەموو جۆرەکانی چێژ پێوویستی بە ڕوونکردنەوەی خۆ بەرژەوەندی هەیە. چێژ لە پێناو چیدا؟ بە چ لۆژیکێک پەسەندی وەها بکەین؟ بۆ لەپێشدا لێی تێنەگەین؟. هاری چی پاساوێکی هەبوو دوایی چێژ بکەوێت. خۆ ژیان تەنیا چێژ نییە. خۆ ئەو زۆر لەگەڵ دایکی باش بوو! ئایا مرۆڤی گەمژە بۆی هەیە چێژ ببینێت؟ بۆ دەبێت هەموو مرۆڤێک چێژ ببینێت؟ یا ڕێگە بداتە ئەوەی چێژ وەرگرێت؟ هەموو ئەم پرسیارانە پێویستیان بە وەڵام هەیە لەدەرەوەی چوار چێوەکانی فیلمەکە، ئەوەی ئەم فیلمە تووشی کێشە دەکات ئەوەیە هەمیشە ژیان لەوە گەورەترە.
ژیان ناکرێت لەو سنوورانەدا کورت بکەینەوە کە بۆ چێژ بەرپایە، بەرژەوەندی خۆم ئەو پەڕی ناسینی چێژە، من زیاتر لە هەموو شتێک لە خۆم چێژ وەردەگرم، لەوەی پەسەندی دەکەم بۆ منە، یان بەوە تێردەبم ئەو لە حیسابەتی چێژی مندا دەتوێتەوە، سەر بە هیچ شوناسێک نییە، بۆ من هاتۆتە بوون، بەدرێژایی فیلمەکە ئەوە بەیان کراوە، مرۆڤەکان غەریب دەردەکەون، بێ خاوەنن، ئەوان هەریەکەیان ئەوی تر بۆ تێرکردنی خۆ بەکاردێنن، ئەوەش وادەکات ئارزوویەک سەر ڕێبگرێت. جێی مشتوومڕە بەڵام غەریزەی من (شووناسی من و، ئارازووی خۆمە) خۆ بەگەورە زانینی خۆمە. ئەوە خۆشگوزهرانی ئەوانی تر نییە، مافی بەسەر خۆمەوە هەیە. ئەوان لەنەزانینی خۆیان و من لەزانینی خودەوە ئارەزوو لەتێربوون دەکەم، وەها حسابەتێکی بابەتیانە دەکەم، من چەق و سەنتەرم، بۆیە چێژ لەوەدا نیە کە ئارهزووی مرۆڤ تێر بکات، چێژ ڕێک لەو شوێنەیە ئارەزوو مرۆڤ دیاری نەکات، بە مانایەکی تر ئارەزوو لەتەواو بوونی چێژدا جارێکی تر تێرنەبووە. یانی خۆشییەکەی لەوەدایە تێر بوون پێوەری ئارەزوو نییە. شتێک نییە تەواو بێت.
هەناسە بڕکێ و جوڵەی کامێرا و کەرتبوونی شاشەکان لەگەڵ مۆسیقا ناوەزەکەی ڕیتمێکی شل دەبەخشنە بینەر، چەندی زیاتر گۆشە دەڕوات، فیلمەکە زیاتر لە لوتکە نزیک دەبێتەوە، بینەریش ناتوانێت لەگەڵ ئەم دۆزەخەی دەیبنێت خۆی لە گرژ بوون و شلبوونەوە بپارێزێت. دواتر هەستدەکەیت لە ڕووی سۆزدارییەوە ماندوو بوویت، چونکە هەموو تەکنیک و ساتە بینراوە چڕەکانی لەخزمەتی دڵتەنگی تۆدان، تۆ دەبیتە شایەتحاڵ و ڕەنگیشە قورس بێت کە ببینیت هەموو ئەتمۆسفیرەکە بۆ ئەوە ئامادەیە تا تۆ زۆر جوان وێنەکان ببینیت، سینەما لانی کەم ئەو سوودەی هەیە کە نامانکاتە شەیەتحاڵێکی بێ زانیاری، نامانکاتە شەیاتحاڵێک کە گرفتی گومانمان لە بینینیدا هەبێت. هەموو شتێک لە بەردەستماندایە، ڕێک دەتوانین بڕیاڕ بدەین، وێنەکان زانیاری زۆری واقیعیان بۆ خستووینەتە ڕوو، هەر زنجیرەیەک لە وێنە نیشانی دەدا یاسای سوپایەک لە وشە لێرە بەکارە، بۆ چینیەکان بە گاڵتە نەیاندەووت (یەک وێنە بەهای دەهەزار وشەی هەیە). وشە بەبەراورد بە وێنە نەختێک فشەکەرترە، زیاتر ئیدیعای خۆشگوزانی دەکات، لە کاتێکدا وێنە نەختێک ئیرادی ترە زۆر لەبارەی خۆشگوزانی نازانێت، دەستی کەشفترە، بەو ماناییە گەر لەو کەسێک بڵێت من خۆش دەژیم یاخود بە وێنە کەسێک نیشاندەی خۆش بژی، لەوێنەکەدا هەندێک ئاسهواری زیاتر دەدۆزیتەوە کە وادەردەکەون ئەو کەسە خۆش ناژی، گەر بەڕاستی هیچیش نەدۆزینەوە هێشتا ئیرەیی بەو کەسەدا دەبەین کە وشەی خۆش دەژیت، لەبەر ئەوەی زۆر نهێنی بۆ ئێمە شارەوە ترە.
لە کۆتایی فیلمی (ژەنینی موزیک بۆ مردنی خەونێک)دا، بەر ڕیسوایی دەکەوین، یانی جۆرێک گەدەی نیهلیزم پڕ دەبێت کە قوڵپو قۆی ڕشانەوەکانی تا هەفتەیەک بەردەوام دەبێت، لە کۆتایدا هەموو شتێک دەبێتەوە بە هیچ، وشەکان گەرچی زۆر بە ویقاربن دەبنەوە بە هیچ، جوڵەکان و ئامانجەکان هەرچییەک بن گرنگ نییە و هەڵدەوشێنەوە، پایز و زستان و بەهار؛ هیچ دروستدەکەن. مرۆڤ هەرچییەک بێت لە نوێنەری ڕیسوا زیاتر هیچ نییە، خۆشگوزارانی چەند بجەنگێت ئیگۆی دەشکێت، پاڵنەرەکان هەرچییەک بن لە ژێر پێی بیرکردنەوەدا بە چۆکدا دێن، ڕەفتار هەموو شتێکیش بێت هێشتا نیوەی نییە، ئیتر کاتی ئەوەیە تێبگەین ئیرادە چەند بەهێزیش بێت ئامانج خۆشگوزارانی نییە، خۆشگوزرانی شتێکی ترە، من لاوازم وەک ئامانجم ڕەفتار ناکام، من ڕیسوام، من خوو بەشتەوە دەگرم و زۆر ڕیسوام.