سه‌ركرده‌یه‌كی به‌عس: تاكڕه‌وی و خۆپه‌رستی و خۆبه‌زلزانی سه‌دام بووه هۆی داڕووخانی ئێراق
سه‌دام حسێن زیاتر له جارێك له‌به‌رده‌م ده‌ستگیركراوان له دۆسییه‌ی دوجه‌یل سوێندی خوارد كه ئاگاداری كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه نه‌بووه. له‌كاتی دادگایی ئه‌نفالدا، پێیوتین ئوسامه بن لادن پێشنیاری ناردنی سێ هه‌زار چه‌كداری خۆكوژی بۆ كردووه، به‌ڵام ره‌تیكردۆته‌وه. سه‌دام بڕوای وابوو ئه‌مه‌ریكییه‌كان له هاویناندا شهڕناكهنو له گه‌رمای ئێراقدا ده‌توێنه‌وه. “تاهیر تۆفیق عانی” ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی حزبی به‌عس واده‌ڵێت.
كتێبی (انهیار العراق المفاجئ و تداعیاته: داڕووخانی كتووپڕی ئێراق و ده‌رهاویشته‌كانی)، له نووسینی “تاهیر تۆفیق” ئه‌لعانی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی حزبی به‌عسه. ئه‌م كتێبه (280) لاپه‌ڕه‌یه‌و خانه‌ی (دار الحكمه) له له‌نده‌ن له ساڵی (2021) چاپی دووه‌می بڵاوكردۆته‌وه. ناوبراو ماوه‌ی حه‌وت ساڵ له زیندانی ئه‌مه‌ریكییه‌كان بووه‌و له كه‌یسی ئه‌نفالدا دادگایی كراوه و بڕیاری بێتاوانی بۆ ده‌رچووه. له‌باره‌ی هۆكاری نووسینی كتێبه‌كه‌ی ده‌ڵێت: ئه‌م كتێبه به‌رهه‌می دانیشتن و گفتوگۆكانی زیندانی كرۆپه‌ری ئه‌مه‌ریكییه له ساڵی سێیه‌می دهستگیركردنمهوه. له‌و دانیشتنانه‌دا هه‌وڵمانده‌دا بگه‌ینه شیكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و داڕووخانه‌ی دوچاری ده‌وڵه‌ته‌كه‌مان هات. ئه‌م كتێبه ژیاننامه یان بیره‌وه‌ری تایبه‌ت نییه، به‌ڵكو بژارده‌یه‌كه له‌نێو هه‌زاران رووداو‌و یاده‌وه‌ری، ته‌نها ئه‌و رووداوانه‌م گێڕاوه‌ته‌وه كه له‌به‌رده‌ممدا روویانداوه یان تیایدا به‌شداربووم، له‌نێو ئه‌و رووداوانه‌شدا ئه‌وانه‌م باسكردون كه دهلهلاتیان هه‌یه‌و ده‌روونی كۆمه‌ڵێك گه‌نج شیده‌كاته‌وه كه ده‌ستیان به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تێكی گه‌وره‌ی وه‌كو ئێراقدا گرت، چۆن مامه‌ڵه‌یان كرد، هانده‌ریان چی بوو.
نووسه‌ر له (1943) له شارۆچكه‌ی عانه‌ی باكوری رۆژئاوای ئه‌نبار له‌دایكبووه. له (1967) كۆلێژی ئه‌ندازیاری زانكۆی به‌غدادی ته‌واوكردوه. له (1956) په‌یوه‌ندی به ریزه‌كانی حیزبی به‌عسه‌وه كردووه. دوای شۆڕشی (14/تهمموز/1968)، بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ سكرتێری یه‌كه‌می ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كری سه‌رۆك كۆماری ئێراق بووه. ماوه‌ی نۆ ساڵ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمی به‌عس و ماوه‌ی هه‌شت ساڵ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش بووه. ماوه‌ی چوار ساڵ لێپرسراوی لقی به‌غدادی حزبی به‌عس بووه. له (1979 – 1982) وه‌زیری پیشهسازیو كانزاكان بووه. له (1976 – 1977) سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای كشتوكاڵ بووه. له (1987 – 1992) پارێزگاری نه‌ینه‌وا بووه. رۆژی (19/6/2003) له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه ده‌ستگیركراوه. دادگای باڵای تاوانه‌كانی ئێراق له (24/6/2007) بڕیاری بێتاوانیی داوه‌و له (13/12/2010) ئازادكراوه.
به‌ده‌ر له‌و پۆسته حكومی و حیزبیانه‌ی وه‌ریگرتووه، ئاماژه به‌وه‌ده‌كات له (1987) پۆستی سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، له (1992) وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، له (1998) پۆستی ئه‌مینداری به‌غدادی ره‌تكردۆته‌وه. سه‌رباری ئه‌وه‌ی به كرداری وه‌زیر بووه، كه‌چی “سه‌دام موچه‌ی خانه‌نشینی وه‌زیری پێنه‌دام”. ئه‌لعانی، ده‌ڵێت: به‌درێژایی ژیانی حزبی و وهزیفیم دیاریم وه‌رنه‌گرت. پاشان ده‌ڵێت: كاتێك له (1982) سه‌ركردایه‌تیم به‌جێهێشت، په‌نجاو حه‌وت هه‌زار دینارم گه‌ڕانده‌وه كه بۆ دابینكردنی پێداویستیه‌كانی خۆم و خێزانه‌كه‌م پێمدرابوو، دوای پێداگریم، ئینجا ژمێریاری دیوانی سه‌رۆكایه‌تی حاجی فایه‌ق وه‌ریگرته‌وه.
به‌عسییه‌كان له ساڵانی (1963 و 1968) به كوده‌تا گه‌یشتنه ده‌سه‌ڵات، له ئه‌ده‌بیاتی خۆیاندا به “شۆڕش” ناوی ده‌به‌ن، به‌ڵام عانی له‌گه‌ڵ ناوی شۆڕشدا نییه، سه‌ركرده‌كانی ئه‌و كودهتایانهش به‌وه وه‌سفده‌كات “به‌رنامه‌یه‌كی رونیان نه‌بوو، ته‌نها بایه‌خیان به‌لابردنی رژێمه‌كه ده‌داو هیچ به‌رنامه‌یه‌كی به‌دیلیان پێشكه‌ش نه‌كرد”. پاشان ده‌ڵێت: وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات له كاتێكی زوودا رێگه‌ی له حیزب گرت ئه‌ندام و لایه‌نگره‌كانی په‌روره‌ده بكات، بۆ ئێمه شیاوتر بوو به‌ر له بیناكردنی حیزب، كادری حیزبیمان دروستكردبا.
ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر له (1968 – 1979) سه‌ركۆماری ئێراق بوو، سه‌دام حسێن جێگری بوو. عانی ئاشكرای ده‌كات هه‌ر له رۆژانی یه‌كه‌می وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵاته‌وه “به‌هۆی جیاوازی ئه‌قڵییه‌ت و شێوازی بیركردنه‌وه‌وه، ناكۆكی نێوان به‌كرو سه‌دام دیار بوو”. به‌ڵام “پێگه‌و ته‌مه‌نی به‌كر ئه‌مه‌ی شاردبویه‌وه‌و رێگه‌ی به ئاشكرابوونی نه‌ده‌دا”. به‌بۆچونی ناوبراو ناكۆكییه‌كان تائێستا په‌یوه‌ندی كه‌سی شۆڕبۆته‌وه، له‌وباره‌یه‌وه نمونه‌ی ئه‌وه ده‌هێنێته‌وه كاتێك محه‌مه‌دی كوڕی به‌كر مرد به رووداوی ئۆتۆمبێل، سه‌دام نه‌یتوانی خۆشحاڵی خۆی بشارێته‌وه، به ئاماده‌یی هه‌ندێك له ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی وتی ئه‌مه دادپه‌روه‌ری ئاسمانه. كه‌چی به‌درێژایی رۆژانی پرسه‌كه له هۆڵی خولد سه‌دام هاوشانی به‌كر وه‌ستابوو. یه‌كێك له ناكۆكیه زه‌قه‌كانی نێوانیان چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن بووه له‌گه‌ڵ سه‌ركرده سه‌ربازییه‌كان، عانی ده‌ڵێت: سه‌دام باسی ئه‌وه‌ی ده‌كرد سه‌ركرده سه‌ربازییه پله‌به‌رزه‌كان هۆشیارییان كه‌مه‌و سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ حیزب‌و شۆڕش، بۆیه هه‌وڵیده‌دا خۆی لێیان رزگار بكات. به‌ڵام به‌كر پێیوابوو ئه‌و سه‌ركردانه له به‌ڕێوه‌بردنی هێزهچهكدارهكان و پاراستنی ئاسایشی ناوخۆدا، خاوه‌نی ئهزمونو شاره‌زاییه‌كی زۆرن”.
“جیاوازییه‌كانی به‌كرو سه‌دام”
ئه‌لعانی كه ماوه‌ی چوار ساڵ سكرتێری یه‌كه‌می به‌كر بووه، له سه‌رده‌می سه‌دامیشدا چه‌ندین پۆستی جیاوازی وه‌رگرتوه، به‌راورد له‌نێوان كه‌سایه‌تی و ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و دوو سه‌رۆكه‌ی به‌عسییه‌كاندا ده‌كات. له‌باره‌ی به‌كره‌وه ده‌ڵێت: بۆ مێژوو ئاسوده‌كردنی ویژدانم ده‌ڵێم به‌كر رێگه‌ی به هیچ كام له كوڕه‌كانی نه‌ده‌دا ده‌ستوه‌رده‌نه كاروباری ده‌وڵه‌ت و فهرمانگهكانهوهو ئه‌وه بقۆزنه‌وه كه كوڕی سه‌رۆكن، به‌وردی چاودێری و به‌دواداچونی ده‌كردن، شاهێدی ده‌ده‌م بۆ خوا كه ئه‌وان خودان ره‌وشتێكی به‌رز بوون و نه‌مبینیوه و نه‌مبیستوه هیچ پێشێلكارییهكیان كردبێت. ده‌رباره‌ی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی سه‌دام (1979 – 2003)، ده‌ڵێت: سه‌دام پابه‌ندبوو به كه‌سوكار و خزم و ئه‌ندامانی عه‌شیره‌ته‌كه‌ی و ته‌نانه‌ت هاوڕێكانی. به‌زۆری چاوی له پێشێلكارییه‌كانی خزم و ئامۆزاكانی ده‌پۆشی… پۆست به‌پێی بۆچوونی سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت به‌بێ حسابكردن بۆ شاره‌زایی و لێهاتویی پیشه‌یی، به‌هاندان و كاریگه‌ری دهربارێكی نه‌زان و ناپاك دابه‌شده‌كرا”.
ئه‌لعانی، رونیده‌كاته‌وه له خه‌سڵه‌ته دیاره‌كانی به‌كر وردی بووه له هه‌ڵبژاردنی كه‌سه‌كان بۆ سه‌ركردایه‌تی، به‌تایبه‌تی بۆ پێكهاته‌كانی سووپا. بۆیه كاتێك ئه‌فسه‌رێكی هه‌ڵده‌بژارد تاوه‌كو ببێته فه‌رمانده‌ی فیرقه به پله‌ی عه‌مید روكن و سه‌رتر، داوای چوار ناوی ده‌كرد تاوه‌كو تاقییان بكاته‌وه، نه‌ك ته‌نها بۆ زانیاری سه‌ربازی، به‌ڵكو بۆ رۆشنبیری گشتی و تێگه‌یشتنیان له بزاڤی ده‌وڵه‌ت.
له به‌رانبه‌ردا له‌باره‌ی سه‌دامه‌وه باس له‌وه‌ده‌كات پۆسته‌كانی له‌سه‌ر بنه‌مای خزمایه‌تی نه‌وه‌كو لێهاتویی دابه‌شكردوه، به‌نمونه ده‌ڵێت: عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید عه‌ریفێك بوو له بنكه‌ی ئاسمانی كه‌ركوك له‌كاتی شۆڕشدا، حسێن كامیل مفه‌وه‌زی پۆلیس بوو، هه‌ریه‌كه‌یان پله‌ی فه‌ریق روكنیان پێدرا. هه‌رچی زڕبراكانی سه‌رۆك بوون مفه‌وه‌زی پۆلیس بوون، به‌ڵام كرانه وه‌زیری ناوخۆ و ئاسایشی گشتی. كه‌چی ئه‌وه نه‌بووه رێگر تا له‌كاتی دادگایی له‌سێداره‌دانی بازرگانه‌كاندا ده‌ستبه‌رداری بن و وتیان ئێمه هیچ تاوانێكمان نه‌بووه‌و ته‌نها فه‌رمانه‌كانی سه‌رۆكمان جێبه‌جێ كردوه.
لهكۆبهندی باسه‌كه‌یدا له‌باره‌ی سه‌رده‌می به‌كره‌وه ده‌ڵێت: به‌كر ده‌وڵه‌تێكی ئه‌وپه‌ڕی پاك و رێكخراوی بۆ ئێراقییه‌كان به‌جێهێشت. ده‌ستپاكی خه‌سڵه‌تێكی دیار بوو له‌لای پۆلیسێك و كرێكارێك و فه‌رمانبه‌رێكی گه‌وره‌و بچوك و هه‌تا وه‌زیر ده‌تبینی. به‌كر له دوو لایه‌ن ده‌ترساو له هه‌ر هه‌نگاوو وته‌یه‌ك لێی ده‌پێچانه‌وه، ئه‌وانیش هاووڵاتیانو ئه‌فسه‌رانی سووپا بوون، له نیگه‌رانی ئه‌وان ده‌ترسا. به‌شێوه‌یه‌كی ریزپه‌ڕ بایه‌خی به نرخی خۆراك ده‌دا. ته‌نانه‌ت كه‌تیبه‌ی پاسه‌وانی كۆماری له (1969 – 1970) راسپاردبوو بازاڕی میللی بكه‌نه‌وه بۆ فرۆشتنی میوه و سه‌وزه هه‌رچه‌نده له پسپۆڕییان دوور بوو. خۆی چاودێری بازاڕی ده‌كرد و سه‌ردانی ده‌كرد و زۆرجار له‌گه‌ڵی رۆیشتوم. ئه‌گه‌ر پێنج فلس نرخی كیلۆیه‌ك ته‌ماته یان خه‌یار به‌رزبوایه‌ته‌وه به‌یانیان كه ده‌هات بێزار بوو، دیاربوو ئه‌و شه‌وه به‌هۆی دوودڵیه‌وه باش نه‌نووستوه.
سه‌باره‌ت به‌ماوه‌ی حكومڕانی سه‌دام ده‌ڵێت: له‌ده‌ره‌نجامی ئه‌و دڵرهقیهی كه جیاوازی له‌نێوان دوژمنی رژێمه‌كه و پشتیوانانی نه‌ده‌كرد، سه‌دام و پاشان ته‌واوی رژێمه‌كه‌ی زۆرێك له پشتیوانانی رژێمه‌كه‌یان له‌ده‌ستدا، رژێم ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌و جه‌ماوه‌رێكی زیاتر له ژماره‌ی كوژراوان و له‌سێداره‌دراوانی دوژمنانی له‌ده‌ستدا. میشێل عه‌فله‌ق حیزبه‌كه‌ی دامهزراندو سه‌دام كوشتی.
“شه‌ڕی ئێران‌و گرێی ناوخۆ”
سه‌دام ته‌نها دوای یه‌ك ساڵ له بوونی به سه‌رۆك كۆمار شه‌ڕی له‌گه‌ڵ ئێران‌دا هه‌ڵگیرساند كه هه‌شت ساڵ (1980 – 1988) درێژه‌ی كێشا، ئه‌لعانی ده‌ڵێت: شاهێدی ده‌ده‌م بۆ خوا به‌كر سوربوو له‌سه‌ر سووپاو زیان نه‌گه‌یاندن به پێكهاته‌كانی. بۆیه نه‌یاری شه‌ڕ بوو له‌گه‌ڵ ئێران، به هه‌ڵه‌یه‌كی زه‌قی ده‌زانی و تاوانێك كه لێخۆشبوونی نییه، زۆر ئازاری ده‌چه‌شت بۆ زیانه‌كانی ئه‌و سووپایهی كه له‌سه‌ر ده‌ستی خۆی په‌ره‌یان پێدراو فراوانكرا. ئه‌لعانی سه‌دام به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كات كه “په‌له بڕیاری ده‌داو ئه‌نجامی كاره‌ساتبارانه‌ی لێده‌كه‌وته‌وه… له‌كاتی شه‌ڕی ئێران ئێراقدا به‌هۆی تۆمه‌تباركردنیان به ترسنۆكی و كه‌مته‌رخه‌می ده‌یان سه‌ركرده‌ی له‌سێداره‌دا، به‌ڵام دواتر ده‌ركه‌وت ئه‌وانه بنه‌ما سه‌ربازییه‌كانیان پهیڕهوكردوهو زیره‌ك‌و شاره‌زا بوون، بۆیه دواتر به شه‌هید ئهژماركران”. له كتێبه‌كه‌یدا ئه‌لعانی رونیده‌كاته‌وه سه‌دام له سه‌ره‌تای هه‌شتاكانه‌وه دووچاری گرێی ناوخۆی حیزب بووه، رووداوه‌كه‌ش به‌م جۆره ده‌گێڕێته‌وه: له سه‌ره‌تای (1982) له كۆبونه‌وه‌یه‌كی سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمیدا، تارق عه‌زیز به سه‌دامی وت: وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كوه‌یت شێخ سوباح ئه‌حمه‌د وتویه‌تی هیچ مه‌ترسیه‌كی ده‌ره‌كی له‌سه‌ر ئێراق نییه، پێویسته ئاگاداری ناوخۆ بن. بۆیه سه‌دام به‌په‌له كۆنگره‌ی نۆیه‌می هه‌رێمایه‌تی به‌ست و زیاتر له نیوه‌ی ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی و ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی دورخسته‌وه. له‌و هۆشداریدانه‌وه گرێی مه‌ترسی ناوخۆ له‌دایكبوو، له‌گه‌ڵ كاتدا تا كاتی داگیركردنی وڵات گه‌وره‌بوو.
سه‌باره‌ت به تاكڕه‌وی سه‌دام و فه‌رامۆشكردنی سه‌ركردایه‌تی به‌عس له بڕیارداندا، عانی ده‌ڵێت: له‌كاتی دادگایكردنی پیاوانی سه‌رده‌می پێشوو له دادگای باڵای تاوانه‌كانی ئێراق ئاشكرابوو ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له (1980)ه‌وه ده‌سه‌ڵاتی بڕیاردانی به‌خشیوه‌ته سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی كۆبونه‌وه‌یه‌ك بكات یان په‌یوه‌ندی به ئه‌ندامانه‌وه بكات. ئه‌ندامان ته‌نها به ئاگاداركردنه‌وه‌یان دوای ده‌رچونی بڕیاره‌كان رازیبوون. هه‌موو ئه‌ندامانیش دوای دوو مانگ ئینجا ئه‌و ئاگاداركردنه‌وه‌یان پێگه‌یشتوه، له‌ڕێگه‌ی میدیاكان یان له رێگای رۆژنامه‌ی (الوقائع العراقیه) ئاگاداری بڕیاره‌كان بوون. ته‌نها دووجار ئه‌نجومه‌ن كۆبۆته‌وه‌و كۆبونه‌وه‌كه‌ش بۆ یه‌ك بڕگه بووه، ئه‌ویش راپرسی بووه له‌سه‌ر كه‌سی سه‌رۆك كۆمار‌و ئه‌نجامی ئه‌و دوو راپرسیهش گاڵته‌جاڕانه بوو، چونكه یه‌كه‌میان به (99.99%)و دووه‌میان به (100%) بوو.
“كوه‌یت و داڕووخانی به‌عس”
ته‌نها دوو ساڵ دوای ته‌واوبونی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئێران، سه‌دام له (1990) په‌لاماری كوه‌یتی دا‌و داگیری كرد. له‌باره‌ی ده‌رهاویشته‌كانی ئه‌و شه‌ڕه، ئه‌لعانی ده‌ڵێت: دوای ساڵی (1990) داموده‌زگای حیزبی به‌ره‌و لاوازی رۆیشت، چونكه حیزبییه‌كان بڕوایان وابوو چونه كوه‌یت بڕیارێكی په‌له بووه‌و به شێوه‌یه‌كی پێویست ئه‌نجامه‌كانی دیراسهنهكراوه. ئه‌وه‌ش بووه‌ته هۆی داڕووخانی ژێرخانی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌ربازی ئێراق. بۆ به‌ڵگاندنی وتهكانیشی ده‌ڵێت: له‌دوای ساڵی (1990) زۆرینه‌ی كادیرانی حیزب بوونه كۆمه‌ڵی هه‌ژارو برسی، داهاته‌كه‌یان به‌شی نه‌ده‌كردن و تا رووخانی ئێراق له‌سه‌ر به‌شه بایهعیهكهیان ده‌ژیان. ئه‌وه‌ش درزی خسته نێوان حیزب و گه‌له‌وه، نێوان سه‌ركردایه‌تی و بنكردایهتیهوه. له‌م كتێبه‌دا ئه‌لعانی پوخته‌ی گفتوگۆیه‌كی نێوان خۆی و سه‌دامی به‌م جۆره تۆماركردووه: جارێكیان پێمگوت خه‌ڵكی له گه‌مارۆو شه‌ڕ ماندو بوون، وتی نهوهگهلێكی زۆر رۆیشتن و كه‌س باسیان ناكات، مێژوو باسی ئه‌م نه‌وه‌یه ده‌كات. مێژوو ده‌ینوسێت كه من به دیكتاتۆری حوكمم كردووه، به‌ڵام رێگه‌ناده‌م شتێكی دیكه‌ی خراپم له‌سه‌ر بنووسن.
له‌باره‌ی قسه‌كانی سه‌دامه‌وه، ئه‌لعانی ده‌ڵێت: سه‌دام ئه‌و راستیه‌ی فه‌رامۆش كردبوو ئه‌م نه‌وه‌یه‌ی كه مه‌به‌ستی بوو سور بوو به خوێن و به پاشماوه‌ی هه‌لپه‌رستی و هه‌ڵپه‌ی مادی له‌سه‌ر حیسابی گه‌ل.. وادیاربوو ئه‌وه‌ی له‌بیر كردبوو كه دیكتاتۆرییه‌ت گرنگترین تاوانی گه‌وره‌یه له به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تدا… به‌دڵنیاییه‌وه سه‌دام دووچاری غرور هاتبوو، وایلێكردبوو به‌بێ حیساباتی دوور مه‌ودا سووكایه‌تی به‌هه‌موو ئه‌وانه بكات كه له ده‌وری بوون.. سهرنجمدابوو زۆرینه‌ی ئه‌وه‌ی رووده‌دات به‌هۆی هه‌ستیاری كه‌سی و هه‌ڵوێستی تاكه‌كه‌سییه‌و ده‌رخه‌ری روكهشیهتی له هه‌ڵوێسته‌كانیدا.
“كه‌سه نزیكه‌كانی سه‌دام”
ئه‌لعانی له كتێبه‌كه‌یدا هه‌ڵوێستی ژماره‌یه‌ك له كه‌سه نزیكه‌كانی سه‌دام له سه‌روه‌ختی ده‌سه‌ڵات و قۆناغی دواتردا ده‌گێڕێته‌وه. به‌نمونه عیزه‌ت دووری به كه‌سێكی دووڕوو ناوده‌بات و ده‌ڵێت: دووری یه‌كێك بوو له ره‌خنه‌گره هه‌ره تونده‌كان به‌تایبه‌تی له ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی سه‌رۆك سه‌دام. توڕه بوو له پێشێلكارییه‌كانیان، هۆشداری ده‌دا كه ئه‌وه ده‌بێته خۆره‌و له‌ناوبه‌ری حیزب‌و شۆڕش، به‌ڵام دوای ساڵی (1991) بووه یه‌كێك له ستایشكهرهكان و پاساوی بۆ پێشێلكارییه‌كان ده‌هێنایه‌وه. هه‌روه‌ها یارمه‌تیده‌ر بوو له كارئاسانیكردن بۆ باڵاده‌ستبوونی ئه‌ندامه لاواز‌و خراپه‌كان به‌سه‌ر سه‌ركردایه‌تی حیزب‌دا. ناوبراو، ئاشكرای ده‌كات له‌دوایین شه‌وی به‌ر له‌سێداره‌دانی له (30/12/2006)، ئه‌مه‌ریكییه‌كان پێشنیاریان بۆ سه‌دام كردووه ده‌یه‌وێت چاوی به‌چ كه‌سێك له خزمه ده‌ستگیركراوه‌كانی بكه‌وێت، ئه‌ویش ته‌نها داوای چاوپێكه‌وتنی زڕبراكانی ده‌كات، به‌ڵام “به‌هۆی ئه‌و كێشه زۆرانه‌ی كه له‌نێوانیاندا رووی‌دابوو، به‌رزان ره‌تیكرده‌وه له‌گه‌ڵ وه‌تبان ئاماده‌بێت”. هه‌ر له‌باره‌ی كه‌سه نزیكه‌كانی سه‌دام، ده‌ڵێت: سه‌دام به‌هۆی هه‌واڵدانی پاسه‌وانێكی ده‌ستگیركرا، كه كوڕی شاره‌كه‌ی خۆی بوو. ته‌نانه‌ت له‌زینداندا عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جیدی ئامۆزای ده‌یویست متمانه‌ی لێكۆڵه‌ره‌كانی به‌ده‌ست بهێنێت، بۆیه هه‌ندێك شتی له‌باره‌ی من‌و ئه‌وانیتره‌وه وت كه راست نه‌بوون.
“دروشمه‌كانی به‌عس”
دروشمه‌كانی حیزبی به‌عس بریتی بوون له (یه‌كێتی، ئازادی، سۆسیالیزم/ وحده، حریه، اشتراكیه). له‌باره‌ی دروشمی یه‌كێتی كه مه‌به‌ست لێی یه‌كخستنی وڵاتانی عه‌ره‌بییه، عانی ده‌ڵێت: هه‌وڵدان به‌ره‌و یه‌كێتی قسه‌یه‌كی پوچ بوو. ئه‌مڕۆ ته‌نها نا‌توانیت بیر له یه‌كخستنی گه‌ڕه‌ك و كۆڵانه‌كانی به‌غداد بكه‌یته‌وه، ئیدی چۆن ده‌توانی سنووری نێوان ده‌وڵه‌تان لابه‌ریت كه هه‌ریه‌كه‌یان به‌رژه‌وه‌ندی خۆی هه‌یه، سه‌رۆك و رژێمه‌كانیان به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سییان له قوڵكردنه‌وه‌ی سنووره‌كان هه‌یه، تای پلانگێڕی له حكومه‌تێكی عه‌ره‌بییه‌وه بۆ حكومه‌تێكی تر به‌رزبۆته‌وه، وڵاته‌كه‌مان بووه‌ته گۆڕه‌پانی شه‌ڕه كه‌ڵه‌شێر. له‌باره‌ی دروشمی ئازادی، ده‌ڵێت: سه‌دام سرووشتی وابوو ره‌خنه‌ی له خۆیی و له‌و كه‌سانه‌ی كه متمانه‌ی پێیان هه‌بوو قبوڵ نه‌ده‌كرد… پێش ئه‌وه‌ی ببێته سه‌رۆك ره‌خنه‌ی له هه‌موو دیارده‌یه‌كی نه‌رێنی ده‌گرت و هه‌موو كه‌مته‌رخه‌مییه‌كی ده‌خسته ئه‌ستۆی ده‌وڵه‌ت، هاوئاوازی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه بوو كه ره‌خنه‌یان ده‌گرت یان سكاڵایان هه‌بوو، دوای شۆڕش و تا سه‌رۆكایه‌تی ده‌وڵه‌ت سه‌ره‌تاكانی تاكڕه‌وی لێی به‌دیار كه‌وتن، تا بووه ئه‌وه‌ی كه خه‌ڵكی ده‌یزانن. ته‌نها گوێی له ستایشهران و بهرژهوهندیخوازانو دووڕووان ده‌گرت… هه‌روه‌ها تاقمی ده‌ورووبه‌ری سه‌دام كه له خزمه‌كانی بوون دیارده‌ی تیرۆری هزریان دامه‌زراند. رێگه‌یان به هیچ پێشنیارێك نهدهداو دایانده‌پۆشی.
سه‌باره‌ت به سۆسیالیزمیش ده‌ڵێت: سۆسیالیزم به‌ڵای گه‌وره‌مان بوو، چونكه ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی پڕبوو لهناڕۆشنی. حیزب نه‌یده‌زانی چی ده‌وێت، هه‌ندێكجار مه‌یلی به‌لای سۆسیالیزمی زانستیدا بوو كه زۆر له شیوعییه‌ته‌وه نزیك بوو، پاشان ده‌چو بۆ لای سۆسیالیزمی عه‌ره‌بی هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی ناسر باسی ده‌كرد. پاشان هه‌وڵیده‌دا رێگایه‌كی تایبه‌ت به‌خۆی بكاته‌وه كه تێكه‌ڵه‌یه‌ك بوو له هه‌موو ئه‌وانه‌و سیستمی ئابووری ئیسلامی.
ئه‌لعانی كه له په‌نجاكانه‌وه بووه‌ته به‌عسی و ئه‌م كتێبه‌شی دوای ئازادبوونی له زیندان نووسیوه، له‌باره‌ی ئه‌زموونی كه‌سی خۆی له‌ناو به‌عسدا ده‌ڵێت: دوای تێپه‌ڕبوونی نیو سه‌ده وایده‌بینم به‌دوای تراویلكه (سهراب)دا رامكردوه.
له‌باره‌ی خه‌سڵه‌ته‌كانی سه‌دام، نوسه‌ر ده‌ڵێت: له سه‌رده‌می سه‌دامدا پاره تهخشانو په‌خشان ده‌كرا.. كۆشك‌و خانوی له به‌غداو تكریت‌و سه‌نته‌ری زۆربه‌ی پارێزگاكان دروستكردبوو، به‌رده‌وام ئاماده‌بوون بۆ پێشوازیكردنی له‌هه‌ر كاتژمێرێكی رۆژ و شه‌ودا بێت. بانكی رافیده‌ین مانگانه سه‌د ملیۆن دیناری بۆ كارمه‌ندانی كۆشكه‌كان خه‌رجده‌كرد، تاوه‌كو به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام ئاماده‌بن بۆ پێشوازیكردنی.
له‌درێژه‌ی نووسینه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: سه‌دام چێژی ده‌بینی له هه‌ر ناكۆكییه‌ك له‌نێوان ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تیدا روویبدایه.. خه‌سڵه‌تێكی دیكه‌ی سه‌دام ئه‌وه بوو كاتێك باس له ژیاننامه‌ی پێغه‌مبه‌ر و دینداری و ده‌ست و داوێنپاكی یاوه‌رانی بكرایه، ده‌گریاو فرمێسكه‌كانی ده‌سڕی، به‌ڵام له ئه‌زموونی ژیانیدا هیچ كام له‌وانه‌ی په‌یڕه‌و نه‌ده‌كرد، هه‌رچه‌نده جه‌ختی له‌وه ده‌كرده‌وه به‌عس له‌گه‌ڵ ئیمانه و دژی ئیلحاده. ته‌نانه‌ت له كۆنگره‌ی هه‌رێمی نۆیه‌مدا ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی تۆمه‌تبار كران به دینداری و له سه‌ركردایه‌تی دورخرانه‌وه.
ئه‌لعانی ده‌ڵێت: سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی پێیوتم دوای ساڵی (1995) سه‌دام گرنگییه‌كی ئه‌وتۆی به كاروباری ده‌وڵه‌ت نه‌ده‌دا، ته‌نانه‌ت كاتێك یاداشتیان بۆ به‌رزده‌كرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاری له‌سه‌ر بدات یان ره‌زامه‌ند بێت له‌سه‌ری، به‌ڵام سه‌یری نه‌ده‌كرد. عه‌بد حه‌مودی سكرتێری ئه‌و یاداشتانه‌ی دابه‌شده‌كرد به‌سه‌ر ئاسایی و زۆر به‌په‌له‌دا. سه‌یری زۆر به‌په‌له‌كانی ده‌كرد، هه‌رچی ئاساییه‌كان بوو له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ی ده‌مایه‌وه تا كۆتایی ساڵ.. كه‌چی له‌وكاته‌دا خۆی سه‌رقاڵ كردبوو به نووسینی رۆمانهوهو ده‌ینارد بۆ جه‌مال غیتانی نووسه‌ری میسری له میسر تاوه‌كو له روانگه‌ی بنه‌ماكانی رۆمانه‌وه پێیدا بچێته‌وه. ئه‌لعانی ده‌ڵێت: سه‌دام زیاتر له ئاستی سرووشتی متمانه‌ی به‌خۆی بوو، له لووتكه‌ی نه‌رجسییه‌ت و خۆبهزلزانیدا بوو… ئه‌گه‌ر گوێی گرتبا له ئامۆژگاری راوێژكاره دڵسۆزه‌كانی و هه‌ندێك له وهزیرهكانیو گه‌وره به‌رپرسانی سووپا، ده‌یتوانی خۆی له‌و كۆتاییه كاره‌ساتباره بپارێزێت.
“هاوپه‌یمانی و په‌یوه‌ندیی عه‌ره‌بی”
له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی سه‌دام له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی، ئه‌لعانی ده‌ڵێت: جارێكیان شاحسێنی پادشای ئوردن سه‌ردانی ئێراقی كرد، سه‌دام حسێن ده ملیۆن دۆلاری پێشكه‌ش كرد، ئه‌وه‌نده خۆشحاڵ بوو هه‌ر ئه‌و شه‌وه به‌غدادی به‌جێهێشت له‌كاتێكدا واده‌ی جێهێشتنی به‌یانی بوو. سه‌دام له شاعهبدوڵاش رازیبوو، ده‌یوت سه‌دام وه‌كو باوك دادهنێمو ئاماده‌م سه‌دام هه‌ر په‌یامێكی هه‌بێت بیگه‌یه‌نم به ده‌وڵه‌تانی گه‌وره كاتێك سه‌ردانیان ده‌كه‌م. ئه‌لعانی به‌م جۆره باس له سه‌ردانێكی سه‌دام بۆ عه‌ممان ده‌كات: له‌كۆتایی هه‌شتاكاندا خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری تووندوتیژانه له ئوردن كرا، كوژراو‌و برینداری لێكهوتهوه. سه‌دام ده‌ستپێشخه‌ری كرد بۆ سه‌ردانی عه‌ممان و سه‌د ملیۆن دۆلاری پێشكه‌ش به‌و وڵاته كرد. ئامۆژگاری شاحسێنی كرد به وه‌رچه‌رخانی دیموكراسی خێرا و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن و پێكهێنانی حكومه‌تێكی نوێ كه له‌به‌رانبه‌ر گه‌ل به‌رپرسیارێتی له ئه‌ستۆ بگرێت. شاحسێن كاری به‌و ئامۆژگارییه كرد. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: سه‌رۆكی یه‌مه‌ن عه‌لی عه‌بدوڵا ساڵح ساڵی (1982) سه‌ردانی سه‌دامی كرد، پێیوت: له‌هه‌ر كۆبونه‌وه‌و كۆنگره‌یه‌ك ئێراق تیایدا ئاماده‌نه‌بێت، چی بڕیارێك بدرێت له‌باره‌ی ئێوه‌وه ئاگادارتان ده‌كه‌م.
ئه‌لعانی ده‌ڵێت: له‌كاتی دادگایكردنماندا، سه‌دام سووپاسی شێخ حه‌مه‌د بن خه‌لیفه‌ی میری قه‌ته‌ری كرد، له‌به‌رئه‌وه‌ی به گه‌رمی پێشوازی له خانه‌واده‌كه‌ی كردووه و خانوویه‌كی گه‌وره‌ی پێداون و پێیوتون نابێت له خانوویه‌كدا بن پێشتر كه‌سی تری تێدا نیشته‌جێ بووبێ. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌بیركردبوو په‌لاماردانی ئێراق له بنكه ئه‌مه‌ریكییه‌كانه‌وه له كوه‌یت و قه‌ته‌ره‌وه ده‌ستی پێكرد. سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه ده‌ره‌كییه‌كانی ئێراق، ده‌ڵێت: هاوپه‌یمانییه‌كانی رژێمهكهمان له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بیه‌كان و نێوده‌وڵه‌تی سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، بۆیه كاتێك خاكه‌كه‌مان له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه داگیركرا، هیچ كه‌سێك هاوشانمان نه‌وه‌ستا. هه‌ر سه‌باره‌ت به دۆسته‌كانیان، ئه‌لعانی ده‌ڵێت: كه‌سایه‌تییه‌كی دیاری ده‌وڵه‌ت پێیوتم له ئه‌یلولی (2002) له واشنتۆن بووه، دۆستێكی عه‌ره‌ب كه ئێراقی خۆشویستوه سه‌ردانیكردوه، داوایكردووه ئه‌م په‌یامه به سه‌رۆك سه‌دام بگه‌یه‌نێت كه دۆخی ئێراق داده‌ڕوخێت، دۆسته‌كانی له‌ناو ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا ئاگاداریان كردۆته‌وه داگیركردنی ئێراق هیچ گومانێكی تیانییه. به‌ڵام ئه‌و به‌رپرسه ئه‌م زانیارییه‌ی نه‌گه‌یاند، چونكه نه‌یده‌زانی كاردانه‌وه‌كه چۆن ده‌بێت، سه‌دام تۆمه‌تباری ده‌كرد به به‌كرێگیراوی یان پیلانگێڕی یان لانیكه‌م به ترسنۆكی.
به‌بۆچونی ئه‌م سه‌ركرده‌یه‌ی به‌عس، سه‌دام بڕوای به‌وه نه‌بووه ئه‌مه‌ریكا هێرشی زه‌مینی بكاته سه‌ر ئێراق. به‌ده‌ق ده‌ڵێت: سه‌دام تا ده‌ستپێكردنی شه‌ڕه‌كه بڕوای ته‌واوی ئه‌وه‌بوو شه‌ڕ له‌سه‌ر زه‌وی نابێت، ته‌نها ئه‌مه‌ریكییه‌كان فڕۆكه‌كانیان ده‌نێرن و موشه‌كه‌كانیان ئاراسته‌ی هه‌ندێك ئامانجی دیاریكراو ده‌كه‌ن و ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵی داگیركردنی ئێراق نادات. ته‌نانه‌ت له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیشدا ئه‌و قسه‌یه‌ی كردبوو كه چه‌ند رۆژێك به‌ر له ده‌ستپێكردنی شه‌ڕه‌كه كرابوو، وتبوی ئه‌مه‌ریكا شه‌ڕی زه‌مینی ناكات، ته‌نها بۆردومانی فرۆِكه و موشه‌ك ده‌بێت و پاشان ده‌گه‌ڕێنه‌وه هه‌روه‌كو جارانی پێشویان. هه‌روه‌ها وتبوی: ئێراق به‌ره‌و هاوینێكی گه‌رم ده‌ڕوات و ئه‌مه‌ریكییه‌كان له هاویناندا شهڕناكهن و له گه‌رمای ئێراقدا ده‌توێنه‌وه. پاشان ئه‌م بۆچوونانه‌ی لای كه‌سه نزیك و راوێژكاره سه‌ربازییه‌كانی به شێوه‌یه‌ك باسكردبوو هیچ ده‌رفه‌تێكی بۆ ره‌خنه‌گرتن لێ نه‌هێشتبوونه‌وه.
له‌وه‌ڵامی ئه‌وه‌شدا بۆچی رژێمی به‌عس به‌خێرایی داڕووخاو به‌رگه‌ی هێرشی ئه‌مه‌ریكای نه‌گرت؟ عانی هۆكاره‌كانی به‌م جۆره روونده‌كاته‌وه: بایه‌خدان به ژماره‌ی كادری حیزبی له‌بری چۆنێتی، رێكخستنه‌كانی حیزب پڕكران له كه‌سانی به‌رژه‌وه‌ندخوازو هه‌لپه‌رست.. دووركه‌وتنه‌وه له په‌روه‌رده‌ی حیزبی دروست و گه‌شه‌پێدانی بیروباوه‌ڕ و بینای ئه‌خلاقی حیزبی. خراپ مامه‌ڵه‌كردن و دابه‌زینی ئاستی ئه‌خلاقی زۆرینه‌ی سه‌ركرده‌كان، كادیری حیزب سه‌ركرده‌كانی ده‌بینی به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سیاندا هه‌ڵپه‌یانه و راده‌كه‌ن، زۆرینه‌ی تێكۆشه‌رانی ناسراوی حیزب له‌سێداره‌دران یان كوژران و ئه‌وانه‌شی مانه‌وه وه‌لانران. بڵاوبونه‌وه‌ی نه‌فامی و نه‌خوێنده‌واری له‌نێو سه‌ركردایه‌تیدا. كادیری حیزبی نهیدهخوێندهوهو خۆی رۆشنبیر نه‌ده‌كرد. پڕووكاندنی ئابووری ئێراق و كه‌مبونه‌وه‌ی مووچه به‌تایبه‌تی مووچه‌ی كه‌سانی سه‌ربازی به‌هۆی گه‌مارۆیه‌ك كه زیاتر له (12) ساڵ به‌رده‌وام بوو… ته‌نانه‌ت وه‌زیری ناوخۆی سه‌رده‌می شه‌ڕه‌كه پێیوتم كه‌رته‌كانی سووپا ئامرازه‌كانی په‌یوه‌ندیكردنی پۆلیسی فریاكه‌وتنیان به‌كارده‌هێنا، چونكه یان ئامێره‌كان كاریان نه‌ده‌كرد یان پاترییه‌كانیان له‌كار كه‌وتبوو. هه‌روه‌ها كاتێك ئه‌مه‌ریكییه‌كان ئێراقیان داگیركرد، هه‌ستمان به رۆڵ و بوونی پیاوانی ئاسایش نه‌كرد به‌رگری له وڵاته‌كه‌یان بكه‌ن، دیاره ئه‌وان راهێنان و لێهاتووییان بۆ چاودێری به‌رپرسان بووه زیاتر له به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی دوژمنانی نیشتیمان.
ئه‌لعانی به‌شێكی دیكه له هۆكاره‌كان ده‌خاته ئه‌ستۆی سه‌دام و ده‌رباره‌كانی، بۆیه ده‌ڵێت: سه‌دام بایه‌خێكی كه‌می ده‌دا به‌وه‌ی له ده‌ورووبه‌ری ده‌گوزه‌را… له هه‌ڵبژاردنی كه‌سه نزیكه‌كانی سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو.. له‌كاتی دادگایی دوجه‌یل وتی من سهگهكانم تێر كرد و شێره‌كانم برسیكرد. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: تاكڕه‌وی له بڕیاردان نهێنی پشت داڕووخانی تۆقێنه‌ری ئێراق بوو، هه‌روه‌ها شرۆڤهنهكردنی هه‌ڵوێسته‌كان به‌شێوه‌یه‌كی زانستی ورد.
“بن لادن.. سه‌دام و هه‌ڵه‌بجه له دادگا”
له (13/12/2003) سه‌دام حسێن ده‌ستگیركرا، له (2005) ده‌ست به دادگایكردنی كرا. ئه‌لعانی یه‌كێك بووه له‌و كه‌سانه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌دام دادگایی كراوه. له‌باره‌ی كه‌سایه‌تی سه‌دام له زیندان، ده‌ڵێت: سه‌دام زیره‌ك بوو ده‌یزانی ئه‌مه‌ریكییه‌كان له‌سێداره‌ی ده‌ده‌ن، به‌ڵام وای پیشانده‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌سه‌ڵات، كاروباره‌كان وه‌كو جارانیان لێدێته‌وه و له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكییه‌كان رێكده‌كه‌وێت. ئه‌مه‌ش له بڕوای نه‌بوو به‌وه‌ی كه رووده‌دات به‌ڵكو بۆ داخستنی رێگا بوو له‌به‌رده‌م ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ده‌كرا لاواز بن، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌یه‌كی باشتری له‌گه‌ڵ بكرێت له‌لایه‌ن پاسه‌وان و لێكۆڵه‌رانه‌وه.. به‌ڵام بڕوای به ژیان روون بوو. بڕوای وابوو بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ ده‌ژێت و دنیا ده‌گه‌ڕێته‌وه دۆخی جاران. جارێكیان له‌كاتی دادگایی ئه‌نفالدا پێیوتم دوای به‌ربوونم دوو ژن ده‌هێنم.
ئه‌لعانی، ده‌ڵێت: لهپشوهكانی نێوان دانیشتنه‌كانی دادگایی ئه‌نفالدا، سه‌دام باسی ئه‌وه‌ی كرد ئوسامه بن لادن نێردراوێكی ناردووه بۆ لای و پێشنیاری ناردنی سێ هه‌زار چه‌كداری خۆكوژی بۆ كردووه. به‌ڵام ره‌تیكردۆته‌وه چاوی به نێرهدراوهكه بكه‌وێت. نێردراوه‌كه داوای له موخابه‌رات كردووه بیگه‌یه‌ننه سنوور، به‌ڵام سه‌دام گه‌یاندنی ره‌تكردۆته‌وه، وتبوی به‌بێ یارمه‌تی ئێمه بگه‌ڕێوه وه‌كو چۆن هاتی. ئه‌لعانی ده‌ڵێت: دوو وه‌رگێڕی ئه‌مه‌ریكیه‌كان ئه‌م قسه‌یه‌یان بیست، ئیدی نازانم به‌مه‌به‌ست بوو یان نا.
له‌باره‌ی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه، ئه‌لعانی ده‌ڵێت: سه‌دام زیاتر له جارێك له‌به‌رده‌م ده‌ستگیركراوان له دۆسییه‌ی دوجه‌یل سوێندی خوارد كه به لێدانی هه‌ڵه‌بجه‌ی به چه‌كی كیمیاوی نه‌زانیوه‌و بێتاوانه له‌و كاره، ئه‌گه‌ر عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید به‌ڕاستی ئه‌وه‌ی كردبێت با سزاكه‌ی وه‌ربگرێت.
له‌گه‌ڵ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و قسانه‌دا، ئه‌لعانی ده‌ڵێت: بۆ من مایه‌ی سه‌رسوڕمان بوو، عه‌لی چۆن ئه‌و كاره‌ی كردووه له‌كاتێكدا سه‌دام فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان بووه، عه‌لی چۆن ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره‌ی ده‌ستكه‌وتووه، به‌جۆرێك سه‌رۆك سه‌دام له میدیاكانه‌وه ئاگاداری ئه‌و بابه‌ته بووه؟ ئاشكرایه سه‌دام به‌تایبه‌تی له‌ده‌می شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئێران‌دا ورد‌و درشتی نه‌ده‌په‌ڕاند و چاودێری ده‌كرد، دواتر چی كردووه كاتێك زانیویه‌تی عه‌لی به‌بێ ره‌زامه‌ندی ئه‌و به‌و جۆره مامه‌ڵه‌ی كردوه. ئه‌و بابه‌ته بێگومان پرسیار‌و گومانی زۆر ده‌وروژێنێت.
“ئه‌نفال له دادگا”
پرۆسه‌ی دادگایكردنی سه‌رانی رژێمی به‌عس له كه‌یسی ئه‌نفال له (21/8/2006) ده‌ستی پێكردو تا (23/6/2007) خایاند. ئه‌لعانی یه‌كێك بوو له سه‌رانی رژێم و دادگا له تاوانی ئه‌نفالدا بڕیاری بێتاوانی بۆ ده‌ركرد. له‌باره‌ی دادگایكردن و بڕیاری دادگاوه ده‌ڵێت: له دۆزی ئه‌نفالدا ره‌وانه‌ی دادگا كرام، كه كۆمه‌ڵێك شه‌ڕ بوو له باكوری رۆژهه‌ڵاتی ئێراق له‌نێوان سووپای ئێراق و سووپای ئێرانی‌دا رووی‌دابوو كه هه‌ندێك له كورده‌كان كه له‌گه‌ڵ رژێمدا ناكۆك بوون چووبوونه ریزی ئه‌وانه‌وه. من كه‌سێكی سه‌ربازی نه‌بووم، به‌ڵكو سكرتێری لیژنه‌ی كاروباری باكوور بووم، كه لیژنه‌یه‌كی مه‌ده‌نی بوو ئه‌ركی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری بوو بهكوردهكانو كارئاسانیكردن بۆ كار‌و مامه‌ڵه‌كانیان له فه‌رمانگه‌كانی ده‌وڵه‌تدا بوو. ته‌نانه‌ت من له به‌غداد بووم بۆ ئه‌وه‌ی كارئاسانی بۆ كوردان بكه‌م كه له مامه‌ڵه‌كانیاندا گرفتیان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌كاندا هه‌بوو، ئه‌وه‌ش بۆ خزمه‌تكردنی كوردان بوو نه‌وه‌كو ئازاردانیان. به‌ڵام لێكۆڵه‌ران منیان له‌م دۆزه‌وه تێوه‌گلاندبوو به‌بێ لۆجیك یان به‌ڵگه‌یه‌ك.. ته‌نانه‌ت مونقیز ئالفیرعهونی داواكاری گشتی به پارێزهرهكهمی وتبوو هیچ شتێكی گرنگ له دژی نییه.. دوایین لێكۆڵه‌ری ئه‌مه‌ریكیه‌كان پێیوتم ئێمه ده‌زانین تۆ تاوانێكت ئه‌نجام نه‌داوه، به‌ڵام ئه‌و زانیارییانه ده‌شاریته‌وه كه ئێمه ده‌مانه‌وێت.
“ئێراقی دوای به‌عس”
له‌باره‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێراق له‌دوای رووخاندنی رژێمی به‌عس، ده‌ڵێت: ئه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌ده‌ست دوای به‌عس، جگه‌له كۆمه‌ڵێك نه‌فام و دۆڕاوو شكستخواردوو دز هیچی تر نه‌بوون، باری ناوخۆیی زۆر له‌پێشتر خراپتر بوو. ئه‌گه‌ر به‌عسییه‌كان ته‌نها بایه‌خیان به وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات ده‌دا، ئه‌وا ئه‌و كه‌سانه‌ی دوای ئه‌وان هاتن رێگاكه‌یان ده‌زانی و وێڵ نه‌بوون، به‌ڵكو ده‌یانزانی ده‌بێت تا ده‌توانن تاڵانی بكه‌ن به‌ر له‌وه‌ی مێژوو فڕێیانبداته ده‌ره‌وه‌ی گۆڕه‌پانه‌كه.