هه‌م کو‌لتوور(Culture) و هه‌م پارادایم(paradigm) دوو که‌ڵه چه‌مکی بواری زانسته مرۆییه‌کان و فه‌لسه‌فه‌ن. کو‌لتوور چوارچێوه‌یه‌کی گشتی‌تر و ده‌ره‌زانکۆیی هه‌یه و له هه‌موو فۆرمه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا به ئاسانی ده‌ناسرێته‌وه، هه‌ر له فۆرمه خێڵه‌کییه کۆنه‌کانه‌وه تاکوو فۆرمه مۆدێڕن و ئه‌مڕۆییه‌کان، ئه‌گه‌رچی پرۆسه-پرۆژه‌ی جیهانگیریی و گلۆبالیزه‌یشن سنووری نێوان کولتووره‌کانی کاڵ کردووه‌ته‌وه و شێوه‌یه‌ک له کو‌لتووری یه‌کده‌ستی وه‌کوو ئامانجی سه‌رمایه‌داری زاڵ کردووه، به‌ڵام هه‌ندێک له‌و کو‌لتووره کۆنانه هه‌ر له قه‌واره کۆنه‌که‌یاندا به که‌مترین ده‌سکارییه‌وه ماونه‌ته‌وه و به‌ر شه‌پۆلی توانه‌وه‌ی جیهانگیریی نه‌که‌وتوون.
به‌ڵام به‌و مانایه نییه مه‌ترسییان له‌سه‌ر نییه، له په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌لاتی زاڵ و ئایدۆلۆژیکدا هه‌میشه فۆرمێک له کو‌لتوور زاڵ ده‌کرێت که ده‌سه‌ڵات وه‌کوو هی خۆی ناوزه‌دی ده‌کات و ئه‌مه تایبه‌تمه‌ندیی جیهانیی مۆدێڕن و هه‌یمه‌نه و هێز بووه، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌رچاوه و ڕه‌چه‌ڵه‌کی شه‌ڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا یان باشتره بڵێم هێرشی ڕووسیا بۆ سه‌ر ئۆکراینا ئه‌وا به‌ده‌ر له لایه‌نه سه‌ربازی و ستراتیژه‌کانی په‌یوه‌ست به په‌ره‌پێدانی ناتۆ لایه‌نی کو‌لتوور و ئه‌فسانه‌ییشی هه‌یه و به‌پێی تێگه‌یشتنی ڕووسه‌کان ئۆکارایناییه‌کان به‌شێک بوون له‌وان و زمان و کو‌لتووریان یه‌کێک بووه و له سه‌رده‌می نوێ‌دا و به‌هۆی شه‌پۆلی پێشهاته سیاسییه‌کان له وڵاتی دایک واته ڕووسیا دابڕێندراوه، سه‌ره‌ڕای هاوبه‌شێتیی کو‌لتووریی و زمانی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا سنووری دیاریکراوی سیاسی و شوناسخوازانه له نێوان ئه‌م دوو وڵاته‌دا هه‌بووه و به‌ره‌به‌ره چڕتر و خه‌ستتر بووه‌ته‌وه به‌ڵام ڕووسیا بۆ پاساو هێنانه‌وه‌ی هێرشه‌که‌ی له‌سه‌ر ئه‌م ته‌وه‌ره‌ش ئیشی کردووه و ده‌یکات.
ئه‌گه‌رچی له‌م شه‌ڕه‌دا ده‌بینین که ئۆکرایناییه‌کان چۆن جه‌نگاوه‌رانه و وه‌کوو نه‌ته‌وه‌یه‌کی له‌مێژینه بۆ به‌هاکانی خۆیان ده‌جه‌نگن و ده‌رده‌که‌ون و ئه‌و سنووربه‌ندییه‌ی که پووتین ده‌یه‌وێت کاڵی بکاته‌وه ئه‌وان به خوێن و خه‌باتی خۆیان تۆخی ده‌که‌نه‌وه. ئه‌مه بۆ پاکستان و هندستان و و هه‌روه‌ها پاکستان و ئه‌فغانستانیش که هاوسنووری یه‌کن هه‌ر ڕاسته و ئه‌م ململانێ سیاسی و ئایدۆلۆژیکه‌یان له پانتای کو‌لتووردا تا ئه‌به‌د ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر کو‌لتوور په‌یوه‌ست بێت به پارادایمه‌وه واته نموونه‌یه‌کی ڕێژه‌یی جێگیر له فۆرم و پێكهاتێکی مه‌عریفی و زانستی دروست بکات ده‌ستێوه‌ردان و شێواندنی ئه‌سته‌م و سه‌خته ئه‌گه‌رچی ناتوانین بڵێین نه‌کرده‌یه چونکه هه‌ر وه‌کو له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێدا هێز و ده‌سه‌ڵاتی ئایدۆلۆژیی–سیاسی ده‌توانێت کۆله‌که‌کانی پارادایم بگوازێته‌وه بۆ هه‌رێمی خۆی، ناڵێم بیڕووخێنیت چون پارادایم سه‌رنموونه و سه‌رچه‌شنێکه که کۆڵه‌که‌کانی ناڕووخێت به‌ڵکوو ده‌سکاری ده‌کرێت یان شوێنگۆڕکێی پێده‌کرێت بۆ تێگه‌یشتنی زیاتر له‌م بابه‌ته ده‌بێت تیشکێکیش بخه‌مه سه‌ر چه‌مکی پارادایم له فه‌لسه‌فه‌ی زانست‌دا.
پارادایم له ڕاستیدا چه‌مکێکه سه‌ر به دونیای فیزیا و یه‌که‌مجار به‌م مانا نوێیه له ڕێگه‌ی فه‌یله‌سووفی زانست تووماس کوهه‌نه‌وه هێنرایه ناو فه‌لسه‌فه و له‌وێشه‌وه بوو به چه‌مکێکی نێوان زانستی و په‌لی هاوێشت بۆ زۆربه‌ی زانسته مرۆییه‌کان و ته‌نانه‌ت له بابه‌ت و یادداشتی ژوڕنالیستی و میدیاییشدا به ده‌لاله‌تی خۆی به‌کار ده‌برێت. به‌گشتی له‌م بیچمبه‌ندییه‌دا و له په‌یوه‌ندیی پارادایم به کو‌لتووره‌وه توخمه‌کانی کات، مه‌عریفه و کۆنه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی ڕۆڵ ده‌گێڕن بۆیه ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی که‌لتوور کارێکی ئاسان نییه و له ئاسۆیه‌کی زه‌مه‌نی درێژماوه‌دا و به‌هێزی میدیا و کایه‌ی سیاسی و ئایدۆلۆژیک و ته‌نانه‌ت زۆر جار به هێرشی سه‌ربازیی ڕوو ده‌دات. له هاوکێشه‌یه‌کی ئاوه‌هادا که کو‌لتوور وه‌کوو پارادیم و سه‌رنموونه‌یه‌کی زاڵ له مه‌عریفه و فۆلکلۆر و دابونه‌ریت و پێکهاتی کۆمه‌ڵایه‌تی له ئاسۆیه‌کی زه‌مه‌نیدا و له ناو کۆمه‌ڵگا یان جڤاکیکدا ده‌چه‌سپێت، ئێمه ده‌توانین په‌یوه‌ست به کورده‌وه له‌سه‌ر (مه‌ترسی)یه‌کان و (هه‌ل)ه‌کان هه‌ڵوێسته بکه‌ین.
کوردستان به‌هۆی ئه‌وه‌ی که له سه‌ده‌ی شانزه‌ی زاینییه‌وه و له شه‌ڕی چاڵدێرانه‌وه(1514) تاکوو په‌یمانی سایکس پیکۆ و لۆزان خاکه‌که‌ی له نێوان چوار وڵات‌دا دابه‌ش کرا په‌یوه‌ندی کورد له‌گه‌ڵ کو‌لتوور وه‌کوو یه‌که و کۆڵه‌که‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆی په‌یوه‌ست به کیانێکی سه‌ربه‌خۆ و فه‌رمی سیاسیی پچڕا، بۆیه ئێسته ده‌بینین که نه‌ورۆز له تورکیا ئه‌گه‌رچی به هیچ شێوه‌یه‌ک په‌یوه‌ست نییه به کو‌لتووری تورکانه‌وه، به‌ڵام له ناوه‌نده جیهانییه‌کان وه‌کوو دابێکی وڵاتی تورکیا ده‌ناسرێت نه‌ک کو‌لتوور و ده‌رکه‌وته‌یه‌کی کو‌لتووریی له‌مێژینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کی کۆن و وڵات دابه‌شکراو به ناوی کورد.واته له تورکیای نوێ و که‌مالیستیدا به‌هۆی نه‌بوونی کیانێکی سیاسیی کوردی جومگه و کۆڵه‌که و ناوه‌رۆک و کاکڵی ئه‌و کو‌لتووره گوازرایه‌وه بۆ هه‌رێمی کو‌لتووریی تورکان و بۆ ئه‌مه‌ش یه‌که‌م شت کردیان پێناسه کردنی نه‌ته‌وه و زمانی خۆر بوو که خۆیان وه‌کوو تورک له چه‌قیدا جێده‌گرن و کوردانیش وه‌کوو تورکی پله دوو یان تورکی کێوی پێناسه کران و ئێسته‌ش چ له ئاستی شه‌قامی گشتی و چ له ئاستی ده‌سه‌ڵات و لایه‌نانی سیاسیی تورکیا و چ له ئاستی ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیری و هونه‌ریدا؛ کورد وه‌کوو بڤه و تابۆیه، هێرشکردنه سه‌ر ئه‌حمه‌د کایای به ڕه‌چه‌ڵه‌ک کورد کاتێک یه‌ک گۆرانی کوردی خوێند و ئاواره‌کردن و مه‌رگی گوماناویی ئه‌و ته‌نها به‌ڵگه‌یه‌کی ئه‌م هاوکێشه تراژیکه‌یه.
له تورکیادا له ڕووی کو‌لتوورییه‌وه بۆ کورد ئه‌وه‌ی هه‌یه هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه، به‌داخه‌وه تا ئێسته بچووکترین ده‌رگا بۆ گۆڕینی ئه‌م مه‌ترسییه بۆ (هه‌ل) سه‌ری نه‌گرتووه و ئه‌وانه‌یش که هه‌وڵیان داوه به‌شێوه‌ی گوماناوی مردوون و کوژراون! به‌ڵام پرسیار ئه‌مه‌یه که ئایا دۆزینه‌وه‌ی هه‌ل یان گۆڕینی هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی بۆ هه‌ل و ده‌رفه‌ت کورد به ته‌نیا پێی ده‌کرێت؟ یان ئایا ته‌نها ئه‌رکی کورد خۆیه‌تی؟ ڕه‌نگه ئه‌م پرسیاره زایه‌ڵه‌یه‌کی بۆ جیهان وه‌کوو هێز و کو‌لتوورانی دیکه له ئاستی به‌رده‌نگدا هه‌بێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه هاوکێشه‌کانی ئێستای جیهان و پرۆژه‌ی (پیشه‌سازی)ی فه‌رهه‌نگ و کو‌لتووری سه‌رمایه‌دارانه ورده‌ورده پرسی ماف و دادپه‌روه‌ری له وڵاتێکی وه‌کوو تورکیا قوربانیی به‌رژه‌وه‌ندی و دانوستانی سیاسی ده‌کات و بۆ ئه‌مه ڕۆژئاوا وه‌کوو کو‌لتوور و سامانێکی سیاسی و مرۆیی و هزریی گه‌وره به‌رپرسیارێکی سه‌ره‌کییه. بۆیه په‌یوه‌ست به تورکیا هه‌له‌کان هێنده به‌رده‌ست نین و ئاسۆش ڕوون نییه، که‌مته‌رخه‌می و یه‌کنه‌گرتوویی و نه‌بوونی وشیاریی و باوه‌ڕی نه‌ته‌وه‌یی پێویست و که‌وتنه‌داوی کایه‌ی ئیسلامی سیاسی له‌و هۆکارانه‌ن که کوردی له باکوور گیرۆده کردووه و ده‌رکه‌وتنی هه‌له‌کانی سه‌خت و ئه‌سته‌م کردووه‌ته‌وه. له باشووری کوردستان به‌هۆی خه‌باتی بێ‌وچان و به‌ناوه‌ندبوونی شۆڕشی کوردستان به‌شیکی زۆر له هه‌ڕه‌شه‌کان کراون به ده‌رفه‌ت و هه‌ل و ته‌نانه‌ت بۆ پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستانیش بنکه و مه‌کۆ و په‌ناگه بوون و هه‌ن و بێگومان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته خوێن و قربانییه‌کی زۆر دراوه‌هاوکێشه‌ی کو‌لتوور و ده‌سه‌ڵات له باشوور کات و ده‌رفه‌تی جیاوازی ده‌وێت و من دای ده‌نێم بۆ کاتی خۆی.
بۆ ڕۆژئاواش به هه‌مان شێوه به‌ڵام ته‌نها خاڵێکی گرینگی په‌یوه‌ست به‌مه ئه‌وه‌یه که بڵێم ئه‌ویدی و به‌رانبه‌ره‌که‌ی کورد له سوریا و ئێراق عه‌ره‌بن که به ڕوونی و ڕاشکاویی هێڵێکی به‌رگریی و قووڵاییه‌کی ستراتیژیک دیاری ده‌کات و مه‌ترسییه‌کان به‌زۆری دیارن، ئه‌گه‌رچی هه‌له‌کانیش زۆر دره‌وشاوه نه‌بن. به‌ڵام به نیسبه‌ت ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه به‌هۆی نێزیکبوونی زمان و کو‌لتووری فارسی و کوردی سنووری نیوان هه‌ل و هه‌ڕه‌شه کاڵ بووه‌ته‌وه و ئه‌و هێزه له بن نه‌هاتووه‌ی کورد له ئاسته کو‌لتووری و مێژووه‌که‌ی ده‌کرێته هه‌نبانه‌ی ئێرانیزم و کو‌لتووریی که‌ونارای ئێرانی کۆن! و به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات به هه‌موو ماناکانییه‌وه میدیا، هێزی سه‌ربازی، هێزی ئه‌منی، ئیداره و ئۆرگانه‌کان، قوتابخانه و…هه‌مووی بۆ زمانی سه‌رده‌ستی کو‌لتووری سه‌رده‌ست مۆنۆپۆل و قۆرخ کردووه زمانی کوردی ده‌که‌وێته هه‌ڕه‌شه‌وه و تا ئێره هاوکێشه‌که ڕوونه به‌ڵام ئاڵۆزییه‌که ئه‌وکاته ده‌ست پێ ده‌کات که ده‌سه‌ڵات بوارێکی به‌رته‌سک بۆ گه‌شه‌کردن و فێرکاریی زمانی کوردی (نه‌ک فێرکاریی به زمانی کوردی به‌ڵکوو ته‌نها فێربوونی نووسین و خوێندنی زمانی کوردی) فه‌راهه‌م ده‌کات و پاش ئه‌وه باسی کراوه‌یی و جۆرێک دیموکراسیی سیاسیی و کو‌لتووری ده‌کرێت و گوتاری ڕۆشنبیریی و کو‌لتووریشیان هه‌رچییه‌کی له مێژوو و زمان و کو‌لتووری کوردی بیه‌وێت هه‌ڵیده‌گرێت و دوای فارسیزاندنی به شێوه‌یه‌کی ناسک و نه‌رمۆڵی فارسییانه پێشکه‌شی ده‌که‌ن و ناوی ده‌نێن مۆسیقای ئیرانی، کهولتووری ئێرانی، بیناسازیی ئیرانی، فه‌رشی ئێرانی و…هتد.
دیاره مه‌به‌ست له ئێرانی له هه‌موو ئه‌مانه‌دا فارس و فارسییه! ئه‌م پرۆسه‌ی داگیرکارییه نه‌رمونیانه بۆیه له ئێران‌دا دێته ئاراوه که ده‌سه‌ڵات سنووری نیوان هه‌ل و هه‌ڕه‌شه له‌ناو ده‌بات، بۆ نموونه هه‌ڵپه‌ڕکێی کوردی یه‌کێک له‌و ڕه‌گه‌ز و کۆڵه‌که کۆن و نه‌مر و به‌هێزه که‌لتوورییه‌ی کورده که ته‌نانه‌ت له غیابی ده‌سه‌ڵاتێکی کوردیش‌دا له ئێران هه‌ر مایه‌ی حه‌په‌سان و ئه‌فسوون بووه بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی پانتای ئێران و به‌ره‌و خۆی ڕایکێشاون، به‌ڵام بۆ نموونه وه‌زاره‌تی ئیرشادی ئیسلامیی کۆماری ئێران بوودجه‌یه‌ک ده‌دات به گرووپێکی کو‌لتووری، ڕێکیان ده‌خات و ڕێوڕه‌سمێکی کولتوورییان بۆ ڕیکده‌خات و له ژێر ناوی (فیستیڤاڵی هه‌ڵپه‌ڕکێی ئه‌قوامی ئێرانی) ده‌یناسێنیت، لێره‌دا ئێمه له هه‌لی پێشکه‌شکردنی هه‌ڵپه‌ڕکێی کوردییه‌وه له لایه‌ن گرووپێکی دلسۆزی کوردانه‌وه ده‌چینه ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی دایگیرکردنی کو‌لتوورییه‌وه له ژیر ناوی ئه‌قوامی ئێرانی بۆیه پێویسته ستراتیژسیته‌کانی بواری کو‌لتووریی ئێمه بۆ ده‌ربازبوون له‌م ئاڕاسته دژوازه ڕێگه‌چاره‌ی کو‌لتووریی و ستراتیژیی فه‌رهه‌نگیی گه‌وره دابڕێژن، ئه‌گینا گۆرانییه‌ک که سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ری کوردستانی په‌نجا ساڵ زیاتر پیش له شه‌جه‌ریان ده‌یڵێت و کورد ده‌زانێت هی عه‌لی ئه‌سغه‌ری کوردستانییه کاتێک شه‌جه‌ریان ئاوازه‌که‌ی ده‌بات و ده‌یخوێنیت ئیتر گرینگ نییه ئاوازه‌که کوردییه و کێ خوێندوویه‌تی، به‌ڵکوو به زه‌بری میدیا و کو‌لتوور و گرووپه‌کانی فشاری کۆمه‌ڵ و نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست گرینگ ئه‌وه‌یه شه‌جه‌ریان خوێندوویه‌تی و به‌شێکه له مۆسیقای ئێرانی!
بۆیه پرسیاری گه‌وه‌ره‌مان ده‌شێت له خۆمان ئه‌مه بێت ئێمه کاتێک هێشتا ده‌سه‌ڵاتێکی سه‌ربه‌خۆی ته‌واومان نییه تاکوو له‌م سته‌مکاری و داگیرکه‌رییه کولتووریانه ده‌رباز بین بۆ زاڵکردنی پارادایمی کو‌لتووره مه‌زن و زه‌نگین و ڕه‌نگینه‌که‌مان که کۆڵه‌که‌ی مان و نه‌مریی زمان و نه‌ته‌وه‌که‌مان بووه و هه‌یه، چ پلان و ستراتیژێکی دێرمه‌ودامان بۆ ده‌ربازبوون له‌م هاوکێشه ئاڵۆزه و کۆلۆنیالیستییه هه‌یه تاکوو پی بنێینه قۆناغی دره‌وشاوه‌ی پارادایمی کو‌لتووری کوردی؟