“پێشه‌كی”
نزیكه‌ی یه‌ك سه‌ده‌ی ته‌واوه كورد و بزوتنه‌وه‌ی كورد باسی دیموكراسی ده‌كات. نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌كه بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی كورد چ له باشووری كوردستان، كه به‌شێك له مافه‌كانی خۆی ده‌سته‌به‌ركردووه و چ له پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان هه‌میشه داوای دیموكراسی كردووه. هه‌ندێ كات ئه‌وه‌نده ئه‌م داواكارییه خه‌ست بووه‌ته‌وه، كه سێبه‌ری خستۆته سه‌ر خواست و مافی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌ندێ كاتیش هه‌ست ده‌كه‌ی ته‌نها جۆرێك ئامرازه بۆ گه‌یشتن به مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان.
به‌ڕاستی لای ئێمه‌ی كورد دیموكراسی چ مانایه‌كی هه‌یه؟ ئایا دیموكراسی ئامرازه یا ئامانجه؟ دیموكراسی به چ شێوه‌یه‌ك ده‌توانێت وه‌ڵامده‌ری خواستی ئێمه‌ی كورد بێت؟ ئایا ده‌بێ دیموكراسی له نێوخۆمان پراكتیزه بكه‌ین یا له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی كوردستان پێویستمان پێیه‌تی؟ ئایا ده‌بێ دوژمنانی ئێمه ڕه‌چاوی دیموكراسی بكه‌ن؟ ئایا ئه‌ركی سه‌رشانی ئێمه‌یه دوژمنانمان بكه‌ینه دیموكرات؟
هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌م وتاره‌دا وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره و ده‌یان پرسیاری دیكه بده‌ینه‌وه، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه بده‌ینه‌وه پێویسته ئاماژه به‌وه بده‌ین ئێمه لێره‌دا باسی لایه‌نی فكری و جۆری دیموكراسی ناكه‌ین، به‌ڵكوو زۆرتر باسی ئه‌وه ده‌كه‌ین دیموكراسی وه‌كو چه‌مكێك بۆچی دوراوه به‌باڵای كورددا و كورد پێویستی به چ جۆره دیموكراسییه‌كه.
“ده‌روازه”
به‌چاوخشاندنێك به تێكڕای ئه‌و پێناسانه‌ی له دیموكراسی پێشكه‌ش كراون و به هه‌موو ئه‌و پۆلێنكردنانه‌ی له‌باره‌ی دیموكراسییه‌وه كراون، له‌ڕاستیدا چه‌ندین جۆری دیموكراسی پێناسه و چوارچێوه‌دار كراون و خراونه‌ته‌ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی وڵاتانی جیهان پراكتیزه‌ی بكه‌ن. له‌و جۆره دیموكراسییه‌وه بگره، كه كۆمۆنیسته ڕادیكاڵه‌كان به دیموكراسی گه‌ل یا خه‌ڵكی ناوی دێنن یا به هه‌ندێ شێوازیی دیكه دیموكراسی شۆرایی هه‌تا ده‌گاته دیموكراسی ئه‌مریكی و لیبرالی كه تروپكی لیبرالیزم بێت.
له سه‌ره‌وه‌ی هه‌موو پێناسه‌كان و پۆلێنكردنه‌كان، له‌ڕاستیدا دیموكراسی به دوو شێواز خۆی به‌ده‌ر ده‌خات، كه ئه‌م دوو شێوازه بابه‌تی باسی ئێمه‌یه. ئه‌و دوو شێوازه‌ش دیموكراسی به مانای سیسته‌می سیاسی و دیموكراسی به مانای كلتوری ئه‌و (واته دیموكراسی وه‌ك كلتور).
دیموكراسی وه‌كو سیسته‌می سیاسی به‌و مانایه به‌كار هاتووه كه له نێو فه‌زایه‌كی سیاسی پێناسه‌كراو، چه‌ندین حیزبی سیاسی به ئایدیۆلۆژیای سیاسی جیاوازه‌وه چالاكی سیاسی‌یان هه‌بێت و بتوانن به‌پشت به‌ستن به ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات بكه‌ن. له‌ڕاستیدا ئه‌م جۆره له دیموكراسی په‌یوه‌یسته به فه‌زایه‌كی سیاسی و سنووری دیاریكراوه‌وه كه تێدا و له سه‌ره‌وه‌ی خودی دیموكراسی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی بوونی هه‌یه.
به‌و مانایه ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی بوونی هه‌یه، ئه‌گه‌ر له بارودۆخێكدا هه‌ر یه‌ك له‌وانه واته به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی بكه‌ونه به‌رامبه‌ر دیموكراسییه‌وه و مه‌ترسی له‌سه‌ر ئه‌وان دروست بێت، ئه‌وا دیموكراسی ده‌كرێته قوربانی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ی و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی. نمونه‌ی زۆر زه‌قیش له ئاستی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی ده‌توانین ده‌یان نمونه بهێنینه‌وه و ببینین كه به چ شێوه‌یه‌ك دیموكراسی ده‌كرێته قوربانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی. له شه‌ڕیی دووه‌می جیهانیش كاتێك نازیزمی هێتله‌ری مه‌ترسی له‌سه‌ر هه‌ر دوو دیموكراسی لیبراڵی و كۆمۆنیستی دروستكرد، ده‌بینین به‌و هه‌موو جیاوازیی و دوژمنایه‌تییه‌وه كه له نێوان هه‌ر دوو لایه‌ن هه‌بوو، دیسان ئایدیا كرایه قوربانی بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی و مانه‌وه.
له ڕوانگه‌ی دیكه‌وه دیموكراسی وه‌ك كلتور مانا و ڕه‌هه‌ندێكی دیكه‌ی دیموكراسییه. به‌و مانایه دیموكراسی خۆی ده‌بێته كلتور و له ئاستی كۆمه‌ڵگا و ئاستی سیاسی و یاسایی ده‌رفه‌ت بۆ چالاكی و مانه‌وه‌ی هه‌موو جیاوازییه‌كان ده‌ره‌خسێت و سیسته‌می سیاسی و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌وڵ بۆ سڕینه‌وه‌ی هیچ جیاوازییه‌ك له‌نێو كۆمه‌ڵدا نادات. به‌و مانایه دیموكراسی له جیاتی ئه‌وه‌ی ته‌نها سیسته‌مێكی سیاسی بۆ ئاڵوگۆڕكردنی ده‌سه‌ڵات بێت، ده‌بێته سیسته‌مێك بۆ یه‌كتر ته‌حه‌موڵكردن و قبوڵكردنی جیاوازییه ورد و دروشته‌كانی نێو كۆمه‌ڵگا.
بنه‌مای دیموكراسی وه‌ك كلتور پێویستی به‌وه‌ی،ه كه هه‌موو لایه‌نه‌كان جیاوازی یه‌كتر قبوڵ بكه‌ن و به‌و جیاوازییه‌وه دان به بوون و شوناسی یه‌كتردا بنن. له‌سه‌ر هه‌مان بنه‌ماش پێكه‌وه هه‌وڵی كاركردن و مانه‌وه بده‌ن و به هیچ شێوه‌یه‌ك بیر له سڕینه‌وه‌ی ئه‌ویتر نه‌كه‌نه‌وه.
ئه‌و باسه‌ی ئێمه لێره‌دا پێشكه‌شمان كرد، كورته‌یه‌كی لایه‌نی تیۆری له‌باره‌ی دیموكراسی بوو. لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین به كورتی چاوێك به مێژووی هه‌ر یه‌ك له‌و وڵاتانه‌دا بخشێنین كه كوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌ش كراوه و بزانین ئایا ئه‌و نه‌ته‌وه باڵاده‌ستانه چه‌نده له ئاستی خۆیاندا دیموكرات بوون، كه بتوانن له ئاستی ئێمه‌ی كورددا دیموكرات بن؟ ئایا ئه‌و نه‌ته‌وانه كه به‌رده‌وام خۆیان خواردووه و ئێمه‌یان چه‌وساندۆته‌وه ده‌توانن بۆ ئێمه و له ئاست ئێمه‌دا له داهاتوویه‌كی نزیكدا دیموكرات بن؟
له ماوه‌ی سه‌د ساڵی ڕابردوو وڵاتێك وه‌كو عێراق كه له سێ گرووپی سه‌ره‌كی شێعه و سونی و كورد پێكهاتووه، عه‌ره‌به‌كان قه‌ت نه‌یانتوانیوه له ئاست یه‌كتر، كه شیعه و سونه‌ن، ته‌حه‌موڵیان هه‌بێت و یه‌كتر قبوڵ بكه‌ن و به‌رده‌وام له هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی یه‌كتردا بوون. له ماوه‌ی نزیكه‌ی به سه‌ده‌یه‌ك كه عه‌ره‌بی سونی له عێراقدا ده‌سه‌ڵاتدار بوون به‌رده‌وام هه‌وڵی سڕینه‌وه و لاوازكردنی شیعه‌ی عێراقیان داوه و دوای ڕوخانی ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌بی سونیش له عێراق ئه‌وا ده‌بینین عه‌ره‌بی شیعه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك و به هه‌موو پلانێك هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی سونی داوه. پڕسیار لێره‌دا ئه‌وه نییه ئایا به‌ته‌واوی سه‌ركه‌وتوو بوون یا نه‌خێر، لای ئێمه پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیان ناسازن و یه‌كتر قبوڵ ناكه‌ن چه‌نده ده‌توانن بۆ ئێمه دیموكرات بن و ڕێز له مافی ئێمه‌ی كورد بگرن؟
له ئێران و له سه‌رده‌می حكومه‌تی پاشایه‌تی ئێران كه هیچ حیزب و لایه‌نێكی سیاسی بوونی نه‌بوو و هه‌موویان قه‌ده‌غه و نایاسایی كرابوون و پادشای ئێران هیچ بۆچوونێك جیا له فكری خۆی پێ قبوڵ نه‌بوو، هه‌مان ئه‌زمونیش دوای شۆڕشی 1979ی ئێران دوباره بووه‌وه، به‌و جیاوازییه‌وه ئه‌م جاره له سه‌ر ده‌ستی ئاخونده‌كان بوو و هه‌موو لایه‌نه سیاسییه جیاوازه‌كانی ئێران قه‌ده‌غه‌كران. ئایا ده‌سه‌ڵات و نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه چه‌ندین ساڵه به سه‌ركوت و ره‌تكردنه‌وه و ئێنكار په‌روه‌رده‌كراوه ئێستا ده‌توانێت بوونی منی كورد، كه له‌و جیاواز بم، قبوڵ بكات؟ بێگومان وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره نه‌خێر ده‌بێت. بۆ ئه‌وه‌ش ده‌توانین سه‌یری وتاری سیاسی نه‌ك ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆی ئێران، به‌ڵكوو سه‌یری ئۆپۆزسیۆنی ده‌ره‌وه‌ی ئێران بكه‌ین كه چه‌نده ئاماده‌یی ئه‌وه‌یان تێدایه، كورد ڕه‌ت بكه‌نه‌وه.
دۆخی كورد له توركیا و سوریاش له‌وه باشتر نییه، كه له ئێران و عێراق به نمونه هێنامانه‌وه. له توركیاش هه‌رچه‌نده دیموكراسییه‌كی فره‌حیزبی هه‌یه، به‌ڵام ده‌ستووری ئه‌و وڵاته له‌سه‌ر بنه‌مای شوینیزمی تورك نووسراوه‌ته‌وه، كه ڕێگه به هیچ جیاوازییه‌ك جیا له گه‌وهه‌ری تورك بوون نادات.
له كۆماری كوردستان به‌ره‌و سه‌ریش له مێژووی كورددا هه‌میشه دروشمی دیموكراسی بۆ ئێران/ عێراق/ توركیا و ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان به‌رز كردۆته‌وه. ئێمه پێشتر وتمان بنه‌مای دیموكراسی له‌سه‌ر قبوڵكردنی جیاوازییه، باشه نه‌ته‌وه‌كانی تورك و عه‌ره‌ب و فارس كه له ماوه‌ی سه‌د ساڵی ڕابردوو نه‌یانتوانیوه له‌نێو خۆیان جیاوازیی قبوڵ بكه‌ن به چ مانایه‌ك ده‌توانین ئێمه قبوڵ بكه‌ن؟
ڕه‌نگه لێره‌دا ڕه‌خنه بگرن و بڵێن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه له فه‌زایه‌كی سیاسی پێناسه‌كراوی نێوده‌وڵه‌تی داین، ئه‌وا ده‌بێ داوای دیموكراسی بكه‌ین. له ئاست ئه‌م وته‌دا ده‌بێ ئه‌وه‌مان له‌به‌ر چاو بێت كه سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر هێز و بوونی هێز دانه‌مه‌زراوه، نه‌ك له سه‌ر بنه‌مای ئاكار و ده‌روه‌ست بوون و ماف. له‌به‌ر ئه‌وه‌یه، ده‌بینین سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌وه‌نده‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ده‌گرێته به‌رچاو، ته‌نانه‌ت بوونی سروشتی كۆمه‌ڵگاكان له‌به‌رچاو ناگرێت.
ئه‌وه‌ی له‌م كایه سیاسییه‌دا ڕه‌چاو نه‌كراوه بابه‌تی په‌یوه‌ندی چه‌مكه‌كانی دیموكراسی و مافی نه‌ته‌وه‌یی و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و بوونی هێزه. به‌پێی ئه‌و هاوكێشه‌ی پێشتر دروستكرابوو و به هۆی باوشكردن به‌وه‌ی كه ئه‌ركی ئێمه‌یه داوای دیموكراسی بۆ وڵاتانێك بكه‌ین، كه داگیركه‌ری خاكی ئێمه‌ن. ئۆتۆماتیكی مافی خۆمان به‌رته‌سك كردۆته‌وه و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی خۆمان به‌ستۆته‌وه به ئاوه‌زمه‌ندبوون و دیموكراتبوونی ئه‌وانیتره‌وه و به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی ئێمه له پراكتیكیدا به‌ستراوه‌ته‌وه به كرداری ئه‌ویتره‌وه. ئه‌مه‌ش له كاتێك دایه، كه ده‌بێ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی كۆمه‌ڵ خۆی دیاری بكات نه‌ك بۆی دیاری بكرێت.
له‌ڕاستیدا ده‌بوو ئێمه له‌م سه‌د ساڵه‌دا له جیاتی ئه‌وه‌ی بپاڕینه‌وه نه‌ته‌وه‌كانی ده‌وروبه‌رمان دیموكرات بن، هه‌وڵ بۆ دیموكرات‌بوون له ئاستی ناوخۆ و هه‌روه‌ها ده‌سته‌به‌ركردنی مافی كورد له ڕێگه‌ی هێزه‌وه بده‌ین. بوونی هێز هه‌م ده‌توانێت ماف و ئازادی ده‌سته‌به‌ر بكات و هه‌میش ده‌توانێت پارێزه‌ری بێت. كێشه‌ی ئێمه له‌م هاوكێشه‌دا ئه‌وه بووه له جیاتی به دووی ڕێگاكانی دروستكردنی هێزه‌وه بین، به دووی پاڕانه‌وه و وانه‌وتنی ئاكاری به‌وانیتر بووین، ئه‌وانیترێك كه ئه‌گه‌ر پێشێلكاری مافی ئێمه نه‌بن، ئه‌ركیان نییه پارێزه‌ری مافی ئێمه بن، به‌ڵام خواستی دیموكراسی بۆ هه‌ر یه‌ك له‌و وڵاتانه‌ی كوردی به‌سه‌ردا دابه‌ش كراوه به شێوه‌یه‌ك پاڕانه‌وه‌یه و له پاڕانه‌وه‌ش هیچ شین نابێت.
ئه‌و چرای بۆ ماڵ حه‌ڵاڵه بۆمزگه‌وت حه‌رامه. ئه‌گه‌ر دیموكراسی باشه بۆ ئێمه هه‌وڵ نه‌ده‌ین زیاتر له نێو كۆمه‌ڵگای كوردی ڕیشه داكوتێت و گه‌شه بكات. هه‌ندێ لایه‌نی سیاسی به‌و شێوه باسی دیموكراسی ده‌خه‌نه به‌رباس كه ئه‌گه‌ر وڵاتانێك وه‌كو ئێران و عێراق دیموكرات بن ئه‌وان پارێزه‌ری مافی كورد ده‌بن. لێره نامه‌وێت بپرسم ئایا له ئێسپانیا دیموكراتتر ده‌بن. به‌ڵام ده‌مه‌وێت بڵێم وا گریمان ئه‌و هاوكێشه‌ی دروستی ده‌كه‌ن، ڕاسته، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كانی تا ئێستا چی بووه؟ ئایا ئه‌و هه‌مووه هه‌وڵه‌ی ئێمه بۆ دیموكراسی ده‌یده‌ین بۆ دروستكردنی هێز به هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌كانی دامانبا، سه‌ركه‌وتوو نه‌ده‌بووین؟ ئایا به‌په‌سه‌ند كردنی ئه‌م هاوكێشه جیا له خۆپاراستن له ژێر چه‌تری كورد، چه‌ند لایه‌نی سیاسی له‌و وڵاتانه‌دا دیموكراتیكانه دانیان به مافی كورددا ناوه؟
“ده‌رئه‌نجام”
ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌توانم وه‌كو ئه‌نجامی گشتی بابه‌ته‌كه بیخه‌مه‌ڕوو، ئه‌وه‌یه، كه ئێمه‌ی كورد پێویستمان به پێداچوونه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی سیاسی خۆمان هه‌یه و پێویسته كۆمه‌ڵێك چه‌مكی تێدا ده‌رهاوین و كۆمه‌ڵی چه‌مكی پێناسه بكه‌ینه‌وه. دیموكراسی یه‌كێك له‌و چه‌مكانه‌یه كه پێویستی به چاو پێداخشاندنه‌وه‌یه. له‌م چاوپێداخشاندنه‌وه‌شدا پێویسته په‌یوه‌ندی ئه‌و و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر مافی نه‌ته‌وه‌یی كورد دیار بكه‌ین.
له‌ڕاستیدا ئه‌م كرداره به‌مانای ڕه‌تكردنه‌وه‌ی دیموكراسی نییه. به‌ڵكوو گه‌ڕاندنه‌وه‌ی دیموكراسییه بۆ شوێنی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت كاركردی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی بگێڕێت. ئه‌گه‌ر نه‌توانین دیموكراسی پێناسه بكه‌ینه‌وه دڕه‌نگ یا زوو تووشی ئۆتۆپیای سیاسی ده‌بین. نمونه‌ش زۆرن، كه سه‌ره‌تای ئه‌و ئۆتۆپیا سیاسییه به‌ده‌ركه‌وتوون. ئه‌و لایه‌نه سیاسییانه‌ی كه ڕۆژانه‌ی له‌گه‌ڵ كورد دژی سه‌دام شه‌ڕیان ده‌كرد ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵاتدارن و دان به مافی كورددا نانن و هه‌ر جۆره مانه‌وه له‌و خه‌یاڵه‌ی كه ئه‌وانه سه‌رده‌مانێك هاوشۆڕشگێڕ بوون، بێگومان ئۆتۆپیایه. یا هه‌ر جۆره پشت به‌ستن به عێراقچیه‌تی و ئێرانچیه‌تی و توركچیه‌تی و سورچیه‌تی بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مافی كورد له چوارچێوه‌ی هه‌مان دیموكراسیدا ئه‌وان پێناسه‌ی ده‌كه‌ن، بێگومان دیسان ئۆتۆپیای سیاسی و خه‌ونه. ئه‌وه‌ی واقیعی سیاسییه خواستی نه‌ته‌وه‌یه، كه له هێز و بووندا خۆی ده‌رده‌خات.
هێزێك، كه نابێت ته‌نها تاك ڕه‌هه‌ندی و سه‌ربازی بێت، هێزێك كه ده‌بێ فره‌ڕه‌هه‌ند بێت و جیا له‌وه‌ی گه‌شه‌كردوو بێت، ده‌بێ بتوانێت بوونی نه‌ته‌وه‌یی كورد وه‌كو بوونێكی خاوه‌ن ماف و سرووشتی و مێژوویی بپارێزێت.