ئێمە بووینەتە پرۆتاگۆنیست*ی ھۆشیار بەرامبەر بە گۆڕانی ئەو پڕۆسانەی لە ژیانی ڕاستەقینەمان ڕوودەدەن. خوومان و پۆشاکمان, بیرکردنەوەمان پێچێکی بوونگەراییان وەرگرتووە کە پێشتر ھەرگیز وێناشمان نەکردووە. ئەرکی ئێستامان تەحەدایەکی مەزن پێشنیار دەکات. داھاتوو لەچی دەچێت؟ چۆن خۆمان بوونیاد بنێینەوە؟ کۆمەڵگای ئەم ژینە تازەیە چۆن دەبێت؟ بێگوومان وێناکردنی جیھانی تازە و بوونیادنانی چیرۆکی خەیاڵی سەرنجڕاکێشە، ھەرچەندە ئەمە لە کاتێکدایە کە دڵنیاییمان لەبارەی داھاتوومانەوە نییە، ئەوەی کە ھەمانە توانای وێناکردنی واقیعی تازەیە کە بوارمان پێدەدات دووبارە ئەم ژیانەی تێیدا دەژین، بناسین.
“قڕژاڵ، بارگرانی تاکایەتی”
فێربوون لەبارەی سینەمای یۆرگۆس لانتییمۆس ئەزموونێکی بێھاوتایە، بەو پێیەی ھەرگیز لە سەرسامکردنمان ناوەستێت. بە داماڵینی شارازەیانەی ھەموو ئەو گفتوگۆ و یاسا و تەنانەت ئەو بیرکردنەوانەشی کە تێیدا نوقمین و، بەدەگمەن دەبنە پرس بۆمان. سینەماکەی لە باشترین خوولەکانی سینەمای جیھانی خەڵاتی بەدەستھێناوە، بە فیلمەکانی وەک (ددانی سەگ-dogtooth)و (ئاڵپ-alps) ھەروەھا (دڵخواز- the favourite)، ھەریەکێ لە بەرھەمەکانی بە ڕەخنەی ورد و جەرگبڕ، بەو پرسیارە ئاساییکراوانەی بوونمان، بە پەیوەندییمان، و بە کۆمەڵگاشمان، نمایندە دەکات.
لانتیمۆس لە گۆشەیەکی جیاوازەوە دەنۆڕێتە پرسی مرۆڤ کە تیایدا بە بێبەربەستییەکی ڕەھا نووقممان دەکات, لەکاتی خستنەڕووی پووچی ھەتا ھەناومان دەدڕێت قووڵمان دەکاتەوە. چیرۆکبێژی لانتیمۆس تا ئاستێک لەسنوور دەرچوونە کە بە چیرۆکی نائاسایی و دۆخی وێنانەکراو تەحەدامان دەکات، کەتیایدا بیری باو ئەو لۆیژیکە ڕواڵەتییە تێکدەدات، بۆ پێشاندانی ئەو دۆخە نائاسوودانەی کە بە تیژی و بێھەستیی، بە ئاستێکی تووندوتیژانە جاڕسکەرییان لێدی.
(قڕژاڵ ٢٠١٥- lobster 2015) کۆمەڵگایەکی دیستۆپیمان بۆ دەھێنێت کە شێوە کۆمەڵایەتییەکەی تەواو سادە دیارە، “تەنھا کاتێک بۆت ھەیە لەناو شاردا بژیت، کە ھاوبەش(دڵدار)ێکت ھەبێت” کاتێک کە ئەمە نۆرمە کۆمەڵایەتییەکەبێت، دەبێت لە “پەیوەندی”دابیت، ئەگەرنا، واتە سەڵت، جیابووەوە یان تاک مردووبیت بە کردەی تاوان ھەژمار دەکرێت و دەرئەنجامەکەشی گواستنەوەتە بۆ ھۆتێلێک. ھۆتێلەکە، لەڕێگەی بنەما ڕەفتارییە تووندەکان و ڕێنمایی نۆرمە پەسەندکراوەکانەوە، وەک “پانۆپتیکۆن*”ێکی ڕژێمی تۆتالیتاری کار دەکات، کەتیایدا تاکە پێشمەرجەکان ملکەچی و سزادانن. لەمیانەی مانەوە لە ھۆتێلەکەدا، تاکەکان ماوەی ٤٥ ڕۆژیان لەبەر دەستدایە بۆ دۆزینەوە و ھەڵبژاردنی کەسێک، تا ھاوسەرگیری لەگەڵدا بکەن، ئەمەش تاکە مەرجە بۆ ئەوەی بخرێنە ناو ژیانی شارەوە.
دەیڤ(کۆڵن فارێڵ)، کە ھاوژینەکەی وازی لێھێناوە، ئیدی لەگەڵ “برا ھاوپیشەکەی” کە ئێستا سەگە، ھێنراوە بۆ ئەم ھۆتێلە. داخوازییەکە ئەوەیە کە دەبێت ھاوبەشێک بدۆزێتەوە کە تایبەتمەندی ھاوشێوەی لەگەڵدا ھەبێت ( قژی جوان، ڕەنگی چاو، ھتد…) یاخود عەیبێک یان کەموکورتییەکی ھاوشێوە( شەلی، کورتبینی، خوێنبەربوونی لووت, دڵڕەقی و ھتد….)، ئەگەر سەرکەوتوو نەبوون دەکرێن بە ئاژەڵێک لەسەر خواستی خۆیان. دەیڤد ئەگەر شکستی ھێنا، بژاردەکەی ئەوەیە بکرێت بە “قڕژاڵ”. چونکە قڕژاڵەکان بۆ زیاتر لە سەد ساڵ دەژین و وەک ئەرستۆکراتەکان خانەدانن و تەواوی ژیانیان بە پڕ بەرھەمی دمێننەوە. ھەروەھا زۆریش حەزم لە دەریایە” ئەمە گوتەی دەیڤدە.
کۆتا وادە نزیک دەبێتەوە و (دەیڤد) ھێشتا ھاوەڵێکی نەدۆزیوەتەوە کە لێکچوونی لەگەڵدا ھەبێت، ھاوڕێکەی (پیاوە زمان پسەکە) قایلی دەکات بەوەی کە بەرەو دارستان تێیتەقێنێت و خۆی لە ھۆتێلەکە دەرباز بکات. لە ژیانی دارستاندا، گرووپێکی یاخی جودابیر ھەیە کە بەخۆیان دەڵێن(تەنھایی خوازەکان –loners) کە توانیویانە لەو سیستمە بەھاییەی ناو ھۆتێلەکە دەربازبن. ھەرچۆنێکبێت، ڕێکخراویی خەڵکی دارستانەکە خۆ بەڕێوەبەرییە، لەژێر چەتری ڕژێمێکی یاسا تووند، لەپێناوی زیندوومانەوەدا، گرنگترین یاسا کە پێی پابەندبن ئەوەیە کە ھەرجۆرە پەیوەندییەکی ڕۆمانسی یاخود سۆزداری قەدەغەیە، لەبەر ئەوەیە سزای دڕندانە ئەو باجەیە کە دەبێت بیدەن، پێی دەڵێن “ماچی سوور” کە ئاماژەیە بۆ لێکردنەوەی لێوی لەیاسا دەرچووان و پاشانیش ناچارکردنیانە بە ماچکردنی یەکدی.
گەشەسەندنی پلۆت*ی فیلمەکە ناوازەیە, لە فیلمی (قڕژاڵ)دا پێکھاتە فەزاییەکە، سەرگوزەشتە شیکراوەکە* و خەمساردی کارەکتەرەکان، دەبنە گشتێک کە خۆی لەڕێگەی دەنگی چیرۆکبێژەوە وەک کۆیەک یەکدەخات.
“ڕەیچڵ وەیز”
(قڕژاڵ) بەرھەمێکی ئاڵۆزە، پڕە لە پارادۆکس و دژێتی، یەکەم تاسان بۆ بینەر نەکەوتۆتە سەر چیرۆکەکە خۆی، بەڵکو پشت بەو ڕەنگدانەوانە دەبەستێت کە لەمیانەی سەیرکردنیدا درک و بیرکردنەوەمان سەرڕێژ دەکەن، لەو ئیستاتیکا تووندوتیژانەی لەڕێی بێ ھەستییەوە مرۆڤ لەمرۆڤبوون دەخەن “وچانێک” درووست دەکات، دەکەوینە دۆخێکەوە کە بێ تواناین لە بەستنی بۆندێکی کاریگەر لەگەڵ کاراکتەرەکان, کاتیی بوونمان بۆ تا ئەوپەڕی درێژبۆتەوە کە ھەر دەربڕینێکی نیمچە میکانیکی و ھەر کردەیەکی پێشبینیکراو بێبەشمان دەکات لەو چاوەڕوانییە سەرسامی ئامێزەی کە لە میانەی سەیریکردنی سینەمای ئاسایی ئارەزووی دەکەین.
وەکچۆن چوارچێوەی سەرەتایی شارەکەیە، ھۆتێلەکە بنکەی ڕاھێنانی گونجانە لەگەڵ شاردا، واتە نامۆبوون تاکە ڕێگەیە. ھۆتێلەکە، وەک شوێنی شێوەگۆرین دانراوە بۆ وەڵامی ژیانی ئاسایی شێوە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگای سەرەتایی، تاکە ئامانج لێی ئەوەیە ببن بە ھاوبەش(کەپڵ)؛ تاکایەتیی لە یاساچوونەدەرە. لەترسی بوون بە ئاژەڵ؛ دامەزراوەکە سزای ڕاستی دەدات بۆ ھێشتنەوەی درۆکان، تاکە بژاردە بۆ مانەوە وەک مرۆڤ لەیەکچوونە، ئەگەرنا تەنھا ئاژەڵەکان دەمێننەوە.
بە کۆمیدیای ڕەش و بێباوەڕیی گاڵتەجاڕانە بە دڵسۆزی (ڕەشبینی)، یەکەم بۆچوونمان لەگەڵ ئەم واقیعە شیاوەدا ناڕوون دەردەکەوێت، تەنانەت دەکرێت بە بێ شەرمی گوزارشتی لێ بکەین. ئەو دیمەنە تاڵانەی کە لەناو فیلمەکەدا دەبزوێندرێن، دەمانخەنە دۆخی شەرمەزارییەوە، ھەستێکی نامۆی ھەیە کە بەو دیمەنانە پێبکەنیت. لەمیانەی گوزارشتکردن لەو ڕێککەوتنە نەریتییانەی پەیووندیی کۆمەڵایەتی ڕۆژانەدا، بنەماکانی ھۆتێلەکە ھەنگاو بەرەو ملکەچکردنی ناڕاستەخۆ بە نۆرمەکانی کۆمەڵگا دەنێن، لەھەمان کاتدا ڕووبەڕووی بزربوونی بەھاکان و ھەستکردن بە بێمانایی کردەکانمان دەکەنەوە، کە ھاندەرە بۆ “ھاوشێوەیی” پەیوەندییە دەسکردەکان، ئەو کاتەیە کە ئاگادار دەبین لەوەی کە فیلمەکە، بەرھەمێکی ئەندێشەییە.
لەبەرامبەردا، دیمەنەکانی ناو دارستان، سەرسامکەرن، بەپێچەوانەی لۆژیکی بێمانای ھۆتێلەکە، لەم فەزایەدا تاکە ڕێنمایی کە پەیڕەو بکرێت، تووندکردنەوەی تاکایەتییە. پانتاییەکی نەگۆڕ و تووند کە ھەر دەربڕینێکی سۆزداری یاخود ھەستەکی حوکم دەدات. دراماتیککردنی سرووشتی یاسا کۆمەڵایەتییەکان، سەرکووتکردنی سێکسوالیتە، قەدەغەکردنی چێژ و زمانی قسەکردن، چونکە ئەمانە ھەڵگری مەترسی بوون بە ھاوژین و دڵدارن، ئەو ھەستە یەکبوونە دەخاتە مەترسییەوە کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گرووپەکە بنیادنراوە، کە مانەوەیە وەک.
ناتوانین لە گۆشە نیگایەکی تەقلیدییەوە بڕوانینە (قڕژاڵ)، ئەم دەسکەوتە مەزنەی لانتیمۆس بەرھەمێکی خەیاڵی سینەماتۆگرافیمان بۆ دەھێنێت، کە بە کۆدی خۆی, بە پێوەری تایبەتی خۆی، بە ڕیتمی خۆی، ڕێبەری دەکرێت، تیایدا ئەوە دەبینین کە ئەو دەیەوێت لێی بڕوانین، ئەوە دەبیستین کە چیرۆکبێژ دەبێت پێمان بڵێت و دەشبێت ھەست و دیدگا پێشینەییەکانیشمان ھەڵپەسێرین، دەبێت ئەو بارە ئەخلاقییەی پاشماوە کولتوورییەکانمان بخەینە لاوە.
قڕژاڵ ڕەخنەیەکی سەیرە لەوەی کە پێی دەڵێین کۆمەڵگا، لانتیمۆس بێبەزەییانە ئەو ملکەچییە ناڕاستەوخۆ و قبووڵکردنە گوێڕایەڵییەی کە خۆمانی تێدا دەبینینەوە، ڕووت دەکاتەوە، ھەرچەندە فیلمەکە گاڵتەخواز و ڕەشبینانەیە، بە بەکارھێنانی گاڵتەو گەپە تاڵەکانەوە، جگە لە بینینەوەی وێنەی خۆمان لەناو ئەم جیھانە دیستۆپییەدا، بژاردەی دیکەمان نییە. لەکاتێکدا ڕووبەڕووی ئەو سەختییە دەبینەوە کە توانامان ھەبێت زمانی تەنزئامێزی لانتیمۆس لێک بدەینەوە، لەوە تێدەگەین کە سینەماکەی وەک پانکەیەک لە بژاردە دەکرێتەوە، کە تیایدا ھەموو شتێک، تەنانەت پووچترین وردەکارییەکانیش، دەکرێت ڕێیان تێبچێت، ھەروەھا ئەوەی کە گەڕانی ڕاستەقینەی ئێمە بۆ مرۆڤایەتییە لەناو کۆمەڵگایەکی نامرۆڤانەدا، واتە، خۆبوون.
تێبینی:
-دیستۆپییا: خەیاڵکردنی کۆمەڵگایەکی خراپتر لەوەی کە ھەیە، کە پڕە لە نادداپەروەری و خاڵییە لە مافەکانی مرۆڤ، بەزۆری دەسەڵاتێکی تۆتالیتاری ئامادەیی ھەیە.
-پرۆتاگۆنیست: پاڵەوانی سەرەکی چیرۆک
-پانۆپتیکۆن: چەمکێکی دیسپلینییە کە لە شێوەی تاوەرێکی چاودێری ناوەندیدایە، کە لەناو بازنەی ژوورەکانی زینداندا دانراوە. لە تاوەرەکەوە پاسەوانێک دەتوانێت هەموو ژوورێک و زیندانییەک ببینێت بەڵام زیندانییەکان ناتوانن بچنە ناو تاوەرەکەوە. ھەروەھا زیندانییەکان هەرگیز نازانن کە چاودێری دەکرێن .
-پلۆت: لە بنەڕەتدا پڵۆتی چیرۆک ئەوەیە کە لە چیرۆکەکەدا ڕوودەدات. بە تایبەتیتر پڵۆت ئەو زنجیرە ڕووداوانەیە کە ڕوودەدەن. ئەوە کردەی چیرۆکەکەیە کە گێڕانەوەکە بەرەو پێشەوە دەبات.
deconstruction–شیکردنەوە: لە (ئەدەبیات و فەلسەفە)بەکاردێت بۆ شیکردنەوەی دەقێک بە مەبەستی ئەوەی نیشانی بدات کە هیچ مانایەکی جێگیر لەناو دەقەکەدا نییە بەڵکو ماناکە هەر جارێک لە کردەی خوێندنەوەدا دروست دەبێت
سەرچاوە:
https://www.chambrefluide.com/amp/chambre-cinema-dystopian-societies
نوسین: جودیث ساکان
وەرگێڕانی له ئینگلیزییهوه: ڕێکەوت مەجید