ڕۆژی 28ـی ئابی 2021، پایتەختی “ئێراق” میوانداریی “کۆنگرەی بەغداد بۆ هەماهەنگی و شەراکەت” ـی کرد بە بەشداریی ژمارەیەك لە وڵاتانی عەرەبی و هەرێمی و بەشێك لە ڕێکخراوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان. لەکۆتاییدا؛ کۆنگرەکە بەیاننامەیەکی دەرکرد کە تێیدا وڵاتانی بەشدار هەڵوێستی خۆیان لەبارەی ئەو پرس و دۆسییانە ڕاگەیاند کە لە کۆنگرەکەدا تاوتوێ کرابوون، لەسەرووی هەمووشیانەوە پرسی سەقامگیریی ئێراق و پاراستنی لە مەترسی و لێکەوتەکانی گرژییە هەرێمییەکان و، گرنگیی هەماهەنگیی نێوان لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییە جیاجیاکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پەڕگیری (تووندئاژۆیی)، هەروەها دانانی سنوورێك بۆ دەستتێوەردانە دەرەکییەکان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتان، بەر لە هەمووشیان ئێراق.
“نێوخۆی ئێراقێکی خراپ”
دیمەن و سیمای “ئێراق” خاڵی دەسپێك بوو کە لێیەوە بیرۆکەی بەستنی “کۆنگرەی بەغداد بۆ هەماهەنگی و شەراکەت” سەریهەڵدا، ئەوەیش کاتێك بەشداربووان دروشمی “خستنەوەسەرپێی دەوڵەتی ئێراق”ـیان بەرز کردەوە، ئەوەیش لەڕێی گێڕانەوەی سەقامگیری و ئاسایش و بەهێزکردنی دەزگاکانی دەوڵەت و دامەزراوەکانی. لەوکاتەوەی “موستەفا کازمی” لە مانگی مایسی ساڵی 2020 پۆستی سەرۆکوەزیرانی ئێراقی گرتۆتە دەست، هەوڵی گۆڕینی سیمای “ئێراق” دەدات، لەڕێی داتا کۆکراوە نێوخۆییەکانی دوای هێرشی ئەمریکا لە ساڵی 2003 و، هەروەها ئەو پەیوەندییە دەرەکییانەی کە بەهۆی دەستێوەردانەکانی ئێران لە ئێراق و، هەندێکجاریش دەستتێوەردانی تورکیا هاوسەنگییان لەدەست داوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دوای هێرشی “ئەمریکا” ڕێسای سیستەمی سیاسیی نوێی “ئێراق” و پەیڕەوی حوکم و ئیدارەدانی وڵات تێیدا لەسەر بنەمای پشکپشکێنەی تایەفەگەری دامەزراوە، دابەشکردنی ڕێژەیی هێز بەپێی باڵانسی دیمۆگرافی بووەتە پێوەری بنەڕەتیی سیاسەتە گشتییەکان و دابەشکردنی پۆستەکان، ئەوەش لەلایەن خۆیەوە کاری کردۆتە سەر توانای دامەزراوەکانی دەوڵەت. بێتوانایی دامەزراوەکانی دەوڵەت بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی گەندەڵیی کارگێڕی (ئیداری) و دارایی بڵاوبوونەوەی خزمخزمێنە لەسەر بنەمای تایەفەگەری، ئەوەیش بۆتە هۆی دوورکەوتنەوەی چەمکی هاونیشتمانیبوون لە هزری کۆمەڵانی گەلی ئێراق.
هاوشێوەی سەرجەم ئەو وڵاتانەی هەوڵ بۆ دەربازبوون لە هەڵوەشانەوە و داڕووخان بەهۆی قۆرخکاری، شکستی سەربازی یاخود کارەساتی گەورە دەدەن، حکومەتی هەنووکەی “ئێراق” دەرکی بەوە کردووە کە بەرەنگاربوونەوەی دەستتێوەردانە دەرەکییەکان و قەیرانە نێوخۆییەکان، پێویستی بە پاڵپشتیی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەشێك لە لایەنە دەرەکییەکان هەیە، کە لەو ڕووەوە “ئێراق” کەموکوڕیی زۆری هەیە لە پایەکانی بوونیادنانی دەوڵەتی خۆژیێن و گەیشتن بە نزمترین ئاستی توانایی و پارێزبەندی لە بەرەنگاربوونەوەی گووشار و سەرانەسەندنەکانی بەشێك لە وڵاتان. لێرەوە، کۆدەنگییەك لە کۆنگرەی بەغداد دروست بوو لەسەر بنەمای ئەوەی ئێراق نەبێتە گۆڕەپانێك بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێی وڵاتانی ناکۆکی ناوچەکە. ئەوەیش بە ڕوونی لە وتارەکانی سەران و ڕابەرانی ئەو شاندانە بەرجەستە بوو کە هەڵوێستی وڵاتەکانیانیان دەربڕی. لێ بە تێڕوانینێکی قووڵتر؛ ڕوون دەبێتەوە کە بەشێك لە وڵاتانی بەشدار لە کۆنگرەکە بەپەرۆش و سوور نەبوون لەسەر “هاوکێشکردن”ـی ئێراق و بەدوورگرتنی تا نەبێتە گۆڕەپانێك بۆ ڕکابەریی هەرێمی. لەمیانەی شیکردنەوەی ناوەڕۆکی وتار و لێدوانە ڕەسمییەکاندا، وا دەردەکەوێت کە هەریەك لە (ئێران و تورکیا) لەگەڵ باقیی وڵاتانی هێڵی واڵای هەڵپەسێردراو ڕێكکەوتوون لەسەر گرنگیی کارکردن بۆ سەقامگیرکردنی “ئێراق” و هاوکاریکردنی بە مەبەستی دەربازبوون لە کێشە نێوخۆییەکانی. ئەوەیش لە کاتێکدا دێت کە لە کاتی کۆنگرەکەدا، بە بەراورد لەگەڵ وتار و هەڵوێستەکانی وڵاتانی عەرەبی و فەڕەنسا، پرسی دەستتێوەردانە دەرەکییەکان لە کاروباری “ئێراق” لە وتار و هەڵوێستەکانی تاران و ئەنقەرە بە ڕوونی و ڕاستەوخۆ ڕەنگی نەدایەوە.
“چوارچێوە پێکداچووەکان”
“کۆنگرەی بەغداد بۆ هەماهەنگی و شەراکەت” نموونەیەك بۆ لێکدانی چوارچێوەی نێوخۆیی لەگەڵ چوارچێوەی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەرجەستە دەکات و، هەروەها رەنگدانەوەی قووڵیی پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسی، ئابووری، ئەمنی و دیمۆگرافییەکانە لە “ئێراق” بە دیاریکراوی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی. ئەوەیش بە تەواوەتی ڕەنگی دایەوە لە گشتگیریی ئەو پرسانەی ئەو کۆبوونەوەیە لووتکەیە بەخۆیەوە بینین، هەروەها کۆبوونەوە و گفتوگۆ لاوەکییەکان، جگە لە وتاری سەران و ڕابەرانی شاندە بەشدارەکان لە پەیام و هەڵوێستەکان. لەنێو ئەو بەڵگە گرنگانەش کە پێکەوە بەندیی ئەو چوارچێوانە دووپات دەکەنەوە، بریتییە لەوەی شێوازی پێشنیارکراوی بیرۆکەی کۆنگرەکە چوارچێوەیەکی دیاریکراو لە وڵاتانی هاوسێی ئێراقی هەبوو بەوەی وڵاتانی هاوسێ ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارن بە دۆخ و پێشهاتەکانی “ئێراق” لەمیانی ڕاوێژ و پەیوەندییە ئامادەکارییەکانی بەر لە ئەنجامدانی کۆنگرەی بەغدادیش، ڕوون بووەوە؛ هەوڵدان بۆ سەقامگیریی ئێراق و داهاتووی، پاشان سەقامگیریی ناوچەکە بە گشتی، گرنگیی فراوانکردنی چوارچێوەی بەشداریکردن و لەخۆگرتنی ئەو وڵاتانەشی پێویستە هاوسنووری “ئێراق” نین، بەڵام کاریگەرییان بەسەر کاروباریدا هەیە و تەنانەت بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆش بەشدارن لەو پرس و دۆسیانەی تێیدا “ئێراق” بە لایەنێکی سەرەکی هەژمار دەکرێت. هەمان شت بەسەر وڵاتانی بەشداری دەرەوەی ناوچەکە جێبەجێ دەبێت، بە تایبەتی فەڕەنسا، کە هێزێکی پاڵنەری سەرەکی بوو بۆ بەستنی ئەو کۆنگرەیە؛ بە حوکمی ئەوەی یەکێكە لەو وڵاتە ئەوروپییانەی زۆرترین گرنگیی بە کاروباری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات، نەك تەنیا کاروباری ئەو ئێراقەی کە سەرۆك “ماکرۆن” لە ماوەی ساڵێکدا دووجار سەردانی کرد.
هەروەها، کۆبوونەوەی لووتکەی بەغداد، بەو گفتوگۆ و هەڵوێستە ئاشکرایانە و بەیاننامە کۆتاییەی لەخۆی گرتن، تەوژمێکی بەخشی بە جووڵانەوە و هەماهەنگیی هەرێمی و نێودەوڵەتی بە ئاڕاستەی ڕێکخستنی پەڕاوەکان و پڕکردنەوەی بۆشاییە هەنووکەیی و چاوەڕوانکراوەکان لەسەر گۆڕەپانی ئێراق و ڕێگەگرتن لە هەوڵی هەر لایەنێك بۆ قۆستنەوەی کەمبوونەوەی بوونی ڕاستەوخۆی “ئەمریکا” لەڕووی ماددی، هەژموون و ئامرازەکانی کاریگەری، جا لە “ئێراق” بێت یان ئەو ناوچە گرنگانەی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئەگەر هەیە دۆخیان ڕووەو خراپتر هەنگاو بنێت.
“ههرهلهپێشینه جیاوازەکان”
وڵاتانی بەشدار لە کۆنگرەی “بەغداد” ڕێكکەوتن لەسەر پاڵپشتیی “ئێراق” و کارکردن بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری و ئاسایشی نێوخۆیی، بەڵام وردەکاریی ڕێوشوێنە پێویستەکان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە گشتییە نە لە بەیاننامە کۆتاییەکە و نە لەو زانیارییانەی لەبارەی گفتوگۆ دوو قۆڵییەکان بە ڕوونی دەرنەکەوت، کە لە نێوان سەرانی شاندەکانی کۆنگرەکە بەڕێوە چوون. بێگومان لەخۆگرتنی ئەو لایەنە جێبەجێکارییانە نە لە بەیاننامەی کۆتایی و نە لە وتاری شاندەکان لە دانیشتنە گشتییە کراوەکاندا مەرج نین، لێ سنوورداری لە وتار یاخود هەڵوێستە ڕاگەیەندراوەکان لەبارەی لایەنە دیاریکراوەکان ئاماژەیەك بەدەستەوە دەدات بۆ ئاڕاستەکردنی ئەو وڵاتە یاخود هەڵوێستی ڕاستەقینەی، کاتێك دواتر بەرپەرچی ئەو پرس و ناونیشانە گشتییانە دەداتەوە کە بەشێوەیەکی گشتی ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە. لەکاتێکدا بەشێك لە وڵاتان، بە تایبەتی (ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و سعودیە)، ڕێبازێکی گەشەپێدانیان گرتۆتە بەر کە لەسەر بنەمای هاندان و پاڵپشتیی پڕۆژە ئابوورییەکان و ڕێوشوێنی کرداری بوونیاد نراون کە هاوکار دەبن لە هەڵسانەوەی ئابووریی “ئێراق” و بووژانەوەی پێکهاتە نێوخۆییەکانی و بەرەوپێشبردنی گوزەرانی هاوڵاتییانی ئێراق؛ هەڵوێستی هەریەك لە وڵاتانی میسڕ، ئوردن و فەڕەنساش تیشکیان خستبووە سەر دیدگەی سیاسی بۆ سەقامگیریی “ئێراق” و گەڕانەوەی هێز و بوونی حکومەت لە ناوەوە و دەرەوە. هەڵوێستی وڵاتانی دیکەش لە چەند خاڵێکدا گیرسایەوە کە بەلایانەوە له ههرهپێشینه بوو، بۆ نموونە ئەوەی پەیوەستە بە پاڵپشتیی “ئێراق” یاخود بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە سنووربڕەکانی وەك تیرۆر، هەروەها ئەوەی کە پەیوەستە بە گرنگیی وەستاندنی دەست تێوەردانە دەرەکییەکان. هەر بۆ نموونە، کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە “حسێن ئەمیر عەبدوللیهان”، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە نوێنەرایەتیی دەکرد، تیرۆر و دەستتێوەردانە دەرەکییەکانی بەیەکەوە گرێدا و، وەزیری ناوبراو پێیوابوو؛ بوونی هێزە دەرەکییەکان لە “ئێراق” یەکێکە لە دیارترین سەرچاوەکانی هەڕەشە بۆ وڵاتەکە و بۆ ناوچەکەش. هاوکات کرداری تیرۆریستی بە بەشێك لەو کردانەوە بەستەوە کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە ئێراق بە ئەنجام گەیەندراون و، بە دیاریکراوییش ئاماژەی کرد بە کوشتنی جەنەراڵ “قاسم سولەیمانی”، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە پاسەوانی شۆڕشی ئێرانی لە سەرەتای کانوونی دووەمی ساڵی 2020 لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە کرد. بەهەمان شێوە، تورکیاش ڕاشکاو بوو لە دیاریکردنی چێوەی تیرۆری مەبەستی خۆی کە مەبەست لێی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـیە لە هەرێمی کوردستان.
بەم شێوەیە؛ چاودێر دەتوانێت بە تایبەتی ئاماژە بژاردەیی و پەرتەوازەیی هەڵوێستی ئێران و تورکیا بەئامانج بگرێت. بژاردەیی خۆی لە خۆدزینەوەی ئێراندا نمایش کرد لەو پشتیوانییە جیاجیایانەی پێشکەشی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و بەرە چەکدارەکانی تری دەکات لە ئێراق. هاوکات بەلای ئێرانەوە ئەو گووشارە سیاسی و کردە تایەفەگەرییانەی حیزب و هێزە سیاسییەکانی سەر بە خۆی ئەنجامی دەدەن، یەکێك لە هۆکارە جەوهەرییەکان نین لە ناسەقامگیریی سیاسی و جەنجاڵییەی لە نێوخۆی ئێراقدا هاتۆتە ئاراوە. پەرتەوازەییش بە ڕوونی لە پشتیوانیی ئێران و تورکیا ڕەنگی دایەوە بۆ ئەو داخوازییە گشتییەی کۆنگرەی لووتکەی بەغداد کردی بۆ ڕەتکردنەوەی دەستێوەردانە دەرەکییەکان، وەك ئەوەی دەستتێوەردانە جیاجیاکانی ئێران و دەستتێوەردانە سەربازییە ڕاستەوخۆکانی تورکیا، دەستتێوەردانی دەرەکی نەبن.
“ئاماژە گرنگەکان”
کۆنگرەی بەغداد کۆمەڵێك ئاماژەی گرنگی خستەڕوو، گرنگترینیان بریتین لە؛
١. پشتیوانیی پەیوەندیی نێوان وڵاتان؛ کۆنگرەی “بەغداد” کۆمەڵێك دیمەنی پڕ ئاماژەی دیاری بەخۆوە بینی لەڕووی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان وڵاتانی بەشداربوو، ئەوەیش لەلایەن خۆیەوە ڕەنگدانەوەی بەسەر پەیوەندییە هەرێمییەکانی ناوچەکە بەشێوەیەکی گشتی دەبێت. ئەو دیمەنانە تیشکیان خستبووە سەر گۆڕانکارییە ئەرێنییەکان لە مامەڵەکان و لەوانەیە دواتریش ئەو پەیوەندییانەی گرژییان تێکەوتبوو و گەیشتبوونە ئاستێکی مەترسیدار لە نێوان بەشێك لە وڵاتاندا. چونکە چاوپێکەوتنی ڕاستەوخۆ لە نێوان بەشێك لە سەرانی شاندەکان بەڕێوە چوون، کە بەشێکیان ڕەسمی بوون، هاوشێوەی کۆبوونەوەی “شێخ محەمەد بن ڕاشد ئال مەکتوم”، جێگری سەرۆکی وڵات و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و حاکمی دووبەی، بە جیا لەگەڵ “عەبدولفەتاح سیسیی” سەرۆکی میسڕ و، “شێخ تەمیم بن حەمەدی دووەم”، ئەمیری قەتەڕ. هەروەها کۆبوونەوەی “شێخ محەمەد بن ڕاشد ئال مەکتوم” لەگەڵ شاندی ئێران و “حسێن ئەمیر عەبدوللیهانی” وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە. هەروەها کۆبوونەوەی دیکەش ئەنجام دران کە بە شێوەیەکی ناڕەسمی دەردەکەون بەڵام ئاماژەی گرنگیان لەخۆ گرتووە، بۆ نموونە گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان سەرۆکی میسڕ و وەزیری دەرەوەی ئێران. بەم شێوەیە کۆنگرەی بەغداد بوو بە پلاتفۆرمێك بۆ بەگەڕخستن یاخود چالاککردنی کەناڵەکانی پەیوەندیی نێوان بەشێك لە وڵاتان، ئەوەیش لەلایەن خۆیەوە بە واتای توانای گەشەپێدانی ئەو پەیوەندییانە دێت، جا لەڕێی پلاتفۆرمی دیکە و چالاکیی دەستەجەمعیی هاوشێوەوە بێت، یاخود لەڕێی پەنابردن بۆ کەناڵە دووقۆڵییە ڕاستەوخۆکانەوە بێت.
٢. پتەوکردنی دیبلۆماسییەتی کۆنگرەکان؛ یەکێکی تر لە ئاماژە گرنگەکان ئەوەیە کە میکانیزمی کۆنگرە و کۆبوونەوە دەستەجەمعییەکان، هەرچەندە شتێکی نوێ نین، بەڵام بوونەتە ئامرازێك بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیران و کێشە نێوخۆییەکان، بە تایبەتی کاتێك لایەنە دەرەکییەکان ڕۆڵیان تێدا هەبێت، جا لەڕێی بوون بە هۆکاری ئەو قەیرانانە بێت یاخود توانای چارەسەر.
٣. خستنەوەجێی ئێراق؛ سەرکەوتنی موستەفا کازمی و حکومەتە ئێراقییەکەی لە بەستنی کۆنگرەی بەغداد و کۆتاییپێهێنانی بەم شێوەیە، ئەوەیش لەلایەن خۆیەوە هاوکار دەبێت لە پڕۆسەی پتەوکردنەوەی دەوڵەتی “ئێراق” لە ناوچەکە، کە لەوانەیە حکومەتەکانی پێشووی “ئێراق” بەم شێوەیە بە پەرۆش و جددییەوە هەوڵیان بۆ نەداوە. بە دیاریکراوی لە ژێر ڕابەرایەتیی کازمیدا، ئێراق دەستی بە هاتنەوەسەرپێ و کرانەوەی هەرێمی بەڕووی وڵاتاندا کرد.
بەم پێیە، کۆنگرەی “بەغداد” دەرگایەك واڵا دەکات بەڕووی ڕاگواستنی سیاسەتی “ئێراق” بە ئاڕاستەی وڵاتانی ناوچەکە بۆ قۆناغێکی سەروو بەدەستهێنانی هاوسەنگی لە نێوان لایەنە جیاوازەکان و دووبارە کرانەوە بەڕووی جیهانی عەرەبیدا، ئەویش قۆناغێکە تێیدا “ئێراق” ڕۆڵی کۆکەرەوە، گۆڕان دەبینێت لە گۆڕەپانێکی نێوخۆیی بۆ ململانێ و ناکۆکیی هەژموون لە نێوان هێزە ناکۆکە دەرەکییەکانەوە، بۆ سەکۆیەکی هەرێمی بۆ تێگەیشتن و گفتوگۆ.
نووسین: محەمەد خەلفان سەوافی نووسەر، پسپۆڕ لە سیاسەتی وڵاتانی کەنداو و ئێران
وەرگێڕان: محەمەد ڕەحمان فەیزوڵڵا