دوای ڕووخانی ڕژێمی ئێراق لە نیسانی 2003 تاوەکوو ئێستا، سازان و رێککەوتنی لایەنەکان بووەتە پرسێکی حەتمی و بگرە یەکێک لە پێداویستییە سەرەكی و سەرەتاییەکان بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی سیاسی لە ئێراقدا، تەنیا سازان و رێککەوتن بووه كه توانیویەتی کۆتایی بە سەرجەم ئەو جیاوازی و ناکۆکییانە بهێنێت کە لەنێوان جەمسەرە سیاسییه سەرەکییەکانی وڵات (عەرەبی شیعە و کورد و عەرەبی سوننە) هەن و لە زۆر ڕووەوەش توانیویه‌تی پرسە سیاسییە ئاڵۆز و ههڵپسێردراوهكان لە وڵاتێک‌دا کە زیاتر لە ساڵەهای ساڵە سەقامگیریی سیاسیی بەخۆیەوە نەبینیوە – تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی كاتییش بێت – بەرەو پێشەوە بچێت.
ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە ڕەشنووسی یاسای بودجەی گشتیی ئیتیحادی لە 25-5-2023 لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی ئێراقدا بەرامبەر بە مافه ره‌واكانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دراون، لە بنەڕەتدا گۆڕانکاریی نادەستووری و نایاسایی قبووڵنەکراون، هەروەها وێڕای دژایەتیكردنی ئاشكرای حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی ئێراقه، هاوكات سه‌رپێچییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره له‌گه‌ڵ ئه‌و بنەمایانه‌ی كه رێککەوتنه‌كه (هاوپه‌یمانیی به‌ڕێوه‌بردنی دەوڵەت) له‌سه‌ری بنیات نراوه و پێچەوانەی ناوه‌ڕۆكی ئەو به‌رنامه و پرۆگرامە وەزارییەشه کە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر داوە.
هەر بۆیە ئەم هەنگاوە نادادپەروەرییەکی ئاشکرایە و پێشێلکارییەکی روونی مافە ره‌واكانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانه و به هیچ شێوه‌یه‌ك هەرێمی كوردستان پابەندی هیچ بڕیارێکی له‌م جۆره نابێت كه لە دەرەوەی چوارچێوه‌ی ئەو ڕێککەوتنەی کە لەگەڵ حکوومەتی بەرێز محەمەد شیاع سوودانی واژۆ کراوە، هەروەک لە بەیاننامەكه‌ی حکوومەتی هەرێم له 26-5-2023دا هاتووه. دیاره ئەو گۆڕانکارییانەی لە ڕەشنووسی یاسای بودجەی فیدراڵیدا كراون، بەتایبەتی لە هەردوو مادەکانی 13 و 14 کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ماف و شایستە داراییە ڕەواکانی هەرێمی کوردستان ده‌بێت كه لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی 4ی نیسانی ڕابردوو لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێراق و حکوومەتی هەرێمەوە ڕێککەوتنی لەسەر کراوە و هاوكات لە ڕەشنووسی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیدا جێگیر کرابوون، نەک تەنیا لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە، بەڵکوو لەلایەن سه‌رجه‌م هاووڵاتیانی کوردستانیشەوە ڕەت دەکرێتەوە.
بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە داوای پەلەکردن و هەنگاونانی زیاتر بەرەو پێشڤه‌چونی پەسەندکردنی بودجەی گشتیی فیدراڵیی کرد، هاوكات بەڕێزیان جەختی لە پێویستی ڕێزگرتن لە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و ئه‌نجامنه‌دانی هیچ گۆڕانکاری یان دەستکاریکردنێک لە پرۆژەکەدا لە دەرەوەی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە و لێکتێگەیشتنە هاوبەشەکانی نێوان هەردوولا كردووەته‌وه، ئه‌وه‌شی دووپات كردووەته‌وه كه هه‌رێمی کوردستان ته‌واوی ئەرکە ده‌ستووری و یاسایییه‌كانی جێبەجێ کردووە، بۆیە له به‌رامبه‌ردا پێویسته حکوومەتی فیدراڵی ئەوەی له‌سه‌ریه‌تی جێبەجێی بکات و ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی ئێراق مسۆگەر بكات.
له‌م سۆنگه‌یه‌وه و سەبارەت به‌و رێككه‌وتنه‌ی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا له‌سه‌ر پڕۆژەیاسی بودجەی فیدراڵی، هەندێک به ڕێکكەوتنی خهمخۆرانەی گەورەکان ناویان بردووە، كه‌چی به‌داخه‌وه بچووكه‌كان ده‌یانه‌وێت له‌باری ببه‌ن، بەو پێیه‌ی لێکتێگه‌یشتنی پێشوەخته له‌نێوان هه‌ردوو لادا هه‌بووه و بابه‌تی بودجە بنه‌مایه‌كه لهنەگۆڕه نیشتمانییەكان بۆ پاراستنی یەکێتیی وڵات و سەقامگیریی سیاسی و مافی هاووڵاتیان لە هەموو ئێراقدا بەبێ جیاوازی. هەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی، هه‌موو كاتێك ئامادەیی خۆی دەربڕیوه بۆ جێبەجێکردنی سه‌رجه‌م ئەو پابەندبوونانەی کە له‌سه‌ریه‌تی، بەڵام ئەوەی ئێستا له ئەنجوومەنی نوێنەران ده‌گوزه‌رێت لە ئەنجامدانی گۆڕانکاری و ده‌ستكاریكردنی ڕەشنووسی یاسای بودجەی گشتی کە پێشوەختە سه‌رجه‌م لایەنەکان لەسەری ڕێک کەوتوون، ئاماژه‌یه‌كی ترسناكی نیەت و هەوڵی خراپه‌كارین بۆ دروستکردنی درزێک لە پەیوەندیی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی به‌ڕێز محەمەد شیاع سوودانی کە بە شێوەیەکی بەهێز و تۆکمە لەلایەن کورد و سەرکردەکانییهوه پاڵپشتیی لێ دەکرێت.
سەرکردەکانی هاوپه‌یمانیی به‌ڕێوه‌بردنی دەوڵەت کە حکوومەتی ئێراقی فیدراڵییان پێكهێناوه، دەبێ زۆر بە وریایی و ژیرانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م هەنگاوە مەترسیدارە بكه‌ن کە هەندێک هەوڵی بۆ دەدەن، هه‌روه‌ها پێویسته له‌سه‌ریان سۆزی كورد بۆ خۆیان رابكێشن نه‌ك پێچه‌وانه‌كه‌ی، چونكه – نه‌خوازه‌ڵا – له ئه‌گه‌ری هه‌ر رووداو و گۆڕانكارییه‌ك له سەرەتادا کاریگەریی لەسەر خودی خۆیان ده‌بێت به‌ر له هه‌ر كه‌س و لایه‌نێكی دیكه‌و، ئەزموونەکانی ڕابردوو ئه‌و راستییه‌ی سه‌لماندووه کە پرۆسەی سیاسی لە ئێراقدا له بیست ساڵی ڕابردوودا بەبێ پشتیوانی و هاوکاریی کورد، به هیج جۆرێك سەرکەوتن به‌خۆیه‌وه نابینێت.