کتێبی «ئەدەب لە مەترسیدا»ی تزڤێتان تۆدۆرۆف کە لە ساڵی ٢٠٠٧دا نووسییەتی، یەکێکە لەو کتێبە دانسقە پوختانەی بۆ سەدەی بیست و یەک لە پەیوەند بە چارەنووسی «ئەدەب»ـەوە نووسراوە. کتێبەکە بە پێشەکییەکەوە لە هەشت پاژی کورت و پوخت پێک دێت کە لەسەر چارەنووسی ئەدەب لە جیهانی هاوچەرخ بەگشتی و بەتایبەت لە ئەوروپا و فەڕەنسای هەنووکە دەدوێت. بە تەنیشت وەرگێڕانی کتێبەکەوە، پێم باش بوو بەگوێرەی پرس و کێشە ورووژاوەکانی ناوییەوە، کێشە و پرسەکانی ئەدەب لە دونیای خۆماندا لە ڕێگەی نووسینەوە بەسەر بکەمەوە، بەهیوای ئەوەی بتوانێت ئەو کەلێن، ناتەواوی، شێواوی، بێسەرەوبەرەیی، زیادەڕۆیی و بێرەبتییانەی پەیوەست بە کایەی ئەدەبەوە لەئارادایە، بهێنێتە بەرباس، هەڵیانماڵێت و مەترسییەکانیان بخاتە ڕوو. دیارە ئەمە تەنیا بە وتار یان کتێبێک بەدی نایەت، بەڵام کتێبێک دەتوانێت جەخت لە ورووژاندییان بکاتەوە.
“تۆدۆرۆف” لە پێشەکی کتێبەکەدا بە کورتی باس لە ژیانی تایبەتی و ئەزموونی شەخسی خۆی دەکات هەر لە سەرەتاوە تاوەکوو گەورەیی، تەنانەت باس لە گۆڕانکارییەکانی سەردەمی گەورەیی دەکات کە باوەڕی بە جۆرێک لە کارکردن نامێنێت و دەڕواتە ناو جۆرێکی تر لە کارکردنەوە. ئەمەش بەر لە هەر شت بۆ گەشە و ئاوەڵابوونی تێگەیشتنی دەڕوات کە بەگوێرەی هەڵکشانی تەمەن، کەڵەکەبوونی زانیاری و فراوانبوونی مەعریفەی بەدی دێت. وەک دەزانین “تۆدۆرۆف” لە کارە سەرەتاییەکانیدا وەکوو خۆی ئاماژەی پێ دەدات تاوەکوو ناوەڕاستی هەفتاکان بە قووڵی بە فۆرمالیستەکان و بوونیادگەرەکان کاریگەر و سەرسامە. ئەم کاریگەربوون و سەرسامییەشی هەڵبژاردنێکی بێڕەبتی خۆویستانە نییە بۆ ئەوەی بە هەر نرخێک بێت لەوانی تر جیاوازتر بێت؛ ئەگەر تەنانەت لەوانیتر کارەکانی بێسەرەوبەرەتر بێت، بەڵکوو وهڵامدانەوەیەکی شەخسی بیرلێکراوەیە بە سیاقێکی گشتیی سەرکوتکەری سەپاو.
فۆرمالیستەکان و بوونیادگەرەکان لەو سیاقە دیاریکراوەی تۆدۆرۆفدا لە بولگاریا کەرەستەی بەرەنگاریین، جبەخانەی هزرین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئایدۆلۆژیای خنێکەری حوکمڕان. با وێنای ئەو دۆخەی بکەین کە تێیدا دەست دەبات بۆ هەڵبژاردنی فۆرمالیستەکان و بوونیادگەراکان وەکوو میتۆدی کارکردن. بەدەربڕینێکی تر لە سەرەتا هەڵبژاردنی لێکۆڵەرێک وەکوو خولیایەکی شەخسی دەردەکەوێت – خاڵی نییە لەم ڕەهەندە – کە بە بیری کەسدا نایەت وەرگەڕێت بۆ بەرهەڵستی مەکینەیەکی زەبەلاحی چەوساندنەوە. هەر ئەوەی “تۆدۆرۆف” ڕاستەوڕاست ئەگەر تەنیا لەسەر زاریش بێت دان بە کارکردنی دەسەڵاتی باڵادەستدا نانێت یان ئەوەی ڕازی نابێت بەوەی کارکردنی ئەو بەناو سانسۆرکردندا بڕوات و لەناو زاراوەسازی کۆدەزگای مەعریفی ستەمکاردا هەموار بکرێتەوە؛ ئەگەر تەنانەت ڕاستەوخۆش نەڕواتە خزمەت بەرهەمهێنانەوەی هەمان کۆدەزگاوە، خۆی لە خۆیدا نەک هەر بەرەنگارییە بەڵکوو گەڕانە بۆ بەدیلی ناهاوشێوە.
کەواتە نووسەران، لێکۆڵەران، ڕۆشنبیران و… بیانەوێت یان نا، بزانن یان نا لە ڕێگەی هەڵبژاردنی نەک ڕوانگە و جیهانبینییەوە کە شتێکی ڕوون و ئاشکرایە، بەڵکوو لە ڕێگەی هەڵبژاردنی میتۆد و کەرەستەی کارکردنەوە، بەجۆرێک لە جۆرەکان دەکەونە ناو کۆدەزگای مەعریفی چەوساندنەوە و بەرهەمی دەهێننەوە یان دەکەونەوە دەرەوەی و ڕووبەڕووی دەبنەوە. هیچ جۆرە ڕەچەتەیەکی پێشوەخت ئامادە، هیچ جۆرە ڕێکارێکی مسۆگەر و هیچ جۆرە نەخشەڕێگایەکی گەورەی جیهانبینی، میتۆدی، ڕوانگەیی و… لەئارادا نییە کە خۆبەخۆ جێبەجێ بکرێت. بۆ نموونە فۆرمالیزم و بونیادگەری هەر بۆ “تۆدۆرۆف” کاتێک دەڕواتە فەڕەنساوە کە سیاقێکی ترە، چیدی سەر بە کەرەستەی مەعریفی ئەڵتەرناتیڤ نییە و لە ماتەئەگەری ڕووبەڕووبوونەوە بەتاڵە.
بێگومان ئەم تیشکۆ خستنە سەر سیاقگەرایی بەمانای بە موتڵەقکردنی سیاق نایەت بەو واتایەی کە کەرەستەکان لەناو خۆیاندا بێلایەن و بێگەردن و ئەوە تەنیا سیاقە ئەرکدار و گەردداریان دەکات، لە بەرانبەردا کەرەستەکانیش لەناو خۆیاندا ئاراستە و لایەنگریان تێدا هەڵکۆڵراوە کە زۆر ناڕاستەوخۆ و نادیار کاریگەری دادەنێن. هەر بۆیەش هەندێ کەرەستە هەیە لە هیچ سیاقێکدا ناتوانێت ببێتە بەشێک لە ڕێگادۆزەکانی دەرچوون بەڵکوو سەر بە ونکردنی ڕێگاکانی دەرچوونە. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ کەرەستە هەن ئەگەرچی بەشێوەیەکی گشتی دەکەونە ناو کۆدەزگای مەعریفی زاڵێتییەوە لەگەڵ ئەوەشدا لە هەندێ برگەی تایبەت و سیاقی دیاریکراودا بۆ ماوەی کاتی ئەرکی تێپەڕاندنی هەمان کۆدەزگا لە ئەستۆ دەگرن کە لە بنەڕەتدا بۆ بەرهەمهێنانەوەی ڕۆنراون. لەم سۆنگەوە نووسەران، لێکۆڵەران، ڕۆشنبیران و… بە گوێرەی شێوازی کارکردن، میتۆد و کەرەستە مەعریفییە بەکاربراوەکانیان لە سیاقە دیارکراوەکاندا دەکەونە ناو ئاراستە، لایەن و پانتاییە جیاوازەکانەوە.
لە پەیوەند بەمەوە دەشێت ئاماژە بە کارکردنی کۆڕی زانیاری کورد بدەین وەکوو گەورەترین ڕووداوی مەعریفی پێش ڕاپەڕین لەناو زمانی کوردیی ناوەندیدا، کە چەقی کارکردنی بریتی بوو لە زمان وەکوو زمان. بەشدارانی کۆڕ، هاوشێوەی تۆدۆرۆف بە هەڵبژاردنی پانتایی کارکردنیان لەناو زماندا کە کەمترین بەرکەوتەی بە ئایدۆلۆژیای ڕژێمی بەعس هەبوو، لە پانتایی جیاوازدا ڕووبەڕووی ڕژێمی باڵادەست بوونەوە و لە دەرەوەی کۆدەزگای مەعریفی بەعسەوە مژۆڵی کارکردن بوون. ئەم جۆرە لە ئیشکردنی کۆڕی زانیاری کورد جگە لەوەی میراتێکی گەورەی زمانیان بوونیاد نا، شێوازی نوێی بەرەنگاری و ڕووبەڕووبوونەوەی دڕەندەترین ڕژێمی خاپورکەریان داهێنا. لەگەڵ ئەوەشدا دەشێت بوترێت هەمان شێوازی کارکردنی کۆڕ، لە ئێستادا لە بەرەنگاری بەتاڵە و بەگوێرەی گۆڕانی سەردەم و هەلومەرج شێوازەکانیش دەگۆڕێت. ئیشکردن لە زماندا وەکوو زمان گرنگی خۆی لەدەست نەداوە، بەڵام چیدی گۆڕانساز نەماوە و ئێستا دەشێت لە پانتایی تردا ئەو کارە بکرێت.
“تۆدۆرۆف” لە ناوەڕاستی هەفتاکانەوە بەرەو سەر ڕوانگەی دەگۆڕێت و تا زیاتر دەڕوات ڕوانگە گۆڕاوەکەی گەشە دەکات و فراوانتر دەبێت. لە کتێبی «ئەدەب لە مەترسیدا» بە نزیکەی ڕەخنەی زۆر میتۆد و کەرەستەی کارکردنی ڕابردوو دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا ڕەخنەی شێوازەکانی ڕووبەڕووبوونەوە و مامەڵەکردنی جیهانی، ئەوروپی و فەڕەنسی لەگەڵ ئەدەبدا دەکات. ئەم کارەشی هەر لە پێشەکییەکەوە دەست پێ دەکات. ئەمەش لە ڕێگەی بەیادهێنانەوەی ئەو گۆڕانەی لە کارکردنیدا پشتڕاست دەکاتەوە. لە درێژەی باسکردنی ئەو گۆڕانکارییەدا بەم جۆرە دەدوێت: «بەم بۆنەوە پانتایی ئەو بابەتانەی دەبوو، ئاشنایان بم فراوانتر بوو. ئەدەب لە بۆشاییدا نایەتەبوون، بەڵکوو لە هەناوی کۆمەڵە گوتارە زیندووەکانەوە پەیدا دەبێت و خەسڵەتی هاوبەشی فراوانی لەگەڵ ئەو گوتارانەدا هەیە. کەواتە لەخۆوە نییە کە بەدرێژایی مێژوو سنورەکانی ئەدەب گۆڕاوە. وا هەستم دەکرد ئەم جۆرانە لە شێوەی دەربڕین سەرنجی ڕاکێشاوم، بێگومان نەک بە نرخی لەدەستدانی ئەدەبیات بەڵکو بە تەنیشتییەوە. بۆ نووسینی فەتحی ئەمریکا، بیرەوەری گەڕۆکەکان و فەتحکەرانی ئیسپانیای سەدەی شانزدە و هاوسەردەمە مەکزیکی و مایاکانیانم خوێندنەوە، تاوەکوو لەوە تێبگەم کە چۆنچۆنی کولتوورە تەواو بێگانەکان ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە. بۆ وردبوونەوە لە لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیانی ئەخلاقی، نقومی خوێندنەوەی نووسینی ئەو کەسانە بووم کە بۆ کەمپەکانی کاری زۆرەملێی ڕوسیا و ئەڵمانیا نێردرابوون. [کتێبی] ئەوپەڕی ئازار دەرەنجامی ئەم ڕامانانە بوو.»
قۆناغی پێشووتری کارکردن بووە، لەسەر فۆرمە زمانەوانییەکانی دەقی ئەدەبی و پانتایی کاکردنی لەسەر ڕەهەندە زمانییەکەی دەقەکان چڕ کردووەتەوە و کاری بەسەر لایەنەکانی ترەوە نەبووە. ئەوەی بۆی مەبەست بووە تەنیا ڕەهەندە تەکنیکی و فۆرماڵەکانی دەق بووە بەبێ گرێدانەوەی بە ناوەڕۆک و فۆرم گرتنەوە. ئەمەش لە ڕاستیدا زیاتر دەڕواتە ناو خانەی لێکۆڵینەوەی میکانیکی دەقەوە؛ بۆ ئەم کارەش پێویستە سەرەتا فێری تەکنیکە دیارکراوە بەکاربراوەکان ببێت. بۆ نمووونە لێکۆڵەری گێڕانەوەناسی تەنیا ئەوەندەی لەسەرە، گێڕانەوەناسی باش بناسێت و فیریان ببێت و دواتر لە کاتی لێکۆڵینەوەی دەقی ئەدەبیدا بەشێوەیەکی میکانیکی بۆ ڕەگەزەکانی گێڕانەوە و شێوازەکانی بگەڕێت. وەک ئەوەی لە ئێستا زۆرینەی مامۆستاکانی زانکۆی کوردستان پێوەی خەریکن. ئەم ڕەهەندەش گرنگی خۆی هەیە بەڵام لە سیاقی خۆیدا و هەروەها لە درێژەی پەیوەستکردنەوەی بە واقیعەوە. بەگشتی لێکۆڵەری لەم جۆرە لە یەک ڕەهەندی دەقدا چڕ دەبنەوە و لەو پانتاییەدا زانیاری کۆ دەکەنەوە و لە هەمان بواردا بەکاری دەبەنەوە لە ئەنجامدا دەبینین لێکۆڵینەوەکانیان شتێکی گۆڕانساز ناخاتەوە.
لە بەرانبەردا، بەناو گۆڕانەکەی تۆدۆرۆفدا کە بێگومان ئەم گۆڕانکارییەی لە کاریگەری میخایل باختین خاڵی نییە. چونکە ئەوە باختینە کە نەک هەر لێکۆڵینەوە ئەدەبییەکان بەڵکوو لێکۆڵینەوە زمانییەکان دەخاتە ناو دڵی مێژوو، کۆمەڵەگا و واقیعەوە. بە دەربڕینێکی تر هەر جۆرە لێکۆڵینەوەیەکی ئەدەبی لە دەقێکی دیاریکراو هەرچەندە فۆرمالیست بێت دیسانەوە پەیوەندی بە واقیع، کۆمەڵگا و مێژووەوە هەیە، تەنانەت ئەگەر بە مەبەست ئەم ڕایەڵانە بپسێنرێت. لێرەوە دەبینین پانتایی لێکۆڵینەوە لە ئەدەب بە ئەندازەی پانتایی لێکۆڵینەوە لە هەرسێ پانتایی مێژوو، کۆمەڵگا و واقیع فرواوان دەبێت. چیدی تەنیا کەرەستە فۆرمالیستییەکانی لێکۆڵینەوە دەق بەشی لێکۆڵینەوە لە دەق ناکات، لەبەرئەوەی دەقی ئەدەبی خۆی لە ڕاستیدا فراوانترین جۆری دەقە. بۆیە وەک “تۆدۆرۆف” لێکۆڵەری بواری ئەدەب ئەگەر بیەوێت بەجیدی کار بکات دەبێت ئاگاداری بوارەکانی مێژوو، فەلسەفە، دەروونناسی، مرۆڤناسی، کۆمەڵناسی و… هتد بێت. بە تەنیشت ئەمانە شارەزایی لە تیۆری ئەدەبی و میتۆدەکانی لێکۆڵینەوەی دەقی ئەدەبی دەتوانێت بە کەڵکی بێت؛ بەدەر لەمە خوێندنەوەکان میکانیکی و تاک ڕەهەند دەبن.
ئەمە تەنیا بۆ لێکۆڵەرانی دەقی ئەدەبی ڕاست نییە بەڵکوو ڕۆماننووسان، چیرۆکنووسان، شانۆنامەنووسانیش بە هەمان شێوە ڕاستە. وەکوو “تۆدۆرۆف” دەڵێت: ئەدەب لە بۆشیاییدا نایەتەبوون. ڕۆماننووس بە تەنیا بە خوێندنەوەی بەرهەمە ئەدەبییەکان و بوارەکانی لێکۆڵینەوەی ئەدەبی ناتوانێت ببێتە ڕۆماننووس؛ جگە لەوەی دەبێت شارەزایی مێژووی ئەدەب، تیۆری ئەدەبی، تیۆری ڕۆمان و لایەنە ڕۆنانییەکەی بێت، دەبێت ئاگادار و خوێنەری بەردەوامی بوارەکانی، فەلسەفە، کۆمەڵناسی، دەروونناسی، مێژوو بە گشتی و ئەو بوارە پەیوەندیدارانەی کە پەیوەستە بە ئەو ڕۆمانە دیاریکراوەی تێدا دەنووسێت. ئەمە بە مانای ئەوە نایەت رۆماننووس دەبێت کۆمەڵناس یان مێژوونووس بێت و لەو بوارانەدا نووسینی هەبێت یان تەواو شارەزایی ئەو بوارانە بێت بەڵکوو بە مانای ئەوە دێت ئاگاداری ئەو بوارانە بێت و خوێنەریان بێت نەوەک نووسەری ئەو بوارانە کە نووسەری تایبەتی خۆیان هەیە. بۆ نموونە ئەگەر دەیەوێت ڕۆمانێکی خەیاڵی زانستی بنووسێت بەدەر لەو بوارانەی کە ناوبراو بۆ ئەم جۆرە لە ڕۆمان دەبێت لانیکەم ئاگاداری فیزیای مۆدیڕن بێت. ئەمەش جارێکی تر ئەو تێزە پشتڕاست دەکاتەوە کە ڕۆمان هاوشێوەی کۆمەڵگا و مرۆڤە؛ واتە ئەو بوارانەی پەیوەستن بە لێکۆڵینەوە لە مرۆڤ و کۆمەڵگا ئەوا بە گشتی ئاگاداربوونیان بۆ ڕۆماننووسین پێویستە.
دواجار هەموو ئەمانەش گرەنتی ئەوە ناکات ڕۆماننووس بتوانێت ڕۆمانێکی جیدی بنووسێت و بەرهەمێکی ئەدەبی دانسقە بەرهەم بهێنێت. جگە لەمانە پەیوەستە بەو شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەو کەرەستانە و هەروەها شێوەی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ واقیعدا. هەموو ئەمانەش ئەدەبی جیدی دەگمەن وکاریگەر دەکات؛ هەر بۆیەش “تۆدۆرۆف” لە کۆتایی پێشەکی کتێبەکەیدا بەم جۆرە باس لە ئەدەب دەکات: « ئەگەر ئەمڕۆ لەخۆم بپرسم بۆچی ئەدەبم خۆش دەوێت؛ ئەو یەکەم شتانەی کە بە زیهنمدا دێت ئەمانەیە: ئەدەب یارمەتیم دەدات بژیم. چیدی ئەوەندەش وەکوو سەردەمی لاویم چاوەڕوانیم لە ئەدەب نییە تا لە زیانەکانی بەرکەوتن بە مرۆڤە ڕاستەقینەکان بمپارێزێت. ئەدەب لە ئەزموونی واقیعی ژیان بێبەریم ناکات، بەڵکوو دیمەنی جیهانگەلێک لە درێژەی جیهانی واقیعیدا بە ڕوومدا دەکاتەوە و ئەو دەرفەتەم بۆ دەرەخسێنێت تاوەکوو باشتر فامی بکەم. پێم وانییە تاکەکەس بم کە بەو شێوەیە لە ئەدەب دەڕوانێت. ئەدەب پوختر و ڕەوانتر لە ژیانی ڕۆژانە، جیهانمان فراوان دەکات و بێگومان تەواو لێی جیاواز نییە و هانمان دەدات بەشێوەی تر درکی پێ بکەین و ڕێکی بخەین. هەموومان لەو شتانە دروستکراوین کە ئەوانیتر پێیان داوین: سەرەتا دایکبابمان و دواتر ئەوانی دەوروبەرمان. ئەدەب ئەو ئیمکانەمان دەداتێ لەگەڵ ئەوانیتردا مامەڵەی ناکۆتامان هەبێت و لە ئەنجامدا زەوەندترمان دەکات. هەستی وەها دانسقەمان خەڵات دەکات کە دونیای واقیعیمان جوانتر و پڕ ماناتر دەکات. ئەدەب نە سەرگەرمییەکی سادەیە و نە کەیفخۆشییەکی تایبەت بە خوێندەوەران بەڵکوو دەرفەتێکە لەبەردەم هەموواندا تاوەکوو ئەرکی مرۆیی خۆیان باشتر و شایستەتر بەجێ بهێنن.» ئەو دەقە ئەدەبییانەی کە هەڵگری ئەم خەسڵەتانە بن، بێگومان تەنیا لە یەک پانتاییەوە سەرچاوە ناگرن و تاگ زاکە نین؛ لە بوارە جۆراوجۆرەکانەوە بەناو ئەزموونی تیاژیاو و ئەزموونی مەعریفی نووسەردا سەرچاوە دەگرن و خۆشیان فرەیی و پڕێتی ژیان و ئەزموون دەئافەرێننەوە.