ڕه‌نگه یه‌کێک له‌و سه‌رده‌مانه‌ی که په‌یوه‌ندی ده‌سه‌ڵات و جنۆکه به چڕی و خه‌ستی باسی لێوه‌کرابێت، سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی حه‌زره‌تی سوله‌یمان بووبێت، به پێی گێڕانه‌وه‌کان؛ له سه‌رده‌می ئه‌ودا هێشتا جادووگه‌ری و سیحر له کون و سه‌ردابه تاریکه‌کانی سه‌رزه‌مینی ژێر ده‌سه‌ڵاتیدا به‌رده‌وام بووه و هه‌ر به‌م هۆیه‌ش خوادی گه‌وره گله‌یی لێ ده‌کات و لێی ده‌پرسێت که بۆچی به‌م هه‌موو ده‌سه‌ڵات و شکۆمه‌ندییه‌وه، که پێم به‌خشیوی هێشتا خه‌ڵکانێک له مه‌مله‌که‌ت و سه‌رزه‌مینی تۆدا هه‌ن که شه‌ریک بۆ خودا داده‌نێن و ڕوویان کردووه‌ته سیحر و جادووگه‌ری؟ پاش ئاگادارکردنه‌وه‌ی سوله‌یمان له‌م بابه‌ته، ئه‌و ده‌ست ده‌کات به گرتن و له‌ناوبردن و نه‌هێشتنی ئه‌و ئاسه‌واره دژه ئایینی و کۆمه‌ڵایه‌تییه و دیاره به ته‌نیا ده‌ره‌قه‌تی هێزی جنۆکه‌کان نایه‌ت، تاکوو له لایه‌ن خوداوه ئه‌نگوستیله‌یه‌کی سیحراویی بۆ ده‌نێردرێت که ده‌سه‌لاتی زاڵبوون و سه‌رکه‌وتن به سه‌ر جنۆکه‌کانی پێ ده‌به‌خشێت و ئه‌نگوستیله‌ی سوله‌یمان ئێسته له ده‌ربڕین و ده‌سته‌واژه‌ی باوی سیاسی و ته‌نانه‌ت ئه‌ده‌بیاتیشدا به مانای ده‌سه‌لاتێکی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر به سه‌ر دیارده نا سرووشتی و ڕامنه‌کراو و نه‌ناسراوه‌کاندا دێت.
ئه‌گه‌رچی زۆرێک له سه‌ر ئه‌م بابه‌ت و ڕووداوه له سه‌رده‌می حه‌زره‌تی سوله‌یماندا کۆک و ته‌بان، به‌ڵام له باره‌ی قۆناغی ده‌سه‌لاتدارێتی حه‌زره‌تی سوله‌یمان هێنده‌ی گێڕانه‌وه‌ی بان سرووشتیی له ده‌قه پیرۆزه‌کانی وه‌کوو قورئان و ته‌ورات (ئه‌ویش به ڕاده‌یه‌کی که‌م) هه‌یه، گێڕانه‌وه‌ی مێژوویی وامان نییه که پشتی پێ ببه‌ستین، به‌ڵام کێشه‌که لێره‌دا ئه‌مه نییه، ئه‌و گێڕانه‌وه‌یه‌ی که له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی حه‌زره‌تی سوله‌یمان هه‌یه به‌ر له هه‌ر شتێک به زمان و ده‌ربڕینی سه‌رده‌مه‌که‌ی خۆی و له سیاقێکی دینیی که‌ونینه‌دا باس کراوه و بێگومان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خه‌یاڵدانی خه‌ڵکی سه‌رده‌مه‌که‌ش بووه، ئه‌مه جیا له‌وه‌ی که سه‌رده‌می ئه‌و پێغه‌مبه‌ره سه‌رده‌مێک بووه که زۆربه‌ی مێژووناسان و، ڕاڤه‌کارانی کتێبی پیرۆز هاوده‌نگن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که دادپه‌روه‌ری و پێشکه‌وتنی کشتوکاڵ و ئاسایشی وڵات له‌وپه‌ڕی خۆیدا بووه جگه له‌و شه‌ڕه جار نا جارانه‌ی که له‌گه‌ڵ زلهێزه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌م ه‌و ده‌رودراوسێکان و، ئه‌و ناکۆکییانه‌ی که له‌گه‌ڵ فه‌له‌ستینییه‌کانی کۆن هه‌بووه.
ئه‌م دیمه‌نه گشتییه‌ی جیهانی که‌ونارام وه‌کوو بیرخستنه‌وه‌یه‌کی خێرا هێنایه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بێمه سه‌ر باسی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی که نێزیکه‌ی سێ هه‌زار ساڵ پاش ده‌سه‌ڵاتدارێتی حه‌زره‌تی سوله‌یمان و له چاخی ئه‌نته‌رنێت و شه‌ڕه گه‌وره و بچووکه میدیاییه‌کان و نۆرمه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و پێشکه‌وتنی مرۆڤ له هه‌ر ڕوویه‌که‌وه له‌وانه فه‌لسه‌فی شیکارانه‌ی زمان و کاریگه‌ریی له‌سه‌ر کۆی مه‌عریفه‌ی مرۆیی به سیاسه‌تیشه‌وه و لێکدانه‌وه‌ی ده‌قه پیرۆزه و ئاسمانییه‌کان به تێگه‌یشتن و ئامرازه زه‌مینییه‌کان، واته ئه‌قڵ و زمانه‌وه و ده‌یان ڕووداو و شۆڕشی گه‌وره و بچووکی دیکه، باسی ڕۆڵی جنۆکه له تێکدانی وڵاته‌کانیان و هه‌وڵ بۆ دیاریکردنی به‌ره‌یه‌کی شه‌ڕ و تاریک ده‌ده‌ن تاکوو به‌م شێوه‌یه خۆیان وه‌کوو به‌ره‌ی تیشک و ڕووناکی وێنا بکه‌ن و، به‌پێچه‌وانه‌ی سه‌رده‌می سوله‌یمانی نه‌بی له‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵی و دزی و بێ ئه‌خلاقییه‌ی که ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان دروستی کردووه و کۆمه‌ڵگایان پێ گه‌ناندووه خۆیان ده‌رباز بکه‌ن. پاش ئه‌وه‌ی که “نیکۆلای ماکیاڤیلی” بیرمه‌ندی ئیتالی کتێبی “شاریار”ی له ساڵی 1513 نووسی ڕه‌نگه ڕۆشنگه‌رانه‌ترین و ڕاشکاوانه‌ترین هه‌ڵوێسته و داننان به فۆرم و ماهییه‌تی ده‌سه‌ڵات له سه‌ده‌ی شانزه‌دا کرابێت، ئه‌و ده‌سه‌ڵاتی وه‌کوو هه‌ر جۆره ئه‌گه‌ر و بڕیارێک که له لایه‌ن شاریارێکه‌وه ده‌توانێت بێته ئاراوه وێنا کرد، که هێنده‌ی ئیراده‌ی ئینسانی تێیدا به‌شدار و ڕۆڵگێڕه، ئیراده‌ی ئیلاهیی و ئاسمانی لێی به‌رپرسیار و کاریگه‌ر نییه.
دواتر ئێمه فه‌یله‌سووفی گه‌وره توماس هابز (له‌دایکبووی 1588) ده‌ناسین که له کتێبی “لۆیاتان”دا قاڵب و قه‌واره‌ی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات ڕوونتر ده‌کاته‌وه و، وه‌کوو ئه‌ژدیهایه‌کی حه‌وت سه‌ری ناو ده‌ریاکان وێنای ده‌کات و به‌م شێوه‌یه ئاره‌زوو و، خواسته‌کانی ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت زیاتر به بارێکی نه‌رێنی و تاریک‌دا ده‌بات و هه‌ر له سه‌ر کۆڵه‌که‌ی ئه‌و تێڕوانینه‌ی ئه‌و تا ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێمه میدیای ئازاد، یاساکانی دیموکراسی و ئازادی و هه‌موو ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ی که شۆڕشه یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی مرۆڤایه‌تی به‌تایبه‌تی شۆرشی 1789-1799ی فه‌ره‌نسه به‌رهه‌می هێناوه، جۆره سنووردانان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و سیسته‌مێک له کۆنترۆڵیان بۆ و له‌هه‌مبه‌ر ده‌سه‌ڵات دیاری کرد و ڕۆژنامه‌نووسان، کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، ڕێکخراوه ناحکوومییه‌کان، ڕێکخراوه‌کانی تایبه‌ت به مافی مرۆڤ له ئاستی نێوده‌وله‌تیدا، نووسه‌ره ڕه‌خنه‌گره‌کان و ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به ئازادیی به مانا ڕاسته‌قیه‌نه‌که‌ی هه‌یه و ده‌یان میکانیزمی دیکه‌یان بۆ لێدان و کۆنترۆڵکردنی ئه‌م ئه‌ژدیهایه حه‌وت سه‌ره به پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگاکان هێناوه‌ته ئاراوه، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه هێشتا به مانای ئه‌وه نییه که ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌کان به ئاسانی ده‌که‌ونه ژێڕ ڕکێفی خواستی کۆمه‌ڵگا و له ئاره‌زوو و خواسته بێ‌سنوور و ئیلاهییه‌کانی خۆیان واز دێنن، چونکه ئێمه ده‌زانین ئایدیا و بیرۆکه‌ی ئیلاهیبوونی ده‌سه‌ڵاته‌کان هه‌ر له سه‌رده‌می کۆنه‌وه تا ئێسته‌ش بۆ مرۆڤ ڕاکێش کراوه و ئێسته به فۆرمی دیکه خۆی ده‌نوێنێته‌وه و پیشانی ده‌دات.
دوای شۆڕشی گه‌وره‌ی فه‌ره‌نسا و پاش به‌ر‌ته‌سککردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کلیسا و دامه‌زراوه ئایینییه‌کان له ده‌سه‌ڵات و حوکمڕانی، ڕۆژئاوا به‌ره‌و ئاقارێکی دیکه ڕۆیشت و عه‌لمانیت و سیکۆلاریزم بوون به پارادایمی زاڵ و ده‌سه‌ڵات له هه‌ر جۆره پیرۆزی و پیرۆزاندنێک داته‌کێنرا، به‌ڵام به‌م حاڵه‌ش دیسان ئه‌ندێشه و بیرکردنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه له ده‌سه‌ڵات و تۆڕه‌کانی، له ڕۆژئاوا به‌رده‌وام بوو و ئێمه له ڕێگه‌ی میشیل فۆکۆ(1926-1984)وه له هه‌موو ڕه‌نگگۆڕی و شێوه‌گۆڕییه‌کانی ده‌سه‌ڵات تێده‌گه‌ین که به مه‌به‌ستی به‌رده‌وامی خۆی ئه‌نجامی ده‌دات. به‌ڵام چیرۆکه‌که له ڕۆژهه‌ڵات به شێوه‌یه‌کی دیکه‌یه و تا ئێسته‌ش هه‌ر ئه‌و پارادایمه کۆنه‌ی ده‌سه‌ڵاته خورافییه‌کان به ناوه‌رۆکیکی گه‌نده‌ڵ و داڕزاوه‌وه به‌رده‌وامه، ڕێژه‌ی گه‌نده‌ڵی له دوو وڵاتی ئیران و ئێراق گه‌واهیده‌ری ئه‌وه‌ن که ئایدۆلۆژیای پیرۆزی ئه‌وان بۆ حوکمڕانی نه‌ک ته‌نها دادپه‌روه‌ری و دابه‌شکردنی هاوسانی داهات و…ی به دیاری نه‌هێناوه، به‌ڵکوو بووه به هۆی له‌به‌ر یه‌ک هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی شیرازه‌ی کۆمه‌ڵگا و بره‌و په‌یداکردنی بێ ئه‌خلاقی و کوشتن و بڕین و هه‌ژاری تا ئاستێکی سامناک، به‌ڵام به‌م حاڵه‌شه‌وه له وڵاتێکی وه‌کوو ئێران هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌کانی خورافییه‌ت و غه‌یبانییه‌ت له ده‌سه‌ڵاتدا به‌کار ده‌هێنرێت بۆ ئه‌وه‌ی که ئه‌م ده‌سه‌ڵاته به‌سه‌ر خه‌ڵکدا به‌و شێوه خوێنمژانه‌یه‌ی خۆی به‌رده‌وام بێت.
هۆی ئه‌وه‌ی که ئه‌ورووپا پارادایمی سیکۆلاریزمی سه‌رخست و سه‌رکه‌وتوو بوو، کارکردنی بنه‌مایی و چاکسازیی له بنه‌ما و ژێرخانه‌کانی کو‌لتووری گشتی و کۆمه‌ڵگا بوو به پێچه‌وانه‌ی وڵاتانی ڕؤژهه‌ڵاتی که هێشتا تێگه‌یشتنیان بۆ ئایین له به‌ده‌ویترین و سه‌له‌فیانه‌ترین حاڵه‌تیدا بوو و ئه‌مه‌ش بوو به‌هۆی هاتنه سه‌ر کاری ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی که به ناوی هه‌ر ئه‌و خه‌ونه‌ی خه‌ڵکه‌وه خوێنی خه‌ڵک بمژن و، هه‌رچییه‌ک له دادپه‌ره‌وه‌ی به مانا ئایینی و غه‌یری ئاینییه‌که‌یه‌وه نه‌مێنێت و، له به‌رامبه‌ردا و به که‌ڵک وه‌رگرتنێکی گه‌نده‌ڵکارانه له‌و ژێرخانه به‌سه‌رچوانه، نیزام و ده‌زگایه‌کی ئایدۆلۆژیک به‌رهه‌م بهێنن که مانه‌وه‌یان گه‌ره‌نتی بکات.
بۆ نموونه له ڕووداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی ئێران، یه‌کێک له به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ئیتلاعات باس له به‌شداری جنۆکه شه‌یتانییه‌کان ده‌کات له‌و دۆخه‌ی که شۆڕشی ژینای به‌رهه‌م هێنا، ئه‌مه ته‌نها گۆشه‌یه‌کی بچووکی ناو ئایدۆلۆژیای شیعی-فارسییه، ئه‌گه‌ر توێژینه‌وه‌یه‌کی سه‌رپێی بکه‌ین؛ ده‌زانین که له سه‌رده‌می ئه‌حمه‌دی نه‌ژادوه زیاترین کتێب له‌باره‌ی شه‌یتان و بابه‌ته غه‌یبانییه‌کانی په‌یوه‌ست به جنۆکه جۆراوجۆره‌کانه‌وه نووسراون و، تیۆریداڕێژه‌رانێکی وه‌کوو حه‌سه‌نی عه‌باسی؛ به‌رپرسی پێشووی توێژینه‌وه ستراتیژیکه‌کان و گرێ‌دراو به سوپای پاسداران و نێزیک له عه‌لی خامنه‌یی و هه‌روه‌ها که‌سانێکی پڕوپاگه‌نده‌کار که ده‌ستیان به ئازادی له لێدوان و دانیشتنه زانکۆییه‌کاندا هێشتووه‌ته‌وه، وه‌کوو ڕائیفی پوور و ده‌یان که‌سی دیکه ئه‌م باوه‌ڕ و ئایدیایه‌نه به‌رهه‌م ده‌هێنن و دواتر ده‌که‌وێته خزمه‌ت ده‌سه‌ڵاته‌وه، له لێدوانه‌کانی خامنه‌ییدا له‌م ساڵانه‌ی دوایی به هێنانه‌وه‌ی ئایه‌ت له قورئانی پیرۆز 37 جار جنۆکه شه‌یتانییه‌کان به کار هێنراوه و ته‌واویش مه‌به‌ستی سیاسی و ئایدۆلۆژیی له پشته و هیچ په‌یوه‌ست نییه به بیر و باوه‌ڕی ئایینییه‌وه چون زۆربه‌ی ئه‌م جنۆکه شه‌یتانییانه‌ی ئه‌وان باسی ده‌که‌ن سه‌ر به ئیسرائیل و مووساد و ئامریکان، هه‌ندێ جاریش له ڕاڤه په‌راوێزییه‌کانیاندا کوردیش وه‌کوو به‌چکه جنۆکه ده‌ناسرێت و گرێی ده‌ده‌ن به‌م بابه‌ته‌وه.
ڕه‌نگه که‌سانێک وا بیر بکرنه‌وه که ته‌نها له ئاستی داموده‌زگا حکوومییه‌کانه‌وه ئه‌م بیرکردنه‌وانه هه‌ن و له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه بابه‌ته‌که به‌م شێوه‌یه نییه، ڕاسته ئێمه ئامارێکی وامان له به‌رده‌ست نییه که ئه‌م بابه‌ته یه‌کلایی بکاته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که لێی دڵنیاین باوه‌ڕ به غه‌یبانییه‌ت و خوارفیات(نموونه‌ی بره‌وپه‌یداکردی عیرفانی ئاڵقه له‌م ده‌یه‌ی دواییدا)ه له ئێران و به تایبه‌تی له ناو شیعه‌کاندا ئه‌مه زۆر زاڵه و ده‌سه‌ڵاتی ئایدۆلۆژی و تریبۆنه‌کانیشی توانیویه‌تی به خواست و هه‌ڵوێست و باوه‌ڕی سیاسییه‌وه هه‌ڵیپێکیت، ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته دۆکیۆمێنتییه‌کی وه‌کوو “ژیان پاش ژیان” به سه‌رپه‌رشتی که‌سێکی به‌سیجی و سوپایی به ناوی عه‌باسی مه‌وزون به‌رهه‌م ده‌هێنن که بابه‌تی ڕۆح و شه‌یتان و جنۆکه زیاتر په‌یوه‌ست بکه‌ن به ڕه‌هه‌ندی سیاسییه‌وه و مانه‌وه‌ی ڕۆحی و ئاسایشی ده‌روونی له دونیا و قیامه‌ت هه‌ڵپێکن به به‌رده‌وامیی ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامییه‌وه تاکوو هاتنی حه‌زره‌تی مه‌هدی و کاتێ ئه‌و هات ئه‌مانیش ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی ڕاده‌ست که‌ن و ئه‌ویش جیهان به‌ره‌و ڕزگاری ببات!
ئه‌م ڕه‌وته له بونیادنان و به‌رده‌ومیدان به ده‌سه‌ڵات ته‌نها بۆ شاردنه‌وه‌ی تۆتالیتاریزم و دیکتاتۆرییه‌تی ڕه‌های تاقمێکی ئایدۆلۆژیسته له ژێر ده‌مامکی عه‌با و کڵاوی ئاخوندی و ڕیشه‌وه، شتێک که ده‌بوو له جیهانی ئێمه‌دا ڕۆژ به ڕؤژ کاڵتر بێته‌وه شیوه‌ی گۆڕیوه و به جۆری دیکه گه‌ڕاوه‌ته‌وه و به داخه‌وه که به‌شێک له خه‌ڵکی سه‌رده‌می ئێسته‌س هێنده له ئاوه‌ز و واقیعبینی به‌تاڵ بووه هێزی جنۆکه‌ی ئیسرائیل باوه‌ڕ ده‌کات، به‌ڵام په‌نجا قات بوونی نرخی خانوو به‌ره بۆ کڕین و کرێ باوه‌ڕ ناکات! ئه‌مه‌یه ئه‌فسانه‌ی دره‌وشاوه‌ی ده‌سه‌ڵاته تۆتالیتاره‌کان که وه‌کوو لۆیاتانێکی ناسک له شێوه نوێکه‌ی له فۆرمی ماسییه‌کی سووری بچووک له سه‌ر سفره‌ی خه‌ڵک داده‌نرێت، به‌ڵام هه‌موو دونیا و ژیانیان هه‌ڵمه‌قووت و حه‌په‌لوو ده‌کات!