بیست و پێنج ساڵ بەسەر دامەزراندنى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام تائێستا لە چەندین وڵات جەنگ و تاوانى جەنگ بەردەوامە. رێکخراوى نەتەوە یەکگرتوەکان هۆکارەکەى دەگێڕێتەوە بۆ پابەند نەبوونى دەوڵەتان لە دادگایکردن و سزادانى ئەو تاوانبارانەى پێشێلکارییەکانى مافى مرۆڤ ئەنجام دەدەن. چاودێرانیش پێیان وایە تا زلهێزەکانى وەک ڕووسیا و چین و ئەمەریکا نەبنە ئەندام لە دادگای تاوانى نێودەوڵەتی، تاوانبارانی جەنگ دەدەن بە ئارەزووی خۆیان کارەکانیان دەکەن و بەبێ سزا دەمێننەوە.
لە ماوەی سەدەی بیستەمدا دوو جەنگى جیهانى روویدا، تووندوتیژیی بەکۆمەڵ لە چەندین وڵاتدا ڕوویدا، بەپێی هەندێک خەمڵاندن نزیکەی (١٧٠) ملیۆن هاوڵاتی مەدەنی ڕووبەڕووی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی بوونەتەوە.
هەرچەندە لەدواى کۆتایهاتنى جەنگە جیهانیەکان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەیمانیان دا “جارێکى دیکە جەنگەکان روونەدەنەوە”، بەڵام لە نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوودا، سەدان هەزار و لە هەندێک حاڵەتدا ملیۆنان کەس لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان کوژران، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەئاستیاندا دەستەوەستان بوو.
“لە روانداوە بۆ رۆما”
لە ساڵی (1994) لە ڕواندا لە ماوەی سەد ڕۆژدا، ئەندامانی هۆزی هۆتۆی دەسەڵاتدار نزیکەی (٨٠٠) هەزار کەسیان لە هۆزی توتسی کوشت. سەرەڕای بوونى زانیاری دروست و باوەڕپێکراو سەبارەت بەو کۆمەڵکوژییەی کە خەریکە لە ڕواندا ڕوودەدات، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتە ئەندامەکانى و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بۆ ڕێگریکردن لە کارەساتەکە دەستوەردانیان نەکرد. دواى روودانى ئەو کۆمەڵکوژییە، بیرۆکەی دامەزراندنى دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی هاتە کایەوە، بۆ ڕێگریکردن لە دەرباز بوون لە سزا لەسەر خراپترین دڕندەیی کە مرۆڤەکان ئەنجامى دەدەن. ئەوە بوو
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هاوینی ساڵی (١٩٩٨) لە ڕۆما لە کۆنفرانسێکی دیپلۆماسی گەورەدا بە چاودێرى نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە. بەمەبەستى دانوستان لەسەر یاسایەک بۆ دروستکردنی دامەزراوەیەک کە دەسەڵاتێکی دادوەری فراوانی هەبێت، بۆ دادگایکردنی ئەو کەسانەى کە بە ئەنجامدانى مەترسیدارترین تاوانەکان لە جیهاندا تۆمەتبار دەکرێن. لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا، پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتی کە بە “پەیڕەوی بنەڕەتى ڕۆما” ناسراوە واژوکرا، کە بە پەیڕەوی کارکردنى ئەو دەستە دادوەرییە باڵا هەمیشەییە دادەنرێت. لە کۆنفرانسەکەدا (١٢٠) دەوڵەت دەنگیان بە بڕیاری دامەزراندنی دادگاکە دا، حەوت دەوڵەت دەنگی نەخێر و (٢١) دەوڵەتیش بەشداری دەنگدانیان نەکرد، بەڵام ئەم دەنگدانە بەس نەبوو تاوەکو دەوڵەتەکە بەکردارى ببێتە ئەندامى دادگاکە، بەڵکو پەسەندکردنى پەیڕەوى دادگاکە لەلایەن پارلەمانى وڵاتانەوە کرایە مەرج، تاوەکو بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
“بەرەى ئەمەریکا و دەوڵەتانى عەرەبى”
سەرەڕای پشتیوانییەکی زۆری جیهانی، زلهێزە سەربازییە گەورەکانی جیهان لە دژی دادگای تاوانى نێودەوڵەتی دەنگیاندا، ئەمەریکا لەگەڵ کۆمەڵێک هاوپەیمانی نامۆدا لە دژی پەسەندکردنی یاساکە وەستایەوە، هەروەها بەردەوام ئارگۆمێنتی دژی دادگا و یاساکەی دەوروژاند، هەرچەندە بڕگە جەوهەرییەکانی پەیماننامەکە سازشى گەورەى لەخۆگرتبوو بۆ رەواندنەوەى نیگەرانییەکانی ئەمریکا کە لەپێش و لە کاتی دانوستانەکاندا دەریدەبڕى.
ئەم پەیماننامەیە لە ساڵی (٢٠٠٢) دواى پەسەندکرانی لەلایەن شەست دەوڵەتەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، ژمارەی دەوڵەتانی ئەندام تا ساڵی (٢٠١٦) گەیشتە (١٢٤) دەوڵەت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە نزیکەی تەواوی دەوڵەتانی عەرەبی نەبوونەتە ئەندامى ئەم دادگایە، جگەلە ئوردن، کۆمۆرۆس (جزر القمر)، تونس، جیبۆتی و فەلەستین، تەنانەت هەندێک دەوڵەت – وەکو قەتەر، سعودیە، ئێراق، لوبنان و لیبیا – تەنها پەیماننامەکەیان واژۆ کردووە.
“دەسەڵات و ئەرکەکانى دادگاکە”
لە پەیماننامەکەدا هاتووە، دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، وەک “دادگای کۆتایی”، دەتوانێت لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە و دادگایى لەگەڵ هەر کەسێکدا بکات کە بە چوار جۆر تاوان تۆمەتبار بکرێت: تاوانی جەنگ، جینۆساید، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی شەڕانگێزى. هەروەها دادگاکە لە یەکێک لە مادەکانیدا باسی لەوە کردووە “تەنها ئەو تاوانانە دەبینێت کە دوای دروستبوونی ئەنجامدراون”، واتە ئەو تاوانانە نابیێت کە پێش دروستبونى دادگاکە ڕوویانداوە.
سەربارى دیاریکردنى ئەو تاوانانە، بەڵام دەسەڵاتی دادگاکە سنووردار کراوە، بەو پێیەی مۆڵەت بە دادگای تاوانى نێودەوڵەتی نادرێت ڕێکارەکانی لێپێچینەوە و لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن ئەنجام بدات، کاتێک دەوڵەتێک نەیەوێت یان نەتوانێت ئەم جۆرە رێکارانە لە دژی هاووڵاتیانی خۆی یان هەر کەسێکی دیکە لەسەر خاکەکەی بگرێتەبەر. هەرچەندە دادگای تاوانى نێودەوڵەتی دەسەڵاتی ئەوەی هەیە لە هەر شوێنێکدا لێکۆڵینەوەکان دەستپێبکات، بەڵام دەتوانێت تەنیا هاووڵاتیان یان دانیشتوانی ئەو وڵاتانە دادگایی بکات کە پەیماننامەکەیان پەسەند کردووە، ئەگەر لەو دەوڵەتەى تاوانەکان تێیدا ڕوویانداوە ڕێگەی لێکۆڵینەوەى پێنەدرێت.
“کەیسەکانى کیشوەرى ئەفریقا”
دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان تا مانگی نۆڤەمبەری (٢٠١٢)،لە حەوت وڵاتدا (١٤) دۆسیەی تاوانکاری بينيوە، کە کۆی گشتی (٢٣) گومانلێکراو یان تۆمەتبار تێیدا بەشداربوون، ژمارەی کەیسەکانى دواتر گەیشتۆتە (31) کەیس، دادوەرەکانی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان (٣٨) فەرمانی دەستگیرکردنیان دەرکردوە. لە تۆمارەکانى دادگادا لە کیشوەری ئەفریقا، چوار کەیس هەبوو، یەکەم کەس کە لەبەردەمیدا ئامادەبوو تۆماس لوبانگا بوو، کە سەرۆکی میلیشیایەکی چەکداریى بوو تۆمەتبارکرا بوو بە چەکدارکردنى منداڵان و بەکارهێنانیان لە شەڕەکاندا لە کۆماری کۆنگۆى دیموکراتی. لە ساڵی (٢٠٢٠)دا دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، دەستیکرد بە دادگاییکردنی ئەلحەسەن ئاگ مەحمودی تووندڕەو، بەتۆمەتى ناچارکردنى سەدان ژن بە کۆیلایەتی سێکسی لە وڵاتی مالی، لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوودا، دادگاکە دەستیکرد بە دادگاییکردنی سەرکردەی میلیشیایەکى ناسراو بە عەلی کوشەیبى کە تۆمەتبارە بە ئەنجامدانى (31) تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە دارفور لە سودان.
“کێشەکان و کشانەوەى وڵاتان”
دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشەی مەترسیدار دەبێتەوە، لەوانە: بەهۆی نەبوونی هێزی ئاسایش و پۆلیسى تایبەت بەخۆى، ناچارە پشت بە حکومەتە نیشتمانییەکان ببەستێت، کە هەندێکیان بۆ گرتن و دیپۆرتکردنەوەی ئەو کەسانەی کە گومانیان لێدەکرێت و تاوانبارن پابەندى بڕیارەکانى دادگاکە نابن.
پێدەچێت کێشەکە لەو کاتەدا زیاتر روونتر دەربکەوێت کە تۆمەتبار هاووڵاتی بێت یان تەنانەت سەرۆکی دەوڵەت یان بەرپرسێکی باڵای وڵاتێک بێت، چونکە بێگومان زۆرێک لە وڵاتان نایانەوێت خەڵکی خۆیان دادگایی بکەن. سەربارى ئەوەش نەبوونی متمانەیە بە دادگا ناوخۆییەکان بۆ دادگاییکردنی بێلایەنانەی هاووڵاتیەکانیان لەسەر ئەو تاوانانەی لە دەرەوەی وڵات ئەنجامی دەدەن.
دەوڵەتەکان ناوبەناو لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان دەکشێنەوە، بەتایبەتى کاتێک تووڕە دەبن، بەنمونە دوای ئەوەی سەرۆکی فلیپین “ڕۆدریگۆ دوترێتی” لێکۆڵینەوەى لەگەڵدا کرا، لە چوارچێوەى کەیسى شەڕی ماددە هۆشبەرەکاندا کە حکومەتەکەی بەڕێوەی دەبرد، بەهۆیەوە هەزاران کەس کوژران و گەیشتە ئاستى تاوانی دژی مرۆڤایەتی، بۆیە ناوبراو جەختی لەسەر نەبوونی هاوکاری لەگەڵ دادگاکە کردەوە و رایگەیاند دانی پێدا نانێت، لەکاتێکدا لە ساڵی (٢٠١٩) لە پەیمانی ڕۆما کشایەوە. بابەتەکە گەیشتە ئەو ئاستەی کە هەڕەشەی دەستگیرکردنی داواکاری گشتی پێشووی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، “فاتۆ بنسودە” بکات.
داواکاری کشانەوە لە دادگای نێودەوڵەتی لە هەڵکشاندایە، زۆرێک لە وڵاتان چاویان لەوەیە بە هەموو شێوەیەک خۆیانى لێ دوور بخەنەوە، یەکەم ئەڵقەی زنجیرەی کشانەوەش لە وڵاتانی ئەفریقاوە دەستیپێکرد، کە هەندێک لە سەرکردەکانیان تۆمەتبار کران و دادگایی کران بە ئەنجامدانی تاوانى جەنگ، بۆیە هەندێک لە وڵاتانی کیشوەرەکە، لەنێویاندا باشووری ئەفریقا، دادگاکەیان تۆمەتبار کرد بەوەی تەنها ئەفریقییەکان دادگایی دەکات.
“ئەمەریکا: پاڵپشت و نەیارى دادگاکە”
مامەڵەى حکومەتى ئەمەریکا لەگەڵ دادگاکە، یەکێکە لە دیارترین نموونەکانى دووفاقى مامەڵەکردنى وڵاتان لەگەڵ ئەم دادگایەدا. چونکە ئەمەریکا پێشوازی لە دادگاییکردنی کەسانی دیکە دەکات لە لاهای، پشتگیری لە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو کەسانە دەکات کە تۆمەتبارن بە تاوانى جەنگ، بەڵام بابەتەكە تەواو جیاوازە کاتێک کەیسەکە تایبەت بێت بە هاووڵاتیانى ئەمەریکى. سەرۆکى پێشوترى ئەمەریکا بیل کلینتۆن (1993 – 2001)، پەیماننامەکەی واژۆکرد، بەڵام ئاماژەی بە “مەترسیەکان سەبارەت بە کەموکوڕییە بەرچاوەکان” لەو پەیماننامەیەدا کرد، بەتایبەتی بێتوانایی لە “پاراستنی ئەو بەرپرسە ئەمەریکییانەی کە بەشداری شەڕیان کردووە و تاوانگەلێکیان ئەنجامداوە کە بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی پۆلێن دەکرێن”، بەم شێوەیە، پەیماننامەکەی نەخستە بەردەم ئەنجومەنی پیران بۆ پەسەندکردن، بەڵام پێشنیاری بۆ سەرۆکى دواى خۆى “جۆرج بوش” کرد، بەردەوام بێت لەم سیاسەتە “تا نیگەرانییە بنەڕەتییەکانی وڵاتەکەی دەڕەوێنرێتەوە”.
لە ساڵی (٢٠٠٢)، لەسەر بانگەوازی کۆنگرێسی ئەمەریکا، “جۆرج بوش” ڕێککەوتنی ڕۆمای واژۆ نەکرد، لە بەرامبەردا فشاری خستە سەر حکومەتەکانی دیکە بۆ ڕێککەوتنی دوو قۆڵی کە پابەندیان دەکات بە ڕەتکردنەوەی رادەستکردنى هاووڵاتیانی ئەمەریکی بە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، هەروەها یاساى پاراستنى سەربازانى ئەمەریکای واژۆ کرد (هەندێکجار پێی دەوترێت یاسای داگیرکارى لاهاى)، کە ڕێگە بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی دەدات بۆ ئازادکردنی هەر ئەمریکییەک کە لەلایەن دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانەوە دەستبەسەر بکرێت.
هەرچەندە دواتر ئیدارەی (بوش و ئۆباما) هاوکارییەکی زیاتریان لەگەڵ دادگاکەدا بەدەستهێنا، هەروەها هاوکار بوون بۆ دادگاییکردنی فەرماندە جەنگییەکانی ئەفریقا، بەڵام ئیدارەی ترەمپ دوژمنکارانەترین هەڵوێستی لە بەرامبەر بەو دادگایە گرتۆتەبەر، لە مانگی ئەیلولی (٢٠١٨)دا دۆناڵد ترەمپ لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ڕایگەیاند کە ئەمەریکا “هیچ پشتگیرییەک” پێشکەش بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ناکات، چونکە “هیچ شەرعیەت و دەسەڵاتێکی دادوەری نییە”.
لە ساڵی (٢٠٢٠)، ئیدارەی ترەمپ سزای ئابووری و سنووردارکردنی ڤیزای بەسەر بەرپرسانی باڵای دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکاندا سەپاند، لەبەرامبەر هەوڵەکانیان بۆ لێکۆڵینەوە لە کارەکانی کارمەندانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، بڕیارەکەش دوای ڕاپۆرتێکی سەرەتایی دادگای تاوانى نێودەوڵەتیی هات کە هێزەکانی ئەمریکاى بە ئەنجامدانى تاوانى جەنگ لە ئەفغانستان لەنێوان ساڵانی (٢٠٠٣ و 2004) تۆمەتبار کردبوو.
واشنتۆن ناوەڕۆکى ڕاپۆرتەکەى ڕەتکردەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە “بێ بنەما” وەسفی کرد، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە ڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە ئەمەریکا سیستمی لێپرسینەوەی خۆی هەیە، بۆیە ملکەچی دەسەڵاتی دادوەری دادگای تاوانی نێودەوڵەتی نابێت.
لە سەردەمی ئیدارەی “بایدن” دا، سیاسەتی ئەمەریکا گەڕاوەتەوە بۆ پاڵپشتی لە دادگاکە. پاش ماوەیەکی کەم لە دەستبەکاربوونی، بایدن – بە ڕەچاوکردنی ڕێبازە خۆگونجاندنەکەی بەرامبەر بە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان – سزاکانی ترەمپی بەسەر بەرپرسانی دادگای تاوانى نێودەوڵەتیدا هەڵوەشاندەوە، هەروەها لە مانگی ئازاری (٢٠٢٢)دا، کاتێک هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا دەستپێکرد و بووە هۆى ئەنجامدانی دڕندەیی بە قەبارەیەکی بەرفراوان لە شارۆچکەی بوچای ئۆکراینا، سەرۆکی ئەمەریکا هاوتا ڕووسیەکەی بە “تاوانباری جەنگ” ناوبرد و داوای دادگاییکردنی کرد. چەند هەفتەیەک دواتر دادگای تاوانى نێودەوڵەتیی لێکۆڵینەوەی لە کارەکانی ڕووسیا لە ئۆکراینا دەستپێکرد، ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا بە کۆی دەنگ بڕیارێکی پاڵپشتی لە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی جەنگی ڕووسیا لە ئۆکراینا پەسەند کرد و ستایشی دادگای تاوانى نێودەوڵەتی کرد وەک دامەزراوەیەک کە دەسەڵاتی کارکردنی پێدراوە.
بەرپرسانی ڕووسیا بانگەشەى ئەوەیان کرد ئەو دڕندەییانەی کە بە شێوەیەکی بەرفراوان باس دەکرێن “ساختەن”. وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند لە شاری بوچا “هیچ هاووڵاتییەکی ناوخۆیی تووشی هیچ کردەوەیەکی تووندوتیژی نەبووەتەوە”، بۆیە دەسەڵاتدارانی ڕووسیا ئامادە نەبوون هاوکاری لێکۆڵینەوەکانی دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى بکەن.
“گومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان”
بەدەر لە دەوڵەتەکان کە بەزۆری بەرپرسیارێتی سەرەکی لە بەدواداچوونی گومانلێکراوەکاندا هەڵدەگرن، دەزگایەکی مرۆیی وەک کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش (UNHCR) بەرپرسیارێتى شاردنەوەى تۆمەتبارانى دەکەوێتە ئەستۆ. چونکە (UNHCR) لە ساڵی (٢٠١٣) بەرپرسیار بوو لە هەڵسەنگاندن و ڕەتکردنەوەی داواکاری پەنابەری لە زیاتر لە پەنجا وڵاتدا. بەڵام (UNHCR) پلەیەکی بەرزی نهێنی دەپارێزێت سەبارەت بەو زانیاریانەی کە پەنابەران پێشکەشی دەکەن.
لەبەرئەوەى (UNHCR) لەڕێگەى پەیوەندیکردن بە گومانلێکراوەکان، قوربانییەکان یان شایەتحاڵەکانەوە، سەبارەت بە کردەوە تاوانکارییەکان دەتوانێت دەستى بە زانیارى نایاب بگات، بەتایبەتى تاوانەکانی جەنگ و ئەشکەنجەدان، بۆیە چاودێران دەپرسن (UNHCR) چی لەو زانیاریانە دەکات کە کۆی دەکاتەوە؟ دەوڵەتان چۆن لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دەکەن؟
“بەرپرسیارێتى زلهێزان”
تائێستا “ڕووسیا و چین و ئەمەریکا” وەکو سێ زلهێزى جیهانى، خۆیان لە بەشداریکردن لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بەدوور دەگرن، بۆیە چاودێران دەڵێن ئەو خۆدورگرتنە ڕێگە بە تاوانبارانی جەنگ دەدات بە ئارەزووی خۆیان کارەکانیان بکەن. لەبەرئەوە دەپرسن: کەی ئەم وڵاتانە واز لەو بیرۆکەیە دێنن کە دەڵێت پێویستە ڕێگە بدرێت تاوانبارانی جەنگیى سەر بە خۆیان، بێ سزا بمێننەوە؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە ئەو دەوڵەتانە ببنە ئەندام لە دادگای تاوانى نێودەوڵەتیی؟
بەگوێرەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەربازبوون لە سزا کاتێک ڕوودەدات کە دەوڵەتان ئەرکەکانی خۆیان بۆ لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ جێبەجێ ناکەن، هەنگاوی گونجاو بۆ مسۆگەرکردنى دادگایکردن و سزادانى گومانلێکراوان ناگرنەبەر، هەروەها لە دادگایکردنى گومانلێکراوان لەسەر ئەنجامدانى پێشێلکارییەکانى مافى مرۆڤ کەمتەرخەمى دەنوێنن.
سەرچاوە:
اسراء سید: أفە الافلات من العقاب.. متى یحاکم الکبار على جرائمهم؟، موقع نون بوست، تأریخ النشر (20/8/2022).