ئێمە یەک زەوی و یەک کەش و یەک بەرگە هەوامان هەیە، لەوانەیە تایبەمەندێتی هەرێمێک لە هەرێمێکی تری سەر زەوی جیاواز بێت، بەڵام شادەمارێک هەیە ڕیشەی دارەکانی حەوزی ئەمازۆن لە باشووری ئەمریکا دەبەستێت بەدڵی ئێمەوە؛ ئەگەر لە دەشتاییەکانی گەرمیان بین یان لە کوێستانەکانی پشدەر.
لە ڕێگەی ئەم لاپەڕەیەوە، هەوڵ ئەدەم بەزمانێکی سادە هەندێ چەمک و دەستەواژە لەسەر سیستمی کەش و گۆڕانکارییەکان بخەمە بەردەستی خوێنەران، کە لە ڕاستیدا بۆ بەشێکی زۆر لە خەڵک ناڕوونن و تێگەییشتن لێییان ئاسان نیە.
لە وەڵامی ناونیشانی نووسینەکەدا کە دەپرسم بۆچی زەوی لەژێر هەڕەشەدایە، ئامارێک دەخەمەڕوو کە لەم ڕۆژانەی دووایدا بەخێرایی بەسەریدا تێپەڕبووم، ئەویش بوونی دوو ترلیۆن گازی گەرمکەرەوەیە لە بەرگە هەوادا. ئەم ڕێژە زۆرەی گازی وەک دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و میتان و وردیلە ئاو لە بەرگە هەوادا، توانای ئەوەی هەیە هەسارەی زەوی لە باشترین و گونجاوترین شوێنەوە بۆ ژیان بگۆڕێت بۆ هەسارەیەکی گەرم و لەناوچەی گونجاو دەری بکات. مەترسییەکە لێرەدایە.
بۆ و چۆن؟
ڕێژەی پلەی گەرمای زەوی بەشەوو ڕۆژو دەریاو زەوی و جیاوازیی هەموو شوێنەکانەوە، لە سنووری 14 پلەی سەدیدایە. ئەمەش وادەکات هەسارەکە گونجاو بێت بۆ نیشتەجێبوون و ژیان و جۆرەکان، جیاوازیش بێت لە هەسارەکانی تر. ئەوەی گەرمای زەوی لەم ئاستەدا دەپارێزێت، بوونی بەرگە هەوایە کە چینێکی ناسکی پێکهاتووە لە گازەکانی وەک نایترۆجین، ئۆکسجین، کاربۆن و هایدرۆجین و وردیلە ئاو و گازەکانی تر. ئەم چینە ناسکە کە ناوی بەرگە هەوایەو وەک کەمەرەی زەوییە، ڕێژەیەک لە وزەی هەتاو لەسەر زەوی دەسگیر دەکات و دەیهێڵێتەوەو رێژەیەکیشی دەگەڕێتەوەو بەرگە هەوا تێدەپەڕێنێت. ئەو ڕێژەیەی کە دەمێنێتەوە، دەبێتە سەرچاوەی ژیان لەسەر زەوی، وا دەکات جۆرەکان توانای مانەوەیان هەبێت.
لێرەوە بۆمان دەردەکەێت کاتێک ناوی گازە گەرمکەرەوەکان دەهێنین، مانای ئەوە نیە کە زیانبەخش بن، بەڵکو ژیانی سەر زەوی لەسەر بوونی ئەوان ڕاوەستاوە. ئەگەر ئەو گازانە لە بەرگە هەوادا نەبن، ئەوا وزەی هەتاو لەسەر هەسارەکەمان نامێنێت و هەمووی دەگەڕێتەوە بۆشایی ئاسمان. ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی پلەی گەرمای سەر زەوی بگاتە 19 ژێر سفر، چونکە بەبێ بوونی ئەو گازانەی ناومان هێنان، بەرگە هەوا نابێت و هیچ شتێک وزەی هەتا گل ناداتەوە.
گەڕانەوە بۆ پرسیارەکەی پێشوو: ئەو ڕێژە زۆری گازەکان و چڕبوونەوەیان لە بەرگە هەوادا، لە دەرەوەی قەبارەی سروشتیی خۆیاندان. ڕێک وەک ئەوە وایە ئۆتۆمبێلێک لەبەر هەتاوی هاویندا بووەستێنین و پەنجەرەکانیشی دابخەین، هەرچی وزە دەچێتەوە ژوورەوە قەتیس دەبێت و توانای دەرچوونی نیە. ئەمە بۆی هەیە ببێتە هۆی تێکدانی ئۆتۆمبێلەکە.
تێبینی: وێنەکە (گرافیک)ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە زەوی بەبێ گازەکان چۆن دەبێت و بەبوونی گازەکانیش چۆن دەبێت.