چەند ساڵێک پێش بەرهەمهێنانی (Inception)ی نۆلان، ساتۆشی کۆن فیلمی خەون-زنجیرەییەکان: Paprika (٢٠٠٦) بەرهەم هێنا. کۆن کە بە دیمەنە زیندوو و پشێوەکانی دیمەنە خەونەکانەوە بەستراوەتەوە، میتافیزیکی خەونبینینی خۆیمان پێدەبەخشێت و تۆڕێکی ئاڵۆز ئاشکرا دەکات کە تەحەدای هەندێک تیۆریستە سەرەکییەکانی دیکەی خەونەکان دەکات (وەک فرۆید). وەک پێداچوونەوەیەکی خێرا، فیلمەکە لە ژاپۆنی مۆدێرن هەڵکەوتووە کە توێژەران کار لەسەر “DC Mini” دەکەن؛ ئامێرێکی گەورە بۆ سەیرکردن و چوونە ناو خەونەکانی کەسێکی دیکە. توێژەران کار لەسەر کردنەوەی بەکارهێنانی ڕووکەشی ئەو شتە دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشانەی خەونی ناخۆشیان بینیوە. لە ئاستێکی قووڵتردا هەوڵدەدەن لە ڕێگەی دەستکاریکردنی خەونەکانەوە چارەسەری نەخۆشییەکان بکەن. بەڵام لە کۆتاییدا هێزی خەونەکان دەچێتە واقیع و تێدەگەین کە ئەم جۆرە فەزای سنوورییە ئەوەندە پەیوەندییان بە ژیانی خۆمانەوە جیانەکراوەتەوە کە ڕەنگە باوەڕمان پێی هەبێت.
“پێشەکی لەگەڵ فرۆید”
بەر لە دەسپێکی بابەتەکە، هاوتەریبی چارەسەری دەروونی لە دوو دۆخی یەکەمدا ڕوونە. زۆرجار لێکدانەوەکانی فرۆید بۆ خەونەکان ڕێگەیەک بوون بۆ ئەوەی نەخۆشەکە لە ئارەزووە نائاگاکانی تێبگات و بزانێت ئارەزووە نائاگاکانی چەندە بەدی نەهێنراون (وەک چۆن بۆ ئەو هەموو خەونەکان بەدیهێنانی ئاواتەکانن) لە ژیانی هۆشیارماندا زیانمان پێدەگەیەنن. لە ڕێگەی ئاوارەبوون و چڕبوونەوەی ئارەزوو و ترسەکانەوە، ئۆبژەی ڕاستەقینەی خەونێک شاراوەیە، بۆیە مرۆڤ دەبێت “ئاگاداری هەر شتێک بێت کە بەسەر مێشکی [خەونبینەرێک]دا دێت بەبێ هیچ ئیستسنایەک”[1]. دوابەدوای ئەمە، “خەونەکان بەرهەمی ئەقڵی خەونبین خۆیانن”[2]، بەو پێیەی کە دەرکەوتەی دەروونین، بە تەواوی مۆر کراون. بۆ شیکاری فرۆیدی، مرۆڤ دەبێت “خەونێک بەسەر توخمەکانیدا دابەش بکات و ئەو پەیوەندییەی کە بە هەریەکێک لەم پارچانەدا دەلکێت بە جیا بدۆزێتەوە”[3]. لە کاتێکدا ئەمە پشت بە نەخۆشەکان دەبەستێت کە باس لە خەونەکانیان دەکەن بۆ ئەوەی ڕێگە بدات پەیوەندییە شاراوەکان ڕوون بن، DC Mini ڕێگە بە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ دەدات. شێوازی “فرۆید” لە ڕێگەی نەخۆشەوە کار دەکات، کە تێیدا شیکاری خەونبین خۆی کەسایەتی ڕەخنەگرانە بوو؛ ئێستا، توێژەرێکی دەرەکی دەتوانێت “پێت بڵێت خەونەکەت مانای چییە.” ئەو بلیمەتی لە پشت دروستکردنی DC Miniیە تۆکیتایە، کە کارەکتەری کێشی زیادە و هاوشێوەی منداڵە؛ بلیمەتی بەکارهێنانەکەی (ئاتسوکۆ چیبایە) کە لە ژێر کەسایەتی دووەمی خۆیدا بە ناوی “پاپریکا” دەچێتە ناو خەونەکانی خەڵکەوە. ئەو دووانە لەگەڵ سەرۆکەکەیان پێکەوە کاردەکەن بۆ هەوڵدان و بەدواداچوون بۆ نمونە دزراوەکانی DC Mini. بە لەبەرچاوگرتنی تواناکانی ئامێرەکە، DC Mini ڕێگە بە هەر کەسێک دەدا بچێتە ناو خەونەکانی کەسێکی ترەوە و دەستکارییان بکات، تەنانەت دەبێتە هۆی ئەوەی هەندێک لە توێژەران بچنە ناو خەونەکانەوە (بەمەش دەبێتە وڕێنە) لە ژیانی بە ئاگابوونیاندا، نزیک لە کوشتنیان. هەروەها لەلایەن سەرۆکەکەیانەوە، دکتۆر ئینوی، کە کەمئەندامێکی دژە تەکنەلۆژیایە و بەردەوام هەڕەشەی داخستنی پڕۆژەکە دەکات. کۆتا کارەکتەری سەرەکی (ئەفسەر کۆناکاوا) دەیەوێت DC Mini بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی یارمەتی بدات لە چاکبوونەوە لە کابوسێکی دووبارەبووەوە کە پەیوەندی بە کەیسێکەوە هەیە کە ناتوانێت چارەسەری بکات.
“کەسایەتی تێکشکاو”
لە ئێستاوە کێشەکان لەبەر چاو ڕوون دەبنەوە. (چیبا) کاتێک دەچێتە ناو فۆڕمی (پاپریکاوە)، بە شێوەیەک و دەنگێکی جیاواز دەردەکەوێت و مامەڵە دەکات و لە جیهانی خەونەکاندا لە جەستەی خۆیدا دەرناکەوێت- بە پێچەوانەی هەموو ئەوانەی ترەوە. لە کاتێکدا ڕەنگە فرۆیدییەک ئەمە وەک پێشبینییەک بۆ دەرکەوتنی جەستەیی خوازراوەکەی بخوێنێتەوە، (پاپریکا) لەگەڵ ئارەزووەکانی (چیبادا) ناگونجێت. هەروەها (پاپریکا) بە بوونی وەک کەسایەتییەکی جیاواز و سەربەخۆ لەناو (چیبادا)، چەمکی فرۆید لەبارەی جیاکارییەکانی ئید/ئیگۆ/سوپەرگۆ تەحەدا دەکات. (پاپریکا) تەنها لە خەونەکاندا دەرناکەوێت بەڵکو لە ڕەنگدانەوەی (چیبادا) لە ئاوێنەکاندا لە کاتی ژیانی بەئاگابووندا دەبینرێت. پاشان (پاپریکا) ئەو خاڵە گرینگەیە کە پێویستە شیکارییەک لە بارەوە بکرێت. ئەو بوونەوەرەیە کە زۆرترین جار هەر پۆلێنکردنێکی ڕاستەوخۆ ڕەتدەکاتەوە.
لە کاتێکدا ئێمە لە سەرەتادا وەک چیبایەکی “جوانکاری جیاواز” سەیری پاپریکا دەکەین، بەڵام بە توانای یاریکردنی خەونەکان لە چاو هەر توێژەرێکی دیکە دادەنرێت. لە کۆتایی فیلمەکەدا (پاپریکا) لەلایەن (ئۆسانایەوە) دەستبەسەرە- توێژەرێک بەرە وەحشبوون چووە و پێستی دەرەوەی دەدڕێنرێت بۆ ئەوەی (چیبای)ەکی خەوتوو و ڕووت لە ژێر یەو پێستەوە دەربکات. بەم شێوەیە (پاپریکا) وەک توێکڵێکی دەرەکی بۆ (چیبا) لە جیهانی خەونەکاندا بوونی هەیە. دواتر لە فیلمەکەدا جیهانی خەونەکان دەست دەکات بە ڕژان بۆ ناو جیهانی ڕاستەقینە و هەمووان تووشی ووڕێنە دەبن. لەکاتێکدا ئەمە ڕوودەدات، چیبا و سەرۆکەکە هەوڵدەدەن لە ئەهریمەنە خەونەکان ڕزگاریان بێت کە بەدوایاندا دەگەڕێن؛ لە کاتێکدا کە ئەمە ڕوودەدات، چیبا و ئەفسەرەکە هەوڵی ڕزگاربوون دەدەن لە دەست دێوی خەونەکان کە ڕاویان دەنێن. لە کاتێکدا ئەمە دەکەن، لە ناکاو پاپریکا دەردەکوێت و دەرچەیەکیان لە ڕێی تەلەفیزیۆنێکەوە نیشان دەدات (کە کەسانی ڕاستەقینە دەیگرنە بەر بۆ دواکەوتنی ئەو).
چیبا سەری سوڕدەمێنێت کە دەبینێت (پاپریکا) سەربەخۆ لە خۆی بوونی هەیە و هەوڵدەدات بە فەرماندان دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکات؛ (پاپریکا) بە بڕین وەڵامی دەداتەوە: “ڕەنگە تۆ بەشێک بیت لە من.” ئەم بیرۆکەیە چەمکی سەرەتایی ئێمە لەبارەی پاپریکا دەشکێنێت و گومانێکی گەورە دەخاتە سەر ئەوەی کە پێکهاتەی دەروونیمان چییە. ئایا (پاپریکا) کەسێکی سەربەخۆی خۆیەتی لەناو (چیبا)؟ یان ئەو بوونێکە کە (چیبا) تەنها لە جیهانی خەونەکاندا دەچێتە ناویەوە؟ ئەم پرسیارانە بەبێ چارەسەر دەمێننەوە، هەرچەندە پاپریکا لە جیهانی ڕاستەقینە پاشەکشە دەکات کاتێک دابەشبوونی نێوان ئەو دووانە لە کۆتایی فیلمەکەدا جێگیر دەبێتەوە.
“ڕژانی خەونەکان”
(کۆن) کایەی خەونەکە پاڵ دەنێتەوە بۆ دۆخێکی چالاک. لە کاتێکدا بۆ ئەوانی تر ڕەنگە خەونەکان دەرکەوتنی ئارەزووی دەرەکی یان بەرهەمی خەیاڵە چالاکە زۆرەکان بن، لێرەدا خەونەکان بە شێوەیەکی ڕوون و یەکلاکەرەوە کار لەسەر جیهانی فیزیکی دەکەن کە بە ئاسانی لەلایەن مرۆڤەکانەوە کۆنترۆڵ ناکرێت، چ لەلایەن چارەسەرکەرانی دەروونی یان خودی خەونبینەکانەوە. لەبەر ئەوەی مرۆڤ دەتوانێت لە خەونێکدا گیر بخوات، وەک هیمورۆ (توێژەرێکی دیکە) دەیکات، جیهانی خەونەکان دەبێتە قەفەسێکی شاراوە بۆ هۆشیاری مرۆڤ. وەک سەرۆکەکە هۆشداری دەداتە (پاپریکا)، “بێباکانە هاتنە ژوورەوە [خەونێک] وەک مەشولەیەک وایە بۆ بڵێسەیەک(کڵپەیەک)” هەموو شەوێک بە شێوەیەک دەچینە نێو خەونەکانمانەوە کە لا کاتێکدا فیلمی بچوک و لاوەکی و تۆکمە بۆ ئەوەی چێژی لێ وەربگرین، ئێمە کە لە ڕاستیدا بە هەمان ئەو ئاستە تێکەڵ بە بە دنیای ئێمە دەبن کە ئێمە تێکەڵی دنیای خەیاڵ دەبین.
ئەم بیرۆکەیەی ڕژان کاتێک گرینگە کە سەرۆک ئینوی (بە چاوەڕواننەکراوی!) هەوڵدەدات هەموو جیهان بە خەونەکانی خۆی تووش بکات؛ بە پرۆژەکردنی خەونەکەی کە هێزی جەستەیی گەورەی هەبێت (وەک پیاوێکی کەمئەندام و پیر)، لە مێشکی ئەوانی دیکەدا، (ئینوی) هیوادارە ئەم خەونە بهێنێتە واقیع. بە هۆی بەریەککەوتنەوە خەونەکان دەچنە ناو واقیعەوە- بە تووندوتیژی(هێز). نمایشی بووکەڵە و یارییەکان بە جل و بەرگی ڕەنگاوڕەنگ و مۆسیقای بەرز بێ زیان دەردەکەوێت، کاروباری منداڵێکە (هەروەک هەر خەونێک)، بەڵام زۆری نەخایاند دەست دەکات بە ناچارکردنی خۆی بەسەر هۆشیاری ئەوانی دیکەدا؛ (سەرۆک و ئاتسوکۆ) هەردووکیان توشی وڕێنە دەبن و نزیکە بمرن. (تۆکیتا)ی بلیمەت درک بەوە دەکات کە چی ڕوودەدات و ناوی دیاردەکە دەنێت ئەنافیلاکسس: کاردانەوەی حەساسیەت. دوابەدوای ئەمەش ڕەنگە خەونێک لە ڕێگەی زنجیرەیەک کاردانەوە کەسانی دیکە تووش بکات، بچێتە ناو مێشکیانەوە و بە شێوەیەک بیشێوێنێت کە تێڕوانینیان بۆ واقیع و پەیوەندییان لەگەڵیدا بە شێوەیەکی ڕیشەیی بگۆڕێت. بۆ یاریکردن بە وشەی “خەون”، ڕەنگە خەونە سیاسییەکان بە هەمان شێوە کاربکەن.
کەسێک دید و ئارەزووی کۆمەڵایەتی/سیاسی هەیە کە دەوروبەری خۆی “تووش دەکات”: ئەنافیلاکسس. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ لێکچوونی پێشووتری خەونەکان وەک فیلم، کۆن چین چین لەناو نوێنەرایەتیکردنی خەونەکانیدا نوێنەرایەتی خودی فیلمەکان دەکات. لێرەدا خەون فیلمێکە لە مێشکماندا. ئەفسەر (کۆناکاوا) هەست بە پەشیمانییەکی قووڵ دەکات کە وازی لە خەونەکەی هێناوە بون بە دەرهێنەر بوون لە کۆلێژدا؛ بە تایبەتی، بەرهەمهێنانی ئەو فیلمەی کە خۆی و باشترین هاوڕێی دروستیان دەکرد، تەنها پێش تەواوبوونی دیمەنی کۆتایی (کە پاڵەوانەکە تەقە لە خراپەکارەکە دەکات). بۆیە، کاتێک (پاپریکا) دەچێتە ناو جیهانی خەونەکانییەوە بۆ ئەوەی هەوڵی چاککردنەوەی بدات، خۆی لە سینەمایەکدا دەبینێتەوە کە (کۆنناکوا) تەکنیکە جیاوازەکانی سینەماکاری ڕوون دەکاتەوە. (کۆناکاوا) لەم پەشیمانییە ڕزگاری دەبێت کاتێک دەتوانێت کردەوەی تەقەکردن لە خراپەکارەکە بکات. تێکەڵبوونی واقیع و خەون ئەستەمە شی بکرێتەوە، چونکە (کۆناکاوا) لە فەزای خەونەکاندا تەقە لە (ئۆسانای) دەکات، بەڵام ئەمە دەبێتە هۆی مردنی واقع جەستەی ئۆسانای. دیسانەوە ئێمە ڕووبەڕووی توانای خەونەکان دەبینەوە بۆ کاریگەریکردن لەسەر جیهان بەڵام زیاتر توانای بوونی خەونەکان وەک خاڵی سەرەکی بۆ یەکگرتنی واقیع و نوێنەرایەتیکردن.
ئەم چینە جیاوازانەی واقیع (فیلم، خەون، واقیع- یان، ڕەنگە بیانخەینە ڕیزبەندییەکی جیاواز، ڕەنگە لە ماتریکسێکدا کە پێکەوەبوونەکانیان بە تەواوی نەخشەیان بۆ دابنرێت) لە ڕێگەی هەندێک لایەنی جیهانی خەونەکانەوە جیا دەکرێنەوە کە بۆ ئێمە ناگونجێت. لە کاتێکدا ڕەنگە مرۆڤ خەونێک وەک ڕاستەقینە ئەزموون بکات، بەڵام لە جیهانی خەونەکاندا کارەکتەرەکان هێزێکی زۆریان هەیە (وەک فڕینی پاپریکا) و لەڕادەبەدەر هەستیارە (هەربۆیە، ئاگادارکردنەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی بێ بایەخ نەچێتە ناو خەونەکانەوە). بە جێبەجێکردنی ئەمە بۆ فیلمەکان، مرۆڤ دەتوانێت شیکارییەکی هاوشێوە بکات؛ فیلمێک توانای گەورەی هەیە و هەروەها هەستیارە بۆ کاریگەری دەرەکی، کە هەموو ئەمانە خۆیان بە قەرز دەدەن بە سرووشتی شێواو و خەیاڵی جیهانی فیلم جیاواز لە جیهانی ئێمە. واقیع بەڕاستی مانای چییە لە ڕێگەی ئەم فراوانبوونانەی جیهانی خەونەکانەوە تەڵخ دەبێت. لە کاتێکدا (کۆن) چەمکی بنەڕەتی واقیعێکی فیزیکی دەپارێزێت کە ئێمە تێیدا نیشتەجێین (لەودا فیلمەکە بەو شێوەیە کۆتایی دێت کە کارەکتەرەکان بە شێوەیەکی تۆکمە لە جیهانی ئاسایی و بێداریماندا بن)، بەڵام خۆی لە پاڵنانی ئێمە بۆ پرسیارکردن لە ئیپیستمۆلۆژیامان (چۆن بزانین ئهمه ڕاستییه؟) و خەیاڵەکانمان (چی بکەین، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی واقیع بەشێکی خەونە؟). ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ خاڵێک کە پێشتر باسمان کرد، خەونێک کە دوو کەس تێیدا ئامادەبن هەرگیز کەسێک ناتوانێت دەستکاری خەونی کەسێکی دیکە بکات.
تێکەڵکردنی توانای خەونبینینی دوو کەسە، بە شێوەیەک کە پێکەوە چەند هێندەیان لێدەکات کە بتوانێت پێکهاتەی بێکۆتایی دروست بکات. ئەگەر واقیع بەشێکی خەونێک بێت، و ئێمە لە واقیعدا لەگەڵ زۆر کەسدا نیشتەجێین، ئەوا ئەو پێکهاتە ئەگەریانەی جیهانەکەمان کە تێیدا دەژین (و کە ئێمە وەک فیزیکی، جێگیر، لە دەرەوەی کۆنترۆڵی مرۆڤ خەیاڵیان دەکەین) بەڕاستی بێ سنوورن. تەنها شتێک کە دەبێت بیکەین ئەوەیە چوارچێوەی خەونەکەمان بگۆڕین- بەرزکردنەوەی فرۆید، ڕەنگە خەیاڵی لاکان یان ئایدۆلۆژیای مارکس.
“ئەفسانەی ئۆدیب”
ئەوەی که پەیوەندی بە فرۆیدەوە هەیە کە پێویستە باسی بکرێت. بە درێژایی فیلمەکە دوو ئاماژەی سەرەکی بۆ ئەفسانەی ئۆدیب تێدایە. له ئەفسانەی یۆنانیدا دەڵێت ئۆدیب باوکی دەکوژێت لەگەڵ دایکی هاوسەرگیری دەکات، بەڵام لە ڕەخنەکانیدا لە ئۆدیب وەک کارەکتەرێک زیاتر دەڕوات. ئۆدیب کارەکتەرێکی لەڕادەبەدەر زیرەک و ژیرە کە توانیی شکست بە (هیۆلا) بهێنێت لە وەڵامدانەوەی مەتەڵەکانی کە بوونەوەرێکی مرۆڤخۆر بوو. بەڵام کێشەی ئۆدیب زیرەکیەکەی بوو، زیره کی زۆرجار دەبێتە هۆی بارودۆخی سەخت بەهۆی لووتبەرزییەوە دروست دەبێت. ئاڵۆزی ئۆدیبی فرۆید، دەڵێت کە کۆرپە لە سەرەتادا خۆی لەگەڵ دایک و باوکی هەمان ڕەگەزدا دەناسێنێت (بۆیە، نێر خۆی لەگەڵ باوکیدا دەناسێنێت) و بەم شێوەیە ئیگۆیەک لەم ناساندنەوە دروست دەکات- ئێمە ناسنامەی خۆمان لە خوددا دروست دەکەین بە پێناسەکردنی خۆمان لە ڕووی دایک و باوکمانەوە. بەدوای ئەمەدا، ئێمە ئارەزووە کۆرپە گەشەسەندووەکانمان دەخەینە سەر دایک و باوکی ڕەگەزی بەرامبەر (بەمجۆرە، نێرێک بۆ دایکی) وەک چۆن دەمانەوێت ڕۆڵی باوک پڕبکەینەوە (لەم حاڵەتەدا). قەدەغەکردنی سێکسی خزمایەتی لە تەمەنێکی بچووکدا لە مێشکماندا دەچێنرێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی سوپەر ئیگۆ، کە تێیدا ئەو قەدەغەکردنانەی دایک و باوکمان داوای دەکەن دەچنە ناو نائاگایمان، دواتر دەبنە هۆی سەرزەنشت و سنووردارکردنی ئارەزووەکانمان لەگەڵ پێگەیشتنماندا.
“ئاگادارکردنەوە: ئەمە ڕوونکردنەوەیەکی ئاڵۆزیی ئۆدیب”
فیلمەکە بە ڕوونی زیاتر مامەڵە لەگەڵ ئەفسانەی یۆنانی دەکات چونکە زیاتر پشت بە بیرۆکەی (هیۆلا) دەبەستێت. بەڵام باسی خەونەکان پێویستی بەوەیە کە دیدگای فرۆیدیش لەبەرچاو بگیرێت. یەکەم دیمەن کە ئەمە ڕوودەدات ئەوەیە کە (چیبا، کۆناکاوا، تۆکیتا و سەرۆک) هەموویان باس لە دۆخی نالەباری DC Mini ونبووەکە دەکەن. (چیبا) ڕاستەوخۆ لەبەردەم تابلۆیەکی (هیۆلا) دادەنیشێت و (کۆناکاوا) لەبەردەم تابلۆیەکی ئۆدیپس دادەنیشێت. لێرەدا پەیوەندییەکی مێتافۆریک (چڕبوونەوەی فرۆید) دامەزراوە کە تێیدا (چیبا) پەیوەندی بە (هیۆلا) هەیە وەک بوونەوەری مرۆڤخۆر و (کۆناکاوا) وەک ئۆدیبی زۆر ژیر.
بەڵام لە واقیعدا (چیبا( خۆی کەسێکی چالاک نییە و (کۆناکاوا) بە هیچ شێوەیەک، زۆر ژیر نییە. کەواتە ڕەنگە ڕێگەیەکی باشتر بۆ خوێندنەوەی ئەم بەریەککەوتنە سەرەتاییە ئەوە بێت کە تابلۆکە بە گشتی دۆخەکە دەگرێتەوە؛ مرۆڤەکان بوونەتە ئۆدیب، بەکارهێنانی زیرەکییەک بۆ دروستکردنی DC Mini، بەڵام لەم کارەدا زیان بە خۆمان دەگەیەنین. دەتوانرێت (هیۆلا) بە تەکنەلۆژیایەک هەژمار بکرێت کە ئێمە زاڵ بووین بەسەریدا، بەڵام ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بەبێ گوێدانە ئەوە بمانخوات. لە ڕووداوی دووەمدا لەناو خەونێکداین کە (ئۆسانای) بەدوای (پاپریکادا) دەکەوێت. ئەمجارەیان (پاپریکا) لەو خەونەدا شێوەی (هیۆلا) دەگرێت و لەلایەن ئۆسانایەوە دەخرێتە خوارەوە. لێرەدا پەیوەندییەکە زیاتر وشەییە و دەتوانرێت بە مێتۆنۆمی (Freud’s displacement)* هەژمار بکرێت.
لێرەدا ئارەزوو ڕوونترە، بەو پێیەی (ئۆسانای) ئارەزووی خۆی بۆ (چیبا) (نەک پاپریکا) دەردەخات و دەیخاتە تەڵەوە. ئۆسانای هەوڵدەدات بە بەکارهێنانی DC Mini بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی تەکنەلۆژیای خەونەکان لە سیستەمەکە زیاتر بێت. بەڵام لە کۆتاییدا لە ڕێگەی خراپەکارییەکانی خۆیەوە دەکوژرێت.
کەواتە دەتوانرێت (پاپریکا) وەک بوونەوەرە مرۆڤخۆرەکە سەیر بکرێت. دیسانەوە ئەگەر (پاپریکا) بوونێکی جیاواز بێت لە (چیبا) دڵنییایی نییە. بەڵام بە دڵنیاییەوە (پاپریکا) هێزێکی زۆری بۆ زاڵبوون بەسەر مرۆڤەکاندا هەیە، بە تایبەت کاتێک دەچنە ناو بواری خەونەکانییەوە. لە نوێنەرایەتی جیهانی ڕاستەقینەدا، دابەشبوونی هیۆلا/ئۆدیب دوور بوو و ناسنامەی تاکەکان (چیبا، کۆنناکوا) جیا بوو لە ئەفسانەکە؛ لە خەوندا وەک ئاوارەبوونێک، ناسنامەی تاکەکان (پاپریکا، ئۆسانای) بە کارەکتەرەکانی ئەفسانە جێگەیان دەگرێتەوە و بە تەواوی بەرجەستەیان دەکەن. لە هەردووکیدا کارەکتەری پیاو یارمەتی چیبا/پاپریکا دەدات یان هێرش دەکاتە سەری؛ چیبا/پاپریکا لە هەردووکیاندا خەریکی ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی مرۆڤن. بەم شێوەیە سروشت یان نیوە ژن، نیوە ئاژەڵ (هیۆلا)، پێویستە بۆ ڕاستکردنەوەی لووتبەرزیمان. (چیبا) مرۆڤە، (پاپریکا) سرووشتە (سروشتی خەونەکان خۆیان بەرجەستەکراون- مۆرفیۆس)*.
“ئەنجام”
لە فیلمێکی وەها شێواو و ئاڵۆزەوە کە دەچێتە ناو فەزایەکەوە کە مرۆڤە بەئاگابووەکان بە خراپی لێی تێدەگەن، ئەستەمە. ئەوەی مرۆڤ دەتوانێت لانیکەم بڵێت ئەوەیە کە فیلمەکە ڕوونە لەبارەی گرنگی خەونەکان وەک ئەوەی تەنها بەدیهێنانی ئاوات یان نیشانەی نیعمەتی خودایی یان تەنانەت چەسپاندنی یادەوەری سادە نییە. خەون بەشێکە لە واقیعی ئێمە و خەون لە نێوان مرۆڤەکاندا بوونی هەیە؛ هاوشێوەی ئۆقیانوسەکانن- فراوان و نەدۆزراون- بەڵام لەڕادەبەدەر مەترسیدارن کاتێک دەچنە سەر واقیع. بۆیە با خۆمان لە لووتبەرزی ئۆدیب بەدوور بگرین کەوا هەست بکەین تێدەگەین، باوەڕمان وابێت مافی دەستکاریکردنمان هەیە- لە جیهانی خەونەکانی (پاپریکا).
پەراوێزی وەرگێڕ:
لە دەروونناسی فرۆیدیدا، چڕبوونەوە (بە ئەڵمانی: Verdichtung) کاتێکە کە تاکە بیرۆکەیەک (وێنەیەک، یادەوەرییەک، یان بیرکردنەوەیەک) یان ئۆبجێکتی خەونی بۆ چەند پەیوەندی و بیرۆکەیەک وەستاوە.
چەمکی ئاوارەبوون لە سیگمۆند فرۆیدەوە سەرچاوەی گرتووە. سەرەتا وەک ئامرازێک بۆ شێواندنی خەونەکان دەیبینی، کە بریتی بوو لە گۆڕینی جەختکردنەوە لە توخمە گرنگەکانەوە بۆ توخمە ناگرنگەکان، یان گۆڕینی شتێک بە تەنها وەهمێک. فرۆید ئەمەی بە “ئاوارەبوونی لەهجە” ناوبرد.
Freud’s displacement: لە تیۆری فرۆیددا displacement میکانیزمێکی بەرگرییە کە بە نائاگایی کاردەکات بۆ پاراستنی تاک لە دڵەڕاوکێ و ململانێ. بۆ نموونە ئەگەر کەسێک لە سەرۆکەکەی توڕە بوو بەڵام نەتوانێت ئەو توڕەییە دەرببڕێت بەهۆی ترسی لێکەوتەوە، لەوانەیە توڕەیی خۆی بگوازێتەوە بۆ سەر هاوکارێکی یان ئەندامێکی خێزانەکەی، کە دەبێتە ئامانجی هەستە displaced.
چەمکی displacement لە سیگمۆند فرۆیدەوە سەرچاوەی گرتووە. سەرەتا وەک ئامرازێک بۆ شێواندنی خەونەکان دەیبینی، کە بریتی بوو لە گۆڕینی جەختکردنەوە لە توخمە گرنگەکانەوە بۆ توخمە ناگرنگەکان، یان گۆڕینی شتێک بە تەنها وەهمێک. فرۆید ئەمەی بە “displacement لەهجە” ناوبرد.
*مۆرفیۆس: خوواوەندەی خەونە لە ئەفسانەی یۆناندا.
تێبینی کۆتایی:
[i.] Freud, 144
[ii.] Freud. 143
[iii.] Freud, 145
Bibliography:
1. Freud, Sigmund. “On Dreams.” The Freud Reader, edited by Peter Gay, W. W. & Norton, 1989. pp. 142-172.
2. Kon, Satoshi, director. Paprika. Sony Pictures Entertainment Japan, 2006.
سەرچاوە :
https://sites.duke.edu/thewellianmag/2021/03/01/satoshi-kons-metaphysics-of-dreaming/
نووسینی: ئهكشاج توريبيلو
وهرگێڕانی له ئینگلیزییهوه: هۆگر جهزا