دەزانم کادری قورمیشکراو و چەپڵەلێدەر، ئەم قسانەیان بەدڵ نییە، شرۆڤەکارەکانیش کە تا ئێستا یەک قسەیان راست دەرنەچووە دەکەونە بیانوهێنانەوە بۆ دۆڕاندنی کورد لە هەڵبژاردنی دوێنێدا، بەڵام ئەمجارە دەبێت ڕاشکاوانە قسە بکرێت و بپرسین بۆ، کێ بەرپرسە؟
لە ساڵی ١٩٩٠ وە کە هەتاوەکو دوێنێ دەیان پارتی کوردی مۆڵەتپێدراو بەشداریان لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە، کە دەڵێم دەیان پارت مەبەستم یەک بیروبۆچوون و یەک ئایدۆلۆژیاییە تەنیا ناوەکانیان جیاوازە کە بە (هەپ) دەستی پێکرد و ئێستاش بەناوی پارتی چەپی سەوز- یەسەپە درێژە بەکاری سیاسی خۆیان دەدەن، بەردەوام دەنگەکانیان لە هەڵبەزودابەزدا بووە، بەڵام هەڵبژاردنی دوێنێ کە هەم کورسیەکانیان کەمی کردووە و هەم دەنگەکانیش، ئاخر سەرەڕای ئەوەی پێنج ملیۆن دەنگدەری نوێ کە بۆیەکمینجار دەنگیان داوە، هادەپ یان یەسەپە زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگیان کەمی کردووە.
کێشەی هەدەپەیی و پەکەکەییەکان ئەوەیە کە رەخنە قبووڵ ناکەن و بەردەوام لەسەر یەک تاکتیک و ئایدۆلۆژیا دەڕۆن، ئەوان هەموو هێلکەکانی کوردیان خستۆتە سەبەتەی چەپ و کۆمۆنیستە تورکەکانەوە کە بەهەموویان ناتوانن دوو کورسی بێنن، مەبەست لەمە دژایەتی چەپەکان نییە، بەڵکو ئەوە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە و بەئامان و زەمان پەکەکە دەستبەرداری نابێت، نەتیجەکەشی ئەوەیە کە دەیبینین، بەڕاستی لەم هەڵبژاردنەدا کوردەکە لە هەردوو جەژنەکە بووە، لەلایەک ژمارەی کورسیەکانیان کەمی کردووە، کەچی ژمارەی کورسیەکانی راستڕەو و فاشیست و ئەکەپەییەکان زیادی کردووە، بۆیە ئەگەر سیستێم پەرلەمانیش بێت ئەوان بە ئارەزووی خۆیان هەموو پێشنیازێک کە بەدڵیان بێت تێیدەپەڕێن کە بەدڵنیاوە هیچی لە قازانجی کورد دا نابێت، لەولاوە ئەگەر کریچداڵئۆغڵوش دەربچێت وەکو خۆی دەڵێت دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆمار کەمدەکاتەوە، ئەوەش هەر بە قازانجی تورکەکانە چونکە زۆرینەی پەڕلەمانیان لەدەستدایە.
ئینجا دەبێت جیاوازی کەمال و ئەردۆغان بۆ کورد چی بێت لە کاتێکدا بەیەک دێریش باسی کورد ناکات، باسی زمانی کوردی ناکات، باسی عەسکەرتاریەت لە باکووری کوردستان ناکات، بەڵام لەولاوە بەسەر پشتی دەنگدەری کورد دەبێت بەسەرۆککۆمار ئەگەر لەگەڕى دووەمەدا سەربکەوێت کە ئەوەش مەتەڵێکە رەنگە بە قازانجی ئەردۆغان هەڵبێت!هەروەها نابێت کیسەباخەڵ بۆ رێکەوتنە فشۆڵەکەی شەش پارتەکە ەکەهەڵبچنرێت،زۆر سەیر نابێت یەکێک لەو شەش پارتە بابداتەوەو بچێتە پاڵ ئاکەپە و، حکومەت دروست بکەن،بۆ ئەوان چ کێشەیەکە، خۆ دوژمنی باوە کوشتە نین؟
کاک سەلاحەدین دەمیرتاش کە بەناهەق لە زینداندایە دەلێت ئەگەر من بمویستایە دەبووم بە جێگری ئەردۆغان، بەڵام من چۆن دەبم بە شەریکەدز! دەی قوربان خۆ لەسەردەستی ئەجەویت و پارتەکەی کەمال کلیچدائۆغڵو بەرێز ئۆجەلان دەستگیرکرا و خرایە زیندانەوە، ئەی چۆن دەبن بە شەریکەبرا لەگەڵ میراتگرانی ئەجەویت؟ ئەی سەرکردەکانی پەکەکە ئەوەیان لەیداچۆتەوە وا داوا دەکەن ماڵ بە ماڵ دەنگ بۆ کاک کەمال کۆبکەنەوە؟
لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا هەموو کوردی دنیا جگە لە پەکەکە داوایانکرد بە داخوازی ئاکەپە رازیببن و لەگەڵیاندا بچنە حکومەتەوە، بەڵام رەتانکردووە، ئەوە نەتیجەکەیمان بەچاوی خۆمان بینی. خۆ کەس ناڵێت تورکیا دەبوو بە شامی شەریف. بەڵام رەنگە بتانتوانیایە فوویەک بە سکڵی بەرەوخامۆشبوونی پرۆسەی ئاشتیدا بکەن و زیندوتان بکردایەتەوە، ئەوە لە قازانجی کورد دەبوو، دەنا چەقەڵ هەر چەقەڵە.
ئێستا کە گڵۆڵەکە کەوتۆتە لێژی یان دەبێت بە سیاسەت و ستارتیج و تاکتیکتاندا بچنەوە، خۆتان لەدەست باڵی سەربازی دەربهێنن یان دەبێت رێگا بۆ خەڵکانی وەکو عوسمان بایدەمیر و ئەوجۆرە سیاسیانە بکرێتەوە، ئەڵتەرناتیف – بژاردەیەکی دیکە بدۆزرنەوە کە بەدوای بەرژەوەندیەکانی کوردەوە بێت، نەک ئایدۆلۆژیای سەقەت و تاقیکراوە.