“سەرەتا”
لەو کاتەوەی مرۆڤ کار و ژیانی خۆی رایی دەکات، بیر دەکاتەوە و دەجووڵێ، دیدگای ھەیە و بۆ داھاتوو دەڕوانێ، لە ململانێ و ڕکابەریدایە، جیھانی قۆناغ بە قۆناغ دابەش کردووە.
دابەشبوونەکان زۆرینەی پایە بنەڕەتییەکانی ژیان دەگرنەوە، ھەر لە سیاسەتەوە تاوەکوو بەرژەوەندییە ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی و کولتوورییەکان، لەسەروو ھەمووشیانەوە، ئابووری وەک پایەی سەرەکیی بەرژەوەندییەکان و خۆبەختکردن لەپێناویدا.
دیدی جیاواز و تێڕوانینی مرۆڤ بۆ گۆڕانکارییەکان حاڵەتێکی سروشتی و گرنگە، یەکێکیشە لە بنەما باڵاكانی (دیموکراسی). زۆرینەی ئایین و کتێبە کاریگەرەکان بە تاک پێگیری بەم بابەتەوە دەکەن، بەڵام گۆڕانی بەرژەوەندییەکان لە سەردمی نوێ، زۆر جار کارەساتی گەورەی بەسەر مرۆڤایەتیدا ھێناوە.
بەدرێژایی مێژوو ھەمیشە دونیا لە دابەشبووندا بووە، ھەر لەسەردەمی پێش ئیسلام و باڵادەستیی وڵاتان و زلھێزانی وەک ڕۆمەکان و مەغۆلەکان و یۆنان و ئیسپانیا و ڕووسیا و ئینتیدابی بەریتانیا و ئەمریکا و دوایەمینیشان سۆڤیەت و لق و پۆپەکانی. لە سایەی دابەشبوونەکانی یەکەم و دووەمین جەنگی جیھانی، ملیۆنان کەس لەناو چوون، یان ماڵ و زێد و خاکیان جێ ھێشت، سەدان شار لەسایەی ئەم جەنگە خوێناوییانە، وێران بوون.
“دابەشبوونی نوێ”
بە دامەزراندنی ڕێکخراوی گەورەی نەتەوە یەکگرتووەكان لە ساڵی 1945 لەژێر چەتری بنەما یاسایی و مرۆڤایەتییەکان و یەکێتیی ئەورووپا لە 1993 و ھەموو ئەو گرووپ و ڕێکخراوانە لە کیشوەر و ناوچە جیاجیاکانی جیھان، تا ڕاددەیەک دەرچەیەک ھەبوو بۆ یەکبوون لەبارەی ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی جیھان دەبنەوە. ئەگەر ھەندێک بەوردی لە قۆناغی ئێستای جیھان و جووڵەی دەوڵەتە زلھێزەکان بڕوانین، دەبینین دابەشبوونێکی تەواو بەدی دەکرێ.
ئەوڕۆ ئەمریکا، کە باڵادەستی یەکەمینی جیھانە، خۆشیی لە ڕووسیا و چین و ئێران نایەت، ئەوانیش بە ھەمان شێوە، ھێندێ لەو وڵاتە زلھێزەکانی ئەمریکای باشوور و باکوور دژی ئەمریکان، وڵاتانی ڕۆژئاوا ناکۆکن لەگەڵ سیاسەتەکانی ڕووسیا و ئێران، بەو واتایەی لە ھەر شوێنێک بەرژەوەندی ھەبێت ناکۆکییش ھەیە.
“ھەماھەنگیی تێکدەر”
لەڕاستیدا وەک باسمان کرد، ئەم دابەشبوونانە کارەساتی گەورەی جیھانیی لێ دەکەوێتەوە و لێکەوتەکانی مەترسیدارن، ملیۆنان کەس لە سەرانسەری دونیا بەھۆی ناکۆکیی ئاسایی نێوان دوو دەوڵەتەوە لەناو چوون. Commonwealth یەکێکە لەو رێکخراوانەی کە ئەندامەکانیان هەموویان ئەندامی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانن.
ئەو وڵاتانە هەمیشە هاودەنگی بەریتانیا بوون پێی دەگوترێت وڵاتانی کۆمۆنوێڵس، کە پێکدێن لە 56 وڵات. ئەم دەوڵەتانە خواست و بەرژەوەندیی بەریتانیا لە کوێ بێت ئەوان لەوێن، ھەر بڕیارێکیش لە نەتەوە یەکگرتوەکان بدرێت، ئەوان لانیکەم دژی بەریتانیا نابن.
رێکخراوی بریکس BRICS، ئەم رێکخراوە هەریەک لە بەرازیل، رووسیا، هیندستان، چین، وەک ئەو وڵاتانەی خاوەنی گەشەی خێرای ئابووریین لەخۆ دەگرێت، ئەم زلھێزانەش هەریەکە و بەپێی قەبارەی خۆیان، هەندێک وڵاتی دیکەیان لەژێر هەژموونی خۆیان مسۆگەر کردووە و لە کاتی پێویستدا هاوشێوەی وڵاتانی سەر بە بەریتانیا، بۆ سەرخستنی ئەو بڕیارە نێودەوڵەتییانەی لە بەرژەوەندیی خۆیاندایە بەکاریان دەهێنن.
لەگەڵ ئەوەشدا، چەندین رێکخراوی جیهانی دروست کراون، چەندین هاوپەیمانی و رێکخراوی دیکەی بەمەبەست لە جیهاندا دروست کراون کە لە ڕووداوە نوێیەکاندا هەڵوێستەکانیان بۆ بردنەوەی ئارمانجەکانیان بە کۆدەنگی بەکار دەهێنن، نموونەی وەک رێکخراوی وڵاتانی ئیسلامی، كۆمكاری عەرەبی، وڵاتانی بزووتنەوەی بێلایەن، جیهانی سێیەم، حەوت وڵاتی پیشەسازی، ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو، یەکێتیی ئەفریقا و چەندینی دیكە لە ئاسیا و ئەورووپا و کیشوەرەکانی دیکە.
پوختە
بەم شێوەیە، ململانێ ئابوورییەکان بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی سامان و توانای مادیی ئەوانی دی، ئاستی یەکەم و دواتر ھاوپەیمانیی سەربازیی لەپێناو داگیرکاریی زیاتر و ئامادەگی بۆ جەنگە جیھانییەکان و بەگەڕخستنی توانا سەربازییەکان، ھۆکارن بۆ ئەوەی ئالڵنگارییە گەورەکان نەک چارەسەر نەبن، بەڵکو قووڵتریش ببنەوە، چونکە نەگونجانی دوو دەوڵەتی زلھێزی خاوەن ئابووری و ھێز و ھەژموون، دەرەنجامەکەی کوشتن و ئاوارەیی ملیۆنان مرۆڤ و لەناچوونی ملیۆنان ھێکتار زەویی بەپیتی لێ دەکەوێتەوە، کە ئاکامەکانی داھاتوویەکی ناڕوون و مەترسیدارە لەسەر توێژی نوێی مرۆڤایەتی و جیھانێکی تازەی پڕاوپڕ لە ئاڵنگاری و کێشە.
دیار نییە ئایا ئەم دابەشبوونانە ڕەنگە ئەو ئالنگارییانەی پێش جیھان وەک (شەڕی تیرۆر، منداڵان، کە لە ناوچە ناکۆکەکاندا دەژین، برسێتی، گۆڕانی کەشوھەوا، کۆچبەران، نەخۆشییە نوێیەکان) بەئاسانی چارەسەر نابن، لەکاتێکدا دەوڵەتان تەنیا بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوەن.