بەبێ وردبوونەوە لە سروشتی ئەو ململانێیەی لەنێوان سێ میحوەری سەرەکیدا هەیە، تێگەیشتن و مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوەکانی ناوچەکە ئاسان نیە. هەریەک لەو میحوەرانەش هەوڵدەدات بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەکەو داڕشتنەوەی بەپێی مۆدێل و باوەڕو بەرژەوەندییەکانی خۆی.
“میحوەرێکی نوێ”
لەنێوان سێ میحوەرەکەدا، دووانیان کلاسیکین. یەکەمیان ئەوەیە کە ناوی لێنراوە میحوەری “میانڕەوی”و پێکهاتووە لە سعودیەو ئیمارات و میسرو چەند وڵاتێکی دیکەی عەرەبی. دووەمیان ئەوەیە کە بە میحوەری “بەرگری- مقاوەمە” ناوزەد دەکرێت و لەلایەن ئێران و سوریاو گرووپە ئیسلامییە شیعەو سوننە مەزهەبەکانی سەر بەوانەوە پشتیوانی دەکرێت. میحوەری سێیەم کە تازەکەیانە، دەکرێت ناوبنرێت میحوەری “ئیخوان” کە لەلایەن تورکیاو قەتەرو گرووپی ئیخوان موسلیمین و رێکخراوەکانی نزیک لەوانەوە سەرکردایەتی دەکرێت.
نزیکییەکی سیاسی و ستراتیژی قووڵ هەیە لەنێوان ئەم سێ میحوەرەدا، بەڵام هێڵی تەریب و یەکتربڕیش لەکاتی تەنگژەکاندا دەکەوێتە نێوانیانەوە. بۆ نموونە، ناکۆکی سەرەکی نێوان میحوەری میانڕەوو مقاوەمە بەپلەی یەکەم ناکۆکییەکی سیاسییە، پاڵنەرەکەشی بریتییە لە خواستی ڕێبەرایەتیکردنی ناوچەکە. سەرباری جیاوازیی تائیفی لەنێوان پێکهاتەکانی هەردوو میحوەرەکە، بەڵام ئەمە باڵی بەسەر بوارە سیاسییەکەدا نەکێشاوە. دۆزی فەلەستین و هاوپەیمانی دژبە خۆرئاوا، دوو گۆڕەپانی گرنگی هردوو میحوەرن کە ستراتیژی خۆیانی تێدا گەڵاڵە دەکەن.
“ناکۆکی و سازان”
ناکۆکی سەرەکیی لەنێوان هەردوو میحوەری “میانڕەو”و “ئیخوان”دا، لە بنەڕەتدا ناکۆکییە لەسەر نوێنەرایەتی و خاوەنداریکردنی موسڵمانانی سوننە مەزهەب. هەڵبەتە ئەمە ناکۆکییەکە کە ڕوانگەی عەقائیدیی هەیەو شتێکی نوێ نیە، هەرچەندە لەدوای ساڵی ٢٠١١ەوە ئەم ناکۆکییە تەقییەوە لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕێکخراوەکانی سەربە ئیخوان لە میسرو سوریاو لیبیاو چەند وڵاتێکی دیکەی عەرەبی. ئەم ناکۆکییە تائێستاش لە هەندێک ناوچە گەرمەو لە هەندێکی تردا سووکترە.
هەرچی پەیوەستە بە ناکۆکی نێوان هەردوو میحوەری “مقاوەمە”و “ئیخوان”، هەرچەندە هەندێکجار مۆرکێکی سیاسی وەرگرتووە، بەڵام بە پلەی یەکەم ناکۆکییەکی تائیفییە. هەردوولا لە هەندێک ئامانج و هەڵوێستدا هاوبەشن، وەک دۆزی فەلەستین. هەروەک لە هەندێک تەنگژەدا هەمانگیشن، وەک پەیوەندییەکانی ئێران و قەتەر و ئەوەی لە سوریا ڕوودەدات، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە جیاوازییان هەیە، بەتایبەت لە گۆڕەپانی چالاکیدا.
ئیخوان، نیگەرانیی قووڵی خۆیان ناشارنەوە لەبارەی ئەوەی کە بە زاڵبوونی هەژموونی ئێرانی-شیعی دەزانن لە ناوچە سوننییەکاندا. تەنگژەی سوریاش گۆڕەپانێکی پڕە تاڵی و سەرئێشە لەم ڕووەوە، ئەمە جگە لەوەی کە لە ساڵی ٢٠٠٣وە لە عیراق ڕوودەدات.
“پشتیوانیی میدیایی”
بێگومان هەریەک لەو میحوەرانە خاوەنی توانای ئابووری و مرۆیی ناچوونیەک، بەڵام تاڕادەیەک هاوتان، ئەگەر ژمارەی دانیشتوان و قەبارەی ئابووری و سەرچاوەی نەوتی و نا-نەوتی هەریەکەیان بەهەند وەربگرین، یاخود ئەو توانایەی کە هەریەک لەو میحوەرانە دەشێت بەشێوەیەک لە شێوەکان بیخەنە گەڕ یاخود سوودیان لێ وەربگرن.
هەریەک لەو میحوەرانە خاوەنی تۆڕێکی بێشوماری میدیایین کە سەتەلایت و ڕۆژنامەو مالپەری ئەلیکترۆنی لەخۆدەگرێت. ئەو ئامرازانە ڕاشکاو یان ناڕاستەوخۆ گوزارشت لە سیاسەت و هەڵوێستی ئەوان دەکەن، بە چەشنێک کە توانای شاردنەوەیان نیە.
بەگشتی، بە دەگمەن کەناڵێکی میدیایی عەرەبی دەدۆزیتەوە کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی بە یەکێک لەم میحوەرانەوە نەبێت. تەنانەت ئەم دابەشبوونە کۆمەڵەو یەکێتی و دامەزراوە دینی و ڕۆشنبیری و پیشەییەکانیشی گرتووەتەوە، کە لایەنداری میحوەرێکیان دەکەن بەگوێرەی نفووزی میحوەرەکان یان پەیوەندییان بەو وڵاتانەی کە کەناڵەکەیان تێدایە یاخود بەگوێرەی سەرچاوەی کۆمەکی دارایی بۆ کەناڵەکان.
“سێ پۆلێن”
دەکرێت بوترێت دەرکەوتنی میحوەری ئیخوان، دیمەنەکەی ئاڵۆزکردووە، بەتایبەت لەڕووی مامەڵەی ئەمریکاو وڵاتانی خۆرئاواو ئیسرائیل لەگەڵ تەنگژەکانی ناوچەکەدا، کە دیارە پێشتر ئەو مامەڵەیە لەگەڵ هەردوو میحوەری “میانڕەو”و “مقاوەمە”دا بووە. دەرکەوتەی ناکاوی نوێ، ناوچەی خۆڵەمێشییە، بە ڕوانین بۆ پەیوەندییە کلاسیکییەکانی خۆرئاوا لەگەڵ تورکیاو قەتەر لەلایەک و، سیاسەتە نادڵنیاییەکانی بەرامبەر ئیخوان لەلایەکی دیکە، هەروەها لەولاشەوە دوژمنایەتی لەگەڵ هەندێک ڕێکخراوی ئیسلامیی مەحسووب لەسەر ئەم میحوەرە.
لەو ڕوانگەیەوە، پۆلێنی ئەمریکی-ئیسرائیلئ (ئەگەر گوزارشتەکە لەجێی خۆیدا بێت) بەرامبەر ئەم میحوەرانە، لەنێوان (میحوەری هاوپەیمان/دۆست، میحوەری دوژمنایەتییەکی سووک، میحوەری ئەوپەڕی دوژمنایەتی)دا خۆی دەبینێتەوە.
بەڵام بێ هیچ گومانێک، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا خۆی لەبەردەم سەختیدا دەبینێتەوە لە مامەلەکردن و هەڵکردن لەگەڵ ئەم دۆخە نوێیەدا. لەوانەیە هەوڵە خێراکانی ئەمریکاو پێداگریی بەردەوامی لەسەر چارەسەرکردنی ناکۆکی نێوان قەتەرو سعودیەو ئیمارات و میسرو بەحرەین لەم گۆشەنیگایەوە سەرچاوەی گرتبێت. هەروەک نائاسوودەیی ئەمریکا لە هەڵسوڕاندنی کاروباری ناوچەکەدا ڕەنگدانەوەی بەشێکی زۆری ئەم ئاڵۆزییانە بێت کە ئیدارەی ئەمریکا پێی وایە بایەخدان بەم ئاڵۆزییە، چ سوودێکی نیە.
هەرچی پەیوەستە بە ئیسرائیل، هەڵوێستی خۆی یەکلایی کردووەتەوە، هاوشانی میحوەری “میانڕەو” وەستاوەو وەک باشترین ئەڵتەرناتیڤ مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. وەک دیارە، بڕیاری وەبەرهێنانی کردەیی و دوورمەودای داوە لەم میحوەرەدا.
کێ دەیباتەوە؟
پرسیاری سەرنجڕاکێش و جەوهەری ئەوەیە کە بزانرێت کی دەیباتەوە؟ یان ڕوونتر، نزیکترین سیناریۆ چییە؟
ڕەنگە دەستکەوتنی وەڵامێکی یەک ئاراستەو یەکلاکەرەوە، سەخت بێت. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لەباری تێبینیکردندایە ئەوەیە کە پێدەچێت میحوەری ئیخوان لەباری نایابی هێرشبردندا بێت! سەرباری ئەوەی کە لە لیبیا دەگوزەرێت –کە بووەتە مەیدانی ڕووبەڕووبونەوەو تاقیکردنەوەی ڕاستەقینە- هێرشێکی سیاسی و میدیایی چڕ لەئارادایە بۆ سەر وڵاتانی میحوەری “میانڕەو” بەتایبەت سعودیەو ئیمارات و میسر. ئەم هێرشە بەشێوازێک ڕێکخراوە کە ئامانجی دنەدان و ئاراستەکردنە دژی حکومەتی ئەم وڵاتانەو گۆشەگیرکردنیان. شتێک لەئارادایە، لە چەشنی ئامادەکاری بۆ شەپۆلی دووەمی بەهاری عەرەبی!
هەروەها لە هێڵەکانی تەماسدا هەندێک جووڵەی لابەلا لەنیوان میحوەرەکاندا هەستی پێدەکرێت بەئامانجی ڕاماڵینی هەندێک بارگرژی، وەک نزیکبوونەوەی ئیمارات و سوریاو کرانەوەی میسر بەڕووی ئەم جوولەیەدا بەئامانجی گەمارۆدانی نفوزی تورکیا، ئەمە جگە لە کردنەوەی هێڵی پەیوەندی لەنێوان قەتەرو هەندێک لە گرووپەکانی سەربە کۆمەڵەی ئیسڵاحی هاوپەیمانی سعودیە دژی حوسییەکان، یاخود ڕێکەوتنی هەردوو میحوەری ئیخوان و مقاوەمە لەسەر ئاراستەکردنی تیری میدیایی و سیاسییان بەرە ڕووی وڵاتانی کەنداو لەدوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی ئەم وڵاتانە لەگەڵ ئیسرائیل.
ئەم جموجۆلانە، ئەگەر توانای ئەوەشیان نەبێت کە گۆڕانیکاریی بەرچاو لە دیمەنەکەدا بکەن، خۆ دەرخەری گەرمبوونی ڕادەی ململانێکەن کە ڕەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا سەر بکێشێت بۆ پەرەسەندنی زیاتر، بەتایبەت دوای خاوبوونەوەی هەڵڵای پەتای کۆرۆنا کە هودنەیەکی ناچاریی بەسەر هەموواندا سەپاندووە.
ژێدەر: Alhurra.com
وەرگێڕان: سیڤەر