فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان (درۆن)، ئه‌و چه‌كه بێده‌نگه ستراتیژییه نوێیه‌ی كه به‌رهه‌مهێنان و به‌كارهێنانی ساڵ به ساڵ به‌ره‌و زیادبوون ده‌چێت. پێشبینی ده‌كرێت به‌های ئه‌م بازاڕه له ساڵی (2022)دا بگاته نزیكه‌ی (22) ملیار دۆلار. به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا، چین ئامانجی ئه‌وه‌یه تا ساڵی (2023)، نزیكه‌ی (42) هه‌زار فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی سه‌ربازی له جۆری جیاواز به‌رهه‌م بهێنێت. هه‌ریه‌كه له ئه‌مه‌ریكا، روسیا، ئیسرائیل، ئێران بایه‌خێكی زۆر به دروستكردنی فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان ده‌ده‌ن.
“تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان”
فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه سه‌ربازییه‌كان خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندیین، دیارترینیان توانای ئه‌م فڕۆكانه‌یه كه ده‌توانن بۆ ماوه‌ی زیاتر له رۆژێكی ته‌واو له كاردا بن، ئه‌م ماوه‌یه‌ش له داهاتودا زۆر زیاتر ده‌بێت. توانای كاركردنیان له ناوچه دوور‌و مه‌ترسیداره‌كان هه‌یه كه دژه فڕۆكه‌ی تێدایه، به‌بێ ئه‌وه‌ی تاقمی مرۆیی دووچاری مه‌ترسی ببنه‌وه. هه‌روه‌ها زیانی كه‌وتنه خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی بێ فڕۆكه‌وان یان له‌ده‌ستدانی زۆر كه‌متره له‌و فڕۆكانه‌ی كه فڕۆكه‌وانیان هه‌یه، ئیدی زیانه‌كه ئه‌وه بێت كه فڕۆكه‌وانه‌كه به دیلی ده‌كه‌وێته ده‌ستی لایه‌نی دوژمن و ژیانی ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه، یان نرخی فڕۆكه‌كه بێت، چونكه نرخی فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان كه‌متره له‌و فڕۆكانه‌ی فڕۆكه‌وانیان هه‌یه. هه‌روه‌ها تێچوی كارپێكردنی فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان كه‌متره له‌و فڕۆكانه‌ی فڕۆكه‌وانیان هه‌یه. جگه‌له‌وه‌ی فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه پێشكه‌وتووه‌كان توانای خۆدوورخستنه‌وه‌یان له مه‌ترسییه‌كان زیاتره له‌و فڕۆكانه‌ی فڕۆكه‌وانیان هه‌یه. هه‌روه‌ها دۆزینه‌وه‌یان له‌لایه‌ن دوژمنه‌وه ئه‌سته‌متره له دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و فڕۆكانه‌ی فڕۆكه‌وانیان هه‌یه. فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه پێشكه‌وتوه‌كان سیستمێكی په‌یوه‌ندی و كۆمه‌ڵێك ئامێری دیكه‌یان هه‌یه كه ده‌كرێت له‌ڕێگه‌ی تیمی كارپێكردنییه‌وه له بنكه‌ی فڕینه‌كه‌یه‌وه كارا بكرێت، به شێوازێكی زۆر خێراتر له‌و فڕۆكانه‌ی كه فڕۆكه‌وانیان هه‌یه‌و ئه‌و سیستم و ئامێرانه‌یان له‌سه‌ره. سه‌رباری ئه‌وانه، فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كان توانای فڕین و نیشتنه‌وه‌یان له‌و شوێنانه‌دا هه‌یه كه ئه‌و فڕۆكانه‌ی فڕۆكه‌وانیان هه‌یه ناتوانن بنیشنه‌وه‌و هه‌ڵبفڕن.
فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه پێشكه‌وتووه‌كان دووچاری هه‌ندێك گرفت ده‌بنه‌وه، چونكه له پرۆسه‌ی كارپێكردن و فڕینیاندا به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واوه‌تی پشت به تۆڕه دووره‌كانی په‌یوه‌ندی ده‌به‌ستن، ئه‌و تۆڕانه‌ش ده‌كرێت له‌لایه‌ن نه‌یارانه‌وه تێكبدرێن، به‌ڵام ئه‌و گرفتانه‌ش ده‌كرێت چاره‌سه‌ر بكرێن. به‌راورد به‌و سه‌ركه‌وتنه گه‌ورانه‌ی كه فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كان به‌ده‌ستیان هێناوه، ئه‌و مه‌ترسیانه زۆر كه‌من.
پێشبینی ئه‌وه ده‌كرێت فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه پێشكه‌وتوه‌كان و ئه‌وانه‌ش كه له داهاتودا دروستده‌كرێن، خێراییه‌كانیان و ماوه‌ی مانه‌وه‌یان له ئاسمان و قه‌باره‌ی ئه‌و بارانه‌ی هه‌ڵیده‌گرن زیاتر بێت، به‌وه‌ش ساڵ له‌دوای ساڵ رۆڵ و گرنگیان له هێزی ئاسمانی‌دا زیاتر ده‌بێت. هه‌روه‌ها پشت پێ به‌ستنیان له زۆربه‌ی ئه‌ركه‌كاندا زیاتر و زیاتر ده‌بێت. هه‌روه‌ها پێشبینی ئه‌وه ده‌كرێت ته‌رخانكردنی بودجه و ئاراسته‌كردنی هه‌وڵ و داهێنانه زانستییه‌كان بۆ گه‌شه‌پێدانی فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كان له به‌شێكی گه‌وره‌ی چه‌كی ئاسمانی ده‌وڵه‌ته پێشكه‌وتوه‌كاندا زیاتر بكرێت.
“بازاڕی فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كان له جیهاندا”
قه‌باره‌ی بازاڕی فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كان له جیهاندا له ساڵێكه‌وه بۆ ساڵێكی دیكه به‌شێوه‌یه‌كی خێرا زیادیكردووه. به نمونه له ساڵی (2015)دا به‌های ئه‌م بازاڕه به نزیكه‌ی شه‌ش ملیار دۆلار خه‌مڵێنراوه، پێشبینی ده‌كرێت به‌های ئه‌م بازاڕه له ساڵی (2022)دا بگاته نزیكه‌ی (22) ملیار دۆلار. ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت له‌م ساڵانه‌ی دواییدا گۆڕانكاری گرنگ روویداوه، له‌باره‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان به‌رهه‌مده‌هێنن. له‌م پێنج ساڵه‌ی دواییدا؛ ئیسرائیل پله‌ی یه‌كه‌می له هه‌نارده‌كردنی ئه‌م فڕۆكانه‌دا له‌ده‌ستداوه، هه‌رچه‌نده هێشتا له پله‌كانی پێشه‌وه‌دا ماوه‌ته‌وه.
له‌م ده‌یه‌ی كۆتاییدا چین ده‌ستیكردووه به به‌رهه‌مهێنانی فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی سه‌ربازی و هه‌نارده‌كردنی بۆ زۆرێك له ده‌وڵه‌تان، به مه‌رجی ئاسان‌و به‌نرخی هه‌رزانتر له فڕۆكه ئیسرائیلی و ئه‌مه‌ریكییه‌كان، كه ده‌گاته نزیكه‌ی نیوه‌ی نرخی ئه‌وان، له‌گه‌ڵ پاراستنی كوالێتیه‌كه‌ی له ركابه‌رییه‌كه‌دا. به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا له ساڵی (2015)دا، چین ئامانجی ئه‌وه‌یه تا ساڵی (2023)، نزیكه‌ی (42) هه‌زار فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی سه‌ربازی له جۆری جیاواز به‌رهه‌م بهێنێت. هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ریكاش به‌رهه‌مهێنانی فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی سه‌ربازی زیادكردوه‌و له‌م ساڵانه‌ی دواییدا كردویه‌تی به كاری له‌پێشینه‌ی. رووسیاش له‌م ده ساڵه‌ی كۆتایدا بایه‌خێكی گه‌وره به به‌رهه‌مهێنانی فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی سه‌ربازی ده‌دات و كردوویه‌تی به ئه‌وله‌ویه‌ت. به‌هه‌مان شێوه ئێرانیش بایه‌خێكی گه‌وره‌ی پێده‌دات و چه‌ندین جۆری به‌رهه‌مهێناوه. هه‌ندێك له‌و فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه سه‌ربازییانه‌ی ئێران به‌رهه‌می هێناوه ده‌توانێت بۆ ماوه‌ی یازده كاتژمێری به‌رده‌وام له ئاسماندا بمێنێته‌وه‌و مه‌وداكه‌ی ده‌گاته (200) كیلۆمه‌تر. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێران مانگی ده‌ستكردی پێویستی نییه، ناتوانێت فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كانی كارا بكات‌و كۆنترۆڵ بكات له مه‌ودایه‌كدا كه (200) كیلۆمه‌تر زێتر بێت.
“ئیسرائیل و به‌رهه‌مهێنانی فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان”
ئیسرائیل یه‌كێكه له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی له ده‌یه‌ی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه، ده‌ستیكردووه به به‌رهه‌مهێنانی جۆری جیاوازی فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان، كورت مه‌وداو مامناوه‌ند و دوور مه‌ودا، بۆ مه‌به‌ستی جۆراوجۆری سه‌ربازی به‌كاریانده‌هێنێت، كه كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری و سیخوڕی و بۆردومانكردنی ئامانجه نزیك و دووره‌كان له ئیسرائیله‌وه ده‌گرێته‌وه. له‌و ده‌مه‌وه ئیسرائیل چه‌ندین جۆری جیاوازی فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی به بڕی زۆر دروستكردووه. به نمونه فڕۆكه‌ی “سكایلارك” كه كۆمپانیای “ئه‌لبیت”ی ئیسرائیلی به‌رهه‌می ده‌هێنێت. فڕۆكه‌ی “هێرمس 450” كه بۆ چه‌ندین مه‌به‌ست و بۆ مه‌ودای مامناوه‌ند به‌كارده‌هێنرێت و هه‌مان كۆمپانیا دروستی ده‌كات، له ساڵی (1999)ه‌وه سووپای “ئیسرائیل” به‌كاریده‌هێنێت و مه‌وداكه‌ی ده‌گاته (200) كیلۆمه‌تر، ده‌توانێت بۆ ماوه‌ی بیست كاتژمێر له ئاسماندا بمێنێته‌وه، ئه‌وپه‌ڕی توانای ده‌توانێت (200) كیلۆگرام چهكو سیستمی سیخوڕی و په‌یوه‌ندی هه‌ڵبگرێت، ئه‌وپه‌ڕی خێراییه‌كه‌ی ده‌گاته (175) كیلۆمه‌تر له كاتژمێرێكدا. پیشه‌سازی ئاسمانی ئیسرائیل له (1994)ه‌وه ده‌ستیكردووه به به‌رهه‌مهێنانی فڕۆكه‌ی “هێرۆن 1″، ساڵی (2000) ده‌ستیكرد به هه‌نارده‌كردنی بۆ ژماره‌یه‌ك ده‌وڵه‌ت. له ساڵی (2003) به ئاشكرا ئه‌م فڕۆكه‌یه راگه‌یه‌نرا. له (2005)ه‌وه له‌لایه‌ن هێزی ئاسمانی ئیسرائیله‌وه به‌كارده‌هێنرێت. ئه‌م فڕۆكه‌یه هه‌شت مه‌ترو نیو درێژه، شه‌ش مه‌ترو نیو به‌رزه، درێژی باڵه‌كانی (16.6) مه‌تره، كێشه‌كه‌ی (1150) كیلۆیه. توانای هه‌ڵگرتنی (250) كیلۆگرامی هه‌یه، سی هه‌زار پێ به‌رز ده‌بێته‌وه‌و مه‌وداكه‌ی ده‌گاته (350) كیلۆمه‌تر.
پیشه‌سازی ئاسمانی ئیسرائیل فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی “هێرۆن 2: (ئیتان)یشی پێ ده‌وترێت” به‌رهه‌مهێناوه. له (2010)ه‌وه له‌لایه‌ن هێزی ئاسمانی ئیسرائیله‌وه به‌كارده‌هێنرێت. له‌شێوه‌دا له فڕۆكه‌ی هێرۆن یه‌ك ده‌چێت، به‌ڵام چوار هێنده گه‌وره‌تره. یه‌كێكه له پێشكه‌وتووترین فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كانی ئیسرائیل. پازده مه‌تر درێژه‌و (5.6) مه‌تر به‌رزه، درێژی باڵه‌كانی بیست و شه‌ش مه‌تره. كێشه‌كه‌ی پێنج تۆنه. ئه‌وپه‌ڕی توانای هه‌ڵگرتنی یه‌ك تۆنه، ده‌توانێت بۆ ماوه‌ی (36) كاتژمێر به به‌رده‌وامی له ئاسماندا بمێنێته‌وه و (45) هه‌زار پێ به‌رز ببێته‌وه. ئه‌م فڕۆكه‌یه بۆ ئامانجی جۆراوجۆر به‌كارده‌هێنرێت، وه‌كو؛ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری، سیخوڕی، وێنه‌گرتنی ناوچه‌یه‌كی فراوان، له‌ڕێگه‌ی مانگی ده‌ستكرده‌وه توانای په‌خشی راسته‌وخۆی هه‌یه. ده‌توانێت له دووری هه‌زاران كیلۆمه‌تره‌وه له ئیسرائیل به موشه‌ك یان به بۆمب ئامانجه‌كانی بپێكێت. نرخی ئه‌م فڕۆكه‌یه له‌نێوان بیست بۆ هه‌شتا ملیۆن دۆلاره، ئه‌وه‌ش به‌گوێره‌ی ئه‌و سیستم‌و ئامێره جیاوازانه‌ی بۆی داده‌نرێت. ئیسرائیل فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كانی به‌تایبه‌تی هێرۆن یه‌ك و دووی بۆ ژماره‌یه‌ك ده‌وڵه‌ت هه‌نارده‌كردوه، له‌نێویاندا رووسیا، ئازه‌ربایجان، ئیكوادۆر، به‌رازیل، ئه‌ڵمانیا، هیندستان، توركیا، یۆنان، كه‌نه‌دا، مه‌غریب، كۆریای باشور، سه‌نگاپور، ئه‌مه‌ریكا، فه‌ره‌نسا، ئوسترالیا. له‌ماوه‌ی ساڵانی (2005 – 2013)دا ئیسرائیل پله‌ی یه‌كه‌می له هه‌نارده‌كردنی فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان له جیهاندا داگیركردبوو. له‌و ماوه‌یه‌دا به به‌های (4.62) ملیار دۆلار فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی هه‌نارده‌كرد بوو.
به‌ده‌ر له‌و سووده ماددییه‌ی “ئیسرائیل” له فرۆشتنی ئه‌و فڕۆكانه به زۆرێك له ده‌وڵه‌تانی جیهان چنگی ده‌كه‌وێت، ئیسرائیل سوودی دیكه‌شی به‌ده‌ستهێناوه، چوونكه هه‌نارده‌كردنی ئه‌و فڕۆكانه كاریكردووه و (كار ده‌كاته) سه‌ر به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی به زۆرێك له ده‌وڵه‌تانه‌وه، ئیدی له‌سه‌ر ئاستی سیاسی بێت یان له‌سه‌ر ئاستی هاوكاری ئه‌منی بێت له‌نێوانیاندا، له نمونه‌ی گرێبه‌ستی هه‌نارده‌كردنی ئه‌و فڕۆكانه‌ی كه ئیسرائیل له‌گه‌ڵ هیندستان و روسیا‌و زۆرێك له ده‌وڵه‌تانی دیكه‌دا واژوی كردووه.
“ئیسرائیل و به‌كارهێنانی فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان”
ماوه‌ی چه‌ندین ده‌یه‌یه “ئیسرائیل” له‌بواری به‌رهه‌مهێنانی فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی سه‌ربازی و به‌كارهێنانی و هه‌نارده‌كردنی، پێگه‌یه‌كی گرنگی داگیركردووه. له سه‌ره‌تادا فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كانی بۆ مه‌به‌ستی سیخوڕی و وێنه‌گرتنی ناوچه عه‌ره‌بییه‌كانی هاوسنووری له‌كۆتایی شه‌سته‌كان و حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردودا به‌كارده‌هێنا. له ده‌یه‌ی هه‌شتاكان و نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردودا له جه‌نگه ناهاوتاكهیدا له‌دژی هێزه فه‌ڵه‌ستینییه‌كان له لوبنان، له شه‌ڕی یه‌كه‌می لوبناندا دژی حیزبوڵا له لوبنان، له به‌كارهێنانی فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كان به‌رده‌وامبوو. له ده‌یه‌ی هه‌شتاكانه‌وه “ئیسرائیل” فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كانی ته‌نها بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری به‌كارناهێنێت، به‌ڵكو وه‌كو به‌شدارێكی كارا له شه‌ڕدا به‌كاریده‌هێنێت، چونكه له‌باره‌ی ئامانجه جێگیر‌و جوڵاوه‌كان كه پێویسته به ئامانج بگیرێن، زانیاری به سوپای ئیسرائیل و هێزی ئاسمانی ده‌دات. ئیسرائیل له نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوه‌وه له پرۆسه‌ی تیرۆركردنی سه‌ركرده و چالاكوانه فه‌ڵه‌ستینی و لوبنانییهكاندا، فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كانی به‌شێوه‌یه‌كی چڕ به‌كارده‌هێنێت.
تیرۆركردنی ئه‌مینداری گشتی حیزبوڵای لوبنانی “عه‌باس موسه‌وی” له (16/شوبات/1992) له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه، یه‌كێكه له دیارترین ئه‌و چالاكییانه‌ی كه فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه ئیسرائیلییه‌كان له‌و ماوه‌یه‌دا به‌شدارییان تێداكرد. فڕۆكه‌یه‌كی بێ فڕۆكه‌وانی ئیسرائیلی ئه‌و رۆژه له ئاسمانی باشووری لوبنان بوو، راسته‌وخۆ وێنه‌ی جموجۆڵه‌كانی كاروانه‌كه‌ی موسه‌وی ئه‌مینداری گشتی حیزبوڵای ده‌گه‌یانده ژوری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی سه‌ركردایه‌تی سووپای ئیسرائیل له ته‌لئه‌بیب، كه له‌و رۆژه‌دا سه‌ردانی باشووری لوبنانی كردبوو. له هه‌مانكاتدا فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كه ئامانجه‌كه‌ی بۆ هێزی ئاسمانی “ئیسرائیل” دیاری ده‌كرد، ئه‌وانیش دوو فڕۆكه‌ی ئهباتچیان نارد و بۆردومانی چوار ئۆتۆمبێلیان كرد كه سه‌ر به‌كاروانه‌كه‌ی ئه‌مینداری گشتی حیزبوڵا بوون، له ئاكامدا موسه‌وی‌و هاوسهرهكهیو منداڵێكی شه‌ش ساڵانی و ژماره‌یه‌ك چه‌كداری حیزبوڵا كوژران.
ئیسرائیل له پرۆسه‌كانی تیرۆركردنی ده‌یان سه‌ركرده و چالاكوانی فه‌ڵه‌ستینی له كۆتاییه‌كانی راپه‌ڕینی یه‌كه‌م، راپه‌ڕینی دووه‌م، جه‌نگه‌كانی له دژی كه‌رتی غه‌ززه، له به‌كارهێنانی فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان به‌رده‌وام بوو. به‌كارهێنانی فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كان ته‌نها دژی وڵاتانی هاوسێی نه‌بوو، به‌ڵكو له ده‌یه‌ی رابردوودا زۆرجار ئامانجهگهلێكی پێكاوه كه سه‌دان كیلۆمه‌تر دوور بوون. له شه‌ڕی دووه‌می لوبناندا له (2006) به‌كارهێنانی فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كان گه‌یشته یه‌كێك له لوتكه‌كانی، چونكه چه‌ندین كاتژمێر زیاتر له‌و فڕۆكانه‌ی كه فڕۆكه‌وانیان هه‌بوو، فڕین. له مێژووی سهربازیداو بۆ یه‌كه‌مجار له‌م جه‌نگه‌دا فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كان له سه‌ره‌تاوه تا كۆتایهاتنی شه‌ڕه‌كه، له‌سه‌ر ئاسمانی گۆڕه‌پانی شه‌ڕه‌كه به‌رده‌وامبوون له كاركردن. له‌م ده‌یه‌یه‌ی كۆتایدا ئیسرائیل به‌شێوه‌یه‌كی چڕ‌و به‌رده‌وام، فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كانی له پرۆسه سهربازییهكانو له هه‌ر سێ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یدا بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه له (2009، 2012و 2014) به‌كارهێنا. هه‌روه‌ها به‌رده‌وامه له به‌كارهێنانیان له په‌لاماره دووباره‌كانی بۆ سه‌ر سوریا‌و لوبنان و ئێراق، كه تیایاندا سه‌ربازانی ئێران و میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران له‌و ده‌وڵه‌تانه‌دا به ئامانج ده‌گرێت.
“ئایندهی فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كان له هێزی ئاسمانی ئیسرائیل‌دا”
فه‌رمانده‌ی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل له (2016)دا، پلانێكی گه‌وره‌ی بۆ فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كان له هێزی ئاسمانی ئیسرائیل‌دا بۆ ده‌یه‌ی داهاتوو په‌سه‌ندكرد. به‌پێی ئه‌و پلانه گۆڕانكاری گرنگ له ته‌واوی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل‌دا ده‌كرێت، رۆڵ‌و قه‌باره‌ی فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كان به‌هێزتر ده‌كرێن. ئه‌م پلانه هه‌وڵی گه‌شه‌پێدانی هه‌موو ئه‌و بوارانه ده‌دات كه په‌یوه‌ستن به فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانه‌وه له هێزی ئاسمانی ئیسرائیل‌دا، وه‌كو؛ توانای مرۆیی، پرۆسه سه‌ربازییه‌كان، چاككردنه‌وه، ژماره‌ی فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كان، ژماره‌ی كاتژمێره‌كانی فڕینیان.
له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و پلانه، كاتژمێره‌كانی فڕینی فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كان له ساڵی (2018)دا گه‌یشته سێ له‌سه‌ر چواری كاتژمێری فڕینی فڕۆكه‌كان له هێزی ئاسمانی ئیسرائیل‌دا. هه‌روه‌ها له‌و پرۆسه سه‌ربازییانه‌ی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل ئه‌نجامی داوه، سێ به‌شی فڕینه‌كان له‌لایه‌ن فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كانه‌وه بووه. له‌م ساڵانه‌ی دواییدا ژماره‌یه‌ك له‌و ئه‌ركانه‌ی فڕۆكه ئاساییه‌كان ئه‌نجامیان ده‌دا گواسترایه‌وه بۆ فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كان، له نمونه‌ی؛ پرۆسه‌ی سیخوڕی‌و كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری كه فڕۆكه‌كانی جۆری “بیچكرافت كینگ ئێر بی 200” ئه‌نجامیان ده‌دا، له‌ئێستادا فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كانی جۆری “هێرۆن 2” ئه‌و ئه‌ركانه راده‌په‌ڕێنن. هه‌روه‌ها پرۆسه‌ی په‌یجوری به‌سه‌ر كه‌ناراوه‌كانی ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاستدا له‌لایه‌ن فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كانه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت. پێشبینی ده‌كرێت پشت پێ به‌ستنی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل به فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی سه‌ربازی له ساڵان‌و ده‌یه‌كانی داهاتودا زۆر زیاتر ببێت، هه‌روه‌ها له زۆرینه‌یه‌كی هه‌ره زۆری ئهركو پرۆسه‌كانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل‌دا زیاتر‌و زیاتر پشتی پێ ببه‌سترێت.
* ئه‌م بابه‌ته به‌شێكه له راپۆرتێكی چڕوپڕی د. مه‌حمود موحاریب كه له ژماره (13) گۆڤاری (استشراف)دا به‌ناونیشانی: واقیع‌و پلانی “سایبه‌ر”و فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان له ئیسرائیل بڵاوكراوه‌ته‌وه.