“به بۆنه‌ی ماڵاوایی هادی مه‌حموودی هونه‌رمه‌ند”
له ڕۆژگاری ئێستاماندا و به په‌ره‌سه‌ندنی ڕۆژ له دوای ڕۆژی ئامێره‌کانی په‌یوه‌ندی و ڕاگه‌یاندن و به تایبه‌تی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، چه‌مکه‌کان له مانا ڕه‌سه‌نه‌کانی خۆیان داتهکێنراون و له‌و کاکڵ و ناوه‌رۆکه ڕاسته‌قینه ڕۆحییه به‌تاڵ کراونه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش پێش ئه‌وه‌ی به ته‌نها کاریگه‌ریی ڕه‌ش و دزێو و نادروستی تۆڕه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی بیت نه‌بوونی پلان و په‌رژینێکی ڕه‌وا و به‌جێیه له ئاست دونیایه‌کی گه‌وره که شاڵاوی بۆ کۆمه‌ڵگای بچووک و پێشنه‌که‌وتووی ئێمه هێناوه. دونیای جیهانگیریی و پلانه کولتووری-سیاسییه‌کان.
له‌م جووتبوونه نادرووست و دهرهمێژووییهدا کۆمه‌ڵێک دیارده‌ی ناته‌ندروست له‌دایکبوون و زاوزێیان کردووه که سه‌ر له به‌ری یاده‌وریی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌یان خستۆته مه‌ترسیییه‌وه، بواری هونه‌ر به مانا گشتییه‌که‌ی ته‌نها یه‌کێک له بواره‌کانه. بۆ نموونه ئێسته تۆ ده‌یان گۆرانیبێژی ژن و کچه منداڵکارت هه‌نه که زۆرینه‌یان هیچ هونه‌رێک نه له ده‌نگیاندا هه‌یه و نه له ئه‌دا و گۆکردنیان، به‌ڵام به‌هۆی قه‌لافه‌تی سێکسیی ژنانه و سیمای میدیاتیکی جه‌سته‌یان له لایه‌ن به‌شێکی زۆر له نه‌وه‌ی نوێمانه‌وه پێشوازییان لێ ده‌کرێت و میدیاکان زه‌قیان ده‌که‌نه‌وه، ئه‌م پێشوازی کردنه‌ش مه‌رج نییه حه‌تمه‌ن وه‌کوو پێشوازیکردن له هونه‌ره‌که‌یان پێناسه بکرێت به‌ڵکوو زیاتر وه‌کوو گرێیه‌که له بینینی ژنان و کچان و ڕووتبوونه‌وه‌ی دونیای ئه‌وان له سه‌ر شاشه‌کاندا، گاڵته و شۆخی و گه‌پ و گێڕانه‌وه‌کانیان و له زۆربه‌ی کاتیش‌دا بێ‌واتا و بێسه‌روبه‌رن، ئه‌وه‌نده نازفرۆشی و مهکرنواندن تێیدا شه‌پۆلان ده‌دات ئه‌وه‌نده په‌یام و حیکمه‌تێکی تێدا به‌دی ناکرێت، غه‌دره بڵێین ده‌ی دونیای ناسکی ژنانه هه‌ر وایه، نه‌خێر ژنان له هه‌موو جیهاندا و به‌دڵنیاییه‌وه له کوردستانیش به‌ڕاده‌ی پێویست له بواره جیاجیاکاندا ده‌رکه‌وتوون، له بواری هونه‌ر و مۆدێلینگ و فه‌لسه‌فه و ئه‌ده‌ب و شانۆ و داهێناندا ئیشیان کردووه کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆییش له هه‌موو جیهان سه‌ری ڕیێزیان بۆ داده‌نه‌وێنیت ژنانێکی وه‌کوو هێلێن کلێر، هیریت بیچر ئیستۆ، سیمون دوبوڤار، هانا ئارێنت، ئایریس مهرداک.
له ناو کوردی خۆمانیشدا له‌یلا قاسم، عادیله خان، حه‌فسه خانی نه‌قیب و ده‌یانی دیکه، ئه‌مانه ڕۆڵه‌ی ڕه‌نجده‌ر و خه‌مخۆری سه‌رده‌می خۆیان بوون و ئێمه ناتوانین به ئاسانی له یاده‌وه‌ریماندا بیانسڕینه‌وه جون ئه‌وان مانا و ناوه‌رۆکیان به‌رهه‌م هێناوه، له ڕێره‌وی مێژوودا ڕۆڵێکیان هه‌بووه، هه‌مدیس له ناو گۆرانبێژانی ئێسته‌ی کورددا که‌سانی وه‌کوو کانی، شاناز زاهیر، ماریا هه‌ورامی و ده‌یانی دیکه هه‌ن له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و بازنه ئیرۆتیکییهی کاری هونه‌ری ئیش ده‌که‌ن و پێم وایه به‌شێکن له پرۆسه‌ی گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردی. له ناو ئه‌م گه‌ڕه‌لاوژێیه‌دا که‌سانێک ناوی هونه‌رمه‌ندی میلییان لێ ده‌نرێت که ڕه‌نگه ئێمه وه‌کوو تاکێکی کورد پێمان عه‌یب بێت بڵێین ئه‌مه گۆرانبیژێکی میلیی ئێمه‌یه و ئه‌وه‌ش گۆرانییه میلییهکهیهتی و پیشانی که‌سێکی بیانی و ئه‌ویدییه‌کی کوردی بده‌ین! مه‌به‌ستمه بڵێم کاتێک ئێمه گوتار و پلانێکی تۆکمه و یه‌کده‌ستمان نه‌بێت بۆ پێناسه‌کردنی چه‌مک و زاراوه‌کانی سه‌ر به کۆمه‌ڵگای ئینسایی خۆمان ، ئه‌نجامه‌که له‌مه باشتر نابێت، ئه‌م دۆخه بۆ گۆرانیبێژانی پیاویش ڕاسته، گۆرانیبێژی وا که هه‌ندێک به‌ندی فیشقیات ڕێک ده‌خات که (چوارده ژن بهێنێت) و یان هی وا که به ده‌ف و دایهرهیهکهوه باسی نامهگؤڕینهوه له‌گه‌ڵ کچێک ده‌کات و وێنایه‌کی ته‌واو بازاڕی و دوور له هه‌ر جۆره هه‌ڵبه‌ست و ته‌کنیکی شیعری ده‌رخواردی مێشکی مرۆڤی کۆمه‌ڵگای ئێمه ده‌دات، له ئاوه‌ها دۆخێک‌دا ئێمه بۆ ده‌بێ چاوه‌ڕوان بین که تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئێمه هۆگرییان به ئه‌ده‌بی ڕه‌سه‌ن، مێژووی خۆی، فه‌لسفه، بیری کۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌رمه‌ند و که‌سایه‌تییه دیار و خاوه‌ن پێگه‌کانی خۆی هه‌بێت! له نێوان ساڵانی شه‌سته‌کانه‌وه بۆ نه‌وه‌ده‌کان ده‌یان گۆرانیبێژ و هونه‌رمه‌ند سه‌ریان هه‌ڵدا که کو‌لتوور و شووناسی ئێمه‌یان ڕزگار کرد، تۆ ئێسته‌ش گوێ له ده‌نگی حسێن عه‌لی و تایه‌ر تۆفیق و سه‌ید عه‌له‌ی ئه‌سغه‌ر و کێ و کێیتر ده‌گریت مووچڕک به له‌شتدا دێت، به هه‌ڵبه‌ستیان، به ئه‌داکردنیان، به ئامێره‌کانی ژه‌نین و هتد…ئێسته دۆخه‌که چۆنه؟
ئه‌مه بۆ دراما و فیلم و شانۆش هه‌ر ڕاسته، ڕه‌نگه ئێمه پاش دراماکانی وه‌کوو ژاڵه و فیلمی وه‌کوو “بووکی ژێر ده‌واری ڕه‌ش” نموونه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتوو و ڕه‌سه‌نی دیکه‌مان به‌و شێوه‌یه نه‌بینیبێته‌وه، هه‌ر چه‌ند بێگومان کاری زۆر باش له ڕۆژهه‌ڵات و باشوور کراوه، به‌ڵام لانیکه‌م ئێمه ناتوانین بڵێین سینه‌مای کوردیمان هه‌یه به‌ڵام ده‌توانین بڵێین فیلمی کوردیمان هه‌یه، ئه‌مه بۆ شانۆگه‌ریش ڕاسته چون ئه‌مانه بوارانێکی ناسکن و پسپۆڕی و هونه‌ر و ته‌کنیکی خۆیانیان ده‌وێت، شوکر بۆ خوا هه‌ر که‌سێک جارێ ناتوانێت په‌لاماری ئه‌وم بوارانه‌ش بدات و به ئاره‌زووی خۆی ته‌ڕاتێنی تێدا بکات و دوو چۆپی له ناویدا هه‌ڵپه‌ڕێت! ئه‌م باسه پانۆرامای قه‌یرانێکه له بواری گشتیی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ئاسانتر سیمای هونه‌رمه‌ندێکی ڕه‌سه‌ن به ناوی “هادی مه‌حموود” یان وه‌کوو له درامای گه‌رده‌لوولدا ناسراو بوو “عه‌ریف حه‌مه تاڵ” بنه‌خشێنین.
به‌داخه‌وه قه‌ده‌ر و سرووشتی هونه‌رمه‌ندانی کۆمه‌ڵگای ئێمه وای لێهاتووه له کاتی مه‌رگدا زیندوو ده‌بنه‌وه و زیاتر ده‌ناسرێن! باشم له بیره ساڵی پار کاتێک کاک هادیی ڕه‌وانشاد گرته ڤیدیۆیه‌کیان لێ بڵاو کرده‌وه و باسی که‌باب خواردن و چێژی خواردنی ده‌کرد کۆمه‌ڵێک هاتن وتیان ئه‌مه چڵێسییه و زکنبوونه، هه‌ندێ دۆستی به‌ناو ڕؤژنامهنووسیش باسی به‌هێزبوونی که‌بابخواردن و دابه‌زینی خه‌باتیان له باشوور ده‌کرد، ئه‌م تێروانیانه به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئاست و قووڵایی کاره‌ستانی خۆنه‌ناسی و کورد نهناسیمان بۆ بخاته ڕوو، ئه‌و شێوه‌ژیانه‌ی کاک هادی که ئێسته ورده‌ورده په‌رده‌ی له سه‌ر هه‌ڵده‌درێت یه‌کێک له شێوازه ڕه‌سه‌ن و ڕاسته‌قینه‌کانی ژیانی کوردانه‌یه(ناڵێم ئایدیالترینیان) هه‌ر ئه‌و ڕۆحییه‌ته دیونیزوسی و ژیاندۆست و خۆنهپارێزه بوو شۆڕشی کرد، هه‌ر ئه‌و ڕۆحییه‌ته بوو ئه‌منه سووره‌که‌ی گرت و مولازیم مهحسینی له تۆڵه‌ی دونیایه‌ک خوێنی گه‌نج و لاودا هه‌ڵواسی، هاوکات هه‌ر ئه‌و ڕۆحییه‌ته بوو که ده‌یتوانی به قاقای پێکه‌نین باسی هه‌ژاری و خۆشی و چیژهکانی بکات. هه‌ر ئه‌و ڕۆحییه‌ته بوو له کۆڕه‌ودا چریکاندی “نیشتیمانی خۆمه ده‌یپێوم مه‌ڵێن ئاواره‌یه”.
ئێسته زیاتر ده‌بینین که “هادی مه‌حموود” ته‌نها ئه‌کته‌رێک نه‌بووه، کتێبفرۆش بووه به‌ڵام ته‌نها کتێبفرۆش نه‌بووه، کتێبخوێن بووه، به‌ڵام ته‌نها کتێبخوێنیش نه‌بووه، ژیاندۆست بوو و عاشقی کچه‌کانی بووه به‌ڵام ته‌نها له‌و بازنه‌یه‌شدا گیری نه‌خواردبووه‌وه، له سابوونکه‌ران له دایک بووه به منداڵی له‌وێ له‌گه‌ڵ باوکی شووتی و شتی فرۆشتووه، به گه‌نجی هه‌نگاوێک ژوورتر هه‌ر به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا کتێبی فرۆشتووه و تا به‌ر له مه‌رگیشی له‌و نێوانه‌دا شووتی فرۆشتووه نه‌ک بۆ بژیوی ژیان به‌ڵکوو بۆ خۆشه‌ویستیی بۆ ژیان و خه‌ڵک! ئه‌و ده‌ڵێت که کچه‌کانم ده‌بینم خه‌می دونیا‌م بیر ده‌چێت! هیچ هه‌ستم به که‌میش نه‌کردووه که کوڕم نه‌بووه! ئه‌و ئه‌ڵێت مه‌رگ حه‌قه و ئێمه ده‌بێت هه‌موومان ڕووبه‌ڕووی بینه‌وه هه‌ر بۆیه لێی ناترسم! من پێم وایه سیمای ڕه‌سه‌ن و ڕاسته‌قینه‌ی کوردێکی پێشکه‌ش به ئێمه کرد که له سه‌رده‌مه کۆنه‌کانه‌وه تا ئێسته هاتووه ژیانی له به‌رده‌می مه‌رگدا به تووندی له ئامێز گرتووه و به قاقایه‌کی پێکه‌نینیشه‌وه مه‌رگی گرتووه‌ته باوه‌ش! ڕۆحی شاد و یادی نه‌مر!