ماددەی ھۆشبەر کە پێشی دەوترێت( ئەنفالی سپی، تیرۆری سپی) ئەو ماددە سروشتی و دەستکردانەن لە کاتی بەکارھێنانیدا کاریگەرییەکی گەورە لەسەر بیر و ھۆش و جەستەی مرۆڤ بەجێ دەھێڵێت بەجۆرێک کە کەسایەتی و ھەڵسوکەوتی لەگەڵ کەسانی دەروبەر دەگۆڕێت، لە ھەندێک بارودۆخدا کەسانی توشبوو بە ماددەی ھۆشبەر تاوان ئەنجام دەدات بێ ئاگا لەوەی کە تاوانی ئەنجام داوە.
کاریگەریی ماددەی ھۆشبەر لەسەر تەندروستی مرۆڤ:
یەکێکە لە دیاردە خراپەکانی ناو کۆمەڵگا، کە کۆمەڵێک کەس بە تایبەت چنی گەنج ئالودەی بوون و گیرۆدەی دەستی ماددەی ھۆشبەر بوون، کێشانی ئەم ماددەیە چەندین کاریگەری نەرێنی خراپ بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ دروست دەکات. ماددەی ھۆشبەر چەندین جۆری جیاواز لەخۆ دەگرێت لەوانە( کۆکاین، ھێرۆین، نیکۆتین، شیشە )کە ترسناکترینیان (کرۆکدیل)ە کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر جەستەی مرۆڤ ھەیە ھێزی ئەم ماددەیە (٨ بۆ ١٠)جار لە ھێزی مۆرفین بەھێزترە. نیشانەکانی کەسی توشبوو لە ماوەیەکی کەمدا دەردەکەوێت بەکارھێنەر پێستی لاشەی لێدەبێتەوە تاسەر ئێسقان، پێستی دەگۆڕێت برینی زۆر گەورە لەسەر لاشەی بەدی دەکرێت چاکبوونەوەی نییە کەسی توشبوو ھەموو لاشەی دەڕزێت ناتوانێ وازی لێنێنێت. کەسانی ئالودە بە ماددەی ھۆشبەر زۆر جیاوازترن لە کەسانی ئاسای بەردەوام ھەست بە ماندوو بوون دەکەن، دەمارەخانەکانی مێشکیان ھەمیشە لە وریابونەوەدان، بەڵام لەھەر حاڵەتێکی نایاسای و گرتنەوەی ئەم ماددەیە لە کەسی ئالودە بوو، بەجۆرێک جەستەی تێک ئەدات ئەگەری زۆری ھەیە دەستبەجێ گیان لەدەست بدات. ھەربۆیە کەسانی ئالودەبوو ناتوانن بۆ یەک چرکەش واز لەم ماددەیە بێنن.
کاریگەری لەسەر شێوازی ھەڵسوکەوتیان بەجێ دەھێڵێت بەجۆرێک لەکاتی قسەکردنیاندا کەسانی دەوروبەر ناتوانن لێیان تێبگات. لەگەڵ ئەوەشدا ھەمیشە بەکەسی لاوازو بێدەسەڵات دێنە پێش چاو، بەردەوام ھەست بە گێژبوون و شەکەتبوون دەکات توشی سەرئێشەو ڕشانەوە دەبێت، پێستی کەسانی توشبوو زەرد دەبێت پەڵەو لەکەی نامۆی تێدا دروست دەبێت بەشێوەیەک کەسانی ئالودەبوو لە کۆمەڵگا دادەبڕێن وەک کەسانی ئاسای ناتوانن ژیان بکەن. ماددە ھۆشبەرەکان جگە لە زیانی تەندروستی زیانی ئابوریشی لەسەر بەکارھێنەر دروستکردووە بەشێوەیەک بۆ پەیداکردنی بڕێک ماددە ئامادەیە ھەموو ماڵ و سامانی بفرۆشت ھەتا حاڵەتی دزیکردن، بەمەش مایەپوچ دەبێت و ھیچی بەدەستەوە نامێنێت وردە وردە لە مردن نزیک دەبێتەوە گیان لەدەست دەدات.
ھۆکاری بڵاوبوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان چین؟
چەندان ھۆکاری بڵاوبوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان ھەن، بەڵام من لێرەدا باسی ھۆکارە سەرەکێکان دەکەم.
– ھاتنی گەشتیار و خەڵکانی بیانی بۆ ناوخۆی وڵات لەڕێگەی گەشت و ئیش و کار و گروپی گەشتیاری.
– تێکچونی شیرازەی خێزان و نەبوونی پەروەردەی دایک و باوکان بۆ نەوەکانیان.
– بێکاری و بڵاوبونەوەی فیلمی خراپ لەناو گەنجاندا ھۆکاری سەرەکین بۆ ئالودە بوون.
– خراپ بەکارھێنانی سۆشیاڵ میدا.
چۆن چارەسەری کەسانی توشبوو بە ماددەی ھۆشبەر دەکرێت:
– چارەسەرکردنی دەرونی کەسی توشبوو لەلایەن دەرون ناس گوێگرتن لەکێشەو گرفتەکانی و ھێورکردنەوەی دەرونی.
– لەناوبردنی ماددە ژەھراوێکان لەناو لەشیداو کەمکردنەوەی ئازار و پێدانی شلەمەنی زۆر بە توشبووەکە.
– باشکردنی پەیوەندی کەسی توشبوو لەگەڵ خێزان و دەوروبەیدا.
– چارەسەری پزیشکی لەلایەن دکتۆری پسپۆر لەوبوارەدا.
ئامۆژگارى خۆ پاراستن لە ماددە هۆشبەرەکان بۆ گەنجان و هەرزەکاران:
١- هەرکەسێک کە ماددەى هۆشبەرى پێشکەش بە ئێوە کرد بە بێ دوودلى و بە بڕوا بوونەکى بەهێز وەلامى بدەنەوە ( نــــــــــــــە) ئەوەى کە ئێمە بتوانین بە هاوڕێ خۆمان بلێین (نە) هونەرە. کەسانى ئاقل و تێگەیشتوو هەر پێشکەش کردن و داواکاریەک کە زیانى بۆ تەندروستى هەبیت و کاریگەرى خرابى بۆ سەر ژیانى هەبیت بە ئاسانى قبولى ناکەن و بە توندى بەرەنگارى دەبێتەوە.
٢- بیر لە بەکارهینان و تاقىکردنەوەى ماددە هۆشبەرەکان مەکەرەوە,هیچ کەسێک لەم دونیایە ناتوانیت بەلێنت پێ بدات کە بە یەک جار تاقیکردنەوە ھیچت لێناکات و خۆراگرت ئەکات.
٣- خۆت دوور بکە لەو کەسانەى کە ماددەى هۆشبەر بەکار دەهینن یان گومانیان لەسەرە و خۆت دوور بگرە لەو شوێنانەى کە کەسانى ئالوودە بوو بە ماددە هۆشبەرەکان هاتووچوى دەکەن.
٤- خۆتان دوور بگرن لە هاوڕێیەتى لە گەل کەسانى گوماناوی و کەسانی توشبوو.
٥- ماددە هۆشبەرەکان ژەهرێکى کوشندەن کە دەرەنجامەکانى بە تێپەر بوونى کات بە دیار دەکەون.
٦- پەیوەندیەکانت لە گەل دایک و باوکت توند و تولتر بکە و گوێ بیستى ئامۆژگاریەکانیان بە چونکە ئەوان باشترین هاوڕێتن.
٧- هەول بدە ئەو کاتانەى کە بێکارى کاتەکەت بە خوێندنەوە و وەرزش کردن بە سەر ببەى.
٨- ئەو کەسەى کە کارى بڵاو کردنەوەى ماددە هۆشبەرەکان دەکات, شێوە و دەم و چاوى هیچ جیاوازیەکى لە گەل کەسانى تر نییە, بۆیە لە کاتى پەیدا کردنى هاوڕێ ھەوڵ بدە بەباشى کەسەکە بناسى.
لەکۆتایدا داواکارم لە تاک بەتاکی کۆمەڵگا کە ھۆشیارتر بن لەبەردەم ئەم ژەھرە سپییەدا ھیچکات ژیانی خۆیان نەکەنە قوربانی دەستی ماددە ھۆشبەرەکان.