پەلکانە بچووکترین گوندی کوردییە لە پارێزگای کەرکووک، ئەمە بۆ نزیکەی شەش ساڵ دەچێت کە ڕووبەڕووی گەورەترین پرۆسەی بەعەرەبکردنی زەویەکانی بووەتەوە، هەروەها گشت جۆرە ڕێگرییەک لە جوتیارانی کورد دەکرێت بۆ کشتوکاڵکردن. عەرەبە هاوردەکراوەکان لە ماوەی پێنج ساڵدا هەشت خانوویان لە پەلکانە داگیرکردووە، لەپاڵ ئەو هەشت خانوەوە دەیان خەڵکی تریان هێناوەتە سنوورەکە. کێشەی پەلکانە ساڵانە لە کاتی دروێنەی دەخڵودانی دانیشتووانی کوردی گوندەکە سەرهەڵدەداتەوە، کە عەرەبە هاوردەکان هەڕەشە لە جوتیارانی کورد دەکەن لەوەی کار لەسەر زەویوزارەکانیان بکەن، لە هەمان کاتدا هەڕەشەی سووتاندنی دەخڵودانەکانیان دەکەن.
یەکێک لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانەوەی ساڵانەی کێشەکە گەندەڵی ئەفسەرەکانی سوپای ئێراقە لەو سنوورە، کە سەرپەرشتی پرۆسەی بەعەرەبکردنی ناوچەکە و هاوکاری عەرەبە هاوردەکراوەکان دەکەن بۆ داگیرکردن و سووتاندنی ماڵ و موڵک و زەویوزاری دانیشتووانی کورد لە ناوچەکە. شەش ڕۆژە بە پاڵپشتی هێزەکانی سوپای ئێراق و حەشدی شەعبی ژمارەیەکی زۆری عەرەبی هاوردە خۆیان لە گوندی پەلکانە جێگیر کردووە، هەندێک جار هێرش دەکەنە سەر دانیشتووانی کوردی گوندەکە و هەندێک جاریش پاشەکشە دەکەن.
لە ڕۆژی ٢١ی ئەم مانگە لەنێوان هاونیشتمانیانی گوندی پەلکانە و عەرەبە هاوردەکاندا شەڕ و ئاڵۆزی دروستبوو، دواتر عەرەبە هاوردەکان بۆ پشتیوانی خۆیان ژمارەیەکی زۆر عەرەبیان هاوردەی گوندەکە کرد و ئاڵۆزییەکان زیاتر بوون، بۆ ڕۆژی شەممە هێزێکی پێشمەرگەی میحوەری پێنج لە لیوای دە لە سنووری کەرکووک، لە گوندی عەوڵا فاتەوە بەرەو گوندەکە جووڵەی پێکرا. دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان جووڵەی بە لیوای دەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کرد بۆ سنووری گوندەکە، ئێستا جگە لە هەندێک هەمەری سەربازی سوپای ئێراق ئەوانەی تر گشتیان پاشەکشەیان کردووە، هەروەها لە ئێستادا تەنها دوو ماڵی عەرەب لە گوندەکە هەن.
لە ئێستادا هێزەکانی پۆلیس لە ناوچەکە جێگیرن، رەوشەکە ئارامترە لە ڕۆژانی پێشوو، بەڵام ڕەنگە ئارامییەکی کاتی بێت و دووبارە کێشەکە سەرهەڵبداتەوە. هێزەکانی پێشمەرگە کەمتر لە پێنج کیلۆمەتر لە گوندی پەلکانەوە دوورن، هەواڵی جوڵەپێکردنی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ گوندی پەلکانە هەر زوو لەنێو ئاوایی بڵاوبووەوە و عەرەبی هاوردە و چەکدارەکانی حەشدی شەعبی ناچار بە کشانەوە کرد. ئەو عەرەبە هاوردانەی، کە لە ماوەی پرۆسەی بەعەرەبکردن ڕوویان لە ناوچەکە کردووە جارێکی تر دەیانەوێت بگەڕێنەوە کە لە ٢٠٠٣ەوە لەوێ نەماون. عەرەبە هاوردەکان هەڕەشە لە جوتیارانی کورد دەکەن لەوەی کار لەسەر زەویوزارەکانیان بکەن، کە لە هەمان کاتدا هەڕەشەی سووتاندنی دەخڵودانەکانیان دەکەن هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو. عەرەبە هاوردەکان مەڕوماڵات دەبەنە نێو زەویوزاری جووتیارانی کورد یان رێگە نادەن زەویوزارەکانیان خۆیان بکێڵن.
لە ئێستادا مەترسی ئەوە هەیە، کە هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو لە کاتی گەرما و وشکبوونی زەویەکانی دانیشتووانی کوردی گوندەکە، دەخڵودانەکانیان بسووتێنن. لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ەوە گۆڕانکاری زۆر بەسەر ئیدارەی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان هاتووە. دانانی راکان جبووری بە پارێزگاری سەپێندراوی بەوەکالەتی کەرکووک، دوورخستنەوەی چەندین بەڕێوەبەری کورد لە پۆستەکانیان، هەروەها دوورخستنەوەی ٥١ بەرپرسی بەش و هۆبە لە پۆستەکانیان کە ئەوانیش کورد بوون و دانانی کەسانی شۆڤێنی لە شوێنیان بەشێک لەو گۆڕانکارییانە بوون. تاوەکو ئێستا بەهۆی کەمتەرخەمی بەشێک لە لایەنە کوردییەکان و بوونی هزری شۆڤێنی لە پەرلەمانی ئێراق دژ بە کورد نەتواندراوە یاسایەک دەربچێت، بۆ ئەوەی گرفتی تایبەت بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێن.
ئەوەی لە گوندی پەلکانە ڕوودەدات لە دەرئەنجامەکانی نەبوونی هێزەکانی پێشمەرگەیە لە ناوچە دابڕێندراوەکانی هەرێمی کوردستان. سوپای ئێراقی و حەشدی شەعبی هەرگیز ناتوانن ئاسایشی ناوچەکە بپارێزن، لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بۆشاییەکی ئەمنی گەورە لە ناوچە دابڕێندراوەکان درووست بووە، کە تاکە ڕێگاش گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، هەروەها نەمانی پشێوی و ئاژاوە و ئەو بۆشاییە ئەمنییەی کە درووست بووە.