“دەستپێك”
داگیركەرانی كوردستان تەنها لە هەوڵی داگیركردنی خەڵك و خاكی میللەتەكەدا نەبوون، بە ڵكۆ هەوڵیانداوە مێژوو، كولتوور و داب و نەریتی كوردەواریش داگیربكەن، ئەگەر ئەو كارەیان بۆ نەچووبێتە سەر ئەوا هەوڵی شێواندنیان داوە، یاخود خوازیاربوون لە بەرژەوەندی خۆیان بەكاری بهێنێن، بۆ نموونە لە سەردەمی فەرمانڕەوای عوسمانێكاندا لە پای وەڵامی پرسیارێك (ئیبن خەلەكان) وەڵامی درووست دەداتەوە، بەڵام خەڵاتەكە ڕادەستی كەسێكی تر دەكرێت، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: وەڵامەكەم بۆ ئەوان هێلكەیە، توێكڵەی بۆ من و هێلكەكەش بۆ خۆیانە. ناوزڕاندنی سەركردەكانی كورد و بەكارهێنانی خەبات و شكۆمەندێكانیان نموونەیەكی تری زیندووە كە بەردەوام دووبارە دەبێتەوە، سلێمان حەلەبیش یەكێكە لە گومناوەكانی كورد كە مێژوو فەرامۆشی كردووە و داگیركەرانیش مەبەستیان بووە بە پاڵەوانی عهرەبی لە قەڵەم بدەن. ئەم چەند دێرە شیكاری ئەو ڕاستییە دەكات.
“سلێمان حەلەبی كێیە؟”
سڵێمان كوڕی محەمەدئەمین، ساڵی 1777 لە وڵاتی شام و لە شاری حەلەب لە دایك بووە، باوكی فرۆشیاری ڕۆن و ڕۆنی زەیتون بووە، لە حوجرەكانی ئەو شارە زانستە سەرەتاییەكانی خوێندووە، وەختایەك دەگاتە تەمەنی بیست ساڵان باوكی بە مەبەستی خوێندنی زانستی ئیاینی لە زانستگای ئەزهەر ڕەوانەی شاری قاهیرەی دەكات، لە (ڕەواقی شام) كە بەشی ناوخۆیی خوێندكاران بووە نیشتەجێ دەبێت، مانەوە و تێكهڵاوبوونی بە خوێندكارانی بەشی ناوخۆیی ئاشنای دەكات بە شێخ (ئەحمەد شەرقاوی) كە یەكێك بووە لە مامۆستاكانی و هەندێجاریش لە ماڵی ناوبراودا ماوەتەوە.
ئەحمەد شەرقاوی نەیاری داگیركاری فەرەنسا بووە، هاوكات دەستی هەبووە لە هەڵگیرسانی شۆڕشی یەكەمی قاهیرەدا لە 21/ ئۆكتۆبەری/ ، 1798 كاتێك سوپای ناپلیۆن گەمارۆی جیزە و قاهیری دابوو سلێمان لە پاڵ مامۆستاكەیدا بوو، لە ماوەی مانەوەی لە قاهیرە دوو جار بە مەبەستی بەجێهێنانی فەریزەی حەج سەردانی ماڵی خودا دەكات، كاتێك دەبیستێت بابی نەخۆشە لە خوێندنەكەی دادەبڕێت و دەگەڕێتەوە حەلەب، وەختایەك لە تەندروستی بابی دڵنیا دەبێت بۆ تەواوكردنی خوێندنەكەی دەگەڕێتەوە وڵاتی میسر، لە ڕێگای گەڕانەوەیدا لە مایسی ساڵی 1800 با دەداتەوە بەلای قودسدا و سەردانی شاری غەزەش دەكات، لەو كاتەدا شۆڕشی یەكەمی قاهیرە لە سەروبەندی شكست و نسكۆیدا دەبێت، هەروەها زۆر باسی دەستدرێژی فەرەنسێكان لە وڵاتدا دەكرێت كە توڕەیی خەڵكیان بە كوڵهێناوە، گەل لە پێناو پاراستی ماف و شكۆیدا ڕاپەڕیوە.
جارێكی تر سڵێمان پەیوەندی دەكات بە خوێندكارانی نیشتەجێ لە (ڕەواق شام) كە چواریان خوێندكاری قورعان بوون لە دانیشتوانی غەزە بە ناوەكانی محەمەد، عبدالله، سەعید و عەبدەلقادر، لەمكاتەدا سڵێمان ڕازی دڵی دەكاتەوە كە مەبەستێتی (كلێبەر) بكوژێت و گیانیشی كردۆتە قوربانی لە پێناو ڕزگاركردنی وڵاتی میسردا.
لە بەرانبەردا فەڕەنسێكان دەڵێن: كارەكەی سڵێمان لە پای باجێكی زۆر بووە كە هاتۆتە سەر باوكی، كاتێك چاوی بە ئەحەمەد ئاغا كەوتووە، ئەو لێپرسراوێكی ئینكشارێكان بووە لە حەلەب و سڵێمانی ئاگاداركردۆتەوە كە والی شاری حەلەب باجێكی زۆری خستۆتە سەر شانی باوكی، ئەوكات ئەحمەد ئاغا بەڵێنی سوككردنی باجەكەی پێ داوە، لە بەرانبەردا پێویستە ئەویش فەرمانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامی جێبەجێبكات كە كوشتنی جێنشینی ناپلیۆنە. لە ئینسوكلوپیدیای حەلەبدا (خەیرەدین ئەسەدی) دەنووسێت:- ئەوە دەنگۆ و دەم هەڵبەستی داگیركەر و هەندێ لە ڕۆژهەڵاتناسەكانە، سڵێمان نیازی بووە ناپلیۆن بكوژێت، بەڵام تەقدیر و تەگبیر یەككیان نەگرتووە، ئەو مەبەستی تێكۆشان بووە لە پێناو خودا، چونكە داگیركەرە فەڕەنسێكان بە ئەسپەكانیانەوە چوونەتە ناو حەرەمی ئەزهەر و چەند زانایەكیان كوشتبوو! سەرباری ئەو كوشت و بڕە گەوڕەییەی لە وڵاتدا كردبوویان.
مێژوو نووسی مسیری (عەبدولڕەحمان ئەل جبرتی) لە مێژووی پەلاماری فەڕەنسا بۆ سەر وڵاتی میسردا دەنووسێت ئاغاكانی ئینكشاری دەنگۆیەكیان لە ناو خەڵكیدا بڵاو كردبۆوە كە هەركەسێك سەركردەی هەڵمەتەكانی فەرەنسا بكوژێت ئەوا دەكرێت بە سەركردەی (وەجاقات) و پلەو پایەی پێ دەدرێت سەرباری كۆمەڵێك ئیمتیازات، سڵێمان حەلەبی لەو پێناوەدا ئەو كارەی كردووە.!
“جەنەڕاڵ كلێبەر كێییە؟”
جان بابتیست كلێبەر لە نێوان ساڵانی “1753ـ 1800” دا ژیاوە، لە كاتی شۆڕشەكانی فەڕەنسادا یەكێك لە جەنەڕاڵەكانی بووە و بۆ سەر وڵاتی میسر و بەشداری هەڵمەتەكانی ناپلیۆنی كردووە، دەستپێكی ژیانی سەربازی لە خزمەتی ماڵباتی “هاپسپۆرگ” دا بەسەربردووە. ساڵی 1791 لە سوپای فەرەنسادا دەستبەكاربووە و خۆی بۆ كارەكەی تەرخانكردووە، دواتر بە خێرایی بە پلەكانی سەربازییدا هەڵكشاوە تا پلەی جەنەڕالی بەدەستهێناوە، كلێبەر لە جەنگەكانی “ئایلاند و سەركوتكردنی هەرێمی فۆندییە بەشداریكردووە، بە ماوەیەكی كەم بەر لەوەی خەنەنشین بكرێت هاوڕێی ناپلیۆن بووە بۆ سەر وڵاتی میسر، كاتێك ناوبراو گەڕاوەتەوە بۆ میسر كلێبەری كردووە بە بریكاری خۆی دواتر لەو وڵاتەدا كوژراوە.
ماڵپەڕی “مقال” بەمشێوەیە كوشتنی جەنەڕال كلێبەر دەگێڕێتەوە:- ڕۆژێك كلێبەر لەگەڵ گەورە ئەندازیار “برۆتان” لە گفتووگۆیەكی تولانیدا دەبێت و باس لە نەخشەكێشانی خانووەیەكی نوێ دەكەن تا وەكو پاشكۆی كۆشكی ” ئەلفی” لە باخچەی كۆشكی ناوبراودا دەربكەوێت، هەردووك بە تەنیشت بیرێكدا گوزەردەكەن لە پڕ گەنجێكی عەمامە بەسەر وەك ئاوكێش دەردەكەوێت و لێیان نزیك دەبێتەوە، وەختایەك لێیان نزیكدەبێتەوە دەستی درێژ دەكات جەنەڕالیش دەست بەڕویەوە دەنێت، ئەو زیاتر دێتە پێشی و دەستی ڕاستی درێژدەكات، ئەوكات جەنەراڵ وادەزانێت گەنجەكە دەیەوێت دەستی ماچ بكات، ئەوجا دەستی درێژ دەكات و سلێمانیش بە خەنجەر دایدەدورێت، لەوكاتەدا بۆتان بە هانای هاوەڵەكەیەوە دێت شاڵاو بۆ سڵێمان دەهێنێت، دەست لەویش بڵند دەكاتەوە شەش خەنجەری كوشندە لە جەستەی برۆتانیش دەدات، كاتێك كارەكە ئاشكرا دەبێت جارێكتر قاهیرە گڕدەگرێت، داگیركەریش شاڵاو دەباتە سەر دانیشتوان و تەڕو ویشك پێكەوە دەسوتێنێت.
“دادگایی و سوتاندنی لاشەی سلێمان حەلەبی”
پاشئەوەی سڵێمان بە خەنجەر جەنەڕال كلێبەر دادەورێت بەمەبەستی خۆحەشاردان و شوێن بزركردن هەڵدێت تا دەگاتە دیوارەكانی كۆشك پیاندا هەڵدەگەڕێت و ئاودیوو دەبێت، هاوكات پاسەوانەكان شوێنی دەكەون، دواتر لە كێڵگەیەكدا دەدۆزرێتەوە و دەست بە سەریدەكەن. ئازاری دەدەن و زۆریشی دەكوتن، دواتر ددان بە كارەكەیدا دەنێت كە چوار لە هاوەڵەكانی هاندەریبوون، هەروەها دەڵێت بۆ ماوەی سی و چوار ڕۆژ لەگەڵیاندا ماوەتەوە، ئەوكات هاندانی كوشتنەكەی جەنەڕاڵ بۆ فەڕەنسێكان ئاشكرا دەبێت، پاشان ئەوانیش دەستگیر دەكرێن و ڕاپێچی داداگا دەكرێن. جەنەڕاڵ ( مینو) كە بریكاری كلێبەر بووە لەو ڕۆژگارەدا لە حوزەیرانی ساڵی 1800 دەستور دەدات بە پێكهێنانی دادگایەك لە بارەی كوشتنی جەنەڕاڵەوە، دواتر دادگایەك پێكدەهێنرێت ماوەكەی تەنها چوار ڕۆژ بووە، لەوكاتەدا داوادەكرێت پارێزەرێك داكۆكیان لێبكات بەڵام كەس بە دەم كارەكەوە نایات، دواتر تەنها وەرگێرێك نێوەندگیریان بۆ دەكات، لە كۆتاییدا سێ كەس لە هاوەڵەكانی و سلێمانی حەلەبی فەرمانی مەرگیان بە سەردا دەسەپێنرێت، یەكێك لە هاوڕێكانی و مامۆستاكەشی بێتاوان دەربازدەبن.
ڕۆژی 28/ خوزەیرانی/ 1800 بە پاساوی شاردنەوەی زانیاری هاوەڵەكانی بە بەرچاوی سلێمانەوە لە سێدارە دەرێن و دواتر لاشەكانیان دەسوتێنرێن تا دەبن بە ڕەژوو، پاشان دەستی تاوانبار ئەو دەستەی جەنەراڵ كلێبەری پێ كوشتبوو دەسوتێنرێت و دوای فەرمانی مەرگ بە هەمانشێوە لاشەكەی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك لە (تەڵ عەقارب) بۆ قەل و داڵ بەجێدەهڵدرێت، دواتر لە مۆزەخانەی سەربازی لاشەی كلێبەر و نمایشدەكرێت و لە ژێریا دەنووسرێت ئێسك وپروسكی فەرماندە، بە هەمان شێوە لە ژێر لاشەی سڵێماندا دەنووسرێت تاوانبار هاوكات خەنجەرەكەش لەتەك پاشماوەی لاشەكەدا نمایشكراوە، دوای ساڵانێك پاشماوەی ڕوفاتی كلێبەر دەگوێزنەوە ستراسبۆرگ كە زێدی لە دایكبوونێتی، هەروەها دوای ساڵانێك لە لێكۆڵینەوە ڕوفاتی حەلەبی دەگوێزرێتەوە بۆ مۆزەخانەی مرۆڤ لە كۆشكی شایۆ لە پاریس.
“هەڵوێستی مێژوونووسانی عەرەب بەرانبەر سڵێمان حەلەبی”
محەمەد فەریق حەسەن لە كتێبی كەسایەتی تاكی كورد لە بارەی ساویلكەیی تاكی كوردەوە سلێمان و كارەكەی وەك نموونە دەهێنێتەوە كە بە فیتی عوسمانێكان لە تەمەنی بیست و چوارساڵیدا ئەوكارەی كردووە، هاوكات مێژوونووسانی عەرەبیش لە بری ڕێزو پێزانین هاتن ناسنامە كوردیەكەیان لێسەندەوەو وەك لاوێكی عەرەب ئەویان بە دونیا ناساندووە، سڵێمان وەك بەكرێگراوی جەنگ كارە قورسەكەی بۆ ڕاپەڕاندون ئەوانیش ناسنامەو تەمەنیان بە باداوە، ئەمەشی نموونەیەكەیەكە لە ساویلكەیی مرۆڤی كورد.
سهرچاوهكان:-
كەسایەتی تاكی كورد محەمەد فەریق حەسەن
ماڵپەری: جزیرە الوپائقی
ماڵپەری: أڵارچ
ماڵپەری: مقال
ماڵپەری: ویكپیدیا.
ماڵپەری: BBC NEWS