جيوپۆلەتيک فکر و کرداری دەوڵەتە، تێڕوانينی دەوڵەتە بۆ خۆی و بۆ دەرەوەی خۆی، بە تايبەت دەوڵەتە زلهێز و سوپەرپاوەرەکان. واتە تيۆری و پراکتيکە لە یەک کاتدا. ئەم کایە مەعريفيە گرنگە لەبەر دوو هۆکاری سەرەکی:
١. لە ڕووی پراکتيکی و تيۆرييەوە بۆ دەوڵەت گرنگە، بۆ ئەوەی لە خۆی و ئەوانی تر تێبگات، پاشان بە پێی ئەو تێگەيشتنە سياسەت بکات وهەنگاو بنێت.
٢. ئامرازێکی گرنگە بۆ سياسی و توێژەر و زانای سياسی بۆ تێگەيشتن لە بەشێکی سەرەکی سياسەتی دەوڵەتانی زلهێز و سوپەرپاوەر، کە دواجار هەر سياسەتی ئەوانە نەخشەی سيستەمی جيهانی و هاوکێشە سياسيەکانی جيهان دەکێشێت و دەوڵەتانی بچوک و مامناوەنديش لەناو ئەو نەخشەیەدا دەبێت بژێن و سياسەت بکەن.
جيوپۆلەتيک وەک گەمەیەکە کە چەندين جۆر بکەر یا یاريزانی جياوازی تێدایە، واتە دەوڵەتەکان، بکەری سەرەکی و گەورە هەن، هەر وەها مامناوەند و بچوک و زۆر بچوکيش هەن. هەر هەموویان لە ناو یەک گەمەن، تێگەيشتن لە یاسا و تەکتيک و رێساکانی ئەو گەمەیە بۆ هەموو یاريزانەکان گرنگە، چ ئەوانەی بکەر و ئاڕاستەکەرن چ ئەوانەی ئاڕاستەکراون. لێرەوەیە بۆ ئێمەی کورديش تێگەيشتن لەم گەمەیە گرنگييەکی گەورەی دەبێت. بە تايبەت ئەگەر بتوانرێت جيوپۆلەتيک تا ڕادەیەک بە کۆمەڵایەتی و بەگشتی بکرێت، واتە خوێنەری کورد ئاشنایەتييەکی سەرەتایی پێ هەبێت، بەڵکو ببێتە هۆکارێک بۆ یەک هەنگاو تێپەڕاندنی ئەو تێگەيشتنە تەسک و لۆکاڵی و تەنکەی بۆ سياسەت هەیە لە باشووری کوردستان کە بەشێکی زۆری بە هۆی حيزب و ميديا و ميدياکارانەوە پەرەی پێدەدرێت بە تايبەت لە سۆشيال ميديا و بەشێکی دياری کۆمەڵگەش خۆی تيا نوقم کردووە. هەر بۆیە بە پێويستی دەزانم ئەم جۆرە بابەتە گرنگانەش لەبارەی سياسەت، لە سۆشيال ميديای کوردی بخرێنە ڕوو. بەشێکی زۆری ئەم نووسينە، لە بنەمادا بەشێکن لە نامەی دکتۆراکەم و چەند توێژنەوە و نووسينێکی ترم بە زمانی ئينگليزی کە ماوەیەکە خەريکيانم.
لەم نووسينەدا کە بە پێی دەرەفەت هەر جارە و بەشێکی لێ دادەنێم، هەوڵدەدەم گرنگترين تيۆریيەکانی جيوپۆلەتيک و هاوکێشە گرنگە جيوپۆلەتيکييەکانی جيهان بە کورتی و ڕوونی بخەمە ڕوو. جيوپۆلەتيک یەکێکە لەو کایە و چەمکانەی کە هەر هەوڵێک بدرێت بۆ ئەوەی لەچەند دێرێکدا پێناسەیەکی کورت و پوختی بکەيت، هەڵە تێگەيشتنێک درووست دەکات لای خوێنەر. یان سنووردارييەک درووست دەکات لە تێگەيشتنی خوێنەر بۆ ئەم بوارە، کە دواجار ئەو سنووردارييە لەوانەیە ڕێگری بکات لە تێگەيشتن لەو فراوانی و وردەکارييانەی لە جيوپۆلەتيکدا هەیە، چ وەک تيۆری چ وەک پراکتيک, چونکە جيوپۆلەتيک بريتييە لە چەندين جۆری سياسەت و فکر و تێڕوانين و ئاکت و پەيوەندی… کە لە هيچ پێناسەیەکدا ناتوانرێت ئاماژە بە هەموویان بدرێت، لە کاتێکدا ئاماژەنەدان بە یەکێکيان، دەکرێت ئاماژەنەدان بێت بە لایەنێکی زۆر گرنگی بوارەکە. بۆیە لێرەدا پێناسەکان لە بەشە کۆتاییەکانی نووسينەکە دەخەمەڕوو.
جگە لەوەی باسکرا، لە جيوپۆلەتيکدا چەندين قوتابخانەی جياواز هەن، لەبەر ئەوەی زانست و فکری دەوڵەتە، بۆیە هەر یەک لە دەوڵەتە زلهێزەکان و سوپەرپاوەرەکان قوتابخانەی و تيۆری جيوپۆلەتيکی تايبەت بە خۆیان هەیە. بۆ نموونە جيوپۆلەتيکی ئەڵمانی هەیە، جيوپۆلەتيکی ئەمريکی، بەڕيتانی، ڕووسی. دواتر ئاماژە بەوە دەکەم چين وەک زلهێزێکی نوێ و کە خەونی بوون بە جەمسەری هەیە، بەڵام لە ئەدەبياتی جيوپۆلەتيکدا، بە تايبەت کلاسيکی، خاوەن قوتابخانەی جيوپۆلەتيکی خۆی نييە، ئایا لە ئێستادا هەیەتی یان نا؟ بە چ مانایەک یاريزانێکی جيوپۆلەتيکييە؟ ئایا وەک زۆربەی بەرهەم و شمەکەکانی، لە فکری جيوپۆلەتيکيشدا کۆپی کردوە یا تێڕوانينێکی داهێنەرانەی خۆی هەیە؟
چەند ساڵێک پێش ئێستا لە گفتوگۆیەکمدا لەگەڵ دکتۆر ئيبراهيم پاڵانی، توێژەر و شارەزای بواری جيوپۆلەتيک و پرۆفيسۆر لە زانکۆی گەرميان، ئەو پێشنيارێکی گرنگ و سەرنج ڕاکێشی کرد، وتی پێويستە ئێمەی کورديش لە ڕێگەی پسپۆرەکانی زانستە سياسييەکان و بواری جيوپۆلەتيک هەوڵبدەين کار بۆ جيوپۆلەتيکی کوردستانی بکەين، واتە کورديش تێڕوانين و تيۆری و قوتابخانەی جيوپۆليتيکی تايبەت بە خۆی هەبێت. ئەم پێشنيارە ئەگەر کاری جدی و دوورمەودا و لە چوارچێوەی دەزگادا، لەسەر بکرێت و بگاتە ئەنجامێکی باش، دەکرێت وەک شۆڕشکی فکری و سياسی گەورە بێت لە مێژووی کورد. لەم بەشانەی ئەم نووسينەدا هەوڵدەدەم لەگەڵ باسکردنی تيۆر و هاوکێشە و فکرە گرنگەکانی جيوپۆلەتيک ئاماژە بە کورديش بکەم لە پەيوەنديدا بەو پرس و هاوکێشانە