بەڵێ دەبێت تامی خۆشەویستی بكەیت، دەبێت بەر ئەو بەرزی و نزمیانە بكەویت كە دڵ دەیخاتە سەر ڕێگەكەت، دەبێت وەك گەنجێك ئاشق بیت، دەبێ دڵت زیندووبێت.
بەڵام… خۆشەویستی و ڕق لەیەك شوێنەوە هەڵدەقوڵێن، ئەوان یەك سەرچاوەیان هەیە، لەوانەیە ڕێگە بۆ یەكتر بكەنەوە و فەرموو لە یەكتر بكەن. ئەوەی ئەمڕۆ دۆستی تۆیە لەوانەیە سبەی دوژمنت بێت، لەم دۆستایەتیەمان زۆر بینی. دونیا دەتوانێت بە ئاسانی دوو خۆشەویست بكاتە دوژمنی سەرسەختی یەكتر. دادگاكان پڕن لەم كەیسانە و كەسیشمان نییە نمونەیەكمان لەوبارەیەوە لانەبێت. تەنانەت ئەگەر ڕقەكە بۆ كەسی بەرامبەر ئاڕاستەش نەكرێت، لەوانەیە كۆنەئاشق ڕقی لەخۆی ببێتەوە و خۆی ئازار بدات. لە دیدی بودیزمەوە خۆشەویستی بە مانا باوەکەی، هەرگیز جێگیر نییە، هەتاهەتایی نییە و هیچ گرەنتیەکیشی نییە. عالەمی دڵ، عالەمێکی گۆڕاو و ناپایەدارە، عالەمێکە پشتی پێنابەسترێت و ناتوانیت هیچ متمانەیەکی پێ بکەیت. بەڵام ئایا ژیان بێ خۆشەویستی مانایەکی بۆ دەمێنێتەوە؟ بودیزم لە بەرامبەر خۆشەویستی دڵدا، حیکمەتی وشیاریی دێنێتە پێشەوە. نابێت دڵ بدەیت بە دەمیەوە. ئەمە ڕێنماییەکی جەوهەرییە.
دڵ لەگەڵ ئەوەدا کە جێگەی خۆشەویستییە، جێگەی حەز و ئارەزو و داوا و پەیوەستبوونیشە. ئەگەر دڵ مناڵێکی پاکی جوان بێت، وشیاریی حەکیمێکی دووربین و دانایە. ئایا هاوڕێیەتی حەکیمێکی دانا دەگۆڕدرێتەوە بە هاوڕێیەتی منداڵێک کە هێشتا ئەزموونی ژیانی نییە؟ ئەوانەی ئەزموونی یاریکردنیان هەیە لەگەڵ منداڵ تێدەگەن کاتێک ئەڵێم منداڵ ئەگەر زۆر بدەیت بەدەمییەوە، دەتخوات. بیرمە كچانی گەڕەکی ئێمە بە منداڵی لەبەر دەرگا کۆدەبوونەوەو بە دەنگی بەرز هاواریان ئەکرد: بیسمیلا بەناوی خوا مناڵ خەریکە پیاو ئەخوا ئەم قسەیە بۆ دڵیش ڕاستە. دڵ بە بێ وشیاریی، مناڵێکی گڕۆزی بیانوگری ناسوپاسگوزاری بێتەربێتە کە ئەوەی ویستی هەر دەیەوێت و گەر بۆی نەکەیت خوڕخۆڕ فرمێسکی دێتە خوارەوەو کار دەگاتە هاوار و قیژە و شت شکاندنیش. ئەمە سروشتی دڵی کۆنتڕۆڵنەکراوە، سروشتی دڵی بێ جڵەو. ئێمە لە بودیزمدا شتێکما هەیە بەناوی ڕەشوەی وشیاریی. وشیاریی دەبێ ئەو ڕەشوەیە بێت کە دەیکەیتە ملی دڵ.
هەربۆیە مانای خۆشەویستی دەگۆڕێتە میهرەبانیی. بودیزم لەگەڵ میهرەبانییە نەک خۆشەویستی. لە میهرەبانییدا ئەویتر مەرکەزە نەک خۆت، تۆ بە نەرمیی ئەوە دەکەیت کە دەزانیت بۆ بەرامبەرەکەت باشە، نەک بۆ خۆت. میهرەبانی کردەیەکی باوکانەیە تا دایکانە. هەربۆیە مەسیح بە خودا دەڵێت باوك. وشیاریی بە نەرمییەوە دەتوانێت جێگرەوەیەکی گەورەی خۆشەویستی دڵ بێت. وشیاری لە داناییەوەیە و لە هەڵسەنگاندنی هەلومەرجەکانەوەیە، بەڵام خۆشەویستی لە حەز و (من دەمەوێت)ەوەیە. لە وشیارییدا دەتوانیت بە ئاسانی ئەو کەسە بەجێبهێڵیت کە خۆشت دەوێت، ئەگەر باشتربێت بۆی. بەڵام لە خۆشەویستیدا و لە باشترین حاڵەتدا مەعشوق دەبێتە سجنی تۆ. بەم بچوکبوونەوەیەش عاشق گەورەترین خراپە لەگەڵ خۆی و مەعشوقەکەی دەکات. چونکە لەو بارەدا ئیدی عاشق بوونی نامێنێت و لەبری عاشق و مەعشوق دوو شتیترمان دەبێت بەناوی کۆیلەو مەعشوق و بەمەش مەعشوق لە غیابی عاشقدا سیفەتی خۆی لەدەست دەدات. هەربۆیە مەعشوق دەبێتە بەندیخانە.
ئایە نابینن چەند ژن و مێردی کۆنەعاشق دەبنە بەندیخانەی یەکتر؟ لە وشیارییدا ئازادی هەیە، باوکایەتی و میهرەبانیی هەیە بەبێ ئەوەی کەس بەندیخانەی کەس بێت. میهرەبانیی پڕە لە وشیاریی و ڕێز. میهرەبانیی لە خۆشەویستی گەورەترە. لە ئاناتۆمی ئێنێرژی مرۆڤدا، یۆگا دەڵێت چاکرای ئاجنا لە چاکرای دڵ دوو مەرتەبە بەرزترە. ئاجنا چاکرای وشیاری و میهرەبانیی و دڵیش چاکرای خۆشەویستییە. میهرەبانیی واتە گەیشتن بەو یەقینەی کە بەبێ داگیرکردنی ئەویتر، ببیتە پردێک بۆ باشتربوون و پڕژیانتربوونی ئەویتر. بەزمانێكی زۆر سادە: كە عاتیفە جێگەی ئەقڵی گرتەوە، لەوێوە ئازارەكان سەرهەڵدەدەن.