ئەو مرۆڤەی ئەمڕۆ گەیشتۆتە پلەی باڵا لە شاروشارستانی و کۆشک و تەلار، یەکەمین پەناگە و ماڵی ئەشکەوت بووە. زۆربەی ئامێرەکانی پێداوێستی رۆژانەی لە ئەشکەوتەوە دروست کردووە، زۆربەی داهێنانەکانی لە ئەشکەوتەوە سەرچاوەی گرتووە، لە دۆزینەوەی ئاگر و ئامێری بەردین بۆ بڕین و کوشتن و خۆپاراستن و کەوڵکردنی پێستی گیاندار و، هونەر و ئایین و کشتوکاڵ و خێزان و بنەماکانی تری ژیان و، ژیانی کۆمەڵایەتی و کەلوپەلی دەستی و دەستکرد و دروستکردنی چەک و بەکارهێنانی ئیسقان و دار بۆ تەڵە و. شەڕ و بەلەم و جل وبەرگ…هتد. دەگەرێنەوە بۆ ئەشکەوت و هەموو ئەمانە لەئەشکەوتەوە سەریان هەڵداوە، ئەشکەوت بووە یەکەمین شوێنی داهێنانەکانی مرۆڤ. “سیر ووللی” پێی وایە: یەکەم ماڵی مرۆڤ ئەشکەوت بووە، کاتێک مرۆڤی ئۆڵدڤای(ئوسترالیپیوکوس) لەئەفریقا بەرد و ئاگری بەکارهێناوە، ئەوە بەکۆنترین مێژووی کولتوور دادەنرێت لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لەئەفریقا، لەلایەکی ترەوە کاتێک زاناکان مرۆڤی ئەشکەوتی (Choukoutien)چاوکۆتیان دۆزییەوە کە جۆری مرۆڤی (Pithecanthropus) تێیدا ژیاوە، بەکۆنترین مێژووی نیشتەجێبونی مرۆڤ دانراوە، چونکە ئەشکەوت رۆڵی گرنگی هەبوو لەپاراستنی ئەم جۆرە مرۆڤانەدا وەکو پەناگەیکی گرنگ بۆ ژیان و مانەوهی خۆی بەکاری هێناوە، ئەمەش بەیەکەم قۆناغی نێشتەجیبوونی مرۆڤ دادەنرێت پێش دروستکردنی کوخ و گوند و شار، هەروەها ژیانی ئەشکەوت درێژەی هەبووە تا کۆتایی چاخی بەردینی کۆن (Palaeolithic) و چاخی بەردینی ناوەراست (Mesolithic).
هەروەها یەکەم کاری کرداری هونەر و ماڵیکردنی ئاگر و خۆراک دروستکردن و پێشخستنی کەلوپەلی دەستی و دەستکرد و دروستکردنی چەک و بەکارهێنانی ئیسقان و دار بۆ تەڵە و شەڕ و بەلەم و جل و بەرگ…هتد. دەگەرێنەوە بۆ ئەشکەوت.(١) لەم سەردەمەدا سەگ بووە بەهاورێی مرۆڤ وەک یەکەم ئاژەڵ، کە بە (١٥٠٠٠) ساڵ پ.ز دادەنرێت بۆ راوکردن و شەڕکردن و چاودێری و ئاگادارکردنەوە لەئاژەڵی دڕندە و دووژمن بەکاریان هێناوە، ئەم گیاندارەش زۆرترین تێگەیشتنی هەبووە لەگەڵ مرۆڤدا.(٢) هەر بۆیە زۆرترین داهێنانەکانی مرۆڤ لەنێوان ساڵی (٧٠٠٠٠بۆ٣٠٠٠٠)ساڵدان ئەو قۆناغەش بە قۆناغێکی یەکجار گرنگ و هەستیار دادەنرێت بۆ گەشەی ژیری مرۆڤ و لایەنی جەستەی و تەواو پێگەیشتنی کە بەشۆڕشی زانیاری المعریفە-(Cognitive Revolution )دادەنرێت. بۆنمونە لەم ماوەیەدا بۆیەکەمجار بەلەمی دروستکردووە (The Invention of boats )بۆگواستنەوە و راوکردن بەکاری هێناوە. هەروەها رۆنی لامپای دۆزیوەتەوە (Oil lamps) بۆ بەکارهێنانی رووناکی و ئامێری تیژ-bows))و (arrows)تیری داهێنا لەگەڵ needles) (دەرزی کە بۆ دروونی پۆشاکی گەرمی زستانە بەکاری هێناوە.(٣) لێرەشەوە یەکەم هەنگاوی کاری دەستی و هونەر سەرهەڵدەدات. دۆزینەوەکانی ئەشکەوتی هۆلس فێلس(Hohle Fels)وەکو فلوت و ئامێری مۆسیقای لە ئێسقان دروستکرا و، وردەکاری وزیرەکی ئەم جۆرەی مرۆڤ کەنیاندەرتاڵە دەردەخەن کە ئەمەش لە (٤٠٠٠٠) هەزار ساڵ پێش ئێستا بووە و جێی سەرسورمان و تیرامانی زیاترە.(٤)
ئەم ئەشکەوتە تایبەتمەندی گرنگی بۆ مرۆڤ هێناوە کە دەکەوێتە هەرێمی باڤاریای ئەڵمانیانەوە، (٥)وەک دۆزینەوەی پەیکەریکی هونەری کە لەشێوەی سەری شێر و لەشی ژن (شێر-مرۆڤ) دروستکراوە، کە لە ئەشکەوتێکی ئەڵمانیادا دۆزرایەوە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوەبۆ ٣٢٠٠٠ساڵ پ ئێستا و هەرئەوەش بەسەرەتای دەرکەوتنی ئایین و پەرستن دادەنرێت. هەرئەم داهێنانەی مرۆڤی نیادەرتال لەئەشکەوتەکاندا ئەوە دەردەخات کە ئەمانە زمانیان زانیوە و بەکاریان هێناوە، لەم قۆناغەدا زمانیش لەگەڵ لایەنی ژیری و بیری و جینی و جەستەی مرۆڤدا گەشەی کردووە.(٦) ئەوەی لەمانە گرنگترە وێنەکێشانی ئەشکەوتەکانە وەک ئەوانەی فەرانسا و ئیسپانیا و هەندێ وڵاتی تر، کە جێی سەرنج و بایەخن و هەنگاوێکی گرنگ و گەشەی بیری و ژیری مرۆڤ دەدەخەن، وێنەکێشان و هەڵکۆڵین لەقەد شاخ و ئەشکەوتەکان کە زیاتر وێنەی ئاژەڵن زیرەکی و لێهاتووی مرۆڤی ئەوسەردەمە دەردەخەن کەمێژووەکەیان بۆ٤٠٠٠٠تا٣٠٠٠٠ساڵ پ.ز دەگەرێتەوە.(٧) هەروەها لایەنەکانی ئایین و هونەر هەر لە ئهشکەوتەوە سەری هەڵداوە گەشەی کردووە و بڵاوبۆتەوە.(٨) سەرچاوە زانستییەکان بەتایبەتی رەگەزناسی جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە مرۆڤی (نیاندەرتال(Neanderthas-لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و بەتایبەتی لەکوردستان دا کشتوکاڵیان دۆزیوەتەوە، بۆ یەکەمجار ئەوان هەوڵی چاندن وسەرەتاکانی کاری بەرهەمهینان و ماڵی کردنی بەروبوومە کشتوکاڵیەکانین داوە، لەناوچەکانی دیجلە و فورات تاچیاکانی زاگرۆز.
هەروەها بەرێگای شیکاری (DNA)ئەوە سەلمێنراەو کە ئەم جۆرە خەڵکە بەشێوەیەکی پێشکەوتوانە توانیویانە خۆیان بەهێزبکەن و زاڵ بن بەسەر کێشەکانی ژیاندا، بەتایبەتی دوای خۆش بوونی کەشوهەوای ناوچەکە، کە تەواو گونجاو بووە بۆ کشتوکاڵ کردن، ئەم ماوەیەش بە(٥٤٠٠٠)ساڵ دادەنرێت(٩)، لەم کاتەشدا ئەمانە بەشێوەی کۆمەڵ کۆمەڵ ژیاون و لایەنی کۆمەڵایەتییان پەرەی سەندووە، وەکو خێزان و کۆمەڵەی بچوک پێکەوە لەشوێنێکدا ژیاون و دواتر مرۆڤایەتی و گەلانی لیکەوتۆتەوە، هەر ئەمەش وایکرد لە ئەوەی “داروین و فرۆید” کار لەسەر تێوری پەرەسەندن بکەن و بیکەنە بنەمایەکی گرنگ بۆگەشەی ژیانی مرۆڤ(١٠). دوای چاندنی گەنم وسەرکەوتنیان لەوکارەدا؛ بەهەنگاوێکی گەورە و پیرۆز سەیرکراوە وهەرلەهەمان کاتدا بەردی سەوز و لوئلوئ دۆزراوەتەوە و بە پیرۆز دانراوە وەک جۆرێک لەپەرستن و نمایندەی کشتوکاڵ و خێر و بەرەکەتی کشتوکاڵ بووە، بەپێ وتەکانی زانای ئیسرائیلی (عەوفەربار یوسف-)بێت. هەروەها بەڵگەیەکی تری گرنگی چاندنی جۆ لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی چیاکانی زاگرۆس هەیە، هەروەها لە پشکنینەکانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستاندا دۆزراونەتەوە و بوونیان هەیە، بەشێوەیەکی دڵنیایی و یەکلاکەرەوە، ئەوەش روون بۆتەوە دواتر شۆڕبۆتەوە بۆ حەوزەی دیجلە و فورات و ئەریحاوقوبرس.(١١)
بەڵگەیەکی تری ئەنجامدانی کاری کشتوکاڵی ئەوەیە لەنزیک ئەم کێڵگە کشتوکاڵییانە و شوێنی نیشتەجێی جووتیارەکان بەردی بورکانی و شوشەیی و دۆزراونەتەوە کە بەکارهاتوون، بۆ ئەم مەبەستە تیمێکی فەرەنسی-پۆلهندی بەسەرۆکایەتی زانای رووەکناس (جۆرج ویلکوکس-George wilcox )پشکنینی لەگردی گرامیل(Garamil)لەرۆژئاوای کوردستان ئەنجامداوە، لەئەنجامدا بۆی دەرکەوت سەرەڕای دانەوێڵەش گوێز و فستق وهەندێ جۆری تری خۆراک بەرهەم هاتووە، بەڵام ئەوەی بۆ ئەو گرنگ بوو؛ دۆزینەوەی پاشماوەی گەنم و گەنمهشامی و نیسک و بەزالیابوو. هەروەها پاشماوەی تری رووەکی دۆزرانەوە کە بەڵگەی بەکارهێنانی ئەو جۆرە رووکانە بووە لەناوچەکەدا لەلایەن مرۆڤەوە.(١٢) هەووەها دواتر زانا ئەڵمانی و ئیتالییەکان بە بەکارهێنانی (دنا-DNA)لەسەر گەنم و دۆزراوەکانی ناوچەکە، ئەوەیان سەلماند کە جووتیارەکان گەنمیان چاندووە و بەرهەمیان هێناوە لەناوچەیەکی دیاریکراوی شاری ئامەدی کوردستان لەرۆژئاوای شاخی کاراکاداخ بەدووری چەند کیلۆمهتر لەشارەکەوە. لەگەل ئەوەشدا زانای ئەڵمانی-نەرویجی(مانفرید هیۆن-Manfred Heun)شارەزای بواری کشتوکاڵ، ئەو زانیاریانەی پشتراستکردەوە کە دۆزینەوەکانی ئەو ناوچەیە ئەوە دەسەلمێنن کشتوکاڵ لەم هەرێمەوە سەری هەڵداوە.(١٣) هەرەوەها زانا فەرهنسییەکان باس لەدۆزینەوەی جۆرێکی تری گەنم دەکەن بەناوی گەنمی(ئیمار) لەوناوچانەدا وەکو جۆری دووەم لەگەنم کە لەناوچەی ئامەد چاندراوە، دواتر بە هاوکاری تیمێکی ئەمریکی و چینی ئەوەیان سەلماند کە حەوت جۆر بەروبوومی دانەوێڵە و پاقلەمەنی و خۆراکی لەو شوێنەوارەدا دۆزراونەتەوە، کەسێ جۆریان لەجۆری دانەوێڵەن، وەکو گەنمی جۆری یەکەم و گەنمی جۆری دووەم (گەنمی ئیمارو دلو) و جۆ. ئەوەکانیش پاقلەمەنی بوون وەک نیسک، نۆک و بەزالیا، ئەوەی تریشیان کەتان بووە کە بەرۆن و چەوری و نەوت دەوڵەمەند بووە و بۆ ئاگر و ڕووناکی بەکارهاتووە، ئەم شوێنەوارانە بە لانکەی داهێنان و ماڵیکردنی کشتوکاڵ و، بەرهەمانە دادەنرێت و دواتر بەناوچەکەدا بڵاوبۆتەوە، ئەوەش کە ئەم راستییەی سەلماند کنە و پشکنینی کردی (نیڤالی-کۆری)و گردە ناڤۆکی-کوپلیک تەپە بوو لەباکوری کوردستان، لە زۆرشوێنی تریش دۆزرانەوە وەک مەرسیب و ئەبوو هەریرە و جرف ئەحمهد و جعدی لەرۆژئاوای کوردستان.(١٤)
سەرقافڵەی ئەم داهێنانەش لەکوردستاندا ژن بووە نەک پیاو، هەربۆیە بۆیەکەم جاریش ژن کشتوکاڵی داهێناوە و ئاژەڵ و پیاوی ماڵی کردووە لەمێژووی مرۆڤایەتیدا، ئەوەش لەسەرخاکی کوردستان بووە. لەچاخەکانی پێش مێژوودا بەتایبەتی چاخی بەردینی کۆن، کاتێ مرۆڤ لەئەشکەوتەکان دەژیا پیاوەکان دەچوون بۆ ڕاوکردن تاخۆراک پەیدابکەن، زۆرجار درەنگ دەگەڕانەوە یان رێگەی دووریان دەبڕی و چەند هەفتەیەکیان پێچووە، زۆرجاریش هەرنەهاتوونەتەوە و فەوتاون. ژنەکانیش زیاتر لەئەشکەوتەکاندا ماونەتەوە خەریکی چاودێری و بەخێوکردنی مناڵەکان بوون، لەوکاتانەی پیاوەکانیان درەنگ گەڕاونەتەوە ژنەکان بیریان لەکۆکردنەوەی بەروبومی رووەکی دەوروبەری خۆیان کردۆتەوە و کۆیان کردۆتەوە، دان و تۆوەکەیان دەرهێناوە بۆ خواردنی مناڵەکانیان تا لەبرسا نەمرن، کاتێ لەنزیک دەمی ئەشکەوتەکان ئەو بەروبوومانەیان بە بەرد کوتاوە یان تەکاندویانە، تۆوی گەنم و جۆ و پاقلەمەنیەکان هەڵوەریوون و کەوتونەتە زەوی و تێکەڵ بەخۆڵ بوون، بەتێپەڕبوونی کات وهاتنی وەرزی زستان و باران وساڵی نوێ ئەوتۆوانە روواون و بوون بەبەرهەمی نوێ، وەک گەنم و جۆ و بەرهەمی خۆراکی. ئەمەش بووە هۆی سەرەتای بیری چاندن و بەرهەم هێنان، لەدووبارەکردنەوەی ئەم کارەیاندا دواتر بووە هۆی دۆزینەوەی کشتوکاڵ و داهێنانی چاندن لەسەردەستی ژنان و پاشان پیاوەکانیش بەشداربوون لەچاندن و دورینەوە وکۆکردنەوەی بەرهەمەکاندا.
هەروەها لە قۆناغەکانی دواتردا؛ ژن توانی مەڕ و سەگ و بەراز ماڵی بکات، لەهاوشانی کشتوکاڵدا توانی بناغەی خێزان دروست بکات. لێرەشەوە توانی پیاو ماڵی بکات و تارادەیەک دووری بخاتەوە لەچوونە دەرەوەی دوور و راوکردنی ئاژەڵ، بەوەش ژنان توانیان لایەنی کۆمەڵایەتی پێشبخەن و خانوو گوند دروست بکەن، پاشان لایەنی ئایینی و رەگەزی و شار گەشەی کرد و، بۆپاراستنی ئەمانەش هێز و دەوڵەت و یاسا دروست بوون. هەربۆیە لەم روانگەیەوە “ویل دیورانت” پێی وایە: سەرهەڵدانی شارستانییەت دەگەڕێتەوە بۆ پەیدابوونی (کشتوکاڵ-ئابووری) و (خێزان-کۆمەڵایەتی) و (ئایین-رامیاری) بەبناغەی دروست بوونی شارستانییەتی مرۆڤایەتی دادەنێت.(١٥) ئەم ماوانەش بەشێوەیەکی گشتی بە چاخی بەردینی کۆن دادەنرێت لای هەندێ زانای شوێنەوارناس، کە ماوەکەی لەسەردەمی پەیدابوونی مرۆڤەوە دەست پێ دەکات تا هاتنی سەردەمی کشتوکاڵ، بەڵام بەشێوەیەکی وردتر دەتوانرێت لە(٧٠،٠٠٠)ساڵ لەمەوپێش کە سەرەتای دەرکەوەتنی جۆری بوونەوەری خاوەن ژیری و هەیکەل و پێشکەوت بوون، پێی دەوتریت هۆمۆ ژیر(هوموالعاقل) کار و هەڵسوکەوتی ئەمانەش پێی دەوترێت رۆشنبیری-کولتوور (السقفاتCultures). دوای ئەمەش هەنگاوەکانی مرۆڤ و پەرەپێدانی ئەو کولتوورە بوو بە مێژوویان، قۆناخی دواتر پێی دەوترێت مێژوو هەتا ئەمڕۆ.
لەم ماوەیەشدا یان لەژیانی مرۆڤدا، مرۆڤ دوو شۆرشی گەورەی ئەنجامداوە وەک:-١-شۆڕشی زانیاری- المعریفە-(Cognitive Revolution )لەساڵی ٧٠٠٠٠ساڵ پ.ز. ٢-شۆڕشی کشتوکاڵ(Agricultural Revolution- ) ١٢٠٠٠ساڵ پ.ز. دواتریش شۆڕشی زانست سەرەتای دۆزینەوەکان بەشێوەی زانستی دادەنریت لە(٥٠٠)ز تا(١٥٠٠)ز، دائەمەش سەرەتایەکی گرنگ بوو بۆ گۆڕانکاری ریشەیی لەژیانی مرۆڤایەتیدا. لەم قۆناغەد امرۆڤ توانی بگاتە ئەوپەڕی سەرکەوتن.(١٦) لەم نێوەندەدا قۆناغێکی خێراتر هەیە کە بە چاخی بەردینی ناوەڕاست دادەنریت، لەدوای ئەمەش شۆڕشی کشتوکاڵ دەست پێدەکات کە بەگرنگترین قۆناغی ژیانی مرۆڤ و دەستپێکردنی شارستانییەت دادەنرێت، شۆڕشی کشتوکاڵ(Agricultural Revolution- ) ١٢٠٠٠ساڵ پ.ز. بەهەنگاوێکی کاریگەر و نوێ دادەنرێت لە گەشەی ژیانی مرۆڤدا، چونکە بۆیەکەم جارە مرۆڤ بە خاک و ئاوەوە دەبەستێتەوە و جێگیری دەکات. ئەم سەردەمە زۆر گۆڕانکاری گەورەتری بەدوای خۆیداهێنا وەک دروستکردنی گوند و بەرهەم هینانی گەنم و خۆراک و، ماڵی کردنی ئاژەڵ و سود لێ وەرگرتنی و، پەیدابوونی خاوەن زەوی و موڵکایاتی و دروستبوونی خێزان و کۆمەڵی پێکەوەی بەرژەوەندی خواز و بەرگری و دابەشکردنی کار و هاوکاری و هەرەوەزی ودانانی بەردی بناغەی هۆز و هێز و فراوانبوونی دەسەڵاتی مرۆڤ لەتوانا و ژمارەدا. هەروەها سەرەڕای تووند و تیژی و پەلاماردانی یەکتری، ئاشتی و ڕێکەوتن و رێوڕەسمی ئایینی و ئاهەنگێڕان گۆڕینەوەی شت بەشت و بەتایبەت میوە و گۆشت لەنێوانیاندا وەک سەرەتای بازرگای ناوخۆیی، تا وردە وردە شار دەرکەوت و شارە دەوڵەت هاتە ئاراوە فەرمانڕەوایەتی دروستبوو، هەرلەم روانگەیەوە(کارڵ مارکس) پێی وایە (کارکردن هەموو مرۆڤەکانی یەکخست) یان لەم ماوەیەدا ئیتر مرۆڤ بەیەکجاری شانیشینی ئاژەڵانی بەجێهێشتووە و بەتەواوەتی خۆی لە جیهانی ئاژەڵ جیاکردۆتەوە، بەڵام لە ڕەگ و ڕەچەڵەکدا وەک (چارلس داروین) دەڵێ: لەبنەڕەتدا مرۆڤ بەرهەمی گەشەکردن و دەگەرێتەوە بۆسەر خێزانی گیانداران.(١٧)
سەردەمی کشتوکاڵ شۆڕشێکی ئابووری گەورە بوو کە مرۆڤ توانی بەسەر زۆریک لەگرفتەکانی خۆراکدا سەرکەوێت، بەتایبەتی لەناوچەکانی باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا و رۆژئاوای ئێران، کە دەکاتە وڵاتی کوردستان. ئەم ماویەش لە( ٩٥٠٠ب٠٨٠٠٠پ.ز) بووە. بۆنمونە گەنم لە( ٩٠٠٠) ساڵ ماڵیکراوە و چێنراوە و بەتەواوەتی بەرههرمهێنراوە و پاشان نیسک و پاقلە لە (٨٠٠٠) ساڵ پ.ز دا جێنراوە، پاشان لە(٥٠٠٠) ساڵ دا زەیتوون و لە (٣٥٠٠) ساڵدا گوێز و ترێ ماڵی کراوە، واتە سەرەڕای دانەوێڵە، باخداری و داری بەرداریش بەخێوکراوە و سوودی لێ بینراوە و میوە بەرهەم هاتووە، بەڵام هیچیان وەک گەنم کاریگەر نەبوون و نەیانتوانی ببنە هۆکاری پێشکەوتنی ژیانی مرۆڤ. ماڵیکردنی گەنم واتە بەرهەرمی زۆری گەنم بۆ تۆوو چاندن و خواردن و هەڵگرتنی بۆکاتی پێویست. وشەی ماڵیکردن(Domesticate) لە (Domus)ی لاتینیەوە هاتووە، بەواتای ماڵ. واتە گەنمی ماڵ یان پارێزرا و لەگەنجینەی ماڵدا و بەسامانێکی یەکجار گرنگ دانراوە. بەهۆکاری سەرەکی گەشەی ژیانی مرۆڤ و زۆر بوونی ژمارەی دانیشتوان و مانەوەی مرۆڤ دادەنرێت. هەروەها رێژەی زۆربوونی مناڵیش دەگەڕیتەوە بۆ ئەوە ژنی ئەم کۆمەڵانە هەموو ساڵێک مناڵی بووە، بۆنمونە ئەو مرۆڤانەی لە گوند نیشتەجێبوون و ژیانی خۆیان بە بەرهەمی گەنم و کشتوکاڵ دابین کردووە، تەمەن درێژتر و زۆرتر ژیاون لەچاو ئەوانەی کۆچەری و راوشکاربوون.
شوێنەوارناسەکان چەندین ناوچە بە نمونە دەهێننەوە بۆ بەڵگەی ئەم بابەتانە، وەک دۆزراوەکانی ناوچەی نەتۆفی(Natufian) کە ( ١٢٠٠٠بۆ ٨٠٠٠)ساڵ پ.ز و دانیشتوانی ئەریحا(Jericho) کە زیاد لە پێویست گەنمیان بەرهەم هێناوە. (١٨) هەروەها گردی گردە ناڤۆکێی کوردستان کۆنترین پەرستگای جیهان کەبە گردی گوبیڵکی تەپە ( Gobelki Tepe)ەش ناسراە لە باکووری کوردستان بە کۆنترین پەرستگای جیهان دادەنرێت لەلایەن شوینەوار ناسانەوە، ئەم شوێنەوارە دەکەوێتە سەر زنجیرە شاخێك لە رۆژئاوای زنجیرە شاخەکانی (ئەنتی-تۆرۆس) لە باشووری رۆژئاوای ئەناتۆلیا، بەدووری (١٣کم -٨میل)لە شاری دێرینی ئورفاوە لەباکوری کوردستان، ئەم شوێنەوارە گرنگە لەلایەن شوێنەوارناسی ئەڵمانی (کلاوسشمیت-Klaus Schmdt) لە ساڵی ١٩٩٤ دۆزرایەوە، دواتر بەهاوکاری دەستەی شوێنەواری ئورفا کاری کنەوپشکنینی بۆکراو ساڵی ١٩٩٥ دەستکرابە هەڵکەندن و گەران بۆ دۆزینەوەی پاشماوە شارستانییەتەکانی(١٩)، لەئەنجامی کاری کنە و پشکنیندا شارێکی گەورە دۆزرایەوە و دوای شیکاری و لێکدانەوەی زانستی و دەرکەوتنی ئەنجامەکانی پشکنینەکە، بەکۆنترین پەرستگای جیهان دانرا. لەچینەکانی ژێرەوەشی کە بۆ چاخی شۆڕشی کشتوکاڵ دەگەڕێتەوە شوێنی پاراستنی دانەوێڵە هەبووە وەک گەنم و جۆ. ئەوەی لێرەدا جێی بایەخپێدانە زاناکان زۆرشتی تریان باسکردووە؛ وەک ئەوەی ئەم شارە بەکۆنترین شار و کۆنترین پەرستگا دادەنێن لە جیهاندا، هەرچەندە شوێنی ژیانی ماڵ و مناڵ نەبووە، بەڵکو وەک پەرستگا و شوێنی رێورەسمی ئایینی بەکارهاتووە، هەرچۆن بێت بۆئەم قۆناغەی ژیانی مرۆڤایەتی لەکوردستاندا هەنگاوێکی یەکجار پێشکەوتوو بووە، چونکە بەکارهێنانی بەردی قەبارە گەورە و پان و درێژ نەخشێنراو بە وێنە بۆ پایەکانی ئەم پەرستگایە نیشانەی بوونی ژیری و توانای مرۆڤ دەردەخات، سەرەڕای رازاندنەوەی بەردەکان بە نەخش و وێنە و نیگار و تابلۆوکاری دەستی و هونەری، کێشی بەردەکان جێێ سەرسوڕمانن.
بۆ نمونە کێشی هەندێ لە بەردەکانی دەوری پهرستگاکە حەوت(٧) تەن و بەرزیان پێنج (٥)مەترە، ئەوانەی ناوەڕاست و ناوەندی پەرستگاکەکە کێشیان دەگاتە پەنجا (٥٠)تەن و درێژیان سی (٣٠)مەترە. ئەمەش بووە جێی سەرنج وسەرسوڕمانی زاناکانی شوێنەوارناسی. پاشان کەوتنە بەراوردکاری و گەڕان و دۆزینەوەی کاری لەم شێوەیە، بەڵام تاکو ئەمڕۆ هاوشێوەی ئەمەیان نەدۆزیوەتەوە و سەرسوڕمانی خۆیان لەوە دەربڕیوە کە ئەم پەرستگایە چۆن دروستکراوە، کە لەقۆناغی پێش گوند دروستکراوە و پاشان گوندەکانی چواردەوری دروستکراون. ئەم پەرستگایە مێژوەکەی دەگەڕیتەوەبۆ(٩٥٠٠ساڵ پ.ز)،واتە (١١٥٠٠)ساڵ پێش ئێستا. بەوەش مێژوویەکی بێوێنەی بۆخۆی تۆمارکرد و بەیەکەم پەرستگا دانرا لەمێژووی مرۆڤایەتی و جیهاندا. لەگەڵ ئەوەشدا بەکۆمەڵگایەکی کشتوکاڵی دادەنرێت (٢٠)هەروەها لەکنە و پشکنینەکانی ئەم شوێنەوارەدا زانای بەناوباگ “مانفرید هیۆن” و هەندێ لەهاوکارەکانی بەشداربوون و کاریان تێداکردووە، بەم شێوەیە باس لەگرنگی ئەم شوێنەوارە دەکات، دەڵی: “دۆزینەوەکانی ئەم گردە شوێنەوارییە مێژووی جیهان دەگۆڕێ ڕووداوێکی یەکجار گرنگە و وەرچەرخانێکی بێوینەیە لەژیانی مرۆڤایەتیدا” هەر لەم لەشوێنەوارەدا شوێنی خۆراک و ئاو و شلەمەنی وەک شەراب دروستکراوە، بۆنمونە دۆزینەوەی ژوورێک کە جێگای (٢٤٠)لیتر شلەمەنی گرتووە و پاشماوەی شەراب و بیرەی تیدادۆزراوەتەوە.
دواتر ئەم دۆزینەوەیە بووە جێی سەرجی زانا “مانفێر” و هاوڕێکانی لەبواری رووەک وکشتوکاڵیدا، چونکە بوونی شەراب و بیرە بوونی جۆ و گەنمی سەلماند، بۆیە بۆیان دەرکەوت ئەو شلەمەنیە بیرە و شەراب بووە لە گەنم و جۆ دورستکراوە، ئەمەش گومانی ئەوەی دروست کرد ئەوشوێنە تەنها شوینی پەرستن نەبووە، بەڵکو شوێنی کشتوکاڵ و کۆکردنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵیش بووە، یان بە لێکدانەوەیەکی تر؛ بوونی شەراب لەو شوێنە جوڵێنەرێکی باش بووە بۆ خەڵک چی وەک کارکردن و چی وەک خواردنەوەی شەراب لەئاهەنگ و بۆنە ئایینەکاندا. هەروەها گۆشتی بەراز خوراوە و شەراب و بیرە خوراوەتەوە، وەکو دڵخۆشی و ئاهەنگێڕان لەڕێوڕەسمی ئایینیدا، بەڵام دەربارەی جۆری مۆسیقا و گۆرانی و سەما و شێوازی ئاهەنگەکە شتێکی ئەوتۆلەبەردەستدا نیە.(٢١) لەگەڵ ئەوەشدا لەدووری ٣٠کم لەشوێنەواری گردەناڤۆکی لەگردی کاراچەداخ (Karacadag Hills) ئەویش تێیدا پاشماوەی گەنم دۆزراوەتەوە، زاناکان بەوردی قسەی لەسەردەکەن و بەهەنگاوێکی گرنگی دەزانن لەو سەردەمەدا بەوشێوەیە مرۆڤ توانیبێتی گەنم کۆبکاتەوە.(٢٢) ئەمەش مانای وانیە کە کۆمەڵەی نیشتەجێکان بێکێشەبوون، ئەمانەش زۆرجار رووبەرووی کێشە بوونەتەوە، بۆ نمونە بارینی بارانی زۆر بووە بەهۆکاری نەبوونی بەرهەمی گەنم و یان بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و کولە و دەردی کشتوکاڵی و زۆر جار برسێتی و لەناوچوون روویداوە، یان ناچار کۆچیان کردووە.
لەوانەش خراپتر سەرهەڵدانی شەڕ بووە لەنێوان جووتیارەکاندا لەسەر زەوی و ئاو، یان لەسەربەرهەمەکان کە بەرهەم هاتووە و لەماڵەوە دانراوە لەلایەنی کۆمەڵێکیترەوە پەلاماردراون بۆبردنی گەنمەکان و تاڵان کردنیان، ئەوەش وایکرد جوتیارەکان چەک دروست بکەن بۆبەرگری لەخۆیان وئەوگەنمەی بەرهەمیان هێناوە. (٢٣) لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤ هێشتا هەندێ لایەنی شەڕانگێزی خۆی جێ نەهێڵا لەگەڵ ژینگە کۆنەکەی، بەڵکو پێشکەوتن و دۆزینەوەی کشتوکاڵ بووە هۆی سەرهەڵدانی کوشتن و وێرانییەکی گەورە بۆ مرۆڤ، چونکە لەم قۆناغەدا شەڕی گەورە لەنێوان کۆمەڵەی مرۆڤەکاندا دەستی پێکردووە. شوێنەوار ناسان چەند نمونەیەکیان لەپاشماوەی ئێسکەپەکەری مرۆڤ دۆزیوەتەوە کەبە هۆی لێدان و کوشتنەوە بووە نەک خۆی مردبێت، کە ماوەکەی بۆ (٣٠٠٠٠)ساڵ پ.ز دەگەڕێننەوە، بەڵام پێدەچێت ئەم ڕووداوە وەکو بەرکەوتنێکی ئاسایی بووبێت نەک وەکو شەڕی بەرامبەر و دوو کۆمەڵەی خاوەن زەوی و گوند یان هێزێکی هێرشبەر، بە بەراوردکردنی لەگەڵ دۆزینەوەکانی دواتردا؛ بۆنمونە لە سەروبەندی شۆڕشی کشتوکاڵدا لە(١٢،٠٠٠ساڵ پ.ز) دا لە پورتوگاڵ (٤٠٠)ئێسکەپەیکەر دۆزرانەوە کە دوانیان کوژراون نەک بەمردن. دواتر لە ئیسرائیل (٤٠٠) تر دۆزرانەوە کە هەموویان لە کاری تووندوتیژیدا لەناوچوون کەپێدەچێت لەشەڕدابووبێت. هەر لەو روانگەیەوە کۆمەڵەی سێیەم دۆزرانەوەلە دۆڵی دانووب کە ئەوانیش ( ٤٠٠)کەسێک بوون و ١٨یان شوێنی ڕم و تیر و بەرکەوتنی کەلو پەلی جەنگی کەوتوون. (٢٤) لەگەڵ ئەمانەشدا مرۆڤ لەم قۆناغەدا گەیشتە پلەیەکی باڵا و دهستی بەژیانێکی باشتر کرد لەرووی ژیرییەوە تەواو گەشهی کرد و گوند و خێڵ و گەل و شار و یاسا و دەوڵەت و هێز و سنوور و ململانی لەسەرخاک و ئاو، دەستی پیکرد.
لێرەشەوە مرۆڤی نوێ پێی نایە قۆناغێکی پێشکەوتووتر و دەستکراوەتر لەبەرامبەر کێشە سرووشتی و خۆراکی و سەختییەکانی ژیان، دروستکردنی بناغەی شارستانیسەتێکی گەورە و بەهێز، وەکو زانای ئوسترالی (گۆردن چاڵێد-Gorden Childe) باس لەبنەماکانی شارستانییەت دەکات و دەڵێت شۆڕشی چاخی بەردینی نوێ (شۆڕشی نیولیتیک-Newlithic Revolution ) گەواهی ئەوەدەدەن لەدەست پێکردنی ژیانی جووتیاری و کشتوکاڵی و پاشان شۆڕشی شارستانی بەدووی خۆیدا هێنا بەناوی شۆڕشی شار(Urban Revolution) ئەمەش بەسەرەتای شۆڕشی شارستانییەت دادەنرێت، دوای ئەمەش سەرهەڵدانی سۆمەر و گۆمەڵگای سۆمەر لە میسۆپۆتامیا بەنمونە دههێنێتەوە، وەک شارستانییەتێکی گرنگ و دووەم هەنگاو کە دروستکردنی کۆمەڵگای نیشتەجێی شارە، هەر بۆیە باوەری وایە دامەزرێنەری ئەم بنەما شارستانیە هەر جووتیاران بووە، کە بەرهەمیان زۆربووە هەڵیانگرتووە بازرگانیان پێ کردووە، پاشان ئەم بەرهەمانە پێوستییان بەپاراستن بووە، کەئەویش هێز و دەسەڵات و ناوەندی هێز پایتەخت بووە،ئەمەش بووە بەردی بناغەی شارستانییەتی مرۆڤایەتی.(٢٥)
سەرچاوە و پەراوێزەکان؛
(1) Sir Leonard Woolly, Jacquetta Hawkes : History of Mankind Cultral And Scientific Development, V1, Prehistory and Beginnings of Civilization, London,1964, p132-145.
(2) Yuval Noah Harary: Sapiens Abrief History of Humankind,London,2014,p64.
(3) Yuval Noah Harary: Sapiens Abrief History of Humankind,London,2014,p21.
(4) Karin Bois: Min Eurpeiska Familj De Senaste 54000 Aren,2015,swed,p42-49
(5)Conard, Nicholas J. (2009). “A female figurine from the basal Aurignacian of Hohle Fels Cave in southwestern Germany”. Nature. 459 -Wilford, John N. (June 24, 2009). “Flutes Offer Clues to Stone-Age Music”. Nature. 459.
(6) Yuval Noah Harary: Sapiens Abrief History of Humankind,London,2014,p23.-
Karin Bois: Min Eurpeiska Familj De Senaste 54000 Aren,2015,swed,p42-49.-
Andres Hagan: BONNIERS VÄRLDSHISTORIA, Huvuredaktör , ERLING BJÖL, Svensk redaktör JARL TORSACKE, Historiens, rötter Anders Hagen Översättning Torbjörn Egerstad,Vol 1, ,Svarige ,1999,p35-38.
(7)Paul G. Bahn: CAVE ART,London,2007,p42-87.
(8) Sir Leonard Woolly, Jacquetta Hawkes : History of Mankind Cultral And Scientific Development, V1, Prehistory and Beginnings of Civilization, London,1964, p186-196.
(9) Karin Bois: Min Eurpeiska Familj De Senaste 54000 Aren,2015,swed,p198.
(10) Sir Leonard Woolly, Jacquetta Hawkes : History of Mankind Cultral And Scientific Development, V1, Prehistory and Beginnings of Civilization, London,1964, p116-128.
(11) Karin Bois: Min Eurpeiska Familj De Senaste 54000 Aren,2015,swed,p199.
(12) Karin Bois: Min Eurpeiska Familj De Senaste 54000 Aren,2015,swed,p199.
(13) Karin Bois: Min Eurpeiska Familj De Senaste 54000 Aren,2015,swed,p200.
(14) Karin Bois: Min Eurpeiska Familj De Senaste 54000 Aren,2015,swed,p202.
(15)Will Durant: Heroes of History ,A brief History of Civilization from ancient time to the Down of the Modern Age, Simen and Schuster ,New York,2001,p17.
(16) Yuval Noah Harary: Sapiens Abrief History of Humankind,London,2014,p247.
(17) Yuval Noah Harary: Sapiens Abrief History of Humankind,London,2014,p17-19.-
(18) Yuval Noah Harary: Sapiens Abrief History of Humankind,London,2014,p86.
(19)Andrew Collins:Who Built It,when and why Apreview to Genesis of Gods.2014,p1.
(20) Yuval Noah Harary: Sapiens Abrief History of Humankind,London,2014,p89-92.
(21) Yuval Noah Harary: Sapiens Abrief History of Humankind, London, 2014, p206-207.
(22) Yuval Noah Harary: Sapiens Abrief History of Humankind,London,2014,p89-92.
(23) Yuval Noah Harary: Sapiens Abrief History of Humankind,London,2014,p81.
(24) Yuval Noah Harary: Sapiens Abrief History of Humankind,London,2014,p59-60
(25)Brian. M. Fagan:People of the Erarth,USA,1998,p385.