عارفێکی خواناس کە توانای بەخشینی زەکاتی نییە، ڕێی دەکەوێتە ئەشکەوتێکی سامناک بۆ چلەکێشی و خەڵوەت و وەجدو پاڕانەوە، ئێوارە وەختەیەکی درەنگ دوو چەتەو ڕێگری دەشتەکی دێنە ئەشکەوتەکە، دیارە ترساون لەوەی عارفەکە خەزێنەکەیانی کەشف کردبێت، کە دەبینن پیاوێکی خواناس خەریکی ڕیازەت و پەرستشە لەناو ئەشکەوتەکەو نزیک ئەو جێگایەی کە گڵینەو خەزێنە زێڕەکەیان تێدا شاردۆتەوە کە پێشتر دزیویانە، خێرا عارفەکە قۆڵبەست دەکەن و لێی دەپرسن لەو خەزێنەو زێڕەی تەنیشتت چیت دیوە نابێت باسی بکەیت ئەگینا سەرت دەپەڕێنین.
عاریفەکە هێواش هێواش دێتە دەنگ و دەڵێ من هاتووم بۆ ئێرە بۆ پێدانی عیبادەتی زەکات بۆ خوداو بۆ ئەوەی کەشفی ئەسراری خەزێنە گەورەکەی خودا بکەم و دووربم لە خەزێنەی دونیا کە مەگەر من بزانم چەندە سەختە هەتبێ و نەیبەخشی، خۆم عومرێکە خەریکی هەڵکەندنی خەزێنەی گەوهەرو زێڕی خوداییم ئیتر خەزێنەی ئێوەم بۆچییە.
پاشان بەڵێن بێت من باسی ئەو خەزێنەیەی ئێوە ناکەم بەڵام ئێوەش بەڵێنم پێ بدەن، ڕێتان کەوتە هەر جێگایەک باسی ئەم خەزێنەیەی من بکەن، دواتر عاریفەکە بە چەتەکان دەڵێت ئێوە؛ ئەهلی دونیاو مەتاع و غرورن ئەو زێڕو پارەیەش دادی ئێوە نادات و ئەوەتا هەر لە ترسدا دەژین؛ وَاعْلَمُوا أَنَّمَا أَمْوَالُكُمْ وَأَوْلَادُكُمْ فِتْنَةٌ وَأَنَّ اللَّهَ عِندَهُ أَجْرٌ عَظِيمٌ؛ خەزێنەی زێڕی ساغی دونیا هەرگیز لەم دنیا دەستناکەوێت و ئەمەی ئێوە زێڕ نییە فیتنەو سەرگەردانییە ناتانکات بەپاشا، خەزێنەی زێڕ دەبێت ئارامیتان پێبدات ئێوە نیتانە، دەبێ ئاسودەتان بکات ئێوە نیتانە، بۆ دەبێت خەزێنەیەک زێڕی حازرو ئامادە، ئەوەندە مایەی ترس و ڕاڕایی بێت بۆتان، هەر خەزێنەیەک عەبدی مورتاح نەکردو لە ترسدا هێشتیەوە ئەوە خەزێنەی حەرام و فیتنەگێڕییە، من کە خەریکی چلەکێشی و عیبادەتم بە لەتێک نان و خورمایەکی ڕەق، خاوەنی ئارامیی و خەزێنەیەکی گەورەم و هیچ ترسم لە عەبدی خودا نییە بۆچی دەبێت ئێوە بترسن.
بۆیە عیبادەت و پەرستشی دروست، بریتیە لە نەترسان و بێمنەتیی لە دنیاو سادەیی قوڵ بەرەو خەزێنەی گەورەی ئارامیی و بەجێهێنانی فەرزەکان. عیبادەت جگە لە فەرزەکان گوزارشتە بۆ ڕازی بوونی خوداو تەسلیم بوون بە زاتی پاک، بە قودسیەتی ئایات و کەلام، بە ڕۆژی دوایی و ئەعمالی چاکی زاهیرو باتین، دیوەکەی تری بریتیە لە عیرفان و ئارامی قووڵی ڕۆحی و جەستەیی و سلوکی فەردی و خاڵیی بوونەوەی بەندەو گەڕانەوە بۆ بنەما نەگۆڕەکانی باوەڕو ئیمان و غەیبانیەت، الَّذِينَ آمَنُوا وَتَطْمَئِنُّ قُلُوبُهُم بِذِكْرِ اللَّهِ ۗ أَلَا بِذِكْرِ اللَّهِ تَطْمَئِنُّ الْقُلُوبُ.
گەر دڵنیانیت لەو قەلبە هەژارەت، هەمیشە ترست هەیە لە ڕزق و کەمبوونەوەی سامانەکەت بە زەکاتدان، عیبادەت وەک پەڕینەوە لە ترسی دۆزەخ بەرەو بەهەشت وێنا دەکەیت ئەوە بەدڵنیایەوە گرفتێکت هەیەو تێنەگەشتنت هەیە بۆ عیبادات و دین و دەقە قورئانیەکان، دەبێت خۆت ئیسڵاح بکەیت، دین دەبێت ئارامی و سکونەتت باتێ و قەلەقی و ترست لێ وەرگرێتەوە، تەریقەتت باتێ و فرەتەریقییت لێوەرگرێتەوە، فیراسەتت باتێ و کوێرییت لێ بسەنێتەوە، تەئەمول و سادەییت پێ ببەخشێ و عەبەسیەت و دڵڕەقیت لێبسەنێتەوە، دین دواجار سامانی حەڵاڵت پێ ئەداتێ و زەکاتت لێوەردەگرێتەوە بە میزان، زەکات واتە وەرەقەو قەڵەم و حاسیبەو وردبینی، بەموجامەلەو ترس و لەرزو گۆترەکاری و سەدەقاتی سادەو سەرفیترە هەرگیز قبوڵکراو نیەو نابێ. وەک ئەوە وایە دەستکاری ژمارەی ڕکاتی نوێژەکان بکەیت و نیوەڕوان سێ ڕکات و ئێواران دووان و بچیت بۆ پاریس و شانزەلیزێ و بڵێیت حەجم کردوە.