جوانی ژنانە نمایش دەکرێت و ستایش دەکرێت، ئەفسوون دەکات و دەوروژێنێت بەڵام نابێتە بابەتی بیرکردنەوە. کاتێک باسەکە لەسەر چییەتی جوانییە، گەڕانەوە بۆ ئۆبێکتەکان دەبێتە پرسێکی بێکەڵک، هیچ نموونەیەکی تایبەت نییە کە دەستڕاگەیشتن بە مانای جوانی مومکین بکات، یان بۆ ڕوونکردنەوەی جەوهەری چێژی ئێستاتیکی لەسەر دڵڕفێنییەکانی سرووشت جەخت دەکرێتەوە و یان سەرنجەکان بەتەواوی دەچێتە سەر بەرهەمە هونەرییەکان. ئەیژی جوانی لەشگیر لەناو هەموو فۆرمەکانی جوانیدا، کەمترین ئیمکانی لێکدانەوەی فەلسەفی لەخۆدا هەڵگرتووە. کاتی بیرکردنەوە لە جوانی ژنان … بەر دژیەکی دەکەوین: ژنی جوان ئارەزوو دەکرێت، جوانییەکەی ئەزموون و هەستی پێ دەکرێت بەڵام نابێتە جێگەی بیرکردنەوە. ئەمە تەنانەت بۆ نەریتی دیاردەناسییش ڕاستە لەگەڵ ئەوەی کە بە ڕەهەندی لەشگیری جەستە ڕەوایەتی فەلسەفەی تەواوەتی پێ دەدات، پرسی شوناسی ڕەگەزی جەستەکان پشتگوێ دەخات یان لێیان دوور دەکەوێتەوە. بەهۆی دەستوەردانی سیمۆن دیبۆڤوارەوە کە جەستەتەوەری ژنانە دەکاتە بیرسای سەرەکی دیسانهزرینەوەی خۆی، ئەو نکۆڵییە شوێنی خۆی دەداتە ڕاڤەیەکی ڕەخنەگرانە و نێگەتیڤ کە چارەنووسی ئەوە بوو ببێتە ڕاڤەی زاڵ: جەستەی ژن ئەوانی لە ناونشینیدا قەتیس کردووە و ئەوانی لە باڵانشینیی ئازادی کە تایبەتە بە پیاوان بێبەری کردووە.
ئەو تیۆرە، ڕەگ و ڕیشەی لە سووککردنی ئەدگاری زایەندی ئەو کەسەدا هەیە کە بایۆلۆژیا نەوەنوێکردنەوەی خستووەتە ئەستۆی. ژن کە خراوەتە خزمەت پاراستنی جۆرەوە و «گۆڕەپانی ئەو ڕووداوەیە کە بەناو بوونیدا دەگوزەرێت بەڵام بەشێوەیەکی شەخسی پەیوەندیی پێوەی نییە» وەکوو ئەویتری موتڵەق دەکەوێتە ژێر ڕکێفی پیاوەوە، کەواتە جەستەی ژنانە لە ڕەهەندە زایەندییەکەیدا، هەروەها لە ڕەهەندەکانی تریشیدا وەکوو هەڵگری نامۆیی پێناسە دەکرێت. شێوەی ڕووکار لەلای سیمۆن دیبۆڤوار یەکێکە لە دەرکەوتەکانی ملکەچی ژنانە. ئەو لە پاژێکی ڕەگەزی دووەمدا کە بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی تەرخان کراوە، ئەو ئەرگومێنتە سەرەکییە پەرە پێ دەدات کە ژنی ڕازاوە بۆ شتێک کورت دەکاتەوە. ژن بە ڕازاندنەوەی خۆی لە وێنەی خۆی نامۆ دەبێت و لەوە گرنگتر تووشی ئەو وەهمە دەبێت کە لە ڕێگەی ئەو کارەوە خۆی دۆزیوەتەوە: «ئەو ژنەی کە هیچ کارێک ناکات و ئەوە ئازار دەدات، لە ڕێگەی ڕازاندنەوەی خۆیەوە، وا دەزانێت بوونی خۆی دەربڕیوە. پاراستنی جوانی و خۆڕازاندنەوەی ئەو کردەیەیە، ئەو ئیمکانە بە کەسەکە دەدات کە خۆی بکاتە هی خۆی وەک چۆن لە ڕێگەی کاری ماڵەوە، ماڵەکە دەکاتە هی خۆی.» فەیلەسووف بۆ لەناوبردنی ئەو وەهمە بەم جۆرە درێژەی پێ دەدات، ژن بەو باوەڕەوە کە خاوەنی خۆیەتی، لە ڕاستیدا خۆی وەکوو ئۆبێکتی ئیرۆتیک دەخاتە ئەختیاری پیاوەوە: «مەبەست لەو مۆدانەی کە ژنیان ملکەچ کردووە، ئەوە نییە کە ئەو وەکوو کەسێکی خودبنیات نیشان بدەن بەپێچەوانەوە، ئامانجەکەیان جیاکردنەوەی ژنە لە باڵانشینی خۆی تاوەکوو خۆیان وەکوو پاروویەک پێشکەشی ئارەزووی پیاوان بکەن.»
بەم جۆرە پرسەکە بەیەکجاری و بۆ هەمیشە چارەسەر دەبێت. لە دوای ئەوە، هزری فێمینیستی تا ئەو شوێنەی بکرێت ئەوە دەهێنێتەوە یاد کە سەرقاڵییە ئێستاتیکییەکان، بەهۆی ملدان بەو ڕێسا پیاوانەییەوەیە کە ژنان وا لێ دەکات جوان و ئارەزووکراو بن. شەست ساڵ دوای دیبۆڤوار، بەهۆی بانگهێشتی بەربڵاویی میدیایی بۆ لاویی، جوانی و زەعیفی دەستەودامێنبوونی ئەو باوەڕە لە هەموو کات سادەترە. ژنان لە هەوڵێکی شێتانەدا بۆ تەبابوون لەگەڵ مۆدێلە پێشنیارکراوەکانی کۆمەڵگادا، بزوتنەوەی ڕزگاری بە هەڵگەڕاوەیی فەهم دەکەن تا ژینکردنیان و بیرکردنەوە لە خۆیان وەکوو ئۆبێکت درێژە پێ بدەن. ئەم یەکانگیرییە تەقریبییەی بۆچوونەکان بەدەور ڕەهەندی نامۆکەری جوانی بەگۆ، پێکناکۆکییەکی بنەڕەتییە: ژنان هاوکات وەکوو سوبێکتی مافی، تەواو ئازادن و وەکوو بوونە ژنانەییەکان بەتەواوی دیلن. واتە لەگەڵ ئەوەی ڕەوایەتی کۆمەڵایەتی و پیشەییان بە فەرمی قبوڵ کراوە کەچی هێشتا لە پانتایی پەیوەندییە تایبەتییەکاندا ژێردەستە و ملکەچ ماوونەتەوە. بە مانایەک ژنان هیچ چارەیەکیان نییە جگە لە ملدان بەمانای واقیعی و میتافۆری وشەکە، بە فەرمانی ئێستاتیکی پیاوانە، فەرمانێکی تەواو بەهێز کە بە هۆی میکانیزمەکانی بەناوەکیکردنەوە بەشێوەیەکی کاریگەر لەلایەن گرووپە گەورەکانی دونیای مۆد و جوانییەوە دەپارێزرێت.
وا دێتە پێشچاو ئەم نیگا ڕاڤەییە، تێگەیشتنی لەمەڕ واقیعیەتی ژیانی ژنان لە چاخی ڕزگاریدا نییە. ئازادی بانگهێشتکراو بۆ ژنان تەنیا لە پانتایی گشتی و کۆمەڵایەتیدا فراوان نابێتەوە بەڵکوو لە فەزای تایبەتیشدا ڕۆڵی بنیاتنەری هەیە. ژنان کۆنترۆڵیان بەسەر جەستەیانەوە وەکوو بەسەر پەیوەندییە سۆزدارییەکەیانەوە هەیە و لە هەردوو پانتاییەکدا بەردەوام دەتوانن هەڵبژێرن. ئەم پرسە نابێتە ڕێگر لەبەردەم ئەوەی کە یەکسەر پرسێک قوت بێتەوە، ئەوەی کە کردەکانی ئازادی ڕاستەقینە واتە ئازادیی ئاگامەند بە پابەندبوون و سنوردارییەکای خۆی، بەبێ کێشە نابێت. ئەم پرسە ئالنگارییەکی ڕاستەقینەیە و لە دۆخی ژنانەی هاوچەرخدا پرسێکی تەواو بنەڕەتی دێتە پێش چاو: سەردەمێک کە لە نێوان بەهاداماڵینی فێمینیستیانەی دەرکەوتەکانی دەرەوەی ژنێتی لەلایەک و پابەندبوونی ڕوولەکشان دەربارەی فۆرمی ئایدیال و چنگنەکەوتووی ژنانە لەلایەکی تر گرفتار بووین، چۆن لەناو جەستەی ژنانە خۆماندا بە ئاسوودەیی بژین؟ ئەم کارە زۆر بە سەختی مومکین دەبێت، دەرکەوتنی نەخۆشییە جەستەییە نوێکانی پەیوەندیدار بە وەسواسی کۆنترۆڵەوە و یان پەیوەست بە وێنەی خودەوە، شاهیدی ئەم پرسەن. ئەم ئازارە بێ پێشینەیە ئەوە دەردەخات کە سۆراخکردنی جوانی، گەڕانێکی ئاڵۆز و بەژانە. هیچ کات نەدراوە، هیچ کات دڵنیایی لێ بەدەست نەهاتووە و هەموو کات یەک ئامانجە: واتە خۆڕازاندنەوە و دیسان خۆڕازاندنەوە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ. کەواتە جوانی ژنانە دەبێت لە پانتایی پرۆژەدا بیری لێ بکرێتەوە و لە ڕێگەی پرسیار لە خودـەوە لەبارەی ئەو چالاکییەی کە ژنێک ڕۆژانە بەهۆی ئەوەوە [خۆڕازاندنەوە] وێنەی خۆی وەکوو پێشمەرجی بنچینەیی چوونەناو جیهانەوە شێوە پێ دەدات.
گەیشتن بە وڵامی پێویست، دەربازبوونە لە هەندێ پێشداوەرییەکان و لێکردنەوەی ئەو توێژاڵانەیە کە بەدەوری ئەم بابەتەدا دروست بوون. ڕەهەندێکی بنچینەیی تر لە پشت دەرکەوتەی بێکەڵک و ناپێویستی ڕازاندنەوەوە، پەنهان بووە: نیگەرانی دەرکەوتن بە باشترین شێوەی مومکین واتە هەوڵ بۆ دەربڕینی بوونی ژنانەی خۆت و بەردەستکردنی بۆ ئەویتر. هەر لە سەرەتاوە بە سادەیی دەتوانرێت بوترێت گەڕان بۆ جوانی دەبێت وەکوو پرۆژەیەک بۆ تەبابوون لەگەڵ خۆت فەهم بکرێت. بۆ نیشاندانی ئەم پرسە لە بنەڕەتی ئیپستمۆلۆژیای پشت بەستوو بە دیاردەناسی دەست پێ دەکەین: لەسەر ئەمە پێناسەی ئەزموونی ژنانە وەکوو ئەزموونی جەستەداریی ناو پەیوەندییەکان پێشنیار دەکەین. ئەم گریمانە بیرکردنەوە لە جەستەی ژنانە لە پانتایی ئۆنتۆلۆژیدا مومکین دەکات و ئێمە بەرەو شوێنهەڵگرتنی پشکی جوانی لە بیناکردنی خودـی هەر سوبێکتێکی ژن ڕێنوێنی دەکات.
“ژنانەیی وەکوو جەستەداری”
«بوونی من وەکوو سوبێکتیڤیتە لەگەڵ بوونی من وەکوو جەستە یەک شتە»، ئەم پشتڕاستکردنەوەی مێرلۆ پۆنتی دەبێت وەکوو پنتی سەرەتایی دیسان بیرکردنەوە لەمەڕ جوانی ژنان بەبیر بهێنرێتەوە. ئەمە تەنیا بە بە مانای ناسینەوەی ڕەهەندی جەستەداری هەموو بوون نییە، بەڵکوو دەرخەری ئەو پرسەیە کە جەستە تا چ ئاستێک لە درکی خۆی و جیهان ڕۆڵی هەیە. بەپێچەوانەوەی نەریتی دێکارتی و کانتیەوە کە تاک لە پێگەی «بیر دەکەمەوە» بێجەستە ئەژمار دەکەن، مێرلۆ پۆنتی لە پێگەی «دەتوانم» کە بە ئەندازەی زیهن جەستەش لەخۆ دەگرێت، پێناسە دەکات. ئەو هانمان دەدات لە پێگەی «جەستەداری بەردەوام» بیر لە بوون بکەینەوە بەمانای گیرسانەوە لە جیهان و هەروەها ناسینی شتەکان: «جەستە گرێیەکە لە مانا زیندووەکان». جەستەداری پێش ئەوەی بۆ دۆخی فیزیکی جەستە کورت بکرێتەوە خۆی وەکوو مەرجی دەستڕاگەیشتن بە مانای ئەوەی خۆی بە ڕووی جیهان، خود و ئەویتر دەکاتەوە پێناسە دەکات. ئۆرگانیزم «شتێکی وەستاو نییە، بەڵکوو لە شوێنی خۆی، بزووتنی بوون دەخاتە ڕوو.» کەواتە لە بینای جەستەدا هیچ شتێکی ڕێکەوت لەئاردا نییە کە بشێت وەلاوە بنرێت یان بسردرێتەوە. لەگەڵ مێرلۆ پۆنتیدا گریمانەی ئەوە دەکەین کە «جەستە لە هەر ساتێکدا دەرخەری بوونە بەهەمان مانا کە گوتار دەرخەری بیر»، تاک لە ڕێگەی جەستەوەیە کە بەشێوەی خۆی، شێوە بە جیهان دەبەخشێت و بەو بۆنەوەیە کە ئەویتر دەبینێت وەکوو ئەوەی خۆی ببینێت. بەم بۆنەوە ئەوە بێمانایە ئەگەر جۆرێک بەڵگەبهێنینەوە کە جەستەمان نییە یان جگە لە سوبێکتی ئەبستراکت هیچی تر نین کە بە ئەدگارە جیهانییەکانەوە پێناسە دەبن.
لە ڕوانگەی دژەجیاوازیخوازییەوە کە لەمڕۆدا تێڕوانینی زاڵە، ژن مافی هەیە و لە هەموو ڕوویەکەوە لەگەڵ پیاودا یەکسانە تا ئەو شوێنەی کە هەر چەشنە جیاوازییەک لە گۆشەنیگای کۆمەڵناسییەوە ئیدانە کراوە و لە ڕوانینی ئیپستمۆلۆژییەوە ناڕەوا بێت. ئەم وەسفە بەوشێوەی کە مسۆگەرانەیە، بەشەکیشە؛ لەلایەکی ترەوە ژن بووونێکی ژنانەیە. بە سەرنجدان لەو خەسڵەتە، دیاردە پەیوەندیدارەکانی سێ پانتایی «جەستە» کۆ دەکەینەوە کە بریتین لە پەیوەندیی نێوان ژن و پیاو، دایکایەتی و مژۆڵییە ئێستاتیکییەکان. ئەگەرچی ژنان ئازادن – وەکوو سوبێکت – خۆیان لە هاوسەرگیری، وەچەخستنەوە و پەیوەندیی سێکسی بەدوور بگرن (هاوکات بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی دەشێت کە بەهۆی توندوتیژییەوە ناچار بە ئەنجامانی بن)، هەروەها – لە پێگەی بوونی ژنانەدا – وەکوو ماشووق، دایک و ئۆبێکتی ئارەزوو دەمێننەوە. دەرچوون لە پابەندییەکانی پەیوەست بە ماڵدارییەوە نابێت ببێتە هۆی ئامێتەکردنی ئەو پرسانەی کە لەلایەک بە ژیانی هاوسەرێتی، منداڵخستنەوە و جوانییەوە گرێدراون و لەلایەکی تر بە میکانیزمی ملکەچییەوە گرێ بدرێت کە هاوکات پێویستە بەئاگابین [لە ئەگەری ئامێتەبوون]. ئەم پرسانە ڕیسکەکانی بوونی ژنانە لە چاخی ڕزگاریدان. لەم سۆنگەوە پێویستە بەشێوەیەکی پۆزەتیڤ دیسان بیری لێ بکرێتەوە. بە هەڵبژاردنی ڕوانگەی دیاردەناسی، دەمانەوێت لە ڕەهەندی جەستەداری کە بە تەواوی بەندە لەسەر ئاشتی نێوان جەستەداری و سوبێکتیڤیتە، لە تێگەیشتنی دۆخی ژنانەی هاوچەرخ کەڵک وەرگرین. مێرلۆ پۆنتی لە هیچ شوێنێکدا لە نێوان ژنان و پیاواندا جیاوازی ناکات بەڵام پێشگریمانەی ئەو بۆ جەستەداری لە دۆخدا بەرەو ئەو جیاوازیکردنە بانگهێشتمان دەکات. وەک چۆن بوونی ژن لە پێگەی سوبێکتیڤیتەدا جگە لە بوونی وەکوو جەستەی ناو دۆخ نییە، چۆن دەکرێت ئەو پرسە کە ئەو هەڵگری شێوەی تایبەتی خۆی بۆ بوون لە جیهان و لەگەڵ ئەوانی تردا، لەپێشچاو نەگیرێت؟ گریمانەکەی ئێمە بەو جۆرەیە و ئێمە ناوی دەنێین ئەزموونی ژنانە.
یەکێک لە پێشگریمانە دیاردەناسییانەکان، دانانی کاتە وەکوو دۆخێکی بنەڕەتی کە پەڕینەوە لە بوونی بایۆلۆژییەوە بۆ بوونی شەخی مومکین دەکات. مێرلۆ پۆنتی دەنووسێت، جەستە هەموو ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو پێکەوە گرێ دەدات: «جەستە لە جیاتی ئەوەی کە بکەوێتە ژێر ڕکێفی کاتەوە، شێوەی پێ دەدات.» ئەگەر جەستەی ژنانە لەپێشچاو بگرین ئەم پشتڕاستکردنەوەیە تەواو ڕاست دێتە بەرچاو. ئەم پرسە دەربڕی ئەزموونێکی کاتدارە کە چڕییەکی تایبەتی هەیە و دەبێت کاریگەرییەکانی لەپێشچاو بگیرێت: کاتی ژنانە، کاتێکی بازنەیی نییە کە زۆرجار بەهۆی دووبارەبوونەوەی سوڕی «کەوتنەسەرخوێنی» مانگانەوە دەخرێتە پاڵ ژنان بەڵکوو بەپێچەوانەوە، کاتی ژنان بەشێوەیەکی تراژیک هێڵییە و ڕیتمەکەی دەستنیشان دەکرێت، بەهۆی دوو چرکەساتی بنەڕەتی واتە هەراشبوون و مایوسبوون [وەستانی سوڕی مانگانە] کە ئاماژەن بۆ چوونە ناو دۆخی دایکایەتی و دەرچوون لێی. بەدەربڕینێکی تر کاتداری ژنانە بەرەو یەک سەرەنجام دەڕوات [سەرەنجام] لە هەردوو مانای ئامانجداری و کۆتاییدا. لەم سۆنگەوە ژنان بوونگەلێکن کە بەردەوام لە دۆخی شکڵوەرگرتندان و [ئەم بوونانە] هیچ کات هەڵگری شووناسێکی جێگر نەبوون و مسۆگەرانە بە ڕوانگەی ڕوولەداوەشانەوە شکڵیان گرتووە. لەکاتێکدا پیاوان بەهۆی ئەوەی کە بوونیان بە هیچ شەقبوون یان گۆڕانێک لە سروشتەوە، بەر هەڕەشە ناکەوێت؛ وەهمی مانەوە یان نەمریان بۆ دروست دەبێت. لەم پنتەوە ئەزموونی ژنێتی بەر لە هەر شتێک، ئاگاییەکی تیژ لەمەڕ تێپەڕینی کات و کۆتایی هەموو شتێکە. ئەم نائۆمێدییە ڕەگی لە ئەزمووونی بنەڕەتی لەدەستداندا هەیە: لەدستدانی مانگانەی خوێن کە بەمانای وەستانی، ئەگەری ئاوسبوونە بەشێوەیەکی کاتی، لەدەستدانی منداڵ بەهۆی دەرچوونی لە جەستەی دایکەوە و دواتر بەجێهێشتنی ماڵ، لەدەستدانی توانستی ئاوسبوون لە تەمەنی مایوسیدا کە هەروەها بە مانای لەدەستدانی نەگەڕانەوەی جوانی و ئیمکانەکەیەتی.
کەڵکەڵەی ژنانە لەمەڕ ئەو شوێنەوارەی کە تێپەڕینی ساڵەکان لەسەر ڕوخساریان دایدەنێت – ئەو کەڵکەڵەی کە بەهیچ جۆرێک پرسێکی هاوچەرخ نییە – هەروەها تەنیا نیگەرانییەکی نارسیستی نقووم بوون لە وێنەیەکی جوانی خۆتدا نییە بەڵکوو ئاماژە دەدات بەو هەستیارییە تایبەتەی لە بەرەوپێشچوونی حەتمی، بوونێکی ڕوو لە بێبەریبوون و لەناوچوون ڕسکاوە. نیگەرانی ژنان لەمەڕ شێوەی ڕووکاریان نابێت وەکوو کاردانەوەیەکی سادە، بەرانبەر بە پاباندبوونە کۆمەڵایەتی و پیاوانەکانی پەیوەست بە جوانی و لاوییەوە فەهم بکرێت، بەڵکوو ئەو نیگەرانییە شێوەمیتافیزیکییە، دەربڕی هاوجەوهەری هەبووی نێوان سوبێکتی ژنانە و جەستەی ئەوە. هەستیاری ژنانە لە هەمبەر داڕمانی حەتمی جەستەیی، هەڵگری ڕەهەندێکی تەواو وجوودییە: سوبێکتی ژنبوون، بە واتای بیرکردنەوە لە خۆتە وەکوو سوبێکتی جەستەدار و کۆتادار. دەکرێت تانەی ئەوە بدرێت کە پیاوانیش ناتوانن لە پیری و داڕمان هەڵبێن، [ڕاستە] بەڵام جیاوازییەکە لەوێدایە کە ئەوان بەتەواوی ئیمکانی ژیانی ئەوەیان هەیە کە ئەو پرسە وەلا بنێن یان نکۆڵی لێ بکەن. لەبەرئەوەی هیچ شتێک لە جیهانی هێزدا کردەی ئەوان بەهۆی تێپەڕینی کاتەوە ناڕووشێنێت، هیچ سنوردارێتییەک، توانستی وەچەخستنەوەیان لەناو نابات، هیچ گۆڕانێکی فیزیکی لەناکاو نابێتە هۆی گۆڕینی نیگاکان لەهەمبەر ئەوان و هیچ تەنگژەبارییەک ئەوان ناچار ناکات بۆ بوونیان بەرنامە دابنێن. ژنێک دەبێت حسابی ئەوە بکات، دانە بە دانە تاوتوێ بکات، پلان داڕێژێت تا ئاگادار بێت لە حسابی ئەو کاتەی کە بەسەر بڕگەی دیاریکراوی وەچەخستنەوەوە تێ دەپەڕێت و ناکرێت لێی هەڵبێت. کەواتە لە هەمان ڕێچکەدا کە ژن لە سنوردارێتیی خۆی بەئاگا دەبێت، جەستەی وەکوو شوێنێکی ناگوزەر کە بوونی تێیدا مانا وەردەگرێت، درک دەکات؛ نەک هەر جەستەی دایکانەی بەڵکوو هەروەها جەستەی ئارەزووکەری و جەستەی وەکوو وێنەیەک. ئەگەر پیاوان بە تەواوی دەتوانن وەکوو بوونی ناجەستەدار و ئەبستراکت بژیەن کە هەر کام لەوان وەکوو پێوەر و پێودانگی هەموو شت، بە تەنیا بەرجەستەکەری بەجیهانیبوونی دۆخی پیاوانەیە، ژنان ناتوانن لەپەیوەندی لەگەڵ خۆیان و لەگەڵ ئەویتر کە لە ڕێگەی جەستەوە مومکین دەبێت، بڕۆنە دەرەوە. هەنووکە دەرەنجامی ناچاریی چەند سەت ساڵەی ژنان بۆ کاری ماڵەوە دەبیین کە بەجۆرێک مەحکوم بوون جگە لە جەستەیان نەبن، بەڵام شتێکی بنەڕەتیتر لە گۆڕێیە؛ جەستەی ژنان دەبێت بە ئاراستە ئۆنتۆلۆژییەکەیدا درکی پێ بکرێت، بوونی ژنانە لە دەرەوەی جەستەدارییەوە لەئارادا نییە.
ئەم پشتڕاستکردنەوەیە ئاماژە بە ماتەوزەی دایکایەتی دەدات کە ئاراستەیکی تری ئەزموونی ژنانە شێوە پێ دەدات. هەموو ژنان ئەگەری زاینیان هەیە، بۆ هێنانەدی ئەو توانستە پلان دادەنێن. پیاوان دەتوانن ئیمکانی بەباوکبوونی خۆیان بە تەواوی فەرامۆش بکەن، لە فیزیۆلۆژیای پیاوانەدا، هیچ شتێک ئاماژە بە توانستی زایین نادات. هاوکات بەهۆی نەبوونی وەستانی ڕاستەقینەی ئیمکانی وەچەخستنەوەوە، باوکایەتی ئاسۆیەکە بەردەوام مومکین دەردەکەوێت. لەم پنتەوە ئەوان لە ناو وەهمی دوو قاتی، نەزۆکی ڕۆژانە و باوکایەتیی ئەبەدی دەسووڕێنەوە. بۆ ژنان مومکین نییە، لە دەرەوەی بوونگەلی زاێنەر، هاوکات بەشێوەی حاشاهەڵنەگر و کاتدار بیر لە خۆیان بکەنەوە. چۆن دەشێت ئەوە لەپێشچاو نەگیرێت کە ئارەزووی دایکایەتی چ بەدی هاتبێت یان نا، مومکین نییە لەسەر شێوەی هەبوونی ئەوان لە جیهاندا ناکاریگەر بێت؟ ئەوەی بایەخی هەیە ئەوە نییە کە ژنان لە ڕووی فیزیۆلۆژییەوە بۆ وەچەخستنەوە تەرخان کراون بەڵکوو ناچارکردنی ئەوانە بۆ بیرکردنەوە لەهەمبەر ئەو توانستە لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە. بە سەرنجدان لە پرۆژەی دایکایەتی و بەهۆی داڕشتەکردنی ئەو گریمانەوە کە ئیمکانی ژیانی، بوونێکی تاکانە بۆ ژنان بە مانا ڕاستەقینەی وشەکە، مومکین نییە، واتە ئەو بوونەی کە لە ناوەوە بە بوونی خۆی واتا دەدات و پێویستی بە بوونی ئەویتر بۆ سەلماندن و گەشەکردنی خۆی نییە، دەشێت دەرەنجامگیرییەکی یەکلاکەرەوەی وجوودی لێ هەڵێنجێندرێت. ئەو ژنانەی ئارەزوویانە خۆیان بە پڕۆژە بکەن، لە دەرەوەی خۆیان بیر لە هاتنی منداڵ یان شێوەدان بە ئەویتر دەکەنەوە، بەجیا لەوەی کە ئەو ئەویترە کێ بێت و بەجۆرێک بەردەوام پەیوەندییان لەگەڵی هەبێت. تەنیا لە هەندێک لە فۆرمەکانی عیرفاندایە کە فیگەری ژنانە توانیویانە خۆیان لەو لایەنانەی پەیوەندیی بە دۆخییانەوە هەیە دابماڵن. بۆ ژنە ئاساییە نانەمرەکان، لە-جیهاندا-بوون هەموو کات بە ناچاری بوون-لەگەڵ-ئەویترە، ئەو بوونەی ماتەوزەی وەرگری هەڵگرتووە و هیچ کات بەتەواوی بە ڕووی خۆیدا دانەخراوە. لێرەوەیە، ئەو بایەخەی کە جەستەی ژنان وەکوو ڕێبەری پەیوەندیی لەگەڵ ئەویتر وەکوو مەرجی ناگوزەری نێوان سوبێکتیڤیتە بەدەست دەهێنێت. وەک چۆن ئەزموونی ژنانە، ئەزموونی جەستەدارییە لە پەیوەندییەکاندا، ئەو کاتە دەتوانین لەو ناوەندگەراییە تێبگەین کە وێنەی جەستەی ژنان بۆیانی هەیە؛ ئەم وێنەیە بریتییە لە خۆبەپرۆژەکردن بەرەو نیگای ئەویتر، میدیۆمێکی گرنگە کە شکڵگرتنی پەیوەندیی مومکین دەکات و دەرخەری چوونە ناو جیهان و ئامادەبوون لە بەرانبەر ئەویتردایە. لەم پنتەوە سۆراخکردنی جوانی وەکوو هەوڵێک بۆ بەردەستکردنی پێناسەیەکی جەستەدارانە لە خود کە دەرکەوتنی سوبێکتیڤی خود مومکین دەکات، ڕاڤە دەکرێت. لەم سۆنگەوە پێویستە شتە گرنگ و زەروورییەکان بناسرێنەوە کە بەهۆی سەرقاڵییە ئێستاتیکییەکانەوە لە پشت پرسە ڕواڵەتی و زیادەکانەوە بە نادیاری دەمێننەوە.
“خۆڕازاندنەوە، باڵابوونەوەی بوون”
دەرکەوتەکانی ڕووکاری ژنانە تا ئەو کاتەی کە تەنیا ژن بوون، واتە لە ماڵەوە کۆت کرابوون، قبووڵکراو، بەنرخ و تەنانەت جێ ستایش بوون. ئەم دەرکەوتنانە کاتێک بوون بە پرس کە ژنان بوون بە سوبێکت. سەرقاڵی لەبارەی شێوەی ڕووکار لەو ڕووەوەی کە بە پرۆسەی ملکەچی بەراورد کراوە، ناکرێت وەکوو دەرکەوتە بە خاڵی پۆزەتیڤەوە، بەجیا لە بیرکردنەوەی لەوەی کە بۆ ئەو کاتە، پارە و وزە سەرف کراوە، دابنرێت. پنتە سەیرەکە ئەوەیە کە جوانی ژنانە دەبێت بە ڕوونی خۆی دەرخات بەڵام هەوڵی پێویست بۆ هێنانەدی بەشاراوەیی بمێنێتەوە. ئەو چالاکییەیە کە ژنان لەبارەیەوە بێدەنگی هەڵدەبژێرن و ڕەنگە شەرمی لێ بکەن، ئەیژی گفتی مۆدێرنی شەخسییان پێشێل کردووە. بەپێچەوانەی پیاوانەوە کە هیچ کات ئاماژەی نەرێنی نەبووە بەڵکوو هەردەم [ئاماژە نەرێنییەکانی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە] ژنان دەبێت دوای ئەوەی جەستەیان لەلایەن پیاوانەوە بۆ ئاستی کەرەستە کورت بووەوە، دەبێت لە تەنیایی و بێدەنگیدا، دووبارە بەشێوەیەکی باشتر بەرهەم بهێنرێتەوە. ئەمە پرسێکی ناچارییە، لەبەرئەوەی هیچ ژنێک ناتوانێت، لە زەروورەتی نیشاندانی ڕواڵەت و فۆرمی ژنانەی خۆی بەرانبەر جیهان ئەوانیتر هەڵبێت. بۆ ژنێک پرۆژەی خۆی وەکوو سوبێکت، بەمانای دیسان بیرکردنەوە لەبارەی ژنێتی خۆیەوەیەوە، بە دوو مانای بەپڕۆژەکردنی وێنەی ژنانەی خۆی، لە درەوەی خۆی و دیسان بیرکردنەوە لەبارەی ئەو وێنەوەیە. ژن هەموو بەیانییەک بەشێوەیەکی زۆر ئاسایی ئەم دووبارەبوونەوە دواینەهاتووە، لە بەرانبەر ئاوێنەدا ئەزموون دەکات؛ سەیری خۆ کردن، سەرنجدان لە ڕەنگدانەوەی خۆی لە ئاوێنەدا و چاککردنی، دوبارە سەیری خۆکردن، ئەم جارەیان لەپەیوەند بە نیگای ئەویترەوە (ژن یان پیاو شتێکی وەها ناگۆڕێت) تا دواجار ئەو نموونە وێنەییە کە بەتەواوی لەگەڵ دەروونیدا دێتەوەیەک دەست بخات. سەرقاڵییە ئێستاتیکییەکان ڕێک لێرەدا، گەڕانە بۆ ئەو وێنەیە کە نەک هەر لەگەڵ پێوەرەکانی جوانیدا تەبایە و بە شێوەی کۆمەڵ پێشنیاری دەکات (تەنیا پێوەرێکە مەودای پڕ نەکراوە [لەناو ئەم پێوەرانە و ئەوەی دەستی دەکەوێت] لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێت) بەڵکوو هاوئاهەنگیشە لەگەڵ پێوەرەکانی ئەو کەسەی کە بەهۆی ئەوەوە، وێنەی جەستەداری خۆی لەگەڵ وێنەی سوبێکتیڤی خۆی تەبایە. ئەگەر ئەم پێناسەیە بۆ گەڕانی جوانی وەکوو هەوڵێک بۆ بەدەستهێنانی ئەو جەستەی کە لەمێژەیە ملکەچ کراوە و بووە بە ئامراز، لەبەرچاو بگرین، ئەوکاتە دەبێت دان بەوەدا بنێین: [ئەم پێناسەیە] بە مەوداوەرگرتن لە گۆڕینی ژنان بۆ شتی شکڵگرتوو بەهۆی نیگای پیاوانەوە، ژنان بۆ ئاستی سوبێکت هەڵدەکێشێت.
بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم گریمانەیە، بۆ ئەرگومێنتەکانی فەیلەسووفی بەلجیکی، ژاک دوێت لەپەیوەند بەوەی لە کتێبی دەربڕینی خۆت بە یەکەم بەخشینی دەرکەوتە ناوی دەبرد دەگەڕێینەوە. پێویستە لەگەڵ ئەودا لە شیکردنەوەکانی ئاژەڵناسی سویسرایی ئادۆڵف پۆرتمەن دەست پێ بکەین کە ئەوە نیشان دەدات، جۆراوجۆری و دەوڵەمەندی دەرکەوتەی ئاژەڵان لە زەرووریاتی ڕووت زیاتر دەڕوات. پۆرتمەن دژی تێگەیشتنی خۆدەربڕین، لە گریمانەکانی کارکردگەراکاندا دەوەستێتەوە کە هەموو دەرکەوتە ئێستاتیکییەکانی قەلەمڕەوی ئاژەڵان بۆ زەروورەتێکی فیزیۆلۆژی دەگەڕێننەوە: «لە بوونەوەرە زیندووەکاندا حەزێکی جەوهەری بۆ خۆدەربڕین و دەرکەوتن بەو شێوەی کە هەن، سەربەخۆ لە هەر جۆرە کارکردکێکی کۆمەڵایەتی یان جگە لەوە، لە ئارادایە.» بێگومان کلکی کراوەی تاوس وەکوو خۆدەرخستنێکی ئاشقانە کە مەرجی پێویست بۆ وەچەخستنەوەیە، فەهم دەبێت، بەڵام پۆرتمەن جەخت لەوە دەکاتەوە کە جوانی ڕەنگەکان و فۆرمەکان لەو ئامانجە زیاتر دەڕوات و شایەتی بۆ «دەرکەوتەی پەتی» دەدات کە بۆ کارکردی فیزیۆلۆژی کورت نابێتەوە. دوێت بەگوێرەی ئەوە نیشانی دەدات کە پانتایی دەرکەوتەی-نا-کارکردی چۆن پانتایی فیزیۆلۆژی-کارکردی ڕووماڵ دەکات: میکانیزمی پەیوەندیدار بە زەرورەتی مانەوەوە، ئەوەی لە دەرکەوتەکانی ئێستاتیکی بەکاریان دێت، کەڵکیان لێ وەردەگرێت. لە مانایەکی وەها دایە کە دەکرێت بپەڕژێینە سەر «یەکەم بەخشینی دەرکەوتە»؛ لە ناو فۆرمە بێشومارەکاندا کە ئاژەڵان دەست دەکەن بە خۆنواندنیان لەبەرانبەر جووتەکاینایدا (پەڕەکان، مووەکان و دەنگەکان و … تاد) بەشێکی بچووک ڕاستەوخۆ دەپەڕژێتە سەر کارکردە ژیانییەکان. ئەو پرسیارە دەخرێتە ڕوو کە مانای ئەو جۆراوجۆرێتییە بێ چاوەڕوانییە چییە؛ لە شوێنی خۆیەتی بە وردەکارییەوە وڵامی دوێت بدەینەوە: «پێویستە واز لەو ڕووکەشبینیە بهێنین کە ئەیژی تاکە ئامانج، ئەنجامدانی سوڕی بێپایانی میتابۆلیزم و وەچەخستەنەوەیە (…) ئاگامان لەوە بێت کە واقیع بێگومان تەواو پێچەوانەیەتی. تەواوی ئەم کارکردانە بە سادەیی لەو ڕووەوەن کە بوونەوەرە زیندووەکان بتوانن، بوونیان هەبێت، واتە بەدەستهێنانی سوڕێکی کۆتاداری ژیان و دەرخستنی تاقانەیی خۆی بە درێژایی ئەو سوڕە (وەکوو جۆرێک یان تاکێک).»
سەیرکردنی بابەتەکە لەم ڕوانگەوە، وا دێتە پێشچاو، دەشێت دیسان بیرکردنەوە لەبارەی جوانی لەسەر ئەو کۆڵەکانە بینا بکرێت کە بەڵگەکانیان لە مانا زیادە و ساختەکان پاک کردووەتەوە. ئەگەر ژنان ناتوانن لە جەستەکانیان جیا بنەوە، ئەگەر جەستەیان بابەتێکە بۆ وەبەرهێنانی تایبەتی یان ڕوانگەی دەربڕینی خۆی بە باشترین شێوەی شیاو، پرسێکی ڕۆژەڤە، هۆکارەکەی پەیوەستیی نزیک و پۆزەتیڤی نێوان بوونی ژنانە و ڕووکاری دەرەوەیە و ئەوەی کە ئەزموونی ژنانە بەهۆی بەدەستهێنانی کارا و پۆزەتیڤی وێنەی جەستەدارانەوە مومکین دەبێت و خۆ ڕازاندنەوە وڵامێکە بۆ زەرورەتێکی وجوودی. ژاک دوێت بە هێنانەپێشی شیکردنەوە، دەربارەی ڕازاندنەوەی ئەندازیاری، هۆکاری تر بۆ بیرکردنەوە لەو بابەتە دەخاتە ئەختیاری ئێمەوە کە پەیوەندیی پڕاوپڕیان لەگەڵ بابەتەکە هەیە. ئەو دەڵێت خشڵ بۆ ڕازاندنەوەیە یان بە دەربڕینێکی وردتر بۆ ڕازاندنەوەی فڵان شتە، فڵان هەڵگری [خشڵەکەیە] … لەبارەی خشڵەوە «گەڕانەوە» بۆ، یان «پەیوەندی»ـەکەی لەگەڵ هەڵگرە کە بە پلەی یەک دێت. خشڵ لەم زەمینە بنەڕەتییەدایە کە مانا وەردەگرێت و کاریگەری خۆی بەدیار دەخات. لەم پەیوەندییەدا خشڵ و ڕازاندنەوە [ئەو کەسە یان شتەی کە خشڵەکەی هەڵگرتووە] هەردووک دەوڵەمەند دەبن و هەر کامیان بەهۆی ئەویتریانەوە چاک دەبن. لەگەڵ ئەوەشدا دوێت بە پشتبەستن بە گادامەر (حەقیقەت و میتۆد، ١٩٦٠) جەخت لەوە دەکاتەوە هەڵگری خشڵ لە نواندنەوەدا، لە شێوەی پیشاندانی خۆی و ناساندنی خۆیەتی کە بەهۆی دەستخستنی «باڵابوونەوەی بوون» دەستی بەخۆی دەگات. بەم جۆرەیە کە [بوونی] خشڵ وەکوو بوونی ئامرازێکی سادە یان کەرەستەیەکی لاوەکی هەڵدەپەسێردرێت تا ببێتە بەهایەکی تەواو وجوودی یان بە دەربڕینی دوێت «بەهایەکی ئۆنتۆلۆژی بێگەرد». ئەو باس لەوە دەکات ئەو پرسە بەو مانایە کە ئۆبێکتی ڕازاوە پێشوەختە لە ئارادا بووە واتە بەر لە بوون شایستەیی و بەهای هەبووە. لەم ڕووەوە ڕازاندنەوە، بوونی پەیوەندییەک لە نێوان بوون و نواندنەوە ئاشکرا دەکات: «بوون پێشوەختە لە ئارادایە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بوونەیە کە هەڵگری شایستەیی، پلەی تایبەت (بە شێوەیەکی تەواو)؛ بەڵام ئەو بوونە کۆتادارە دەبێت «خۆی بنوێنێتەوە» بۆ ئەوەی بە تەواوێتیی خۆی بگات، چونکە بەهۆی نواندنەوەی خۆیەوە (یان خونواندنەوە)یە کە دەستی بە خۆی دەگات و دەبێتە ئەو کەسەی کە هەیە.» لەم سۆنگەوە ڕازاندنەوە، تەنیا زیادکردنی وردەکاری یان جوانکاری بۆ سەر فۆرم نییە بەڵکوو ئۆبێکتی ڕازاوە [هەڵگری خشڵ] بەهۆی ڕازاندنەوەوە، خودی ڕاستەقینەی بەدەست دەهێنێت. دوێت لەم شایستەییە پێشوەختە هەبووەوە و باڵابوونەوەی بوون کە دەرەنجامی ڕازاندنەوەیە، جەوهەری ئاشقانەی کردەی ڕازاندنەوە هەڵێنجێنێت: «خشڵی ڕاستەقینە سەرپۆشی کێماسی نییە کە شتێکی ناشیرین دەشارێتەوە یان جوانی دەکات، بەڵکوو جەختکردنەوە یان خستنەسەر جوانییەکی پێشوەختە هەبووە (…) لە بوونێکی «خۆشەویست-مەحبوب» بار دەکرێت کە شایستەی خۆشویستنە و پشتڕاستکردنەوەیەکی لەو جۆرە دەخوازێت.»
بەکارهێنانی ئازادانەی ئەمە لە پرسی ئێستاتیکییانەی ژنانەدا دەشێت بەم جۆرە دەرببڕدرێت: ژن بەهۆی ئەو کردە ڕۆژانەییانەوە کە لەسەر ڕووکاری ئەنجامی دەدات، دەڕواتە ناو پڕۆسەی بەپێزکردنی بوونییەوە کە ئەوەش لە ڕێگەی هەڵبژاردنی شێوەی نواندنەوەی دێتەدی. نواندنەوەی ناوبراو بەر لەوەی بیکاتە ئۆبێکت ئەو لە پێگەی سوبێکتدا دادەنێت؛ لە پشت ئەو دەرکەوتنەوە، ئەو شتێک لەبارەی بوونی خۆیەوە دەردەبڕێت. گەڕانی بەردەوامی دەستپێکەرەوەی جوانی، تەنیا سۆراخی تەبابوون لەگەڵ خوی کە ژن لە ڕێگەی ئەوەوە، دەبێتە ئەو شتەی کە هەیە و بۆ ئەمە ناگەڕێتەوە بەڵکوو ئاماژە بە بەهایەک دەدات کە ئەو لە پێگەی بوونێکی شایستەی خۆشویستراوبوون، تایبەت بە خۆی دەکات، بوونێکی شایستەی ڕازاندنەوە. لەم مانایەدا کردەی جوانکردن لە لۆژیكیکی تەواو پێچەوانەوە کە بە نامۆبوونەوە زۆر جار پەیوەست دەکرێت، پەیڕەوی دەکات و شایەتی بۆ هێنانەدی ڕاستەقینەی خود کە هاوکات باڵاکردنەوەی خۆتە دەدات.
خۆڕازاندنەوە، بە زمانی سادە، نواندنەوەی خۆتە لە پێگەی ڕەگەزی ژندا، لە دونیایەکدا کە چیدی هیچ پێوەر و ڕێسایەکی پەیوەست بە شێوەی ڕواڵەتی ڕەگەزدارەوە لەئاردا نەماوە، کەواتە دەرکەوتە ڕووکارییە ژنانەییەکان دەبێت وەکوو بژاردەیەک فەهم بکرێت وەکوو ئاماژەی جۆراوجۆری پشتی ئەو بەدیارکەوتنە، دەرخەری ئەو شتانەی ئەو بوونەیە کە دەیانگوازێتەوە. ژن لە پێگەی بێلایەنی بەسوبێکتبوونیدا، پێویستە خۆی وەکوو ژن، یان بە گشتی لەدەرەوەی ژنانەیی یان بە بڕێکی کەم لە ژنانەییەوە خۆی پێناسە بکات… لەبەرئەوەی پانتایی بژاردەی ژنانەیی زۆر فراوانە، لە هەبوونی سنوری کورتەوە لەگەڵ پیاوانەییەوە بیگرە تا ژنانەیی پەڕگیر کە لە زیادەڕۆیی نزیک دەبێتەوە، واتە هەر ژنێک برێک لە ژنانەیی کە حەزی پێیەتی لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە لەبارەیەوە بە گریمانە وەربگیرێت، واتە ئەو بڕە لە ژنانەیی هەڵبژێرێی لەگەڵ کەسایەتیدا دەگونجێت و شوناسی تاکێتی بۆ تەرخان کردووە. لەم سۆنگەوە سۆراخی جوانی دەتوانێت لە ڕوانگەیەکی ئۆنتۆلۆژیانەدا، وەکوو پرۆژیەک بۆ تەبابوون لەگەڵ خۆت ڕاڤە بکرێت.
تێبینی: ئەم وتارە پاژێکە لە کتێبی ”دەربارەی جوانکاری: ژن، برین و جوانی” کە لە نووسین و وەرگێڕان پێکهاتووە و لە داهاتوویەکی نزیکدا بڵاو دەبێتەوە.
نووسين: کامی فۆروادۆ-مێتری
وەرگێڕان: زەردەشت نورەدین