1- ئێمە لەجیھانێکی تەواو میدیاییدا دەژین. بەپێی توێژینەوەیەک؛ 52٪ی ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان 5-8ساڵییدایە، چەند جۆرێکی میدیای مۆبایل بەکاردێنن.
2- بەپێی ماڵپەری Nielsenwire.com؛ منداڵانی ئەم سەردەمە بەتێکڕایی ھەفتانە 28—32 کاتژمێر لەبەردەم شاشەکاندا بەسەر دەبەن.
3- میدیا کاریگەریی لەسەر تەندرووستیی مرۆڤ ھەیە. توێژینەوە جۆراوجۆرەکان پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان بەرکەوتنی بەرز بە توندوتیژیی لە میدیاکان و ڕەفتاری شەڕانگێزیی پێشنیازدەکەن، هەروەها پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان زۆر بینینی تەلەڤزیۆن و ھەریەک لە قەڵەوی، بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و زیادبوونی چالاکیی سێکسیی لە تەمەنی گەنجییدا ھەیە. یەکێک لە ڕاپۆرتەکانی ئەکادیمیای ئەمریکایی بۆ پزیشکی منداڵان ئاماژە بەوە دەدات کە کاتێک منداڵان؛ تەلەڤزیۆن لە ژووری نووستنیاندا هەیە، ئەگەری زیادبوونی کێشیان بە ڕێژەی 31% ھەیە و ئەگەری جگەرەکێشانیشیان دوو هێندە زیاد دەکات، چوونکە زۆرێک لە منداڵان؛ تاوەکوو تەمەنی سێ ساڵیی لە ژووری نووستنیاندا تەلەڤزیۆنیان هەیە.
4- ڕیکلام؛ پیشەسازییەکی خۆڕێکخراوە.
5- فرەچەشنی بۆچوون لە میدیاکاندا؛ کەموکووڕی هەیە. زۆربەی میدیاکان تەنیا لەلایەن پێنج کۆمەڵەی میدیاییەوە کۆنتڕۆڵدەکرێن، ئەوانیش: دیزنی، تایم وارنەر، کۆمپانیای هەواڵی مەردۆخ، بێرتێلسمانی ئەڵمانیا و ڤیاکۆم. سەیرکردنی سەدان کەناڵی تەلەڤزیۆنیی وا دەکات کە وا دەرکەوێت ئێمە هەڵبژاردەی بێسنوورمان هەیە، بەڵام لە راستییدا سەرچاوەی زانیارییەکان لەڕادەبەدەر سنووردارن!
6- کوژاندنەوەی کۆمپیوتەر یان تەلەڤزیۆن کێشەکە چارەسەر ناکات. لە تابلۆی بانگەوازی ڕێگاوبانەکانەوە تاوەکوو ئەو هەرزەکارەی کە لۆگۆی سەر تیشێرتەکەی لەبەردەمتدایە، لە کەوانتەری چێک ئاوت، پەیامە میدیاییەکان ڕۆژانە دەورمان دەدەن. هەوڵبدە لە ڕۆژێکدا ناوی هەموو ئەو ڕیکلام و لۆگۆیانە بنووسیت کە ڕووبەڕووت دەبنەوە و زوو تێدەگەیت کە میدیا چەند دزەی کردووەتە ناو ژیانتەوە. بوون بە خوێندەواری میدیایی؛ هۆشیاری مرۆڤ لەبارەی میدیا و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی هەر یەکێکمان زیاد دەکات.
7- منداڵان پێویستیان بە شارەزایی و خوێندەواریی میدیایی هەیە بۆ ئەوەی لە هەر پیشەیەکدا و لە جیهانێکی دیجیتاڵییدا سەرکەوتوو بن. مرۆڤ فێرە؛ پیشەیەک هەڵبژێرێت یان بڕوانامەیەکی کۆلێژ بەدەستبهێنێت، زۆربەی منداڵان دەچنە ناو پیشەیەکەوە کە پێویستی بە هەندێک لێهاتوویی تەکنیکی و ئاسوودەیی لەگەڵ جۆرێک لە میدیادا ھەیە. ئەو منداڵانەی کە توانای خوێندەواریی میدیاییان هەیە، بۆ داهاتوویەکی سەرکەوتوو باشتر ئامادە دەبن.
8- خوێندەواریی میدیایی لە جیھانێکی دیجیتاڵییدا؛ پێویستیی بە توانای درووستکردن و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لە پەیامی میدیایی هەیە. پەرەپێدانی ئەم کارامەیییانە؛ کاریگەرییەکی بەردەوامی بۆ منداڵان لە ژیانی کەسیی و هەوڵە پیشەییەکانیاندا دەبێت. ئەوەیش پێویستیی بە لێهاتوویی زیاتر لە خوێندنەوە و نووسین هەیە.
9- خوێندەواریی میدیایی؛ ئەگەری زۆرترین سوود و کەمترین زیانی هەیە. بەڵگەی دژیەک لەسەر بەهای تەکنەلۆژیا لەسەر گەشەکردنی منداڵ ھەیە. جگە لەو نیگەرانییە تەندروستییانەی پێشتر باسمانکرد، توێژینەوەکان دەریانخستووە کە میدیا دەتوانێت ئامرازێکی بەهێز بێت بۆ فێرکردن و فێربوون. منداڵان کاتێک میدیا بە شێوەیەکی کاریگەر بەکاردەهێنن؛ توانای مەعریفیی و کۆمەڵایەتییان زیاد بووە. هەروەها توێژینەوەکان سوودی میدیایان بۆ منداڵانی خاوەنپێداویستی تایبەت، پەیوەندی ماڵەوە-قوتابخانە و فێرخوازانی دوو زمان باشتر دەرخستووە. ئەوەیش بەپێی بەیاننامەیەکی هەڵوێستی هاوبەشی کۆمەڵەی نیشتمانیی بۆ پەروەردەی منداڵانی بچووک و سەنتەری فرێد ڕۆجەرز بۆ فێربوونی پێشوەختە و میدیای منداڵان لە سەینت کۆلێژی ڤینسێنت.
10- کارامەییەکانی خوێندەواری میدیایی؛ بەشێکن لە مەنهەجی ماساشووستس، کارامەییەکانی سەدەی بیستویەکەم و دەستپێشخەرییەکانی ستانداردی ناوەکی باوی ویلایەت. لە سەرانسەری وڵاتدا؛ پەروەردەکاران دان بە پێویستیی ئەم کارامەییانەدا دەنێن، بەڵام زۆربەیان ڕووبەڕووی کەمکردنەوەی بووجە دەبنەوە کە کڕینی تەکنەلۆژیا و ڕاهێنانی مامۆستایان قوورسدەکات.
بەدەر لەو پاساوانە؛ پەروەردەی میدیایی دەتوانێت چاو و گوێی رۆژنامەوانان و نەوەی نوێ بکاتەوە، تاوەکوو لە رووی ئاشکرا و پەنھانی پەیامی میدیایی تێبگەن و وردتر بیخوێننەوە. ئەوەیش بەبێ سەرپێخستنی میدیایەکی پەروەردەیی خاوەن ستراتیژ و سیاسەتی میدیایی؛ ئەستەمە پەروەردەی میدیایی بە ئاکام بگات و بە زوویی دەرئەنجامەکانی بەدەرکەون و لە ژیانی رۆژانەی بەرھەمھێنەران و بەکارھێنەرانی میدیادا رەنگبدەنەوە، تاوەکوو کاریگەریی و کاردانەوەیان لەسەر چاککردن و چاکسازیی میدیایی لە ھەرێمی کوردستانی ئێراق_دا ھەبێت!