“بەراوردکردنی ئێراق لەگەڵ ئۆکرانیا؛ ڕوونە سەردەمی باڵادەستی جیهانی ئەمریکا کۆتایی هاتووە”
باڵادەستی واشنتۆن لەناکاو مەترسی لەسەرە بەهۆی دەوڵەتی چینی بەردەوام بەروپێشچوو و نیگەرانی نێوان سەرکردەکانی باشووری جیهان
ڕێکەوتێکی بەسوودە کە بیستەمین ساڵیادی هێرشی جۆرج بوش/تۆنی بلێر بۆ سەر ئێراق تەنها چەند هەفتەیەک دوای ساڵڕۆژی هێرشی ڤلادیمێر پوتین بۆ سەر ئۆکرانیایە. هیچ کام لەم دوو شەڕە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە مۆڵەتیان پێنەدرابوو. هەردوو جەنگەکە بە وێرانکاری گەورە و لەدەستدانی گیانی زۆر ناسراون.
لەشکرکێشی و داگیرکارییەکانی بوش/بلێر بۆ سەر ئێراق و لە دەرئەنجامە پشێوییەکانی، بووەتە هۆی لەدەستدانی ژیانی زیاتر لە ملیۆنێک هاوڵاتی مەدەنی لە ئێراق بەپێی ڕاپرسیەک. هێزەکانی ئەمریکا تاوانی جەنگی بێشوماریان ئەنجامدا، تاوانەکان خۆی تەنها لە ئەشکەنجەدانی سەربازە دیلەکان نەدەبینیوە، بەڵکو لە بنکەی دەستبەسەرکردنی ئەبوغرێب لە نزیک بەغدا، ئەفسەرانی ئەمریکی بە سووکایەتی کردن بە زیندانیانی ئێراقی و پێشێڵکردنی بەندەکانی ڕێککەوتننامەکانی جنێڤ تۆمەتبارکران. لەشکرکێشییەکەی ئەمریکا بۆ سەر ئێراق بەرهەڵستیەکی بەرفراوانی لێکەوتەوە، بەڵام تاکتیکەکانی یاخیبوونی دژە ئەمریکا بریتیبوون لە هەڵکوتانە سەر گوندەکان کە بووە هۆی کۆمەڵکوژی خەڵکی مەدەنی بێ چەک.
جیهان بە ناڕەزایەتی دەربڕین کاردانەوەی بەرامبەر شەڕی بوش/بلێر نیشاندا، بەڵام بە نزیکەی هیچ ڕێوشوێنێکی کاریگەر لە دژی شەڕەکە نەگیرایەبەر. هیچ دەوڵەتێک سزای بەسەر ئەمریکا و بەریتانیادا نەسەپاند. هیچ لێکۆڵەرێک لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بەڵگەی نەبردووە بۆ پشتڕاستکردنەوەی لێپێچینەوە لەسەر تاوانەکانی جەنگ. چەند کەسێک و بەشێک لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ داوایان کرد بلێر بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی دوژمنکارانە تۆمەتبار بکرێت، بەڵام هیچ حکومەتێک بە بڕیارنامەیەکەوە پەیوەندی بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە نەکرد بۆ کردنەوەی دۆسیەی تاوانکاری لە دژی ئەوان.
لە ئێستادا کاردانەوەی زۆر جیاواز بەرامبەر شەڕی ڤلادیمێر پوتین دژی ئۆکرانیا دەبیندرێن وەک لەو کاردانەوانەی دژی جەنگی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێراق دەبیندران. بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەموو حکومەتێکی ڕۆژئاوا بە ڕێبەری ئەمریکا شەقێکی لە سزاکانی سەر هەناردەکراوەکانی ڕووسیا بۆ دەوڵەتەکانی تر داوە. پشکی دارایی و تەواوی پارەکانی ڕووسیا لە بانکەکانی ئەمریکا سڕکراون. هاوڕێکانی پوتین یەختەکانیان و موڵک و ماڵی دیکەیان دەستبەسەردا گیراوە – هەروەها دوای چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ پوتین دەرکرد بەهۆی تاوانەکانی جەنگ کە پەیوەندییان بە دیپۆرتکردنەوەی نایاسایی منداڵان لە ئۆکرانیاوە هەبوو.
جیاوازی کاردانەوەی جیهان بەرامبەر بەو دوو شەڕە ڕێنماییکارە. هیچ شتێک لە بەراوردکاری نێوان ئەم دوو جەنگە باشتر جیاوازی نێوان دەسەڵاتی نێودەوڵەتیی کەمی ڕووسیا لە بەرامبەر دەسەڵاتی نێودەوڵەتیی ئەمریکا نیشان نادات. پوتین ئەمە وەکو سووکایەتی پێکردن دەبینێت، ڕەنگە حەز بکات وڵاتەکەی وەکو زلهێزێک بیربکاتەوە بەڵام لە ڕاستیدا جیا لە هەڵگرتنی جبەخانەی ئەتۆمی گەورە، ڕووسیا کاریگەرییەکی جیهانی کەمی هەیە و دۆستی بیانی کەمی هەیە. پوتین رەخنەی زۆری لێدەگیرێت بەهۆی ئەوەی هەوڵدەدات ئیمپراتۆریەتێکی مۆدێرن درووست بکاتەوە لەڕێگەی دەستبەسەرداگرتنی خاک و ترساندنی دەوڵەتانی سنوورەکانی ڕۆژئاوا و باشووری ڕووسیا.
ئەمریکا بەش بە حاڵی خۆیەوە شێوازێکی نوێی ئیمپراتۆریەتێکی ناخاکی (فروانخوازی بەبێ داگیرکردنی خاک) بەڕێوەدەبات و سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێناوە. کاریگەرییەکی زۆری سیاسی و ئابووری لە هەموو کیشوەرێکدا هەیە، زاڵە بەسەر سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی و ٧٥٠ بنکەی سەربازی لە زیاتر لە ٨٠ وڵاتدا بەڕێوەدەبات. زۆربەی جیهان بوێری وەستانەوە لە دژی فەرمانەکانی واشنتۆنیان نییە.
هەندێک لە شرۆڤەکاران دەڵێن ئەگەر ڕووسیا لە شەڕی ئێستای بەرامبەر ئۆکرانیادا شکست بهێنێت، ئەوا ئەوروپا دەتوانێت بۆ یەکەمجار لە مێژوودا سیستەمێکی پۆست-ئیمپریالیی پەیوەندی ئاشتیانە و ئۆتۆنۆمی لە کیشوەرەکەدا برەخسێنێت و ناتۆ لەبیربکەن. ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی لە ساڵی ١٩٤٩ دامەزرا و تا ئێستاش بەشێکی وەکو ئامرازێک بۆ سەپاندنی هەژموونی ئەمریکا لە ئەوروپا بەردەوامە. ڕەنگە هاوپەیمانان ڕەتیبکەنەوە بەشداری لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکادا بکەن، هەروەک چۆن فەرەنسا و ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠٠٣دا بوێرانە بۆ بڕیاری جەنگی ئێراق کردیان، بەڵام بە ئاشکرا بە نایاسایی نازانن و داوای سزادانیان ناکەن.
ئەوروپییەکان و هەندێک لە ئەمریکییەکان، لەنێویاندا بەرپرسانی باڵای ڕابردوو و ئێستا، کە دوای لەناوچوونی یەکێتی سۆڤیەت لە دژی فراوانبوونی زیاتری ناتۆ بوون – یان تەنانەت بانگەشەیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانیەتیەکە دەکرد کە لە ئێستادا دوژمن نەماوە و هەرگیز ناتوانن ئامانجەکانیان بەدەستبهێنن. دەوڵەتانی باڵتیک و پۆڵەندا ئارەزووی پاراستنی چەتری ئیمپریالی ئەمریکایان دەکرد، کە کۆمەڵگەی سەربازی-پیشەسازی ئەمریکا لە هیچ حاڵەتێکدا بڕیار نەبوو دەستبەرداری ئەو چەترە ببێت.
بە هەمان شێوە ئەو پێشنیازە بوو کە ناتۆ بانگهێشتی فیدراسیۆنی ڕووسیا بکات بۆ بەشداریکردن لە چالاکییەکانی ناتۆ، بەمەش ئاشتەوایی دوای شەڕی سارد بەرەوپێش دەچێت. دواتر بەو شێوەیە نەبوو کە دەبێت ببێت هەرچەندە سەرکردەکانی ڕووسیا، هەردوو میخائیل گۆرباچۆڤ و بۆریس یێڵسین، حەزیان دەکرد کۆتایی بە دابەشبوونی ئەوروپا بهێنن، بەڵام واشنتۆن هاوپەیمانیەکە بەڕووی ئەندامێکی نوێدا ناکاتەوە کە بتوانێت هاوتای توانای ئەتۆمی ئەمریکا بێت و ڕەنگە ئەولەویەتی سیاسیەتەکانی بخاتە ژێر پرسیارەوە.
ئێستا دوای تێپەڕبوونی ٣٠ ساڵ لە لەناوچوونی یەکێتی سۆڤیەت، ئاماژەکان دەردەکەون کە ڕەنگە جیهانی تاک جەمسەری باڵادەستی ئەمریکا بەرەو کۆتایی بێت. ڕکابەری سەرەکی ئەمریکا، ڕووسیای پوتین نییە بەڵکو دەوڵەتی چینی بەردەوام بەرەوپێشچووە. سەرکردەکانی باشووری جیهانیش نیگەرانن لە درووستبوونی ئەو دۆخە. لە یەکەم کاردانەوەی دەستدرێژی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە ١٤٠ دەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگیان دا بۆ ئیدانەکردنی، بەڵام تەنها نزیکەی ٤٠ وڵات بە گشتی لەگەڵ ئەمریکا بەشدارییان کردووە لە سەپاندنی سزا بەسەر ڕووسیا. لە کاتێکدا ڕۆژئاوا پاڵپشتی ئۆکرانیا بە چەکی سەربازی دەکات، ئەو تێڕوانینەی کە تەنها یارمەتیدەرە بۆ بەرگریکردن لە ئۆکرانیا، بۆ زۆرێک لە دەوڵەتانی ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکای لاتین جێگەی پرسیارە کە گومانیان هەیە ئامانجی کۆتایی گۆڕینی ڕژێمی سیاسی بێت لە کرێملین.
ڕاپرسییەکی ئەنجوومەنی ئەوروپا بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە (ECFR) گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە بیروڕای گشتی لە چەند وڵاتێکی سەرەکیدا ئاشکرا دەکات. خەڵک دەیانەوێت کۆتایییەکی خێرای شەڕ لە ئۆکرانیا ببینن، تەنانەت ئەگەر بە مانای ئەوە بێت کە ئۆکرانیا دەستبەرداری خواستەکانی پشتیوانی ڕۆژئاوا بێت بۆ سەرکەوتن و قبوڵکردنی لەدەستدانی کاتی بەشێک لە خاکەکەی. تەنها هاووڵاتیانی دەوڵەتی چینی ئاوتۆریتاریانی نین کە بەم شێوەیە بیردەکەنەوە، بەڵکو هاوڵاتییانی هیندستان و تورکیاش بەهەمان شێوە بیردەکەنەوە.
جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، مانگی ڕابردوو لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن وتی: “دەبینم گێڕانەوەکانی ڕووسیا چەندە بەهێزە، تۆمەتەکانی دوولایەنەن”. ئێمانوێڵ ماکرۆنی فەرەنسی وتی “شۆک بووم لەوەی کە چەندە متمانە لە باشووری جیهان لەدەست دەدەین”.
هەندێک ترسیان هەیە شەڕێکی ساردی نوێ ڕووبدات، ئەمجارەیان لەنێوان ڕۆژئاوا و چیندا. بەپێی ئەو ١٠ ساڵەی داهاتوو، هەندێکی تر پێشبینی دەکەن جیهانێکی فرە جەمسەری ببینن کە تێیدا دەوڵەتەکان فشاریان لەسەر نەبێت بۆ ئەوەی لایەنگری یەکێک لە لایەنەکانی جەنگەکە بکەن. بە هەردوو ڕێگاکە، سەرەڕای سەرهەڵدانەوەی دەسەڵاتی ئەمریکا لە ئەوروپا لە ئەنجامی شەڕی ئۆکرانیا، ڕەنگە بەم زووانە سەردەمی باڵادەستی ئەمریکا لە تەواوی جیهان کۆتایی پێبێت.
نووسین: جۆناسان ستیل سەرۆکی پێشووی پەیامنێرانی بیانی بۆ ڕۆژنامەی گاردیەن
وەرگێڕان: ئیسماعیل عەبدوڵڵا ئەحمەد، توێژەری سیاسی