جیۆ کولتوور، چەمکێکیی نوێی نێو بابەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە. وەک چۆن (جیۆپۆلەتیک) کاریگەریی نێوان جوگرافیا و سیاسەتە، جیۆکولتووریش، پێکەوەگرێدانیی جوگرافیایە لەگەڵ کولتوور. لە ئێستادا ئەم چەمکە، یەکێکە لە فاکتەرە کاریگەرەکانی سیاسەت، بەتایبەت لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، ئەو ئەکتەرانەی کە توانای بنیاتنانی کولتوور و ناسنامەی بەهێزیان هەیە، لەئاستیی نێودەوڵەتییدا، باشتر دەتوانن شوێنیی خۆیان بەهێز بکەن. هەر بۆیە یەکێک لە ئامڕازە هەرە گرنگەکان، کە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتان ڕووندەکاتەوە، ناسنامەیی کولتوورییە.
هەروەها یەکێک لە تیۆرییە نوێیەکانی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، کە ناسراوە بە (قوتابخانەی بونیاتگەرایی)، پێچەوانەیی تێزەکانی (لیبرالیزم و ڕیالیزم) کە تەنها هێزی سەربازیی و ئابووری دادەنێن بە بناغەی سیاسەت، واتە: خوێندنەوە بۆ سیاسەتیی دەرەوەی وڵاتان، دەبێت لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندن بێت بۆ توخمەکانیی تری ناسنامەی دەوڵەتەکە، کە کولتوورو ئایین و شارستانییەتەکان دەگرێتەوە. هەروەک (سامویل هانتینگتون)، لە تێزەکەیدا “پێکدادانیی شارستانییەتەکان”، بە گرنگییەوە باس لە بابەتەکانی کولتوور و ئایین دەکات کە چۆن ڕۆڵییان هەیە لەسەر سیاسەتی دەرەوە.
ئەم تێزە، وا ئارگۆمێنت دەکات کە سیاسەتی وڵاتان، تەنها بریتی نییە لە ڕەهەندە نێوخۆییەکان، بەڵکوو کاریگەربوون بە شارستانییەتەکان و نزیکیی لێیان و کێ بە دۆست و کێ بە دوژمن دادەنێن، تەواوی ئەمانە ڕەنگدەداتەوە لەسەر دیزاینی بڕیار و نەخشەڕێی پلان و سیاسەتیی گشتییان. بەپێی ئەم بۆچوونە، ناسنامەی دەوڵەت لە دوو ڕەهەندەوە دروست دەبێت: یەکەم، بەستێنیی کاریگەری دانانی دەوڵەتان لەسەر یەکتر.
سیاسەتی نێوخۆیی، واتە سیاسەتی کولتووری لە سیاسەتێکی نێوخۆیی دەرچووە و بووەتە سیاسەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی. سەبارەت بە سیاسەتی ناسنامەی کوردیش، دەتوانین بڵێین تا ئێستا سیاسەتێکی بەرگرییە، چونکە هێشتا مەترسییی و فشارەکان لەسەری بەردەوامن. بەڵام جیۆکولتووری کوردستان، پێگەیەکی باڵای لەسەر ئاستیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە، هەرچەندە واقیعیی حاڵ ئەوەیە کە لەزەمینەی خۆنواندنی ناسنامەکاندا سیاسەتی ناسنامەی نەتەوە بێدەوڵەتەکان، بەبەراورد بە دەوڵەتانی تری خاوەن هێزو هەژموون، ئامادەییەکی پاسیڤ و لاوازیان هەیە، زۆربەی جار ناسنامەکەیان دەبێتە پاشکۆو تەواوکەری ناسنامەی باڵادەست.
ئەگەر کوردستان لەڕووی جیۆستراتیژی و جیۆئابوورییەوە پێگەی هەیە، دەبێ بیرمان نەچێ کە لەڕووی جیۆکولتووریشەوە پێگەی کوردستان گرنگە. چۆن؟ شوناس و شارستانیی کوردی پردی پێکگەیاندنی شوناس و شارستانیی تورکی، شارستانیی عەرەبی و شارستانیی ئێرانییە. جیۆکولتووری کوردستان لەسەر سێکوچکەی جیۆکولتووری عەرەبی، تورکی و ئێرانی هەڵکەوتووە. بەمجۆرە کوردستان پێگەی جیۆکولتووریی ناوەندیی هەیە. لە ناوجەرگەی سێکوچکەی شارستانیی عەرەبی، تورکی و ئێرانیدا هەلوەستەی کردووە. کارییان تێدەکا و کاریشی تێدەکرێت. ئەگەر سەرخانی سەروەری بەدەستبێنێ دەتوانێ وەک دەوڵەتی نێوەڕاست رۆڵ بگێڕێت. لە نەبوونی دەزگای دەزگاکان واتە دەوڵەتیشدا کوردستان رۆڵی تەواوکەری ستراتیژی بۆ هاوسێیەکانی دەگێڕێت و لەنێوان خۆیاندا بەشیدەکەن.
ئەم هەڵکەوتە رەهەندی ئەرێنی و رەهەندی نەرێنی هەیە. لەلایەک سوودی لە دەوڵەمەندی شارستانیی ئیسلامیی تورکی، ئیسلامیی عەرەبی و ئیسلامیی ئێرانی وەرگرتووە و شارستانیی کوردی تۆکمەکردووە، لەلایەکیش لەبەر نەبوونی توێکڵ بۆ ئەم کاكڵە شارستانییە، کە بریتییە لە ریکخستەی باڵا کە سەروەری دەنوێنێ واتە دەوڵەتی نەتەوەیی، بەردەوام لەژێر هەڕەشەی هاوسێکانیدا دەمێنێتەوە.