ڕێککەوتنی ١٩٧٣ نێوان ئێراق و تورکیا چیە؟ پەیوەندی سەدام حسێن چیە بەو ڕێککەوتنە ؟کێ هەمواری کردەوە لە ٢٠١٠ و کەی وادەکەی کۆتایی دێ؟ هەندێک زانیاری نەبیستراو بخوێنەوە لەم نویسینە دا.
لە ئابی ١٩٧٣ حکومەتی ئێراق ڕێکەوتنێکی سەرەتایی لەگەڵ تورکیا واژوو کرد بۆ دروستکردنی هێلی کەرکوک-جیهان بۆ هەناردەکردنی نەوتی ئێراق، بەڵام لەسەرەتا دا هەندێک کێشە بۆ ئەو ڕێککەوتنە دروست بوو دوای سەرهەڵدانی شەڕێ ئۆکتۆبەری ١٩٧٣ لە نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل کە ئەم بابەتەی دواخست تاوەکو مانگی ئازاری ١٩٧٤ کە ئەم شەڕە بووە هۆکاری مەترسی دروست بوون لەسەر بۆڕی نەوتی ئێراق کە لە ڕێگای سوریاوە هەناردە دەکرا.
لەو کاتەدا تورکیا داوای ٤ مانگی زیادە کرد بۆ پێداچوونەوە بەو ڕێککەوتنە، لەم ماوەیەدا فشارێکی تر دروست بوو بۆ حکومەتی ئێراق کاتێک هێزە کوردیەکان دەستیان بە جموجۆڵ کردەوە لە دوای ئەوەی حکومەتی ئێڕاق پاشەکشێ کرد لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتننامەی ئازار، حکومەتی تورکیاش ئەمەی بە دەرفەت زانی بۆ زیاتر تەنازولکردن بە ئێراق.
ئەوە بوو لە ١ تەموزی ١٩٧٤ سەدام حسێن بە سەردانێک گەیشتە ئەنقەرە، داوای لێ کردن ئەو بۆڕیەی کەرکوک جیهان دروست بکرێت و هاوکات داوای لە تورکیا کرد کە لە ڕێگایبخۆیانەوە داوا لە ئێران بکەن دەست هەڵگرێ لە پشتیوانیکردنی شۆرشگێرانی کورد، لە بەرامبەردا سەدام حسێن ئامادە بوو نەوت لە خوارەوەی نرخی بازار بە تورکیا بفرۆشی و پارەی پێدان بە قەرز بۆ ئەوەی بۆڕیەکەی بەشی تورکیا دروست بکەن. دوای ئەوە حکومەتی تورکیا دەستی بە کارەکانی کرد و یاسایەکی دەرهێنا بۆ دامەزراندنی کۆمپانیای هێلی پترلیۆم بە ناوی (بۆتاش) ئەوە بوو ئێراق بۆڕیەکەی لە نێو خاکی خۆی لە مانگی ٩ی ١٩٧٦ تەواو کرد و تورکیا لە مانگی ١٢ی هەمان ساڵ وە لە مانگی ئازاری ١٩٧٧ کەوتە کارەوە.
ئەم ڕێکەوتنە بە مەبەستی هەناردەکردنی نەوتی ئێراق بوو لە ڕێگای بۆڕێ کەرکوک- جیهان بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ بوو (واتا تاوەکو ٢٠٢٣) بەڵام لە ساڵی ٢٠١٠ ئەو ڕێککەوتنە لە لایەن وەزارەتی نەوتی ئێراق بە سەرۆکایەتی حسێن شهرستانی لەگەڵ تورکیا هەموارکرا و تێیدا حکومەتی تورکیا پابەندا کرا کە هەر ڕێکەوتنێک لە نێوان ئێراق و تورکیا پێویستە بە ڕەزامەندی حکومەتی مەرکەزی بێت کە ئەم ڕێکەوتنە بۆ ماوەی ١٥ ساڵ بوو واتا تاوەکو ٢٠٢٥.
لە ساڵى ٢٠١٣ حکومەتی هەرێم بۆڕێ نەوتی خۆی تەواوکرد کە لە خورمەڵەوە تاوەکو فیشخابور دەڕۆشت بەڵام دەستی بە هەناردەکردن نەکرد، وە لە بەشی تورکی پشت بەسترا بەهەمان بۆڕی کەرکوک- جیهان، واتا ئەوان پێویستیان بە دروستکردنی بۆڕی نەبوو. ئەوەبوو شەڕى داعش دەستی پێکردن و بودجەی هەرێم بڕدرا و بۆڕی کەرکوک-جیهان لە نێو خاکی ئێراق لە لایەن داعشەوە تێکشکێندرا و کۆتایی پێ هێندرا. هاوکات حکومەتی هەرێم لە ساڵێ ٢٠١٤ بە ڕێکەوتن لەگەڵ تورکیا دەستی بە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان کرد بۆ دەرەوە. و لە هەمان ساڵدا نوری مالکی سکاڵای لە دادگای پاریس تۆمارکرد (کە لە بابەتێکی پێشووم باسم کردووە).
ئەوەی مەبەستمە بیڵێم کە ئەو ڕێککەوتنەی ١٩٧٣ کە ئێڕاق لە دادگای پاریس پشتی پێ بەست و کردیە بنەما، هی زەمەنی بەعسە لەلایەک و تایبەتە بە بۆڕی نەوتی جیهان کەرکوکی لە لایەکی تر و هیچ پەیوەندی بە بۆڕی کوردستانەوە نیە، تەنیا ئەوە نەبێ تورکیا لە بەشی خۆی دا پشتی بە هەمان بۆڕی بەستووە.
خاڵێکی تر ئەوەیە (حسێن شەهرستانی) کە وەزیری نەوتی ئێراق بوو لە سەرەتای دەسپێکردنی حکومەتی هەرێم بە دروستکردنی بۆڕی و دەرهێنانی نەوت ناوبراو ناسراوە بەوەی کە کەسێکی شۆڤینی و رق ئەستور بوو لەبەرامبەر کورد، و ئەو هەموارکردنەوەی ساڵی ٢٠١٠ ش دوای ئەوە کردی کە زانی کورد لە داهاتوێکی نزیک دا دەتوانی نەوت هەناردە بکات نازانم تیمی هەرێم کوردستان چەند بەشدار بوونە لە پرۆسەی دادگاییکردنەکەی پاریس چونکە سکاڵا لەسەر تورکیا کرابوو نەک هەرێم، بەڵام کورد دەبێ قسەی خۆی هەبا و ناکرێ ڕێککەوتنێکی رژێمی دیکتاتۆری سەدام حسێن و هەموارکردنەوەی لەلایەن کەسێکی شۆڤینی وەک حسێن شەهرستانی بکرێنە بنەما بۆ بڕیاردان لەسەر کەیسێکی چارەنوسساز.
لە کۆتاییدا خاڵێکی گرنگ هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ئەم ڕێکەوتنەی نێوان ئێراق و تورکیا کەمتر لە ٢ ساڵی ماوە بۆ ئەوەی کۆتایی بێت، بۆیە کورد پێویستە کار بۆ ئەوە بکات چۆن شوێن بۆ بۆڕیەکەی خۆی دەدۆزێتەوە لە نێو ڕێکەوتنە نوێیەکە.
بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، پشت بەستراوە بە چەندین توێژینەوەی زانستی و مێژوویی و هەواڵی میدیایی.