ته‌نها دوای سێ مانگ له دروستكردنی ده‌وڵه‌تی ئێراق، سوپای ئێراق دامه‌زرا. به‌ڵام له‌و كاته‌وه تائێستا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌و سه‌ركوتكردنی ناڕه‌زایی دانیشتوان‌و لایه‌نه ئۆپۆزسیۆنه‌كان، ده‌وڵه‌ت په‌نای بردۆته به‌ر دامه‌زراندنی گروپی چه‌كداری “میلیشیا”، ئه‌و گروپانه‌ش زۆرجار له سوپای فه‌رمی پڕچه‌كترو به‌هێزتر بوون، هه‌روه‌ها خاوه‌نی تۆمارێكی پڕ له پێشێلكاری مافی مرۆڤن.
“پاشا‌و هۆزه چه‌كداره‌كان”
له (25/11/1920) یه‌كه‌م حكومه‌تی كاتی ئێراق به سه‌رۆكایه‌تی عه‌بدولره‌حمان نه‌قیب گه‌یلانی پێكهێنرا. ئه‌م حكومه‌ته‌ش له (6/1/1921) سوپای ئێراقی دامه‌زراند، كه له‌لایه‌ن ده ئه‌فسه‌ری به‌شدار له شۆڕشی عه‌ره‌بی (1916) له حیجاز كه له دژی ده‌وڵه‌تی عوسمانی جه‌نگابوون، به‌ڕێوه‌ده‌برا. یه‌كه‌م فه‌وجی سوپا به‌ناوی ئیمام موسای كازم بوو له (28/7/1921) پێكهێنرا.
هێزی ئاسمانی ئێراق له (22/نیسان/1931) له شه‌ش فڕۆكه‌وان و پێنج فڕۆكه‌ی بچوك پێكهێنرا، ئه‌م هێزه‌ش به سه‌ركردایه‌تی دوو فڕۆكه‌وانی ئێراقی بوو كه له ئینگلته‌راوه بۆ ئێراق هێنرابوون. له ئابی (1937) هێزی ده‌ریایی پێكهێنرا. له‌ماوه‌ی قۆناغی ئینتیدابی به‌ریتانی و سه‌رده‌می پادشایه‌تیدا، راهێنان و پڕچه‌ككردنی سوپای ئێراق له‌سه‌ر ده‌ستوورو شێوازی رۆژئاوایی به‌ریتانی بوو.
بۆ خامۆشكردنی راپه‌ڕینه‌كان له نمونه‌ی راپه‌ڕینی شێخ مه‌حمودی حه‌فید له سلێمانی، له سه‌رده‌می پاشایه‌تیدا رژێمی ده‌سه‌ڵاتدار په‌نای برده به‌ر چه‌كداركردنی هه‌ندێك له هۆزه عه‌ره‌بی و كوردییه‌كان. هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ پێكهێنانی هێزه جیاوازه‌كانی سوپادا، حكومه‌تی ئێراق له (12/حوزه‌یران/1935) یاسای به‌رگری نیشتیمانی “یاسای سه‌ربازی زۆره‌ملێ” ده‌ركرد. هه‌روه‌ها له (7/11/1935) قانونی لاوان ده‌رچوو كه راهێنانی سه‌ربازی به‌سه‌ر گه‌نجاندا سه‌پاند كه هێشتا له قوتابخانه‌دا بوون. له (1939) یاسایه‌كی دیكه ده‌رچوو كه سه‌ربازیكردنی لاوانی بۆ هه‌موو قوتابیانی ناوه‌ندی و دواناوه‌ندی و خانه‌ی باڵای مامۆستایان ده‌كرده ناچاری. پاشتر حكومه‌تی به‌رگری نیشتیمانی له (3/4/1941) بۆ پاسه‌وانیكردنی پایته‌خت و شاره‌كانی دیكه، كه‌تیبه‌ی گه‌نجانی دامه‌زراند.
“قاسم و به‌رگری میللی”
به‌ره‌به‌یانی چوارده‌ی ته‌مموزی (1958)، كۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی پادشایه‌تی ئێراق هێنرا، عه‌بدولكه‌ریم قاسم و هاوڕێكانی جاڕی كۆمارییان دا. سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی چوارده‌ی ته‌مموز، بۆ پاراستنی رژێمی كۆماریی تازه له‌دایكبوو، له (17/7/1958) بڕیاری پێكهێنانی هێزه‌كانی “به‌ره‌نگاری میللی: المقاومه الشعبیه”ی دا. له (1/ئاب/1958) به‌ده‌رچونی قانونی به‌ره‌نگاری میللی ژماره سێ كه له رۆژنامه‌ی وه‌قائیعی ئێراقی له (4/ئاب/1959) بڵاوكرایه‌وه، هێزی به‌ره‌نگاری میللی دامه‌زرێنرا.
ئه‌و هێزه به پاڵپشتیكردنی حكومه‌ت ده‌ناسرایه‌وه، رێكخستنێكی باشی هه‌بوو، به‌درێژایی سنووره‌كانی ئێراق بڵاوكرایه‌وه. بوونی ئه‌م هێزه به یاسا رێكخرابوو، هه‌ر به‌پێی یاساش به حكومه‌ته‌وه به‌سترابوو. له ئایاری (1959)دا ژماره‌یان گه‌یشته (25) هه‌زار كه‌س. له (29/ته‌مموز/1959) به‌گوێره‌ی به‌لاغی سه‌ربازی فه‌رمانده‌ی گشتی سه‌ربازی ژماره (110) هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه.
“تۆماره خوێناوییه‌كانی حه‌ره‌س قه‌ومی”
دوای كوده‌تای خوێناوی (8/شوبات/1963) كه به‌عسییه‌كان گه‌یشتنه ده‌سه‌ڵات و كۆتاییان به فه‌رمانڕه‌وایی قاسم هێنا، ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له به‌لاغی ژماره سێ‌دا، پێكهێنانی هێزه‌كانی “گاردی نه‌ته‌وه‌یی: حه‌ره‌س قه‌ومی” وه‌كو میلیشیایه‌ك بۆ پاراستنی رژێم راگه‌یاند. حیزبی به‌عس فه‌رمانی به ته‌واوی ئه‌ندامانی كرد بچنه ریزی ئه‌م هێزه‌وه.
دامه‌زراندنی هێزه‌كانی حه‌ره‌س قه‌ومی به سێ قۆناغدا رۆیشتوه: سه‌ره‌تا له سوریا به‌ر له (28/9/1961) دامه‌زرێنرا، له‌م قۆناغه‌دا له چه‌ند شانه‌یه‌كی مه‌ده‌نی پێكهاتبوو كه راهێنانی سه‌ربازییان پێكرابوو، قۆناغی دووه‌م له ساڵی (1962) بوو كاتێك ئه‌م شانانه گۆڕان بۆ لیژنه‌ی ئاگاداركردنه‌وه (ئینزار)، دوایین قۆناغی دروستبوونی ئه‌م هێزه له كانوونی دووه‌می (1963)دا بوو، كاتێك ناوی حه‌ره‌س قه‌ومی به‌سه‌ر لیژنه‌كانی ئینزاردا بڕا.
به‌عسییه‌كان له‌گه‌ڵ گه‌یشتنیان به ده‌سه‌ڵات، له ئێراق جاڕی سه‌ركوتكردنی شیوعییه‌كان و له كوردستانیش سه‌ركوتكردنی بزاڤی نه‌ته‌وه‌یی كوردی‌یان دا. ئه‌م ئه‌ركه‌ش به حه‌ره‌س قه‌ومییه‌كان سپێردرا. ئه‌وانیش هێنده كه‌سانی شیوعی و لایه‌نگرانی قاسم و دیموكراتخوازه‌كانیان ده‌ستگیركرد، له زیندان و گرتوخانه‌كاندا جێگه‌یان نه‌ده‌بوویه‌وه، بۆیه هه‌ندێك له هۆڵه گشتییه‌كان و یانه وه‌زرشییه‌كان كران به گرتووخانه. تۆماری كوشتار و تۆقاندنی ئه‌م هێزه سنووره‌كانی ئێراقی بڕی و یه‌كێتی سۆڤییه‌تی ئه‌وكات هه‌وڵیدا پرسی جینۆسایدی كوردان له‌لایه‌ن ئه‌م هێزه‌وه ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بكات، به‌ڵام نزیكبوونه‌وه‌ی له ئێراق و فشاره‌كانی ئه‌مه‌ریكا ئه‌و هه‌وڵه‌یان له‌باربرد.
دواجار كوده‌تاچییه‌كانی به‌عس له (18/11/1963) بڕیاری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌م هێزه‌یان دا، به‌ڵام هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌كه ته‌نها تاكتیكی ناو گۆڕین بوو.
“جه‌یشی شه‌عبی و شه‌ڕی ئێران”
دوای كوده‌تای دووه‌می به‌عسیه‌كان له (17 / 30/ ته‌مموز/1968)و سه‌رله‌نوێ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ده‌سه‌ڵات، دووباره هێزه‌كانی حه‌ره‌س قه‌ومی پێكهێنرایه‌وه، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان به‌ناوی “سوپای میللی: جه‌یشی شه‌عبی” بوو، ئه‌مه له ساڵی (1970)دا بوو. ئه‌م میلیشیایه كه ئه‌ركی پاڵپشتیكردن بوو له ده‌سه‌ڵاتی به‌عسییه‌كان و ته‌نها تایبه‌ت بوو به ئه‌ندامانی حیزب، تا ساڵی (1974) له‌لایه‌ن سه‌دام حسێنه‌وه سه‌ركردایه‌تی ده‌كرا. پاشان تا ساڵی (1980) ته‌ها یاسین ره‌مه‌زان سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد.
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی ئێران و ئێراق له ساڵی (1980)، به‌عسییه‌كان بڕیاریاندا هاوڵاتیان به‌ناوی خۆبه‌خشانه‌وه بخرێنه ناو ئه‌م هێزه‌وه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش په‌نایان ده‌برده به‌ر رفاندنی هاووڵاتیان له شه‌قام و ته‌نانه‌ت له‌ناو ماڵه‌كانیاندا، پاشان تێكه‌ڵ به دۆزه‌خی شه‌ڕ ده‌كران. هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكرد ژماره‌ی ئه‌م هێزه له ساڵی (1987)دا بگاته (650) هه‌زار كه‌س. له‌كاتێكدا رژێم له كوردستان پشتی به هێزی “جاش” ده‌به‌ست.
پێكهێنانی ئه‌و هێزه له‌كاتێكدا بوو، له سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی شه‌ڕه‌كه‌دا، سوپای ئێراق پێكهاتبوو له سێ فه‌یله‌ق، كه ده فیرقه‌ی له‌خۆگرتبوو. ژماره‌ی سوپا نزیكه‌ی (220) هه‌زار كه‌س بوو، خاوه‌نی (2000) تانك، هه‌زار تۆپی مه‌ودا جیاواز، (325) فڕۆكه‌ی شه‌ڕكه‌ر، (50) فڕۆكه‌ی گواستنه‌وه‌و (250) هه‌لیكۆپته‌ر بوو، هێزی ده‌ریایش له (7500) كه‌س پێكهاتبوو.
له‌كۆتایی شه‌ڕه‌كه‌دا، هێزی وشكانی ئێراق له هه‌شت فه‌یله‌ق كه (57) فیرقه‌ی له‌خۆگرتبوو پێكهاتبوو. سه‌رباری گاردی كۆماری كه له (150) هه‌زار كه‌س، گاردی كۆماری تایبه‌ت (16) هه‌زار، هێزی ئاسمانی بیست هه‌زار كه‌س، به‌رگری ئاسمانی حه‌ڤده هه‌زار، هێزی ده‌ریایی دوو هه‌زار كه‌س بوو، هه‌روه‌ها سووپا خاوه‌نی (4500) تانك، (2500) ناقیله‌ی ئه‌شخاس، (2500) تۆپهاوێژی مه‌ودا جیاواز، (625) فڕۆكه‌ی شه‌ڕكه‌رو (500) هه‌لیكۆپته‌ر بوو.
“هێزه‌كانی قودس و فیدائی سه‌دام”
له‌دوای ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان قۆناغێكی دیكه‌ی دروستكردنی میلیشیا ده‌ست پێده‌كات، ئه‌مجاره‌یان له‌لایه‌ن عوده‌ی كوڕی سه‌دام حسێنه‌وه. ناوبراو له تشرینی دووه‌می (1994) دامه‌زراندنی هێزه‌كانی (گیانبه‌خشان: فیدائی سه‌دام)ی له (10 – 25) هه‌زار كه‌س راگه‌یاند. چوار ساڵ دواتر‌و له ساڵی (1998) هێزه‌كانی (بێچوه‌كانی سه‌دام: اشبال سه‌دام)ی لێ جیاكرایه‌وه كه ته‌مه‌نیان له‌نێوان (10 – 15) ساڵیدا بوو. پێكهێنانی ئه‌و هێزانه له‌كاتێكدا بوو، به‌ر له ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی كه‌نداوی دووه‌م له (1991)، سوپای ئێراق له‌ڕووی هێزی مرۆیی و ژماره‌ی پارچه چه‌كی سه‌ره‌كی وه‌كو تانك و فڕۆكه‌ی جه‌نگی و هه‌لیكۆپته‌ر و موشه‌كی بالیستی و ته‌كتیكی، به چواره‌م سوپا له جیهاندا پۆلێن كرابوو. ژماره‌ی ئه‌ندامانی سوپا به (800) هه‌زار بۆ یه‌ك ملیۆن كه‌س خه‌مڵێنرابوو.
ته‌نها دوو ساڵ به‌ر له روخانی رژێمی به‌عس و له (17/شوبات/2001)، هێزه‌كانی قودس پێكهێنرا. به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌نراوه‌كانی رژێم ژماره‌ی ئه‌ندامانی ئه‌م هێزه نزیكه‌ی حه‌وت ملیۆن پیاوو ژن بوو. به‌ڵام گومانی زۆر له‌باره‌ی راست و دروستی ئه‌و ژماره‌یه هه‌یه.
له‌دوای رووخاندنی رژێمی به‌عس له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه له (9/نیسان/2003)، چه‌ندین گرووپی میلیشیایی ده‌ركه‌وتن كه دروشمی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكایان وه‌كو “داگیركه‌ر” به‌رزكردبۆوه. ئه‌م گرووپانه جیاوازتر له قۆناغه‌كانی پێشوو دژایه‌تی حكومه‌تی نوێیان ده‌كردو تۆمه‌تبار ده‌كرێن به‌وه‌ی له‌لایه‌ن وڵاتانی ده‌ره‌كیه‌وه پشتیوانی ده‌كران. له دیارترینی ئه‌و گرووپانه‌ی له‌م قۆناغه‌دا دروستكرا: سوپای ئیسلامی كه به‌ر له رووخانی رژێمی به‌عس دروستكرا، كۆمه‌ڵه‌ی سه‌له‌فی جیهادی له (7/كانونی دووه‌م/2003) دامه‌زرا. سوپای موجاهیدین له (شوباتی/ 2003) دامه‌زرا. سوپای پیاوانی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی له (2003)، كه‌تیبه‌كانی شۆڕشی بیست له (10/ته‌مموز/2003)، سوپای محه‌مه‌د له (هاوینی 2003). سوپای ئه‌نسار سوننه له (1/ئه‌یلول/2003)، به‌ره‌ی ئیسلامی موقاوه‌مه‌ی ئێراقی “جامع” له (28/ئایار/2004).
له‌دوای رووخانی رژێمی به‌عس و له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی حاكمی مه‌ده‌نی ئه‌مه‌ریكا پۆل بریمه‌ر، به فه‌رمانی ژماره دووی ده‌سه‌ڵاتی كاتی هاوپه‌یمانان له (23/ئایار/2003) وه‌زاره‌تی به‌رگری و سوپا و حیزبی به‌عس هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه. له‌باره‌ی ئه‌و بڕیاره‌وه بریمه‌ر ده‌ڵێت: كاتێك گه‌یشتینه به‌غدا زۆرینه‌ی سه‌ربازانی سوپا كه ژماره‌یان نزیكه‌ی (500) هه‌زار كه‌س ده‌بوو، سوپا و چه‌ك و بنكه‌كانیان به‌جێهێشتبوو گه‌ڕابوونه‌وه بۆ لای خێزانه‌كانیان، هه‌رچی ئه‌فسه‌رانه كه ژماره‌یان نزیكه‌ی (150) هه‌زار بوو، باره‌گاكانیان چۆڵكرد و شه‌ڕیان نه‌كرد. سه‌رجه‌م باره‌گاو دامه‌زراوه سه‌ربازییه‌كان چۆڵكران، هیچ بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی نه‌مابوو كه بكرێت بۆ دووباره پێكهێنانه‌وه‌ی سوپا پشتی پێ ببه‌سترێت، هیچ چه‌ك و كه‌ره‌سته‌یه‌كی سوپای پێشوو نه‌مابوو، بۆیه بڕیاری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سوپای ئێراق درا.
له هه‌شتی ئابی (2004) ده‌سه‌ڵاتی كاتی هاوپه‌یمانان به فه‌رمانی ژماره (22) بڕیاری دامه‌زراندنی سوپای نوێی ئێراقی ده‌ركرد. له ئه‌یلولی (2004) تیپی به‌رگری شارستانی دامه‌زرا. ده‌بوو ژماره‌ی هێزه‌كه بگاته چل هه‌زار كه‌س و به‌سه‌ر سێ تیپدا دابه‌شكرابوو، دامه‌زراندنه‌كه‌ی ساڵ و نیوێكی خایاند و راسته‌وخۆ له‌ژێر فه‌رمانداری ئه‌مه‌ریكیه‌كاندا بوون.
“ده‌ركه‌وتنی داعش و حه‌شد”
چه‌كدارانی داعش له (10/حوزه‌یران/2014) شاری موسڵیان كۆنترۆڵكرد، پاشان چه‌ندین ناوچه‌یان له پارێزگاكانی كه‌ركوك و دیاله و ئه‌نبار و سه‌ڵاحه‌دین كۆنترۆڵكرد، كه رووبه‌ره‌كه‌یان یه‌ك له‌سه‌ر سێی خاكی ئێراق بوو. ته‌نها یه‌ك رۆژ دوای كه‌وتنی موسڵ، نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و كاته‌ی ئێراق، داوای پێكهێنانی هێزێكی خۆبه‌خشی كرد بۆ پشتیوانیكردن له سوپا‌و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كان، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی متمانه به مالیكی له‌ناوه‌نده شیعییه‌كاندا كه‌س به‌ده‌م بانگه‌وازه‌كه‌یه‌وه نه‌چوو.
له (13/حوزه‌یران/2014) شێخ عه‌بدولمه‌هدی كه‌ربه‌لایی نوێنه‌ری سیستانی له وتاری هه‌ینیدا، فتوای جیهادی كه‌فائی ده‌ركرد. له فتواكه‌دا داوا له‌و هاوڵاتیانه كرابوو كه توانای هه‌ڵگرتنی چه‌ك و شه‌ڕكردنی تیرۆریستیان هه‌یه، ده‌توانن به‌رگری له وڵات و گه‌ل و پیرۆزییه‌كانیان بكه‌ن، پێویسته بچنه ریزی هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه. ئه‌و ده‌مه بریكاره‌كانی سیستانی ته‌نها وشه‌ی (خۆبه‌خشان)یان به‌كارهێنا، ئه‌وه مالیكی بوو وشه‌ی (حه‌شدی شه‌عبی) داهێنا.
ئێران و میلیشیا لایه‌نگره‌كانی ئه‌م فتوایه‌یان قۆسته‌وه بۆ دروستكردنی هێزێكی هاوشێوه‌ی پاسداران، بۆ دروستكردنی سیستمی ویلایه‌تی فه‌قیه به ره‌گه‌زی ئێراقی. له حوزه‌یرانی (2016)دا ژماره‌ی ئه‌ندامانی حه‌شدی شه‌عبی گه‌یشته (140) هه‌زار كه‌س. به‌ڵام حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وكاته وتی: پشكنه‌ری حه‌شد پێی راگه‌یاندم ژماره‌ی راسته‌قینه‌ی حه‌شد شه‌ست هه‌زار كه‌س زیاتر نییه، به‌ڵام له‌سه‌ر كاغه‌ز ژماره‌یان ده‌گاته (150) هه‌زار كه‌س، موچه بۆ ئه‌و ژماره‌یه‌ش خه‌رجده‌كرێت، چونكه رێگه به فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان نادرێت وردبینی ناوه‌كانیان بكات. دوای فراوانبوونی هێزه‌كانی حه‌شد، پارله‌مانی ئێراق له (26/11/2016) قانونی حه‌شدی شه‌عبی ده‌ركرد، به‌م جۆره حه‌شد به ته‌نیشت سوپاوه كرایه هێزێكی یاسایی. له‌كاتێكدا به‌گوێره‌ی پۆلێنی پێگه‌ی گلۆبال پاوه‌ر، له ساڵی (2016)دا سوپای ئێراق له‌ڕووی هێزه‌وه له ریزبه‌ندی جیهانیدا له (59)هه‌میندا بوو. حه‌شد له بنه‌ڕه‌ته‌وه له چه‌ند میلیشیایه‌ك دروستكرا كه پێشتر هه‌بوون، وه‌كو: رێكخراوی به‌در، سه‌رایا سه‌لام، عه‌سائیب ئه‌هلولحه‌ق، ته‌یاری ریسالی، حیزبوڵڵای ئێراقی، سه‌رایای خۆراسانی. ئه‌و گرووپانه‌شی دواتر دروستكران هه‌ریه‌كه و په‌یكه‌ربه‌ندی خۆی هه‌یه، گۆڕه‌پانی كار و مه‌رجه‌عه‌تییان له‌نێوان سوریا‌و ئێراقدا دابه‌شبووه، كه به‌م جۆره پۆلێن ده‌كرێن:
یه‌كه‌م: (41) گروپ سه‌ر به رێبه‌ری باڵای ئێران عه‌لی خامه‌نه‌ئین، دیارترینیان: فه‌یله‌قی به‌در، كه‌تیبه‌ی حیزبوڵڵای ئێراقی، عه‌سائیب ئه‌هلولحه‌ق، كه‌تائیبی سه‌یدولشوهه‌دا، بزوتنه‌وه‌ی نوجه‌با، ته‌یاری ریسالی، كه‌تیبه‌ی ئیمام عه‌لی، لیوای ئه‌بوفازڵ عه‌باس، سه‌رایای خۆراسانی.
دووه‌م: حه‌ڤده گرووپ سه‌ر به مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كان عه‌لی سیستانین، دیارترینیان: لیوای ئه‌نسار مه‌رجه‌عیه‌و سێ گروپی سه‌ر به عه‌ممار حه‌كیمه.
سێیه‌م: دوو گرووپ سه‌ر به ئه‌مینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنانی حه‌سه‌ن نه‌سروڵان، ئه‌وانیش: حیزبوڵڵای سائیرون، كه‌تیبه‌كانی عیماد موغنیه‌ن.
چواره‌م: (12) گروپی بچوك سه‌ر به مه‌رجه‌عیه‌تی دیكه‌ن: وه‌كو مه‌رجه‌عیه‌تی كه‌مال حه‌یده‌ری، محه‌مه‌د یه‌عقوبی، سادق شیرازی، كازم حائیری.
پێنجه‌م: سه‌رایا سه‌لام سه‌ر به موقته‌دا سه‌در.
شه‌شه‌م: گروپه‌كانی دیكه: وه‌كو كه‌تیبه‌ی بابلیۆنی مه‌سیحی، لیوای شه‌به‌ك، كه‌تیبه‌ی توركمان، فورسانی جبور به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌حمه‌د جبوری، حه‌ره‌سی نه‌ینه‌وا به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌سیل نوجه‌یفی.
سه‌رچاوه:
ئه‌م راپۆرته پوخته‌ی توێژینه‌وه‌یه‌كی چل لاپه‌ڕه‌یی (جاسم هداد)ه به‌ناونیشانی: الدوله العراقیه و تفكك بنیتها العسكریه (الحشد الشعبی نموذجا)، كه له ژماره (24) گۆڤاری (الاكادیمیه العربیة فی الدنمارك)، له ساڵی (2020) بڵاوكراوه‌ته‌وه.