“دەستپێك”
بیرەوەرییهكانی “ڕەحمانی حەلەوی” جۆرێكی ترە لە بایۆگرافیا، چونكە نووسەر خۆی بە پاڵەوان ناداتە قەڵەم و خاوەنی داستانەكانیش نییە، بەڵكو تەنها بیروەرییهی دەخاتە ڕوو، لە زۆر جێگادا كەم كاریی لە دەربڕینی بۆچوون و باسكردنی ڕووداوەكاندا دەكات. كارێكی تری كۆچكردوو بڕواو باوەڕ بە خۆبوون و ماندووی نەناسی ئەو مرۆڤەیە بۆ زانست و خوێندن، لە گشت قۆناغهكانی ژیانیدا كۆڵی نەداوە و بەڕاستی سەركەوتنی بە دەستهێناوە، لە ژیاندا دەكرێت وەك مرۆڤێكی نموونەی و سەركەوتوو حسابی بۆ بكرێت و هەوڵ و خەباتی وانەیەك بێت بۆ نەوەكانی داهاتوو.
“ڕەحمانی حەولەوی كێیە؟”
رەحمان لە شاری مهاباد لە كوردستانی ڕۆژهەڵات لەدایكبووە، دایك و باوكی و زڕخۆشكێكی هەبووە، بە خاتری نەخوێندەواری شۆرەتی خانەوادەكەیان لە باری شارشتانی سابڵاخ بە حەلەوی تۆماركراوە، لە كاتێكدا زڕ خۆشكەكەیی و دایك و باوكی پێویست بوو فامیلیان جیابێت. سەرەتا لە حوجرە لە مزگەوتی قبیلە دەستی بە خوێندن كردووە، دواتر ماڵیان دەگوێزنەوە و لە گەرەكی “هەرمەنیان” نیشتە جێدەبن، ماڵەكەیان بەرانبەر ماڵی “میرزا عەوڵای كاكاغازادە” بووە، ڕۆژانی چوارشەمان ئەو ماڵە دەبووە تەكیەی ژنان میرزاش دەبوو بە خەلیفەی ژنان، كاتێك دەبینێت هاوڵەكانی ڕوو لە قوتابخانە دەكەن ئەمیش شوێنیان دەكەوێت، دواتر ناونووسی دەكەن و پاش یەك مانگ لە خوێندن وەك قوتابی دەست بە خوێندن دەكات. ساڵی پێنجەمی خوێندن خوێندگەكەیان دەگوێزنەوە ماڵی “مستەفا میرزای پینەچییان” پاشان حەلەوی لە درێژەی باسی خوێندنی سەرەتاییدا دەنووسێت هەموو ساڵەكانی خوێندنی سەرەتایی یەكەمی پۆل بووە، ئەو سەركەوتنە دەداتە پاڵ مەلا “قادری مودەریسی” كە هاوینان كاتی بە نرخی خۆی بۆ تەرخان كردووە.
لە باسی لافاوەكەی ساڵی 1936 دا دەنووسێت قوتابخانە تەواوبوون و هاوین داهاتبوو، شەوانە زۆربەی بنەماڵەكان لە سەربانی ماڵەكانیان دەخەوتن، دۆخی زۆربەی بنەماڵەكان هاوشێوە بوو، كەلێنێكی وەها لە نێوان دەوڵەمەند و هەژاردا نەبوو، خەڵكی پێكەوە ڕوو خۆش و خۆمانەبوون، لە ڕووداوە تاڵەكاندا پشت و پەناو دەستباری یەكترو لەكارو كاسبیدا ڕاستگۆ بوون، دزی گزی هەرنەبوو، سواڵكردنیان بە عەیبەیەكی گەورە دەزانی، بنەماڵەیەك ئەگەر لە برسانا قڕیشی هاتبا سواڵی نەدەكرد. لە ڕۆژێكی مانگی گەلاوێژ، سێ كاژێر لە نیوەڕۆ لایدابوو، لە پێشدا با ڕەشێك هەڵیكردو دواتر تەرزەیەكی درشت دایكرد، كتووپڕ لافاوێكی بە لرفە و سامناك بەرەو شارەكە وەڕێكەوت هەرچی وەبەرهات ڕایداوبردی، خەڵكی ڕایان كردبووە سەربان و بەرزایەكان، زریكەی ژنان و گریان و هاواری منداڵ، ئاوازی تەپڵ و دەفی دەروێشان و نزاكەران حەشرێكیان بەرپاكردبوو، من هەرگیز شتی وەهام نەدیتبوو، من و داكم چووبوینە سەربان و سەیری ئەو دیمەنەمان دەكرد بێخەبەر لەوەی ژێر زەمینەكەمان پڕ بووە لە ئاو، هەرچیمان هەبوو وەبن ئاو كەوتبوو، دایكم بە شین و گریان لە خۆی بەربوو، بەڵام وەختایەك بابم هاتەوە دڵی داكم دایەوە، بابم زۆر بە غیرەت بوو، دواتر میری قەرەبووی زیان لێ كەوتووان دەكاتەوە و ئەوانیش ڕۆژانە پازدە قرانیان پێ دەبڕێت.
سەرەتای ساڵی 1937- 1938 پۆلی یەكەمی دوا ناوەندی “چواری گشتی” كرایەوە، كاتێك سەیری بەژن و باڵای خوێندكارانیان دەكرد هاوشێوەو هاوتەمەن نەبوون، دوای دوو مانگ خوێندكارە بە تەمەنەكان لەوانیتر جیادەكرێنەوە و خولی شەوانەیان بۆ دەكرێتەوە تاوەكو بێبەش نەبن لە خوێندن، ساڵی دووەم خوێندنگاكە دەگوازرێتەوە ماڵی “میرزا مارفی شافعی” ساڵی سێیەمی خوێندن قوتابخانە كۆمەڵێك خوێندكار بۆ گەشتێكی هاوێنە ڕەوانەی ورمێ دەكات و ڕەحمانیش یەكێك دەبێت لە بەشداربووان. دیتنی شاری ورمێ و مەلەكردن لە گۆلی ورمێدا گەلێك بیرەوەری لە بیرنەكراو لە مێشكیدا نەقشدەكات.
ساڵی دواتر لە پەیمانگای مامۆستایان وەردەگیرێت، سەرەتانی زستانی ئەو ساڵە دایكی نەخۆش دەكەوێت و جوابی بۆ دەنێرن بگەڕێتەوە مهاباد، كاتێك دەگەڕێتەوە ماڵێ خوشكی بەگریان پێشوازی دەكات، ئەوكات هەستدەكات دایكی مردووە! یەكەم ڕۆژی نەورۆزی ساڵی 1941 بە هاوەڵی خۆیشكی سەردانی گۆڕی داكی دەكات. بۆ هاوینی داهاتوو بابی دەینێرێت بۆ گوندی ” گڵۆڵان” تا دەرس بە منداڵانی كاكل ئاغا بڵێت، دواتر هەواڵ دێت كە شاری مهاباد بۆمباران كراوە و چەند كەسێكیش كوژراون، تا دەهات ژیان و گوزەرانی خەڵك ناخۆشتر دوەبوو.
“حەمەڕەشید خانی بانە”
لەو بارودۆخەدا دەنگۆی پەڕینەوەی حەمە ڕەشیدخانی بانە كەوتبوە زاران و دەیانگوت لە سنووری ئێراق پەڕیوەتەوە و بە نیازە لەگەڵ حكوومەت بە شەڕ بێت، لە سەر ئەم خۆدەرخستنی عەشایەریە، “ڕەحمان” دەنووسێت: ئەو خۆڕانان و عەشیرەت بازییە بێجگە لە بەهێزكردنی گیانی عەشیرەتبازی و نەهێشتنی ئارامی هیچ بەرهەمێكی نەبوو، لەو سەروبەندەدا لە نێوان تەورێز و مهاباددا كاری بازرگانی دەكات و پۆڵێكی باش پێكەوە دەنێت. ساڵی 1941 ڕەحمان مانگی بە حەفتاو دوو تمەن دەبێت بە مامۆستا لە قوتابخانەی دواناوەندی ” ئیرشاد” لە مهاباد.
“كۆمەڵەی ژیانەوەی كوردستان”
لەم بەشەی بیرەوەرییهكانی “ڕەحمانی حەلەوی” دەنووسێت: هاوین ڕابردوو خوێندن دەستی پێكردووە، وڵات هەروا شێوابوو، ناوچەكە بێ خاوەن بوو، دوانیوەڕۆیەكی مانگی ڕەزبەر لوتی دەتەقێت بە لوتی “حسین فرووهەر” ەوە داوای لێ دەكات شەو لە ماڵی خۆیان ئامادەبێت، پاش ترازانی دەرگا و چاك و خۆشی كەسانێك لە ماڵی فرووهەر ئامادە دەبن وەك ” قادرمودەڕیسی” و ئەوانیتر، پاش شیكردنەوەی بارودۆخی جیهان و ناوچەكە داوا لە ڕەحمان دەكرێت ئەندامێتی ” ژ.ك” قبوڵ بكات، پاش تاو توویی و بیركردنەوەی زۆر دەڵێت: بە گیان و دڵ قبوڵی دەكەم و ئەو كارە گەورەترین شانازییە بۆ من. دواتر بیر لە زۆرێك ئەو قسە و سوێندخوارد دەكاتەوە كە خرابوونە ئەستۆی وەك چۆن هەموو تاكێكی كورد خوشك و برای ئەون، ئەوكارە ڕەگی لە ئایندایە، بەڵام تێكەڵكردنی بە كاری سیاسی پێویست نەبوو.
لە جێگەیەكی دیكەدا باس لە خاڵە لاوازەكانی ” ژ.ك” دهكات كە ئەساسنامەو مەرامنامەیەكی نووسراوی نەبووە، ئەندامەكانی تەنها پوختەیەكیان لە ئامانج و بیرو باوەڕەكانی دەزانی، كاتێكیش ڕێكخراوەكە ئاشكرابوو كەسانێك بێ لێپرسینەوە لە كەسایەتی و پێگەیان قبوڵدەكران، لە كۆتایشدا لە سەرداوای حكوومەتی سۆڤیەت ناوی ڕێكخراوەكە گۆڕدرا بە حیزبی دیموكراتی كوردستان، ئەوكارەش پێچەوانەی سوێندخواردنی ئەندامەكانی بوو. ساڵی 1943 بابی ژین ئاوایی دەكات و دواتریش باروبنەی دەپێچێتەوە و ڕوو دەكاتە تاران.
“دامەزراندن و كاركردن لە تاران”
لە ڕێگای سەفەری تاران شەو لە تەورێز دەمێننەوە، بڵاو كراوەیەك سەرنجی ڕادەكێشێت، لە بڵاوكراوەكەدا هاتبوو وڵاتی توركیا بۆ خوێندن سەد خوێندكار بە خەرجی خۆی بانگهێشتی توركیا دەكات، خوازیار دەتوانێت سەردانی بالوێزخانەی توركیا بكات لە تاران، 11ی پوشپەری/ 1322 ” 1943″ دەگاتە تاران، ڕەحمان چونكە خوێندنی توركیای بە لاوە گرنگ بووە یەكسەر دەچێتە كونسوڵخانەی توركیا و لەو بارەوە دەپرسێت، مخابن درەنگ كەوتوون ئێمە چەند ڕۆژ لەوە و پێش سەت خوێندكارە دڵخوازەكەمان هەڵبژاردووە و هیچ ناكرێت بەم شێوەیە دەست دەنرێت بە روویەوە. لە تاران بە مانگانەی دوو سەد و چل تمەن دادەمەزرێت، لە كاتێكدا خۆیی ئامادە دەكات بۆ تاقیكردنەوەی شەشەمی ئامادەی ساڵی 1943 لەو كاتەدا لەلایەن كۆمەڵەی ” ژ،ك”ەوە ئاگادار دەكرێتەوە كە سێ كورد گیراون و بەڵكو كارێكیان بۆ بكات، ئەوانیش ڕەحمان زەبیحی، قادر و دڵشاد، دوایئەوەی ددان بە هیچ شتێكدا نانێن دوای سێ مانگ ئازاد دەكرێن. ساڵی 1320 هەتاوی لە سۆنگەی هێزە بیانێكان كرانەوەی كەشی سیاسی لە ئارادابوو، لە ئێرانی ئەو ڕۆژگارەدا گەلێك دەستەو تاقم پێكهاتبوون، حیزبی تودە یەكێك بوو لەو حیزبانە و نووسینگەی لە شەقامی “فیردەوسی” هەڵكەوتبوو.
ڕۆژێكیان لە كاتی خوێندنەوەی ڕۆژنامەی ئیتلاعات بە سەر خەبەرێكدا دەكەوێت: دەوڵەتی سۆڤێت بە ڕەزامەندی وەزارەتی دەرەوەی ئێران چل خوێندكار بۆ خوێندن دەباتە یەكێتی شۆرەوەی، بۆ زانیاری زیاتر خوازیاران دەتوانن سەردانی خانەی فەرهەنگی سۆڤیەت بكەن، دواتر جوابی لێ دەگێڕنەوە ئەویش بۆ ماڵئاوایی دەگەڕێتەوە مهاباد.
“گەشت بەرەو باكۆ”
پاشان بە مەبەستی خوێندن گەشتی باكۆ دەكات، سەرەتا لە باكۆ كاتێك مینوبووسی كارەبایی و شەمەندەفەر دەبینێت بەلایەوە زۆر جێگای بایەخ بووە و تووشی سەر سوڕمانی كردووە، چونكە ئەو هۆكارانە لە ئێرانی ئەو ڕۆژگارەدا نەبوون، سەرەتا شەش خوێندكاردەبن و دواتر بیست خوێندكاری دیكەش تێكەڵیان دەبن، كاتێك پرسیاریان لێ دەكرێت ئارەزووتانە لە چی ڕشتەیەكدا بخوێنن بیست و دوو كەسیان خوێندنی پزیشكی هەڵدەبژێن كە دەبێتە جێگای سەر سوڕمانی كاربە دەستان! ئەوانیش لە وەڵامدا دەڵێن ئەم ڕشتەیە لە وڵاتی ئێران بۆ ئێمە گرنگە. دوای ساڵێكی خوێندن هەواڵیان پێ دەدرێت كە دەگەڕێنەوە بۆ ئێران و تەواوی هاوین لە وڵات دەبن زۆر شادو بەختەوەر دەبێت، لەگەل چەند هاوڕێیەكی دەگەڕێنەوە و لە میاندواوەوە ڕواڵەتی ناوچەكە دەگۆڕێت چونكە لە ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدابووە. كاتێك باسی هاتنی “مەلا مستەفای بارزانی” دەكات بۆ كوردستانی ڕۆژ هەڵات دەنووسێت: هاتنی ئەو لە وەها بارودۆخێكدا گەورەترین لە خۆ بوردوویی، فیداكاری و دووربینی قوڵی هەبوو، چونكە گشت خێڵ، هۆز و هێزی سەربازی خستبووە ژێر ئیختیاری حزبی دیموكراتی كوردستانەوە، هەروەها لە درێژەی ئەم بەشەدا دكتۆر ڕەحمان دەنووسێت: ئەو یەكگرتوویەیی لە مهاباد دیتم لە ئازەربایجان بە دینەدەكرا، چونكە سەر لە بەری فیرقەی دیموكراتی ئازەربایجان بە دەست حكوومەتی ئازەربایجانی سۆڤێتەوە بوو.
دواتر لە شارەوانی مهاباد بە حزوری قازی محەمەد و كاربەدەستانی وڵات نوتقێك دەدات، لە كۆتایی قسەكانیدا هیواخواز دەبێت بە زوویی بگەڕێتەوە نیشتمان و خزمەت بە خاك و خەڵك بكات. لە كاتی خوێندنی باكۆ چاوی بە “حەمە حوسێن خانی سەیفی قازی” دەكەوێت كە بۆ چارەسەر هاتبووە باكۆ. لە ساڵی 1946 قەوام سەڵتەنە سەرۆك وەزیرانی ئەوكات گفتی پێدانی ئیمتیازاتی نەوت دەستی هاوكاری سۆڤیەت لە ئازربایجان و كوردستان دەكشێنێتەوە تەخت و بە ختی هەردوو نەتەوە تارومار دەكات و بەشێكی زۆری ئەندامانی فیرقەی ئازربایجان ڕوو لە باكۆ دەكەن، دواتر لە دێهاتەكانی دەوروبەری باكۆ نیشتەجێیان دەكەن، ساڵی 1947 خوێندن تەواودەكەات و ساڵی دواتر كە ساڵی سێیەمی خوێندنی پزیشكی بووە، بە بۆچۆنی دكتۆر ڕەحیم مێمڵ و شۆڤار نەهێشتووە خوێندنەكەی تەواوبكات و دواتر ڕەوانی ئێران دەكرێنەوە.
“بڕیارێكی مەترسیدار”
دوای ڕادەستكردنەوەیان بە دەوڵەتی ئێران پاشماوەیەك لە لهگهڵ سێ هاورێیدا بڕیاری گەڕانەوە دەدەن بۆ ڕووسیا، بەڵام لە ڕێگا ڕێنوێنەكەیان فێلیان لێ دەكات و بەجێیان دەهێڵێت، دواتر بە دڵشكاوی خاكەساری دەگەڕێنەوە شاری “گورگان”، دوای ماوەیەك بڕیار دەدات لە پێناو تەواوكردنی خوێندنەكەیدا بە تەنها ملی ڕێگا بگرێتە بەر، كاتێك لە سنوور دەپەڕێتەوە یەكەم شت تووشی دەبێت چەند كولیتێكی جوتیارانە، پاش سانەوە لە كن ئەوان خۆیی ڕادەستی پۆلیسی سنوور دەكات. پاشئەوەی هەموو زانیارییهكانی لێ وەردەگرن لە زیندانی دەپەستێون، دواتر بە دەست و پێ بەستراوی ڕەوانەی شاری “لەنكەران” ی دەكەن. لە تەواوی ئەو ماوەیەدا گلەو گازندەی لە جۆری خواردنی زیندان دەكات سەرباری خراپی بارودۆخی زیندان، چەند جارێكی تر لێ پێچینەوەی لەگەڵدا دەكەن و لە كۆتاییدا دەیگوێزنەوە بۆ زیندانی “MGB” لە وێ ژمارە “129” دەبێت بە شوناسی، لێرەش پرسیارەكان چەند بارە دەبنەوە چۆن داخلی سنوور بوویت، بۆچی هاتوویت و …هتد.
لە كاتێكدا گومانی سیخوری لێ دەكرێت یەكێك لە سەربازەكان داوای لێ دەكات داوای بەزەیی لە كاربەدەستان بكات بۆ ئەوەی یارمەتی بدەن، بەڵام ئەو بڕیار دەدات تەسلیمی بیروباوەڕی خۆیی بێت و لە گهڵ هەست و ویژدانیدا ڕاستگۆ بێت، چونكە ئەو تەنها یەك ئامانجی هەبووە كە ئەویش خوێندنە پێشتریش بە ئاگاداری دەسەڵاتدارانی وڵات سێ ساڵی خوێندنی پزیشكی تێپەڕاندوە. لە زینداندا كەسێك وەك سیخور دەكەن هاوماڵی بەڵام “ڕەحیم” هەرزوو لە فیكەی كابرا تێدەگات و بەگژیدا دەچێتەوە. كاتێك “یەمیلیانۆڤ” وەزیری بەرگری MGB لێكۆڵینەوەی لە تەگهڵدا دەكات هەمان قسەكانی پێشوو دوبارە دەكاتەوە، لە كۆتاییدا دەساڵی زیندانی بۆ دەبڕنەوە. لە باسی دادگا دەكات دەنووسێت: ئەنجوومەنی تایبەت ناوەندێك بوو لە سەروی هەموو دادگا، ئەنجومەن و مەكۆی مەسڵەحەتی، ئەگەر كەسێك خەتایەكی نەبوایە ئەنجوومەن بە باشی دەزانی بە شێوەیەك سزای كابرا بدات. هەر لەوێ شناسی كوڕێكی تەورێزی دەبێت بە ناوی ” پەروێز” بیست و پێنج ساڵی خشتیان بۆ بڕیبۆوە، لە كاتێكدا خوێنكاری فرۆكەوانی بووە.
“گرتووخانەی ڕۆستۆف”
دوای دوو ڕۆژ مانەوە لە گرتووخانەی ڕۆستۆف، جارێكتر لە پەروێز و ئاغای ئیسحاقی جودایان دەكەنەوە. لەو بارودۆخەدا لە تەك كیژێكی خەڵكی “مۆرمانیسك” ناوچەیەك لەو پەری باكوری رووسیا هەڵكەوتووە، دەبێت بە دەهاودەم، كاتێك دكتۆر “ڕەحیم” لە بیری ئەو كچەدا دەبێت، بۆچی قسمەتی گەیشتۆتە ئێرە، چی تاوانێكی كردووە، سەربازەكان لێكیان دادەبڕن، لەو شەوەزەنگەدا “ڕایا” چرایەكی ئومێد بوو بۆ ڕەحیم، بەڵام هەر زوو كوژاندیانەوە. پاشئەوەی شەو ڕۆژێك لە شەمەندەفەردا دەبێت لە بەندیخانەیەكی كاتی ڕایاندەگرن و ئەوكات دەزانێت دەیانبەن بۆ سیبیریا. لەوێ لە ئۆردوگای تایبەتدا كاری تاقەت پروكێنیان پێ دەكەن، یەكێتی شۆرەوی بڕیای سزادانی مەرگی بە سەر زیندانێكاندا هەڵگرتبوو لە بری ئەوكارە بە كاری تاقەت پروكین دەیڕەتاندن. دواتر لە تەك چەند بەندیەك لە دەیانبەنە وێستگەی شەمەنەفەری سۆلۆسك.
“ئۆردوگای بێگاری”
پاشان لە قەزاقستان ڕایاندەگرن، ناوچەكە بەراورد دەكات بە سۆرلۆسك ئەگەرچی هەواساردبوو، بەڵام قەزاقستان گەرمتر دەهاتە بەرچاوو، ناوچەكە بە هۆی زۆری ئۆردوگا و كاری زۆرەملێوە ببووە ناوچەیەكی پێشكەوتوو، دواتر لە حەوشەیەكی گەورەی دڕكاوی تەنراو بە پاسەوان دایاندەنێن، حەوشەكە كرابووە دوو بەشەوە بەشی پیاوان و ژنان، هەروەها لە نێو حەوشەكە هۆڵی گەورە هەبوون پێیان دوگوترا “باراك”، زیندانییهكان دابەشدەكران بۆ دەستەی سی تا چل كەسی و كەسێك دەكرا بە دەمڕاستیان، ئەستەمترین كاری بەیانیان بە بۆچونی دكتۆر ڕەحیم لە زینداندا چوونە سەر ئاوبووە، چونكە دەبوو لە ڕیزێكی دوورو درێژ ڕیز ببەستی و پاشان جێگاكەش زۆر پیس و بۆگەن بووە، سەرباری سەرژمێری ڕۆژانە، لە حەفتەیەكدا شەش ڕۆژ و ڕۆژانە هەشت كاژێر كاری تاقەت پروكێن بە زیندانییهكان دەكرا، ئەوهۆكارانە پاساو بوون تا زیندانی هەمیشە خۆیان لەكار بدزنەوە.
كاتێكیش دەگەیشتنە شوێنكارەكەیان لە كانەكانی خهڵوز دابەشدەكران بۆ دەستەی سێ یان چوار كەسی، بۆ كاركرن هیچ پاداشت و خەڵاتێك لە گۆڕێدا نەبوو، كرێكارەكانیش هێندە كاریان دەكرد تا وەكو سەركار هاواری لێ هەڵنەستی، شكاندن و دەرهێنانی بەرد لە كانەكان و ئاسنەڕی دوو جۆری دیكەی كاركردن بوون كە لە ئۆردوگا زۆرە ملێكانی ستالیندا بە زیندانیان تەواو دەكران. هەروەها جۆرێكیتری كار كاری بیناسازی بوو كە لە سەرەتا و تا كۆتایی بەزیندانێكان دەكرا.
لە بەشێكی دیكەی بیرەوەرێكانیدا “ڕەحیم” باسی سوپای برسی دەكات پاش گەڕانەوەیان لە كار چۆن هوروژمیان بۆ خواردن دەبرد و لەویش ژەمێكی مەمر بژیان ڕادەستدەكرا، لەو سەروبەندەدا باس لە زیندانیەكی خەڵكی گورجستان و هاوشاری “ستالین” دەكات كاتێك دەهێنرێت بۆ ئۆردوگا زەلامێكی كەتەی چوارشانە دەبێت، پاشماوەیەك بە ڕێگادا دەڕوات لاكەی سەری دێت، چونكە بەدخۆراكی گۆشتی بە جەستەیەوە نەهێشتبووە، ڕۆژێك ئەو زیندانییە ” ئیلیا” خواردنی بۆ دێنن پڕی پیادا و بە بەرچاوی زیندانێكانەوە نیشتە خواردنە و گشتی خوارد، دواتر تووشی زگ ئێشەیەك بوو، ڕۆژی دواتر كوشتی. لە باسی خوێدا دەڵێت: منیش هەمیشە برسیبووم، بەڵام چونكە زۆر خۆر نەبووم بەشە خۆراكەكەم كوڵی برسێتی دادەمركاندم و زۆر نارەحەت نە دەبووم، سوێندم لە سەر نییە بڵێم: زۆربەی شەوان خەوم به خواردن و چۆنێتی تێربوونەوە دەدیت، هیچ شتێك هێندەی برسیەتی كەسایەتی و سۆزی مرۆڤ ناشكێنێت، هەروەها لە باسی پۆشاكی زیندانییهكاندا دەنووسێت: جلوبەرگی زیندانییهكان سەیرو دژواربوو یان زۆر فشۆڵ یاخود زۆر تەسكبوون، سەرو بیچمی زیندانییهكانیش زۆر سەیرو سەمەرەبوون، ڕیشی درێژ وقژی بژ و ڕۆژ تا ئێواری زیندان بەو جل و بەرگە شڕانەوە لە سەرمانا هەڵدەرزین.
“ئۆردوگای بایكانۆر”
ئۆردوگای بایكانۆر، بچوكتر لە ئۆردەگای بالخامش و نزیك لە ئاڵماتای پایتەختی قازاقستان هەڵكەوتبوو. لەوێ دەكرێت بە “بریگادیری” دەستەیەك، لەو جێگایە شناسی لە گەڵ ئێرانیەك پەیدا دەكات و دەیكات بە پاكەوانی باراك، كابرا لە باسی خۆیدا دەڵێت: حكوومەتی سۆڤێت ساوابوو ڕووم لەم وڵاتە كردو ژنم هێنا و تیادا نیشتەجێبووم، خەریكی سەوداو مامەڵەبووم، بەگوێرەی قانوون ئەو كارە تاوانە، كاتێك گیرام دەساڵ بێگاریان لە ئۆردوگا بۆ بڕیمەوە. لە كۆتا ڕۆژەكانی سزاكەمدا، ڕۆژێك بانگیان كردم بۆ زیندان و گووتیان: ئەنجومەنی تایبەت دەساڵی دیكەی زیندانی بۆ دیاری كردووە، ئێستاش لە تێپەڕاندنی ڕۆژەكانی دەساڵی دووەمدام! لە باسی زیندانی بایكانۆردا دەڵی: لە هەموو میللەتانی دنیای تیادابوو، ڕۆژێك پیاوێكی ڕەشتاڵەی ڕەقەڵەی باڵا بەرزیان هێنا گووتی: لە كوردانی جەلالیم و خەڵكی قوچانم، كوردانی قوچان لە سەردەمی نادر شاوە دوورخراونەتەوە كەچی هێشتا بە كوردی دهئاخڤن و ڕەچەڵەكی خۆیان لە بیرنەكردووە، عەزیز دەیگووت حەوت ساڵە لەم ئۆردوگایەم، پازدە ساڵ حكومیان بە سەرداداوم، كاتێك “ڕەحیم” پرسیاری كوردی دیكەی لێ دەكات، لەوەڵامدا دەڵێ: پیرە پیاوێك دەناسم ئەویش خەڵكی قوچانە. كاتێك عەزیز پیرە پیاوەكە لە تەك خۆیدا دەهێنێت بەمشێوە عەرزی حاڵی دەكات، شوانبووم نەمزانی سنوورم بەزاندووە و بە مەڕەكانمەوە داخڵی خاكی یەكێتی شۆرەوی بوویمە، ئەو زاڵمە خوانەناسانە گرتیانم، چەندێ پاڕامەوە كەڵكی نەبوو، بە بیست و پێنج ساڵ حكومیاندام، دوو ساڵم لە سیبیریا تەواوكرد، لە بێ خوراكیدا گشت ددانەكانم هەڵوەرین. كاتێك زاری داپچڕان شتاقی لە دەمدا نەمابوو. ساڵی 1956 كاری بیناسازی ئۆردوگای بایكانۆر تەواوبوون.
“محەمەد بیریا وەزیری فەرهەنگی فیرقەی ئازربایجان”
ڕۆژێكی پشوو لە ئۆردوگای ” تەمیرتائو” ئاگاداریان كردینەوە كۆمەڵێك زیندانی نوێ دێنە ئۆردەگا، كاتێك دەچێتە دەرەوە بە هیوای ناسینی ئاشنایەك دەڵێ: كتوپڕ قەڵافەتی پیاوێكی ئاشنام كەوتە بەرچاو، ئەوە محەمەد بیریایە، كاتێك چاك وخۆشی دەكەن بە مشێوەیە سەربردەی خۆیی دەگێڕێتەوە: لەگەڵ هێرشی سوپای ئێران پەڕینەوە ئازربایجان، پاشماوەیەك بە پیلانی “غوڵام یەحیا” پیشەوەرییان بە ڕوودای ئوتومبیل كوشت، چونكە بۆخۆی گەرەكی بوو لە جێگای پیشەوەری دابنیشێت، داوام كرد بمنێرنەوە بۆ ئێران ڕازینەبوون، ناچار خۆم شێت كردو ڕۆژانە كاری سەیرو سەمەرەم دەكرد، دواتر ڕەوانەی MGB ی كرام و ماوەی شەش مانگ لەوێبووم، دەساڵیان بۆ بڕیمەوە ئێستاش لای ئێوە گیرساومەتەوە. ڕۆژێكیان ڕەحیم لە محەمەد دەپرسێت چۆن بوویت بە وەزیر؟ لە چایخانە كارم دەكردو جاروباریش شیعرم دەنووسی، ئەوكارە بوو بە هۆكار تا لە تەشكیلاتی فیرقە پۆستم بدەنێ. لە ماوەی وەزارەتدا چكارێكی باشتكرد گووتی: هیچ! هەروەها لە درێژەی باس و خواسی محەمەد بیریادا دەنووسێت لە ئۆردەگاش خەریك بوو خۆی لە شێتی دەدا، بۆ نموونە لە وەرزی هاویندا جلی گەرمی زستانی لە بەردەكرد و بە پێچەوانەوە، رۆژێك گووتم ئەو كارانە باشنین جەنابی بیریا ئاگاداربە، توشی گێچەڵێكت دەكەن و دەتبەنە شێتحانە، دەیگوت حەزم لێیە ئاواهی دەربكەوم!.
دوای كۆنگرەی بیستەمی حیزب بڕیار دەدرێت لە بری كاری زیندانییهكان حەق و مزەیەكیان بدرێتی و گۆڕانێك لە بارو گوزەرانیاندا بكرێت، ئەو بڕیارە هەر زوو ئاسەواری لە ژیان و سیمای زیندانیهكاندا ڕەنگی دایەوە و دەركەوت، هاوكات هەوڵدرا بە شێوەی جۆراو جۆر حوكمی زیندانێكانیش كەمبكرێنەوەو جۆرێك ئازادیان بۆ دەستبەر بكرێت. دواتر كارتێك ڕادەستی ڕەحیم دەكرێت بۆ مەبەستی هاتن و ڕۆیشتنی نێو ئۆردوگا و نێوەندەدا ئاشنا دەبێت بە ماڵێكی ڕووسی و كاری خوێندنەوەی لە پیان بۆ دەكات، پێشهاتەكانی ڕاست وەردەگەڕێن و زیاتر معرفی لە نێوانیاندا درەستدەبێت.
“ئازادبوون”
چەند ڕۆژێكی مابوو بۆ بەهاری ساڵی 1954، پێش نیوەڕۆیەك سەرۆكی ئۆردوگا، رەحیم و دوو ئێرانی و شەش ئەڵمانی بانگ دەكاتە نووسینگەكەی و پێیان ڕادەگەیەنێت ئێستا ئێوە ئازادن. دوای نێوەڕۆ خوداحافزی لە دۆست و هاو زیندانییهكانی دەكات و لە ئۆردوگای “تەمیر تاپۆ” دێتە دەرێ و ڕوو لە ماڵە ئاشناكەی دەكات و ماڵئاوایان لێدەكات و ئیتر نایانبینێتەوە. پاشان بە شەمەندەفەر بە مەبەستی بینین گەشتی مۆسكۆ دەكات. لە مۆسكۆ سەردانی جەستەی مۆمیاكراوی لینین دەكات، لە كۆتاییدا سەبارەت بە سۆڤیەت دەنووسێت وڵات لە ڕووی پیشەسازی و زانستەوە زۆر پێشكەوتبوو، بەڵام ژیان زۆر دواكەوتووبوو. ساڵی 1955 دەگەڕێتەوە باكۆ، ئەو شارەی دەساڵ پێشتر دیتبووی، تەواشادەكات وڵات زۆر پێشكەوتووە، لە پەسنی شۆرەویدا “رەحیم” دەڵی سەرباری كەمایەسێكان سەیری توركمەنستان یان وڵاتانی دەرهاوسێی بكە لاینیكەم 90% دانیشتوانەكەی خوێندەوارن. سەرباری هەبوونی گشت ئەو خوێندنگە، كارخانە و ئاسنە ڕێیانە گاڵتە نییە و ناكرێت چاویان لە سەر ژیر نەكرێتەوە. كاتێكیش دەگەرێتەوە بۆ ئێران سەرتا ماوەیەك دەیهێڵنەوە، چونكە گوومانی كۆمۆنیستی لە سەر دەبێت، ساڵانێكیش پێویست دەكات حەفتانە لە دەزگای ئەمنیەتی میری واژۆی هەبێت و بێ پرس بۆ هیچ جێگایەك سەفەر نەكات.
دواتر هەوڵ دەدات درێژە بە خوێندنی پزیشكی بدات سەركەوتوو نابێت، سەرئەنجام تاقیكردنەوەی شەشەمی وێژەی دەكات و لەكولێژی قانوون وەردەگیریت، هەروا بە دەم خوێندنەوە كاری میری و ئازادیش دەكات، لە فۆناغی دووەمی كۆلیژ هاوژینی لە تەك خانمێكدا پێكدەهێنێت و دواتر دكتۆرا لە قانووندا بە دەستدەهێنێت، لە سەروبەندی تەواوكردنی خوێندنی قانووندا ڕێگای پێ دەدەن خوێندنی پزیشكی تەوتوبكات، بەڵام تازە كار لە كار ترازابوو. دواتر لە مەكۆی پارێزەران لە تەورێز كاردەكات و پاشخانەنشینی دەگەرێتەوە مهابادی كۆنە هەوار.
“لە خوێندنەوەی ئەم بیرەوەریەدا ئەم پرسیارەم لە مێشكدا گەڵاڵە بوو؟”
وەختایەك چەپ وەك بیرو هزر، كار و تێكۆشان لە ناو میللەتی كورددا دەروێش و فیداكاری زۆربووە، بە داخەوە بۆ خۆیان كارێكیان بۆ میللەتەكە لە دەست نەهات و هاوكات بەربەستێكیش بوون لە بەردەم بزووتنەوەی كوردایەتی ئەو ڕۆژگارەدا، سەرئەنجام ئەو ئاسۆیە بەر ئەوەی لە دەم كەل هەڵبێت ڕووخاو ئاواتی ملێونەها كەسیشی لە گۆڕنا. ئەوی جێگای پرسیارە كەسانێك لە نەتەوەی كورد لە هەڕەتی لاوی ئەو دەوڵەتدا بۆ خوێندن ڕوویان لەو دەوڵە پان و بەرینەكرد و ساڵەهایان تیادا گوزهراند، بۆچی ئەو نەهامەتیانەیان شاردەوە كە ڕژێمە ستەمكارەكەی شۆرەوی بەرانبەر میللەتانی ژێردەستە پیادەیان دەكرد، ئەو كەسانە كە شارەزای بارودۆخەكە بوون بوون نهێنییهكانیان تا كۆتایی تەمەنیان پاراست و لە تەك گڵەبانی گۆڕەكەیاندا لە گۆڕیاننا بۆچی؟
سەرچاوە: لە مهابادەوە تا بایكانۆر
دكتۆر رەحمان حەلەوی