له‌شكركێشیی توركیا بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی كورد له سوریا، كارێكی ئابڕووبهرانهو له‌كه‌داركردنی ئه‌و بڕیارانه‌یه كه بوونه مایه‌ی ڕوودانی. هه‌روه‌ها نیشانه‌ی كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌تره كه سیستمی جیهانی له‌سه‌ر بنه‌مای وڵاتانی خاوه‌ن سه‌روه‌ری بنیات نراوه، ئه‌وه‌ش شتێكی له‌به‌رچاوو كێشه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌و گرووپانه‌ی كه خۆیان وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی جیاواز له دراوسێكانیان ده‌ناسێنن –یان به‌و جۆره ده‌ناسێنرێن-. دیاره ئه‌وه‌ش كارێكی ترسناكه به ئاراسته‌ی سیاسه‌تێكی جیهانیی له جیهانێكی پڕ وه‌رچه‌رخاندا.
چه‌مكی سه‌روه‌ری ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر هه‌ردوو په‌یماننامه‌ی ویستڤاڵیای ساڵی 1648، كه دوو په‌یمانی میحوه‌رین له گۆڕانی چه‌مكی حكومه‌ت به‌رەو ده‌وڵه‌تی عه‌لمانی به ده‌سه‌ڵاتێكی ته‌واوه‌وه له‌نێو سنوورێكی ئیقلیمیدا كه به‌زاندنی رێگه‌پێدراو نیه. هه‌ردوو په‌یمانه‌كه وه‌ك چاره‌سه‌رێكی دیپلۆماسی بۆ جه‌نگه ئاینییه تراژیدییه‌كانی نێوان ناوچه‌كانی شاهانه‌و ده‌ره‌به‌گایه‌تی، داڕێژراون.
به‌هۆی هێزی به‌رجه‌سته‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه به‌وپه‌ڕی تواناوه پاسه‌وانی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های خۆیان بوون له ناوچه‌یه‌كی جوگرافیی دیاریكراودا، كۆڵه‌كه‌كانی ئه‌م دوو په‌یمانه تاوه‌كو جیهانی هاوچه‌رخ درێژیان كێشاوه. ئه‌م پێكهاتنهی میره‌كان بۆ كۆتاییهێنان به جه‌نگی ئاینی، سه‌ره‌تاو كۆتایی ئه‌و شێوازه‌یه كه حوكمداریی جیهانی له‌سه‌ر كراوه.
له‌گه‌ڵ كه‌وتنی پادشاكان له ئه‌وروپا، بیرۆكه‌ی نه‌ته‌وه به هه‌موو توانایه‌وه هاته‌پێش بۆ دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی كه له‌ڕاستیدا ئه‌ڵمان یان ئیتاڵی یاخود پۆڵه‌ندی نه‌بوون. ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ په‌رتبوونی هه‌ژموونی ئیمپراتۆریه‌ته ئه‌وروپیه‌كان له ناوچه‌كانی دیكه‌ی جیهاندا، له‌پاش خۆی دیدێكی زۆر تایبه‌تی به‌جێ هێشت ده‌رباره‌ی بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت.
به‌درێژایی چه‌ند سه‌ده‌ی دواتر‌و له‌گه‌ڵ خۆخواردنی ده‌سه‌ڵاتی شاهانه‌و پێویستیی وڵاتانی ئه‌وروپا به شتێكی دیكه بۆ چاندنی ئینتیما له‌نێو هاوڵاتیاندا، مۆدێلی (ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی) هاته گۆڕێ، كه خه‌ڵك له چوارچێوه‌ی سنووره سهپێنراوهكهیدا هه‌ست به شوناسێكی به‌كۆمه‌ڵ ده‌كه‌ن. ئه‌مه بووه مایه‌ی هه‌ڵایسانی جه‌نگی زیاتر، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه ئه‌وروپییه‌كان ده‌ستیان كرد به وه‌ده‌رنان یان ڕاگواستنی هه‌ركه‌سێك كه هاوته‌ریب نه‌بوون له‌گه‌ڵ چه‌مكی نه‌ته‌وه‌په‌رستی: به ته‌نها (فهرهنسیبوون) به‌س نه‌بوو، به ته‌نها (ئیتاڵیبوون) به‌س نه‌بوو، به ته‌نها (ئه‌ڵمانیبوون) به‌س نه‌بوو! هه‌روه‌ها له كۆڵۆنالییهكانیشیاندا بانگه‌شه‌یان بۆ ئه‌م تێزه ده‌كرد، چه‌ندین شه‌پۆلی یه‌ك له‌دوای یه‌كیان هه‌نارده ده‌كرد كه پڕبوون له خواستی وێرانكه‌ر.
پێوه‌ره‌كانی ئه‌مڕۆ گۆڕاون بۆ ته‌ركیزی زیاتر له‌سه‌ر مافه تاكه‌كه‌سییه‌كان. ده‌سه‌ڵات كه‌وتووه‌ته ده‌ستی یاریكه‌رانی ناده‌وڵه‌تی، به‌ڵام حكومه‌ته‌كان هێشتا به‌رده‌وامن له‌سه‌ر گێچهڵو دهرپهڕاندنو كۆمه‌ڵكوژیی كه‌مینه‌كان له‌سایه‌ی مۆدێلی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییدا.
هێشتا چه‌مكی سه‌روه‌ری بووه‌ته مایه‌ی ده‌ست واڵایی ڕه‌ها بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و كارانه. له‌ڕاستیدا پێداگریی له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی، به‌وپێیه‌ی بكه‌ری شهرعیو بێ هاوه‌ڵی سه‌ر شانۆی جیهانییه، وای كردووه گرووپه بێ ده‌وڵه‌ته‌كان بكه‌ونه به‌ر ڕه‌حمه‌تی په‌لامارو مامه‌ڵه‌ی گوماناوی.
له سه‌ده‌ی ڕابردوودا، به‌ڵێنی زۆر به كورد دراوه‌و له خشته براون. خۆ ئه‌گه‌ر بژارده‌یه‌كی تریان له‌به‌رده‌مدا بوایه، متمانه‌یان به كه‌س نه‌ده‌كرد، به‌ڵام كێشه‌كه ته‌نها په‌یوه‌ست نیه به كورده‌وه. ئه‌وه‌تا په‌نابه‌رانی (رۆهینگا) له‌نێوان دوو وڵات‌دا گیریان خواردووه‌و كه‌س ده‌رگایان لێناكاته‌وه. (ئیگۆره‌كان) ڕاپێچی ئۆردوگاكان ده‌كرێن. ناڕه‌زایی كه‌ته‌لۆنییه‌كان له‌پێناو سه‌ربه‌خۆییدا درێژه‌ی هه‌یه.
مێژوو، نموونه‌گه‌لی زیاتری هاوشێوه‌ی تێدایه. ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان چه‌ندین جار پێشێلی په‌یمانه‌كانی كردووه له‌گه‌ڵ دانیشتوانی ڕه‌سه‌نی ئه‌مریكا، له جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا ئاماده‌بوو بچێته جه‌نگه‌وه له‌پێناو پاراستنی ئاسایشی ئیقلیمیی فه‌ره‌نسا، به‌ڵام ئاماده نه‌بوو ئه‌و په‌نابه‌رانه وه‌ربگرێت كه له ئاگری هۆڵۆكۆست هه‌ڵاتبوون!
له‌ڕاستیدا سیستمی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی بۆ پاراستنی خودی ده‌وڵه‌ته‌كه‌و خه‌ڵكه‌كه‌ی دروستكراوه، نه‌ك پاراستنی خه‌ڵكانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كه.
ڕاسته هه‌ندێك جار وڵاته به‌هێزه‌كان له‌ده‌وری وڵاته لاوازه‌كانیش كۆده‌بنه‌وه، به‌ڵام گرووپه بێ ده‌وڵه‌ته‌كان له دۆخێكی لاوازدان. سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه ئه‌م گرووپانه به‌حوكمی دیفاكتۆ، كۆنترۆڵی هه‌ندێك ناوچه ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌ڕووی یاساییه‌وه توانای پارێزگاریکردن لەخۆیان نیه، له‌بواری سهربازیو به‌رگرییه‌وه هیچ مافێكی نێوده‌وڵه‌تییان نیه. ئه‌م گرووپانه هیچ كورسییه‌كیان نیه له رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا، ئه‌مه‌ش واده‌كات له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی بڕیارسازیی جیهانی بن، هه‌ربۆیه به‌بێ ئاماده‌گی خۆیان ده‌كه‌ونه به‌ر لێپێچینه‌وه له‌لایه‌ن وڵاتانه‌وه. سه‌رانی ئه‌م گرووپانه بێبه‌شن له پێگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ده‌وڵه‌ت، دیپلۆماتی ڕه‌سمییان نیه. باشترین یاساكانی ئۆتۆنۆمی، مافی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تیان پێنادات، بۆیه زۆرجار گرووپه جوداخوازه‌كان ئاماده‌ی سه‌ركێشی‌و زیانی گه‌وره‌ن له‌پێناوی سه‌ربه‌خۆییدا.
سیستمی جیهانی، میكانیزمی زیاتر ده‌خاته به‌رده‌ستی وڵاتان بۆ مامه‌ڵه‌ی دیپلۆماسی له‌نێوان خۆیاندا، زیاتر له‌و میكانیزمانه‌ی كه هه‌ن بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هاوڵاتیانی خۆیاندا. له‌كاتێكدا ماوه‌ی په‌نجا ساڵه ململانێی نێوان وڵاتان كه‌متر بووه‌ته‌وه، كه‌چی ته‌وژمی ململانێكان له ناوخۆی وڵاتاندا تادێت زیاترده‌بێت. ئه‌م جه‌نگانه زیان به ئابووری‌و سیاسه‌تی جیهانی دهگهیهننو وڵاتان لاواز دهكهنو گومان لای دراوسێكانیش دروست ده‌كه‌ن.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه هه‌مان ئه‌و ده‌وڵه‌تانه لێهاتوون له به‌كارهێنانی ڕه‌گه‌زه كاراكانی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان له‌نێو وڵاتانی بیانی‌دا. ئه‌وه‌تا ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان بزوتنه‌وه‌ی (كۆنترا) له نیكاراگوا پڕچه‌ك دهكاتو پشتگیریی جووڵانه‌وه‌كانی سودان‌و چاد ده‌كات.
سیستمی جیهانی –كه ته‌ركیزی له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ته- ئه‌وه‌ی نیشان داوه كه ساز‌و ئاماده نیه بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م ململانێیانه‌دا. هێشتا وڵاتان ڕێگرن له پێشێلكردنی ئه‌و ڕهواییپێدانه به سه‌روه‌ری. هه‌روه‌ها ئه‌وان خۆیان ده‌پارێزن له زیادكردنی ئه‌ندام “ده‌وڵه‌ت”ی دیكه بۆ نێو یانه هاوچهرخهكهیان! پاساوه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه كه هه‌ر ڕه‌زامه‌ندییه‌كی له‌و چه‌شنه وا له به‌رهه‌ڵستكارانی ناوخۆیان ده‌كات بیر له دانوستان بكه‌نه‌وه سه‌باره‌ت به سنووره‌كان.
سه‌رباری ئه‌وه‌ی له نه‌وه‌ده‌كاندا ژماره‌یه‌كی زۆری وڵاتان له هه‌ناوی یه‌كێتی سۆڤیه‌ته‌وه ده‌رچوون، هه‌روه‌ها جگه له هه‌ندێك ده‌وڵه‌تی تازه دامه‌زراوی دیكه‌ی وه‌ك ته‌یموری خۆرههڵاتو باشووری سودان، له‌ئێستادا زه‌حمه‌ته دان به ده‌وڵه‌تێكی نوێ‌دا بنرێت. ئه‌مه وا له نێوه‌ندگیره‌كان ده‌كات هه‌وڵی قایلكردنی گرووپه لاوازه‌كان بده‌ن بۆ چاره‌سه‌ری بچووكتر له‌پێناوی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه‌كی سووكتر له‌گه‌ڵ وڵاتاندا.
هه‌ندێك كۆشش هه‌بوون بۆ سووككردنی ترسان له وروژاندنی لێكه‌وته‌كانی به‌زاندنی سه‌روه‌ریی وڵاتان. به‌رپرسیارێتی پاراستنی جوڵانه‌وه‌یه‌ك به‌و چه‌شنه‌یه كه ئه‌ركی ده‌وڵه‌ته هاوڵاتیانی خۆی بپارێزێت، خۆ ئه‌گه‌ر له‌وه‌دا شكست بخۆن، ئه‌وانیتر بۆ هاوكاریكردنی ده‌چنه‌پێش. ئه‌مه وه‌ك ئامرازێكه بۆ پاساوهێنانه‌وه‌و رێكخستنی به‌كارهێنانی ئه‌و هێزی سزادانه‌ی كه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌یسه‌پێنێت بۆ ڕزگاركردنی دانیشتوان له كۆمه‌ڵكوژی و ئه‌و تاونكارییانهی كه ده‌وڵه‌ت ئه‌نجامیان ده‌دات له‌دژی گرووپه بێ ده‌وڵه‌ته‌كان، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا، لانیكه‌م ئه‌مه وه‌ك ئامرازێك بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر پێشێلكردنی سه‌روه‌ریدا، نه‌چه‌سپیوه.
به‌ته‌نها دۆخی گرووپه بێ ده‌وڵه‌ته‌كان، نموونه‌یه‌ك نیه بۆ شكستی سیستمی نێوده‌وڵه‌تی. یاریكه‌ره ناحكومییه‌كان –گرووپه تیرۆریستییهكانو كۆمپانیا فره‌ڕه‌گه‌زه‌كان- تادێت كاریگه‌رییان زیاترده‌بێت له‌سه‌ر سیاسه‌تی جیهانیو تیۆره كلاسیكییه‌كه‌ی جیۆسیاسی مامه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵدا ناكات. ته‌نانه‌ت له دۆزه دووقۆڵیهكاندا ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی هه‌موو كات تاكه یه‌كه‌ی بڕیاردانی پڕسوود نیه.
ئه‌و مانشێتو بابه‌تانه به نموونه وه‌ربگره كه باس لهوهدهكهن روسیا ده‌ستی خستووه‌ته نێو هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی 2016ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكاوه. له‌ڕاستیدا بینینی ئه‌مه به‌و چه‌شنه‌ی كه سیاسه‌تێكی نیشتمانیی تۆكمهیهو بۆ لێدانی ئه‌مریكا په‌یڕه‌و كراوه، ناوزهدكردنێكی وردی واقیعه‌كه نیه. روسیا وڵاتێكی دیموكراسی نیه‌و ئامانجی ئه‌م ده‌ستوه‌ردانه‌ش به‌ده‌ستهێنانی ناوچه‌یه‌ك نیه له ئه‌مریكا. ڕه‌نگه لێكدانه‌وه‌ی دروست ئه‌وه‌بێت كه ده‌سته‌بژێری روسیا هه‌وڵی دابێت هاوكێشه‌كانی سه‌ركردایه‌تیكردن له ئه‌مریكا هه‌ڵگێڕێته‌وه له‌پێناو چنینه‌وه‌ی ده‌سكه‌وتی نوێ‌دا: نه‌رمه هێزێكی بێ كۆتوبه‌ند له ناوچه‌كه‌یان، ده‌رچه‌یه‌ك بۆ بازرگانی، به‌تایبه‌تیش تاقیكردنه‌وه‌ی توانای به‌زاندنی سه‌روه‌ریی وڵاتانی دیكه به‌بێ هیچ لێپێچینه‌وه‌یه‌ك.
یان بڕوانه به‌شداریی كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانی ته‌كنۆلۆجیا له هه‌مان بواردا. ده‌شێت به‌ڕێوه‌به‌رانی جێبه‌جێكار له‌به‌رده‌م كۆنگرێسدا شاهێدی بده‌ن، به‌ڵام ئهمریكاو ده‌وڵه‌ته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی دیكه، یان كۆنترۆڵێكی سنوورداریان هه‌یه به‌سه‌ر كۆمپانیا فرهڕهگهزهكانهوه، یاخود هه‌ر نیانه. ئه‌مه سه‌رباری په‌یكه‌ربه‌ندییه یاسایی‌و ئاڵۆزه‌كه‌ی ئه‌م كۆمپانیایانه‌و لینكه جوگرافیا زۆر‌و زهوهندهكانیان. له‌ڕاستیدا تیۆریی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌سته‌وه‌ستانه له دانانی ئه‌م كیانانه وه‌ك كاركته‌ری سه‌ربه‌خۆ له سیاسه‌تی جیهانیدا، به‌وه‌ش به‌شێكی گه‌وره‌ی تابلۆكه نادیار ده‌مێنێته‌وه.
سیستمی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی به سنووره زۆردارییهكهیو لێكه‌وته كۆڵۆنیالییهكانیو جه‌نگه وێرانكه‌ره‌كانی بۆ سه‌ر خاك‌و مافی چاره‌نووس، تاقی كراوه‌ته‌وه‌و ئه‌نجامه‌كه‌شی شكست بووه. ئیتر كاتی ئه‌وه‌یه جیهان هه‌نگاو به‌ره‌و پێشه‌وه هه‌ڵنێت. پێویستمان به شێوازێكه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕووداوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كه پشت به بیرۆكه‌یه‌ك نه‌به‌ستێت به‌و بۆچوونه‌ی كه ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی ڕوویدا، ڕوویدا! له‌وه‌ش گرنگتر، ئێمه پێویستمان به‌وه‌یه دان بنرێت به مافی كه‌مینه‌و گرووپه بێ دهوڵهتهكانو به‌رپرسیارێتی یاسایی كیانه ده‌ره‌كییه‌كان‌و دیاریكردنی میكانیزمی گونجاو له سیستمی نێوده‌وڵه‌تی بۆ به‌شداریپێكردنی ئه‌م گرووپانه له پێگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا.
سەرچاوە/ Madaratkurd
نووسین: مالکا ئۆڵدەر توێژه‌رو نووسه‌ر، له په‌یمانگای كارنیگی كاری كردووه
وەرگێڕان: سیڤه‌ر