“كورده‌كان وه‌كو هێزێكی داگیركه‌ر نه‌وه‌كو ده‌سه‌ڵاتێكی شه‌رعی له حكومه‌تی به‌عسیان ڕوانیوه”
توێژه‌رێكی ئه‌مه‌ریكی له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كدا له‌سه‌ر زیاتر له (200) هه‌زار لاپه‌ڕه له به‌ڵگه‌نامه‌كانی سه‌ركردایه‌تی به‌عس، ده‌ڵێت: كورده‌كان وه‌كو هێزێكی داگیركه‌ر نه‌وه‌كو ده‌سه‌ڵاتێكی شه‌رعی له حكومه‌تی به‌عسیان روانیوه‌و پاڵپشتی سیاسه‌ته‌كانی به‌عسیان نه‌كردوه، هه‌ربۆیه به‌عس وه‌كو ناوچه‌ی دوژمن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ناوچه كوردییه‌كاندا كردوه.
له یه‌كێك له‌و به‌ڵگه‌نامه‌ی كه نوسه‌ر به‌كاریهێناوه، هاتووه: له‌ماوه‌ی ساڵانی (1980 – 1986) نزیكه‌ی (30%) ئه‌و كارمه‌نده به‌عسیانه‌ی كه له “ناوچه‌كانی باكور” دامه‌زرێنراون “له‌سه‌ر ده‌ستی تێكده‌ران شه‌هید كراون”. دوو به‌ڵگه‌نامه‌ی دیكه‌ش باس له پرۆسه‌ی به عه‌ره‌بكردن‌و دورخستنه‌وه‌ی كورد له شارۆچكه‌كانی كفری‌و خانه‌قین ده‌كه‌ن.
كتێبی (تبعیث العراق شمولیه صدام حسین: به به‌عسیكردنی ئێراق تۆتالیتاریزمی سه‌دام حسێن)، نامه‌ی دكتۆرای ئارۆون ئێم فاوسته له ساڵی (2015) پێشكه‌شی زانكۆی بۆستنی كردوه، عه‌بیر مه‌رعی كردویه‌تی به عه‌ره‌بی، له ساڵی (2021) له‌لایه‌ن خانه‌ی (الجمل) له دووتوێی (420) لاپه‌ڕه‌دا چاپ‌و بڵاوكراوه‌ته‌وه.
له به‌غداوه بۆ كالیفۆرنیا
له به‌هاری (2003)و له‌ده‌می روخاندنی رژێمی به‌عس له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی، ده‌زگای یاده‌وه‌ری ئێراق كه له‌لایه‌ن نوسه‌رو توێژه‌ری ئێراقی كه‌نعان مه‌كیه سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت، ده‌ست به‌سه‌ر ته‌واوی به‌ڵگه‌نامه‌كانی سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمی حیزبی به‌عس (قیاده‌ی قوتری) ده‌گرن كه له نزیكه‌ی یازده ملیۆن لاپه‌ڕه پێكهاتوه‌و كۆی تۆماره‌كانی حیزبی به‌عس له ماوه‌ی ساڵانی (1968 – 2003) له‌خۆده‌گرێت. ئه‌ندامانی ئه‌و رێكخراوه بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ كاریان له‌سه‌ر جیاكردنه‌وه‌و پۆلێنكردنی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه كردوه.
له‌گه‌ڵ تێكچونی دۆخی ته‌ناهی ئێراق و دروستبوونی مه‌ترسی له‌سه‌ر به‌ڵگه‌نامه‌كان‌و ژیانی كارمه‌ندانی رێكخراوه‌كه، له ساڵی (2007) به‌گوێره‌ی رێكه‌وتنێكی نێوان حكومه‌تی ئێراق‌و په‌یمانگای هۆڤه‌ر له زانكۆی ستانفۆرد له كالیفۆرنیا، ته‌واوی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه ره‌وانه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌كرێن. دوای ته‌واوكردنی كاری جیاكردنه‌وه‌و پۆلێن، به‌ڵگه‌نامه‌كان ده‌خرێنه به‌رده‌ستی توێژه‌ران.
فاوست كه توێژینه‌وه‌كه‌ی به‌سه‌ر چوار به‌شدا دابه‌شكردوه، ده‌ڵێت: له لێكۆڵینه‌وه‌كه‌مدا توێژینه‌وه‌م له‌سه‌ر (2764631) لاپه‌ڕه‌ی دیجیتاڵی به‌ڵگه‌نامه‌كانی سه‌ركردایه‌تی به‌عس له ماوه‌ی ساڵانی (1973 – 2003) كردوه، ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه له (6420) سندوقدا پارێزراون. ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه له‌و ماوه‌یه‌ی كۆڵیوه‌ته‌وه كه هاوزه‌مانه له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی سه‌دام حسێن به لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵات”. له ده‌ره‌نجامی توێژینه‌وه‌كه‌شیدا ده‌ڵێت: به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌رشیفی سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمایه‌تی ده‌ریده‌خات كورده‌كان پاڵپشتی سیاسه‌ته‌كانی به‌عسیان نه‌كردوه، به‌عسیش وه‌كو ناوچه‌ی دوژمن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ناوچه كوردییه‌كاندا كردوه.
“ململانێی كورد له‌گه‌ڵ به‌عس”
فاوست ئاماژه به‌وه‌ده‌كات هه‌رچه‌نده ده‌ستوری ئێراق وه‌كو یه‌كێك له دوو نه‌ته‌وه سه‌ره‌كیه‌كه‌ی ئێراق دانی به‌كورددا ناوه، به‌ڵام حیزبی به‌عس له ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتیدا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كردوه ئێراق به‌شێكه له نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب. جیا له‌وه‌ش به‌عس له ئه‌ده‌بیاتی خۆیدا هه‌ریه‌كه له پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان كه دوو هێزی سه‌ره‌كین به “دوو گروپی خیانه‌تكارو كۆنترۆڵكراو له‌لایه‌ن هێزه بیانییه‌كانه‌وه” ناوبردوه، به‌وه‌ش ویستویه‌تی جیاوازی بخاته نێوان “گه‌لی كورد”و ئه‌و دوو هێزه‌وه كه نه‌یارێتیان كردوه. به‌عس له به‌ڵگه‌نامه‌كانیدا به‌ده‌ق به پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵیت “تاقمی وه‌چه‌ی خیانه‌تكاران”، به یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانیش ده‌ڵێت “تاقمێكی به‌كرێگیراوی ئێرانن”.
به‌گوێره‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كانی سه‌ركردایه‌تی به‌عس، له ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سه‌دام حسێندا دامه‌زراوه حكومی‌و حیزبیه‌كان دوچاری چه‌ندین په‌لامار هاتون. كورده‌كان به‌رده‌وام فه‌رمانبه‌ره به‌عسیه‌كانیان كوشتوه، رفاندوه یان هه‌ڕه‌شه‌یان لێكردون. به‌گوێره‌ی یاداشتێكی لیژنه‌ی ناوه‌ندی حیزب له (1986) هاتووه: له‌ماوه‌ی ساڵانی (1980 – 1986) له‌كۆی (1694) به‌عسی كه بۆ كاركردن له “ناوچه‌كانی باكور” دامه‌زرێنراون، نزیكه‌ی (30%) كه ده‌كاته (503) كه‌س “له‌سه‌ر ده‌ستی تێكده‌ران شه‌هید كراون”.
یه‌كێكی دیكه له‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی كه فاوست باسیكردوه، بریتیه له راپۆرتێكی به‌ڕێوه‌به‌رێتی هه‌واڵگری سه‌ربازی كه تیایدا هاتووه: له خۆپیشاندانێكی رێكخراودا له‌لایه‌ن یه‌كێتی نیشتیمانیه‌وه له‌ساڵی (1991) له ناوچه‌ی كه‌ڵه‌ك له رۆژهه‌ڵاتی موسڵ، خۆپیشانده‌ران كه (30) كه‌سێك ده‌بوون، هوتافیان له‌دژی حیزبی به‌عس‌و سه‌دام حسێن ده‌وته‌وه. له‌كاتێكدا منداڵه كورده‌كان كاغه‌زیان به ماڵه عه‌ره‌به‌كانه‌وه ده‌لكاندوه‌و داوایان لێده‌كردن ناوچه‌كه به‌جێبهێڵن.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌عس، نه‌یارێتی كوردیان به شێوه‌یه‌كی گشتی بۆ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان گه‌ڕاندۆته‌وه بۆ “توشبوونی كورده‌كان به پرۆسه‌یه‌كی شێواندنی ده‌رونی‌و هزری له‌لایه‌ن ئۆپۆزسیۆنی كوردییه‌وه، به‌ڕاده‌یه‌ك ئه‌و پرۆسه‌یه هه‌ر شوێنه‌وارێكی له هه‌ستی ئینتیماكردن بۆ نه‌ته‌وه (عه‌ره‌ب)و خاكه پیرۆزه‌كه‌ی سڕیوه‌ته‌وه”.
“ده‌سه‌ڵاتی به‌عس له كوردستان”
فاوست، له توێژینه‌وه‌كه‌یدا به‌و ئه‌نجامه گه‌یشتوه به‌هۆی جیاوازی كلتوری‌و زمانه‌وانی‌و ناته‌واوی رێژه‌یی گه‌شه‌سه‌ندن له ناوچه‌كانی باكور، به‌هه‌مان ئاستی ناوچه‌كانی دیكه، دانیشتوان بانگه‌شه حیزبیه‌كانی به‌عسیان په‌سه‌ند نه‌كردوه. ئه‌وه‌ش وایكردوه به‌عس هه‌وڵی ستراتیژیه‌تێكی كۆنترۆڵی گشتگیر به‌سه‌ر ناوچه كوردییه‌كاندا نه‌دات. ته‌نانه‌ت به‌عس هاوشێوه‌ی ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق، هه‌مان شێوه‌ی كۆنترۆڵی رێكخراوه‌یی‌و بیرۆكراتی له كوردستان دانه‌مه‌زراندوه، جگه‌له‌وه‌ی سیستمی پاداشت‌و سوده‌كانی نه‌گه‌یشتۆته هه‌مان ژماره‌ی كوردان هه‌روه‌كو له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بدا كردویه‌تی. له‌وباره‌یه‌وه نمونه به به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك ده‌هێنێته‌وه كه بریتیه له سكاڵایه‌ك كه هه‌واڵده‌رێكی كورد پێشكه‌شی سه‌دام حسێنی كردوه‌و تیایدا ده‌ڵێت سه‌رباری ئه‌وه‌ی زانیاری باشی داوه‌ته به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌واڵگری گشتی، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه خراپ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كردوه‌و وه‌كو پێویست پاداشتیان نه‌كردوه.
دوای وردبوونه‌وه‌و ته‌ته‌ڵه‌كردنی هه‌زاران لاپه‌ڕه له به‌ڵگه‌نامه‌كانی به‌عس، فاوست رایده‌گه‌یه‌نێت خودی حیزبی به‌عس به‌شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی روانینه‌كانی له ناوچه كوردییه‌كان كه‌م كردۆته‌وه، چونكه بینویه‌تی ئه‌ندامانی ئاره‌زوی كاركردن له‌و ناوچانه ناكه‌ن‌و كه‌مینه‌یه‌كی بچوكیان به كوردییه‌كی ره‌وان قسه ده‌كه‌ن. هه‌ر ئه‌وه‌ش وای له حیزبی به‌عس كردوه زنجیره‌یه‌ك هاندان بخاته‌ڕوو تاوه‌كو ئه‌ندامه‌كانی قایل بكات بچنه باكور یان ئه‌گه‌ر ئاره‌زویان كرد بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ بمێننه‌وه. وه‌كو خانوی به‌لاش‌و ئۆتۆمبێل‌و زوو به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی حیزبی.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه له‌سه‌روه‌ختی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی ئێران – عێراقدا (1980 – 1988)، ده‌سه‌ڵاتی به‌عس بۆ ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی كه له كوردستان كاریان كردوه، چه‌ند ئیمتیازێكی دابینكردوه. دیارترینیان بریتی بووه له به‌خشینی ئه‌و كه‌سانه له ئه‌ركی به‌شداریكردن له سوپای میللی (جه‌یشی شه‌عبی)، ئه‌گه‌ر له كاتی كاره‌كه‌شیدا بمردایه، ئه‌وا ده‌وڵه‌ت به شه‌هیدی قادسیه‌ی سه‌دامی داده‌نا له‌گه‌ڵ هه‌موو پاداشتێك بۆ ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی كه ئه‌م ئیمتیازه ده‌یگرێته‌وه.
فاوست، ده‌ڵێت: ئه‌رشیفی سه‌ركردایه‌تی به‌عس ئه‌و هه‌سته‌ت پێده‌به‌خشن كه كورده‌كان وایان بینیوه بوونی ده‌وڵه‌تی به‌عسی له ناوچه كوردییه‌كان –كه له ناوچه‌ی حوكمی زاتی‌و چه‌ند به‌شێك له پارێزگاكانی دیاله‌و نه‌ینه‌واو كه‌ركوك پێكهاتووه، وه‌كو هێزێكی داگیركه‌ره نه‌وه‌كو ده‌سه‌ڵاتێكی شه‌رعی.
به‌ڵگه‌نامه‌كانی به‌عس توێژه‌ره‌كه‌یان گه‌یاندۆته ئه‌و بڕوایه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی جه‌وهه‌ری به‌عس ویستویه‌تی كورده‌كان گوتاری ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی‌و كلتوری عه‌ره‌بی په‌سه‌ند بكه‌ن. به‌ڵام “زۆرینه‌ی كورده‌كان ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره‌یان ره‌تكردۆته‌وه. له ده‌ره‌نجامی ئه‌وه‌دا به‌عس بۆ پاراستنی كۆنترۆڵی خۆی به‌سه‌ر ناوچه كوردییه‌كاندا، له‌بری هاندان بڕێكی گه‌وره‌ی تۆقاندنی به‌كارهێناوه، هه‌روه‌ها په‌نای بردۆته به‌ر رێكاری سزادانی به‌كۆمه‌ڵ دژی دانیشتوان”. له‌ده‌ره‌نجامدا ده‌ڵێت: له ناوچه كوردییه‌كان به به‌عسیكردن سه‌لماندی كه‌م سه‌ركه‌وتوو بووه.
“به عه‌ره‌بكردنی ناوچه‌ی كفری”
له توێژینه‌وه‌كه‌یدا فاوست باس له‌وه‌ده‌كات سه‌دام حسێن ئاستی ئاسایشی له ناوچه‌یه‌كی دیاریكراو له ناوچه كوردییه‌كان به پێكهاته نه‌ژادییه‌كه‌ی به‌ستۆته‌وه. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش دوو میكانیزمی به‌كارهێناوه، یه‌كه‌میان به‌كارهێنانی ئاماری دانیشتوانه بۆ ستراتیژی به‌عه‌ره‌بكردن (ته‌عریب)، دووه‌میان راگواستن (ته‌رحیل)ی كورد‌و نیشته‌جێكردنی عه‌ره‌به له شوێنیان، به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له ده‌وروبه‌ری كێڵگه‌كانی نه‌وت‌و به‌درێژایی سنور له‌گه‌ڵ ئێران‌دا.
بۆ رونكردنه‌وه‌ی مه‌به‌سته‌كه‌ی، فاوست به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك به‌نمونه ده‌هێنێته‌وه كه بریتیه له نوسراوێكی به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی له ساڵی (1988) بۆ عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید رازگری نوسینگه‌ی رێكخستنی باكور له‌و كاته‌دا. نوسراوه‌كه بریتیه له پڕۆژه‌یه‌ك‌و كۆمه‌ڵێك رێنمایی بۆ “پاككردنه‌وه‌ی ناوچه‌ی كفری له پارێزگای دیاله له كورد‌و گۆڕینی ناوه‌ندی ئیداره‌ی ناوچه‌ی كفری بۆ شوێنێك كه زۆرینه‌ی عه‌ره‌ب بێت”.
له نوسراوه‌كه‌دا به‌شێوه‌ی فه‌رمانكردن به مه‌جید ده‌ڵێت: ده‌بێت رێژه‌ی عه‌ره‌ب له یه‌كه كارگێڕییه‌كانی كفری (كه له 24 گوندی كوردی پێكهاتوه) له (80%) كۆی دانیشتوان كه‌متر نه‌بێت”. نوسراوه‌كه چه‌ند هه‌نگاوێكی دیاریكراوی داناوه بۆ به عه‌ره‌بكردنی ناوچه‌كه، تیایدا داوا له مه‌جید ده‌كات “جێبه‌جێكردنی پرۆسه‌ی راگواستنی كورد له یه‌كه (كارگێڕییه‌كان) به‌شێوه‌یه‌كی هێمن‌و قۆناغ به قۆناغ بێت”.
قۆناغه‌كانی راگواستنی كوردان له نوسراوه‌كه‌دا رونكراوه‌ته‌وه‌و بریتین له: راگواستنی خێزانه خراپه‌كان‌و ئه‌وانه‌ی راسته‌وخۆ لایه‌نگر (مه‌والی) نین. (پاشان) گواستنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ره كورده‌كان بۆ ناوچه‌كانی دیكه‌ی حوكمی زاتی یان بۆ قوڵایی عه‌ره‌بی به‌پێی ئاره‌زوییان”. (دواتر) گواستنه‌وه‌ی خێزانه عه‌ره‌به‌كان بۆ ئه‌و گوندانه‌ی زۆرینه‌یان كوردن.
به‌مه‌به‌ستی هاندانی عه‌ره‌ب بۆ نیشته‌جێبونیان له ناوچه كوردنشینه‌كه، نوسراوه‌كه فه‌رمانی به مه‌جید كردوه هه‌ر خێزانێك پارچه‌یه‌ك زه‌وی به‌خۆڕایی بدرێتێ تاوه‌كو له‌سه‌ری بژی، هه‌روه‌ها له بانكی خانوبه‌ره وه‌كو گوژمه‌یه‌كی پێشوه‌خت بڕی سێ یان پێنج هه‌زار دیناریان بدرێتێ، ئه‌وه‌ش به‌گوێره‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی تیایدا نیشته‌جێ ده‌بن. له به‌شێكی دیكه‌ی فه‌رمانه‌كه‌دا هاتووه: پێویسته عه‌ره‌به‌كان دابمه‌زرێنرێن ئیدی له حكومه‌ت یان له كه‌رتی تایبه‌ت‌و كه‌رته هاوبه‌شه‌كان یان له زه‌وییه‌كی كشتوكاڵیدا بێت، یاخود له به‌رنامه‌یه‌كی پیشه‌سازیدا كه حكومه‌ت دایمه‌زراندوه‌و پاڵپشتی ده‌كات.
“چه‌كداركردنی عه‌ره‌به‌كانی خانه‌قین”
پاش ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌عس له ساڵی (1991) راپه‌ڕینی خه‌ڵكی كوردستانیان سه‌ركوتكردو ناوچه‌ی خانه‌قینیان كۆنترۆڵكرده‌وه. به‌پێی یه‌كێك له‌و به‌ڵگانه‌ی فاوست به‌نمونه هێناویه‌تیه‌وه، لقی دیاله‌ی حیزبی به‌عس راپۆرتێكی ئاراسته‌ی سه‌ركردایه‌تی به‌عس كردوه‌و تیایدا پێشنیاریكردوه خان‌و بۆ ئه‌و عه‌ره‌بانه دروست بكرێته‌وه كه كورده‌كان ده‌ریانكردون، ئه‌مه‌ش واته عه‌ره‌ب بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌و تیایدا بژین.
هه‌ر له راپۆرته‌كه‌ی لقی دیاله‌ی حیزبی به‌عسدا هاتووه “گه‌ڕانه‌وه‌ی عه‌ره‌ب بۆ گونده‌كانی پێشوویان ده‌بێته سه‌ربارێك بۆ هێزه چه‌كداره‌كان، شاره‌كه‌ش ده‌گێڕێته‌وه بۆ دۆخی پێشووی كه زۆرینه‌ی عه‌ره‌ب بوو، به‌مه‌ش دۆخی ته‌ناهی به ئاراسته‌ی باشتر هێمن ده‌كاته‌وه‌و دوژمنان له قۆستنه‌وه‌ی ده‌رفه‌ته‌كه بێبه‌ش ده‌كات”. له به‌شێكی دیكه‌ی راپۆرته‌كه‌دا پێشنیاری چه‌كداركردنی هۆزه عه‌ره‌به‌كان ده‌كات كه گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ ناوچه‌كه.
توێژه‌ر رونیده‌كاته‌وه سه‌رباری به‌عه‌ره‌بكردن، به‌عس بۆ داماڵین‌و به‌رگرتن‌و چاودێریكردنی ئۆپۆزسیۆنی كوردی، میكانیزمی جۆراوجۆری به‌كارهێناوه كه خۆی له كۆمه‌ڵكوژی ئه‌نفال‌و پاكتاوی نه‌ژادی ده‌بنێته‌وه. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا له‌پێناوی “پاككردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه” له ئه‌ندامانی یه‌كێتی‌و پارتی‌و وه‌كو به‌شێك له “هه‌ڵمه‌تی له‌ناوبردنی یاخیبوان”، هێزه‌كانی سه‌دام گوند‌و خانوی كوردانیان به ته‌واوی خاپوركرد. ته‌نانه‌ت له ساڵی (1992) توێژینه‌وه‌یه‌كی حیزبی پێشنیاری بۆ سه‌ركردایه‌تی كردوه، خێزانی ئه‌ندامانی ئۆپۆزسیۆنی كوردی له ناوچه‌كانی خۆیان رابگوێزرێن.
“چاودێریكردن‌و كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری”
دوای كۆڕه‌وی ملیۆنی كوردان، به‌شێك له ناوچه‌كانی كوردستان له چنگی به‌عس رزگاریان بوو. به‌ڵام وه‌كو فاوست ده‌ڵێت: پاش ده‌رچونی هه‌ندێك له ناوچه كوردییه‌كان له‌ژێر كۆنترۆڵی به‌عس، به‌ڵام به‌عس پارێزگاری له چاودێری توندی خۆی به‌سه‌ر ناوچه كوردییه‌كاندا كردوه.
بۆ به‌ڵگاندنی وته‌كانیشی ده‌ڵێت: له‌ناو ئه‌رشیفی سه‌ركردایه‌تی به‌عسدا ده‌یان دۆسیه هه‌ن به‌زانیاری چڕوپڕه‌وه، كه به شێوه‌ی راپۆرتی هه‌واڵگری له‌باره‌ی چالاكی ئۆپۆزسیۆنی كوردی‌و به‌رپرسانی بیانی یان به‌كرێگیراوانی هه‌واڵگری له باكور پێشكه‌شكراون. له‌باره‌ی چۆنێتی ده‌ستكه‌وتن‌و كۆكردنه‌وه‌و گه‌یاندنی زانیارییه‌كان به رژێمی به‌عس، فاوست ده‌ڵێت: له توانای به‌عسدا نه‌بوو ده‌ستی به‌و جۆره زانیارییه هه‌واڵگرییه چڕوپڕانه بگات له باره‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه‌وه، ئه‌گه‌ر به‌كرێگیراوی له‌نێو ئه‌و حیزبانه‌داو له‌نێو سه‌ركردایه‌تیاندا نه‌بووبێت. به جه‌ختكردنیشه‌وه ده‌ڵێت: به‌گشتی ده‌زگا هه‌واڵگرییه جۆراوجۆره‌كانی حیزبی به‌عس زانیاری نایابیان له‌باره‌ی گروپه ئۆپۆزسیۆنه‌كانه‌وه هه‌بووه، ئه‌وه‌ش بووه‌ته فاكته‌ری یه‌كلاكه‌ره‌وه له هه‌ڵمه‌ته فراوانه سه‌ركه‌وتوه‌كانی رژێم له‌دژیان. به‌ڵام تێبینی ئه‌وه‌شی داوه: له‌ده‌ستدانی ناوچه كوردییه‌كان دوای ساڵی (1991) ریزپه‌ڕێكی گه‌وره‌یه بۆ ئه‌م بڕیاردانه.