“سیاسه‌تی به‌رهه‌مهێنانی (سنوور)؛ له‌باره‌ی ئاخێزگه‌ی یه‌که‌مینی کۆڵبه‌ری”
کۆڵبه‌ری چۆن ده‌ستی پێ کردووه؟ ئه‌مه پرسیارێکی بنه‌ڕه‌تییه که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لۆژیکی کۆلۆنیالیستیی زاڵ به‌سه‌ر کوردستان له مێژووی هاوچه‌رخدا. کوردستان به‌هۆی سیاسه‌ته کۆلۆنیالیستییه‌کان به‌تایبه‌ت پاش جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌م له نێوان چوار وڵاتی جیاواز دابه‌ش بوو و به کرده‌وه کرا به کۆلۆنۆییهکی نێونه‌ته‌وه‌یی. به‌ده‌ر له هۆکار و بۆکاری هاتنه‌ئارای ئه‌م بابه‌ته، دروستکردنی سنوره ساخته‌کان له نێوان ناوچه جۆراوجۆره‌کانی کوردستان و به‌رهه‌مهێنانی(باشوور)، (باکوور)، (ڕۆژهه‌ڵات) و (ڕۆژئاوا) دۆخێکی دروست کردووه که له هیچ شوێنیکی دونیادا نموونه‌ی نابینرێته‌وه: به‌رهه‌مهێنانی سنووره ناوخۆییه جۆراوجۆره‌کان؛ ئه‌و سنوورانه‌ی که بۆ کوردستان به ناوخۆیی ئه‌ژمار ده‌کرێن، به‌ڵام له لۆژیکی مافی نێونه‌ته‌وه‌یی وه‌کوو سنووری وڵاتانی ئێران، ئێراق، تورکیا و سووریا ده‌ناسرێت. ئه‌گه‌رچی سنووره‌کان له ناو خاکی کوردستاندان به‌ڵام به کرده‌وه له ژیر ده‌سه‌ڵات و کۆنترۆڵی حکوومه‌ته ناوه‌ندییه‌کانن و کورده‌کان هیچ ده‌سه‌ڵاتێکیان بهسهریانهو نییه. له ڕاستیدا سنووره‌کانیش (به‌رهه‌م) هاتوون و هه‌میش که‌وتوونه‌ته ژێر ڕکێفی (ئه‌ویدی)یه‌وه. ئه‌گه‌رچی کۆی سه‌رزه‌مینی کوردستان جگه له باشوور و ڕۆژئاوا له ژێر پۆستاڵ و سوڵته‌ی لۆژیکی فاشییانه‌ی(ئه‌ویدی) دایه، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م لۆژیکه له (سنوور)دا سه‌د قات ده‌بێته‌وه. (ئه‌ویدی) به‌شوێن دابڕان و لێک هه‌ڵاواردنی کولتووری، سیاسی، ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیی کورده‌کانه له ڕێگه‌ی (کۆنترۆڵ و ڕێکخستنی سنوور) وه‌کوو فه‌زایه‌کی سیاسی-جوگرافی. له واقیعدا داگیرکردنی جوگرافیا و فه‌زای (سنوور) به‌ڵگه‌یه‌که بۆ به‌رده‌وامبوونی کۆلۆنیالیزمی چه‌ند لایه‌نه‌ی (ئه‌ویدی) دژی کوردستان. به‌هه‌ر حاڵ به‌رهه‌مهێنانی سنوور کرده‌وه‌یه‌کی کۆلۆنیالیستیی دژی کوردستان بووه که به‌دواداهاتی ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و کو‌لتووریی کوشنده‌ی بۆ کورده‌کان به‌دوای خۆیدا هێناوه.
ده‌رهاوێشته‌ی دواجاری به‌رهه‌مهێنانی سنوور له کوردستان، به‌رهه‌مهێنان و به‌رده‌وامیی ئازار و سته‌م بووه که به درێژایی مێژووی هاوچه‌رخ و پاش دابه‌شکردنی کوردستان، له فۆرم و شکڵه جۆراوجۆره‌کاندا خۆی پیشان داوه. کوشتنی به‌کۆمه‌ڵ و ژینۆساید، کیمیاباران، کوشتن و له‌سێداردانی ڕۆژانه‌ی کوردان به بیانووی پڕوپووچ، ته‌نها گرینگ‌ترین فۆرمه‌کانی سته‌ملێکراوی و ئازاری کورده‌کانه که به شێوه‌ی راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ له ئه‌نجامی دابه‌شکردنی کوردستان بۆ چوار پارچه و به‌رهه‌مهێنانی سنووره ساخته‌کانه. کۆڵبه‌ری یه‌کێک له نوێترین فۆرمه‌کانی سته‌ملێکراویی کورده‌کانه که هه‌م دیارده‌یه‌کی ده‌ره‌کییه و هه‌میش ئه‌نجامی ڕاسته‌وخۆی دابه‌شکردنی سیاسیی سنوور و سیاسه‌تی به‌رهه‌مهێنانی سنووره. هه‌وره‌ها که پێشتر باس کرا، هه‌موو ئه‌م سته‌م و ئازارانه هه‌ڵگری ماهییه‌تێکی هاوبه‌شن و ئه‌وه‌ی جیاوازه، فۆرم، چوارچێوه و شیوازی ستهمکردنهکهیه. ژینۆسایدی ئه‌نفال له‌گه‌ڵ کۆڵبه‌ری له ڕووی ماهییه‌ته‌وه جیاوازیی نییه، به‌ڵکوو شێواز و فۆرمهکهیهتی که جیاوازه. ده‌کرێت ڕه‌گوڕیشه‌ی هه‌موو ئه‌م فۆرمانه‌ی سته‌ملێکراویش بگه‌ڕێنینه‌وه بۆ یه‌ک سه‌رچاوه: دابه‌شکردنی کۆلۆنیالیستیی سه‌رزه‌مینی کوردستان. ئه‌م بابه‌ته بوو به‌هۆی سیاسه‌تی به‌رهه‌مهێنانی سنوور یان ساخته‌کردنی سنوور له کوردستان و حکوومهتانێکی له کوردستان دروست کرد که خۆیان به خاوه‌نی کوردستان ده‌زانی و کوردیان وه‌کوو سووژه‌گه‌لی کۆیله‌ی خۆیان له‌قه‌ڵه‌م داوه. له‌باره‌ی ئه‌مه‌ی که چۆناوچۆن سیاسه‌تی دابه‌شکردنی کۆلۆنیالیستیی کوردستان و سیاسه‌تی به‌رهه‌مهێنان و ساخته‌کردنی سنوور توانیوێتی ببێته هۆی به‌رهه‌مهێنانی ستهمانێکی وه‌کوو ژینۆساید، کوشتنی به‌کۆمه‌ڵ، کیمیاباران، ئاواره‌یی و…، ده‌کرێ به دوور و درێژی باس بکرێت که له‌م ده‌رفه‌ته‌دا ناپۆڕێت. به‌ڵام له درێژه‌دا ده‌په‌رژێمه سه‌ر سیاسه‌تی به‌رهه‌مهێنانی سنوور و په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ کۆڵبه‌ریدا.
کۆڵبه‌ریی له بنه‌ڕه‌تدا دۆخێکه که له دۆخی جوگرافیایی (سنوور)دا دێته ئاراوه؛ سنوورێک که ده‌رئه‌نجامی سیاسه‌ته کۆلۆنیالیستییهکانه له کوردستان. به بێ هه‌بوونی ئاوه‌ها سنوورگه‌لێک به دڵنیاییه‌وه بابه‌تی کۆڵبه‌ری به‌م شێوه‌یه‌ی که ئیسته هه‌یه، نه‌ده‌هاته ئاراوه. ئه‌گه‌رچی ده‌شێت ئه‌م دیارده‌یه به شێوه‌گه‌لی جۆراوجۆر له وڵاتانی جۆراوجۆر ببینین به‌ڵام کوشتنی فه‌رمی و ڕۆژانه‌ی کۆڵبه‌ران بابه‌تێکه وا جیاوازی دروست ده‌کات. وه‌کوو پێشتر وترا کۆڵبه‌ر له کوردستان بووه به هۆمۆساکهر و مووزڵمانێک؛ بابه‌تێک که له دۆخگه‌لی دیکه‌ی سنووری-ئابووریی وڵاتانی جۆراوجۆردا بوونی نییه. له وڵاتانی جۆراوجۆر، بازرگانیی سه‌ر سنوور وه‌کوو شتێکی فه‌رمیی ناسراوه و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر نافه‌رمیش بێت، به‌دواداهاتی کوشنده بۆ تاکه‌کان به‌دوای خۆیدا ناهێنێت. له حاڵێکدا مه‌رگی کۆڵبه‌ران له کوردستان بووه به بابه‌تێکی ئاسایی ڕۆژانه. یه‌کێک له هۆکاره سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌م بابه‌ته ئاماده‌بوون و سوڵته‌ی (ئه‌ویدی) و لۆژیکی سیاسی-ئابوورییه‌تی له کوردستان و به تایبه‌تی په‌یوه‌ستبوون به (سنوور)ه‌وه‌یه. ئه‌م بابه‌ته بازرگانیی سه‌ر سنووری کردووه به کرده‌یه‌کی ئابووریی پڕ سوود بۆ سه‌رمایه‌دارانی غه‌یری کورد و کورد که هه‌ڵبه‌ت قازانج و سووده سه‌ره‌کییه‌که‌ی ده‌بێت به پشکی(ناوه‌ند) نه‌ک کوردستان وه‌کوو (په‌راوێزێک). له به‌رامبه‌ردا زیان و خه‌ساری سه‌ره‌کی له کوردستان و به دیاریکراوی به‌ر کۆڵبه‌رانی کوردستان ده‌که‌وێت. له سه‌رووی ئه‌مه‌شه‌وه ئاوه‌ها دۆخێک گه‌شه‌نه‌سه‌ندوویی کوردستان به‌دیاریکراوی ڕۆژهه‌ڵات به‌دوای خۆیدا هێناوه.
فه‌زای(سنوور)دۆخێکی بۆ کۆڵبه‌ران دروست کردووه که له سه‌ر بنه‌مای ئه‌مه سووژه‌ی کۆڵبه‌ر وه‌کوو ڕه‌مزی سته‌ملێکراویی نه‌ته‌وه‌یه‌ک له فه‌زایه‌کی تایبه‌تدا به‌ند ده‌کرێت. کۆڵبه‌ر له‌م دۆخه‌دا ده‌بێ بمێنێته‌وه! بڕیار نییه ئه‌و له‌م دۆخه بچێته ده‌ره‌وه. ((سنوور)) ده‌قیقه‌ن فه‌زایه‌که وا لۆژیکی سوڵته‌ی (ئه‌ویدی) سووژه کورده‌کان له‌وێدا به‌ند و زیندانی ده‌کات. ئه‌م بابه‌ته کاتێک مانادار ده‌بێت که له پاڵ سیاسه‌ته‌کانی دیکه‌ی سڕینه‌وه، ڕه‌تکردنه‌وه و ئاساییکردنه‌وه‌ی لۆژیکی سوڵته‌ی (ئه‌ویدی)دا دابنرێت. له‌ناوبردن، سڕینه‌وه و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌و سووژانهی که له‌گه‌ڵ لۆژیک و پێکهاته فانتێزییه ڕۆنراوه‌کانی ئه‌و گونجاو نین، هه‌وڵ بۆ ئاساییکردنه‌وه و هێنانه‌ژووره‌وه‌ی گرووپ و سووژه ناباوه‌کان(له ڕوانگه‌ی لۆژیکی ئه‌ویدی) بۆ ناو ئه‌م پێکهاته فانتێزییه، به‌رهه‌مهێنانی سه‌مپتۆمه ده‌سکرد و ساخته‌کان له فه‌زای ژیانه‌کیی(سنوور) زه‌قتر و تۆختر له هه‌ر شوێنیکی دیکه خۆی پیشان ده‌دات؛ فه‌زایه‌ک که کۆڵبه‌ریی وه‌کوو فۆرمێک له سته‌ملێکراوی، له ناو دۆخێکی جومگهبهندیکراو له‌م هه‌وڵانه شکڵی گرتووه و به‌رده‌وام بووه. ئه‌م پرسه لێکچوونێکی زۆری له‌گه‌ڵ دیارده‌یه‌ک هه‌یه که باومه‌ن(2013) له ژێر کاریگه‌ریی بیگو به (بان ئۆپتیکۆن- Banopticon) ناوی ده‌هێنیت. (بان ئۆپتیکۆن)سێ ئامانجی ستراتیژیک په‌یگیریی ده‌کات. هه‌ندێک گرووپ له خه‌ڵک ده‌سڕێته‌وه، گرووپێک وا ناکرێت بیانسڕێته‌وه ئاساییسازییان ده‌کات و له ئه‌نجامدا گرووپه باو و په‌سه‌ندکراوه‌کان ده‌نوێنیته‌وه و زه‌قیان ده‌کاته‌وه. باومه‌ن(2013) ده‌ڵێت ئه‌م فۆرمه له چاودێری سه‌رووتره له فه‌لسه‌فه‌ی چاودێری. لێره‌دا ئیتر باس له (له دووره‌وه ڕاگرتن) نییه، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ی ده‌خرێته ڕوو(ڕاگرتنه له). به ده‌ربڕینێکی ساده‌تر پرسی (بان ئۆپتیکۆن) ئه‌مه‌یه که سووژه ئینسانییه‌کان “له” فه‌زایه‌کی تایبه‌تدا(ڕاده‌گرێت)نه‌ک ئه‌وه‌ی که له فه‌زایه‌کی تایبه‌ت دوور ڕایگرێت. له “پاش پانۆپتیکۆن- Post Panopticon ” ئێمه له‌گه‌ڵ دوورڕاگرتنی سووژه سڕاوه‌کان له کۆمه‌ڵگا وه‌کوو فه‌زایه‌کی ژیانه‌کیی به‌ره‌وڕووین، به‌ڵام له (بان ئۆپتیکۆن)دا بابه‌ته‌که ڕاگرتنی سووژه‌کان له دۆخگه‌لێکی له ژێر چاودێردایه. (سنوور)ده‌قیقه‌ن ئه‌و فه‌زایه‌یه که سووژه کورده‌کان به تایبه‌ت کۆڵبه‌ران تێیدا ده‌که‌ونه ژیر توندترین و تۆخترین فۆرمی چاودێرییه‌وه. لۆژیکی سوڵته‌ی (ئه‌ویدی) فه‌زایه‌کی یاساغی له (سنوور)دا دروست کردووه که له‌وێدا هه‌ر فۆرمێک له یاسا ههڵدهپهسێردێت به‌ڵام ئه‌م هه‌ڵپه‌ساردنه به مانای ڕزگاربوونی سووژه گه‌مارۆدراوه‌کانی ناو ئه‌م فه‌زایه له (یاسا) نییه. وه‌ڵامی (ئه‌ویدی) بۆ هه‌ر جۆره ده‌رچوون له‌م (فه‌زای یاساغه) مه‌رگه.
“له‌دایکبوونی سته‌ملێکراوی: به‌رهه‌مهێنانی په‌راوێز و پرۆسه‌ی تاڵان‌کردنی سه‌رمایه”
سیاسه‌تی کۆلۆنیالیستی له کوردستان و لۆژیکی به‌رهه‌مهێنانی سنوور ڕیشه‌ی زۆرێک له شێوه‌کانی ستمهلێکراوییه که کورده‌کان له مێژووی هاوچه‌رخدا ئه‌زموونیان کردووه. هه‌روه‌ها که پێشتر باس کرا، ڕیشه‌ی کۆڵبه‌ری ده‌توانرێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌ر ئه‌م بابه‌ته، به‌ڵام له‌م نێوانه‌دا ئه‌ڵقه و میکانیزمانێک هه‌نه که ده‌بنه نێونجیی ئاوه‌ها په‌یوه‌ندییه‌ک. گه‌شه‌نه‌سه‌ندوویی یان نه‌بوونی گه‌شه‌سه‌ندن له کوردستان(به‌تایبه‌ت ڕۆژهه‌ڵات) له‌م ڕووه‌وه ڕۆڵێکی دیار و به‌رچاوی هه‌بووه. سیاسته کۆلۆنیالیستییه‌کانی حکوومه‌ته ده‌سه‌ڵاتداره‌کان له ئێران به درێژایی مێژووی هاوچه‌رخ(له‌گه‌ڵ حکوومه‌ته ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی ئێراق، سووریا و تورکیا) ئاوه‌ها پرسێکیان دروست کردووه. لۆژیکی ئابووری و سیاسیی زاڵ به‌سه‌ر کوردستان، لۆژیکی(ناوه‌ند/په‌راوێز) بووه. به‌پێی ئه‌م لۆژیکه کوردستان بووه به ناوچه‌یه‌کی په‌راوێزی که سه‌رچاوه و سه‌رمایه‌کانی له لایه‌ن (ناوه‌ند)ه‌وه تاڵان کراوه. پرۆسێسی تاڵان‌کردنی سه‌رچاوه و سه‌رمایه‌کانی کوردستان له لایه‌ن(ئه‌ویدی) هاوشێوه‌ی چیرۆکی کۆلۆنیالیستیی ئه‌ورووپی و ئه‌مریکییه‌کانه له ئه‌مه‌ریکای لاتین؛ ئه‌و شوێنه‌ی که سه‌رچاوه جۆراوجۆره‌کانی سه‌رمایه‌ی وڵاتانی ئه‌مه‌ریکای لاتین له لایه‌ن حکوومه‌ته کۆلۆنیالیستیهکانهوه تاڵان ده‌کرا و هه‌ر ئه‌م لۆژیکه بوو به هۆی گه‌شه‌نه‌سه‌ندنی ئه‌مه‌ریکای لاتین.
ئاندرێ گوندیر فرانک؛ یه‌کێک له‌و کۆمه‌ڵناسانه‌یه که به باشی ئه‌م پرۆسێسه‌ی شی کردووه‌ته‌وه. فرانک(2004) باوه‌ڕی وایه که هاوکێشه‌کانی سه‌رمایه‌داری له پرۆسێسێکی مێژوویدا بوونه‌ته هۆی شکڵگیریی دۆخی وابه‌سته‌یی و گرێدراوێتی له وڵاتانی په‌راوێزیدا که ئه‌م بابه‌ته هۆکاری گه‌شه‌نه‌سه‌ندنی کۆمه‌ڵگا په‌راوێزییه‌کان ده‌بێت. کاتێک ناوچه‌یه‌ک یان وڵاتێک وابه‌سته ده‌بێت به سیسته‌م و قه‌واره‌یه‌کی بێگانه له‌گه‌ڵ پێکهاته کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری، فه‌رهه‌نگی و سیاسییه ناوه‌کی و ناوخۆییه‌کانی خۆی، له کرده‌وه‌دا به‌م مانایه‌یه که له حاڵه‌تی ئه‌زموونکردنی فۆرمێکی به‌رهه‌ست و زه‌ینێکی له‌خۆنامۆیه. ئه‌م بابه‌ته پێشه‌کییه‌که بۆ له‌کیسدانی شوناسی ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رهه‌نگی و سیاسیی ناوخۆیی. ئه‌م پێوارییه و ئه‌م له کیسدانهی سه‌رچاوه مانادۆزییه چه‌ند لایه‌نه‌کان، له حاڵێکدا دێته ئاراوه که جێگره‌وه و ئه‌ڵته‌رناتیڤه‌که‌ی له جنسێکی دیکه و له بنه‌ڕه‌تدا له سه‌رچاوه‌یه‌کی مانایی دیکه‌وه هاتووه. لێره‌دایه که دژایه‌تیی مانایی و به‌رهه‌ستی سه‌ره‌تایی دروست ده‌بێت. به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م پرسه که لۆژیکی جێگره‌وه و ئه‌ڵته‌رناتیڤ خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی سوڵته هه‌م له ڕووی ئابووری و هه‌م له ڕووی سیاسییه، ناوچه په‌راوێزییه‌کان به گشتی ده‌بن به وابه‌سته و گرێدراوه‌کانی ناوه‌ند که به‌زۆریی لۆژیکی سه‌رمایه‌داریی جیهانییه. فرانک(2004) باوه‌ڕی وایه که هاوکێشه‌کانی سه‌رمایه‌داریی که له بنه‌مادا هاوکێشه‌یه‌کی چه‌وسێنه‌رانه‌یه، به هاتنی بۆ ناوچه په‌راوێزییه‌کان و هه‌ڵپێکرانی ئه‌م ناوچانه و پێکهاته ده‌روونییه‌کان له‌گه‌ڵ خۆی، لۆژیکێکی خاپوورکه‌ری دیکه به ناوی لۆژیکی “ناوه‌ند/سه‌رمایه” به‌رهه‌م ده‌هێنێت. ئه‌م لۆژیکه له‌ڕێگه‌ی تاڵان‌کردنی زیاده‌کان، ماتریاڵه بنه‌ڕه‌تییه‌کان، پێدانی قه‌رز به‌مه‌به‌ستی قه‌رزارکردنی کۆمه‌ڵگا په‌راوێزییه‌کان، دێته ئاراوه. کاتێک ناوچه‌یه‌کی په‌راوێزی، هه‌م له ڕووی مانایی و به‌شێوه‌ی به‌رهه‌ست و هه‌م له‌ڕوی به‌رهه‌ست و ئابوورییه‌وه به کرده‌وه ده‌بێت به وابه‌سته و گرێدراوێکی وڵاتانی سه‌رمایه‌داری، له کرده‌وه‌دا سه‌ربه‌خۆیی مانایی، زه‌ینی و ئابووریی خۆیشی له‌کیس ده‌دات. ئه‌م هۆکارانه کاتێک پێکه‌وه گرێ ده‌درێن و ده‌بن به جومگه‌یه‌ک، ده‌بنه هۆی گه‌شه‌نه‌سه‌ندوویی وڵاتانی په‌راوێز.
ئه‌گه‌رچی ناکرێت به‌هۆکاری جۆراوجۆر له تێڕوانینی فرانک له‌باره‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داری له کوردستان که‌ڵک وه‌ربگرین، به‌ڵام لۆژیکی شیکارانه‌ی ئه‌و بۆ لێکدانه‌وه‌ی پرسی کوردستان سوودمه‌ند ده‌بێت. حکوومه‌ته ناوه‌ندییه‌کان و “ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه” زاڵه‌کانی سه‌ر کوردستان ڕۆڵی(ناوه‌ند) و کوردستان ڕۆڵی(په‌راوێز) له‌م ده‌زگا و سیسته‌مه چه‌مکی-بیردۆزهیهدا ده‌گێڕێت. سه‌رچاوه‌کانی سه‌رمایه(وه‌کوو کانزا‌کان، سه‌رچاوه ئاوییه‌کان، کشتوکاڵ، نه‌وت، غاز و…)ی زۆر و زه‌به‌ند له کوردستان هه‌یه که له‌گه‌ڵ زۆرێک له ناوچه‌کانی دیکه له وڵاتانی داگیرکاری کوردستان به‌راورد ناکرێن. ئاوه‌ها سه‌رچاوه‌گه‌لێکی سه‌رمایه یه‌کێک له‌و هۆکارانه بووه که بووه‌ته هۆی به‌رده‌وامیی دۆخی کۆلۆنیالیستیی له‌سه‌ر کوردستان. حکوومه‌ته ناوه‌ندییه‌کان به که‌ڵکوه‌رگرتن له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و سه‌ربازی، سه‌رچاوه‌کانی سه‌رمایه‌ی کوردستان تاڵان ده‌که‌ن و ده‌یگوازنه‌وه بۆ (ناوه‌ند). له باشترین حاڵه‌ته‌دا هه‌ندێ کارگه‌ی بچووک له کوردستان ده‌بینین که ئه‌رکیان گۆڕینی سه‌رچاوه‌کانی سه‌رمایه‌ی کوردستان بۆ کاڵا و کارگه پیشه‌ییه بچووکه‌کانه. هه‌ر ئه‌م کاڵا و به‌رهه‌مانه به نرخێکی سه‌رسووڕهێنه‌ری به‌رز دووباره دێنه‌وه ناو بازاڕه‌کانی کوردستان و که‌ڵکیان لێ وه‌رده‌گیرێت. له ڕاستیدا سه‌رچاوه‌کانی سه‌رمایه له کوردستان و زێده‌ی سه‌رمایه له کوردستان له لایه‌ن (ناوه‌ند)ه‌وه تاڵان ده‌کرێت و به‌رهه‌مه به‌رهه‌مهاتووه‌کان هه‌ر له‌م سه‌رچاوانه، بۆ مه‌سره‌ف و به‌کارهێنان دێنه‌وه ناو کۆمه‌ڵگای کوردستانه‌وه. ئه‌م پرسه بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که کوردستان ببێت به کۆمه‌ڵگایه‌کی به‌رخۆر و به‌کارهێنه‌ر و نابه‌رهه‌مهێنه‌ر. هاوکات سه‌رچاوه‌کانی سه‌رمایه ورده‌ورده له ناو ده‌چێت و خاپوور ده‌بێت. بنه‌مای گه‌شه‌نه‌سه‌ندوویی له کوردستان زاڵێتی ئاوه‌ها لۆژیكێکه. شکڵگیری و به‌رده‌وامبوونی دیارده‌ی کۆڵبه‌ریش ده‌کرێت هه‌ر له ناو ئه‌م گوتاره‌دا شی که‌ینه‌وه.
تاڵانکردن و دزینی سه‌رچاوه‌کانی سه‌رمایه له کوردستان ده‌بێته هۆی تێکچوونی هاوکێشه ئابوورییه‌کان و شکڵگیریی فۆرمێک له وێرانیی ئابووری له کوردستان، به‌تایبه‌تی له ناوچه سنوورییه‌کاندا. هاوکێشه ئابوورییه پێش سه‌رمایه‌دارییه‌کان له کوردستان به‌شێوه‌یه‌ک بووه که بنه‌مای له‌سه‌ر ئاژه‌ڵداری و کشتوکاڵ بووه. به‌ڵام هاوکات له‌گه‌ڵ سیاسه‌ته کۆلۆنیالیستییه‌کان، ورده‌ورده ئه‌م هاوکێشه ئابوورییانه تووشی گۆڕانکاری بوونه و ماهییه‌تی ئابووریی خۆیان له کیس داوه و بوون به کرده‌یه‌کی ژیانه‌کی بۆ به‌دیهێنانی پێداویستییه ئابوورییه لانیکه‌مه‌کانی بنه‌ماڵه. له‌مه‌ی که ئه‌م هاوکێشانه پێویستیان به گۆڕانکاری هه‌یه هیچ گومانێک نییه، به‌ڵام پرسه‌که ئه‌مه‌یه که هیچ ئه‌ڵته‌رناتیڤێک بۆ له‌ناوبردنی هاوکێشه ئابوورییه پێش سه‌رمایه‌دارییه‌کان له کوردستان بوونی نه‌بووه. لۆژیکێکی کۆلۆنیالیستیی(ئه‌ویدی) سه‌رچاوه‌کانی سه‌رمایه‌ی کوردستانی تاڵان کردووه، هاوکێشه‌کانی پێش سه‌رمایه‌داریی وێران کردووه، و کۆمه‌ڵگای کوردی خستووه‌ته دۆخێکی وێرانی ئابوورییه‌وه که خه‌ڵکه‌که‌ی هیچ ده‌رفه‌ت و هه‌لێکیان بۆ کرده‌وه‌ی ئابووری نییه؛ پرسێک که له دۆخی ئێستاشدا به‌رده‌وامه. کشتوکال و ئاژه‌ڵداری له کوردستان که کرده‌کانی ئابووریی پێش سه‌رمایه‌دارین، له‌ناو چوون، به‌ڵام له به‌رامبه‌ردا دروستبوونی کارگه بچووکه‌کان ده‌بینین که به ئامانجی گواستنه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌کانی سه‌رمایه و زێده‌ی سه‌رمایه‌ی کوردستان بۆ ناوه‌ند له لایه‌ک و به بهرخۆرکردنی کۆمه‌ڵگای کوردی له لایه‌کی دیکه، ئیش ده‌که‌ن(بۆ باسوخواسی زیاتر چاو بکه‌ن له سلێمانی ومحهمهدپوور 2003). به زمانی ساده، کوردستان بووه به سه‌رزه‌مینێکی وێرانی ئابووری یان دیستۆپیایهکی ئابووری. له ئاوه‌ها دۆخێک‌دا وا دێته پێش چاو که کۆڵبه‌ری وه‌کوو هه‌ڵبژاردنێکی ناچاوری بۆ بژێوی ژیان له توێژ و گرووپه‌کانی خواره‌وه‌ی کوردستان هاتووه‌ته ئاراوه.
بۆرژوازیی نه‌ته‌وه‌یی کوردستانیش له‌م پرۆسه‌یه‌دا ڕۆڵی نێگه‌تیڤی زۆری هه‌یه و ناکرێت هه‌موو شتێک ههڵبپێکین به ناوه‌ند و سیاسه‌ته کۆلۆنیالیستییه‌کانی(بۆ تێگه‌یشتن له ڕۆڵی بورژوازیی نه‌ته‌وه‌یی له ئاوه‌ها دۆخگه‌لێکدا چاو بکه‌ن له فرانک، 1974). سه‌رمایه‌داریی له کوردستان گه‌شه‌یه‌کی لانیکه‌میی هه‌بووه و به سه‌ختی ده‌کرێت باسی شتێک به‌ناوی سه‌رمایه‌داریی کوردی بکه‌ین. ئه‌م گه‌شه‌ی لانیکه‌مه‌ی سه‌رمایه‌داریی له کوردستان که له بنهمدا سه‌رمایه‌دارییه‌کی وابه‌سته بووه، له پاڵ گه‌شه‌ی چینی زه‌ویندار و گۆڕانی سه‌رچاوه‌کانی سه‌رمایه‌یان له زه‌وییه‌وه بۆ پاره، بووه‌ته هۆی شکڵگیریی چینێکی بۆرژوازیی نه‌ته‌وه‌یی له کوردستان. ئه‌م چینه به‌پێچه‌وانه‌ی بۆرژوازیی نه‌ته‌وه‌یی له زۆرێک له وڵاتانی سه‌رمایه‌داریی که هۆکاری سه‌ره‌کیی بۆ گه‌شه‌سه‌ندنن، بۆرژوازییه‌کی وابه‌سته و گرێ‌دراو بووه به (ناوه‌ند) و له کرده‌وه‌دا ڕۆڵی گواستنه‌وه‌ی زیاده‌ی له کوردستان (وه‌کوو په‌راوێز) بۆ ناوه‌ند به ئه‌ستۆ بووه و له به‌رامبه‌ردا حه‌قده‌ستی وه‌کوو سه‌رمایه‌ی وه‌رگرتووه. ئه‌م بۆرژوازییه نه‌ته‌وه‌ییه گرێدراوێتی و که‌ڵکه‌ڵه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وتۆی نییه، به گشتی له جوگرافیایه‌کی ده‌ره‌وه‌ی کوردستاندا سه‌رمایه‌گوزاری ده‌که‌ن و ته‌نها قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووری بۆیان گرینگه. ئه‌م چینه له گه‌شه‌نه‌سه‌ندنی کوردستاندا ڕۆڵیکی زۆری هه‌بووه و به شێوه‌یه‌ک بووه به داره‌ده‌ستی (ناوه‌ند) و ئۆبژه‌ی سیاسه‌ته کۆلۆنیالیستییه‌کانی. له‌باره‌ی پرسی کۆڵبه‌ریش هه‌ر ئه‌مه ڕاسته و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که لۆژیکی کۆلۆنیالیستیی (ئه‌ویدی) بواری به سهرمایهگوازریی گه‌وره له کوردستان نه‌داوه و نایدات، به‌ڵام سه‌رمایه‌دارنی کوردیش گله‌ییه‌کی وایان له دۆخه‌که نییه و وا ده‌رناکه‌وێت ناڕازی بن. ئه‌وان له هه‌ندێ حاڵه‌تدا بوون به ئامرازێک بۆ گواستنه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌کانی سه‌رمایه‌ی کوردستان بۆ ده‌ره‌وه و یان گۆڕانی سه‌رچاوه‌کانی سه‌رمایه‌ی کوردستان بۆ کاڵا به‌کارهێنراوه‌کان. بۆ نموونه ده‌کرێت ئاماژه بده‌ین به ڕۆڵیان له ده‌رهێنانی سه‌رچاوه ژێرزه‌وینییه‌کانی کوردستان، کانزا جۆراوجۆره‌کان و گواستنه‌وه‌ی بۆ (ناوه‌ند).
ئاوه‌ها دۆخێک به هه‌مان شێوه که ئاماژه‌ی پێدرا یه‌کێک له ڕهگوریشهکانی دروستبوونی کۆڵبه‌ری و به‌رده‌وامییه‌تی له کوردستاندا. بۆرژوازیی نه‌ته‌وه‌یی له کوردستان له‌م بواره‌دا ڕۆڵی هه‌بووه. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش کۆڵبه‌رانی کورد له زۆر حاڵه‌تدا ئه‌و کاڵایانه ده‌گوازنه‌وه که هی سه‌رمایه‌داره کورده‌کانی په‌یوه‌ست به‌م چینه‌یه. له زۆر حاڵه‌تدا هه‌ڵسوکه‌وتی سه‌رمایه‌داره کورده‌کان له‌گه‌ڵ کۆڵبه‌ران له سه‌رمایه‌داره غه‌یره‌کورده‌کان خراپتره. بۆ نموونه حه‌قده‌ستی لانیکه‌می کۆڵبه‌ران به هه‌زار گێرمه‌وکێشه له لایه‌ن سه‌رمایه‌داره کورده‌کانه‌وه ده‌دریت و هه‌ڵسوکه‌وتیان له‌گه‌ڵ کۆڵبه‌ره‌کان وه‌کوو هه‌ڵسوکه‌وتی خان/ڕایه‌ت یان ئاغا و نۆکه‌ره. به هه‌ر حاڵ ئه‌م بۆرژوازییه نه‌ته‌وه‌ییه‌ی کوردستان نه‌ک ته‌نها سوودێکی ئه‌وتۆی بۆ کوردستان نه‌بووه به‌ڵکوو ئامرازێکیش بووه بۆ گه‌شه‌نه‌سه‌ندنی کوردستان. هه‌ر بۆیه ده‌کرێت ئه‌م چینه به بۆرژوازیی نه‌ته‌وه‌یی “سهرمایهخۆر”ی کورد ناوزه‌د بکه‌ین. هه‌ر بۆیه ده‌توانین بگه‌ین به‌م ئه‌نجامه هاوکێشه‌کانی (ناوه‌ند/په‌راوێز) که به‌رهه‌می سیاسه‌ته کۆلۆنیالیستییه‌کان له کوردستان بووه، دۆخێکی دروست کردووه که ده‌رئه‌نجامه کۆتاییه‌که‌ی گه‌شه‌نه‌سه‌ندوویی ئابووری کوردستانه. ئاوه‌ها هاوکێشگهلێک بووه‌ته هۆی دزین و تاڵان‌کردنی سه‌رچاوه‌کانی سه‌رمایه‌ی کوردستان، دروستبوونی فه‌زای ژیانی ئابووریی وێران، له‌ناوچوونی ژینگه، بێ‌کاری و هه‌ژاریی ئابووریی به‌ربڵاو، زۆربوونی کێشه و خه‌ساره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان. ئه‌گه‌رچی ده‌کرێت ئه‌م بابه‌ته له ناوچه‌کانی دیکه‌ی ئێرانیش ببینرێت، به‌ڵام ئاماره‌کان ده‌ڵێن که ئه‌م پرسانه له کوردستان زۆر زۆر زیاترن له ناوچه‌کانی دیکه‌ی ئێران.
له سه‌رووی ئه‌مه‌شه‌وه ئاوه‌ها پرسگه‌لێک له کوردستان له بنه‌مادا له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسگه‌له له ناوچه‌کانی دیکه‌ی ئێران جیاوازه. ئاوه‌ها پرسگه‌لێک له کوردستان ئه‌نجامی هاوکێشه‌کانی “ناوه‌ند/په‌راوێز” له لایه‌ک و گه‌شه‌ی سیاسه‌ته کۆلۆنیالیستیه‌کان له لایه‌کی دیکه بووه، به‌ڵام له ناوچه‌کانی دیکه‌ی ئێران (جگه له ناوچه سنوورییه‌کان و ناوچه ئیتنیکی-نه‌ته‌وه‌ییه‌کان که پێویستی به خوێندنه‌وه و لێکۆڵینه‌وه‌ی جیا هه‌یه) وا دێته به‌رچاو له ئه‌نجامی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ناکارای ئابووری و سیاسیی بووه. له قۆناغگهل و سه‌رده‌مانێک که ئێران خه‌ریکی گه‌شه‌ی ئابووری بووه، کوردستان و ناوچه سنوورییه‌کان هیچ سوودێکیان له‌م گه‌شه‌یه نه‌بینیوه و ته‌نانه‌ت دۆخه‌کی خراپتری به نیسبه‌ت قۆناغ و سه‌رده‌مانی پێشووتره‌وه ئه‌زموون کردووه. هه‌ر بۆیه وا دێته پێش چاو که په‌یوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وخۆ له نێوان هه‌ڵکشانی ئابووری، گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری و کارامه‌یی ئابووری ناوه‌ند و گه‌شه‌ی کوردستان نه‌بووه. ئه‌گه‌ری ئه‌مه‌ش که له قۆناغانێک وا گه‌شه و په‌ره‌سه‌ندنی ئابووری له ئێران ده‌بینین دۆخی کوردستان خراپتر بووبێت، هه‌یه. هۆکاری ئه‌مه‌ش ده‌توانێت چڕبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له ناوه‌ند و گه‌شه‌پێدانی سیاسه‌ته کۆلۆنیالیستییه‌کانی له ناوچه په‌راوێزییه‌کان له‌وانه‌ش کوردستان بێت.
“کۆڵبه‌ری وه‌کو مه‌کینه‌ی نومایشکردن: له بچووککردنه‌وه‌ی ئابوورییه‌وه بۆ وردووخاشکردنی میدیایی”
به هه‌مان شێوه که وترا، کۆڵبه‌ری ئه‌نجامی سیاسه‌ته کۆلۆنیالیستییه‌کان، دروستبوون و به‌رده‌وامبوونی دۆخی ناوه‌ند/په‌راوێز، گه‌شه‌نه‌سه‌ندوویی کوردستان، تاڵان‌کردنی سه‌رچاوه‌کانی سه‌رمایه‌ی کوردستان، وێرانکردنی هاوکێشه پێش سه‌رمایه‌دارییه‌کان و درووستنه‌بوونی هاوکێشه ئابوورییه نوێکان له کوردستانه. ئه‌م سیاسه‌تانه له ئێرانی پاش سه‌فه‌وییه گه‌شه و په‌ره‌سه‌ندنێکی زۆری به‌خۆوه بینیوه، به‌ڵام له سه‌د ساڵی ڕابردوودا ماهییه‌تی ناسیۆنالیستی و “ئێرانشارخوازی” وه‌رگرتووه. ئه‌م دۆخه نه‌شیاوه بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که کوردستان له ڕووی ژیانی ئابوورییه‌وه سه‌رزه‌مینێکی وێران‌کراو و دیستۆپیایی بێت. پێکهات و دامه‌زراوه ئابوورییه لانیکه‌مه‌کان له کوردستانی پێش سه‌رمایه‌داری نابوود و وێران بوون، به‌ڵام هیچ دامه‌زراوه‌یه‌کی سه‌رنجڕاکێش وه‌کوو جێگره‌وه دانه‌نراوه. له ڕاستیدا هه‌ژاری و نه‌بوونی دامه‌زراوه‌سازیی ئابووریی له ناوخۆ له کوردستان یه‌کێک له هۆکاره سه‌ره‌کییه‌کانی گه‌شه‌نه‌سه‌ندوویی کوردستان و دروستبوونی دیارده‌گه‌لێکی وه‌کوو کۆڵبه‌رییه. (ناوه‌ند) و لۆژیک و ده‌سه‌ڵاتی کۆلۆنیالیستی له بنه‌ڕه‌تدا ده‌رفه‌ت و ئیزنی به دروستبوونی ئاوه‌ها دامه‌زراوه‌گه‌لێک نه‌داوه و دامه‌زراوه ده‌ره‌کییه‌کانیان به سه‌ر کۆمه‌ڵگای ئابووریی کوردستاندا سه‌پاندووه. بۆرژوازیی نه‌ته‌ویی کوردیش هیچ جۆره هه‌وڵێکی ڕێک و پێک و پلانداری بۆ دامه‌زراوه‌سازیی ئابووریی نه‌داوه. له‌م ڕووه‌وه نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتێکی سه‌ربه‌خۆی کوردی پێش له هه‌موو شتێک ده‌رده‌که‌وێت. بۆ دروستبوون و گه‌شه‌سه‌ندنی دامه‌زراوه ئابووورییه مۆدێڕنه‌کان و دامهزراوهسازیێك و پێک له‌م ڕووه‌وه پێویستمان به ده‌سه‌ڵاتێکی نه‌ته‌وه‌یی و ناوه‌ندیی ڕێک و پێک و یه‌کگرتوو هه‌یه. به بێ ئاوه‌ها ده‌سه‌ڵاتێک ڕه‌نگه ئێمه ته‌نها چاو‌دێر و شایه‌تی دژایه‌تی و دژوازییه ئابوورییه‌کان و هه‌وڵی گرووپه جۆراوجۆره‌کان بۆ ده‌ستڕاگه‌یشتن به سه‌رچاوه ڕانتی و مافیاییه‌کان بین. ده‌وڵه‌تانی زاڵ به سه‌ر کوردستاندا له‌م ڕووه‌وه هیچ خاڵێکی سه‌رکه‌وتوویان نییه. هۆکاری سه‌ره‌کیی ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه که ئه‌م حکوومه‌تانه له بنه‌ڕه‌تدا کوردستان وه‌کوو کۆلۆنییه‌ک ده‌بینن و دامه‌زراوه‌سازیی ئابووری تێیدا له دژی سیاسه‌ته ئه‌منییه‌کانی خۆیان ده‌بینن و ترس و دڵه‌ڕاوکێ له ڕۆڵی ئه‌م دامهزراوهسازییانه له ده‌ستڕاگه‌یشتنی کورده‌کان به سه‌ربه‌خۆیی ئه‌وانی به‌م ئه‌نجامه گه‌یاندووه که کوردستان سه‌رزه‌مینێکی گه‌شه‌نه‌سه‌ندوو و وێران بمێنیته‌وه باشتره. کۆڵبه‌ریش هه‌وڵێکه بۆ به‌رده‌وامبوونی ئه‌م دۆخه.
گه‌شه‌نه‌سه‌ندوویی ئابووری و وێرانبوونی ژیانی ئابووریی کوردستان به‌دواداهاتی کاره‌ساتباری ده‌بێت، به‌ڵام به ته‌نهایی ناتوانێت یارمه‌تی (ناوه‌ند) بدات بۆ ئه‌وه‌ی ئامانجه‌کانی خۆی بپێکێت. ئامانجی(ناوه‌ند) ڕوونه: کردنی کوردستان به سه‌رزه‌مینێکی وێران که بۆ هه‌میشه((وابه‌سته))ی سه‌رزه‌مینی((ناوه‌ند))بمێنێته‌وه. ئه‌م ئامانجه پێویستی به‌مه‌یه که کوردستان له ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تی، کولتووری و سیاسیشه‌وه وێران ببێت و ببێت به (دیستۆپیا)یه‌ک. به‌رهه‌مهێنانی کۆڵبه‌ری هه‌وڵێکه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته و له‌م پێناوه‌دا. له فۆرم و شکڵه‌کانی دیکه‌ی سته‌ملێکراویی کورده‌کان ئێمه شایه‌تی ئه‌مه‌ین که یه‌کێک له لایه‌نه‌کانی ئابووری، سیاسی و یان که‌لتووری زاڵه به سه‌ر ئه‌وانی دیکه‌دا، به‌ڵام به‌زۆری لایه‌نی ئابووری لایه‌نی زاڵه. له کۆڵبه‌ریدا ئێمه له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئابووری له‌پاڵ لایه‌نه‌کانی دیکه‌دا به‌ره‌وڕووین. ئه‌گه‌رچی له ڕوانینی یه‌که‌مدا کۆڵبه‌ری وه‌کوو پرسێکی ئابووری دێته به‌رچاو، به‌ڵام به سه‌رنجێکی قووڵتر لایه‌نی دیکه خۆی ده‌خاته ڕوو. وێرانیی ئابووری کوردستان که له‌م حاڵه‌ته‌دا به دروستکردنی کۆڵبه‌ری هاتووه‌ته ئاراوه، پێشه‌کییه‌که بۆ وێرانیی سیاسی، کولتووری و کۆمه‌ڵایه‌تیی سوژه‌ی کوردی. سووژه‌ی کۆڵبه‌ر له ڕووی ئابوورییه‌وه سووکایه‌تیی پێده‌کرێت؛ فه‌زای ژیانی ئه‌و ده‌بێت به وێرانه‌یه‌کی ئابووری؛ و له ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و کولتووریشه‌وه هه‌ر ڕۆژ ده‌که‌وێته به‌ر هێرش. کۆڵبه‌ر به هه‌ڵبژاردنی کۆڵبه‌ری بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان، شوناس و بوونی ئینسانیی خۆی ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه. ئه‌و ده‌بێت به سووژه‌یه‌کی سووککراو. ئه‌وه‌ی وا ڕوونه ئه‌مه‌یه که خودی سووژه‌ی کۆڵبه‌ر له دروستبوونی ئه‌م دۆخه‌دا بچووکترین ڕۆڵی نییه و ئه‌مه پێکهاته زاڵه‌کانن که ئه‌ویان کردووه به سووژه‌یه‌کی سووککراو.
له‌م ڕووه‌وه نواندنه‌وه و نومایشی میدیاکان ڕۆڵێکی به‌رچاویان هه‌یه. دوو فۆرمی زاڵ له نومایشکردنی کۆڵبه‌ری له فه‌زای میدیاییدا ده‌بینین که له ڕووبه‌ری بهرههسهتیشدا بووه به بنه‌مای کرده‌وه‌ی سیاسی. له نومایشی یه‌که‌مدا، کۆڵبه‌ر ده‌بێت به سووژه‌یه‌کی زوڵملێکراو و سته‌می پێ ده‌کرێت که بۆ بژێوی ژیان گیانی خۆی ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه. له‌م نومایشهدا، کۆڵبه‌ر سووژه‌یه‌کی(به‌دبه‌خت) و (وێران)ه که توانایی به‌رگریی له‌خۆی نییه. ئه‌و سووژه‌یه‌کی سیاسی نییه، کاری به سیاسه‌ت و هاوکێشه سیاسییه‌کان نییه و له بنه‌مادا به شوێن بژێوی ژیانی خۆیه‌تی. له‌م نومایشکردنهدا که به شێوه‌یه‌کی نه‌خوازراو له لایه‌ن زۆرێک له کورده‌کانه‌وه ده‌نوێنرێته‌وه و په‌ره‌ی پێ ده‌درێت، لایه‌نه سیاسی، که‌لتووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی کۆڵبه‌ر وه‌کو (سووژه)یه‌ک له ئه‌و جوێ ده‌بنه‌وه و ته‌نها لایه‌نی ئابووری و بژێویانه ده‌بنه بنه‌مای نومایشکردن و پیشاندان. له ڕاستیدا ئێمه شایه‌تی سیاسه‌ت سڕینه‌وه له سووژه‌ی کۆڵبه‌ر و دابه‌زاندنی ئه‌وین بۆ سووژه‌یه‌کی بژێویخواز و ئابووری. له نومایشی دووهه‌مدا، کۆڵبه‌ر ده‌که‌وێته به‌ر هێرشێکی تووندوتۆڵ و به‌هۆی ئه‌وه‌ی که ژیانی کۆڵبه‌ری قبووڵ کردووه سووکایه‌تیی پێده‌کرێت. له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م فۆرمه له نواندنه‌وه، کۆڵبه‌ر وه‌کو (سووژه‌یه‌کی تۆمه‌تبار)ه که له‌باتی ئه‌وه‌ی له ڕیگه‌ی دیکه‌وه پێداویستییه ژیانهکییهکانی خۆی دابین بکات، کۆڵبه‌ری قبووڵ کردووه. به‌م پێیه کۆڵبه‌ری ده‌بێت به (هه‌ڵبژاردن)ێک. ئه‌وه‌ی له‌م فۆرمه‌ی نومایشکردنی کۆڵبه‌ریدا ده‌بینرێت، سیاسهتزهدهبوونی کۆڵبه‌ری و دابه‌زاندنی کۆڵبه‌ره بۆ ئاستی سووژه‌یه‌کی سیاسی. فۆرمێکی دیکه له نومایشکردنی کۆڵبه‌ری که له لایه‌ن (ئه‌ویدی)یه‌کانی کورده‌وه ده‌خرێته ڕوو، ئه‌مه‌یه که کۆڵبه‌ر که‌سێکی قاچاخچییه وا ده‌بێته هۆی نائه‌منبوونی سنووره‌کانی ئێران و هه‌ر به‌م هۆیه‌وه ده‌کوژرێت. ڕوون و ئاشکرایه که ئه‌م فۆرمه له نواندهوهی کۆڵبه‌ر، نومایشکردنێکی فاشیستییه و قسه‌ی له‌سه‌ر ناکرێت. دوو فۆرمی دیکه‌ی کۆڵبه‌ری به‌زۆری له لایه‌ن خودی کورده‌کانه‌وه ده‌خرێنه ڕوو، له ئامانجی ڕزگاریکهرانهی ئه‌وانه‌ی وا ئاوه‌ها نواندنه‌وه‌یه‌ک له کۆڵبه‌ری ده‌خنه ڕوو ناکرێت هیچ گومانێک بکرێت، به‌ڵام ئاوه‌ها فۆرمانێک له نومایشکردنی کۆڵبه‌ری، دابه‌زاندنی کۆڵبه‌رییه بۆ ئاسته ئابووری و سیاسییه‌کان، له‌به‌رچاونه‌گرتنی ماهییه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تیی کۆڵبه‌ری و سووژه‌بوونی ئینسانیی کۆڵبه‌ر، سیاسهتزهدهبوون و سیاسهتسڕینهوه له کۆڵبه‌ری. ئاوه‌ها دابهزاندنگهلێک له حه‌قیقه‌تی کۆڵبه‌رییه‌وه دوورن. کۆڵبه‌ر سووژهیهکه وه‌کوو هه‌موو سووژهکانی دیکه‌ی کورد که خاوه‌نی لایه‌نی ئابووری، سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتوورییه و له ناو به‌ستێنێک به‌ناوی کۆڵبه‌ریدا جومگه‌به‌ندی کراون. سه‌رووتر له‌مه‌ش له ئاوه‌ها نواندنهوهگهلێکدا ئێمه شایه‌تی دابه‌زاندنی پرسێکی پێکهاته‌یی بۆ سه‌ر پرسێکی تاکه‌که‌سی و ده‌سته‌یی و گرووپین. ئه‌م پرسه که له نومایشکردنهکانی سه‌ره‌وه هاتووه‌ته ئاراوه و کۆڵبه‌ری وه‌کوو به‌رهه‌می لۆژیکی (ئه‌ویدی) ده‌بینێت، دروسته، به‌ڵام تاوانبارکردنی کۆڵبه‌ر یان مهزڵوومپیشاندانی دروست نییه و ته‌نها کرده‌یه‌کی میدیاییه به ئاڕاسته‌ی تاکهکهسیسازیی کۆڵبه‌رییه. هه‌ر بۆیه له نواندنه‌وه‌ی میدیایی له کۆڵبه‌ریدا چاو‌دێر و شایه‌تی پلیشانه‌وه‌ی کۆڵبه‌ر و تاوانبارکردنی ئه‌و ده‌بین.
له سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه ده‌کرێ بگوترێت که کۆڵبه‌ری دیارده‌یه‌کی چه‌ند لایه‌نه‌یه. کۆڵبه‌ر هاوکات که له ڕووی ئابوورییه‌وه سووکایه‌تی پێده‌کرێت، له ڕووی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتووریشه‌وه تۆمه‌تی ده‌درێته پاڵ و به شێوه‌یه‌ک وه‌کوو به‌رپرسی دۆخی خۆی ده‌بینرێت. ڕوون و ئاشکرایه که ئاوه‌ها ڕوانینێک بۆ کۆڵبه‌ر دروست نییه، به‌ڵام بابه‌ته‌که ئه‌وه‌یه که کۆڵبه‌ر به‌شێوه‌ی چه‌ندلایه‌نه و جومگهبهندیکراو سته‌می لێ ده‌کرێت. به‌داخه‌وه له هه‌ندێک حاڵه‌تدا به‌تایبه‌تی له نواندنه‌وه و نومایشکردنی میدیاییدا، سووژه کورده‌کانیش کۆڵبه‌ر ده‌ده‌نه به‌ر هێرش و بهشێوگهلی جۆراوجۆر ده‌یده‌نه به‌ر ڕه‌خنه. له حاڵێکدا که ئاوه‌ها کرده‌وه‌گه‌لێک زیاتر جۆرێک هه‌وڵدانه بۆ کۆتاییهێنان به وێرانبوونی سووژه‌ی کوردی و ڕزگاریی له چڕنووکی لۆژیکی (ئهوید)ییه و جێگه‌ی ڕێز و ستایشه، به‌ڵام تۆمه‌تبارکردنی کۆڵبه‌ر و دابه‌زاندنی بۆ لایه‌ن و ئاسته سیاسی و ئابوورییه‌که‌ی، کرده‌وه‌یه‌ک نییه به ئاڕاسته‌ی ڕزگارکردنی سووژه‌ی کۆڵبه‌ری له چڕنووکی لۆژیکی (ئه‌ویدی). هه‌ڵبه‌ت ئاوه‌ها کرده‌وه‌گه‌لێکی میدیایی له ڕوویه‌که‌وه ده‌کرێت شیاو و خوازراو بن و سیاسه‌تی به‌ئاساییکردنی کۆڵبه‌ری له کوردستان و فه‌رمیکردنی له لایه‌ن لۆژیکی (ئه‌ویدی)یه‌وه بخاته ژێر پرسیاره‌وه و له هه‌مبه‌ریدا له‌مپه‌ر دروست بکات؛ به مه‌رجێک که ده‌ستی تۆمه‌ت له سه‌ر کۆڵبه‌ر هه‌ڵبگیرێت و بخرێته سه‌ر پێکهات و میکانیزمه‌کانی به‌رهه‌مهێنانی کۆڵبه‌ری. له درێژه‌دا ده‌په‌رژێینه سه‌ر سیاسه‌تی ئاساییکردنه‌وه‌ی کۆڵبه‌ری.
“سیاسه‌تی ئاساییکردنه‌وه‌ی سته‌م؛ پاندۆمیی فانتێزییه ساخته‌کان”
وه‌کوو پێشتر باس کرا کۆڵبه‌ری له ڕووی یاساییه‌وه به فه‌رمی نه‌ناسراوه و له بنه‌مادا له ده‌قی یاسا شتێک به‌ناوی (کۆڵبه‌ری)بوونی نییه. له‌باره‌ی ماهییه‌تی ئه‌م پرسه و به‌دواداهاته‌کانی له به‌شه‌کانی پێشودا باس کرا. ئه‌وه‌ی که لێره‌دا ده‌مه‌وێت باسی بکه‌م، به‌فه‌رمی ناسینی کۆڵبه‌ری له یاسای ئێران و هه‌وڵه لهگهڕهکانه بۆ به‌دیهاتنی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران. کۆڵبه‌ری دیارده‌یه‌کی نه‌گریسه بۆ کوردستان؛ پێگه و پله‌ی سووژه‌ی کوردی داده‌به‌زێنیت و مرۆڤبوون، شوناس و بوونی سووژه‌ی کوردی خاپوور کردووه(ئه‌گه‌رچی سووژه‌ی کۆڵبه‌ر خۆی ڕۆڵێکی ئه‌وتۆی له به‌دیهاتنی ئه‌م پرسه نییه). فهرمینهبوونی یاسایی کۆڵبه‌ری بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که کۆڵبه‌ری به‌پێی یاسا هیچ بوونێکی نه‌بێت؛ به‌ڵام ئه‌مه هۆکاری قه‌تڵ و کوشتنی کۆڵبه‌ران نییه، به‌ڵکو بابه‌ته‌که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گوتاره شوناسخوازانهکانی کوردی و ئێرانی و ڕیشه‌ی مێژوویی و پێکهاته‌یی هه‌یه که له به‌شه‌کانی پێشوودا ئاماژه‌ی پێ درا. هه‌ر بۆیه به‌فه‌رمیناسینی کۆڵبه‌ری له یاساشدا ناتوانێت ببێت به قه‌لغانێکی یاسایی به‌هێز بۆ کۆڵبه‌ران. له دۆخی ئێستادا زۆرێک له بڕگه یاساییه‌کان له کوردستان له‌بنه‌مادا جێبه‌جێ نه‌کراون و گرینگییه‌کی به‌رهه‌ستیان نییه. هه‌ر بۆیه ناتوانین چاوه‌ڕوان بین له‌ڕێگه‌ی به‌فه‌رمیناسینی یاسای کۆڵبه‌ری، گۆڕانێکی گه‌وره له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێزه سه‌ربازییه‌کان له‌گه‌ڵ کۆڵبه‌ران و قه‌تڵ و کوشتنیان بێته ئاراوه.
له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه، ده‌بێت له شوێنێکی دیکه‌دا سۆراخی هه‌وڵه‌کان بۆ به‌فه‌رمیناسینی کۆڵبه‌ری بکه‌ین. دۆخی ناوازه و ئاوارته و بوونی به یاسا و دیسیپلین له کوردستان زه‌مینه‌یه‌که وا وێرانیی سووژه‌ی کوردی(له‌وانه‌ش کۆڵبه‌ر) تێیدا دێته ئاراوه. ئاگامبێن(1998) ده‌ڵێت ئه‌مه ڕاست نییه که به‌هۆی دهرهکیبوونی دۆخی ناوازه به نیسبه‌ت یاساوه، له په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ یاسادا چاوپۆشی بکه‌ین به‌ڵکوو “دۆخی ناوازه” په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ یاسادا له ڕیگه‌ی ههڵپهساردنهکانی یاسا به‌رده‌وام ده‌پارێزێت. ئه‌و ئه‌م په‌یوه‌ندییه به جۆرێک (له‌مپه‌ر)، (ڕه‌تکردنه‌وه) یان (دوورخستنه‌وه) ده‌بینێت. ئاگامبێن(1998:25) ده‌ڵێت که (په‌یوه‌ندیی ناوازه هه‌مان په‌یوه‌ندی لهمپهردانانه). له ڕاستیدا سووژه‌یه‌ک که له دۆخی ناوازه‌دا ڕه‌ت کراوه‌ته‌وه و ده‌رکراوه، له پانتای یاسادا نه‌خراوه‌ته ده‌ر به‌ڵکو لێی گه‌ڕاون به حاڵی خۆیه‌وه که هه‌ر ئه‌م لێگه‌ڕان و وازلێهێنانهش به‌مانای جێگیربوونی به‌رده‌وام له به‌رده‌م زه‌خت و زۆری یاسایه. کۆڵبه‌ره کورده‌کان(وه‌کوو سووژهکانی دیکه‌ی کورد) ئاوه‌ها دۆخێک به شێوه‌ی ڕۆژانه ئه‌زموون ده‌که‌ن. کۆڵبه‌ری له پانتای یاسادا له ئێران ڕه‌ت کراوه‌ته؛ به‌ڵام ئه‌م ڕهتکرانهوهیه به‌م مانایه نییه که یاسا له هه‌مبه‌ر وی دا جێبه‌جێ نابێت، به‌ڵکوو به‌م مانایه‌یه که یاسا به توندترین شێوه و به بێ هه‌بوونی هیچ بهدواداهاتێکی یاسایی له‌گه‌ڵیدا ده‌جووڵێته‌وه. له ڕاستیدا کۆڵبه‌ر له یاسادا (ده‌رکراوه) به‌ڵام هاوکات له(هه‌ناوی)دایه و سه‌رکوت ده‌کرێت.
به فهرمیناسینی کۆڵبه‌ری ههنگاوێکی بنه‌ماییه له ئاساییکردنه‌وه‌ی کۆڵبه‌ری و سته‌ملێکراویی به‌شێوه‌ی گشتی. به هه‌مان شێوه که باس کرا، کۆڵبه‌ری فۆرمێک له سته‌ملێکراویی چه‌ند قاته و به‌فه‌رمیبوونی ته‌نها هه‌وڵێکه بۆ به‌فه‌رمیناسینی ئه‌م ستهملێکراوییه چه‌ند قاته و ئاساییکردنه‌وه‌ی. ئاساییکردنه‌وه‌ی کۆڵبه‌ری وه‌کوو فۆرمێک له سته‌ملێکراوی به‌م مانایه‌یه که سووکبوونی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی سووژه‌ی کورد بابه‌تێکی ئاساییه که یاساش پشتگیریی لێ ده‌کات. به هه‌مان شێوه که پێشتر باس کرا، به‌یاساییبوونی کۆڵبه‌ری هیچ قه‌لغانێکی یاسایی تایبه‌ت له به‌رده‌م که‌مکردنه‌وه‌ی قه‌تڵ و کوشتنی کۆڵبه‌ران دانانێت. ئێسته له ڕێگه‌ی به‌فه‌رمیبوونی یاساییه‌وه ئه‌م بابه‌ته ده‌خرێته زه‌ینه‌وه که هه‌ندێک له کورده‌کان حه‌زیان له کۆڵبه‌رییه و په‌سندی ده‌که‌ن. هه‌وڵه جیاوازه‌کان له‌باره‌ی به‌یاساییبوونی کۆڵبه‌ری ده‌شێت هه‌ر به‌م ئاڕاسته‌یه‌دا ڕاڤه بکرێن. ئه‌گه‌رچی هه‌ندێک له کورده‌کان به شێوه‌یه‌کی نه‌خوازراو هاتوونه‌ته ناو ئه‌م کایه سیاسی و ئایدۆلۆژییه‌وه، به‌ڵام ئه‌مه داواکارییه‌که که به زۆری له لایه‌ن گرێدراوه سیاسی، ئابووری و ئایدۆلۆژییه‌کانی نه‌زمی سیاسیی زاڵ پهیگریی و به‌دواداچوون ده‌کرێت. به‌هه‌رحاڵ بهیاساییبوون و به‌فه‌رمیبوونی کۆڵبه‌ری نه‌ک ته‌نها ناتوانێت یارمه‌تییه‌کی دۆخی کۆڵبه‌ران بدات به‌ڵکوو سووکبوون و وێرانبوونی ژیانی ڕۆژانه‌یان به فه‌رمی ده‌ناسێت و وه‌کوو بابه‌تێکی ئاسایی له جیهانی ئابووریدا ده‌یخاته ڕوو.
ئه‌م بابه‌ته به شیوگهلی جۆراوجۆر ئه‌نجام ده‌درێت که ئامانجی دواجاری هه‌موویان ده‌سکاریکردنی زه‌ینی سووژه کورده‌کان و به‌رهه‌مهێنانی تامه‌زرۆیی لهواندایه بۆ داکۆکی و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی دۆخی سته‌ملێکراوه‌یی هه‌ڵخێزراو له کۆڵبه‌ری. پێکهاتی فانتێزی سووژه کورده‌کان به شێوه‌یه‌ک ده‌سکاری ده‌کرێت که له تێڕوانینی ئه‌واندا بۆ پچڕانی زنجیره‌ی سته‌ملێکراویی هه‌ڵخێزراو له کۆڵبه‌ری، ده‌بێت به یاسایی بکرێت و به‌فه‌رمی بناسرێت. له سه‌ر بنه‌مای ئه‌م پێکهاته فانتێزییه، به‌فه‌رمیبوونی کۆڵبه‌ری ده‌توانێت به‌رژه‌وه‌ندی ئابووریی زۆری بۆ کورده‌کان به تایبه‌تی له ناوچه سنوورییه‌کاندا هه‌بێت و ببێته هۆی گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌م ناوچانه. فانتێزییهکی بنه‌مایی که له‌م بواره‌دا دروست کراوه، بازاڕجه سنوورییه‌کان و بوونی شاره‌کان به ناوچه‌ی ئازادی بازرگانییه. ئه‌زموونی لانیکه‌می بازاڕچه سنوورییه‌کان له کوردستان پیشانی داوه که ئه‌م فانتێزییه به ئاڕاسته‌ی گه‌شه‌سه‌ندن و بۆ نموونه نه‌هێشتنی ڕه‌نج و سه‌ختییه‌کانی کۆڵبه‌ران نییه، به‌ڵکوو ڕێک به پێچه‌وانه‌وه که‌وتووه‌ته‌وه و له‌م ناوچانه کۆڵبه‌ران زیاتر له به‌رده‌م مه‌ترسیدان. له‌باره‌ی گه‌شه‌سه‌ندوویی و په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ بازاڕچه سنوورییه‌کان و فانتێزیگهلێکی له‌م شێوه‌یه‌ش ئه‌زموونه‌کان ده‌ریده‌خه‌ن که په‌یوه‌ندییه‌ک له نێوان ئه‌م دوو بابه‌ته‌دا نییه. ڕه‌نگه ئاستی ژیان و خۆشگوزه‌رانیی هه‌ندێک له هاووڵاتییان له‌و شارانه‌ی که خاوه‌نی بازاڕچه‌ی سنوورین، بڕێک بچێته سه‌ره‌وه به‌ڵام ئه‌مه به هیچ شێوه‌یه‌ک به مانای گه‌شه‌سه‌ندن یان ته‌نانه‌ت هه‌وڵ بۆ گه‌یشتن به گه‌شه‌سه‌ندن نییه. گه‌شه‌سه‌ندن خاوه‌نی هه‌ندێک پێویستیی پێکهاته‌یی و بنچینه‌ییه و به درووست‌کردنی چه‌ند بازاڕچه‌ی سنووری و بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی ئاستی ژیان و خۆشگوزه‌رانیی هاووڵاتیانی سه‌ر به چینێکی دیاریکراو نایه‌ته ئاراوه. هه‌ر بۆیه ئه‌م فانتێزییه که به ئاڕاسته‌ی ئاساییکردنه‌وه‌ی کۆڵبه‌ری وه‌کوو فۆرمێک له ستهملێکراوییه له بنه‌مادا هه‌ڵگری پێکهاتێکی پیس و بۆگه‌نه.
به هه‌مان شێوه که ژیژه‌ک(2009) ده‌ڵێت پێکهاتی فانتێزی له‌بنه‌ڕه‌تدا له خزمه‌تی به‌دیهێنانی ئاره‌زووی(ئه‌ویدی)ییه. (ئه‌ویدی) و به شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت (ئه‌ویدییه‌کی گه‌وره) له بنه‌مادا له ڕێک و پێکی و چروپڕبوونی مانایی بێبه‌شه و فانتێزی ده‌قیقه‌ن هه‌وڵێکه بۆ دیزه به ده‌رخۆنه کردنی ئه‌م پرسه. لاکان(2011) باوه‌ڕی وایه که فانتێزی بابه‌تێکی خه‌یاڵییه که له کارکردێکی دهلالهتیدا شاراوه‌یه. ئه‌و باوه‌ڕی وایه که فانتێزی ده‌قیقه‌ن له شوێنی ئاشکرابوونی “نهدارێتیییهکان”(فقدان) له (ئه‌ویدیی گه‌وره)، خۆی وه‌کوو پشتیوان پیشان ده‌دات؛ فانتێزی وه‌کوو پشتیوانی (ئه‌ویدیی گه‌وره‌ی تووشی نهدارێتی)، له پانتای ڕه‌مزیدا ده‌جووڵیته‌وه. لۆژیکی سیاسی-ئایدۆلۆژیکی زاڵ له‌سه‌ر (ئه‌ویدی) کورده‌کان هه‌م له ڕووی سیاسی، هه‌م له ڕووی کولتووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه تووشی نه‌بوون و نهدارێتی و ناڕێکوپێکی پێکهاته‌ییه. دروستبوونی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌کان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به زۆری له سه‌ر بنه‌مای دابه‌شکردنه کۆلۆنیالیستییه‌کان بووه و دیاره که بنه‌مایان له‌سه‌ر فۆرمێک له سه‌رلێشێواوی مانایی و مێژووییه. سه‌رووتر له‌مه‌ش، سته‌مکاریی ئه‌م ده‌وڵه‌تانه له هه‌مبه‌ر کورده‌کان و هه‌وڵیان بۆ دروستکردنی شوناسێکی ساخته‌ی نه‌ته‌وه‌یی و جێگیرکردنی شوناسی کورده‌کان له چوارچێوه‌ی ئه‌م شوناسه نه‌ته‌وه‌ییه (له ژیر ناوی شوناسه ئیتنیکییه‌کان) هه‌ر به‌م ئاڕاسته‌یه‌دا ده‌خوێنرێته‌وه. ئه‌وان له نه‌بوون و بهرههستنهبوونی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی یه‌کانگیر باش ئاگادارن و هه‌وڵه‌کانیان بۆ دروستکردنی پێکهاته فانتێزییه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای ئێرانی که‌ونارا(تورکیه‌ی عوسمانی و…) و یه‌کانگیر هه‌ر له‌م لایه‌نه‌وه ده‌شێت باسیان له‌سه‌ر بکرێت. پێکهاتی فانتێزیی به‌رباس له‌باره‌ی کۆڵبهریشهوه هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌یه. نه‌زمی ڕه‌مزی و واقیعیی (ناوه‌ند) تووشی قه‌یرانی بنه‌ماییه و هه‌ڵپێکرانی له‌گه‌ڵ(په‌راوێز) بابه‌تێکی ساخته و درۆیه.
(ناوه‌ند)سه‌رکه‌وتنێکی له شکڵپێدان و به‌رده‌وامیی ئه‌م ڕێکوپێکییه به‌شێوه‌ی به‌رهه‌ست نه‌بووه و هه‌میشه بزووتنه‌وه ڕزگاریخوازانه‌کانی له هه‌مبه‌ر خۆیدا بینیوه‌ته‌وه. هه‌ر بۆیه به شوێن وێرانکردنی ژیانی ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، که‌لتووری و زمانیی (په‌راوێز) و به شێوه‌ی تایبه‌ت کورده‌کانه. کۆڵبه‌ری هه‌وڵێکه بۆ دابینکردنی ئه‌م پرسه له لایه‌ک، و به‌دواداهاتی ئه‌م هه‌وڵه له لایه‌کی دیکه‌وه. به زمانێکی دیکه، کۆڵبه‌ری هه‌وڵێکه له لایه‌ن (ناوه‌ند)ه‌وه بۆ وێرانکردنی شێوه‌ژیانی کوردی به مه‌به‌ستی ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌م نه‌زم و ته‌کوزییه ساخته‌یه. به‌ڵام ئه‌مه هه‌موو گێرانه‌وه‌که نییه. (ناوه‌ند) یان (ئه‌ویدی) به هه‌وڵدان بۆ به‌فه‌رمیکردنی کۆڵبه‌ری تێده‌کۆشێت زه‌ینییه‌ت و فانتێزیی سووژه کورده‌کان به شێوه‌یه‌ک ده‌سکاری بکات تاکوو قبووڵ بکه‌ن که ئاوه‌ها داواکاری و ئاره‌زوویه‌ک ده‌قیقه‌ن خواستی کورده‌کانه و ناوه‌ند له ژێر زه‌ختی کورده‌کان ملی بۆ به‌فه‌رمیکردنی کۆڵبه‌ری داوه. به‌ڵام ڕاستییه‌که شتێکی دیکه‌یه.
ڕاستییه‌که ئه‌مه‌یه که ئه‌مه (ئاره‌زووی ئه‌ویدی)یه که له قه‌واره‌ی(ئاره‌زووی کورده‌کان) به مه‌به‌ستی به فهرمیناسیانی کۆڵبه‌ری ده‌رده‌که‌وێت. پێکهاتی فانتێزیی دروستکراو، بڕیاره هه‌مان ئه‌رک به ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت. ژیژه‌ک(2009) له کتێبی (تاعوونی فانتێزییه‌کان) باوه‌ڕی وایه که ده‌قیقه‌ن ئه‌مه فانتێزییه که له سه‌ره‌تادا ئێمه فێر ده‌کات ئاره‌زوومان بۆ شتێک بجووڵێت. فانتێزی ڕۆنهری ئاره‌زووی ئێمه‌یه. فانتێزی ئارهزووجووڵانه بۆ ئۆبژه‌یه‌ک، بابه‌تی دڵخوازی تاکه‌که‌سیی تایبه‌تی منه. له‌م ئاسته‌دا فانتێزی هی منه. به‌ڵام پرسیارێکی بنه‌مایی که ژیژه‌ک گه‌ڵاڵه‌ی ده‌کات ئه‌مه‌یه که ئایا ئاره‌زوویه‌ک که له ناو فانتێزیشدا به‌دی دێت هی منه؟ وه‌ڵامی ژیژه‌ک نه‌رێنییه. ئه‌و باوه‌ڕی وایه که ئه‌مه نه‌ک ئاره‌زووی من به‌ڵکوو ئاره‌زووی ئه‌ویدییه(ژیژه‌ک، 2009؛ 95-145). له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه، ئاره‌زوو و خواستی سووژه‌ی کوردی که تامه‌زرۆی به‌فه‌رمیبوونی کۆڵبه‌رییه، نه‌ک ته‌نها ئاره‌زووی (خۆی) نییه به‌ڵکوو ئاره‌زووی (ئه‌ویدی) و (ناوه‌ند)ه که له چوارچێوه‌ی فانتێزیی خۆشگوزه‌رانیی ئابووری، گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری، بازاڕچه‌ی سنووری و…له ڕیگه‌ی لۆژیکی سوڵته و زاوتهوه ده‌رکه‌وتووه. دیاره که ئاوه‌ها فانتێزیگهلێک له لایه‌ن لۆژیکی سوڵته‌ی (ئه‌ویدی) به مه‌به‌ستی ده‌سکاریکردنی زه‌ینییه‌تی سووژه‌ی کوردی به‌رهه‌م هێنراون.
فانتێزی وه‌کوو دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی ته‌نها کاتێک ده‌توانێت به‌شیوه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتوو نه‌زمی پێکهاته‌یی به‌رمه‌به‌ستی ئایدۆلۆژیای پشتیوانی خۆی بپارێزێت که له قۆناغی یه‌که‌مدا بتوانێت پێکهاته‌گه‌لێک له بێ نه‌زمی و بشێوه پێناسه بکات و له قۆناغی دووهه‌مدا ئه‌م پێکهاته بێ نه‌زمه ڕۆنراوانه وه‌کوو گێچهڵفرۆشێک، وه‌کوو بێگانه‌یه‌ک و به‌شێوه‌ی گشتیی وه‌کوو سه‌مپتۆمێک پێناسه بکات. به وته‌ی ئیساڤراکاکیس(1394:123) (بۆ ئه‌وه‌ی که فانتێزی به ڕێک و پێکی بمێنیته‌وه، سه‌مپتۆم ده‌بێت له‌که‌دار و نابوود بکرێت). ئه‌م بابه‌ته ده‌قیقه‌ن له لایه‌ن لۆژیکی زاڵی (ئه‌ویدی) به درێژایی مێژووی هاوچه‌رخ په‌یڕه‌و کراوه. کورده‌کان هه‌میشه وه‌کوو گێچهڵساز و سه‌مپتۆمێک له جێبه‌جێبوونی سیاسه‌ته کۆلۆنیالیستییه‌کان له ئێران و له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به گشتی باس کراون و ده‌وڵه‌تانی زاڵ هه‌موو هه‌وڵی خۆیان بۆ وێرانکردنی ئه‌م سه‌مپتۆمه خستووه‌ته گه‌ڕ. به‌رهه‌مهێنانی کۆڵبه‌ری و هه‌وڵ بۆ بهرههمهێنانهوهشی هه‌ر به ئاڕاسته‌ی ئه‌م هه‌وڵانه‌دا بووه. ئه‌و فانتێزییانهی که به ئاڕاسته‌ی ده‌سکاریکردنی زه‌ینیی سوژه کورده‌کان به مه‌به‌ستی ئایدیالبینینی فه‌رمیکردنی کۆڵبه‌ریش به‌رهه‌م هێنراون، ڕێک هه‌ڵگری هه‌مان پێکهاتن. ئامانجی ئه‌م فانتێزییانه پاراستنی نه‌زم و نۆرمی کۆمه‌ڵایه‌تی زاڵ و وێرانکردنی سه‌مپتۆم (کورده‌کان)ه. به‌ڵام به هه‌مان شێوه که باس کرا ئاوه‌ها فانتێزیگهلێک (بۆ نموونه گه‌شه‌سه‌ندوویی، خۆشگوزه‌رانیی ئابووری، پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه و…) به‌ر له هه‌ر شت پێویستیان به گێچهڵفرۆشێکه؛ گێچهڵفرۆشێک که ئاوه‌ها پێکهاتانێکی خستووه‌ته مه‌ترسییه‌وه، گرووپه شوناسخوازه کورده‌کان(له‌وانه ناسیۆنالیسته‌کان، چه‌په‌کان و…) که به ئاڕاسته‌ی ڕزگاریی کورده‌کان له سته‌ملێکراویی هه‌وڵ ده‌ده‌ن، به‌گشتی وه‌کوو ئه‌و گرووپانه ده‌ناسرێن که گیچهڵن بۆ ده‌ستڕاگه‌یشتن به گه‌شه‌سه‌ندن، خۆشگوزه‌رانیی ئابووری، ڕزگاری، پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه و…، به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌وان دژی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ستهملێکرایی و دۆخی کۆلۆنیالبوونی کوردستانن. ئه‌وان ده‌بن به سه‌مپتۆمی پێکهاتی فانتێزی. ئامانج له ئاوه‌ها پرسێک لێکهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی نه‌زمی پێکهاته‌یی کۆمه‌ڵگای کوردی، به‌رهه‌مهێنانی (ئه‌ویدییه ده‌روونییه‌کان)، وێرانکردنی فانتێزییه ڕزگارکه‌ره ناوه‌کییه‌کان، به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی دۆخی پێکهاته‌ی زاڵ و به شێوه‌ی گشتی به‌رده‌وامبوونی دۆخی ئاماده و هه‌بووه.
لۆژیکی سوڵته‌ی (ئه‌ویدی) له‌ڕێگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی فانتێزیگهلێکی وه‌کوو گه‌شه‌نه‌سه‌ندوویی، خۆشگوزه‌رانیی ئابووری، گه‌شه‌سه‌ندنی سنووری و خۆماڵی و…زه‌ینییه‌تی سووژه کورده‌کانی ده‌سکاری کردووه. به فهرمیناسینی کۆڵبه‌ری له لایه‌ن یاساوه هه‌وڵێکه بۆ گه‌شه‌پێدانی ئه‌م فانتێزییانه و گشتگیرکردنیان. (ئه‌ویدی) ئاره‌زوو و خواستی وێرانکردنی کۆمه‌ڵگای کوردی هه‌یه. ئه‌م وێرانکردنه لایه‌نی جۆراوجۆری هه‌یه که پێکهاته فانتێزییه‌کان هه‌موو ئه‌م لایه‌نانه پێکه‌وه گرێ ده‌دات. پێکهاتی ئه‌م فانتێزییانه له لایه‌ن لۆژیکی (ئه‌ویدی)یه‌وه جومگه‌به‌ندی کراوه. ئاساییکردنه‌وه‌ی سته‌م له قه‌واره‌ی کۆڵبه‌ریدا، هه‌وڵێکه له لایه‌ن لۆژیکی (ئه‌ویدی) به مه‌به‌ستی وێرانکردنی نه‌زم و نۆرمی پێکهاته‌یی کۆمه‌ڵگای کوردیی و هه‌ڵپێکرانی به نه‌زمی پێکهاته‌یی کۆمه‌ڵگای ئێرانییه‌وه. هه‌ر بۆیه ئێمه له‌گه‌ڵ دوو بابه‌ت و پرسدا ڕووبه‌ڕووین: وێرانکردنی نه‌زمی پێکهاته‌یی کۆمه‌ڵگای کوردی و نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی نه‌زمی پێکهاته‌یی کۆمه‌ڵگای ئێرانی. لۆژیکی (ئه‌ویدی) به شوێن ئه‌مه‌یه که له ڕێگه‌ی ئاساییکردنه‌وه‌ی سته‌ملێکراویی له قه‌واره‌گه‌لی وه‌کوو کۆڵبه‌ری، وێرانکردنی نه‌زمی پێکهاته‌یی کۆمه‌ڵگای کوردی بهێنیته ئاراوه. ئه‌و فانتێزییانهی که (ئه‌ویدی) ڕۆی ده‌نێت و دروستی ده‌کات ده‌قیقه‌ن به‌م ئاڕاسته‌یه و له‌م پێناوه‌دایه. ئه‌زموونی مێژوویی پیشانی داوه که فانتێزیگهلێک وه‌کوو گه‌شه‌سه‌ندن، خۆشگوزه‌رانی ئابووری، گه‌شه‌سه‌ندنی خۆجێیی، پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه و…که (ئه‌ویدی) له ڕێگه‌ی هه‌وڵدان بۆ به‌فه‌رمیکردنی کۆڵبه‌ری به به‌رهه‌می ئه‌م بهفهرمیکردنهی ده‌زانێت، به هه‌مان ڕاده‌ی (سنوورنشینانی ئازا) و (ئێرانییه ڕه‌سه‌نه‌کان) بێمانایه و ته‌نها هه‌وڵێکه بۆ داپۆشینی قه‌ڵشت و نه‌داریی زاڵ له نه‌زمی پێکهاته‌یی کۆمه‌ڵگای ئێرانی و نه‌بوونی ڕێکوپێکی و ته‌کوزیی مانایی و مێژوویی. به‌هه‌ر حاڵ ئه‌م فانتێزییانه له‌سه‌ر بنه‌مای گرێدراوێتی ئیتنیک و گرووپه شوناسییه‌کان له ژیر ئاڵای (ئێرانییه‌ت) دان و شوناسی نه‌ته‌وه‌یی ئێرانی بنه‌ماکه‌یه‌تی.
ئه‌مه هه‌مان هۆکاری بنه‌ماییه که وه‌کوو جه‌وهه‌ری نه‌زمی پێکهاته‌یی کۆمه‌ڵگای ئێرانی پێناسه ده‌کرێت. وێرانبوونی نه‌زمی پێکهاته‌یی کۆمه‌ڵگای کوردی له ڕێگه‌ی کرده‌وه‌گه‌لێکی وه‌کوو ئاساییکردنه‌وه‌ی کۆڵبه‌ری و سته‌ملێکراوی، ده‌قیقه‌ن هه‌ر له‌م پێناو و ئاڕاسته‌یه‌دایه. به‌ڵام بابه‌ته‌که ئه‌مه‌یه که ئه‌م نه‌زمی پێکهاته‌ییه به ئاسانی وێران ناکرێت. له‌ناوبردنی هاوکێشه ئابوورییه‌کان، هه‌وڵدان بۆ وێرانکردن و له‌ناوبردنی ڕه‌مزه که‌لتوورییه‌کان، قه‌ده‌غه‌کردنی فێرکاریی زمانی کوردی، له‌ناوبردنی ژینگه، قه‌ده‌غه‌بوونی چالاکیی ئازادی حیزبه‌کان، به‌شێوه‌ی گشتی گه‌شه‌نه‌سه‌ندنی سیاسی، که‌لتووری، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری له‌و هه‌وڵانه‌ن بۆ وێرانکردنی نه‌زمی پێکهاته‌یی کۆمه‌ڵگای کوردی. له به‌رامبه‌ردا، نه‌زمی پێکهاته‌یی کۆمه‌ڵگای ئێرانی وه‌کوو ((ئاره‌زووی)) ئێرانییه‌ت به کۆمه‌ڵگای کوردی ده‌ناسرێت. ئه‌م (ئاره‌زووه) له ڕێگه‌ی فانتێزییه جۆراوجۆره‌کان و به که‌ڵکوه‌رگرتن له ئامرازگه‌لێکی وه‌کوو میدیا گشتی و مه‌جازییه‌کان به شێوه‌یه‌ک پێناسه ده‌کرێت که سووژه‌ی کوردی هه‌ست ده‌کات (ئاره‌زوو)ی خودی خۆیه‌تی. له حاڵێکدا له ڕاستیدا (ئاره‌زووی ئه‌ویدی)یه که له چوارچێوه‌ی فاتێزییه ساخته‌کاندا بۆ ئه‌و خراوه‌ته ڕوو. (ئه‌ویدی)، ئه‌و گرووپانه‌ی که له پێناوی ڕزگارکردنی کورد چالاکی ده‌که‌ن وه‌کوو گێچه‌ڵ و سهمپتۆمێکی نه‌زمی پێکهاته‌یی کۆمه‌ڵگای ئێرانی ده‌ناسێنێت. له‌م ڕێگه‌یه‌وه، سه‌رلێشێواوی و بشێویی کۆمه‌ڵگای کوردی و نه‌زمی پێکهاته‌ییه‌که‌ی زیاتر ده‌بێت و کۆمه‌ڵگای کوردی به‌ره‌و لێواری وێرانی ده‌بات.
“باسی کۆتایی”
قه‌تڵ و کوشتنی ڕۆژانه‌ی کۆڵبه‌ره کورده‌کان ئه‌م بابه‌ته‌ی له زه‌یندا دروست کردووه که ئاوه‌ها دیارده‌یه‌ک پرسێکی (تاکه‌که‌سی) یان (گرووپی)یه. ئه‌مه ڕێک پرسێکه وا پێکهاتی ده‌سه‌ڵاتی زاڵ به‌سه‌ر کوردستان (ڕۆژهه‌ڵات) په‌سه‌ندی ده‌کات. ئه‌مه له حاڵێکدایه که کۆڵبه‌ری له بنه‌مادا دیارده‌یه‌کی پێکهاته‌یی و مێژووییه و خاوه‌نی میکانیزمگهلێکه وا شکڵی پێداوه و بووه‌ته هۆی به‌رده‌وامبوونی. بابه‌ته‌که ئه‌مه‌یه که ئێمه ته‌نانه‌ت ناتوانین کۆڵبه‌ری وه‌کوو دیارده‌یه‌کی تایبه‌ت و دانسقه ببینین به‌ڵکوو ده‌بێت له ئاپاراتووسێک له سته‌ملێکراویی مێژووی دابنێین و له ناو ئه‌م مه‌کینه‌یه‌دا شیکاریی بکه‌ین وبیخوێنینه‌وه. ده‌توانین لۆژیکی کۆلۆنیالیستی به‌رهه‌مهێنانی سنوور له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به تایبه‌تی له کوردستان، وه‌کوو ڕیشه‌ی سه‌ره‌کی دروستبوون و به‌رده‌وامیی فۆرمه جۆراوجۆره‌کانی سته‌ملێکراویی کورده‌کان ببینین. ئاوه‌ها لۆژیکێک بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که کوردستان له نێوان وڵاته جۆراوجۆره‌کاندا دابه‌ش ببێت و حکوومه‌ته جۆراوجۆره‌کان( به ئایدۆلۆژیای جۆراوجۆره‌وه، به‌ڵام هاوده‌نگ و هاوشێوه له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ کورده‌کان) به سه‌ریدا زاڵ بن. به‌هۆکاری جیاواز، کوردستان بووه به (په‌راوێز)ی حکوومه‌ته‌کان و کۆمه‌ڵگاکانی ناوه‌ند. هاوکێشه ئابوورییه‌کانی پێش سه‌رمایه‌داری له ناویدا وێران بوون؛ په‌تێرن و سه‌رنموونه و هاوکێشه‌گه‌لی نوێ دروست نه‌بووه؛ سه‌رچاوه‌کانی سه‌رمایه‌ی تاڵان کراوه و له دواجاردا دیستۆپیایهکی ئابووری دروست بووه. کۆڵبه‌ری له ئاوه‌ها فه‌زایه‌کی ئابووری، سیاسی و مێژوویی‌دا شکڵی گرتووه و به‌رده‌وام بووه.
کۆڵبه‌ری دۆخێکی کوشنده و سامناکی سته‌ملێکراویی له کوردستاندا دروست کردووه. سووژه‌ی کۆڵبه‌ر بووه به هۆمۆساکهر و مووزڵمانێک که له به‌ستێنی یاسا ده‌رکراوه. ئه‌م ده‌رکردن و وازلێهێنانه یاسایی و مافییه، بوار و ئیزنی کوشتن و مه‌رگی کۆڵبه‌ری به بێ به‌دواداهاتی یاسایی ئه‌وتۆ ده‌رکردووه. له ڕاستیدا کوشتنی کۆڵبه‌ر پرسێکه به بێ به‌دواداهاتی یاسایی ئه‌وتۆ، چون له بنه‌مادا کۆڵبه‌ر ناکه‌وێته ناو ده‌قی یاساوه. له‌م ساڵانه‌ی دواییدا هه‌وڵ و باسگه‌لێک بۆ به‌فه‌رمی ناسینی کۆڵبه‌ری هاته ئاراوه به‌ڵام وا دێته پێش چاو ئه‌م بابه‌ته به ئاڕاسته‌ی جێگیرکردن و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی دۆخی سته‌ملێکراویی کورده‌کاندا بێت تاکوو هه‌وڵێک بۆ ڕزگارکردنی کۆڵبه‌ران له دۆخی سته‌ملێکراوی. ڕۆنراوی فانتێزییه جۆراوجۆره‌کانی وه‌کوو گه‌شه‌سه‌ندوویی، زیادبوونی خۆشگوزه‌رانی ئابووری، گه‌شه‌سه‌ندنی خۆجێیی و …که له لایه‌ن لۆژیکی (ئه‌ویدی)یه‌وه وه‌کوو به‌رهه‌مه ئابوورییه‌کانی به‌فه‌رمی ناسینی کۆڵبه‌ری و فۆرمه‌کانی دیکه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ی ئابووری هاتوونه‌ته ئاراوه، هه‌ر به‌م ئاڕاسته‌یه‌دا جێگه‌ی باسن.
پرسێکی دیکه ئه‌مه‌یه که کۆڵبه‌ری وه‌کوو فۆرمێک له سته‌ملێکراوی شتێکی(دانسقه)نییه به‌ڵکوو ته‌نها فۆرمێک له دۆخێکی خاوه‌ن فۆرموول و دیسیپلینه؛ حاڵه‌تێک که تێیدا فۆرمه جۆراوجۆره‌کان له سته‌ملێکراویی دروست بووه و سووژه کورده‌کان به شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام له ژێریا چاودێری ده‌کرێن و ده‌چه‌وسێنه‌وه. کۆڵبه‌ری ته‌نها فۆرمێک له‌م دۆخه و ته‌نها نوێنه‌ر و نواندنه‌وه‌ی ماهییهتهکهیهتی؛ فۆرمێک که له پڕێکدا سه‌ری هه‌ڵداوه و بیری ئێمه ده‌خاته‌وه که له دۆخێکی ئاوارته و دانسقه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه‌دا ده‌ژین؛ دۆخێکی دانسقه که بووه به یاسا و دیسیپلین. بینیامین(1969) له تێزی هه‌شته‌م له کۆمه‌ڵه تێزه‌کانی له‌باره‌ی مێژوو، دۆخی دانسقه وه‌کوو (کاره‌سات) ناو ده‌بات (به‌پێچه‌وانه‌ی ئیشمیت که وه‌کوو په‌رجۆ باسی ده‌کات). ئه‌و ده‌ڵێت نه‌رێتی مێژوویی سته‌ملێکراوان پێمان ده‌ڵێت که دۆخی دانسقهیهک وا تێیدا ده‌ژین نه‌ک ته‌نها دانسقه نییه به‌ڵکوو خۆی یاسا و نۆرمه. بنیامین(1977) دۆخی دانسقه به حاڵه‌تێک ده‌زانێت له لایه‌ن یاساوه پوتانسیه‌ل و ئه‌گه‌ری نواندنه‌وه و نومایشکردنی هه‌بێت. ئه‌و باوه‌ڕی وایه که دۆخی دانسقه له حاڵه‌تێکدا ڕوو ده‌دات که له سنووره‌کانی حوکمرانی و یاسا تێپه‌ڕێن و بگه‌ین به سیاسه‌تی ڕاسته‌قینه که له بنه‌مادا کرده‌وه‌یه‌کی مرۆڤانه‌یه. له‌م حاڵه‌ته‌دا ئێمه له گه‌ڵ سووژه‌گه‌لێکی ئینسانی‌دا ڕووبه‌ڕووین که له پێگه‌ی ئینسانیی خۆیان به ته‌واوه‌تی بێبه‌ش کراون و جگه له جه‌سته‌یه‌کی داڕزاو و شه‌قبردوو شتێکی دیکه‌یان لێ نه‌ماوه‌ته‌وه. له ڕاستیدا له حاڵه‌تێک وا دۆخی دانسقه ده‌بێت به دۆخی یاسایی و نۆرم، ئه‌وه‌ی له سووژه ئینسانییه گیرخواردووه‌کان له دۆخی دانسقه‌دا ده‌مێنیته‌وه ته‌نها و ته‌نها جه‌سته‌یه‌کی سووژه‌ی له گیانه‌ڵلادایه. ئه‌مه ده‌قاوده‌ق وێنه‌یه‌که له دۆخی کۆڵبه‌رانی کورد؛ هۆمۆساکهر و مووزڵمانگهلێک وا ته‌نها جه‌سته‌گه‌لێکی له حاڵی گیانهڵڵایان لێ ماوه‌ته‌وه.
نووسین:نه‌ریمان محه‌مه‌دی
وه‌رگێڕ:موحسین عه‌لیڕه‌زایی