سەرەتای تەعریب دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپریاتۆرییەتی عوسمانی و لەسەر دەستی مەدحەت پاشا ئەنجام درا، کە ژمارەیەک عەرەبی کۆچەر و حوشتر و مەڕلەوەڕێنی لە حەویجە جێنشین کرد، کە لە ناوچەکانی باشووری کەرکووک بەدوای لەوەڕگە و پاواندا دەگەڕان بۆ مەڕوماڵاتیان.
مەدحەت پاشا لە چوارچێوەی (پەرەپێدانی کشتوکاڵ و بڕەوپێدانی کشتوکاڵی!) ئەو عەرەبە کۆچەرییانەی هێنا و لە ناوچەکە نیشتەجێی کردن، بەڵام وەك مێژوونووسان دەیڵێن ئەو هەنگاوە هیچ مەبەستێکی سیاسیی لەپشتەوە نەبوو، جگە لە هەنگاوی بە کشتوکاڵکردنی ناوچەکە و جێنشینکردنی ئەو عەرەبە کۆچەرییانە، ناوچەی حەویجە و دەوروبەریشی زەوییەکی بەپیتی کشتوکاڵیی هەبوو، تا ئەو کاتە هیچ سوودێکی لێ نەبینرابوو. بەڵام هەر لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی ئێراقی عەرەبییەوە، لەسەر دەستی ڕژێمەکانییەوە ناوچە هەستیار و دەوڵەمەندە بە نەوتەكانی کوردستان وەک کەرکووک و دەوروبەری، لە سییەكانی سەدەی رابردووەوە کەوتنە بەر شاڵاوی تەعریب و هەنگاو بە هەنگاو زیاتر پەیڕەویان دەکرد، بەتایبەت دوای ئەوەی بەعسییەکان دەسەڵاتیان گرتە دەست، پرۆسەی تەعریبیان بە شێوەیەکی زۆر ڕێکخراو خستە بەرنامەی کاری خۆیانەوە، ناوچە دەوڵەمەند بە نەوتەکانیان لە کورد چۆڵ کرد و عەرەبیان لە شوێنیان نیشتەجێ کرد.
لەو پرۆسەیەشدا گەورەترین توانای خۆیان خستە گەڕ بۆ سەرکەوتنی کارەکانیان و کرێکارانی کۆمپانیای نەوتی کەرکووک، کە زۆربەیان کورد بوون دەرکران و عەرەبی هاوردەیان لە شوێنیان دامەزراند، زەویی کشتوکاڵیی جووتیارانیان لەسەر عەرەبە هاوردەکان تاپۆ کرد و خاوەنە ڕەسەنەکانیان، کە کورد بوون و تاپۆی ڕەشی سەردەمی عوسمانییان هەبوو، بێ زەوی و ماڵ و موڵکیان کردن و وەدەریان نان. واتا بەعس بە شێوەیەکی زۆر ڕێکخراو دەستی بە پرۆسەی تەعریبی ناوچەكە کرد و زۆرترین توانای سەربازی و لوجستیشی خستە خزمەتی مەرامەکانیەوە، بۆ بەئەنجامگەیاندنی خەونە گڵاوەکانی، جگە لەوەش، پشتێنەیەکی ئەمنیی سەربازیی لە ناوچەکە دروست کرد، بۆ پاراستنی بیرە نەوتەکان و سەدان کیلۆمەتری لە ناوچە کوردیەکان چۆڵ کرد و کردییە سەربازگە و قەدەغەی هاتوچۆی کوردی لێ راگەیاند، ئەم پرۆسەیەش لەلایەن سەرانی بەغدا بەردەوام چاودێریی دەكرا و نوێ دەكرایەوە، تا ڕووخانی بەعس و پێچانەوەی دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی.
بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانییە، لە ئێراقی نوێ و فیدڕاڵیدا، کە کورد بەپێی دەستوورەکەی هاوبەشە لە حوکمڕانیكردنی، تەعریب هەر بەردەوامە و بە شێوەیەکی چڕتر ئەوەی بەعس پێی تەواو نەکرا، سەرکردە عەرەبە چاوڕەشەکانی دوێنێی دۆستی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆ، خەریکی پلانگێڕانن و لە جێبەجێکردنی بەرنامەی بەعسدان.