دواى ڕێککەوتننامەى سایکس – بیکۆ، کەلەنێوان هەریەک لە (بەریتانیا وفەرەنسا وڕوسیای قەیسەرى) دا بەنهێنى واژۆکرا بەمەبەستى دابەشکردنى میراتى دەوڵەتى عەسمانى لەنێوان خۆیاندا، کوردستانیان دابەشکرد بەسەر پێنج بەشداو هەر بەشێکیان لکاند بەیەکێک لەدەوڵەتەکانى: سوریا وعێراق وتورکیا، هەربۆ زانیارى لەو کاتەدا بەشی ڕۆژهەڵاتى کوردستان لەژێر فەرمانڕەوایەتى ئێراندا بوو لەساڵى ١٥١٤ ەوە، لەساڵى ١٩١٧ شۆڕشی بەلشەفییەکان لەڕوسیا بەسەرکردایەتى لینین هەڵگیرساو ئەو ڕێککەوتنەى ئاشکرا کرد، ئەمەش بوو بەهۆى لەدەستدانى بەشێکى زۆرى ئەو زەوییانەى کوردستان کەبڕیاربوو بدرێت بەڕوسیا ولەئاکامدا لکێندرا بەتورکیاوە، بەوەش بەشێکى بچوک مایەوە ولکێندرا بەڕوسیاوە، وەک وەڵام دانەوەیەک بەرامبەر بەڕێککەوتننامەى لۆزان، حوکمى ئۆتۆمى درا بەو بەشەى یەکێتیى سۆڤییەت وناونرا کوردستانى سوور و بەڕێز گۆسیڤ گاجییف “حسێن گاجییف” وەک سەرۆکى ئەو هەرێمە هەڵبژێردرا و”لاجیین” کرا بەپایتەختى ئەو هەرێمە، چەند شارێکى دیکەى وەک شارەکانى کلیباجان، کوباتلی، زانغیلان، جلیلابسکى، لکێندران بەو هەرێمەوە.
دواى ئەم ڕووداوانە خۆشی کوردەکان دەستی پێکرد وشادییان گێڕا لەهەموو ناوچەکاندا، بەڵام دواى کۆچى دوایی لینین ودواى ئەوەى ستالین هاتە سەرتەختى فەرمانڕەوایەتى شیوعییەکان وکاربەدەستانى تورکەکان بۆنى نەوتیان دا بە لوتى ستالیندا، ستالین هێدى هێدى دەستیکرد بە دەستهەڵگرتن بۆ تورکەکان، تاوەکو دواتر شۆڕشى شێخ سەعیدى پیران هەڵگیرسا، بەناچارى تورکەکان پەنایان بردە بەر ستالین تاوەکو کوردستانى سوور لەناوبەرێت لەبەر ئەوەى کوردەکانى دیکە چاویان لێدەکەن وبەردەوام لەگەڵ تورکەکاندا دەجەنگن بەمەبەستى بەدەستهێنانى سەربەخۆیی، لە ئەنجامدا وەڵامى داخوازییەکانیانى دانەوە بەڵام لەچوارچێوەى ئەو مەرجانەى کەبۆى دیاریکردبوون ولەچوارچێوەى دەوڵەتێکى ستەمکاردا.
دواتر ستالین دەستیکرد بەچەوساندنەوەى کوردەکان ولەو پێناوەدا بەدواى پاساودا دەگەڕا بەمەبەستى هەرەس پێهێنانى کوردستانى سوور، لەساڵى ١٩٣٠ دا ڕێککەوتنێکى سێ قۆڵی لەنێوان هەریەک لە ئێران وتورکیا ویەکێتیی سۆڤییەتدا کرا بەمەبەستى دامرکاندنەوەى شۆڕشی ئاگرى داخ.
حکومەتى شیوعیی سۆڤییەتى پەیمانى دا کەبەشێوەیەکى یەکجارەکى کۆتایی بە کوردستانى سوور بهێنێت، هەروەها یەکێتیی سۆڤییەتی بەشدارى کاراى هەبوو لەسەرکوتکردنى شۆڕشی ئاگرى داخ بەسەرۆکایەتى نورەدین پاشا، لەهەمان ساڵدا دەوڵەتەکەیان هەڵوەشێندرایەوە ودەستکرا بەدابەش کردنیان بەسەر وڵاتەکانى دیکەى یەکێتیى سۆڤییەتى جاران وەک: ئۆکرانیا، مۆڵدافیا، قیرقیزیا، ئۆزبەکستان تاجیکستان، تورکمانستان وکازاخستان.
لەماوەى جەنگى جیهانى دووەمدا ولەساڵى ١٩٤٤دا، یەکێتیی سۆڤییەت جارێکى دیکە دەستیکرد بە ڕاگوێزانى زۆرەملێی کوردەکانى جۆرجیا وئەرمینا بەرەو بیابانەکانى کازاخستان وئۆزبەکستان وقیرقیزستان وتورکمانستان، ئەمجارە بەبیانوى ئەوەى کە ئەمانە لەهەمان ڕەگەزى ئارین کە ڕەگەزى ئەڵمانییەکانە، ئەمە لەکاتێکدا کەژمارەیەکى زۆرى لاوە کوردەکان لەبەرەکاندا لەدژی ئەڵمانییەکان دەجەنگان وتورکەکان هاوپەیمانى ئەڵمانییەکان بوون، بەڵام تاوەکو ئێستا نازانرێت کەهۆى چی بوو ستالین قینى لەکوردەکان هەڵگرت ولەزستانێکى سارددا بەرەو بیابانە ساردەکان ڕاگوێزى کردن، ئەو ڕووداوەى کەکوردەکان دەڵێت هیچ کاتێک بیر ناچێتەوە چونکە باشترین ڕۆڵەکانمان لەو ڕووداوەدا لەناوچوون.
نوسینى: د. محەمەد ئەحمەد بەراززى دانیشتوى کازاخستان