“کۆمەڵگەی کورد لە ئێراندا لە پاش شۆڕش”
شەوی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی ئێراق، هەزاران کەس لە خەڵکی کوردستانی ئێران بە دەم گۆرانی وتن و سەماکردن و هاتوهاوارەوە بۆ بڕیاردان لە چارەنووس، ڕژانە سەر شەقامەکان. لە کۆبوونەوەیەکیدا لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا لە پاش هەفتەیەک لەم ڕووداوە، ئایەتوڵڵا سەید عەلی خامنەیی ڕیفراندۆمی کوردی وا وەسفکرد کە “پیلانێکی تائیفیی دەرەکییە” و نیشانەیەکە بۆ “دەرکەوتنی ‘ئیسرائیلێکی نوێ’ لە ناوچەکەدا” (هوما، ٢٠١٧). هەروەها داوای “هاوکاری و ڕاوێژی نێوان ئێران و تورکیای کرد بۆ بەگژداچوونەوەی سەربەخۆیی کوردستانی ئێراق. لە ماوەی هەمان هەفتەدا هێزە سەربازییەکانی ئێران لەگەڵ سوپای ئێراقدا مانۆڕێکی هاوبەشی سەربازییان بەڕێوەبرد لە بەرەوەڕووی ئەو خاڵە سنوورییانەدا کە بەدەست پێشمەرگەی کوردەوە بوون. لەڕاستیدا، مەسەلەی کورد، چوار دەیە لە دوای شۆڕشی ئێران، بەردەوام بوو لەوەی کە بە گەرمترین هەڕەشە لە قەڵەم بدرێت بۆ سەر یەکگرتوویی خاکی ئێران لەلایەن ڕژێمی ئەکلیرکییەوە (ئاینییەوە). لەبەرانبەریشدا، کوردەکانی ئێران بەزۆری هەست بەوە دەکەن کەوا پەراوێز خراون و جیاکارییان لەگەڵ دەکرێت و ناڕازین لە مامەڵەکردنی شیعەکانی ئێران لەگەڵیان، کە زاڵ و باڵادەستن لە وڵاتی ئێرانی فرە ڕەگەز و فرە نەتەوەدا.
شەڕ و ململانێی کورد لە ئێراندا ڕەگێکی دوورودرێژی هەیە لە گرژی و ئاڵۆزیدا. لە ماوەی جەنگی جیهانیی یەکەمدا و دوای ئەوەش خولیای ئۆتۆنۆمی بۆ کورد لەبەرەوڕووی حکوومەتی ناوەندیدا قەبارەیەکی بێوێنەی لەخۆگرتبوو. لەنێوان کۆتایی جەنگی جیهانیی یەکەم و سەرەتای ساڵانی ١٩٢٠کاندا زنجیرەیەک ڕاپەڕین و شۆڕش لە کوردستانی ئێراندا بەرپابوون. هەڵبەت بەرچاوترینی ئەو شۆڕش و یاخیبوونانە ئەوەی ئیسماعیل ئاغای شکاک بوو (١٩١٨ – ١٩٢٢) کەوا هەڕەشەیەکی ناوخۆیی جیددیی پێکهێنابوو بۆ سەر دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی (جوەیدە، ٢٠٠٦: ١٤٠ – ١٤٣). نزیکەی دوو دەیە دواتر و لە کانوونی دووەمی ١٩٤٦دا، کوردەکان، بە پاڵپشتیی سۆڤیێت، کۆماری کوردستانیان ڕاگەیاند لە باکووری ڕۆژئاوای ئێراندا، کە تەنها یانزە مانگ بەردەوام بوو. لە دیسەمبەری ١٩٤٦دا، ڕژێمی ئێران سوپای ناردە سەریان و خودموختاریی کوردی لەناوبرد و دەسەڵاتی دەوڵەتی بەسەر کوردستاندا سەپاند (ئیگلتۆن، ١٩٩١). ئەوجا دەسبەجێ هەرچی کتێبی کوردییە سووتێنرا و چاپ و بڵاوکردنەوە بە زمانی کوردی قەدەغە کرا و سەرکردە کوردەکان لەسێدارە دران (ماکدوواڵ، ٢٠٠٤: ٢٤٥). کۆماری کوردستان، هەرچەندە ماوەکەی کورت بوو، کاریگەرییەکی درێژخایەنی بەجێهێشت لە یادەوەریی بەکۆمەڵی کورددا و چیرۆکی دادگایی و لەسێدارەدانی قازی محەمەد کە سەرۆکی حکوومەتە کوردییەکە بوو، گواستیەوە بۆ نەوەکانی دواتر. لە دوای کەوتنی مهاباد جووڵانەوەی کورد بەردەوامی بە خۆی دا، ئەگەرچی بە شێوەیەکی نهێنیش بوو، بەڵام دەرفەتێکی ئەوتۆی نەبوو بۆ پەرەسەندن چونکە ڕژێمی ئێران سەرکوتکردن و تووندوتیژیی خۆی زیادکردبوو دژ بە بەرهەڵستکارە سیاسییەکان. لە ساڵی ١٩٦٧دا ڕاپەڕینێکی نوێی چەکداری بەرپا بووەوە، کاتێ گرووپێکی جیابووەوە لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حەدەکا)، کە بە کۆمیتەی شۆڕشگێڕی ناسرابوون هەوڵی جموجووڵێکیان دا لە ناو ئێراندا و خەباتی چەکدارییان دەستپێکرد. لە پاش ساڵ و نیوێک جووڵانەوەکەی شەڕی گەریلایی (پارتیزانی – و) لە لایەن هێزەکانی حکوومەتەوە شکستیهێنا و سەرکردە سەرەکی و بەرچاوەکانیان کوژران. لە قۆناخێکی دواتری شۆڕشی ئیرانیی ساڵی ١٩٧٩دا، گرووپەکانی ڕکابەرە سیاسییەکانی کورد هەوڵیاندا بۆ جووڵاندن و جۆشدانی پاڵپشتێکی میللی لەپێناوی دەستەبەرکردنی ئەو ئۆتۆنۆمییەی چەندین ساڵ بوو خەباتیان بۆ دەکرد. بە هاتنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی گەڕ و سەردەمێکی نوێی گرژی و ئاڵۆزیی کورد و ئێرانییەکان دەستیپێکرد.
لە هەوڵماندا بۆ تێگەیشتنێکی باشتر لە پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان کورد و ڕژێمی ئێران، ئەم باسە بەنیازە لەسەر دینامیکە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستانی ئێران بوەستێ لە ڕێگەی شیکردنەوەی هاوکێشەی نێوان هێزە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێکخراوە کوردییەکان و دەوڵەتی ناوەندییەوە. بۆ ئەم مەبەستە باسەکە دەیەوێت سێ بواری سەرەکی شی بکاتەوە کە لە سەروەختی شۆڕشی ئێرانیی ساڵی ١٩٧٩وە مۆرکی خۆیان بەسەر کۆمەڵگەی کوردییەوە بەجێهێشتووە. بواری یەکەم: پێداچوونەوەیەکی گشتی دەخاتەڕوو لەبارەی پێکهاتەی دیمۆگرافی و کۆمەڵایەتی و چینایەتیی گەلی کوردەوە. دووەم بوار: بە چاوخستنەسەر کارلێکی دەوڵەت و کەمینە، مەسەلەی کورد شیدەکاتەوە لە گوتاری ئێرانی و سیاسەتە جۆراوجۆرەکانی دەوڵەت لەبەرانبەر کورددا. سێهەمیش باس لە کاردانەوەی کورد دەکات بەرانبەر بە سیاسەتەکانی دەوڵەت. باسەکە جیاوازی دەکات لە نێوان ئەو ڕێکخراوانەی لە کوردستاندان و جووڵانەوەی کورددا کەوا کۆمەڵێکی بەرفراوان لە ئامانج و بەرژەوەندییەکان و ئەکتەران لەخۆدەگرێت. دواجاریش بە گفتوگۆیەکی کورت کۆتایی پێدێنێت سەبارەت بە فەزا و چاوەڕوانی و ئاسۆ نوێکانی کارکردنەوە.
“پێکهاتەی کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا”
لە ئێراندا؛ کورد نزیکەی ١٠%ی تێکڕای کۆی دانیشتووان پێکدێنن و بە شێوەیەکی سەرەکی لە ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژاوای وڵاتەکەدا نیشتەجێن کە دەراوسێن لەگەڵ ئێراق و تورکیادا. بەڵام ڕێژەیەکی بەرچاوی خەڵکی کوردزمان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا، کەوا لە ئوستانی باکووری خۆراساندا نیشتەجێن لە نزیک سنووری تورکمانستان و لەوێ زۆرینە پێکدێنن١. ژمارەیەکی زۆری کوردیش لە تاران و زۆربەی ناوچە گوزەران باشەکانی ئێران نیشتەجێن، کە تێیاندا دەرفەتەکانی خوێندن و ئابووری و کارکردن زیاتر دەستەبەرن. هەڵبەت بایەخێکی کەمی ئەکادیمی و زانستی دراوە بە وەسفکردنی پێکهاتەی چینایەتی و دیمۆگرافی دراوە بە دانیشتووانی کوردستانی ئێران، هەروەها شیکاریی نەریتی و پێداچوونەوەی نەریتیی بزووتنەوەی کورد بە لای کەمکردنەوەی بایەخی مەسەلە سۆسیۆ – دیموگرافییە نوێکاندا دایشکاندووە.
“گۆڕانکارییە دیموگرافییەکان لە کوردستاندا”
بە هۆی نەبوونی سەرژمێرییەکی ئیتنیکیی دانیشتووانەوە لە ئێراندا مەحاڵە ژمارەی وردی خەڵکی کورد بزانرێت کە لە ئێراندا دەژین٢. نەبوونی داتا و زانیاریی ئاماری گشتگیر و متمانە پێکراوی تەواو کارەکە قورس دەکات کاتێ کە بتەوێت ژمارەی کۆنکریتیی بەدەستبێنیت بۆ پیکهاتەی ئێستای کۆمەڵایەتیی دیموگرافیی کوردی و شیکردنەوەی دینامیکەکانی. لەبەرئەوە بۆ وێنەکێشانی پۆرترێتێکی نزیک لە واقیعی کوردەوە لە ئێراندا، گرنگە جەخت بکرێتەوە لە سەرچاوە جۆراوجۆرەکانی زانیاری. بەپێی سەرچاوەگەلێکی دیاریکراو، لە ساڵی ١٨٥٠دا، ژمارەی دانیشتووانی کوردستانی ئێران ٨٠٠ هەزار کەس بووە و تا نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمیش، خاسییەتی وای بووە کە بە قۆناخێکی گەشەکردنی دوورودرێژی خاودا تێپەڕیوە. سەدەیەک دواتر، لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٥٠کاندا، ژمارەی دانیشتووانی لە دەوروبەری دوو ملیۆندا بووە (ئەبراهامیان، ١٩٨٢: ١٢). بە گوێرەی بەکارهێنانی پێوەری پاشخانی زمانەوانی، ڕێی تێدەچێت کەوا دانیشتووانی ئەمڕۆی کوردی ئێران بە لای کەمەوە بە هەشت ملیۆن مەزەندە بکرێت و بە شێوەیەکی سەرەکی لە پێنج پارێزگا (ئوستاندا) چڕبوونەتەوە کە بریتین لە: ئازەربایجانی ڕۆژاوا، کوردستان، کرمانشا، ئیلام و خۆراسانی باکوور٣. هەندێ سەرچاوەی کوردی مەزەندەی ئەوە دەکات کە ژمارەکە ڕەنگە لەوە بەرزتر بێت و بگاتە دوانزە ملیۆن (ئینستیتیوتی کورد ‘لە پاریس’ ، ٢٠١٧).
نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم گۆڕانکاریی قووڵی لەگەڵ خۆی هێنا لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی – دیمۆگرافیی ژیانی کورددا. ناوچە کوردییەکان وەک ئەودوای ناوچەکانی وڵات ڕێژەیەکی بەرزی گەشەکردنی دانیشتووانی بەخۆوە بینی لە ماوەی نێوان 1966 – 1986دا. لەڕاستیشدا، لە 1976 تا 1986، تێکڕا ڕێژەی گەشەکردنی ساڵانە بەتەواوی بەرز بوو (3.26 لە ئوستانی كوردستاندا)، هەرچەندە ئەم قۆناخە کاریگەر بوو بە ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییە هەڵاواردووەکانی وەک شۆڕشی ئیسلامی، جەنگی کوردستان، جەنگی ئێران-ئێراق، بە شارستانیبوونی خێرا و بێ پلان، کۆچکردن لە دێهاتەوە بۆ شار و کۆچکردنی دانیشتووانی کورد بۆ شوێنەکانی تری وڵات. ساڵانی ١٩٩٠کان بە سەرەتای کەمبوونەوەی گەشە کردنی دانیشتووانی کورد جیادەکرێنەوە و بە خاسییەتی دابەزینێکی هێجگار توند لە ژمارەی دانیشتووانی دێهاتدا. لە ئوستانی کوردستاندا، ڕێژەی گەشەکردنی دانیشتووان لە نێوان ١٩٩٦ و ٢٠٠٦دا، لە ٢.٢%وە دابەزی بۆ ٦٧,.%. لە ساڵی ٢٠٠٦وە بۆ ٢٠١١ تێکڕا ڕێژەی گەشەکردنی دانیشتووان لە هەموو ئەو پارێزگایانەدا کە زۆرینەی دانیشتووانیان کوردن، بێجگە لە ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، نزمتر بوو لە ٢,١%ی تێکڕا ڕێژەی نیشتمانی. ڕێژەی بەپیتیی لە سێ پارێزگای کوردیدا ئێستا لە دەوروبەری ٧,١ منداڵە بۆ هەر ژنێک و ئەم ڕێژەیەش لە خوار پێویستەوەیە بۆ جێگرتنەوەی دانیشتووان.
ئەمڕۆ دانیشتووانی کوردستانی ئێران بەزۆری شارنشینن و لە ساڵی ١٩٩٦وە بەربەستی پەنجا لە سەدی تێپەڕاندووە. لە ساڵی ١٩٥٦دا، ٢,١١%ی دانیشتووانی ئوستانی کوردستان لە شارەکانی کوردستاندا دەژیان٤. لە پاش شەش دەیە، ڕێژەی دانیشتووانی شارنشین لەم پارێزگایەدا بۆ ٧,٧٠% زیادی کردووە٥. بە هۆی سیاسەتی نیشتەجێ کردنی زۆرەملێوە لە ساڵانی ١٩٣٠کانەوە، خەڵکی کۆچەر بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزی و دانیشتووانی کۆچەر لە پارێزگا کوردییەکاندا بۆ کەمتر لە ٠٩,٠% دابەزی (کە دەیکردە ٧٠٥٩ کەس لە پێنج پارێزگادا) و کەرتی شارستانی لە ماوەی ئەم شەست ساڵەدا چوار جاران زیادی کردووە. پێکهاتەی تەمەن لە کرماشان و کوردستان و ئیلام ڕێژەیەکی کەمی دانیشتووانێکی کەمی ٥,٢٣%ی خوار تەمەنی پەنجا ساڵ و ٤,٦%ی تەمەن شەست و پێنج ساڵ و زیاتر دەخاتەڕوو. ئەو نەوەیەی کە لە نێوان ساڵانی ١٩٧٥ و ١٩٩٠دا لەدایکبوون ڕێژەیەکی گەورەی دانیشتووانی کورد دەخەنەڕوو (٦,٣٠%).
لەسەر ئاستی نیشتمانی، ڕیژەی خوێندەواریی گەوران لە ماوەی دوای شۆڕشدا بەرز بووەوە لە ٥,٤٧% لە ساڵی ١٩٧٦دا بۆ ٨,٦١% لە ساڵی ١٩٨٦دا، لەکاتێکدا کە لە ئوستانی کوردستاندا زیادکردنەکە زۆر مامناوەندی بوو (کە ٧,٢٩% بۆ ٢,٣٩% بوو). لە ماوەی سێ دەیەی ڕابوردوودا، ڕیژەی خوێندەواری لە کوردستان دووجاران بووەوە (٥,٨١% لە کوردستان، ٩,٨٤% لە ئیلام و ٥,٨٤% لە کرماشان). ئەو پێشکەوتنەی ئەم دواییە بەرەو نەهێشتنی نەخوێندەواریی جەماوەری بەشێوەیەکی تایبەتی لە نێو خەڵکی گەنجدا تێبینی دەکرێت. بەهەرحاڵ، نەخوێندەواری هەر بە بەربڵاوی مایەوە لە ناو ئافرەتاندا (٧,٢١% لە پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام و کوردستاندا) و گەورە ساڵان لە ناو کۆمەڵانی خەڵکی دێهات و ئەندامانی خێزانە هەژارەکاندا. سەبارەت بە دینامیکەکانی خوێندن و فێرکردن، بەرچاوترین گۆڕانکاری لە ژمارەی قوتابیانی خوێندنی باڵادایە، کەوا لە هەرسێ ئوستانە کوردییە سەرەکییەکە ٣٥٢٩ بوو لە ساڵی ١٩٨٦دا. لەپاش سێ دەیە، ئاڕاستەی درێژخایەن زیادکردنێکی گەورەی دەرخست لە ژمارەی قوتابیانی ئەم پارێزگایەدا (١٧١٢٧٠ قوتابی لە ساڵی ٢٠١٦دا). لە ساڵی ١٩٨٦دا، ڕێژەی قوتابیانی کچ لە خوێندنی باڵادا ٢٨% بوو (٩٩٠ قوتابی بوو) لە ناو سەرجەمی قوتابیانی ئیلام و کوردستان و کرماشاندا. خوێندکارانی کچ کەمتر لە نیوەی هەموو خوێندکارانی کورد کەمترن لە قۆناخە جیاجیاکانی خوێندنی باڵادا (کە ٦,٤٣% بوو لە ساڵی ٢٠١٦دا). جێی سەرنجە، کە نایەکسانیی نێوان نێر و مێ کەمتر بەرچاو دەکەوێت لە ئاستی خوێندنی دکتۆرادا بە ڕادەیەک کە ٥,٥٠%ی کاندیدەکانی دکتۆرا لە ساڵی ٢٠١٦دا مێینە بوون.
“چین و دەسەڵات و هێزی کار لە کوردستاندا”
هەروەها قۆناخی دوای شۆڕش کاریگەریی خۆی داناوە لەسەر پێکهاتەی چینایەتی و شێوازی پیشەیی هێزی کار لە کوردستاندا. تا سەرەتای ساڵانی ١٩٧٠کان، بنەماڵە خاوەن زەوییەکان و سەرۆک خێڵەکان و بۆرجوازییەتی بازرگانی بەهێزترین چینی کۆمەڵایەتی بوون لە کوردستاندا و کۆنترۆڵی نزیکەی هەموو هۆکار و ئامرازی ئابووری و کۆمەڵایەتییان کردبوو. لە ساڵی ١٩٥٦دا، “نزیکەی ٦٤%ی زەویوزاری کورد کە شیاون بۆ چاندن لە دەستی ٣,٠%ی دانیشتوواندا بوو (ماکدوواڵ، ٢٠٠٤: ٢٥٦). زۆربەی زۆری خەڵکی کورد لە ئێراندا جووتیار بوون، کە دەیکردە زیاد لە سێ چارەکی تێکڕای دانیشتووان لە ساڵانی ١٩٦٠کاندا. ئەوان پێکەوە لەگەڵ چینی ناوەڕاستی خوارەوە، پەیوەندییەکی ئاڵۆز و دوژمنکارانەیەن هەبوو (کێدی، ١٩٦٨). سەرەڕای چاکسازیی کشتوکاڵی لە ئێراندا (١٩٦٢ – ١٩٧١)، ژمارەی جوتیارانی کوردی بێ زەوی و کرێکاران لە ٨٠%وە دابەزی بۆ تەنها ٥٠% لە ساڵانی ١٩٧٠کاندا (ماکدوواڵ، ٢٠٠٤: ٢٥٧). ڕێژەی سەدیی دانیشتووانی چینی ناوەڕاست تاڕادەیەک نزم بوو و لە ناوەندە شارستانییە سەرەکییەکاندا چڕبووبوونەوە و لەو خەڵکانە پێکهاتبوون کە بە بازرگانییەوە خەریکبوون لەگەڵ بیزنێسی بچووک و ڕۆشنبیر یان مونەوەری نەریتی (کە بەزۆری پیاوانی ئاینی بوون) و کاربەدەستانی کەرتی گشتی. زۆربەی ئەندامانی چینی ناوەڕاست کە مووچەی فەرمانبەریان وەردەگرت لەلایەن دەوڵەتەوە خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتییان پێشکەش دەکرد، بەتایبەتی خوێندن و فێرکردن و چاودێریی تەندروستی و سوپا. هەڵبەت لەبەر لاوازیی شێوازی نوێی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و ڕێژەی کرێکارە پیشەیی و تەکنیکییەکان لە کەرتی تایبەتدا زۆر کەم بوون. بە هاتنی ساڵی 1977، ڕیژەی کرێکارە پیشەسازییەکان بۆ کرێکارانی کشتوکاڵی لە کوردستاندا یەک بۆ بیست بوو، بەڵام لە تاراندا، ڕێژەکە یەک بۆ ٧,٠ بوو (ئەبراهاميان، 1982: 449).
پێکهاتە و سترۆکتووری چینایەتی لە کوردستاندا بەر گۆڕانکاریی گەورە کەوتووە لە ساڵی ١٩٧٩وە. بە بەراورد کردنی سێ کەرتی ئابووریی سەرەکیی کشتوکاڵ و پیشەسازی و خزمەتگوزاری، ئەوە ڕووندەبێتەوە کەوا کوردستان لە ماوەی چوار دەیەی ڕابوردوودا دابەزینێکی گشتیی بەخۆوە بینیوە لە بەشداریی هێزی کارگەر لە کەرتی کشتوکاڵدا لە بەرژەوەندیی بەشداربوونێکی بەرزتر لە کەرتی کشتوکاڵدا کە لەم ساڵانەدا ڕێژەکەی زیاتر بووە. لە نێوان ساڵانی ١٩٧٦ و ٢٠١٦دا، دامەزراندن لەم کەرتەدا بەرزبووەوە لە ١٧.٨% بۆ ٥٠.٥% لە ئوستانی کوردستاندا و لە ٣٣.٥% بۆ ٥٠.٢% لە ئوستانی کرماشاندا. بۆرجوازییەتی بچووک، خاوەن دووکانەکان، بازرگانە بچووکەکان و فەرمانبەرانی دەوڵەت بەشێکی گەورەی کارکردنیان لەم کەرتەدا پێکهێناوە. ئاڕاستەکە بەرەو بەرفراوانبوونی هێجگار گەورە لە کارکردنی تایبەتی بۆرجوازییەتی بچووک و بە شێوەیەکی سەرەکی لە کشتوکاڵی بچووک و چالاکیی بەخێوکردنی ئاژەڵ و بازرگانیی دابەشکردن و کاری دەستی ناوخۆییدا. هەروەها ئاڕاستەکانی ئێستا بە ڕوونی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ڕێژەی بەشداریی بۆرجوازییەتی بچووک لە کشتوکاڵدا بەردەوام لە کەمبوونەوەدایە. کاریگەریی زیادبوونی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان لە گەشەکردنی ناوەندەکانی بازاڕکردنی نوێ و شەقامی شارەکاندا، کەوا کەسێک دووکان و بازاڕی هەمەچەشنەی تێدا بدۆزێتەوە، کە لەگەڵیان هەڵبکات، شوێنی نەریتیی بۆرجوازییەتی بچووک و بۆرجوازییەتی بازرگانین.
چوار دەیە لە پاش شۆڕش، دام و دەزگاکانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بە هێزەکانی سەربازی و شێوە سەربازییەوە، بەردەوامن لە گەشەکردن و تێکڕا ئەو ژمارانەی لە دام و دەزگاکانی دەوڵەتدا کار دەکەن نزیکەی ٢٣٤١٠٠٠ کەوا ٥.٦%ی لە ئوستانی کوردستاندان. ژمارەیەکی بەرچاوی ئەوانەی لەئێستادا لە دام و دەزگاکانی دەوڵەتدا کار دەکەن لە کایەکانی وەک خوێندن، چاودێریی تەندروستی، ئەندازیاری و تەکنۆلۆجی، خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی و لە دامەزراوەکانی دەوڵەت یان دامەزراوەی سەربازیدا (گاردەکانی شۆڕش یان پاسداران) و هێزە شێوە سەربازییەکان (چەشنی بەسیج یان پێشمەرگەی موسڵمان). ڕێژەیەکی گەورەی فەرمانبەرانی بیرۆکراتیی حکوومەت، بەتایبەتی هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێ کردن و دادوەری و گەورە ئەفسەرانی سوپا لە دانیشتووانی ناوخۆیی نەبوون. لە گەلێ حاڵەتدا حکوومەت ڕێگر بووە لەوەی کەوا کوردەکان بگەنە پلە و پۆستی کارگێڕی و سەرکردایەتی تەنانەت لە ناوچە کوردییەکانیشدا. پابەندبوونی فەرمانبەر و دڵسۆزی بۆ پرەنسیپەکانی شۆڕشی ئیسلامی لە پێویستییە سەرەکییەکانن بۆ گەیشتنە ئەو پلە و پۆستە گشتییانە. سەبارەت بە پۆست مەدەنییەکان، بەزۆری هەل و دەرفەتی کار لەپێشدا دەدرێتە جەنگاوەرانی دێرین و خێزانی شەهیدانی شۆڕش و جەنگ و پاشانیش بۆ ئەوانەی کە بە “بەرگریکاران لە شۆڕش” دادەنران.
لە ماوەی دوای شۆڕشدا، دامەزراندن لە کەرتی کشتوکاڵدا لە ٧٨.٨% لە ساڵی ١٩٧٦دا دابەزیوە بۆ ٢٤.٤% لە ٢٠١٦دا لە ئوستانی کوردستان. سەرباری ئەم دابەزینە گەورەیە، هێشتا کەرتی کشتوکاڵ زیاتر لە چواریەکی هێزی کاری کورد لەخۆدەگرێت٦. لەکاتێکدا کە پشکی کەرتی کشتوکاڵ لە هێزی کار بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و پشکی هێزی کار لە پیشەسازیدا بەرزبووەتەوە لە ئوستانی کوردستاندا (3.97% بۆ 25.1 %) و کرماشان (9.3% بۆ 22.3 %) بە شێوەیەکی تەواو کەمتر٧. هەردوو کەرتی بیناسازی و خزمەتگوزاری سوودمەندی ڕاستەقینە پێکدێنن لە هێزی کاری زیاد لە کشتوکاڵدا بە هۆی بەرهەمهێنانی شارەزایی کەمتری ئاسایشی بنەڕەتیی کارپێکردن.
کەرتی پیشەسازی بچووک و دواکەوتووە و ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ کەم و کورتی لە ئامادەیی حکوومەتدا و هەروەها بە هۆی مەترسیی ئاسایشەوە لەلایەن وەبەرهێنەکانەوە. هەر بە ماوەیەکی کەم لەدوای شۆڕشی ئیسلامی، حکوومەتی نوێ دامەزراوە پیشەسازی و داراییە گەورەکانی خۆماڵی کرد و دەستی بە سەر موڵک و ماڵی ئەوانەدا گرت کە بە “دوژمنی ڕژێم” دانران و دەوڵەت و دەزگا نیمچە دەوڵەتییەکان ئەرکی نەخشە دانان و هەماهەنگیی پرۆژە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیان لە ئەستۆگرت لە پارێزگا کوردییەکاندا. هەر لە دەمی شۆڕش و جەنگی کوردستانەوە و گواستنەوە بۆ میلیتاریزە کردنی ناوچەکە وایکرد کە وەبەرهێنە ناوخۆیی و نیشتمانییەکان دوور بکەونەوە و ئەنجامیش وا بکەوێتەوە کە هەژاری و بێکاری ناوچەکە بگرێتەوە. هەڵبەت بۆرجوازییەکی نەریتی هەیە تێکەڵ بە کاری فرۆشتن و خزمەتگوزاری یان کشتوکاڵ بووە و بە ئاستێکی کەمیش لەو چالاکییانەی کە بەرهەمهێنان و توانای کەلەکە کردنی سەرمایەیان لاوازە، شانبەشانی ئەو دام و دەزگایانە لە هەوڵدان کە لەلایەن هێزە سەربازییەکانەوە مۆنۆپۆڵ و کۆنترۆڵ کراون و چینێکی بیزینێسی سەرهەڵداوی کورد بە شێوەیەکی نافەرمی تێکەڵ بە ئابووری و کاری قاچاخچێتیی ئەمبەر و ئەوبەری سنوورەکان بووە بۆ کاڵا و شمەکی بەکاربردن. کەرتی پیشەسازی کۆمپانیا پیشەسازی و کانزاسازییە ئاست بچووک و مامناوەندییەکان دەگرێتەوە. تا ساڵی ٢٠١٦ ناوچە کوردییەکان ١٣%ی ئەو کانانەیان لەخۆدەگرت کە لە ئێراندا کاریان دەکرد٨. تا ئێستاش زۆربەی کۆمپانیا تایبەتەکانی کوردستان ڕێگە و شێوەی بەرهەمهێنانی ناکارایان گرتووەتەبەر و خاوەنەکانیان بەڕێوەیاندەبەن کە سەرمایە تایبەتەکانی خۆیانیان تێدا دەخەنەگەڕ. ئەمەش ئەوە ڕووندەکاتەوە کەوا بۆچی کرێکارانی کەرتی پیشەسازی بەردەوام ڕێژەیەکی کەم پێکدێنن لە تێکڕای هێزی کاری ناوچەکە. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تەنها ١.٤% دامەزراوە پیشەسازییەکان سەد کرێکار یان زیاتر لەخۆدەگرێت لە سێ پارێزگای کوردیدا. لە ساڵی ٢٠١٥دا، ژمارەی کرێکاران لە دامەزراوە پیشەسازییەکاندا کە دە کرێکار یان زیاتری هەبووبێت ٥,١%ی تێکڕا ژمارەی کرێکارانی پێکدەهێنا لە وڵاتدا.
لەڕاستیدا، تێکڕا ژمارەی کرێکارانی پیشەسازی چوار جاران کەمترن لە کۆڵبەرەکان، واتە ئەو کۆڵکێشانەی سەر سنوور کە لە نێوان سنووری کوردستانی ئێران و ئێراقدا کاڵا و شمەک دەگوێزنەوە لە ڕێگەی سەخت و پڕ مەترسیی سنوورەکانەوە بۆ خۆلادان لە خاڵەکانی پاسەوانیی سەر سنوور، کە هەموو ساڵێک چەندینیان لێ دەکوژرێت بە هۆی مینی ئەرزی و پاسەوانانی سنووری ئێرانییەوە. ژمارەی ئەو کۆڵبەرانە لەلایەن کاربەدەستانی حکوومەتەوە مەزەندە دەکرێن بە ٧٥ هەزار کەس. بێجگە لەوەش، کرێکارانی وەرزی و ڕۆژانە هەن کەوا کەمترین دەرفەتیان هەیە شانبەشانی بێکاران. بەگشتی، ئەوانە بیمەی تەندروستی، بیمەی بێکاری و سیستەمی خانەنشینی یان بیمەی تووشی ڕووداو هاتن نایانگرێتەوە. دواکەوتوویی و بێکاری لە ناوچە کوردییەکاندا تەشەنەی کردووە. لەڕاستیشدا، چەمکی چالاکی یان کار لەخۆیدا جێی گومانە و ورد نیە، بە هۆی پەرەسەندنی کەرتی نافەرمی لە دوای شۆڕشی ئیسلامییەوە و تێکڕا ئاستی بێکاری کە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ڕادەگەیەنرێت پەیوەندیی بە واقیعەوە نیە، کە فرەجار لە سێ ئەوەندەی ژمارە فەرمییەکان زیاترە. پە پێی ئەو داتا و زانیارییانەی لە ناوەندی ئاماری ئێرانەوە ڕەگەیەنراون ، ڕێژەی بێکاری لە ساڵی ٢٠١٦دا ڕاگەیەنراوە، لە ئازەربایجانی ڕۆژاوا١١% و لە باکووری خۆراسان ١١.٢% و لە ئیلام ١١.٦% و لە کوردستان ١٥.٢% و لە کرماشان ٢٢% بووە. بەپێچەوانەی ئەوەی ئامارە فەرمییەکان ڕایدەگەیەنن، سەید ئەحسەن عەلەویی نوێنەری سنە لە پەرلەماندا ڕێژەی بێکاریی ئێستا لە پارێزگای کوردستاندا بە نزیکەی ٤٥% دەخەمڵێنێت.
“کێشە و گرفتی کورد لە کۆماری ئیسلامیدا”
ئەگەرچی دامەزراوە فەرمییەکان و میدیای فەرمیی ئێران بەگشتی مەیلیان بەلای پشتگوێخستن یان شاردنەوەی بوونی کوردەوەیە وەک کەمینەیەکی نەتەوەییە، هەر کاتێ مەسەلەی کورد بورووژێنرێت. لە گوتاری فەرمیدا بەزۆری کورد وا دەنوێنرێت کە پاسەوانی ئازا و بوێری سنووری ئێرانن، یەکێکن لە کۆنترین گرووپی ئیتنیکیی ئێران، ڕەسەنترین خەڵکی ئێرانن و گەلێکی ئاریایی ئازا و بوێرن. لەگەڵ ئەوەشدا، ئاشکرایە کە ئەم تێڕوانینە ستراتیجییە تەواوکارەی کە لەلایەن ڕووناکبیرانی ئێرانی و چینی سیاسییەوە وێنا دەکرێن هاوتەریبە لەگەڵ وێناکردنێکی تری کورددا کە بە جوداخواز، توندوتیژ، دواکەوتوو، ناشارستانی، سەر بە زایۆنیزم، دژە شۆڕش، کافر و بگرە سەربڕیشیان دادەنێت. پێکەوە هەڵکردنی ئەم دوو وێناکردنە دژبەیەکە ڕۆشنایی دەخاتە سەر تەحەدا شیکارییەکانی مەسەلەی کورد لە ئێراندا. بۆ زۆربەی توێژەران، شۆڕشی دەستووریی (مەشرووتە – و) ١٩٠٥ – ١٩٠٦ والێکدەدرێتەوە کە سەرەتای داهێنانی چەمکی نوێی شوناسی نیشتمانیی/ نەتەوەیی ئێران بووبێت (ئامانات، ٢٠١٧: ٣٨٤؛ ئەشرەف، ١٩٩٣: ١٥٩؛ وەلی، ٢٠١١: ٢ – ٣). لە ساڵانی دواتردا، بەتایبەتی لە سەرەتای دەورانی پەهلەوییەوە، ئایدیۆلۆجیای ناسیۆنالیزمی ئێرانی لەسەر توخمی زمان و کولتوری فارسی – ئێرانی گەشەی دەکرد و ڕەنگدانەوەی “هەزاران ساڵی مێژووی ئێران و فارس” بوو (ئەشرەف، ١٩٩٣: ١٦٠) و باڵادەستی و هەژموونی کولتووری فارسی سەلماندووە لە لایەن شاعیرانی وەک ئەبولقاسم فیردەوسی، سەعدیی شیرازی، حافزی شیرازی و نیزامیی گەنجەوی. بەڵگەیەکی تریش بۆ ئەم باڵادەستییە ئیتنیکییە سەرەتایی و گریمانەییە ئارگومێنتی بەردەوامیی “کولتووری ئێرانییە”یە وا تێیدەڕوانرێت کە هاوشان بێت لەگەڵ فارسیدا، بە تێپەڕینی کات و سەردەم. بەپێی گوتاری فەرمی کەوا داگیرکارییە گەورەکان لەلایەن گریکەکانەوە (سەدەی چوارەمی پێش زاین) و عەرەبەکانەوە (لە سەدەی حەوتەمدا) و تورکەکانەوە (لە سەدەی یانزەوە) و مەغۆلەکانەوە (لە سەدەی سیانزەدا) تەنها وا تەماشا دەکرا کە زنجیرە توندوتیژییەکی گریمانەیی بن و (بەردەوامیی مێژوویی وەهمیی نەتەوە ‘ئوممەی’ ) نەبڕیوە (هێشتەر، ٢٠٠٠: ل ٩٥).
لەگەڵ هاتنە سەر حوکمی پەهلەوی، بۆ پێکهێنانی شوناسێکی نەتەوەیی/ نیشتمانیی نوێ بۆ دانیشتووانی وڵاتەکە لە لایەن دەوڵەتێکی ناوەندییەوە هەوڵی بۆ دەدرا. ناسیۆنالیزمی ئێرانی لە سایەی حوکمی پەهلەویدا بە دوو ئاست کاری دەکرد. لەسەر ئاستی سیاسی و کولتووری و ئابووری و سەربازی، وڵاتەکە پلەیەکی باڵای بەناوەندی کردنی تاکڕەوانەی ئەزموون کرد. لە کایەی بوونیاتنانی شوناسدا، هەوڵەکان لەلایەن دەستەبژێرانی نەتەوەیی و ڕۆشنبیران و تێکەڵەیەک لە ڕۆژنامەنووسان و شاعیرە سیاسییەکان و وتارنووسان و مێژوونووسان و بیرۆکراتەکانەوە گەرم بوون بۆ بڵاوکردنەوەی شکۆ و شانازییەکانی ئیمپراتۆرییەتی فارسیی پێش ئیسلام و هەروەها بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی ئەوەی کەوا ئایین بەربەست بووە لە بەردەمی پێشکەوتنی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەکنۆلۆجیدا (کاتۆزیان، ١٩٨١: ٨٢ – ٨٣). لە ژێر دەسەڵاتی بنەماڵەی پەهلەویدا، ڕەگەزی شیعەگەرای ناسنامەی ئێرانی، کەوا لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی سەفەوییەوە ئایینی فەرمیی حکوومەتی ناوەندی بوو پشتگوێخرا یان بگرە ڕەتیشکرایەوە. ڕژێمی پەهلەوی لە ژێر کاریگەریی ئایدیای مۆدێرن و ناوەندێتیی پێکهێنانی دەوڵەتدا، ئەوەی هەڵبژارد کە جەخت بخاتە سەر ناسیۆنالیزمی ڕەگەز و کولتووری بۆ جیاکردنەوەی ئوممەی ئێرانی لە ئیسلام، کە وەک ئایینێک دەخرایەڕوو کەوا عەرەب سەپاندوویەتی. ئەنجامی ئەم ناسیۆنالیزمە مۆدێرنە ساختەیە چەوساندنەوە و تەنگ پێهەڵچنینی نەک هەر بەشە ئایینییەکانی کۆمەڵگە بەڵکوو کەمینە ئیتنیکی و نەتەوەییەکانیش لە ئێراندا. حکوومەتی ناوەندی زۆر بەگەرمی کەوتە جێبەجی کردنی سیاسەتی تواندنەوەی کولتووری لە ناوچە غەیرە فارسییەکاندا.
بەڵام لەگەڵ بەرپابوونی شۆڕشی ١٩٧٩دا، شیعەگەرایی بە شێوەیەکی ڕیشەیی وەرچەرخا بۆ توخمێکی بنەڕەتیی ناسنامەی ئێرانی. بەهەرحاڵ، شیعەگەرایی نەریتیی بنەماڵەی سەفەوی ئەمجارەیان گۆڕا و کۆپییەکی تووندرەوی ئەوپەڕی بەسیاسیکراوی ئیسلام جێیگرتەوە. بۆ دامەزراندنی حکوومەتێکی ئیسلامی، خومەینی یان “ئیمامی ئوممەتی موسڵمان” وەک ئەو لە ئێراندا دەسنیشانی کردبوو، مانایەکی ڕادیکاڵی کرد بە بەر شیعەگەرایی ئێراندا. سەپاندنی باوەڕی ئیسلامی وەک دەوڵەت و دینێکی زۆرەملێ گۆڕانکاریی قووڵی لە مانای ئێرانیبووندا دروستکرد، هەر هیچ نەبێت لە قۆناخە بەراییەکانی شۆڕشدا. چەمکی نامۆ و تایبەتی ئوممە یان کۆمەڵگەی جیهانیی موسڵمانە باوەڕدارەکان ڕۆشنایی خستە سەر بایەخی “یەکێتیی ئیسلام” لە سەرەوە و لەولای بەرژەوەندییە ئیتنیکی و نەتەوەییەکانەوەیە. بەم مانایە بێت، بنیاتنانی شوناسی ئێرانی لە سەر بناغەی ناسیۆنالیزم ڕەتکراوەیە. بە ماوەیەکی کورت لە دوای جەنگی ئێران-ئێراق، سیاسەت و گوتاری کۆماری ئیسلامی هەرچۆنێک بێت ئەوەی دەرخست کەوا هێشتا بە قووڵی مۆرکی نیشتمانیی پێوەیە. لەم تێکەڵەیەی ئایین و ناسیۆنالیزمەدا، لایەنی فارسیی شوناسی ئێرانی توخمێکی شیعەی فارسی زمان جێیگرتەوە.
نووسین: مەسعوود شەريفی درياز، توێژەرێکی سۆسیۆلۆجییە و پرۆفیسۆرە لە زانکۆی بەرشەلۆنە – ئیسپانیا
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق