بەگوێرەی لێدوانێکی نووسەری کۆچکردووی كورد، د.عیزەدین مستەفا رەسوول بنەماڵەی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا کوردی کاکەیین و لە خانەقینەوە چوونەتە سوریا.
دوو ساڵ لەمەوبەر (د.عیزەدین مستەفا رەسوول) باسی لەوە کردووە کە چارەکە سەدەیەک لەمەوبەر لە سەردانێکدا لەگەڵ مام جەلال و چەند ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا بۆ سووریا، بنەماڵەی بەشار ئەسەدی حوكمڕانی ئەو وڵاتە، پێیانگوتوون ” ئێمە كوردین و بە ئەسڵ خانەقینین“.
د.عیزەدین مستەفا رەسوول، لەلێدوانێكی تایبەتدا چیرۆكەكەی بەوجۆرە گێڕاوتەوە: ” ساڵی 1993 بوو، مام جەلال بۆ هەندێكی كاری پێویست داوای لێكردم یاوەری شاندێكی شەش تاوەكو حەوت كەسی حیزبەكەی بكەم بۆ سووریا. هەرچەندە زۆربەی ئەو سەركردانەی حیزبەكەی كە لەگەڵی هاتبوون، مام جەلال هەر بۆ گەشت هێنابوونی و، بۆ هەندێك كاری زۆر تایبەت بەتەنیا من لەگەڵی دەبووم“.د.عیزەدین مستەفا رەسوول ، لە درێژەی گێڕانەوەی چیرۆكی گەشتەكەیاندا باسی داواكارییەكی مام جەلال دەكات كە حەزی لێبووە لە ناوچەی لازقییە و لە هۆتێل شیراتۆن، ماسییەكی تایبەتی بۆ ئامادەبكەن كە ئێسكی نەبووە: “لە شیراتۆن ماسییەكەمان خوارد، دواتر مام جەلال گوتی تەنیا تۆ وەرە لەگەڵم دەچین بۆ ماڵی جەمیل ئەسەد كە دەكاتە براگەورەی حافز ئەسەد. پێكەوە چووینە ئەو ماڵە. لەوێ مام جەلال لەلای سەرەوە دانیشتبوو، جەمیل ئەسەد لەخوار ئەو و منیش خوارتر و كوڕێكی جەمیل ئەسەدیش لەكۆتاییدا دانیشتبوو“.
د.عیزەدین دەڵێت، من بە چپەوە بە كوڕەكەی جەمیل ئەسەدم گوت: “راستە ئێوە لە ناوچەی شەنگالی كوردستانەوە هاتوونەتە ئێرە؟”.
كوڕەكەی جەمیل ئەسەد بەدەنگی بەرز گوتی: “نەخێر نەخێر نەخێر وانییە”، كە باوكی گوێی لێبوو، هاتە قسەو گوتی ” لەڕاستیدا ئێمە بە ئەسڵ دیانەتمان كاكەییەو لە خانەقینەوە هاتووینەتە سووریا و پاشان نازناوی ئەسەدمان وەرگرتووە“.
د.عیزەدین مستەفا رەسوول، لەو بڕوایەدا بووە ئەگەر كوردانی رۆژئاوای كوردستان نەرمتر مامەڵە لەگەڵ بنەماڵەی ئەسەد بكەن، دەتوانن دەستكەوتی گەورەتر لە ئێستا بەدەستبێنن، بۆیە وتویەتی: “ئەوەتا بەشێك لە شارە كوردییەكانی كوردستانی سووریا و كانتۆنەكان بەدەست كوردەوەن و ئەسەدیش كە جاران بڕوای بە بوونی كورد نەبوو، دانی پێداناون و بوونەتە ئەمری واقیع. بەڵام ئەگەر پارتی كرێكارانی كوردستان PKK و پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD بتوانن نەرمتر و دوور لە تووندی مامەڵە بكەن، پێموایە ئەسەد خراپ نابێ و دەستكەوتی باشتر بەدەستدێنن“.
د.عیزەدین مستەفا رەسوول، لە پێشەنگی گەنجەکانی سەردەمی خۆیەتی کاتێک بۆ خوێندنی باڵا چوونە یەکێتی سۆڤیەت. هەروەها یەکێک بوو لە مامۆستا دیارو لێهاتووەکانی کۆلێژی زمان لە زانکۆی سلێمانی کە سەدان مامۆستاو پرۆفسیۆرو توێژەر لەسەردەستی ئەو پێگەییون.
ئەو قەڵەمێکی بەبڕشت و کوردانەی نێو دنیای نووسین و ڕۆژنامەگەری و زمان و ئەدەب و مێژووی کوردی بوو، خاوەنی دەیان کتێب و وتارو ساخکردنەوەی مێژوویی کوردە. سەرلەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە ٣ی١٠ی ٢٠١٩ لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.
* خوالێخۆشبوو ئەو زانیارییانەی سەرەوەی بۆ سایتی رووداو درکاندووە.