“بەیاننامەی (11ی ئازاری1974)”
بەندی سێیەم
پەیوەندی نێوان دەسەڵاتداریی ناوەندی و كارگێڕانی ئۆتۆنۆمی
ماددەی شانزەیەم:-
جگە لەو دەسەڵاتانەی دەستەكانی ناوچەی ئۆتۆنۆمی بەپێی بڕگەكانی ئەم یاسایە پەیڕەوی دەكەن، پەیڕەوكردنی دەسەڵاتەكانی تر لە هەموو ئێراقدا بۆ دەسەڵاتی ناوەندی و ئەو كەسانە دەگەرێتەوە، كە نوێنەرایەتی ئەو دەستانە دەكەن.
ماددەی حەڤدەیەم:-
ا. پێكهاتەكانی پۆلیس و ئاسایش و ڕەگەزنامە و هاتوچۆ لە ناوچەكە بە بەرێوبەرایەتییە گشتییەكانی وەزارەتی ناوخۆ دەبەسترێنەوە. كارمەندەكانیشیان بڕگەكانی ئەو یاسایانە دەیانگرێتەوە، كە لە سەرتاسەری كۆماری ئێراقدا كاری پێدەكرێت.
ب. سەرۆكی ئەنجومەنی ڕاپەراندن دوای ڕاوێژ لەگەڵ وەزیری ناوخۆ، بۆی هەیە هەندێك ئەرك بەو پێكهاتانەی لە بڕگەی (ا) باسكراون، بە سەرۆكی ئەنجومەن بسپێردرێت. ئەوەش لە چوارچێوەی ناوچەكە و لە سنووری فەرمانەكانیان و لە چوارچێوەی یاسای گشتی دەوڵەتدا. ئەمەو بۆی هەیە ئەم كارە بە ئەمینداری گشتی ڕاپەراندن بسپێرێت.
ج. بەڕێوهبەرەكانی ئەو پێكهاتانەی لە بڕگەی (ا)دا هاتووە، بە فهرمانی وەزیری ناوخۆ دادەمەزرێن. ئەوەش دوای ڕاوێژ بە سەرۆكی ئەنجومەنی ڕاپەراندن.
د. كارمەندانی پۆلیسی ناوچەی ئۆتۆنۆمی بە فرمانی ئەمینداری گشتی كاروباری ناوخۆ دەگوازرێنەوە، دوای ڕهچاوكردنی ئەو خاڵەی لە بڕگەی (ج)م ئەم ماددەیەدا هاتووە.
ه. كارمەندانی ئەو پێكهاتانەی لە بڕگەی (ا)ی ئەم ماددەیەدا هاتوون، بەپێی ئەو یاسا و دەسەڵاتانە دادەمەزرێن و دەگوێزرێنەوە، كە لە كۆماری ئێراقدا كاریان پێدەكرێت، لەگەڵ ڕچاوكردنی ئەوەی لە بڕگەی پێشوودا هاتووە.
ماددەی هەژدەیەم:-
ا. فەرمانگەكانی دەسەڵاتی ناوەندی بە فەرمانی وەزارەتەكانی خۆیان كار دەكەن و كارەكانیشان لە سنووری تایبەتمەندی خۆیاندا دەبێت. ئەمەو دەستەكانی ناوچەی ئۆتۆنۆمی بۆیان هەیە ڕاپۆرتی خۆیان بۆ وەزارەتی تایبەتمەندی خۆیان بەرزبكەنەوە.
ب. دەسەڵاتی ناوەندی لە سنووری تایبەتمەندییەكانی خۆی، مافی ئاراستەكردنی ئەو كارگێرییە ناوخۆییانە هەیە، كە لە ماددەی چواردەیەمی ئەم یاسادا ناویان هاتووە.
ج. لابراوە.
د. دوای دەرچوونی هەر بڕیارێكی دەستەكانی ناوچەی ئۆتۆنۆمی، وەزیری دادی لێ ئاگادار دەكرێت.
ماددەی نۆزدەیەم:-
ا. دادگای تێهەڵچوونەوەی ئێراق، كە لە سەرۆكی دادگا و چوار ئەندام پێكدێت و ئەندامەكانی بۆ ماوەی (سێ) ساڵ هەڵدەبژێرێن، چاودێری دەخەنەسەر ڕەوایەتیدانی بڕیارهكانی دەستەكانی ناوچەی ئۆتۆنۆمی.
ب. وەزیری داد یان وەزیری دەوڵەت بۆی هەیە تانە لە بڕیارەكانی دەستەكانی ناوچەی ئۆتۆنۆمی بدات، وەك لە بڕگەی پێشوودا ئاماژەی پێكراوە، ئەگەر پێچەوانەی دەستوور و یاساكانی وڵات بوو. ئەوەش لە ماوەی (سێ) ڕۆژ لە دوای ڕاگەیاندنی بڕیاڕەكە.
ج. تانەلێدانی بڕیارەكانی دەستەكانی ناوچەی ئۆتۆنۆمی لەلایەن دەستەی چاودێرییەوە، جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانە دەوستێنێت، تا ئەو كاتەی ئەنجامی یەكاڵاكردنەوەی تانەكان دەردەچن.
د. دەستەی چاودێری دوای پێشكەشكردنی تانەكان، لە ماوەی (سێ) ڕۆژدا بڕیاری یەكاڵاكردنەوە دەدات و بڕیارەكانیشی گەڕانەوەی نییە.
ه. هەر بڕیارێكی هەڵوەشاوەی دەستەكانی ناوچەی ئۆتۆنۆمی لەلایەن دەستەی چاودێرییەوە، دوای دەرچوونی بڕیاری هەڵوەشاوەكە، كۆتایی بەو بڕیارە دێت و كاری پێناكرێت.
و. دەستەی چاودێڕی بڕیارە یەكاڵاكانی خۆی لەسەر تانەلێدانەكان بە سەرۆكی هەردوو ئەنجومەنی یاسادانان و ڕاپەراندن ڕادەگەیەنێت و لە ڕۆژنامەی فەڕمیشدا بڵاودەكرێتەوە.
ماددەی بیستەم:-
ا. سەرۆك كۆمار بۆی هەیە ئەنجومەنی یاسادانان هەڵوەشێنێتەوە. ئەوەش لەكاتێكدا نیوەی ئەندامەكانی بەهۆی دەست لەكاربكێشنەوە، یان دوای (سێ) ڕۆژ لە بانگهێشتكردنیان بۆ كۆبوونەوە، كۆنەبوونەوە. یان وەك لە بڕگەی (د) ماددەی سێانزەیەمدا هاتووە، یان گوێ بە بڕیارەكانی دەستەی چاودێری نەگیرا، وەك لە بڕگەكانی ماددەی نۆزدەیەم دارێژراوە.
ب. لەحاڵەتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی یاسادانان، ئەنجومەنی ڕاپەراندن لە كاروبارەكانی خۆی بۆماوەی (90) ڕۆژ بەردەوام دەبێت. واتە دوای دەرچوونی مەرسومی كۆماری بە هەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی یاسادانان و هەڵبژاردنەوەی ئەنجومەنی نوێ.
ماددەی بیست و یەكەم:-
ئەم یاسایە لە ڕۆژی بڵاوكردنەوەی لە ڕۆژنامەی فەڕمی دەوڵەتدا، جێبەجێ دەكرێت.
لە ڕۆژی حەڤدەیەمی مانگی سەفەری1394كۆچی بەرامبەر بە ڕۆژی یانزەیەمی ئازاری1974زایینی دەرچووە.
ئەم بەندەش چۆن بەیاننامەكە لە بەرژەوەندی حكومەتی ئێراق قوفڵ دەكات؟ بە گەڕانەوە بۆ بەندی سێیەمی بەیاننامەكە و دوا بەندی، كە لە (شەش) ماددە (16) بڕگە پێكهاتووە، بۆمان دەردەكەوێت، كە كۆی بەند و بەش و ماددە و بڕگەكانی ئەم بەیاننامەیە، دواجار لەلایەن حكومەتی ئێراقەوە قوفڵ دەدرێت و هەر خۆی چاودێر و هەر خۆیشی دەتواتێت بە مەرسومێكی سەرۆك كۆمار كۆتایی بە هەموو شتێك بهێنێت. هەر لە كۆتایی هێنان بە كارەكانی هەردوو ئەنجومەن، تا كۆتایی هێنان بە قەوارەی ناوچەی ئۆتۆنۆمی. بەواتایەكی تر هەر كات ویستی دەتوانێت لێ بدات. تەنانەت ئەم بەندە كۆی (دوو) بەندەكەی تری خستۆتە ژێر پرسیار و هەموویانی خستۆتە ژێر هەژموونی دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندی، بێ گەڕانەوەو ڕاوێژ بە ئەنجومەنەكان و خەڵكی ناوچەی ئۆتۆنۆمی. ئەوەش بە ڕوونی بە ماددەی (20)ەوە دیارە، كاتێك دەسەڵات دراوە بە سەرۆك كۆماری ئێراق ئەنجومەنی یاسادانان هەڵبوەشێنێتەوەو كۆتایی بە كارەكانی بهێنێت، وەك چۆن لە بەندی دووەمیشدا هەمان ماف بە سەرۆك كۆمار داوە، كۆتایی بە دەسەڵاتی ئەنجومەنی ڕاپەراندن بهێنێت. ئەمەو جگە لەوەی هیچ باسێك لە پێكهاتەكانی سووپا و پێشمەرگە و ئەركیان نەكراوە. هەروەها دامەزراوەكانی پۆلیس و ئاسایش و ڕەگەزنامە و هاتوچۆی ناوچەی ئۆتۆنۆمی وابەستەی بەرێوبەرایەتییە گشتییەكانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی ناوەندی كردووە. بەوانەشدا دەردەكەوێت، ناوچەكە خاوەنی هێزی پاراستنی خۆی و ئاسایش و پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ و بەرگری شارستانی سەربەخۆ نەبووە. دیارە ناوچەیەكیش لەو دامەزراوانەدا سەربەخۆ نەبووبێت، دەسەڵاتەكەی ڕووكەش و بێهێز بووە، بۆیە نەبوونی لە بوونی باشتر بووە، چونكە دواتر بوونەكەی، لە پشتیوانی هەرێمی و دەرەكی كردووە. واتە لەحاڵەتی هەر پەلاماردانێكی حكومەتی ناوەندی بۆ سەری، توانراوە بەپاساوی هەڵگەڕانەوەی ناوچەكە لە حكومەتی ناوەندی تاوانباری بكات و بكەوێتە گیانی ڕۆڵەكانی و داگیركردنەوەی خاكەكەی.