تامەزرۆیی ئێمە بۆ نەمریی، ڕەنگدانەوەی ترسی زۆرمانە لە مەرگ. ئەو مرۆڤەی مەرگ بە ترسێنەر دەزانێت، هەوڵ دەدات لە جیهانی زەین و واقیعدا ڕێگەیەک بۆ هەڵهاتن لێی بدۆزێتەوە. ئەفسانە و ئستوورەکانی ڕابردوو تەژین لە چیرۆکی ئەو مرۆڤانەی لە گەڕان بەدوای ئاوی حەیات (ئاوی ژیان)دا لەنێوچوون. فەلسەفەکانی ڕابردوویش سیستمگەلێکی مەزنیان ئافراندووە، بۆ ئەوەی باوەڕ بە ئێمە بکەن مەرگ کۆتایی ژیان نییە و، بوونی مرۆڤ لە پشت مەرگە جەستەییەکەیەوە بەردەوام دەبێت. یەکێک لە نهێنییەکانی سەرنجڕاکێشیی ئایینەکان، بەڵێنی نەمریی بووە. هیوابوون بە نەمریی، ترس لە مەرگ لەنێودەبات و ئارامی بە ژیانی مرۆڤی ترساو دەبەخشێت. لە هەموو ئەم حاڵەتانەدا گریمانەکە ئەوەیە کە مەرگ خراپە و نەمریی باش.
بەڵام ئایا بەڕاستی نەمریی خوازراوە؟ ئایا گریمانەی ژیانێک بەبێ مەرگ یاخود نەمرانەژیان بەڕاستی ویستراو و مایەی ئارامیی مرۆڤە؟ زۆرێک لە بیریاران، بەتایبەت لە سەردەمی مۆدێرندا، گومانیان لە خوازراویی نەمریی کردووە. سیمۆن دو بۆڤوار لە ڕۆمانی «هەموان دەمرن»دا، باس لە پیاوێک دەکات بە ناوی فۆسکا، کە ئاوی حەیات دەخواتەوە و دەبێتە کەسێکی نەمر. داستانەکەی دو بۆڤوار چیرۆکی ئەو ئازارە قوڵانەن کە نەمریی بۆ فۆسکای دروست دەکات. جوانییەکانی ژیان بە تێپەڕبوونی کات و کەم کەم سەرنجڕاکێشی و ئەفسونی خۆیان لەدەست دەدەن، تا ئاستێک کە فۆسکا لەبارەی «مەرگی ئازیز»ەوە قسان دەکات. مەلەل و بێزاریی ژیانی نەمرانە بە جۆرێک یەخەی پێ دەگرێت، کە ئارەزووی هاتنی «مەرگی ئازیز» دەکات: «ئەو مەرگەی جوانیی گوڵەکان بەهۆی ئەوەوەیە، خۆشی و شیرینیی گەنجی بەهۆی ئەوەوەیە، واتا بە بەخشندەیی، بێباکی، گیانفیدایی و لەخۆبردوویی ئەو دەدات. مەرگێک کە هەموو بەهاکانی ژیان بە ئەوەوە پەیوەستن.»
کارڵ چاپەک، نووسەری بەناوبانگی چیکییش لە شانۆنامەی «سەرگوزەشتەی ماکرۆپۆلۆس»دا، چیرۆکی ئیلینا ماکرۆپۆڵۆس دەگێڕێتەوە، کە لە تەمەنی ٤٢ ساڵیدا ئاوی حەیات دەخواتە و تەمەنێکی ئێجگار درێژی دەبێت. ئیلینا لە تەمەنی ٣٤٢ ساڵیدا تەواو خەمۆک و وێرانە. بە درێژایی ئەو ساڵانە ئەوەی بشێ ئەزموون بکرێت ئەزموونی کردووە، ژیان هیچ شتێکی نوێی بۆ ئەو پێ نییە، هەموو شتەکان لەنێو پڕۆسەیەکی دووبارەبووەوەدا تۆزی بێزارییان بەسەرەوە نیشتووە. کاتێکیش ئاوی حەیاتی پێ دەدەن تاکوو بە خواردنەوەی بەردەوامی بە تەمەن و ژیانی بدات، خۆی لە خواردنەوەی بەدوور دەگرێت. لە کۆتاییشدا دلاوەرەێک ئاوی حەیاتەکە لەنێو دەبات بۆ ئەوەی مرۆڤەکان لە بەخشش و نیعمەتی مەرگ بێبەش نەبن.
بێرنارد ویلیامز، فەیلەسوفی دیاری ئەمریکی، هەوڵ دەدات شێوەیەکی فەلسەفی و بەڵگەکارییانە بەم وێناکارییە بدات. ویلیامز بنبڕانە لەو باوەڕەدایە کە نەمریی بابەتێکی نەخوازراوە و، چەندە باشە مرۆڤەکان لە بەخششی مەرگ بەهرەمەندن. لەم نووسینەدا دەمەوێت هەندێک لە بەڵگەکارییەکانی ویلیامز لەبارەی نەخوازراویی نەمریی بخەمە ڕوو و لێیان بکۆڵمەوە. بەڵام بەر لە خستنەڕووی بەڵگەکارییەکانی ویلیامز، وا باشترە ئاماژە بە چەند خاڵێکی سەرەتایی بکەم٢:-
خاڵی یەکەم: ئێمە پێویستە جیاوازیی لەنێوان دوو جۆر نەمرییدا دابنێین: نەمریی جەوهەری و نەمریی ڕواڵەتی. لە نەمریی جەوهەریدا، نەمریی بەشێکی بنەڕەتی و جیانەکراوەیە لە بوونی بوونەوەرێک. واتە لێرەدا و لە بنەڕەتدا ئەگەری مەرگ بۆ ئەو بوون یاخود بوونەوەرە وێنانەکراوە و، مەرگ هیچ ڕێیەکی بۆ دزەکردنە نێو پێکهاتەی ئەو بوونە نییە. بۆ نموونە، خوداباوەڕان بەم واتایە خوداوەند بە نەمر یاخود هەمیشەزیندوو دەزانن، واتە لە ڕوانگەی ئەوانە ماهییەتی خودا بە جۆرێکە کە هەر لە بنەڕەتدا قبوڵی مەرگ ناکات. بەڵام لە نەمریی ڕواڵەتیدا ئەگەری مەرگ بوونی هەیە. واتە پێکهاتەی بوونی بوونەوەر بە جۆرێکە، کە دەشێ مەرگ دزەی تێ بکات، هەر بۆیە بۆ ڕێگریکردن لە مەرگ پێویستە بیر لە ڕێچار بکرێتەوە. ئێمەی مرۆڤ نەمر نین، واتە مەرگ دزەی کردووەتە نێو پێکهاتەی بوونمانەوە. بەڵام دەتوانرێت وێنای دۆخێک بکرێت کە ئەو پڕۆسانەی دەبێتە هۆی مەرگی بایۆلۆژیمان، بۆ نموونە بە بەرەوپێشچوونی زانستی پزیشکی ڕاوەستن یاخود تەنانەت پێچەوانە ببنەوە. لەم حاڵەتەدا مرۆڤ لە کاتێکدا کە بەڕووی ئەگەری مەرگدا کراوەیە، دەتوانێت لە جۆرە نەمرییەک بەهرەمەند بێت. بڵام ئەو جۆرە نەمرییەی لێرەدا باسی دەکەین، لە جۆری نەمریی جەوهەرییە. لێرەدا کاتێک لەبارەی نەمریی مرۆڤەوە قسە دەکەین، مەبەستمان ئەوەیە کە هەر لە بنەڕەتەوە ئەگەری مەرگ لە چوارچێوەی بوونی مرۆڤدا نامێنێت، واتە مرۆڤ لە بارودۆخێکدایە کە ڕێگەی مەرگی بەیەکجاری و لە بنەڕەتەوە بەسەردا داخراوە.
خاڵی دووەم: لە زۆر حاڵەتدا کاتێک خەڵک لەبارەی نەمرییەوە دەدوێن، لە ڕاستیدا لەبارەی نەمریی کەسێکی تایبەت یاخود دیاریکراوەوە قسان دەکەن (لە بەرهەمەکانی دو بۆڤوار، چاپەک و ویلیامزدا، نەمریی تەنیا موڵکی یەک کەسە، لە کاتێکدا ئەو کەسانەی لە دەوری ئەو کەسە نەمرەدان هەموو نەمر نین و لەنێوچوون). ڕەنگە کەسێک باوەڕی وەها بێت کە نەمریی لە خودی خۆیدا باش و خوازراوە، بەڵام گەر بڕیار بێت تەنیا یەک کەس بە نەمریی بمێنێتەوە و کەسە ئازیزەکانی و کەسانی دەوروبەری لەو بەخششە بێبەش بن، لەو حاڵەتەدا ڕەنگە خوازراویی گریمانەیی نەمریی لەژێر سێبەری ڕەشی خەمی لەدەستدانی ئازیزاندا کاڵببێتەوە و سەرنجڕاکێشیی خۆی لەدەست بدات. کەواتە، کاتێک لێرەدا باس لە نەمریی دەکەین، مەبەستمان نەمرییەکە هەمووان بەهرەمەند بن لێی، نەک تەنیا کەسێکی دیاریکراو.
خاڵی سێیەم: ڕوودانی نەمریی بە تەنیا کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر ژیانمان نییە، مەگەر ئەوەی کە بزانین نەمرین. واتە زانین و ئاگاییمان بە نەمریی هێندەی خودی نەمریی لە شێوە بەخشین بە شێوازی ژیانمان گرنگە. گریمانەی ئەوە بکەن لە ڕووی بایۆلۆژییەوە بەڕاستی نەمر بین، بەڵام بە هیچ شێوەیەک لەم ڕاستییە ئاگادار نەبین. لەم حاڵەتەدا نەمریی کاریگەریی ئەوتۆی لەسەر شێواز و کرۆکی ژیانمان نابێت. کەواتە، تا ئەو کاتەی باس لە مرۆڤ دەکەین، ئەو جۆرە نەمرییە گرنگە کە هاوڕێ بێت لەگەڵ ئاگایی بە نەمریدا.
خاڵی چوارەم: لە هەندێک لە ئایینەکاندا چەمکی نەمریی ئامادەیە، بەڵام ئەمە نەمرییەکی بەکۆمەڵە نەوەک تاکەکەسی. بۆ نموونە، لە ئایینی هیندۆسیدا تەواو شتێکی ڕێتێچووە تاک لەپاش مەرگی بەردەوامی بە ژیانی بدات، بەڵام ئەوە ژیانێکی تاکەکەسی نییە. لەم ئایینەدا وا وێنا دەکرێت کە تاک پاش مەرگی جەستەیی و تێپەڕێنی دووبارە لە سوڕی سامسارادا، لەنێو ئاگاییەکی گەردوونیدا دەتوێتەوە. لێرەدا بنەڕەتی ژیانی تاک ناسڕێتەوە، بەڵام ژیانی تاکەکەسیی ئەو کۆتایی دێت. «من»ی تاک لەلایەن ئاگاییەکی مەزنترەوە کێشدەکرێت و چیدی وەک ئاگاییەکی جیا یاخود سەربەخۆ بوونی نابێت. لەم باسەدا، نەمریی لەبەرچاوگیراو جۆری تاکەکەسییە نەوەک بەکۆمەڵ. واتە تاکی نەمر بۆ هەمیشە بەردەوامیی بە ژیانی تاکەکەسیی خۆی دەدات.
خاڵی پێنجەم: بەڵام چۆنیەتی نەمرانەژیانیش گرنگە. لە چیرۆکی «گەشتەکانی گالیور»دا، گالیور دەگاتە سەرزەمینێک کەتیایدا مرۆڤەکان نەمرن، بەڵام ئێجگار پیرن، واتە نەمرییەکەیان هاوڕێیە لەگەڵ کۆی بێتوانایی و کێشەکانی سەردەمی پیریدا و، ئەم کەسانە دەبێ بۆ هەمیشە باری گرانی هەموو ئازارانە هەڵبگرن کە لە بێتوانایی و پیرییانەوە سەرچاوەیان گرتووە. لەم جۆرە نەمرییەدا، «پیریی تەمەن» و «پیریی بایۆلۆژی» پێکەوەن. بەڵام ئەو نەمرییەی لێرەدا باسی دەکەین، پێویستە نەمریی تەمەن بێت نەوەک بایۆلۆژی. واتە لەم حاڵەتەدا تاک لە دۆخێکی بایۆلۆژیی بێوێنەدا دەوەستێت. تەمەنە بایۆلۆژییەکەی لەو ئاستە بێوێنەیە تێناپەڕێت، هەرچەندە تەمەنی بەبێ وەستان درێژ دەبێت.
پاش دانانی ئەم گریمانانە، ئێستا دەتوانین بگەڕێینەوە سەر پرسیارە سەرەکییەکەمان: ئایا «نەمریی» بەو جۆرە باس کرا، دیاردەیەکی خوازراو و ویستراوە؟ لە یەکەم ڕوانیندا وا دەردەکەوێت وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر ڕوونە: مرۆڤەکان هەر لە سەرەتای مێژووەوە لە تامەزرۆییاندا بۆ نەمریی چەندین ئەفسانەیان دروست کردووە و، ئەمڕۆکەش بەشێکی گرنگ لە سەرمایەی زەینی، مرۆیی و ئابوورییەکانی بۆ هێشتنەوەی گەنجی و دواخستن و تەنانەت سڕینەوەی مەرگ لەسەر شانۆی ژیان تەرخان دەکات. کەواتە وا دیارە ئەوە شتێکی ڕوونە کە نەمریی بە دیاردەیەکی خوازراو و ویستراو دەزانین.
بەڵام ویلیامز و بەشێکی دیکە لە فەیلەسوف و ئەدیبەکانی سەردەم، لەو باوەڕەدان ئەم باوەڕە دێرین و ڕەگداکوتیوە هەڵەیە. لە ڕوانگەی ویلیامزەوە ژیانی هەمیشەیی و نەمرانە لایەنی کەم لەبەر سێ هۆکاری بنەڕەتی خوازراو و ویستراو نییە _دوو هۆکاری سەرەتا زیاتر پەیوەندییان بە ئەگەری ژیانێکی نەمرانە و، سێیەمیشیان زیاتر لەبارەی خوازراویی ئەم جۆرە ژیانەوەیە. وا باشە یەک یەک لەم سێ هۆکارە بکۆڵینەوە٣.
هۆکاری یەکەم: دەتوانین ئەم هۆکارە بە «ئاڵنگاریی شوناسی تاکەکەسی» ناو ببەین. ویلیامز بەڵگەکاریی ئەوە دەکات کە لە پڕۆسەی ژیانێکی نەمرانەدا، لە جێیەک بەداوە، تاک بە جۆرێک دەگۆڕێت کە چیدی «هەمان» مرۆڤی پێشتر نییە. بەم شێوەیە، لە جێیەک بەدواوە، ژیانی نەمرانە دەبێتە موڵکی کەسێکی دیکە: وەک ئەوەی ئەو کەسەی سەرەتا مردبێت و کەسێکی نوێ لەبری ئەو هاتبێتە دنیا. بە دەربڕینێکی دیکە، ویلیامز لەو باوەڕەدایە کە لە ژیانێکی نەمرانە یاخود هەمیشەییدا تاک ناتوانێت شوناسی تاکەکەسیی خۆی بەدرێژایی کات بپارێزێت و، کەواتە لە جێیەک بەدواوە، ئەو ژیانە بەردەوامبووە دەبێتە موڵکی «کەسێکی دیکە». ئەدی بۆچی بەو جۆرەیە؟ بە بۆچوونى ویلیامز، شوناس یاخود «من»ی ئێمە دەرهاویشتەی کۆمەڵەیەک لە ئەنگێزە، مەیل و ئامانجگەلێکە، کە ناچار بە بزاوتنمان دەکەن و، خەسڵەتی تایبەتی خۆیان بە ژیان و کەسێتیمان دەبەخشن. ئەو، ئەم ئەنگێزە و مەیلانە بەسەر دوو دەستە، واتە مەرجدار و بێمەرجدا دابەش دەکات. پاڵنەر یاخود بزوێنەرە «مەرجدار»ەکان، مەیل و مەبەستگەلێکن کە بۆ بەردەوامبوونی ژیانمان پێویستمان پێیانە. ئەم مەیلانە لە خزمەت ژیاندان نەوەک بەپێچەوانەوە. بۆ نموونە، یەکێک لە بزوێنەرەکانی ژیانمان، مەیلی ئێمەیە بۆ خواردنی خۆراک. ئەم مەیلە کە بزاوتمان پێ دەبەخشێت، لەپێناو ژیاندایە: ئێمە بۆ ئەوە خۆراک دەخۆین تا زیندوو بین، زیندوو نین تا خۆراک بخۆین! بەڵام هەندێک لە مەیل و ئەنگێزەکانمان بۆ بەردەوامبوونی ژیان نییە. ئێمە ژیانمان بۆ هێنانەدیی ئەوانە دەوێ، نەک بەپێچەوانەوە. واتە ژیانمان لەخزمەت ئەو مەیل و مەبەستانەدایە. ویلیامز ئەم مەیلانە بە «بێ مەرج» یاخود «ڕەها» ناو دەبات. بۆ نموونە، وێنای کەسێک بکەن کە دەیەوێت خزمەتێکی مەزن بە مرۆڤایەتی بکات. بۆ نموونە، زۆر بە قوڵی شەیدای هونەرە و دەیەوێت لە ڕێگەی ئافراندنی هونەرییەوە گۆڕانێکی هەمیشەیی لە ژیانی کەسانی دیکەدا بهێنێتە کایە. ڕەنگە ئەم کەسە ژیانی خۆی بەتەواوی بۆ هێنانەدی ئەم ئامانجە تەرخان بکات. ئەو ژیانی بۆ ئەوە دەوێت تا ئەو ویستە باڵایەی بەدی بهێنێت.
لە ڕوانگەی ویلیامزەوە، مەیلە بێمەرج یاخود ڕەهاکان کرۆکی بنەڕەتی و ناوەندیی شوناسی تاک پێکدەهێنن. ئەوە مەیلەکانن کە «من»ی تاک وەک کەسێتییەکی تایبەت و جیا پێناسە دەکەن. بەردەوامیی شوناسی تاک بە بەردەوامبوون و مانەوەی ئەم مەیلانەوە پەیوەستە. هەر لەبەر ئەوەیە کە پێویستە جیاوازی لەنێوان دوو جۆر «من»دا بکەین: «منی میتافیزیکی»، کە لە ڕەوتى هەموو گۆڕان و گۆڕانکارییەکانی ژیانی تاکدا بە جێگیری دەمێنێتەوە و، «منی ئەخلاقی» کە شێوە بە کەسێتی و شوناسی ئەخلاقیی تاک دەدات و، بە ئەندازەیەکی زۆر لەسەر بنەمای مەیل و هیوا بنەڕەتی و بێمەرجەکان پێناسە دەکرێت. بۆ نموونە لە ڕۆمانی بێنەوایانی ڤیکتۆر هۆگۆدا، ژان والژان لە سەرەتای ڕێدا کەسێکی تاوانبارە. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات گۆڕانکاریی زۆر قوڵی بەسەردا دێت و، کەم کەم شوناسە ئەخلاقییەکی بەتەوای دەگۆڕێت، لە کۆتاییشدا دەبێتە کەسێکی نوێ. هەڵبەتە بە واتایەک، ئەم مرۆڤە چاکەکار و چاکەخوازە هەمان ئەو کەسە تاوانبارەیە کە چەندین ساڵ لەوەوبەر دزیی کردبوو (واتە ئەم کەسەی ئەمڕۆ و ئەو کەسەی دوێنێ «منێکی میتافیزیکی»ی هاوبەشیان هەیە). بەڵام بە واتایەکی دی، ئەم کەسە چاکەکار و چاکەخوازە هیچ نزیکایەتییەکی لەگەڵ ئەو کەسە تاوانبارەی ڕابردوودا نییە (واتە «منی ئەخلاقی»ی ئەم کەسە نوێیە تەواو جیاوازە لە «منی ئەخلاقی» کەسەکەى پێشوو).
بەم شێوەیە، ویلیامز لەو باوەڕەدایە کە پێویستە شوناسی بنەڕەتیی تاک لەسەر بنەمای «منی ئەخلاقی» یاخود کەسێتیی ئەخلاقیی ئەو پێناسە بکرێت _شوناسێک کە خۆی لەسەر بنەمای مەیل و مەبەستگەلی ڕەها و بێمەرجی ژیانی ئەو کەسە پێناسە دەکرێت. بەڵام ویلیامز باوەڕی وایە بە درێژایی ژیانێکی نەمرانە، مەیلە بێمەرجەکانی تاک کەم کەم گۆڕانیان بەسەردا دێت یاخود هەر لە بنەڕەتەوە دەگۆڕێن. بەم شێوەیە، لە جێیەک بەدواوە، تاکی (A) دەگۆڕێت بە کەسێکی تەواو نوێ، بۆ نموونە بە تاک (B). بێگومان تاکی B لە ڕووی میتافیزیکییەوە هەمان تاکی Aە، بەڵام لەڕووی ئەخلاقییەوە بووەتە خاوەن شوناسێکی نوێ و، بەم شێوەیە ئەو کەسە هەمان کەسی پێشوو نییە. کەواتە، پاش ڕوودانی وەها گۆڕانکارییەک، ئەو کەسەی لە ژیانی نەمرانە بەهرەمەند دەبێت تاکی Bە نەوەک تاکی A . وەک ئەوەی تاکی A مردبێت و تاکی B لەبری ئەو دەستی بە ژیانێکی نوێ کردبێت. کەواتە گەر شوناسی ئەخلاقی بە چەق یان سەنتەری شوناسی کەسێتی بزانین، هەروەها گەر باوەڕمان وا بێت لە ژیانێکی نەمرانەدا، درەنگ یان زوو، بەناچاری ئەم منە گۆڕانی ڕیشەیی بەسەردا دێت، لەو حاڵەتەدا هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی «من»ی ئەمڕۆی من تامەزرۆی ژیانێکی نەمرانە بێت کە بڕیارە لە داهاتوودا ببێتە موڵکی کەسێکی دیکە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە ویلیامز دەمانخاتە بەردەم دووڕێیانێک: یان بۆ پاراستنی شوناسی خۆمان، خۆمان لە بەشداریکردن لەم ژیانە نەمرانە و هەمیشەییە بەدوور دەگرین و لە ئەنجامدا دەبینە کەسێکی بێباک، ساردوسڕ، خۆبەدوورگر، بێڕۆح و لەخۆنامۆ، یان بەشداریی لەم ژیانە هەمیشەییەدا دەکەین و ئەزموونەکانی ئەم ژیانە کاریگەرییمان لەسەر دادەنێت و سەرئەنجام، درەنگ یان زوو، کرۆکی بنەڕەتیی کەسێتیی ئەخلاقیمان بە جۆرێک دەگۆڕێت کە دەبینە مرۆڤێکی نوێ _مرۆڤێک کە هیچ پەیوەندی و نزیکایەتییەکی لەگەڵ «من»ی ئەمڕۆماندا نییە.
هۆکاری دووەم: دەتوانین ئەم هۆکارە بە «ئاڵنگاریی شوناسی مرۆیی» ناو ببەین.٤ دەربڕینەکانى ویلیامز هەندێک جار وا دەردەکەون کە هەر لە بنەڕەتەوە ژیانی مرۆڤ ناشێ هەمیشەیی بێت. هەرکە مەرگ لە ژیانی مرۆڤدا بسڕینەوە، ئەم ژیانە پێگەی مرۆییبوونی لە دەست دەدات. ژیانی نەمرانە و هەمیشەیی نەک تەنیا ژیانی «من» نییە (ئاڵنگاریی شوناسی تاکەکەسی)، بەڵکوو لەوەش سەرتر، ناتوانێت و ناشێت ژیانی مرۆیی بێت (ئاڵنگاریی شوناسی مرۆیی). کەواتە، وا دەردەکەوێت بە بۆچوونی ویلیامز «ژیانی مرۆیی»، لەو ڕووەوە کە مرۆییە، لەخۆگری تایبەتمەندیگەلێکە کە بە سڕینەوەی مەرگ لەنێودەچن. بەڵام بۆچی ناکرێت ژیانی هەمیشەیی و نەمرانە مرۆیی بێت؟ ژیانی مرۆیی بەهۆی مرۆییبوونەکەیەوە لەخۆگری کام تایبەتمەندییە تایبەتانەیە کە بە سڕینەوەی مەرگ ون دەبن؟ بۆچوونگەلی جیاواز لەم بارەیەوە هەن:
١_ کەسانێک لەو باوەڕەکان کە بابەتەکان بە سنوورەکانیان پێناسە دەکرێن. گەر سنوورەکانی شتێک هەڵبگرین، ئەو شتە ون دەبێت یاخود لەنێودەچێت. گەر بەو جۆرە بێت، ژیانی مرۆڤیش لەسەر بنەمای سنوورەکانی دامەزراوە. گەر سنوورەکانی ژیانێکی مرۆیی هەڵبگرین، ماهییەت یاخود جەوهەرەکەی ون دەبێت. ژیانی نەمرانە، بە واتایەک، ژیانێکە بەبێ سنوور. کاتێک سنووری مەرگ هەڵبگیرێت، ئەوەی دەمێنێتەوە چیدی پەیوەندیی بە «ژیانی مرۆیی»یەوە نییە.
٢_ ئێمەی مرۆڤ، خودئاگایانە بێت یان ناخودئاگایانە، لە کۆتاییداریی خۆمان ئاگادارین. واتە دەزانین کە دەمرین. ئەگەری مردن ڕاستییەکی بنبڕە لە ژیانماندا و، ئاگاییمان لەبارەی ئەم کۆتاییە مسۆگەرەوە شێوە و جەوهەرێکی تایبەت بە ژیانمان دەدات. ئاگایی لەبارەی مردنەوە، تەنیا ئاگایی نییە لەبارەی کۆتایی ژیانەوە. ئەم ئاگاییە شێوە بە کارەلەپێشینە و بەهاکانی ژیانیشمان دەدات. ئاگایی لەبارەی مردنەوە، بە تەعبیری هایدگەر، ئەگەری ژیانێکی ڕەسەنمان بۆ فەراهەم دەکات. بەم شێوەیە، ئەو کەسانەی لە مەرگی خۆیان بێئاگان، تێگەیشتنێکی دروست و قوڵیان لەبارەی حەقیقەتی ژیانەوە نییە. لە لایەکی دیکەوە، زۆرێک لە بەها باڵا ئەخلاقییەکانمان لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مەترسیی مەزنی مەرگدا شێوە دەگرێت. بۆ نموونە، گەر مەترسیی مەرگ نەبووایە، ئازایەتی بێواتا دەبوو: هەموو کەسێک دەیتوانی خۆی بخاتە نێو ئاگر و گیانی ئەو کەسە ڕزگار بکات کە چواردەوری بە ئاگر گیراوە. کەواتە فەزیلەتی ئازایەتی (بۆ نموونە) جگە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەگەری مەرگدا نایەتەدی. ژیانی ڕەسەنی مرۆیی لە سنوورەکانی مەترسیدا دەستدەدات. کەواتە گەر مەرگ لە ژیانی مرۆڤ بسڕینەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە هەرچییەک بێت ژیانی مرۆیی نییە.
٣_ کەسانێکیش لەو باوەڕەدان ژیان جۆرێک «گێڕانەوە»یە و، واتای ژیان لە دەقی گێڕانەوەیەکەوە سەرچاوە دەگرێت. گەر ئێوە ژیان بە واتادار دەزانن، لە ڕاستیدا گریمانەی جۆرێک لە تایبەتمەندیی گێڕانەوەئاساتان بۆ ژیان کردووە. کەواتە گێڕانەوەییبوون جەوهەری واتابەخشییە. بەڵام یەکێک لە تایبەتمەندییە بنەڕەتییەکانی «گێڕانەوە» ئەوەیە کە خاڵی کۆتایی هەیە. خاڵی کۆتایی شێوە و واتا بە کۆی گێڕانەوەکە دەدات. گەر کۆتایی لە گێڕانەوەدا بسڕینەوە، ڕووبەڕووین لەگەڵ گێڕانەوەیەکی ناتەواو و کەموکورتدا. ژیانی هەمیشەیی گێڕانەوەیەکی ناتەواوە، واتە خاڵییە لە یەکێک لە توخمە بنەڕەتییەکانی. سڕینەوەی مەرگ (یان خاڵی کۆتایی) لە گێڕانەوەی ژیاندا، خەسڵەتی گێڕانەوەئاسابوونی ژیان لەنێودەبات و، دەیکاتە کۆمەڵە ڕووداوێکی پەرت و لاڵ.
٤_ کەسانێکی دی لەو باوەڕەدان ژیانی دوورودرێژ هەرچەندە گریمانەی درێژییەکی زۆریشی بۆ بکەین هێشتاش کۆتاییدارە و، لە ڕووی جەوهەرییەوە جیاوازە لەو ژیانە ناکۆتایەی کە کۆتاییەکەی وێنانەکراوە. ئێمە تەنیا دەتوانین ژیانێکی کۆتاییدار (واتە ژیانێک کە لەخۆگری دەستپێک و کۆتایی بێت) بە تەواوەتی وێنا بکەین، لەبارەی ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانییەوە بڕیار بدەین و خوازراوی یاخود نەخوازراوییەکەی هەڵبسەنگێنین. بەڵام وێناکردنی ژیانێکی ناکۆتا بە تەواوەتی مەحاڵە و، هیچ ڕێگەیەکمان نییە تا لەگەڵ ژیانێکی کۆتاییداردا هەڵیبسەنگێنین و بەراوردی بکەین. کەواتە جیاوازییەکی مەعریفەناسییانە و بنچینەیی لەنێوان ژیانی کۆتاییدار (واتە ژیانێک هاوڕێ لەگەڵ مەرگ) و ژیانێکی ناکۆتا (ژیانێکی نەمرانە یان هەمیشەیی)دا هەیە: یەکەمیان بەتەواوەتی دەشێ وێنا بکرێت، بەڵام دووەمیان بەپێچەوانەوە.
لەسەر بنەمای ئەم بەڵگانەیە کە کەسانێک بانگەشەی ئەوە دەکەن ژیانی نەمرانە یان هەمیشەیی، لە بنەڕەتەوە لە جۆری ژیانی مرۆیی نییە. ئەگەریش وەها ژیانێک لەبنەڕەتەوە ڕێتێچوو بێت، هیچ پەیوەندییەکی بە ژیانی مرۆڤەوە نییە و، تێگەیشتن لێی لە توانای ئێمە بەدەرە.
هۆکاری سێیەم: وەک پێشتر ئاماژەم پێ کرد، دوو هۆکاری سەرەتا زیاتر ئەوە پیشان دەدەن کە ژیانی نەمرانە هەر لە بنەڕەتەوە بۆ مرۆڤ ڕێتێچوو نییە و، هەر بۆیە نابێت ببێتە کەڵکەڵەی مێشکمان. بەڵام هۆکاری سێیەم بۆ مەبەست یان بانگەشەیەکی دیکە داڕێژراوە. تەنانەت گەر ژیانی نەمرانە بۆ تاک و مرۆڤ بە ڕێتێچوو بزانین، ئەم ژیانە خوازراو و سەرنجڕاکێش نییە. بە دەربڕینێکی دیکە، تەنانەت گەر قبووڵی ئەوە بکەین کە شوناسی تاکەکەسیی من بتوانێت بەدرێژایی ژیانێکی هەمیشەیی بەردەوام بێت و، تەنانەت گەر بتوانین ژیانی هەمیشەیی بە مرۆیی بزانین، ژیانی هەمیشەیی و نەمرانە ڕووبەڕووی دژواری و ئاڵۆزییەکی دیکە دەبێتەوە: ئەم ژیانە، لە جێیەک بەدواوە، ئێجگار مەلەلهێن و ئاسایی دەبێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە دەتوانین ئەم بەڵگەکارییە بە «ئاڵنگاریی سەرنجڕاکێشی» ناو ببەین. بەڵام بۆچی لە ڕوانگەی ویلیامزەوە ژیانی نەمرانە مەلەلهێن و نەویستراوە؟ بە بۆچوونی ئەو، ئێمە لەسەر بنەمای «منی ئەخلاقی»ی خۆمان چالاکیگەلێکی دیاریکراو بە خوازراو و خرۆشێنەر دەزانین و پێیانەوە سەرقاڵ دەبین. مادەم ئەم چالاکییە گرنگ و واتابەخشانە سەرنجڕاکێش و خرۆشێنەرن بۆمان، ژیان سەرنجڕاکێش و خرۆشێنەرە بۆمان. بەڵام ئەم چالاکییانە کەم کەم دەبنە کردەگەلی دووبارە و تەڕی و تازەیی خۆیان لەدەست دەدەم. دووبارەبوونەوە غوباری مەلەل بەسەر ژیاندا دەکێشێت. لێرەدایە تاک خۆی لەبەردەم دووڕێیانێکدا دەبینێتەوە: یان دەبێت مل بۆ ژیانێکی نەمرانە بەڵام مەلەلهێن بدات، یان کەم کەم لە ژیان دووربکەوێتەوە و ببێتە تەماشاکەرێکی بێباک، ساردوسڕ و لەخۆنامۆ.
دەتوانین شێوەی کۆتایی بەڵگەکارییەکەی ویلیامز بەم شێوەیەی خوارەوە کورت بکەینەوە:
١_ مەیل و ئەنگێزە ڕەها و بێمەرجەکان (ئەوەی کە دیاریکەری شوناسی کەسی یاخود «منی ئەخلاقی» ئێمەیە)، لە ڕەوتی ژیانێکی نەمرانەدا یان دەگۆڕێت یاخود ناگۆڕێت.
٢_ گەر ئەم مەیلانە گۆڕانیان بەسەردا بێت، ژیانی نەمرانە، لە جێیەک بەدواوە، چیدی ژیانی من نابێت. واتە کاتێک ئەو مەیل و ئەنگێزانە بە ئەندازەی پێویست بگۆڕێن، شوناسی کەسیی من لەنێودەچێت و «من»ێکی نوێ دەچێتە شوێنی و، هەر بۆیە ناتوانین بڵێین ئەوە «من»م کە لە ژیانێکی نەمرانە و هەمیشەیی بەهرەمەند دەبم.
٣_ گەر مەیل و ئەنگێزە بێمەرجەکان لە ڕەوتی ژیانێکی نەمرانەدا گۆڕانیان بەسەردا نەیەت، لەو حاڵەتەدا دوو ئەگەر دێنە پێشەوە: یان ئەزموونەکانی ژیان کاریگەرییەکی گرنگ لەسەر «من» دانانێت، یان کاریگەرییەکی قوڵ لەسەر «من» دادەنێن.
٤_ گەر تاک بە ئەزموونەکانی ژیان کاریگەر نەبێت، لەو حاڵەتەدا بەتەواوی بەرانبەر ژیان بێباک، دابڕاو و ناچالاک دەبێت و ئەم دۆخە، درەنگ یان زوو، بە لەخۆنامۆبوون کۆتایی دێت.
٥_ گەر تاک بکەوێتە بەردەم مەترسیی ئەزموونەکانی ئەم ژیانە هەمیشەییەوە، درەنگ یان زوو تووشی مەلەلێکی قوڵ و ناچارییانە دەبێت.
٦_ کەواتە، هەرچۆنێک بێت پێویستە ژیانی هەمیشەیی و نەمرانە بە دیاردەیەکی نەخوازراو و نەویستراو بزانین.
گەر بەڵگەکارییەکەی ویلیامز قبوڵ بکەین، لەو حاڵەتەدا دەبێ مەرگ بە بەخششێکی ئازیز بزانین نەوەک دیاردەیەکی هەراسانکەر _بەخششێک کە واتا، تازەیی و بەها بە ژیانمان دەبەخشێت. دەبێ لە کاتی خۆیدا پێشوازیی لە مەرگ بکەین و، بە ئامێزی کراوەوە بەخێرهاتنی بکەین.
بەڵام دەتوانین چی لەبارەی بەڵگەکارییەکەی ویلیامزەوە بڵێین؟
یەکەم: وا باشە لە «ئاڵنگاریی شوناسی تاکەکەسی» بکۆڵینەوە. ئایا ئەوە ڕاستە کە لە ژیانی نەمرانەدا تاک بە تێپەڕبوونی کات و بەناچاری دەبێتە کەسێکی نوێ _ بە جۆرێک کە بەردەوامبوونی ژیانی ئەم تاک یاخود کەسە نوێیە پەیوەندیی بە بەردەوامبوونی ژیانی کەسی پێشووەوە نەبێت؟ وا دیارە وەڵامەکە نەرێنییە. ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئێمە سەرەڕای ئەوەی خوازیاری بەردەوامبوونی ژیانی «منی ئەخلاقی»ی خۆمانین، نیگەرانی «منی میتافیزیکی»ی خۆیشمانین. کەواتە، تەنانەت گەر ئەوە قبوڵ بکەین کە بەهۆی گۆڕانی بنەڕەتیی مەیل و ئەنگێزە ڕەها و بێمەرجەکانمانەوە، لە ڕەوتی ژیانێکی هەمیشەیی یاخود نەمرانەدا، «خود یان منی ئەخلاقی»مان لەنێودەچێت، هیچ بەڵگەیەکمان نییە بۆ ئەوەی گریمانەی ئەوە بکەین کە «خودی میتافیزیکی»شمان لەم پڕۆسەیەدا لەنێودەچێت. «خودی ئەخلاقی»ی میسیۆ مالدین هیچ نزیکایەتییەکی لەگەڵ ژان والژاندا نییە و، هەر بۆیە دەبێت بە مرۆڤێکی نوێی بزانین. بەڵام «خودی میتافیزیکی»ی میسیۆ مالدین هێشتاش لەگەڵ ژان والژاندا یەکێکە. کەواتە، سەرەڕای ئەو گۆڕانکارییە بەرچاوەی لە مەیل و ئەنگێزە ڕەها و بێمەرجەکانی میسیۆ مالدیندا ڕووی داوە، ئەو هێشتاش ژان والژانە. مادەم شوناسی میتافیزیکیی من گرنگ بێت، «منى ئێستا» بە شێوەیەکی واتادار پەیوەندیی بە «منی داهاتوو»ەوە هەیە _هەرچەندە ئەگەری هەیە شوناسی ئەخلاقیی ئەم دوو «من»ە جیاوازییەکی بەرچاو لەنێوانیاندا دروست بووبێت.
کەواتە، گەر ژیانی نەمرانە بە واتای بەردەوامبوونی «منی میتافیزیکی» بێت نەوەک «منی ئەخلاقی»، لەم ڕووەوە دەتوانین هێشتاش بە خوازراو و ویستراوی بزانین. بەڵام پرسیارێکی گرنگتر کە لێرەدا لەبەردەم ویلیامزدایە ئەوەیە کە بۆچی دەبێت گۆڕانی بنەڕەتی لە مەیل و ئەنگێزە ڕەهاکانی تاکدا، بە نەفیکردنی کەسێتی و شوناس و لە کۆتاییشدا لەنێوچوونی کۆتایی بێت؟ وا دەردەکەوێت لێرەدا ئەوە شێوازی گۆڕانی مەیل و ئەنگێزەکانە کە گرنگە نەوەک کرۆکی ئەو مەیل و ئەنگێزانە. گریمانەی ئەوە بکەن سەرەڕای دژایەتی و ڕێپێنەدانی کەسێک، کەسێکى دى لە ڕێگەی جۆرێک لە پڕۆسەی مێشکشۆردنەوەوە بەها و مەیلە بنەڕەتی و سەرەکییەکانی ئەو کەسە دەگۆڕێت. لێرەدا ئەو شوناسەی لەڕێی ئەم پڕۆسەی مێشک شۆردنەوەوە بەدەست دێت، هیچ نزیکایەتییەکی لەگەڵ «من»ی بنەڕەتی و ڕەسەنی ئەو تاک یاخود کەسەدا نییە و، بە ناچاری دەبێ ئەم پڕۆسەیە بە بابەتێکی نەخوازراو لەقەڵەم بدەین. بەڵام لەم بابەتەوە ئەنجامگیریی ئەوە ناکرێت کە هەر جۆرە گۆڕانکارییەکی قوڵ، کە بە هەر شێوەیەک لە مەیل و ئەنگێزە بێمەرجەکانی ئەو تاکەدا ڕوو دەدات، دەبێ بە نەخوازراو بزانرێت. تەواو شتێکی ڕێتێچووە کە ئەو تاکە لە ڕەوتی پڕۆسەیەکی پلەبەپلە و بە شێوەیەکی تەواو ئاگایانە لە ڕێی فێربوون و ئەزموونکردنەوە چاو بە هەندێک لە بەها و مەیلەکانیدا بخشێنێتەوە و، لە کۆتاییدا ئەم گۆڕانکاریانە پاڵ بەو کەسەوە بنێت بۆ چاوخشاندنەوە بە بەشێک لە نەخشە و بەرنامە سەرەکییەکانی ژیانیدا و، بیهێنێتە سەر ئەو باوەڕەی کەم کەم سیستمی باهاکانی پێشتری لابدات و سیستمێکی نوێ لە جێگەی دابنێت. لێرەدا سیستمی بەها و کۆمەڵەی مەیل و ئەنگێزە ڕەهاکانی ئەم کەسە گۆڕانکاریی بنەڕەتییان بەسەر هاتووە، بەڵام ئەو کەسەی لە چەقی ئەم پڕۆسەیەوە هاتووەتە دەرەوە، هێشتاش هەمان کەسە. بە دەربڕینێکی دیکە، گشتییەت و یەکبوونی شوناسی ئەو لە ڕەوتی ئەم پڕۆسە ئاگایانە و خۆویستانەدا بە پارێزراوی ماوەتەوە. کەواتە، گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە بەهاکان، مەیل و ئەنگێزە ڕەهاکانی تاک بە درێژایی ژیانێکی نەمرانە، بە ناچاری بە نەفیکردنی شوناسی کەسیی ئەو تاکە کۆتایی نایەت و، ئەوەی لەم نێوەندەدا ڕۆڵی یەکلاکەرەوەى هەیە، شێواز و میکانیزمی ئەو گۆڕانکارییانەیە. گەر ئەم گۆڕانکارییانە لە پڕۆسەیەکی بەردەوام و تاڕادەیەک خۆویستانە ڕوو بدات، شوناسی تاکەکەسیی تاک پارێزراو دەبێت، گەر پێچەوانە بێت بەو جۆرە نابێت. کەواتە، وا دیارە «ئاڵنگاریی شوناسی تاکەکەسی» ئایدیای نەمریی ڕووبەڕووی دژواری و ئاڵۆزیی جددی و چارەسەرنەکراو ناکاتەوە.
دووەم: ئەی لەبارەی ئاڵنگاریی دووەم یان «ئاڵنگاریی شوناسی مرۆیی»ەوە دەتوانین چی بڵێین؟
وەک بینیمان، هەندێک لە ڕەخنەگران لەو باوەڕەدان کە مادەم ژیانی نەمرانە یان هەمیشەیی سنووری نییە، هەر لە بنەڕەتەوە ناتوانرێت ئەو جۆرە ژیانە بە جۆرێک لە ژیانی مرۆیی بزانرێت. بەڵام ئەم ڕەخنەیەش قەناعەتپێکەر دەرناکەوێت: فراوانکردنی بێکۆتای ڕەهەندێک یاخود هەندێک ڕەهەندی شت یان پڕۆسەیەک، بە ناچاری پێویستی بە فراوانکردنی ناکۆتای هەموو ڕەهەندەکانی ئەو شت یان پڕۆسەیە نییە. دەتوانرێت تا ناکۆتا ڕەهەندێکی دیاریکراوی شت یاخود پڕۆسەیەک فراوان بکرێت، بەڵام هێشتا ئەو شت یان پڕۆسەیە گشتیەت و یەکبوونی شوناسی خۆی بپارێزێت. بە دەربڕینێکی وردتر، هەندێک بابەت لەم جیهانەدا هەن کە ئەگەر ڕەهەندێک لە ڕەهەندەکانیان تا ناکۆتا فراوان بکەین، ئەو شتانە دەگۆڕێن بۆ شتانی دی. بۆ نموونە، گەر ڕەهەندەکانی کاتژمێرێکی دەستی یان مێزێکی خوێندنەوە تا ناکۆتا درێژ بکەینەوە، چیدی وەک کاتژمێر یان مێز نامێننەوە. بەڵام هەموو شتەکان بەم جۆرە نین. بۆ نمونە گریمانەی ئەوە بکەن کەسێک خاوەن زانینی ڕەها بێت، واتە زانیاریی لەبارەی کۆی بابەتە دروستەکانەوە هەبێت. گەر وەها بابەتێک ڕێتێچوو بێت، لەو حاڵەتەدا زیادبوونی ژمارەی بابەتە دروستەکان، زانینی ئەو کەسە ناگۆڕێت بە پێچەوانەکەی. وا دەردەکەوێت ژیان لە جۆری بابەتەکانی دەستەی دووەم بێت. واتە فراوانبوونی ڕەهەندێک لە ڕەهەندەکانی ژیان، بەناچاری بەو واتایە نییە کە هەموو ڕەهەندەکانی ژیان تا ناکۆتا فراوان دەبن و، بەم شێوەیەش شێوە و جەوهەری یەکگرتووی خۆی لەدەست دەدات.
وەک بینیمان، کەسانێکی دیکە هەن کە باوەڕیان وایە ژیانی مرۆڤ پەیوەستە بە ئاگایی لەبارەی مەترسی و کۆتاییدارییەوە. بۆ نموونە، گەر مەترسیی مەرگ نەبێت، فەزیلەتی ئازایەتی مەحاڵ یاخود بێبەها دەبێت. ئایا ئەمە بەڵگەیەکی بەجێیە؟ وا دیارە وەڵامی ئەم پرسیارەش نەرێنی بێت. هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی گریمانەی ئەوە بکەین فەزیلەتی ئازایەتی لە گرەوی ئاگایی تاک لە ئەگەری مەترسیی مەرگدایە. تاک دەتوانێت لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مەترسیگەلی جددی دیکەی ژیاندا، لەوانەش ئازار، بڕینەوەی ئەندامی جەستە، جیابوونەوە لە خۆشەویست، تەنیایی یان خەمۆکیدا ئازایەتی بنوێنێت. ئێمە لە ژیانی نەمرانە و هەمیشەییدا تەنیا درێژیی تەمەنمان زیادکردووە، بەڵام ڕەنج و ئازار، حەسرەت و تاڵیی جیابوونەوە لە یار و دژواریگەلێکی لەم شێوەیە، هێشتاش لەم ژیانەدا ماونەتەوە. بە سڕینەوەی مەرگ باقی مەترسی و ئازارەکانی دیکەی ژیان ناسڕێنەوە و، هەندێک جار ئەم مەترسییانە هێندە جددین کە ڕووبەڕووبوونەوەیان ئازایەتی دەوێت. کەواتە، دەشێ ئازایەتی لە نائامادەیی مەرگیشدا ڕێتێچوو و بەهادار بێت. لە لایەکی دیکەوە، دەتوانین بپرسین بۆچی ژیان لە غیابی مەرگدا گرنگی و جوانییە تایبەتەکەی لەدەست دەدات؟ زۆرێک لە کارە سەخت و تەحەداهێنەکانی ژیان تەنانەت لە ژیانێکی نەمرانە و هەمیشەییشدا هێشتا بەدژواری دەمێننەوە. بۆ نموونە، لە ژیانێکی هەمیشەییشدا هێشتا ئافراندنی ڕۆمانێکی درەوشاوە، گوتنی گۆرانییەکی هەژێنەر و بڕینی مەودایەکی دوور لە کاتێکی کەمدا هێشتاش دژوارە. کەواتە، لە ژیانێکی هەمیشەییشدا تاک هێشتا دەتوانێت ئاڵنگاریی تواناکانی خۆی بکات و، بۆ زاڵبوون بەسەر سەختییەکانی ژیاندا داهێنەری و بوێری بنوێنێت. سەرەڕای ئەوەی ڕەهەندی زەمانیی ژیان زیاد دەبێت، هیچ لەو ڕەنج و ئازارە کەم ناکاتەوە کە لە شکستهێنان لە عەشقەوە سەرچاوە دەگرێت. کەواتە وا دەردەکەوێت ژیانی نەمرانە بە ئەندازەی پێویست ئاڵنگاری و سەختی لە خۆیدا هەڵگرتووە تاکوو گرنگیی تایبەت بە ساتەکانی ژیانمان ببەخشێت و، بە ئەندازەی پێویست ژیانبەخش و چێژبەخشی بکات و تواناکانمان بۆ سەرکەوتنگەلی زیاتر ئامادە بکات.
وەک بینیمان کەسانێکی دیکە بانگەشەی ئەوە دەکەن ژیانی هەمیشەیی و نەمرانە بەهۆی ناکۆتابوونییەوە گێڕانەوەیەکی ناتەواو و بێ ئەنجامە و، بەم هۆیەشەوە واتای خۆی لەدەست دەدات. ئایا ئەم بانگەشەیە شیاوی قبوڵکردنە؟ بۆچی ژیانێکی هەمیشەیی ناکرێت واتادار بێت؟ دەتوانین ژیانی ناکۆتا بە پێکهاتوو لە گێڕانەوەگەلێکی بچووکتر بزانین، ڕۆمانێک کە لە کۆمەڵە چیرۆکێکی پێکەوەبەستراو پێکهاتووە _وەک ئەوەی کەسێک ڕۆمانگەلێکی پێکەوەپەیوەست بنووسێت بە جۆرێک کە بتوانرێت هەریەکێکیان بە شێوەی سەربەخۆ بخوێنرێتەوە. بۆ نموونە سێ ڕۆمانەکەی ساموێل بیکێت (واتە مالی، مالۆن دەمرێت و ناولێنەنراو) گەرچێ پەیوەندییان پێکەوە هەیە، بەڵام دەتوانین هەریەکەیان بە جیا بخوێنینەوە. هەڵبەت گەر بەدوای یەکدا بیانخوێنینەوە، دەتوانین لە پێکەوە پەیوەستیی ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکان، سەرەڕای واتاکانی پێشتر، واتاگەلێکی نوێ بدۆزینەوە. بەڵام وا دەرناکەوێت لەم ڕووەوە جیاوازیی بنەڕەتیی لەنێوان گێڕانەوە لە ژیانێکی کۆتاییدار و گێڕانەوە لە ژیانێکی بێکۆتادا هەبێت.
لە کۆتاییشدا کەسانێک لەو باوەڕەدان کە ژیانی بێکۆتا لە ژیانی کۆتاییدار جیاوازە و وێناکردنی وەها ژیانێک مەحاڵە. لەم ڕووەشەوە ناتوانرێت ژیانێکی بێکۆتا بە ژیانێکی کۆتاییدار بەراورد بکرێت. پێشگریمانەی ئەم بانگەشەیە ئەوەیە کە ئێمە ناتوانین بەتەواوەتی وێنای ژیانی ناکۆتا بکەین و، کەواتە هەر لە سەرەتاوە ناتوانین هیچ وێنایەکمان لەبارەی وەها ژیانێکەوە هەبێت. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە بۆ تێگەیشتن و وێناکردنی گێڕانەوەیەک بەتەواوەتی، پێویست ناکات لە هەموو وردەکارییەکانی ئەو گێڕانەوەیە ئاگادار بین. ناتوانرێت هێچ ژیانێک بە ناکۆتا بزانرێت. ژیانە هەمیشەییەکانیش هاوشێوەی ژیانە باوەکان تەواو کۆتاییدارن. ئێمە تەنیا دەتوانین لە دەستپێکی ئەو ژیانەوە تاکوو ئەو خاڵەی کە ئێستا تیایدایە (واتە لە دەستپێکەوە تا ئێستا) وێنایەکی کەمتازۆر ڕوونمان هەبێت.
کەواتە وا دەرناکەوێت هیچ هۆکارێکی بنبڕ لەگۆڕێ بێت کە وا بکات ئەو ژیانە هەمیشەییە لە بنەڕەتەوە بە جۆرێک ژیانی مرۆیی دانەنێین. درێژبوونەوەی ناکۆتای ژیان لەسەر هێڵی کات، «مرۆیی»بوونی لێ ناستێنێت.
سێیەم: ئەی لەبارەی ئاڵنگاریی سێیەمەوە، واتە «ئاڵنگاریی سەرنجڕاکێشی»ەوە دەتوانین چی بڵێین؟ وەک بینیمان، بە بۆچوونی ویلیامز، ژیانی نەمرانە درەنگ بێت یان زوو سەرنجڕاکێشیی خۆی لەدەست دەدات و تۆزی مەلەلی بەسەرەوە دەنیشێت. ئایا ئەمە بانگەشەیەکی ڕاستە؟ وا دیارە لێرەدا پێویستە جیاوازیی لەنێوان دوو چێژ لە ژیاندا دابنێین: هەندێک لە چێژەکان بە چەند جارێک دووبارەبوونەوەی ئەزموونکردنیان تامە چێژبەخشەکەیان نامێنێت. واتە دووبارەبوونەوەیان کاریگەرییەکەیان ناهێڵێت و دەبنە هۆی بێزاری. ڕێگە بدەن ئەم چێژانە بە «چێژە دووبارەنەبووەوەکان» ناو ببەین. بەڵام هەموو چێژەکانی ژیان لەم جۆرە نین. هەندێک لە چێژەکانی ژیان دووبارەبووەوەن، واتە ئێوە دەتوانن چەندین جار ئەزموونیان بکەن و هەموو جارێک چێزێکی نوێ لەو ئەزموونانە وەربگرن. گەر ژیانی تاک تێکەڵەیەکی هاوسەنگ بێت لە چێژە دووبارەبووەوەکان، هیچ هۆکارێکمان نییە تا گریمانەی ئەوە بکەین کە ژیانی ئەو لە درێژماوەدا سەرنجڕاکێشیی خۆی لەدەست دەدات. بۆ نموونە، تاک دەتوانێت ژیانی خۆی بۆ هێنانەدی دادپەروەریی لە ئەفریقا تەرخان بکات، کاتێکیش کارەکەی لەوێ تەواو بوو، بڕوات بۆ هیندستان و چێژی خزمەتکردنى خەڵک لەوێ تاقی بکاتەوە. پاش هاتنەدیی دادپەروەریی جیهانی، خۆی فێری وێنەکێشان بکات، دواتر تەمەنی بۆ هونەر تەرخان بکات و… بەم شێوەیە. وا دەرناکەوێت بازنەی بابەتە چێژبەخشەکانی ژیان هەرگیز کۆتایی بێت. نغرۆبوون لەنێو ڕەوتی ئارامی جوانییەکانی ژیانیش دەتوانێت بە ئەندازەی پێویست سەرنجڕاکێشی بە ژیانی نەمرانەمان ببەخشێت و، تۆزی مەلەلی لێ بتەکێنێت.
بە کورتی، وەک بینیمان ویلیامز لەو باوەڕەدایە کە خوازیاربوون بۆ نەمریی ڕووبەڕووە لەگەڵ سێ ئاڵنگاریی بنەڕەتیدا: ئاڵنگاریی شوناسی تاکەکەسی، ئاڵنگاریی شوناسی مرۆیی و ئاڵنگاریی سەرنجڕاکێشی. بەڵام وا دەرناکەوێت بەڵگەکارییەکانی بۆ سەلماندنی بانگەشەکەى بە ئەندازەی پێویست بەهێز بن. نەمریی دیمەنی سەرچاوەیەکی دوورەدەستە لە بیابانی بووندا، کە بەردەوام مەیلی تینووی مرۆڤ دەخاتە وەسوەسەوە.
سەرچاوەکان:
١_ ئەم وتارە کورتکراوەى وانەیەکە لە وانەوتارەکانى «میتافیزیکى مەرگ»، کە لەم سەرچاوەیەى خوارەوەدا بڵاو بووەتەوە: اندیشه پویا، شمارە ٥٠، اردیبهشت ١٣٩٧. صص ٩٥-٩٧.
٢_ بۆ درێژەى ئەم خاڵانە، تەماشاى ئەم ناونیشانەى خوارەوە بکەن:
Fischer, John Martin, “Immortality” The oxford handbook of philosophy of death, eds by ben Bradley, Fred Feldman, and Jens Johansson,2012
٣_ خستنەڕووى بەڵگەکارییەکانى ویلیامز لەسەر بنەماى ئەم وتارەى خوارەوەیە:
Williams, Bernard, “The Makropulos case: Reflections on the Tedium of immortality”, From problem of the self, Cambridge University press, 1973, pp.82-100
٤_ ئەم ئاڵنگارییە شێوەیەکى دیاریکراو و جیاکراوەى لەنێو وتارەکەى ویلیامزدا نییە. خستنەڕووى ئەم بەڵگەکارییە لە لایەن منەوە لەسەر بنەماى ئەم وتارەى خوارەوەیە:
“Fischer, John Martin, “Immortality
٥_ ڕەخنەکردنى بەڵگەکارییەکانى ویلیامز لەسەر بنەماى ئەم وتارەى خوارەوەیە:
“Fischer, John Martin, “Immortality
هەروەها تەماشاى ئەم سەرچاوەى خوارەوە بکەن:
Nussbaum, Martha, “The damage of Death: Incomplete Arguments and false consolation”, from the metaphysics and Ethics of death: New essays, ed. By James Stacey . Taylor, Oxford University Press, 2013, pp. 25-43
نووسین: ئارەش نەراقی
وەرگێڕان: ئیکرام حەمە