گەورەترین کێشە کە ئێمەى کورد وەک نەتەوە پێیەوە دەناڵێنین لەو جوگرافیا جەهەنەمییەى نێوان سێ چوار نەتەوەى موسڵمانى وەک: عەرەب وتورک وفارس وعەجەم، کێشەى چەوساندنەوەى مێژوویی وجوگرافی وسیاسی وسایکۆلۆژییە.
مێژوونووسەکانى نەتەوەکانى چواردەورى کورد زۆر بەدەگمەن وشەیەکى چاکیان دەربارەى کورد وتووە.
گەورەترین کێشە کە ئێمەى کورد وەک نەتەوە پێیەوە دەناڵێنین لەو جوگرافیا جەهەنەمییەى نێوان سێ چوار نەتەوەى موسڵمانى وەک: عەرەب وتورک وفارس وعەجەم، کێشەى چەوساندنەوەى مێژوویی وجوگرافی وسیاسی وسایکۆلۆژییە. ئەگەر هەموومان دەربارەى کێشە وچەوساندنەوەى مێژوویی وجوگرافی وسیاسی بزانین، دەبێت چەوساندنەوەى دەروونی چى بێت؟
ئێمەى کورد لە ئەدەبیاتی مێژوویی وسیاسی وکۆمەڵایەتى ئەو نەتەوانە، لە وەتى مێژوو هەیە، بە زۆر بە دەگمەن، وشەیەکى چاکمان دەربارە گوتراوە، زۆربەى پەڕتووکە مێژووییەکانى ئەو نەتەوانە، بەتەوسەوە باسی کورد دەکەن لەچاکترین حالەتدا.
هەیانە بە ئاشکرا کوردى تەکفیر کردووە، بە نەتەوەیەک لە دز وجەردە نیشاندراوە، نمونە زۆرن لەو بابەتانە، هەتا ئەو حاڵەتە پەڕیوەتەوە بۆ ناو کۆمەڵ وگروپە ئیسلامییەکان، تا دەگاتە نووسەرە ئیسلامییەکانیش، چونکە ئەوانیش زادەى ئەو ئیسلامە مێژووییە وڕابردوو، و کلتوورەن کە ئەمڕۆ لە خراپترین فۆرمى سەلەفییەتدا پەیڕەو دەکرێت.
بێگومان ناتوانین بڵیین هەموو ئەو بابەتانەی نووسراون لە توراسی ئیسلامیی عەرەبی هەر نێگەتیڤن، زۆرجار بەبێ ویستی خۆشیان بە چاك دەگەڕێتەوە بۆ کورد! چونکە لە ڕێگای مێژوونووسە ئیسلامییەکانی وەك (المسعودی، الطبري، إبن حوقل، یاقوت الحموي، القلقشندي، المقریزي و.. هتد)، زۆر لایەنی شاراوەی میژووی کوردیمان بۆ ئاشکرا بووە، چۆن ژیاون پێش هاتنی ئیسلام و چۆن دینێکیان هەبووە، چۆن بەڕەنگاری فتوحاتی ئیسلامی بونەتەوە و سەدان زانیاری تری بە سوود.
ئەگەر ئەوەی ئەوان بۆیان گواستینەوە، نەیانگواستابەیەوە، شتێکی ئەوتۆمان لە مێژووی کورد دەست نەدەکەوت. هەتا ئەگەر ئامانجی گێڕانەوەکانیش بۆ خزمەتی کورد نەبێت، بەڵام بەڕاستی خزمەتی گەورەیان پێمان کردووە، زانیبێتیان یان نا!
هەندێک لەو نمونە نێگەتیڤانە هەتا قورئانیش وەك گاڵتەجار بە کاردەهێنن بۆ تانەدان لە کوردان!
ئەو کوردە ناشیرینەى کە چووە لاى پێغەمبەر، وئەویش گوایە لەبەر ناحەزى بچم وسەروسیماى ئەو کوردە، دوعاى لە هەموو کوردان کردبێت، خۆ ئەگەر ئەسڵی مێژووییشی نەبێت، ئەوە گوزارشە لەو دڵە ڕەشە تورکەى کە ئەو چیرۆکەى هەڵبەستووە بۆ کورد، ئەوە جۆرێکە لە شەڕی سایکۆلۆژی! لە کلتورى عەرەبیدا هاتووە کە ڕۆژێک پێشنوێژێکى عەرەب ئەو ئایەتەى (علیها ملائکة غلاظ شداد لا یعصون الله ما أمرهم ویفعلون ما یؤمرون) بەغەڵەت خوێندەووە بەو جۆرە: (علیها ملائکة غلاظ شداد یعصون الله ما أمرهم ولایفعلون ما یؤمرون)، نوێژکەرێک لە دواوە گووتى: (ئەگەر وابن ئەوانە کوردن مەلائیکەت نین)!!! جابزانە ئەو قسەیە کە بۆ نوکتە وگاڵتە گوتراوە لە کەلەپورى عەرەبدا چۆن گوزارشت دەکات لە تێڕوانینیان لە میللەتى کورد؟! وەك میللەتێکی دڵرەقی بەهێز و لە خوا عاسی و کللەڕەق! ئەوەش جۆرێکە لە شەڕی سایکۆلۆژی.
نەک ئەوەندە هەتا ناسراوترین مولحید لە مێژووى عەرەبی ئیسلامیدا (ئیبن راوەندى) کە ڕەخنە لە خودى قورئان دەگرێت، یەک بە یەک لەسەر ئایەتەکانى قورئان دەدوێ، لە یەکێک لە کۆمێنتە سەرەنجڕاکێشەکانیدا دەربارەى ئەو ئایەتە (اولئكَ لهُمْ جَنَاتُ عَدْنٍ تَجْڕی مِن تَحْتِهِمُ الْاَنْهَارُ یُحَڵوْنَ فِیهَا مِنْ اَسَاوِرَ مِن ذَهَبٍ ۆیلْبَسُونَ ثیابًا خُضرًا مِن سُندُسٍ ۆإِسْتَبْرَقٍ مُتَکِئِینَ فِیهَا عَلى الْاَرَائِک) دەڵێت ئەگەر بەهەشتییەکان جلی سندس وئیستەبرەق لەبەر بکەن ئەوە لە بوکى کورد دەکەن!! لە ڕۆمانێکى مێژوویی بە ناونیشانی [الثائر الاحمر] ڕۆمانووسی بەناوبانگى ئیسلامى میسری (علی باکثیر) لەسەر قەرامیتەکان باسی کورد وەک دز وجەردە دەکات وهەر خەریکن خەڵک دەفڕێنن لە ڕێگا وباندا
!!
بۆ نمونە (یاقوتی حەمەوی) لە کتێبە ناودارەکەی بە ناوی [معجم البلدان] دەربارەی کوردی شارەزوور دەڵێت: “شارەزوور دەکەوێتە نێوان هەولێر و هەمەدان، خەڵکەکەی هەمووی کوردن، (مسعرى کوڕى مهلل)ی ئەدیب دەڵێت: خەڵکەکەی عوساتن و گوێڕایەڵ نین بۆ سوڵتان، چێژ لە ناکۆکی و ناگوێ ڕایەڵی دەبینن.
خەڵکەکەی بەهێزن و تووندن و تونیویانە خۆیان بپارێزن.. زۆربەی ئەمیرەکانیان لە خۆیانن، ئەوە قسەی (مسعر) بوو، بەڵام ئێستا وەک پێشوو نین، بۆیە باسی دەکەین تا بزانن ڕۆژگار چی بە خەڵکەکەی دەکات. ئەو وڵاتە ئێستا لە ژێر باشترین تاعەتی (موزەفەردینی کوکبری بن علی کوجک) ی سەرداری هەولێرن بە باشترین شێوە، بەڵام کوردەکانی چیاکانی دەوروبەری شارەزوور هەر لەسەر عادەتی خۆیانن لە تۆقاندنی ڕێبواران و پارە لێستاندن و دزیکردن، ئەوەش سروشتێکی زانراوی کوردە، و ئاکارێکە نێوچەوانیان پێی ڕەنگ کراوە. هەندێک قسە خۆش [ئەو ئایەتەیان] واخوێندەوە: (الأکراد أشد کفرا و نفاقا)، گوتیان ئایەتەکە دەڵێت: (الاعراب أشد کفرا و نفاقا)، وەڵامی دایەوە: ئاخر خودا سەفەری بۆ شارەزوور نەکردووە، تا ئەو بەڵاو و کارەسات شاراوانەی گۆشکانی ئەوێ ببینێت. منیش داوای ئیستیغفار دەکەم لەو گووتەیە.” (١)
(١) بەشی سێیەم ل١٦٥. معجم البلدان، دار احیاء التراث العربي بیروت ١٩٩٧