“له‌باره‌ی میکانیزمه پێکهاته‌ییه‌کانی به‌رهه‌مهێنانی کۆڵبه‌ری له کوردستان”
“پوخته”
کوژران یان برینداربوونی ڕۆژانه‌ی کۆڵبه‌رانی کورد بووه به پرسێکی گه‌وره له کوردستاندا، به‌ڵام ناکرێت ئه‌م پرسه وه‌کوو دیارده‌یه‌کی تاقانه و دابڕاو له دیارده‌کانی دیکه بخوێنرێته‌وه. کۆڵبه‌ری فۆرمێکه له سته‌ملێکراوی که له درێژه‌ی فۆرم و شکڵه‌کانی دیکه‌ی سته‌ملێکراویدا هاتووته ئاراوه. له ڕاستیدا، ئێمه له‌گه‌ڵ فۆرم و شێوازه جۆراوجۆره‌کانی سته‌ملێکراوی له مێژووی هاوچه‌رخی کوردستاندا به‌ره‌و ڕووبووین (ئه‌نفال، کیمیاباران، ڕه‌و و ئاواره‌یی زۆره‌ملی، کوشتنی به‌کۆمه‌ڵ هتد…) که هه‌موویان خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندیی تا ڕاده‌یه‌کی زۆر هاوبه‌شن. کۆڵبه‌ری له ئاوه‌ها ڕوانگه‌یه‌که‌وه نه‌ک ته‌نها دیارده‌یه‌کی تاکه‌که‌سی یان گرووپی نییه، به‌ڵکوو دیارده‌یه‌کی پێکهاته‌یی ئه‌ژمار ده‌کرێت که میکانیزمه مێژوویی و پێکهاته‌ییه جۆراوجۆره‌کان شکڵی پێداوه و بووه به‌هۆی به‌رده‌وامبوونی. ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ی به‌رده‌ست له‌ڕێگه‌ی لێکدانه‌وه‌یه‌کی چه‌مکی-تیۆریکی کۆڵبه‌ری له کوردستان (ڕۆژهه‌ڵات) هه‌وڵ ده‌دات بپه‌رژێته سه‌ر ناسینی ئاوه‌ها میکانیزمانێک. به‌پێی ده‌یتا و زانیارییه‌کان، لۆژیکی ناوه‌ند/په‌راوێز که ئه‌نجامی سیاسته کۆلۆنیالیستییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کانه له کوردستان، دۆخێکی دیستۆپیایی له کوردستان(به تایبه‌تی ڕۆژهه‌ڵات) دروست کردووه که به ڕیشه‌ی زۆرێک له شێوازه‌کانی سته‌ملێکراوی له کوردستان داده‌نرێت، ئاوه‌ها سیاسهتانێک بووه‌ته هۆی به‌رهه‌مهێنانی سنووره ناوه‌کییه‌کان له کوردستان که هه‌ر ئه‌مه‌ش نه‌زم و نۆرمی پێکهاتیی کۆمه‌ڵگای کوردیی لێک هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه. لۆژیکی(ئه‌ویدی) یان (ناوه‌ند) له‌ڕێگه‌ی دروستکردنی پێکهاته فانتێزییه‌کان که بنه‌مایان له‌سه‌ر گه‌شه‌سه‌ندن و ته‌رفیهی ئابوورییه، (به‌ڵام له ڕاستیدا، فۆرمانێکن له ده‌سکاریکردنی زه‌ینیی سووژه کوردییه‌کان به‌ئاراسته‌ی ئاره‌زوومه‌ندێتی له پێناوی ئامانجه کۆلۆنیالیستییه‌کان)، هه‌وڵی ئه‌وه‌یه که ئه‌م نۆرمه پێکهاته‌ییه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردی خاپوور بکات و نۆرم و نه‌زمی پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگای ئێرانی له‌بری دابنێت. سیاسه‌تی به‌فه‌رمی ناسینی یاسایی کۆڵبه‌ری هه‌وڵێک له‌م بواره و به ئاڕاسته‌ی ئاساییکردنه‌وه‌ی سته‌ملێکراوه‌یی، به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی وێرانیی ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی نه‌زمی پێکهاته‌یی کۆمه‌ڵگای کوردییه.
وشه سه‌ره‌کییه‌کان: کۆڵبه‌ری، سته‌ملێکراوی، به‌رهه‌مهێنانی سنوور، سیاسته کۆلۆنیالیستییه‌کان، پێکهاتی فانتێزی
“پێشه‌کی”
به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ی له لایه‌ن ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هه‌نگاو خراونه‌ته به‌رده‌ست، له ماوه‌ی ساڵی 2020دا لانیکه‌م 240 کۆڵبه‌ری کورد کوژراون یا بریندار بوون. ئه‌م ژماره‌یه به نیسبه‌ت ساڵی 2019 زیادی کردووه و ده‌کرێت پێشبینی بکه‌ین که له ساڵانی داهاتووش هه‌ر زیاد ده‌کات. ئاوه‌ها دۆخێکی تۆقێنه‌ر و دڕندانه ته‌نها له کۆڵبه‌ره کوژراوه‌کان کورت نابێته‌وه، به‌ڵكوو بنه‌ماڵه‌کانیان و له ئاستێکی گه‌وره‌تر کۆمه‌ڵگای کوردی به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵ کردووه و تووشی گیروگرفتی کردوون. به‌م حاڵه‌ش دۆخێکی ستهمئامێز که کۆڵبه‌ری له کوردستاندا دروستی کردووه، ته‌نها له دۆخی ئێسته‌دا کورت نابێته‌وه. کۆڵبه‌ری و کوژران و برینداربوونی سه‌دان کۆڵبه‌ر له ساڵدا پرسێک نییه که له‌ناکاودا هاتبێته ئاراوه و کتوپڕیش له‌ناو بچێت و ئاسه‌واری نه‌مێنیت. کۆڵبه‌ریی به‌رهه‌می جومگه‌به‌ندیی و تێکتهنراویی هۆکارانی جۆراوجۆری (وه‌کوو گه‌شه‌نه‌سه‌ندوویی، هه‌ژاری، په‌راوێزخراوی، هه‌ڵاوسانی ئابووری و هتد…)ه که له دۆخێکی جوگرافی-سیاسیی تایبه‌ت به ناوی (سنوور) شکڵی گرتووه. به‌م حاڵه‌ش ئه‌م هۆکاره تێکتهنراوانه ته‌نها کاتێک وه‌کوو به‌رهه‌مهێنه‌ری دیارده‌ی کۆڵبه‌ری هه‌ژمار ده‌کرێن که له لاخت و تانوپۆی گشتی ده‌سه‌ڵاتدا خۆیان ببیننه‌وه. بۆ نموونه، پرس ئه‌مه نییه که گه‌شه‌نه‌سه‌ندوویی کوردستان (بۆ نموونه) بووه‌ته هۆی شکڵگیریی کۆڵبه‌ری، به‌ڵکوو ئه‌مه‌یه که چ هۆکارانێک له پشتی گه‌شه‌نه‌سه‌ندوویی کوردستانه‌وه‌ن.
کورتکردنه‌وه‌ی ڕه‌گوڕیشه‌ی کۆڵبه‌ریی بۆ ئاستی گه‌شه‌نه‌سه‌ندوویی کوردستان له هه‌ندێ له لێکۆڵینه‌وه ئه‌نجامدراوه‌کانی پێوه‌ندیدار له‌گه‌ڵ کۆڵبه‌ریدا پێداگریی له‌سه‌ر کراوه(بۆ نموونه چاو بکه‌ن له خزرپوور و هاوکاران، 1397؛ عه‌نبه‌ری و عه‌بده‌زاده، 1399؛ ڕه‌مه‌زانی و قادرپوور، 1399؛ شاهئابادی و محه‌مه‌دی، 1399). کێشه‌یه‌ک که له ئه‌م جۆره لێکۆڵینه‌وانه (کورتکردنه‌وه‌ی ڕه‌گوڕیشه‌ی کۆڵبه‌ری بۆ سه‌ر گه‌شه‌نه‌سه‌ندوویی ئابووری کوردستان) هه‌یه، نه‌دیوگرتنی دۆخی مێژوویی و ئه‌و میکانیزمه پێکهاتهییانهیه که کۆڵبه‌ریی دروست کردووه و بووه‌ته هۆی به‌رده‌وامبوونی. ئه‌وان وا بیر ده‌که‌نه‌وه ئه‌گه‌ر له کوردستان گه‌شه‌سه‌ندن بێته ئاراوه و هه‌لی کار بگاته ئاستێکی شیاو، کۆڵبه‌ری له‌ناو ده‌چێت. له ڕوانگه‌ی ئه‌مانه‌وه کۆڵبه‌ره‌کان به ناچاری سه‌رقاڵی کۆڵبه‌رین و به له‌ناوچوونی ئه‌م (ناچارییه) کۆڵبه‌ریش ڕیشه‌کێش ده‌بێت. بابه‌تێک که ئه‌م لێکۆڵینه‌وانه نه‌دیوی ده‌گرن ئه‌مه‌یه که یه‌که‌م: گه‌شه‌سه‌ندن له پڕێکدا ڕوو نادات و دیارده‌یه‌که به‌دڵنیاییه‌وه چه‌ندین ده‌یه ده‌خایه‌نێت بێته ئاراوه. دووهه‌م: دۆخی سیاسی و ئه‌منیی زاڵ به‌سه‌ر کوردستان له‌بنه‌ڕه‌تدا مه‌جال و ده‌رفه‌تێک بۆ ئه‌م ڕووداوه ناهێڵێته‌وه. هه‌ر جۆره پلانێکی گه‌شه‌سه‌ندنی کورت ماوه‌ش نه‌ک ته‌نها چاره‌سه‌ر نییه به‌ڵکوو ده‌توانێت فۆرمگهلێکی نوێ له‌م سته‌ملێکراوی دروست بکات. میکانیزمه پێکهاته‌یی و مێژووییه‌کانی گه‌شه‌نه‌سه‌ندنی کوردستانیان دروست کردووه و ئاوه‌ها میکانیزمانێک دژایه‌تییان له‌گه‌ڵ گه‌شه‌سه‌ندنی کوردستان هه‌یه. به بێ گۆڕانکاریی ڕادیکاڵی ئه‌م مکانیزمانه هیچ فۆرمێک له گه‌شه‌سه‌ندنی جێگیر له کوردستاندا نایه‌ته ئاراوه. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش هیچ زامنێک بۆ به‌رده‌وامنه‌بوونی کۆڵبه‌ری له‌پاش هاتنه‌ئارای گه‌شه‌سه‌ندن له کوردستاندا بوونی نییه. ته‌نانه‌ت له کۆمه‌ڵگایه‌کی گهشهسهندووشدا هه‌ندێ گرووپی په‌راوێزی (له ڕووی ئابوورییه‌وه) ده‌بن که مه‌جبوور بن ده‌ست بده‌نه ئه‌نجامدانی چالاکیگه‌لێکی ئابووریی وه‌کوو کۆڵبه‌ری. هه‌ر بۆیه گه‌شه‌سه‌ندن له کوردستاندا به ئه‌گه‌ری زۆر دیارده‌ی کۆڵبه‌ری له‌ناو نابات، به‌ڵکو ڕه‌نگه فۆرمگهلێکی نوێ له سته‌ملێکراوی دروست بکات. له ڕاستیدا به ئه‌گه‌ری زۆر ته‌نها فۆرمی سته‌ملێکراویی کورده‌کان گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت نه‌ک ماهییه‌ته‌که‌ی. ئه‌م لایه‌نه له لێکۆڵینه‌وه‌کان له‌سه‌ر کۆڵبه‌ری ده‌توانین له ژێر ناوی (پێکهاتسڕینهوهی کۆڵبه‌ری) ناو ببه‌ین. هه‌ندێکی دیکه له لێکۆڵینه‌وه‌کان له‌باره‌ی کۆڵبه‌ری (چاو بکه‌ن له سلێمانی و محه‌مه‌دپوور) به زۆریی ڕه‌گ و ڕیشه‌ی کۆڵبه‌ری هه‌ڵده‌پێکن به کۆلۆنیالیزمی ئێرانییه‌کان له کوردستاندا و باوه‌ڕیان وایه کۆڵبه‌ری دیارده‌یه‌که له ده‌ره‌وه به‌سه‌ر کوردستاندا سه‌پێنراوه؛ ئه‌نجامی ده‌وڵه‌تسازیی مۆدێڕنی ئێرانییه‌کان بووه؛ ئامێرێکه بۆ به‌رده‌وامیی زاڵبوونی کۆلۆنیالیستی به‌سه‌ر کوردستان و ڕیشه‌کێشکردنی پێویستی به سڕینه‌وه‌ی کۆلۆنیالیسم له کوردستان هه‌یه. ده‌کرێت ئه‌م لێکۆڵه‌رانه وه‌کوو به‌شێک له پانتای لێکۆڵینه‌وه نوێ کوردییه‌کان بزانین که پێداگرییان له‌سه‌ر پرسی(کۆلۆنیالیزمی ناوخۆ) کردووه و خه‌ریکی جێگیرکردن و کردنی به ناوه‌رۆکی سه‌ره‌کی خوێندنه‌وه و لێکۆڵینه‌وه کوردییه‌کانن.
به‌هه‌ر حاڵ بۆ تێگه‌یشتن له دیارده‌ی کۆڵبه‌ری ده‌بێ میکانیزمه مێژووییه به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کانی لێک بدرێته‌وه. کۆڵبه‌ری دیارده‌یه‌که که ڕیشه‌ی له دۆخگه‌لی مێژوویی تایبه‌ت دایه و له پرۆسێسه‌کانی سته‌ملێکراویی مێژوویی کورده‌وه هه‌ڵخێزراوه. به درێژایی مێژوویی هاوچه‌رخ کورد چه‌شنگه‌لێکی جۆراوجۆر له سته‌ملێکراوی ئه‌زموون کردووه. ئه‌وه‌ی جیاوازیی دروست ده‌کات، گۆڕانی فۆرمی ستهملێکراوییهکهیه. سه‌رده‌مێک ئاواره‌بوون فۆرمی سه‌ره‌کیی سته‌ملێکراوی بوو؛ دواتر پاکتاوی ڕه‌گه‌زی و کۆمه‌ڵکوژی فۆرم و شێوازیی سه‌ره‌کیی سته‌ملێکراوی دروست کرد و ئێستا کۆڵبه‌ریی بووه به یه‌کێک له شکڵه سه‌ره‌کییه‌کانی سته‌ملێکراوی کورده‌کان. وا دێته به‌رچاو ئه‌وه‌ی گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه ته‌نها و ته‌نها فۆرم و شکڵی ستهملێکراوییهکهیه نه‌ک ناوه‌رۆک و ماهییه‌ته‌که‌ی. له‌م بابه‌ته ده‌توانین بگه‌ین به‌م گریمانه‌یه که کۆڵبه‌ری فۆرمێک له سته‌ملێکراوی و ئه‌نجامی دۆخێکی مێژووییه و میکانیزمانێکی پێکهاته‌یی شکڵیان پێ داوه و بوونه‌ته هۆی به‌رده‌وامبوونی. له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵ ده‌درێت بپهرژرێته سه‌ر ئه‌م میکانیزمه پێکهاتییانه و لێک بدرێنه‌وه؛ مانایه‌کی پێکهاته‌یی-مێژوویی بدرێته کۆڵبه‌ری؛ و پرۆسێسی له‌دایکبوون و به‌رده‌وامبوونی ئه‌م دۆخه بخوێنرێته‌وه. له‌م نووسینه‌دا ئامانج ئه‌وه‌یه تێگه‌یشتنێکی پێکهاته‌یی-مێژوویی له دیارده‌ی کۆڵبه‌ری بخرێته ڕوو و له سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه هه‌وڵ دراوه ڕوانگه‌یه‌کی چه‌مکیانه-تیۆریک له باری میتۆدۆلۆژییه‌وه بۆ د‌رکی بابه‌ته‌که ڕه‌چاو بکرێت. له سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه به که‌ڵک وه‌رگرتن له بیردۆزه جۆراوجۆره‌کان له‌م بواره‌دا، به گه‌ڕانه‌وه‌ی چه‌مکیانه بۆ دۆخی ئێستای کوردستان(به‌تایبه‌ت ڕۆژهه‌ڵات)، هه‌وڵ ده‌درێت تێگه‌یشتنێکی چه‌مکیانه-بیردۆزانه له دۆخی کۆڵبه‌ری له کوردستان، ڕه‌گوڕیشه‌کانی کۆڵبه‌ری، میکانیزمه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی بخرێته به‌ر باس و خواس و لێکدانه‌وه.
“کۆڵبه‌ر وه‌کوو موسڵمان (Muselmann): جه‌سته‌یه‌کی پێوهنکراو”
هه‌رجۆره باس و شرۆڤه‌یه‌ک له‌باره‌ی کۆڵبه‌ری، ڕه‌گوڕیشه‌کانی، دۆخ و به‌دواداهاته‌کانی بۆ کۆمه‌ڵگای کوردی به بێ ڕوونکردنه‌وه‌ی پێگه‌ی چه‌مکیانه و مانایی ناپۆڕێت و مومکین نییه و دواجار به‌ره‌و لاڕێ ده‌مانبات. ده‌کرێت له دوو لایه‌نه‌وه چاو له کۆڵبه‌ری بکرێت. یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که کۆڵبه‌ری وه‌کوو دیارده‌یه‌ک له‌به‌رچاو بگرین و بۆ شرۆڤه‌کردنی ده‌ست بکه‌ین به پاژبینی و دیتهیڵنوسی. به‌م مانایه کۆڵبه‌ر وه‌کوو (تاک)ێک بێنینه پێش چاومان که بۆ بژیوی ژیان به‌ناچاری ده‌چێته سه‌ر سنوور و ده‌ست ده‌کات به کۆڵبه‌ری. له‌م حاڵه‌ته‌دا ته‌نها کێشه ڕۆژانه‌ییه‌کانی کۆڵبه‌ران بهرمهبهسته و پرسه بنه‌مایی و پێکهاته‌ییه‌کان ده‌چنه ناو ئۆپوخه و که‌وانه‌وه. کۆڵبه‌ریی ده‌بێت به (ئیش)ێک که تاک له ڕێگه‌یه‌وه بژێوی ژیانی په‌یدا ده‌کات. ئه‌وه‌ی له‌م ڕوانگه‌یه‌دا زاڵه به تاکه که‌سیکردنی کۆڵبه‌ری و دابه‌زاندنی پرسێکی پێکهاته‌ییه بۆ بابه‌تێکی تاکه‌که‌سی، تاکانه و ته‌نانه‌ت گرووپانه. لایه‌نی دووه‌م که له‌گه‌ڵ تێڕوانینی پێشوو دژایه‌تیی هه‌یه، ڕوانگه‌یه‌کی پێکهاته‌ییه بۆ دیارده‌ی کۆڵبه‌ری. بنه‌مای ئه‌م ڕوانگه‌یه ئه‌مه‌یه که کۆڵبه‌ری بابه‌تێکی پێکهاته‌ییه نه‌ک تاکه‌که‌سی. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه کۆمه‌ڵێک میکانیزمی مێژوویی و پێکهاتی بوونه‌ته هۆی شکڵگیریی دیارده‌ی کۆڵبه‌ری که به بێ ناسینی ئه‌م میکانیزمانه ناتوانرێت دیارده‌ی به‌رمه‌به‌ست ڕوون بکرێته‌وه. له‌م حاڵه‌ته‌دا ئێمه له‌گه‌ڵ (کۆڵبه‌ر) به‌ره‌وڕوو نین به‌ڵکوو له‌گه‌ڵ (کۆڵبه‌ری)دا ڕووبه‌ڕووین. له ڕاستیدا فۆرمێک له په‌ڕینه‌وه، له بهتاکهکهسیکردنی کۆڵبه‌ری به‌ره‌و پێکهاتتهوهریی کۆڵبه‌ری ده‌بینین. هه‌ر بۆیه کۆڵبه‌ری دیارده‌یه‌کی پێکهاته‌ییه و پێوه‌ندییه‌کی له‌گه‌ڵ که‌سی (کۆڵبه‌ر)دا نییه. که‌سی (کۆڵبه‌ر) ته‌نها فۆرم و قاڵبێکه کۆڵبه‌ری تێیدا وه‌دیار ده‌که‌وێت و ده‌نوێنرێته‌وه. کۆڵبه‌ر ته‌نها نوێنه‌ری دۆخێکی پێکهاته‌یی-مێژووییه.
بۆ ڕوونبوونه‌وه‌ی جیاوازیی ئه‌م دوو ڕوانگه‌یه به درێژی ده‌په‌رژێمه سه‌ر کۆڵبه‌ری و چهمکداڕێژییهکانی و له درێژه‌شدا گرینگیی ڕوانینی پێکهاته‌یی بۆ کۆڵبه‌ر بیر ده‌خه‌مه‌وه. کۆڵبه‌ری دۆخێکه که تێیدا(ژیانی مرۆیی) سڕاوه‌ته‌وه و له‌باتی ئه‌وه فۆرمێک له (ژیانی بایۆلۆژیک) جێی گرتووه‌ته‌وه. له ڕاستیدا له کۆڵبه‌ریدا ئێمه بینه‌ری زاڵێتی ژیانی بایۆلۆژیک به سه‌ر ژیانی مه‌ده‌نی – سیاسین. ئه‌وه‌ی گرینگیی سه‌ره‌کیی هه‌یه (جه‌سته‌ی کۆڵبه‌ر)ه. ئه‌وه‌ی بریندار ده‌بێت، جه‌سته‌ی کۆڵبه‌ره؛ ئه‌وه‌ی له‌ناو ده‌چێت و وێران ده‌بێت له‌شی کۆڵبه‌ره. به‌ڵام ئه‌مه ته‌نها تێڕوانینێکی ڕووکه‌ش و ساده‌یه به نیسبه‌ت کۆڵبه‌ر. ئێمه کاتێک ڕوانینێکی تاکهکهسبینانهمان بۆ کۆڵبه‌ر هه‌بێت، زیاتر سه‌روکارمان له‌گه‌ڵ جه‌سته و له‌شی کۆڵبه‌ر ده‌بێت. ئه‌مه له حاڵێکدایه که کۆڵبه‌ری ته‌نها دۆخێکی بایۆلۆژیک و ژیانه‌کی نییه به‌ڵکوو زیاتر له‌وه، ماهییه‌تێکی سیاسی-کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه. له‌م حاڵه‌ته‌دا کۆڵبه‌ر ته‌نها جه‌سته‌یه‌کی بایۆلۆژیک نییه به‌ڵکوو سووژه‌یه‌کی سیاسیشه. ئه‌م بابه‌ته کاتێک زۆرتر له هه‌موو شتێک زه‌ق ده‌بێته که کۆڵبه‌ری ده‌بێت به دۆخێکی سه‌پاندن له لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و ڕێکخستنی هاوکێشه‌کانی ده‌سه‌ڵات. کۆڵبه‌ر له لایه‌ن هاوکێشه‌کانی ده‌سه‌ڵاته‌وه بانگهێشت کراوه و (ده‌بێت به سووژه!). ئه‌و ده‌بێت به ئامراز و ئۆبژه‌یه‌ک بۆ سه‌پاندنی هێز و سیاسه‌تی دانوستان. کۆڵبه‌ر هیچ بوونێکی له‌خۆی نییه، به‌ڵکوو بوونی ئه‌و ده‌بێت به ئامرازی سه‌پاندنی(بوونی ئه‌ویدی). به زمانێکی دیکه، ئاره‌زووی کۆڵبه‌ر په‌یوه‌ست نییه به خۆیه‌وه به‌ڵکوو “ئاره‌زووی ئه‌ویدی”یه(چاو بکه‌ن له ژیژه‌ک، 2009). ئه‌ویدی کۆڵبه‌ر بانگهێشت ده‌کات، ئاره‌زووی ئه‌و ڕێک ده‌خات، له ئه‌نجامدا ئاره‌زووی خۆی(ئاره‌زووی ئه‌ویدی) له هه‌ناویدا ده‌چێنێت. ئاره‌زووی ئه‌ویدی، فۆرمێکی کۆلۆنیالیستی هه‌یه. ئه‌ویدی نه‌ک ته‌نها به شوێن کۆلۆنیالیزه‌کردنی فه‌زای به‌رهه‌ستی ژینی کوردییه به‌ڵکوو به شوێن زاڵبوون و سوڵته به سه‌ر فه‌زای زه‌ینیی بوونی کوردیشهوهیه. کۆڵبه‌ری ڕووداوێکی به‌رهه‌ست به مه‌به‌ستی زاڵبوونی زه‌ینیی به سه‌ر(بوونی کوردی) و به‌رهه‌مهێنانی (سووکایه‌تی) بۆ سووژه‌ی کوردییه. بابه‌ته‌که ئه‌مه نییه که کۆڵبه‌ر وه‌کوو که‌سێکی دیاریکراو سووکایه‌تی پێ ده‌کرێت، به‌ڵکوو ئه‌مه‌یه که کرده‌ی کۆڵبه‌ری له لایه‌ن کۆڵبه‌ره‌وه، (ئاره‌زوو) و (خواست)ی (ئه‌ویدی) به ئاڕاسته‌ی سووکایه‌تی پێکردن به (بوونی کوردییه). (ئاره‌زوو)ی ڕزگاریی کۆڵبه‌ر بۆ (ئه‌ویدی) هیچ گرینگییه‌کی نییه. ئه‌وه‌ی که وا گرینگه به‌رده‌وامبوونی دۆخی کۆڵبه‌ری وه‌کوو نواندنه‌وه‌یه‌ک له سووکایه‌تیپێکردنه به (بوونی کوردی). به‌م پێیه ئه‌وه‌ی که سه‌ره‌کییه نه‌ک کۆڵبه‌ر به‌ڵکوو دۆخی کۆڵبه‌ری و میکانیزمهکانێتی. له هه‌نگاوی یه‌که‌مدا کۆڵبه‌ری دۆخێکی دانوستانی سیاسی و فه‌زایه‌که بۆ بهرههستکردنهوهی سیاسه‌ت: ئاره‌زووی کۆڵبه‌ر له لایه‌ن (ئه‌ویدی) یه‌وه تاڵان ده‌کرێت و ئاره‌زوی ئه‌ویدی ده‌تکێته گیانی ئه‌وه‌وه. کۆڵبه‌ر ده‌بێت به ئۆبژه‌ی سه‌پاندنی (ئاره‌زوو) و پانتایه‌ک بۆ سیاسه‌تکردن و سیاسه‌تکاری.
هه‌ر بۆیه جه‌سته و له‌شی کۆڵبه‌ر بابه‌تی داسه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاته و له‌گه‌ڵ ژیانی سیاسی تێکه‌ڵ بووه. (یاسا) به‌شێوه‌یه‌کی دیاریکراو له‌باره‌ی کۆڵبه‌ری قسه ناکات. له سۆنگه‌ی یاسای ئێرانه‌وه کۆڵبه‌ری نه ڕێگه‌پێدراوه و نه وه‌کوو تاوانیش ئه‌ژمار ده‌کرێت. له بنه‌ڕه‌تدا کۆڵبه‌ری له ناو یاسادا هه‌ر بوونی نییه. وه‌کوو بڵیی کۆڵبه‌ری دیارده‌یه‌که په‌یوه‌ست به دۆخی ده‌ره‌کی جێبه‌جێکردنی یاساوه. ده‌قیقه‌ن هه‌ر له‌م بێده‌نگییه‌ی یاسادایه که کوشنده‌بوونی کۆڵبه‌ری دوو قات ده‌بێته‌وه. کۆڵبه‌ری له پانتای یاسا ده‌چێته ده‌ره‌وه، به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نییه که یاسا له‌باره‌یه‌وه جێبه‌جێ ناکرێت. بێ یاسایی ده‌بێته یاسایه‌کی گه‌وره که به‌پێی ئه‌وه کوشتن و قه‌تڵی کۆڵبه‌ر هیچ بهدواداهاتێکی یاسایی نابێت. به زمانێکی ساده کۆڵبه‌ر ده‌توانێت بکوژرێت به‌ڵام هیچ سزادانێکی یاسایی بۆ بکوژه‌که‌ی له‌ئارادا نابێت، چون کۆڵبه‌ری له بنه‌ڕه‌تدا یاسایی نییه. ئه‌م دۆخه له چه‌مکی سنووریی هۆمۆساکهر ده‌چێت که ئاگامبێن (1998) له‌باره‌یه‌وه قسه ده‌کات. ئاگامبێن(1998) شوێنپیی هۆمۆساکهر له یاساکانی ڕۆمای کۆندا ده‌گرێت. له سه‌رده‌می ئیمپراتۆریای ڕۆم، کاتێک تاوانبارێک له کۆمه‌ڵگا ده‌رده‌کرێت، هه‌موو مافه‌کانیشی وه‌کوو سووژه‌یه‌کی مرۆیی پووچه‌ڵ ده‌بنه‌وه و له‌ناو ده‌چن. به‌م پێیه ئه‌و ده‌خرێته ناو گۆڕه‌پانی هۆمۆساکهر(مرۆڤی پیرۆزه)ه‌وه. له ئه‌نجامی ئه‌م پووچه‌ڵبوونه‌وه و مه‌رگی یاساییه، هه‌ر که‌سێک ده‌یتوانی لێی بدات و بیکوژێت. له حاڵێکدا که ژیانی ئه‌و (پیرۆز) ده‌ناسرا، نه‌یده‌توانی له ڕێوڕه‌سم و ڕیچواڵهکاندا قوربانیش بکرێت. یاساکانی ڕۆما بۆ که‌سێک که وه‌کوو هۆمۆساکهر پێناسه ده‌کرا، هیچ گشتییه‌ت و شموولییهتێکی نه‌بوو، ئه‌گه‌رچی له ژێر سێبه‌ری یاسادا ده‌مایه‌وه. ئاگامبێن ئه‌م حاڵه‌ته به شێوازێک له ژیانی مرۆڤ پێناسه ده‌کات که ته‌نها و ته‌نها له قه‌واره‌ی ڕه‌تکردنه‌وه‌ی له ناو سامانی یاساییه که دێته ژووره‌وه. به‌م مانایه ژیانی مرۆیی ته‌نها له ڕێگه‌ی کوژرانه‌وه ده‌یتوانی بێته ناو تۆڕ و رایه‌ڵه‌ی یاسایی و مافه‌وه. له‌م ڕووه‌وه له حاڵێکدا که هۆمۆساکهر له یاسا ده‌خرێته ده‌ره‌وه، به شێوه‌ی هاوکاتیش ده‌خرایه ژێر سێبه‌ری یاساوه؛ شتێک که ئاگامبێن له ژێر ناوی (سڕینه‌وه له‌ڕێگه‌ی تواندنه‌وه Inclusive Exclusion) ناوی ده‌بات. له ئاپاراتوسیی بیردۆزه‌ی ئاگامبێندا، هۆمۆساکهر پێناسه‌که‌ری دۆخی ئاوارته و دانسقه‌یه. هۆمۆساکهر جه‌سته‌ی سووژهیهکه که له (بایۆس- Bios) یان ژیانی سیاسی دابه‌زێندراوه‌ته سه‌ر (زووئه- Zoe) یان ژیانی بایۆلۆژیکهوه. هۆمۆساکهر سووژهیهکه وا ده‌ستیان لێ شوشتووه و له یاسا هه‌ڵاوێرد کراوه، به‌ڵام یاسا له هه‌مبه‌ریدا له‌ڕێگه‌ی ده‌ستشووشتن له ئیراده‌ی ئه‌ویدی بۆ مه‌رگی بێ یاسای ئه‌و پیاده ده‌بێت. هۆمۆساکهر له (سنوور)دایه. ئه‌م دۆخه زۆر له دۆخی (کۆڵبه‌ر) له کوردستان ده‌چێت؛ سووژه‌یه‌ک که یاسا له ڕووبه‌ری جێبه‌جێکردنی خۆی خستوویه‌تییه ده‌ره‌وه، و هه‌ر له‌م بێ یاساییه‌دایه که قه‌تڵ و مه‌رگی ڕێگه‌پێدراو ده‌بێت. قه‌تڵ و مه‌رگی ئه‌و یاسایی ده‌بینرێت، به‌ڵام کرده‌وه‌ی ئابووری، سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌و نایاساییه و له بنه‌مادا بوونێکی یاسایی و مافتهوهرانهی نییه. هه‌ر بۆیه ئێمه له کۆڵبه‌ریدا له‌گه‌ڵ سووژهیهکدا به‌ره‌وڕووین که یاسا له گۆڕه‌پانی کاریگه‌ریی خۆی ده‌ریده‌کات و دووری خستووه‌ته‌وه به‌ڵام کوشتن و مه‌رگی ئه‌وی به ڕێگه‌پێدراو داناوه.
بابه‌تی گرینگ له‌باره‌ی کۆڵبه‌ری له کوردستان ئه‌مه‌یه که کرده‌ی ڕه‌تکردنه‌وه و ده‌رکردنی کۆڵبه‌ر له ناو ماف و یاسا له‌ڕێگه‌ی (ئه‌ویدی) یه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت. له ئاپاراتووسی ئاگامبێندا لۆژیکی مافی کۆمه‌ڵگایه که هۆمۆساکهر دروست ده‌کات، به‌ڵام له کوردستاندا کۆڵبه‌ر، هۆمۆساکهرێکه که له لایه‌ن ئه‌ویدییه‌وه به‌رهه‌م دێت. (ئه‌ویدی) فه‌زای ژیانی کوردستانی کۆلۆنیالیزه کردووه و کۆڵبه‌ری وه‌کوو هۆمۆساکهرێک به‌رهه‌م هێناوه. له‌م ڕووه‌وه ده‌شێت دۆخی کۆڵبه‌ر کوشنده‌تر له هۆمۆساکهریش بخوێنینه‌وه. ڕه‌نگه چه‌مکی (موسڵمان) باشتر بتوانێت دۆخی ژیانه‌کیی کۆڵبه‌ران له کوردستان باس بکات. مووزڵمان که هاوتای ئاڵمانیی وشه‌ی موسڵمانه، ده‌سته‌واژه‌یه‌کی سه‌ر زاری خه‌ڵک بوو که له سه‌رده‌می ده‌سه‌لاتی نازییه‌کاندا له ئاڵمان بۆ ناونانی قوربانیانی ئۆردووگاکانی جه‌نگ که هه‌ر جۆه هیوایه‌کان بۆ زیندوومانه‌وه له ده‌ست دابوو، به‌کار ده‌برا. ئه‌وان له حاڵێکدا پێکانیان نووساندبوو به ورگیانه‌وه له سه‌ر چیچکان داده‌نیشتن، شانه‌کانیان داکهتبوو و سه‌ریان داخستبوو و نائۆمیدی سه‌رتاپای بوونیانی داگیر کردبوو. نووسه‌ری جووله‌که و له پاشماوه‌کانی هۆلۆکاست (پریمۆ لیڤی) ده‌ڵێت که ئه‌گه‌ر بیتوانیبا (هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌کانی زه‌مانه له وێنه‌یه‌کدا کۆ بکاته‌وه، بێگومان هه‌ر ئه‌م وێنه‌یه‌ی هه‌ڵده‌بژارد) (ئاگامبێن، 1999).
به‌هه‌ر حاڵ کۆڵبه‌ری له کوردستان به هیچ کڵۆجێک بابه‌تێکی تاکه‌که‌سی، تاکیانه و گرووپی نییه به‌ڵکوو بابه‌تێکی پێکهاته‌یی و گشتگیره. به بێ تێگه‌یشتن له میکانیزمه پێکهاته‌یی و مێژووییه‌کان که ئه‌م دیارده‌یه‌یان دروست کردووه، ناتوانرێت تێگه‌یشتنێکی دروست له‌م دیارده‌یه بخرێته ڕوو. کۆڵبه‌ری له بنه‌ڕه‌تدا له دۆخی((سنوور)) ڕوو ده‌دات و تێگه‌یشتن له سیاسه‌تی به‌رهه‌مهێنانی (سنوور) ده‌توانێت بۆ تێگه‌یشتن له‌م دیارده‌یه هاوکار بێت.
نووسین:نه‌ریمان محه‌مه‌دی
وه‌رگێڕ:موحسین عه‌لیڕه‌زایی