دوابەدوای گرتنە دەستی دەسەڵات و کۆنتڕۆڵکردنی شاری کابوولی پایتەختی ئەفغانستان، لە رۆژی ١٥ی ئابی ئەمساڵدا، رۆژ بە رۆژ دەنگۆ و راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان بەشێوەیەکی بەرفراوان ئاماژەیان بە ناکۆکیی و دابەشبوونەکانی نێو سەرکردایەتی بزووتنەوەی تاڵیبان دەکرد. دواتریش؛ گومانەکانی رای گشتی و چاودێرانی دۆخی ئەفغانستان زیاتر بوو، کاتێک “مەلا عەبدولغەنی برادەر”ی جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی کاربەڕێکەری “ئەفغانستان” دیارنەما و تەنانەت هەندێک لە میدیاکان دەنگۆی “کوژراونی مەلا عەبدولغەنی برادەر”یان لەئاکامی ناکۆکییەکانی نێو ماڵی سەرکردایەتی بزووتنەوەی تاڵیباندا بەگوێی جیهاندا دەدا.
دواتریش؛ لە گرتەڤیدۆییەکی تۆمارکراودا “مەلا برادەر” هۆکاری دەرنەکەوتنەکەی بۆ ئەنجامدانی گەشتێک گەڕاندەوە و وتیشی “ئێمەی سەرکردەکانی تاڵیبان زیاتر لە خێزانێکین بۆ یەکتر”.
بەڵام جیاواز لە رەتکردنەوەکانی “مەلا برادەر” و سەرکردەکانی دیکەی “تاڵیبان” لەسەر هەبوونی ناکۆکی و دابەشبوون لەنێوانیاندا، زۆرن ئەو سەرچاوە سیاسیی و دیپلۆماسییانەی ئاماژە بە راستیی ناکۆکیی قووڵی نێوان سەرکردەکانی تاڵیبان دەکەن و جەختیش لەوەدەکەنەوە لە ئەگەری پەرەسەندنی زیاتری ئەو ناکۆکییانە، “ئەوا کێشە و ئاریشەی زیاتر بۆ خەڵکی ئەفغانستان درووست دەکات”. تەنانەت رۆژنامەنووسێکی کەناڵی جەزیرەش کە چەندین ساڵە لە “ئەفغانسان” رووماڵی رووداوەکانی ئەو وڵاتە دەکات، هەبوونی ناکۆکیی و دابەشکاری قووڵی نێوان سەرکردەکانی تاڵیبان پشتڕاست دەکاتەوە و هۆکارەکەشی بۆ “دابەشکاریی سیاسیی و سەربازیی” نێوانیان دەگەڕێنێتەوە”. ناکۆکیی و دابەشبوونەکانی نێوان سەرکردەکانی تاڵیبان زیاتر پەیوەندیی بە بۆچوون و تێڕوانینە کەسییەکانی سەرکردەکانی تاڵیبانەوە هەیە، جیاواز لە حکومەتی پێشووی ئەفغانستانیش، سەرکردە دیارەکانی تاڵیبان ناکۆکیی و جیاوازیی بیروڕای قووڵی بنچینەیی ئایینی و دونیابییان کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ریشەی ناکۆکییەکانیان کردووە.
“کارەکتەری سەرەکیی ناکۆکییەکان کێن؟”
راپۆرت و زانیارییە هەواڵگرییەکان؛ ئاماژە به هەبوونی ناکۆکیی و دابەشبوونی قووڵتر لەوەی کە دەبینرێت لەنێوان سەرکردەکانی تاڵیبان و بەتایبەتیش بەرەی “حەققانییەکان” بەرێبەرایەتی “خەلیل عەبدولرەحمان حەققانی” و سەرکردەکانی “تاڵیبان” دەکەن. جیاواز لەمەش، جیاوازیی و دابەشبوونەکان لەنێوان سەرکردەکانی “تاڵیبان” و چەکدارەکانی تاڵیبان و سیاسییەکانی تایباندا لە ئاستێکی قووڵ و مەترسیداردایە و گەشتووەتە ئاستێک،پرسیار لەسەر هەیمەنە و توانای حکومەتە نوێیەکی تاڵیبان لە کابوول درووست بکات. تەنانەت هەندێک لە شیکەرەوەکانی دۆخی “ئەفغانستان” ئاماژە بەوە دەکەن؛ لەئەنجامی ناکۆکیی و دابەشبوونەکانی سەرکردایەتی تاڵیبانەوە، حکومەتی ئێستا “هێز و دەسەڵاتی تەواو”ی نییە و تەواوی قورسایی هێزیش بۆ ئەنجومەنی باڵای شوورا دەگەڕێننەوە لە قەندەهار، و ئەمەش وایکردووە کە هەندێک لە سەرکردەکانی تاڵیبان لە پێگەی خۆیان لە حکومەتدا نیگەران بن.
“دەستپێکی تێکچوونی پەیوەندییەکان”
دوای پێکهێنانی حکومەتی کاربەڕێکەر لە ئەفغانستان، بەشێک لە سەرکردە سیاسی و سەربازییەکان خۆیان بە شایستەتر دەزانی لە پۆستە باڵاکانی حکومەتدا، ئەمەش ناکۆکییەکانی نێوان سەرکردە دیارەکانی بزووتنەوەی تاڵیبان قووڵتر کردەوە، بەتایبەتیش لە نێوان “مەلا عەبدولغەنی برادەر” جێگری سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکاری ئەو وڵاتە و یەکێک لەدیارترین سەرکردە دیپلۆماتکارەکانی بزووتنەوەی تاڵیبان و “خەلیل عەبدولرەحمان حەققانی” وەزیری کاروباری کۆچبەران و ئەندامی فەرماندەیی تۆڕی چەکداری حەققانی دروستبوو. تەنانەت ناکۆکییەکانی ئەمجارەی نێو کۆشکی سەرۆکایەتی ئەفغانستان، لەنێوان (مەلا برادەر و حەققانی) دەگاتە ئاستێک لایەنگرانی هەردوولا لەدەرەوەی کۆشکی سەرۆکایەتی رووبەڕووی یەکتر دەوەستنەوە و دەستبەجێ بەشێک لە سەرکردەکانی بزوتنەوەی تاڵیبان نێوەندگیری دەکەن و بڵاوەیان پێدەکەن. دواتر “مەلا عەبدولغەنی برادەر” کابولی پایتەخت بەجێدەهێڵێت و بەرەو “قەندەهار” بەڕێدەکەوێت و بەهۆی چارەسەرنەکردنی کێشەکانی لەگەڵ حەققانیدا، بەشێکی زۆر لەکارەکانی حکومەت پەکییان دەکەوێت.
“هۆکاری ناکۆکییەکان”
ئەوەی ڕوونە؛ بەشێکی بنەڕەتی ناکۆکییەکانی نێوان بەرەی (برادەر و حەققانی) پەیوەندی بەو تێڕوانینە جیاوازەیان بۆ کاروبارەکانی تاڵیبان و حکومەتە نوێیەکەیان و هەروەها، هەژموونی هەریەکەیان بەسەر بەشێکی سەرەکی تاڵیباندا هەیە. بەڵام نوێترین هۆکاری سەرەکی درووستبوونی ناکۆکی نێوان (مەلا برادەر و حەققانی) لەسەر ئەوە دروست بووە؛ بەرەی مەلا برادەر لەو بڕوایەدان سەرکەوتنەکانی بزووتنەوەی تاڵیبان و کردنەدەرەوەی سووپای ئەمریکا لە ئەفغانستان و کۆتایی هێنان بە حکومەتەکەی ئەشرەف غەنی، لە ئەنجامی هەوڵە دبلۆماسییەکانی شاندی دانوستانکاری بزوتنەوەکە بە سەرۆکایەتی مەلا برادەربووە. “مەلا برادەر” یەکەم سەرکردەی بزووتنەوەی تاڵیبان بوو راستەوخۆ قسهی لەگەڵ “دۆناڵد ترەمپی” سەرۆککۆماری ئەوکاتی ئەمریکادا کرد لەساڵی ٢٠٢٠دا، پێش ئەوەش لە “دەوحە”ی پایتەختی قەتەر واژۆی رێککەوتننامەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان کرد بەناوی تاڵیبانەوە. لەبەرامبەریشدا “گرووپی حەققانی” گرووپێکی چەکداری بەهێزی نێو بزووتنەوەی تاڵیبانە و ئەنجامدەری زۆرینەی ئەو هێرشانەیە کە کراوەتەسەر حکومەتی پێشووی ئەفغانستان و هاوپەیمانەکانی، گرووپەکە لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە، سەرکردەی گرووپەکەش ناوی “سیراجەددین هەققانیی”ە و پۆستی وەزیری ناوخۆی لە حکومەتەکەی تاڵیباندا وەرگرتووە. لەبەرامبەردا؛ خەلیل عەبدولرەحمان حەققانی، لەو باوەڕەدایە لە ئەنجامی هەوڵی چەکداری و شەڕی سەرکردە سەربازییەکانی ناوخۆی ئەفغانستان دەسکەوتەکان بەدەستهاتوون. لەلایەکی تریشەوە، ناکۆکییەکان گەشتە رادەیەک، کە سەرچاویەکی باڵا لە حکومەتەکەی تاڵیبان بە میدیا بیانییەکانی راگەیاندووە، “مەلا عەبدولغەنی برادەر” ناڕازییە لە پێکهاتەی حکومەتی کاربەڕێکاری ئەفغانستان و لەو باوەڕەدایە کەسانێک دەستنیشانکراون شایستەی پۆستەکان نەبوون بەهۆکاری ئەوەی ژمارەیەکی زۆری سەرکردە سەربازییەکانی بزوتنەوەکە لە پێکهاتەی کابینەی وەزارەتی حکومەتدا پۆستیان گرتووەتە دەست و ئەمەش ئەگەری ئەوەی لا دروست کردووە سەرکەوتوو نەبن لە بەدەستهێنانی ئامانجەکانی بزووتنەوەکە و حکومەتە نوێیەکە”.
“ناکۆکییەکانی تاڵیبان لەسەر رەهەندی خێزانی و بنەماڵەیی”
نەجمی بەهزادی توێژەر و لێکۆڵەری ئەفغانی لەسەر ناکۆکییەکانی نێوان بزووتنەوەی تاڵیبان ئاماژەی بەوەکردووە، بەشێکی سەرەکی ناکۆکییەکان پەیوەندییان بە رەهەندی خێزانییەوە هەیە و تیایدا، رەهەندی خێزانیی و بنەماڵەیی لوتکەی دەسەڵاتی بزوتنەوەکەیان گرتووەتە دەست. بەجۆرێک، نزیکێتی و بنەماڵەخوازی بەتووندی لەناو سەرکردایەتی بزوتنەوەی تاڵیباندا ئامادەیی هەیە، لەلایەکەوە بنەماڵەی “مەلا محەمەد” دامەزرێنەری بزووتنەوەکە دەستییان بەسەر جومگە سەرەکییەکانی حکومەتی نوێی ئەفغانستاندا گرتووە، بۆ نمونە؛ مەلا عەبدولغەنی برادەر، هاوسەری خوشکی “مەلا محەمەد عومەر”ی دامەزرێنەری بزووتنەوەکەیە و هاوڕێی تایبەتی “مەلا هیبەتوولڵا” ئاخونزادەی رابەری ئێستای بزوتنەوەکەیە. لەلایەکی تریشەوە، “مەولەوی یەعقوب” کوڕی مەلا محەمەدی دامەزرێنەری بزوتنەوەکە وەزیری بەرگرییە و بەمەش دەسەڵاتی راستەوخۆی بەسەر باڵی چەکداری حکومەتە نوێیەکەدا گرتووە.
ئەو توێژەی ئەفغانییە ئاماژەی بەلایەنێکی دیکەی سەرەکی ناکۆکییەکان دەکات و دەڵێت، لەبەرامبەردا “خەلیل عەبدلورەحمان حەققانی” خۆی بە خاوەن پشک و هاوبەشی بنەماڵەی “مەلا محەمەد عومەر” دامەزرێنەری بزوتنەوەی تاڵیبان دەزانێت، هەربۆیە سیراجەدین حەققانی کوڕی دامەزرێنەری تۆڕی چەکداری حەققانییەکان پۆستی وەزیری ناوخۆیی وەرگرتووە و “ئەنەس حەققانی” برای یەکێکە بووە لە ئەندامی شاندی دانوستانکاری بزوتنەوەکە و خەلیل حەققانیش دۆسیەی کۆچ و کۆچبەرانی لەناو بزوتنەوەی تاڵیبان گرتووەتە دەست. “نەجمی بەهزادی” باس لە دۆخی داهاتووی بزووتنەوەکە دەکات و بەراوردی نێوان ٢٠ ساڵی رابردووی بزووتنەوەکە و داهاتووی دەکات، دەشڵێت “لە قۆناغی داهاتوودا مامەڵەی سەرکردەکانی بزووتنەوەی تاڵیبان لە مامەڵەی بیست ساڵ لەمەو بەریان ناچێت و گۆڕاون، تۆڕێک لە پۆست و بەرژەوەندی و پشک بەدەست دەهێنن و لەبەرامبەردا، بەهۆی نەبوونی دامەزراوەییەکی روون و تۆکمەوە کە لەرێی یاساوە بابەتەکان رێکبخات، ناکۆکییە بنەماڵەییەکان و بەرژەوەندییە کەسییەکان بەڕونی دەردەکەون و ناکۆکی نێوان سەرکردەکان قوڵتر دەبنەوە”.
“خەڵکی ئەفغانستان چۆن لەناکۆکییەکە دەڕوانن؟”
هەرچەندە بزووتنەوەی تاڵیبان بەبەردەوامی نکوڵی لەوەەکات “مەلا برادەر” تەندرووستی باش بێت، بەڵام لێدوانە جیاوازەکانی وتەبێژ و بەرپرسانی تاڵیبان هێندەی تر گومانەکانیان لەسەر هەبوونی ناکۆکییەکە زیاتر کرد، لەکاتێکدا کە وتەبێژێکی تاڵیبان رایگەیاند، “مەلا برادەر رۆشتووە بۆ قەندەهار”، دواتریش هەمان وتەبێژ رایگەیاند، “مەلا برادەر ماندووە و پشوو وەردەگرێت”. ئەفغانییەکان ئەزموونی رابردوویان هەیە لە شاردنەوەی پرسە هەستیار و ناکۆکییەکانی نێو بزووتنەوەی تاڵیبان، کاتێک لەساڵی ٢٠١٥دا، پاش تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر مردنەکەیدا، هەواڵی مردنی سەرکردە و دامەزرێنەری بزووتنەوەی تاڵیبان (مەلا عومەر)یان شاردەوە، لەکاتێکدا لەو ماوەیەدا بزووتنەوەکە و سەرکردایەتییەکەی بەبەردەوامی تەواوی راگەیەندراو و بڵاوکراوەکانیان بەناوی “مەلا عومەر”ەوە بڵاودەکردەوە.
“بزووتنەوەی تاڵیبان”
لە مانگی تەمموزی ساڵی ١٩٩٤ لە ئەنجامی کۆبوونەوەی ٥٣ خوێندکاری خوێندنگەیەکی ئایینی، یەکەم شانەی بزوتنەوەی تاڵیبان لەسەر دەستی “مەلا محەمەد عومەر” بەڕێوەبەری خوێندنگەکە لە ویلایەتی قەندەهار لە سنووری وڵاتی پاکستان پێکهێنرا. “مەلا محەمەد عومەر موجاهید” ساڵی ١٩٥٩ لە ویلایەتی قەندەهار لە دایک بووە و لە ساڵی ٢٠١٣ لە بۆردومانی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە پاکستان گیانی لەدەستدا. لە ساڵی ١٩٩٤ بە شێک لە خوێندکارەکانی قوتابخانە ئایینیەکەی بەمەبەستی کوتاییهێنان بە گەندەڵی و بەرگرتن لە بەلادانی ئەخلاقی “بە دیدی ئەوان”، بەیعەتییان پێدا و بە ئەمیری خۆیان هەڵیان بژارد و قبووڵییان کرد.
“گرووپی چەکداری حەققانی کێن؟”
لەماوەی جەنگی نێوان چەکدارانی ئەفغانی و سووپای یەکێتی سۆڤییەتی جاران لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو، گرووپی چەکداری حەققانی لەسەر دەستی جەلالەدین حەققانی دامەزرا. ئەوکات دەزگای هەواڵگری ئەمریکا “سی ئای ئەی” جەلالەدین حەققانی بە کەسایەتییەکی متمانەپێکراو و گرنگ دەناساند و هەردوو حکومەتی ئەمریکا و پاکستانیش بەچەک و پارە کۆمەکی چەکدارانی ئەفغانستانیان دەکرد. دوای پاشەکشەکردنی سووپای یەکێتی سۆڤییەت و لەکاتی سەرهەڵدانی ململانێکانی نێوان چەکدارانی ئەفغانستان، جەلالەدینی حەققانی پەیوەندی کرد بە چەکدارە عەرەبە- ئەفغانییەکانەوە و لە نێویشیاندا ئوسامە بن لادن و گرووپی ئەلقاعیدە. لەساڵی ١٩٩٦، دوای ئەوەی بۆ یەکەمجار بزووتنەوەی تاڵیبان ئەفغانستانی کۆنتڕۆڵکرد، گرووپی چەکداری حەققانی پەیوەندییان کرد بەریزەکانی ئەو بزووتنەوەیەوە و خودی جەلالەدینی حەققانیش لە حکومەتەکەی تاڵیباندابووە وەزیر و تا جەنگی ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٠١ بەردەوام بوو.
لەساڵی ٢٠١٨ دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشیدا، بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، “جەلالەدینی حەققانی” بەهۆی نەخۆشییەوە گیانیلەدەستداوە، دوای ئەویش سیراجەدینی حەققانی کوڕی شوێنی گرتەوە و بووبە بەرپرسی یەکەمی گرووپەکە. چەکدارانی گرووپی حەققانی بە سەربەخۆییان و توانای تایبەتییان لەشەڕکردن و راهێنان و گرێبەستە پڕقازانجەکانیان ناسراون، ئەگەرچی لەناو ریزی چەکدارانی تاڵیباندا ماونەتەوە. بنکەی سەرەکییان سنووری باکوری خۆرئاوای پاکستانە. لەچەند ساڵی رابردوودا بەهۆی ئەوەی گەورەترین گروپی چەکداری ناو ریزەکانی بزوتنەوەی تاڵیبان بوون، لەساڵی ٢٠١٥ەوە سیراجەدین حەققانی کرایە جێگری کەسی یەکەمی بزوتنەوەی تاڵیبان.
سەرچاوەکان:
US State Department
The New York Times
The Washington Post
کەناڵی بی بی سی بەریتانی
ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن)