کاروان کەریم خان لە بابەتێکیدا کە لە کوردییەوە وەریگێڕابوو بۆ فارسی، تیشکی خستبووە سەر پەیوەندییە کەلتورییەکانی نێوان کوردستان و ئەفغانستان. ئەم بابەتە، لە ڕۆژنامەی (هەشتی بەیانی) لە ئەفغانستان بڵاوبۆتەوە. نووسەر باسی لە پێویستبوونی پەیوەندی کەلتوری و فراوانبوونی جوگرافیای شارستانیەتەکانی سەردەم، کردبوو. بەبڕوای نووسەر، لەگەڵ فراوانبوونی بەجیهانیبووندا، گەل و نەتەوەکان، نزیکتر بوونەتەوە لەیەکتر و لەگەڵ کەلتور و داب و نەریتی یەکتر، ئاشنا دەبن. بەم شێوەیە، ئەفغانەکان و کوردەکان کە بە بۆچوونی نووسەر، پەیوەندییەکی کەلتوریی زۆر قووڵیان پێکەوە هەیە، لەیەکتر دوور کەوتوونەتەوە و ئاشنایەتییەکی کەمتریان لەسەر بارودۆخی یەکتر هەیە. بەبۆچوونی زۆربەی خەڵک و بەتایبەت کوردەکان، ئەفغانستان، وڵاتێکە گیرۆدەی شەڕە و ئاسایشی تێدا نییەو ئەفغانەکانیش وادەردەکەون کە هیچ وێنەیەکی ڕوونیان سەبارەت بە کوردەکان نییە.
بە بۆچوونی نووسەر، ڕاگەیاندنەکانی کوردستان، بەرپرسی سەرەکی ئەو وێنا ناڕوونەی ئەفغانستانن لە تێڕوانینی گشتیی کوردەکاندا. هەر بۆیە، ئەو نووسەرە هەوڵی داوە بە ناساندنی هاوشێوە کەلتورییەکانی ئەفغانستان و کوردستان، ئەم پەیوەندییە تازە بکاتەوە و وێنایەکی ڕوون لە ئەفغانستانی دێرین و ئەفغانستانی ئێستای پێشکەوتووتردا، پیشان بدات.
هەوڵی نووسەر، بۆ بونیاتنانەوەی تێڕوانینی گشتیی کوردەکان لە وێنایەکی ناڕاستەوە بۆ وێنایەکی ڕاستەقینە و پیشاندانی پەیوەندییە قووڵە کەلتوورییەکانی ئەفغانستان و کوردستان، هەوڵێکی گرنگ و شایانی سەرنجە. بەڵام ئایا تەنیا ئەمەندە بەسە؟ لە وەڵامدا پێویستە بڕیار بدەین کە پەیوەندییە کەلتوری و نەژادییەکانی نێوان گەلی کورد و ئەفغانستان، زیاترە لەوەی کە بە وتارێک بەیان بکرێ. بۆیە لەو بارەیەوە، پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات بە پێویست دەزانێت، تاوەکو ئەم پەیوەندییە، بەشێوەی فەرمی، لەڕێگەی دبلۆماسیەتی کەلتوری و ئابوورییەوە، پەرە پێبدەن. بە واتایەکی تر، دەبێت ئەم پەیوەندییانە، لە چوارچێوەی نەورۆزدا نەمێنێتەوە و لەم ڕێگەیەوە، بەرەو فراوانکردنی کەلتوری و ئابووریش هەنگاو بنرێت.
نووسەری ئەم بابەتە، سەرەڕای ئەوەی سەبارەت بە بابەتەکانی کورد، تێکۆشاوە تاوەکو توێژینەوەیەک ئەنجام بدات و لەڕووی بیروبۆچوون و کەلتووری، کە خۆی بە بەشێک لە کوردستانی گەورە دەزانێت، هەوڵی داوە هەوڵی زیاتر بدات بۆ بابەتەکانی کوردستان. یەکەمین هەوڵی نووسەر، ماستەرنامەکەی بوو لە زانکۆی تاران سەبارەت بە سەربەخۆییخوازی هەرێمی کوردستان و لێکەوتەکانی لەسەر ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەو ماستەرنامەیە، لەلایەن ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدراوە کە هیوادارم وەکو بەشێک لە بەڵگەنامەی ستراتیژی ناوەنجیی هەرێمی کوردستان بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی، کە لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکانی وەک مافی دیاریکردنی چارەنووس کە مافی خۆیانە، هەژمار بکرێت.
جارێکیان، بە بیستنی نیشانەیەک لەبارەی بوونی کوردەکان لە ئەفغانستان لەلایەن کاک فواد فەیلی بەڕێوەبەری دەزگای ڕۆشنبیری پارتی دیموکراتی کوردستان PDK و خستنەڕووی هەندێک زانیاری سەبارەت بە کوردەکانی ویلایەتی غەزنی لە ئەفغانستان لەلایەن قوتابی ئازیزم عەلی سەجاد مەولایی -کە ڕەچەڵەکی دەگەڕێتەوە سەر نەتەوەی کورد- بووە هۆی ئەوەی لێبڕاوانە بەدوای توێژینەوەیەک سەبارەت بە کوردەکانی ئەفغانستان، بکەوم.
ئەم نووسینە کە لەبارەی مێژوو و بارودۆخی کوردەکانی ئەفغانستانە، لەسەر بنەمای خوێندنەوە مەیدانییەکان لە شارەکانی غەزنی و کابول و گفتوگۆکردن لەگەڵ خەڵکە ڕەسەنەکە، دروست بووە، کە هەوڵێکی ترە سەبارەت بە قوڵایی پەیوەندییە کەلتوورییەکانی کورد-ئەفغان.
“مێژووی کوردەکانی ئەفغانستان”
کوردەکان بەگشتی، وەکو گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت لە دونیادا و لەدوای جەنگی جیهانی یەکەم، ناسراون. ئەم نەتەوە دێرین و گەورەیە، لە ناوچە سنوورییەکانی (ڕۆژئاوای ئێران، باکور و ڕۆژهەڵاتی عێراق، باشووری تورکیا، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا) دەژین.
لەڕاستیدا، خاکی کوردستانی گەورە، بەهۆی بەرژەوەندییەکانی زلهێزەکانی دونیا، بەسەر چوار وڵاتدا دابەش کراوە. سەرەڕای ئەوەش، لە هەندێک لە ناوچەکان مێژووییەکانی زۆربەی خاکەکانی کوردستان، هەوڵی گۆڕینی دیموگرافییەکەشیان دراوە. هەڵبەت، بێجگە لە دەقە مێژووییەکان، کوردەکان تەنیا لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوونیان نییە، بەڵکو لەوەش بەرفراوانترن و لە ڕۆژهەڵاتی ئێران، قەفقاز، نێوان دوو ڕوبار، ئاسیای ناوەڕاست، ناوچەی باڵکانیشدا بوونیان هەیە. پێویستە ئەوە بەیاد بهێنینەوە کە کۆمەڵگەی کوردیی لە ناوچە ناکوردستانییەکانی وەکو ئەفغانستان، بەهۆی کۆچی ناچاری، ڕووبەڕووبوونەوە مێژووییەکان، شەڕ و ڕاگواستنە زۆرەملێکان ڕوویان داوە.
تەنانەت لەم سەردەمەدا، کۆچی کوردەکان بەرەو ڕۆژئاوا بووە و هۆکاری ئەوەش، نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیانە. نەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، ئەوانی لە زۆرێک لە پێداویستییەکان بێبەش کردووە و هیوای لێبڕیون، هەر بۆیە ئەو کۆچە بەردەوامە، هەتاوەکو ئەمڕۆش بەردەوامیی هەیە.
“کۆچی کوردەکان بۆ ئەفغانستان”
بەپێی هەندێک لە سەرچاوە مێژووییەکان، لە دەیەی 1500 ی زاینی، کوردەکان لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران، ڕاگوێزراون بۆ ناوچەکانی ناوەڕاستی ئەفغانستانی ئێستا، تاوەکو بەرامبەر بە هێرشە داگیرکارییەکانی مەغۆل بوەستنەوە و ڕێگرییان لێبکەن.
ئەوە تەنیا چیرۆکیێک نییە بۆ هەبوونی کوردەکان لە ئەفغانستان. بەڵکو گێڕانەوەی ئەم سەردەمەش زۆرن کە جەخت دەکەنەوە کوردەکان، لە هەندێ کاتی جیاوازدا ڕوویان لە ئەفغانستان کردووە و لەوێدا دەژین. هەروەها پێدەچێ، کۆچی کوردەکان بۆ ئەفغانستان، درێژکراوەی کۆچی ئەوان بێت، لە ناوچە کوردستانییەکان بۆ خوراسان و ڕۆژئاوای ئێران لە سەردەمی زنجیرەی فەرمانڕەوایی ئەفشارییەکان.
بەپێی گوتەکانی خەڵکە دێرینەکانی گەڕەکە کۆنەکانی شاری کابول، نادرشای ئەفشار، بۆ هێرشکردنە سەر ئەفغانستان، پێویستی بە نووسەر (ڕاوێژکار)و پیاوانی دەربارو شەڕکەری زۆر هەبووە تاوەکو بتوانێ ئەفغانستانی ئەمڕۆکە، داگیر بکات. دوو گروپ، زۆربەی سوپای ناردشایان پێک دەهێنا.
گروپی یەکەم، نەتەوەیەک بوون بەناوی تورکەکانی شاه سون کە ئەرکی شەڕکردنی مەیدانییان لە ئەستۆدا بوو. گروپەکەی تر، لە نەتەوەی کورد (کوردەکانی باکووری ڕۆژئاوای ئێرانی ئێستاکە کە زیاتر کرمانجن) سوپاسی نادریان پێک دەهێنا.
ئەو کوردانەی کە سوپاکەی نادرشای ئەفشاریان پێکدەهێنا، لە سێ شاری ناسراوی ئەفغانستانی ئەمڕۆدا بڵاو بوونەوە کە شارەکانی غەزنی، مەزار شەریف و کابولن.
بەپێی هەندێک سەرچاوە، نادر شای ئەفشار، بنەچەکەی کورد بووە و لە ڕۆژهەڵاتی ئێران، کوردەکانی بە متمانەپێکراوی خۆی دەزانی و فەرماندە بەڕەگەز کوردەکانی لە نزیکەکانی دەربارەکەی بوون. لەو بارەیەوە، دەتوانین ئاماژە بە کەریم مەریوانی بکەین کە فەرماندەی قەڵاکەی نادر شا بوو. هەروەها لەدوای زنجیرەی فەرمانڕەوایی نادر شا، زنجیرەی فەرمانڕەوایی زەندییەکان لەلایەن کەریم خانی زەند دێت، کە ئەویش لەو سوپایەدا سەری هەڵداوە کە وەفادارییان بۆ نادر شا هەبوو. لە ناوچەی خواجە عومری، گوندی دێ نیهال لە ویلایەتی غەزنی، بەشێک لە کوردەکان کە پیشەیان سکرتێر و بەڕێوەبردنی کاروباری دیوانی حکومەتەکەی نارد شای ئەفشار بوو، دەژیان. بەردی گۆڕێکی زۆر کۆنی سەردەستەی کورد لە غەزنی، هەتاوەکو ئێستاش ماوەتەوە. لەسەر بەردی گۆڕەکەی، ئاماژە بە کوردبوونی غوڵامڕەزا خان کراوە.
کوردەکان، جگە لە غەزنی، لە ناوچەیەکی تر بەناوی چەند ئەوەل لە کابول جێگۆڕکێیان کردووە. چەند ئەوەل بە فارسی بە واتای چەند خێمە دێت کە بە واتای هەبوونی خێمەی گروپەکانی نەتەوەکانی شاه سون و کوردەکانە. ئەو دوو گروپەش، لە قەد پاڵی چیای چەند ئەوەل نیشتەجێ بوون. زیاتر لە 50 خێزانی کوردیش لەم ناوچەیەدان و پیشەی سەرەکییان زیاتر، بەڕێوەبردنی کاروباری دیوان، میرزایی و ڕاوێژکاریی دەوڵەتی سەربەخۆی ئەفغانستانە.
لەنێوان ئەو 50 خێزانە کوردەی نیشتەجێی کابول، زۆربەیان چوونەتە دەرەوەی ئەفغانستان، یانیش گیانیان سپاردووە. لەنێو ئەو خێزانانە، دوایین و تەنیاترین کورد لە کابول مابێتەوە، کاک ئامانە کە تەمەنی 100 ساڵ دەبێت. کاک ئامان کە خۆی بەنەوەی خێزانەکانی سەردەمی خان کورد دەزانێت، باوەڕی وایە کە یەکەمین گرۆی کورد، لەلایەن نادر شای ئەفشار هێنراون بۆ کابول و غەزنی. بەهۆی ئەوەی کوردەکان، شارەزایی تایبەتیان سەبارەت بە سکرتێری و کاروباری دیوان هەبووە، بۆیە لە نزیک کۆشکی سەرۆک کۆمار یاخود قەڵای سەرۆک کۆماریدا نیشتەجێ بوون. کاک ئامان هەروەها ئاماژە بەو کوردانە دەکات کە لە سەردەمی ئەمیر حەبیبوڵا خاندا ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە کاروباری ناوخۆ و دەرەوەی دەوڵەتدا، ئەوانیش ئەم کەسانە بوون: فیرقە موشیر جەعفەر خان، میر ئەحمەد خان، میر عەلی ئەسغەر شا، سەروەر خان. ئەمانە گوایە یەکەمینی ئەو کەسانە بوون کە لە دامودەزگاکانی پاشا حەبیبولا خاندا، کاراکتەری سیاسی پێشەنگ بوون.
بەپێچەوانەی بۆچوون و ڕای گشتی خەڵک، کە کوردەکان بە نەتەوەی شەڕکەر دەزانن، کوردەکانی ئەفغانستان، خەڵککانێکی سیاسی بوون. هەر بەو شێوەیەی کە پێشتر ئاماژەمان پێدا، زۆربەی کوردەکان لە ئەفغانستان، پیشەی کاروباری دیوان و حکومی و بەڕێوەبردنی سیاسەتی دەرەوەیان لەئەستۆدا بووە. چالاکییە سیاسییەکانیش بەشێک بوون لە ئەرکە گشتییەکانی کوردەکانی ئەفغانستان. بەهەمان شێوەی هەرێمی کوردستان، کە مەلا مستەفا بارزانی، ڕابەری شۆڕشی کوردستان بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی، شۆڕشی کرد، لە کابولیش، گەلێک سەرهەڵدان و شۆڕشی پێشکەوتنخوازانە لە ناوچەی چەند ئەوەل و باقی ناوچە کوردییەکانی تر، سەری هەڵدا.
بەو پێیە کاک ئامان ئاماژە بەوە دەکات کە، میر عەلی ئەسغەر شا، وەکو کوردێکی چالاکی سیاسی، کە هەستان بە ئەنجامدانی کودەتا لە دژی پاشایەتی زاهیر شا، دەستگیر کرا و پاشان لەسێدارە درا. عەسکەر خان و جەعفەر خانیش لە ڕێبەرەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوون کە دژی پاشایەتی زاهیر شا، ڕاپەڕیبوون، دواجار ئەوانیش لەسێدارە دران. هەروەها لە دەستپێکی جوڵانەوەی دەستووریدا، سەروەر خان وەکو ڕۆشنبیرێکی سیاسی کورد، ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە ئاراستەکردنی ئەو جوڵانەوەیە لە ئەفغانستان. هەروەها یەکەمین سەرهەڵدان لە دژی داگیرکاریی خاکی ئەفغانستان لەلایەن سۆڤێتەوە، لە ناوچەی چەند ئەوەل دەستی پێکردبوو.
لە سەردەمی خەفقان و سیا حەفیزوڵا ئەمین، زۆربەی زیندانیانی سیاسیش کە بەهۆی دژایەتی حکومەتی کۆمۆنیستی ڕاپەڕیبوون، چالاکوانە سیاسییە کوردییەکان بوون کە نیشتەجێی ناوچەی چەند ئەوەل بوون. هەر بۆیە، ناوهێنانی کوردەکان بە شەڕکەر بەتەنیا و پەیوەستکردنی هاوردنی کوردەکان تەنیا بۆ شەڕکردن و سەرکوتکردن و داگیرکردنی ناوچەی زیاتر لە سەردەمی نادر شای ئەفشار، بابەتێکی هەڵە و نادروستە. لەڕاستیدا، ئەرکی سەرەکی ئەو کوردانە، بەڕێوەبردنی کاروباری سیاسی و چالاکییە سیاسییەکان و دیوان بووە.
“شێوزای ژیانی کوردەکان لە ئەفغانستان”
شێوەی ژیانی کوردەکانی دانیشتووی کابول، لە شێوەی ژیانی کلاسیکی ناوچە کوردییەکانە لە ئێران. نووسەر کە خۆی لە کوردستان بە ناوچەکانی مەریوان، سەقز، دزڵی، سنە و هەوراماندا گەشتی کردووە، ناوچە کوردییەکانی ئێرانی زۆر پێکچواندووە بە ناوچە کوردنشینەکانی چەند ئەوەل لە کابول. شێوەی بیناسازی و خانووەکانی ئەوان لە ئەفغانستان، زۆر بە ناوچە گوندنشین و کۆنەکانی ناوچە کوردییەکانی کوردستان دەچێت لە ئێران. کۆڵانەکان و بازاڕە سەرداپۆشراوەکان، خانووە دوو نهۆمییەکان کە لە چەند ئەوەل لە کابولدا هەن، هاوشێوەی ئەو بیناسازییانەیە کە لە فلیمی (لەگەڵ هەڵۆکاندا دەفڕێت)دا دەبینرێن.
لە کەلەپوورە کۆنەکانی کوردەکان کە ماوەتەوە لە چەند ئەوەل لە شاری کابول، تەنیا حەمامی کوردەکان و مزگەوتی کوردەکان ماونەتەوە. مزگەوتی کوردەکان بە بیناسازییەکی بێ هاوتا و بە سوودوەرگرتن لە داری ڕووت، کراوەتەوە. بیناسازی مزگەوتەکەش نیشانەی ئەوەیە کە ئەو مزگەوتە، سەرەتا پەرستگایەکی سۆفیانەی کوردەکانی دانیشتووی کابول بووە. چونکە وادەبینرێت کە زۆربەی کوردەکان، بیروباوەڕی سۆفیگەرایی و میانەڕەوانەیان هەبووە وەک لەوەی بیروباوەڕێکی ئیسلامگەرایی و ئاینزاییان هەبێت. بیناسازیی مزگەوتەکە بەجۆرێکە زیاتر لە خانەقا دەچێت نەک مزگەوت. سەبارەت بەو خانەقا کوردییە، پاڵەوان مەنسور پێی وایە کە مزگەوتەکە بۆ 230 ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە. بەڵام کاک ئامان پێێ وایە کە مزگەوتەکە، بۆ 160 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. لەڕاستیدا بەتەواوی، دیار نییە کە ئەو مزگەوتە، بۆ چەند ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
سەرئەنجام
بەم شێوەیە، دەبێ ئەوە بڵێین کە بە درێژایی هەوراز و نشێوییە مێژووییەکان، خەڵکی کوردستان بەرەو ناوچەکانی تر کۆچیان کردووە و ئەم کۆچە و ناکۆکییە مێژووییانە، توێژینەوەی زانستی دەخوازێ. مەبەست لەم بابەتە وەکو کەرەستەیەکی خاو بۆ توێژینەوە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکان، بەسوود دەبێت. هەروەها سەبارەت بەوەی کە بۆچی کوردەکان لە وڵاتەکانی تردا ماونەتەوە، دەبێتە توێژینەوەیەکی گرنگ.
ئەگەر وایە، کوردەکان، لە وڵاتەکانی تری وەکو ئەفغانستان، زیاتر بەهۆی نزیکیی کەلتورییەوە، هەستیان بەوە نەکردبێت کە بێگانەن بەو شوێنە، بۆیە توانیویانە لەپاڵ خەڵکی هاونەژادی خۆیان لە ئەفغانستان و خوراسان، بژین. ئێستا دەتوانرێ، وەکو فاڵێکی چاک و هەلێکی کەلتوری-سیاسی و ئابوری، سوود لەم کۆچە بەئەنقەست یان بێ ئەنقەستە، وەربگیردرێت بۆ نزیکبوونەوەی زیاتر. بەشێوەیەک کە، دەتوانرێت، لە ئێستادا پەیوەندییە کەلتوری و سیاسی (وەکو ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆ، بونیاتنانەوە، فراوانکردنی پەیوەندییە سیاسییەکان) و هەلە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەفغانستان لەڕێگەی کردنەوەی نوێنەرایەتییە سیاسییە فەرمییەکان، دەست پێبکرێت.
* ئەم بابەتە ڕۆژنامەی (8ی بەیانی) بڵاوبۆتەوە لە ئەفغانستان 26/6/2019
لە فارسیەوە/ ئەیمەن شێخ محەمەد