محەمەد موسا موحەمەد – سکرتێرى پارتى چەپى کوردى لە سوریا
کوردستان لەدواى جەنگى جیهانى دووەم دابەشکرا لەنێوان چوار وڵاتى گەورە لە ناوچەکەدا کەئەوانیش عێراق، ئێران، تورکیا، سوریا بوون، هەروەها بەشێکى بچووکى کوردستان لەدواى کۆتایی جەنگى جیهانى یەکەم وهەرەسی ئیمپراتۆرییەتى عوسمانى لە بەرامبەر یەکێتى سۆڤێت لکێنرا بەیەکێتى سۆڤێتى جارانەوە، بەوەش کورد بوو بە هەرەگەورەترین نەتەوەى ناوچەکە کەبێبەشکرا لە مافە نەتەوایەتییەکانى، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام هەوڵى سڕینەوە ولەناوبردنى کلتورى کورد دراوە لەدواى دابەشکردنى لەلایەن ئەو وڵاتانەوە.
بەپێ ى ڕێککەوتننامەى سایکس – بیکۆ لە ساڵى ١٩١٦ داهاتووى کوردەکان بەسترایەوە بەداهاتووى ئەو نەتەوانەى کەبەسەریاندا دابەشکرابوون، یەکیک لەو نەتەوانە عەرەبەکانى سوریا بوون، لەکاتی ئێستادا کورد یەکێکە لەپێکهاتە سەرەکییەکانى گەلى سوریا، بەشێوەیەکى گشتى لە باکورى ڕۆژهەڵاتى سوریا، لە جەزیرە، کۆبانێ، عەفرین، لەباکورى حەلەب نیشتەجێبوون، لەهەمانکاتدا ژمارەیەکى زۆر لەکوردەکان نیشتەجێى شارەگەورەکانى وەک حەلەب ودیمەشق وحەمما ولازقییە وناوچەى حۆرانن.
لەچارەکى کۆتاى سەدەى بیستدا ژمارەى کوردەکانى دیمەشق وپارێزگامانى ناوەڕاست زیادى کرد بەهۆى کۆچکردنى لاوە کوردەکان بۆ ئەو شارە گەورانە بەمەبستى گەڕان بەدواى کاردا، لەهەمانکاتدا ژمارەیەک لەو کوردانە کۆچیان بۆ وڵاتانى ئەورووپا کرد، بەتایبەتى بۆ ئەڵمانیا ئەوەش لە ئەنجامى پەیڕەوکردنى سیاسەتى چەوساندنەوەى کوردەکان لەلایەن حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانى سوریا، لێرەدا پیویستە ئەوە بزانین کە بوونى کوردەکان لە دیمەشق لازقییە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى فەرماندەى کورد صەلاحەدینى ئەیوبی کە مێژووەکەى دەگەڕیتەوە بۆ ٨٠٠ ساڵ بەر لەئێستا.
کوردەکانى سوریا لەنێو خۆیاندا بەزاراوەى کرمانجى دەدوێن وهیچ گرفتێکیان نییە لە ئاخاوتندا، بەڵام ژمارەیەک لە کوردەکانى دیمەشق و لازقییە وحەمما وناوچەى حۆران، بەتایبەتى نەوەى نوێی کوردەکان زمانى کوردییان بیر چۆتەوە لەبەر ئەوەى کە دەوڵەتى سوریا فێربوونى زمانى کوردى قەدەغەکردووە وتەنیا دەتوانن لەناو خانەوادەکانیاندا گفتوگۆى پێبکەن، هەروەها بۆ پارێزگاریکردن لە زمانى کوردى پارتە کوردییەکان خولى تایبەت بە نوسین وخویندنەوە بەزمانى کوردى دەکەنەوە، لە هەمانکاتدا پیتى لاتینى بەکاردەهێنن لەبەر ئەوەى گونجاوترە لەگەڵ فۆنەتیکى کوردیدا.
سەبارەت بەژمارەى کوردەکانى سوریا هیچ سەرژمێرییەکى فەرمى نییە کە ژمارەیان دەربخات لەبەر ئەوەى کە حکومەتى سوریا سەرجەم دانیشتوانى سوریا بەعەرەب ناونووس کردووە، بەڵام لەدواهەمین خەمڵاندنەکاندا ژمارەى کوردەکان بە ڕێژەى ١٥% ى کۆى دانیشتوانى سوریا خەملاندووە کە دەکاتە نزیکە ى سێ ملیۆن کورد لە سوریا.
لەگرنگترین شارە کوردنشینەکان شارى قامیشلۆیە کەدەکەوێتە سەر سنورى تورکای – سوریا بەرامبەر بە شارى نوسەیبینى مێژووى تورکیا، هەوەها شارەى دێرەلوک کە ناوەکەى گۆڕاوە بۆ مالکییە، وشارى ترپەسپى کەناوەکەى گۆڕاوە بۆ شارى قەحتانییە، شارۆچکەى چل ئاغا کە گۆڕاوە بۆ ئەلجەوادییە، شارى عامۆدا ودەرباسییە، شارى سەرى کانى کە گۆراوە بۆ عەینولعەرەب، ئەم شارانە گشتیان دەکەونە ناو جەزیرەى سوریاوە، هەروەها ئەفرین وکۆبانێ وراژۆ وچەند شارێکى دیکە کەدەکەونە پارێزگاى حەلەبەوە.
بەشێکى زۆرى کوردەکان گوند نشین وزیاتر خۆیان بە کشتوکاڵ وئاژڵدارییەوە سەرقاڵ کردووە، دانەوێلە یەکێکە لەهەرە بەرهەمە دیارەکانى کوردەکان وهەروەها لەهەمانکاتدا کاردەکەن لەبەرهەم هێنانى لۆکە وسەوزەوات و شاخەکانى ئەفرین بەباشترین ناوچەى بەرهەمهێنانى زەیتون وبەرهەمەکانى دەناسریتەوە.
لەگەڵ وەدا کەهەلى کارکردن بۆ لاوە کوردەکان زۆر دەگمەنە بەڵام ژمارەیەکى زۆریان خوێندنى زانکۆیان لە زانکۆکانى سوریا تەواو کردووە، هەروەها شارەزایی بوارى بیناکردن وپیشەسازى یەکێکە لەو جیاکەرەوانەى کە کوردەکان پێی جیا دەکرێنەوە چونکە لەو دوو بوارەدا بەڕێژەیەکى بەرچاو سەرکەوتوو بوون، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکى زۆریان وەک خزمەتگوزار لە هۆتێل وچیشتخانەکاندا کاردەکەن، بەڵام ئەوەى جێگاى تێرامانە کە لە کاتی ئێستادا بوارى بازرگانى بۆتە ئەو بوارەى کە کوردەکان سەرکەوتنى گەورەیان تیایدا بەدەست هێناوە.
لەڕووى ئاینییەوە بەشى هەرە زۆرینەى کوردەکان لە سوریا سوننە مەزهەبن و شوێنکەوتوى مەزهەبی شافعین، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەکیان کەبە ٢٥٠٠٠ کەس مەزەندە دەکرین یەزیدین ولەچەند گوندێکە بچووکى ئەفرین وجەزیرە نیشتەجێن، ژمارەیەکى دیکەشیان سەر بەمەزهەبی عەلەوییەکانن ونیشتەجێى گوندى مەعبەطلى شارى ئەفرینن.
سەبارەت بەڕۆڵى ئافرەتان ئەوەى تێبینى دەکرێت ئەوەیە کە ئافرەتى کورد خاوەن پێگەیەکى گونجاوتر بووە وەک لە ئافرەتى عەرەب و تورک وفارس و لەم بوارەشدا ڕۆژهەڵاتناسی ڕووسی باسیل نیکتین بەئاشکرا ئەوە لەنوسینەکانیدا باسدەکات، گومان لەوەشدا نییە کە ئازادى ئافرەت بەشێوەیەکى گشتى بەلگەیە لەسەر کراوەیی کۆمەڵگاى کوردى بە بەراود بە کۆمەڵگاکانى دیکە، ئەم ئازادییە تەواو لە بوارى فێرخوازى ئافرەتاندا، هەروەها لە بوارى خەباتى سیاسی ئافرەتان لەناو پارتە سیاسییەکوردیەکاندا ڕەنگى داوەتەوە بەوەى کەبەردەوام هەوڵدراوە ئافرەت لەو کایاندا بەشدارى پێبکرێت
بەشێوەیەکى گشتى کۆمەڵگاى کوردى لەچەند هۆزێک پێک دێت بۆ نموونە هۆزەکانى: کەیکان، مەلان، کابارا، کۆژەر، ئاشتیی، شێخان، شکاک، مێرسینى، حەسنان، وچەند هۆزێکى دیکە، بەڵام بەهۆى گەشەى ئابورى وکۆمەڵایەتى وکلتورى کوردەکان لە سوریا، گەشەسەندنى هەستى نەتەوایەتى، چالاکى پارتە سیاسییەکان، هەروەها پێشکەوتنى کلتورى کورد لەسوریا، ڕۆڵى هۆزەکان بەرەو لاوازبوون دەچیت.
ژیانى سیاسی کوردەکانى سوریا لەدواى جەنگى جیهانى دووەمەوە دەست پێدەکات بە دامەزراندنى کۆمەڵەى خۆیبوون، کە کۆمەڵەیەک بوو لەلایەن چەند ئاغا و دەرەبەگێکەوە دامەزرا ولەتەواوى کوردستاندا چالاکى هەبوو، بەڵام ئەم کۆمەڵەیە نەیتوانى ئامانجەکانى خۆى بپێکێت بەهۆى شیوازى دروستبوونى وهەروەها فۆرمى کارکردنى لەناو کۆمەڵگاى کوردیدا کە کاریگەرییەکى ئەوتۆى نەبوو.
کوردەکان لەدواى کۆتایی هاتنى جەنگى جیهانى دووەم ڕوویان کردە پارتى کۆمەنیستى سورى، بوونى خالید بەگداش کە کوردبوو لەلوتکەى ئەو پارتەدا هاندەرێکى باش بوو بۆ پشتگیریکردنى ئەو پارتە لەلایەن کوردەکانەوە بەتایبەتى دواى سەربەخۆ بوونى سوریا، کوردەکان پێیان وابوو کە پارتى ناوبراو دەتوانێت مافەکانیان بۆ دەستەبەربکات.
لەدواى سەربەخۆبوونى سوریا لەساڵى ١٩٤٦، جیاوازییەکى نەتەوایەتى ئەوتۆ نەبوو لەنێوان پیکهاتەکانى سوریا، هەر لەو کاتەدا کوردەکان لە دیمەشقى پایتەختى سوریا ڕۆڵى بەرچاویان گێڕا لەدامەزراندنى حکومەتى سوریا.
بەڵام لەدواى کۆتایهاتنى قۆناغەکانى دیموکراسی سەرەتایی لە سوریا ودەستپێکردنى قۆناغى کودەتاکان وسەرهەڵدانى دیکتاتۆرەکان، بەتایبەتى دواى ڕاگەیاندنى یەکبوونى عەرەبى لە نێوان هەریەک لە سوریا ومیسر بارودۆخى کوردەکان گۆڕا ودەست کرا بە چەوساندنەوەیان وپێشێلکردنى مافە نەتەوایەتییەکانیان.
کوردەکان لە سوریا ڕۆڵى بەرچاویان هەبوو لە ڕووبەڕووبونەوەى داگیرکارى فەرەنسییەکان لەسوریا، یوسف عەزەمەى وەزیرى جەنگ لەسوریا یەکەم کەسایەتى کوردى بووە کەڕووبەڕووى هەڵمەتى فەرەنسییەکان بۆتەوە، یەکێک لەسی سەرکردە دیارەکانى شۆڕشى سوریا ئیبراهیم هەنانۆ بوو کە کورد بووە، هەروەها فەرماندەیی جەنگەکانى کردووە لە چیاکانى زاویتە لەپاڵ هەریەک لە شێخ صالح ئەلعەلى وسلتان پاشاى ئەترەش، مەحۆ بەشاشۆ یەکەم کەس بووە کەهێرشی کردۆتە سەر فەرەنسییەکان لە حەلەب و ئەویش کورد بووە، هەروەها لە جەزیرە و عامۆدا و چەندین ناوچەى دیکە کوردەکان بەشدارى ڕووبەڕووبونەوەى فەرەنسییەکانیان کردووە وهەربۆیە سزادراون و لەزیندانەکاندا توندکراون و دوورخراونەتەوە لەشوێنى زێدى باپیرانیان، بەشێوەیەکى گشتى خەباتى کوردەکان لەسوریا هاوتاى تەواوى خەباتى پیکهاتەکانى دیکە بووە لەسەرجەم قۆناغە یەک لەدوایەکەکانى مێژووى سوریا
لە ١٤ ى حوزەیرانى سالى ١٩٥٧ یەکەم ڕێکخراوى سیاسی کورد بەناوى پارتى دیموکراتى کورد لە سوریا دروست بوو، ئەم پارتە لەماوەیەکى کورتدا توانى ژمارەیەکى زۆر لەکوردەکان لەدەورى خۆى کۆ بکاتەوە ولەکاتى یەکبوونى سوریا و میسردا، ئەندامانى ئەم پارتە دووچارى ڕاوەدونان وگرتن وئەشکەنجەو لەناوبردن بوونەوە.
بەهۆى کۆمەلە هۆکاریکى بابەتییەوە ئەم پارتە لە ٥ ى ئابی ١٩٦٥ دابەش بوو بەسەر دوو باڵى سیاسی ڕاست و چەپدا، ئەم دابەشبوونە بەردەوان بوو بەشێوەک کە لەکاتى ئێستادا چەندین پارتى سیاسی کوردى هەیە کەئەو زۆرییە لەگەڵ داخوازییە هەنوکەییەکانى قۆناغى خەباتى کورددا نایەتەوە ولەئێستادا ئەو پارتانەى کەدیاترینن بریتین لە پارتى چەپى کورد، پارتى دیموکراتى پێشکەوتوى کورد، پارتى دیموکراتى کوردى (پارتى)، پارتى یەکێتى دیموکراتى کوردى (یەکێتى).
ئەم چوار پارتە پێکەوە هاوبەینییەکیان هەیە بەناوى هاوپەیمانى دیموکراتى کوردى لە سوریا، هەروەها هاوپەیمانییەتێکى دیکە هەیە بەناوى بەرەى دیموکراتى کوردى لە سوریا کە هەریەک لە پارتى دیموکراتى کوردى وپارتى دیموکراتى پێشکەوتووى کوردى وپارتى نیشتمانى دیموکراتى کوردى لەخۆى دەگرێت.
هەریەک لە هاوپەیمانى دیموکراتى کوردى لەسوریا وبەرەى دیموکراتى کوردى لەسوریا هەماهەنگییەکى تەواو لەنێوانیاندا هەیە سەبارەت بە هەلوێست وەرگرتن لەسەر پرسە گشتییەکانى تایبەت بەدۆزى کورد لەسوریا وهەروەها تایبەت بەو پرسانەى پەیوەست بە پڕۆژەى نیشتمانى لەسوریا.
سەرجەم پارتە سیاسییە کوردەکان لەسوریا خەباتى خۆیان لەسوریاوە دەست پێدەکەن، بەڵام ئەمە ماناى ئەوە نییە کە هاوخەمى خەباتى کوردەکانى دیکەى تورکیا وعێراق وئێران نین، لەهەمانکاتدا بەشێکى زۆرى کوردەکانى سوریا دەستەواژەى کوردستانى سوریا بەکار ناهینن وپێیان وایە کە نەتەوەى کورد بەشێکە لە گەلى سوریا، هەروەها خۆیان بە بەشێکى گرنگ لە خەباتى بزوتنەوەى سیاسی نیشتمانى وپێشکەوتن و دیموکراسی لە سوریا دادەنێن، بەشێوەیەکى جەماوەرى، دیموکراسی، ئاشتیانە خەبات دەکەن لەپیناو بەدەست هێنانى مافەکانیان، ئەوش لەڕێگاى بەستنەوەى خەباتى خۆیان بەخەباتى سەرجەم هێزەکانى دیکەى ناو سوریا، هەروەها بەردەوام دڵنیاى دەدەن لەوەى کەنابنە بەشێک لە جەنگى نیوخۆیی و هەموو شیوازێکى توندوتیژى لە خەباتى سیاسییاندا ڕەتدەکەنەوە.
ئەم پارتە سیاسییانە داواکارن بەوەى کە مافە سیاسی وکۆمەڵایەتى وکلتورییەکانى کورد لەچوارچێوەى سوریادا دەستەبەر بکریت، هەروەها جیاوازى ڕەگەزایەتى و ئیتنى نەبێتە فاکتەر بۆ جیاوازى نێوان هاونیشتمانیان لە سوریا، بەهەمانشێوە داواکارن بەلەکارخستنى ئەو یاسایانەى کە دەبنە لەمپەر لەبەردەم گەشەسەندنى ئابورى و سیاسى وکۆمەڵایەتى و کلتورى وەک یاسای ژمارە ١٩٣، هەروەها داواکارن بەئازادى ڕۆژنامەگەرى و ڕاگەیاندن و چەندین ڕێکارى دیکەى ئیدارى کە لەمپەرن لەبەردەم گەشەسەندنى کوردەکان لە سوریا.
لەگەڵ ئەوەى کە لە قامیشلى لە مانگى ئازارى ساڵى ٢٠٠٤ چەندین ڕووداوى نەخوازراو ڕووى دا بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کوردى لە سوریا تەنیا وەک بزوتنەوەیەکى کوردى خۆى نمایش ناکات بەڵکو وەک بزونتەوەیەکى نیشتمانى سورى خۆى دەردەخات دەخوازێت کەنمایندەى خەمە نیشتمانییەکانى سەرجەم سورییەکان بێت، بەواتاى ئەوەى کە ئەم بزوتنەوەیە تەنیا لە خەمى مافەکانى کورداندا نییە بەڵکو خەمى مافى سەرجەم هاونیشتمانیانى سوریاى لەخۆ گرتووە.
بەواتایەکى دیکە ئەو بزوتنەوەیە تێڕوانینى بۆ ڕووداوەکانى قامیشلۆ بەشێوەیەکى جیاوازە وپێ ى وایە کە ئەو ڕووداوانە تەنیا پلانێک بووە ولە ئەنجامدا تەنیا بووە بەهۆى گیان لەدەستدانى دەیەها هاووڵاتى کورد لەسەرجەم ناوچە کوردییەکان و زیندانیکردنى زیاتر لە ٥٠٠٠ کەسی دیکە وگیانلەدەست دانى بەشێک لەوانە لەژێر ئەشکەنجەدا.
پێویستە ئەوە بوترێت کە سەرجەم پارتە سیاسییە کوردییەکانى سوریا لەڕووى ڕژێمەوە بێ مۆڵەتن چونکە لە سوریا یاساى پارتە سیاسییەکان نییە، بەڵام لەدواى سالى ٢٠٠ ئەو پارتانە بەشێوەیەکى ئاشکرا کارەکانیان دەکەن، هەبۆیە لەسەرجەم زیندانەکانى سوریادا بەندکراوە کوردەکان لەسەر بۆچوونە سیاسییەکانیان بەدیدەکرێت.
هەروەها بزوتنەوەى کورد لە سوریا هەوڵى بێوچان دەدات لەپێناو یەکانگیرى نیشتمانى، بەڵام ئەوە ماناى ئەوە نییە کە ووتارى سیاسی ئەو پارتانە ڕووبەڕووى ئاستەنگ نابێتەوە، بەشێوەیەکى گشتى دەتوانین بڵێن کە لە کاتى ئێستادا لە سوریا تیگەیشتنێکى ڕوونتر هەیە سەبارەت بە داخوازى کوردەکان لە سوریا.
لەهەمانکاتدا بزوتنەوەى کوردەکان لەسوریا پێى وایە چارەسەرى کێشەى کورد لەسوریا لە دیمەشق دەکریت، ئەو چارەسەرەش تەواو بەستراوە بەچارەسەرکردنى کێشەى دیموکراسى لەسوریا.
سەرچاوە:
http://www.aljazeera.net/specialfiles/pages/024a8eee-4db2-4d2f-a59d-42615c1763d4
محەمەد موسا موحەمەد – سکرتێرى پارتى چەپى کوردى لە سوریا