کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا کوردی خستە ژێر بەزەیی تورکیا، روسیا و سوریاوە. بۆچی کوردەکان تا ئێستا بێ دەوڵەتن؟ دەبێت ئەمەی خوارەوە بزانیت کە کوردەکان کێن؟
خەڵکانێکی نیشتەجێی ناوچە چیاییەکانن، کورد چوارەم مەزنترین نەتەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لەدوای عەرەب و تورک و فارسەکان؛ کورد خاوەنی فەرهەنگ و زمانی تایبەتی خۆیانن.
زۆربەی هەرە زۆری کورد موسڵمانی سونەن، بەڵام لەچەند هۆزێک پێکدێن. لەماوەی چەند سەدەیەک، نەریتەکانیان لەڕێگەی مۆسیقاو بەرهەمی فۆلکلۆری و چیرۆکەکان گێراونەتەوە، کە بەشێکیان هی جەنگن.
کورد لە چوار وڵات دابەش بوون و ژمارەیان زیاترە لە ٣٠ ملیۆن هاوڵاتییە. لە سەدەی نۆزدەوە هەوڵێکی زۆر دراوە بۆ سەربەخۆیی، بەڵام بەردەوام بەهۆی شکاندنی بەڵێنی زلهێزەکان ناپاکییان لێکراوە. لە حەفتاکانەوە ئەمریکا چەند جارێک یارمەتی سەربازی پێشکەش بە کورد کرد لە شەڕی دژەکانیان، دواتر دووریان خستوونەتەوە، رێگەیان دا هەزاران کورد بکوژرێن و سەدان هەزارا کوردیش ئاوارە ببن.
وەکو پەندەکە دەڵێت: “کورد هیچ هاوڕێیەکی نیە بێجگە لە چیاکان”. کەواتە بۆچی کورد وڵاتێکیان بۆ خۆیان نیە؟
دوای ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و شکستی لە جەنگی یەکەمی جیهانی، هێزە سەرکەوتووە ڕۆژئاواییەکانی جەنگەکە لەچوارچێوەی رێککەوتنی سیڤەر، رێککەوتن بۆ دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ کورد. بەڵام دواتر لە رێکەوتنی تر دەربارەی سنوورەکانی تورکیا، بەریتانیا و فەرەنسا دەستبەرداری خواستی دەوڵەتی کوردی بوون، کوردیش وەک نەتەوەی کەمینەی مەزن مانەوە لە تورکیا، سوریا، عێراق و ئێران، بێجگە لە ژمارەیەکیان لە قەفقاس.
هەموو ئەو نەتەوە سیاسیانەی کوردیان بەسەردا دابەش بووە، ڕەتی دەکەنەوە دەوڵەت و هەرێمی خۆبەڕێوەبەری بە کورد بدەن، بە تایبەتیش تورکیا. کوردەکان لە تورکیا چۆن دەگوزەرێنن؟ بۆچی نزیکەی یەک سەدەیە، تورکیا کورددە چەوسێنێتەوە، کە بە لایەنی کەم یەک لەسەر پێنجی خەڵکی وڵاتە ٨٠ ملیۆنیەکەن؟ لە وەڵامی ڕاپەڕینی کورد لە ١٩٢٠ و ٣٠ ەکان، دەسەڵاتی تورکیا ناو و جلی کوردی قەدەخە کرد و زمانەکەشی بە تەواویی سنووردار کرد. تەنانەت تورکیا هەوڵیدا ناسنامەیان بسڕێتەوە و وەک تورکی چیاکان ناویبردن.
لە ١٩٨٠ کان، پارتێکی جیاخوازی پارتیزانی، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستیکرد بە شەڕ و توندوتیژی و بۆمبارانکردنی سوپای تورکیا. شەڕە دەیان ساڵییەکە زیاتر لە ٤٠.٠٠٠ کوژراوی لە هەردوولا لێکەوتەوە بە تایبەت هاوڵاتیان.
ئەمریکا بەردەوام کوردی بەکارهێناوە لە یارییە جوگرافییە سیاسییەکاندا. لە ١٩٧٠ کاندا، ئەمریکای هاوپەیمانی شای ئێران هاوکاریی لەدژی ئێراقی هاوپەیمانی یەکێتی سۆڤیەت پێشکەشی کورد کرد. بەڵام لە ١٩٧٥ ئێران لەگەڵ سەدام حوسەین ڕێککەوت و سنووری ئێران – ئێراقی داخست و هیچ رێگەیەک نەما ئەمریکا پێیدا هاوکاری کورد بکات. ئەو کات سەرکردەی کورد (مستەفا بارزانی) بەناچاریی داوای هاوکاری لە وەزیرێ دەرەوەی ئەمریکا هێنری کێیسینجەر کرد: “خەڵکی ئێمە لەناودەبرێن” ئاماژەکەی بارزانی ئەوە بوو کە ئەمریکا “بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی و سیاسی هەیە” کە هاوکاری کورد بکات، بەڵام ئەمریکا لەگەڵ سەدام دژی شۆڕشی کوردی وەستایەوە. دواتر لە ساڵی ١٩٧٩ و شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ئەمریکا لە هاوپەیمانی ئێران بۆ ئێراق گۆڕا، ئەوکات ئەمریکا هیچ رێگری نەکرد لە هێرشەکانی سەدام بۆ سەر کورد، تەنانەت دوای ئەنجامدانی هێرشی کیمیایی بۆسەر هەڵەبجەش.
کاتێک سەدام لە ساڵی ١٩٩٠ هێرشی کردە سەر کوەیت، ئەمریکا هێرشی لەدژی ئەنجامدا و داوای لە کورد کرد ڕاپەڕن و بجەنگن. بەڵام کاتێک سەرۆک بوش بڕیاریدا سەدام لەکار لانەدات، سەدام هێرشی ئاسمانیی کردە سەر کورد و هەزاران کوردی کوشت. ئینجا تەنیا دوای ئەوە سەرۆک بوش ناوچەی دژەفڕینی بۆ پاراستنی کورد راگەیاند.
کورد لە ئێراق توانی هەرێمێکی نیمچە سەربەخۆ دروست بکات. کاتێک ئەمریکا بڕیاری داگیرکردنی ئێراقی دا لە ساڵی ٢٠٠٣، پێشمەرگە ی کوردستان لەتەک سوپای ئەمریکا دژی سەدام جەنگان و سەدام دەسگیر کراو لە ساڵی ٢٠٠٦ لە سێدارە درا. هەرێمی کوردستان بەفەرمی بووە هەرێمێکی فیدڕالی خۆبەڕێوەبەر، تێیدا زیاترین ئازادی هەیە بە بەراورد لەگەڵ درێژایی مێژووی ڕابردوو، بەڵام بەهۆی دەرکەوتنی داعش، ئاشتیە بەردەوامەکەیان پچڕا.
لە ساڵی ٢٠١٤ کە داعش خەلافەتە توندڕۆکەی راگەیاند، پێشمەرگەو هێزە کوردییەکان بوونە ڕمی هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژی داعش و زیاتر لە ١١ هەزار قوربانییان بەخشی. لە هەمان کات لە سوریا، کورد توانی لە دوای ٢٠١١ شارە مەزنەکان دەست بەسەردا بگرێت.
هاوپەیمانەکەی نێو ناتۆ ی ئەمرێکا هەرگیز بەهاوکاری ئەمریکا بۆ هێزە کوردییەکان لە سوریا دڵخۆش نەبوو ، بەردەوام ئەوانی بە درێژەپێدەری پەکەکە زانیوون. بۆ قاییڵکردنی تورکیا، ئەمریکا داوای لە کورد کرد بکشێنەوە لە ناوچە سنوورییەکان و چەکە مەزنەکانییان رادەست کەن. دوای یەک پەیوەندی تەلەفۆنیش لەگەڵ رەجەب تەییب ئەردوگان، سەرۆک ترەمپ قاییل بوو بە کشانەوەی زیاتر لە ١٠٠٠ سەربازی ئەمریکی لە سوریا. تانک و زریپۆسە تورکیەکان خزانە نێو ناوچە کوردییەکانی سوریا و چەندان خەڵک و چەکداری کوردیان کوشت. بەناچاری و بەئامانجی رێگریکردن لە کۆمەڵکوژی، کوردەکان بەسەرپەرشتی روسیا لەگەڵ بەشار ئەسەد رێککەوتن. فەرماندە کوردەکەش، مەزلوم کۆبانی، رایگەیاند کە “لەنێوان سازش و مانەوەی کورد بەدڵنیاییەوە مانەوەی خەڵکی خۆیان” هەڵدەبژێرن.
لە خراپترین هێرشی کیمیایی لە سەردەمی نوێدا، فڕۆکە ئێراقییەکان گازی ژەهراوی و مەستارد یان لە دژی کورد لە شارۆچکەی هەڵەبجە لە ١٦ ئازاری ١٩٨٨ بەکارهێنا. نزیکەی ٥٠٠٠ هاوڵاتی کورد کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون کۆمەڵکوژ کران و هەزارانی تریش بریندار بوون. ئەو هێرشە یەکەمین جار بوو ئەنجامبدرێت لەلایەن حکومەتێک لە دژی هاوڵاتیانی خۆی. هەروەها لەچوارچێوەی هەڵمەتی کۆمەڵکوژی ئەنفال، سەدام حوسەین سەدان هەزاران کوردی کوشت.
دوو کەسە بەرپرسەکە، سەدام و ئامۆزاکەی، عەلی کیمیاوی حەسەن مەجید، لە ساڵەکانی ٢٠٠٦ و ٢٠١٠ لەسێدارە دران.
خەڵکی هەڵەبجە دەڵێن هەوا ژەهراوییەکە بۆنی سێوی گەنیوی لێدەهات، بۆیە ڕزگاربوونی کیمیاباران تا ئێستاش (سێو) وەک یادگاریی قوربانیانیان هەڵدەگرن.
لە ئینگلیزییەوە/ یادگار ئیسماعیل
سەرچاوە/ Theweek.com